دیوان
دیوان بریتی لە ژووری بڕیار و تۆمار کردنە و بە کتێبی شێعری شاعیرێکیش هەر دیوان دەگوترێ. دیارە کۆمەڵێک واتای دیکەی وەک دەفتەرخانە، دادگا، کۆشک و سەرای میری و هیتریش دەگرێتەوە. هەروەها بە واتای هەرێمێکی دیاریکراوە بۆ وەرگرتنی باج و سەرانە کە لەوەوە واتای وڵات و هەرێمی دەسەڵاتی دەسەڵاتدارێکی گشتی یان ناوچەیی وەرگرتوە. سەرجەمی ئەوانەش لەو دوو واتایەی کە لە سەرەتادا باس کرا، کەوتوونەتەوە.
| دیوانخانە - کۆشکی فەرمانرەوای کرماشان |
بەپێی ئیتیمۆلۆژیی ئێرانییەکان، وشەی دیوان لە ڕەگی
«دیپ» بە واتای نووسین، کتێب و بەڵگەی نووسراو ساز بووە. ئەم دیپە لە سازکردنی دەبستان (قوتابخانەی سەرەتایی)، دەبیر (مامۆستا)، تەباشیر (گەچی نووسینی سەر سابوورە)، سابوورە (تەختە ڕەشە) و کۆمەڵێک وشەی تری پێوەندیدار بە نووسین و خوێندەواریدا دەوری هەیە.
وشەی دیوان لە دیپ/دیو+ ان چێ بووە کە بەشی دووهەمی وشەکە پاشگری شوێنە. بەو پێیە دیوان واتای شوێن و جێگای نووسینە. جا ئەم شوێنی نووسینە دەتوانێ ژوورێک و بینایەک بێ یان دەفتەرێک بۆ تاپۆ و تۆمارکردن یان کتێبی شێعری شاعیرێک بێ.
نالی لە شێعرێکدا هەوڵی داوە دیوانی بە واتای کتێبی شێعر و دیوانی بە واتای جوغرافیای دەسەڵات لێک گرێ بداتەوە و دەڵێ؛
فارس و کورد و عەرەب، هەر سێم بە دەفتەر گرتوە
نالی ئەمڕۆ حاکمی سێ موڵکە، دیوانی هەیە
هەر لە دیوانەوە وشەی دیوەخان یان دیواخان کەوتووەتەوە کە ئەویش سواوی دیوانخانەیە. دیوانخانە لە دوو بەشی دیوان و خانە چێ بووە بە هەمان واتای ژوور یان خانوویەک کە حوکم و بڕیاری تێدا دەدرێ و دەنووسرێ یان کەس و کەسانی خاوەن بڕیار و قسە ڕۆیشتوو تێیدا دادەنیشن.
* وێنە؛
دیوانخانە - کۆشکی فەرمانرەوای کرماشان (لە کوردیپێدیا وەرگیراوە)
* ئەم بۆچوونە سەرەتا بە کورتی لە گرووپی ئیتیمۆلۆژی و ڕیشەناسیی وشە بۆ واتای وشەی دیوان نووسرا کە حەزم کرد لێرە بۆ بەر چاوی گشتیش بیگوازمەوە