۳/۰۹/۱۳۹۶

سەرچۆپی و گاوانی


هەڵپەڕین، هەڵپەڕکێ، داوەت، شایی، زەماوەند، گۆوەند، رەشبەڵەک، سەما و چۆپی بەشێک لەو ناوانەن کە کورد بۆ هەڵپەڕکێی خۆی بە کاریان دەبا. لێرەدا مەبەست شی کردنەوەی ئەو وشانە نییە و ئامانج ناو و پلەی ئەو کەسانەیە کە لە گەڕی هەڵپەڕکێ دان. 
هەڵپەڕکێ بە پێچەوانەی خولی کاتژمێر لە چەپەوە بۆ راست دەگەڕێ. کۆمەڵێک کەس دەستی یەک دەگرن و بە شێوەی هیلالی مانگ لە سەر جەغزێک و بە سەر بازنەیەک دا دەسووڕێنەوە. بە ئەگەری زۆر ئەم نیودایرە یان هیلالە دەیهەوێ پێمان بڵێ کە ئەو شێوە هەڵپەڕینە لە پەرستنی خوای مانگ کەوتووەتەوە. 
ویل دۆرانت دەڵێ؛ "ترس دایکی یەکەمی خوداکانە". هەروەها دەڵێ "رەنگە مانگ لە ریزی یەکەم بوونەوەرەکان بووبێ کە پەرستراوە." سروشتی‌یە ئەگەر مرۆڤی سەرەتا لە تاریکیی شەو ترسابێ. هەر بەو رادەیەش تریفەی مانگ بۆ ئەو چرا و رووناک کەرەوە بوو و ترس و تاریکی دەڕەواند. لەوەوە مانگ جێگای رێز بوو. ئەو شەوانەی کە ون دەبوو، مرۆڤ هەم ترسی زیاتر دایدەگرت و هەم نیگەرانی دەکرد. رەنگە پێی وا بووبی مانگ تووڕە بووەو رووی خۆی لێ وەرگێڕاوە. کاتێکیش لە شێوەی هیلالێک دا دەردەکەوتەوە، شادی و خۆشی دەخستەوە ناو دڵان. جێژنیان بۆ گرتووە و بۆی هەڵپەڕیون. تەنانەت هەڵپەڕینەکەشیان وا رێک خستووە کە شێوەی هیلالی مانگی پێوە دیار بێ. بەم جۆرە هەڵپەڕکێی کوردی لە دایک بووە. 
بەڵام هەڵپەڕین ڕێوشوێنی تایبەت بە خۆی هەیە. ئەم ڕیوشوێنانە دەکرێ دواتر و لە گەڵ گەشەکردنی دا داندرابن. لەوانە دابەشکاریی ئەوانەی لە گەڕی هەڵپەڕکێ دا. لە راستەوە بۆ چەپ سەرچۆپی، چۆپی، دۆ، گاوانی. وای بۆ دەچم کە ئەم ناو لێنانانە دواتر و لە ناو ژیانی ئاژەڵداری و گەڕی هەڵپەڕکێ لە پەنا یان لە دوای کاری رۆژانەی بێر و هاوێری مێگەل دا داکەوتوون ئەویش بەو جۆرەی خوارەوە:

چۆپی: شوانی، لە سۆمەری دا شۆپ واتای شوانە. وشەی 'شیپ'ی ئینگلیزی بە واتای مەڕ و Shepherd بە واتای شوان دەچنەوە سەر ئەم وشەیە.
شۆپ بە ئەگەری زۆر بنەمای وشەکانی شوان، شڤان و چۆپان‌ە. وشەی چۆپی لە چۆپ + ی پێکهاتووە کە لە سەر یەک بە واتای چتی پێوەندیدار بە چۆپ یان بە شوانە. بەو پێیە لە بڕگەیەکی زەمان دا هەڵپەڕکێ بە هی شوانان ناسراوە یان لانیکەم شوانان خاوەنی جۆرێکی تایبەت لە هەڵپەڕکێ بوون.  

سەرچۆپی: سەر شوان، شوانی لە شوانان شارەزاتر و پسپۆڕتر سەرچۆپی گرتوە و سەرچۆپی بەو دراوە. سەرچۆپی هەروەها بە واتای لای سەرەوەی چۆپییە. سەرچۆپی هەروەها چۆپی کێش و سەرچۆپی کێشیشی پێ دەگوترێ. 

دۆ: بێری ، جگە لەوە کە وشەی "دۆ" بنەمای 'دۆت'ی کوردی، 'دۆوتەر'ی ئینگلیزی و 'دۆختەر'ی فارسی‌یە بە واتای کچ، رەنگە پێوەندیشی هەبێ بە 'دۆ'ی بە واتای شیر و کاری دۆشین کە بێری بۆ ئەو مەبەستە لەوێ بووەو و لە گەڕی رەشبەڵەک دا بەشداری کردووەو وەک دۆ و لە ناو چۆپی دا بووە بە چۆپی گر.   


گاوانی: پێوەندیدار بە گاوان، بریتی لەو کەسەی لە کۆتایی داوەت دا هەڵدەپەڕی. گاوانی وەک پیشە، بە نزمتر لە شوانی چاوی لێ کراوەو بەو پێیەش کۆتایی گەڕی هەڵپەڕکێی پێ دراوە. لە لایەکی دیکە گاوانی لە باری هێز و توانایی، کارێکی سووکتر لە شوانی بووە و بە پێچەوانەی شوان، گاوان شەوانە لە کێو و چیا نامێنێتەوەو دەچێتەوە ناو ماڵ و منداڵی خۆی. بە گشتی گاوان پیاوێکی بە ساڵاچووی خاوەن ژن و مناڵ بووە کە هێز و گوردی چۆپی و سەرچۆپی لە هەڵپەڕین دا نەبووە. هەڵپەڕینیش لە گاوانی دا بە پێچەوانەی سەرچۆپی، بەو رادەیە پێویستی بە هەڵپەڕین و خۆ ماندوو کردن نییەو لەوێ بە جێی گوڕ و تینی سەرچۆپی، مەندی و ئەزموون بە کار دێ. 



۳/۰۷/۱۳۹۶

خوێندنەوەی بەشێک لە ئاجۆرە مانناییەکانی قەڵایچی

قەڵایچی ناوی گوندێکە کە لە چەند کیلۆمیتریی شاری بۆکان هەڵکەوتووە. بوونی شوێنەوارێکی کۆن و دۆزرانەوەی دەیان ئاجۆری نەخشێندراو و بەردەنووسراوێک وێڕای ئەشکەوتێک کە ئاوی تێدایە، ناوبانگی گوندەکەیان بە جیهاندا بڵاو کردۆتەوە. مێژووی ئەو شوێن و شوێنەوارانە بۆ سەدەکانی ٨ و ٧ی پێش زایین و سەردەمی مانناکان دەگەڕێتەوە و ئەگەری بەهێز ئەوەیە کە ئەو شوێنە، شاری ئیزیرتووی ماننایی بێ. 

 ئەو نەخشانەی لە سەر ئاجۆرەکان نەخشێندراون، بە سەر سێ بەشی نەخشی گوڵ و گیا، نەخشی گیاندار و نەخشی تێکەڵاوی گیا و گیاندار، گیاندار و مرۆڤ و گیاندار و گیانداردا دابەش دەبن.[١] سەرجەم وێنەکان باری مەزهەبی و ئایینییان هەیە و لە چوارچێوەی باوەڕەکانی میتراییدا دەکرێ خوێندنەوەیان بۆ بکرێ. نەخشەکان هی پلەکانی ئایینی میترایین کە وادیارە لە سەردەمی دەسەڵاتداریی مانناییەکاندا ئایینی دانیشتوانی ئەو هەرێمە بووە. 

بەشێک لە وێنەکان وێنەی باڵندە بە تایبەت هەڵۆ و داڵن. هەروەها لە ڕیزی نەخشە تێکەڵاوەکانیشدا وێنەی لەشی باڵندە و سەری مرۆڤ دەبیندرێ. ئەوانە هێمای خودای با لە پلەی یەکەمی میتراییدان. 

پلەی دووهەمی ئایینی میترایی هی ژن-خودای ئاو ئاناهیتایە. نێریێ کێوی گیانداری تایبەت بەو ژن-خودایەیە. 

یەک لە ناسراوترین ئاجۆرەکانی قەڵایچیش، شکڵی نێریەکێویەکە کە ئێستا لە ناو چەقی شاری بۆکاندا لەسەر تابڵۆیەکی گەورە کێشراوەتەوە و بووە بە هێمای ئەو شارە. وەکچۆن ئەو بۆچوونەش بەهێزە کە ناوی بۆکان دەچێتەوە سەر ناوی بووک کە ئەویش نیشانە و پەسنی ئەو ژنخودایەیە. حەوزەگەورەی بۆکان و ناوبانگەکەی پشتیوانی لەو بۆچوونە دەکا.  

پلەی سێهەم خودای خاکە. ئەسپ گیانداری تایبەتیی ئەو خودایەیە کە وێنەی ئەوەش لە ڕیزی ئاجۆرەکاندا هەیە.  

بەڵام بەشی زۆری وێنەی سەر ئاجۆرەکان وێنەی شێر یان وێنەی تێکەڵاوی مرۆڤ و شێرن. زۆربەشیان بە جەستە شێر و بە سەر مرۆڤن. ئەمە خودای ئاگرە کە خودای فەرماندە و پاڵەوانان و دەسەڵاتدارانە و لە حەوت پلەکەی ئایینی میتراییدا پلەی

چوارەمی هەیە. زۆری وێنەی پێوەندیدار بەو پلەیەی ئایینی میترایی لە سەر ئاجۆرەکانی قەڵایچی نیشانەی گرینگی و زۆریی ئۆگران و پێڕەوانی خودای ئاگر لەو سەردەمدایە و دەتوانێ نیشانەیەک بێ بۆ ئەوە کە قەڵایچی ناوەندێکی بەڕێوەبەریی و دەسەڵاتداری بووە کە سەر بە خودای ئاگرە. 

پلەی پێنجەمی میترایی هی ڤاروونای خودای مانگە کە لە دەڤەرەکەدا بەران گیانداری

تایبەتیی ئەو بووە. وێنەی بەرانێکیش لە ڕیزی ئاجۆرەکانی قەڵایچیدا سەرنج ڕادەکێشێ. 

خودای شەڕ یان ئیندرا لە پلەی شەشەمی میتراییدا بە ئاڵقە و قامچی دەستی دەناسرێتەوە. "نیشانەی ناسراوی ئەو بەو جۆرەی لە ئۆسیتێ هاتووە، تاژان، ئاخڵە و مەشخەڵە[٢].
 لە قەڵایچیش لانیکەم دوو ئاجۆر هەن کە وێنەی مرۆڤن و ئاڵقە و مەشخەڵ و قامچییان بە دەستەوە. ئەمانە وێنەی خودای ئەستێرەی رۆژێن کە خوای شەڕە و لە میترائیسمی رۆژئاواییدا بە هێلیۆدرۆموس ناسراوە کە پلەی شەشەمی لەم ئایینەدا هەیە. قەمچی و مەشخەڵ کەرەسە و نیشانەکانی ئەون. ئیندرا دوای پیر یان میترا، بەرزترین پلەی ئایینی میترایی‌یە
.

پلەکانی ئایینی میترایی حەوت پلەن و بە پێی میترائیسمی رۆژئاوایی، لە خوارەوە بۆ سەرەوە بریتین لە ئاو ، با، خاک، ئاگر، مانگ، ئەستێرەی رۆژێ و خۆر. 


بەردە نووسراوی قەڵایچی 

لە قەڵایچی هەروەها بەردە نووسراوێک دۆزراوەتەوە کە بە خەت و زمانی ئارامی نووسراوە. بەرزییەکەی ١٧٨ سانتی میتر و پانتاییەکەی ٦٣ سانتیمە و لە سێزدە هێڵدا نووسراوە. مێژووی نووسینی بەردەکە ڕوون نییە بەڵام شیمانە دەکرێ بۆ سەدەکانی ٧ و ٨ی پێش زایین بگەڕێتەوە. وەرگێڕدراوی کوردیی نووسراوەکە بەو جۆرەی خوارەوەیە: 

هەر کەسێ ئەم بەردەنووسراوە لابەرێ
لە شەڕدا بێ یان بە ئاشتی
هەر چی بەڵای سەر دنیایە
ببارێ بە سەر وڵاتی‌ ئەو شایەدا و 
لە خۆی نەبینێ چ خێر و بێرە
بکەوێتە بەر نەفرەتی خودایان و
لۆمەی خاڵدی لە سەر بێ
کە ئەوەتانێ ماڵی لە "زێتێر"ە
حەوت مانگای تازە زاو
شیر بە گوێلکێکی بدەن‌و
بە هەموان نەیکەنەوە تێرە
حەوت ژن نان بە تەندوورێکیەوە بدەن‌و
لێی دەرنەهێنن تاقە یەک کوللێرە
دووکەڵی ئاور و دەنگی ئاش بە وڵاتی‌دا نەگەڕێ‌ و
خاکی ببێ بە شۆرەکات و گڵە سوێرە
ئەو شایەی لە سەر ئەم بەردەنووسراوە بنووسێتەوە دێڕە
"هەدا(د)[٤]" و "خاڵدی[٥]" تەختی لێ وەرگەڕێنن‌و
هەداد وڵاتی پڕ کا لە تۆفان و باهۆڕە
















ژێدەر: 
١- یوسف حسن زادە - آجرهای لعابدار بوکان
٢- میترا خودای شاراوە - مارتین ڤێرمازێن
٣- استل آرامی بوکان، مریم دارا
٤- هەداد ناوێکی دیکەی خودای با لە پلەی یەکەمی میتراییدایە. هەداد خودایەکی پارێزەرە و با و تۆفان لە دەست ئەودایە. 
٥- هاڵدی یان خالدی خودای هەرە بەرزی ئۆرارتوییەکان بوو کە بە گومانی بەهێز هەمان خودای شەڕە لە پلەی شەشەمی میتراییدا

۳/۰۶/۱۳۹۶

شیاوی میداڵی ئازادی


گێژاوی رووداوەکانی رۆژانی رابردووی پێوەندیدار بە ئێران، کوردستان و رۆژهەڵاتی کوردستان نەیتوانی ئەو هەواڵە گرینگە لە چاوی کوردان بشارێتەوە کە کوردێکی رۆژهەڵاتی کوردستان لە لایەن سەرکۆماری فینلاندەوە میداڵی ئازایەتیی پێ بەخشرا. 
سێ ساڵ بە سەر ئەو ئازایەتیەدا تێپەڕ ببوو کە بەرپرسان و دەزگا پێوەندیدارەکانی فینلاند توانیان ئەو کەسە بدۆزنەوە کە سێ ساڵ لەوە پێش لەخۆبوردوانە گیانی مرۆڤێکی لە مردن رزگار کرد. ئەو بۆخۆی لە سەرەتاوە ئازایەتیەکەی تەنیا وەک ئەرکی ئینسانی چاو لێ کردو کاتێکیش رۆژنامەنووسێک پێوشوێنی گرت، بۆ ئەو بەس بوو کە بنووسرێ "کوردێک ئەو چاکەیەی ئەنجام دا".
شوانە رزگەیی دەمێک ساڵە شیاوی میداڵی تێکۆشان، ئازایەتی، مرۆڤبوون، خەبات بۆ ئازادی و رزگاریی وڵاتەکەیەتی. ئەگەر کورد لە بێ دەوڵەتی و بێ دەسەڵاتی دا زۆر جار نەیتوانیوە رێز لە تێکۆشانی رۆڵەکانی خۆی بگرێ، ئەوە دەوڵەتی فینلاند تەنیا پەی بە گۆشەیەک لە گەورەیی و شیاوی ئەو مرۆڤە بردوەو خەڵاتی ئازایەتیی پێ بەخشیوە.
رزگەیی ئەرکی نەتەوەیی و ئینسانیی خۆی وەک تازە لاوێک سەرەتا لە ناو ریزەکانی یەکێتیی لاوان و حیزبی دێموکرات دا دەست پێ کرد. دواتر وەک تێکۆشەرێکی نهێنی لە ناو شار دا لێبڕاوانە و دڵسۆزانە لە ماڵ و ژیانی خۆی بۆ ئامانجەکانی حیزبەکەی و رزگاریی نەتەوەکەی مایەی دانا و تێکۆشا. ئیستریۆ و نەوارفرۆشی‌یە خنجیلانەکەی بوون بە کانگای بڵاوکردنەوەی بیری کوردایەتی. ئیستریۆی "ئاگرین" و ئەو بەرهەمە ئەدەبی و هونەرییانەی کە بڵاوی دەکردنەوە، زۆر زیاتر لە خاوەنەکەیان بۆ ئەدیبان و ئۆگرانی ئازادی ناسرابوو. سەرەتاکانی دەیەی حەفتای هەتاوی شوانە رزگەیی وێڕای پۆلێکی دیکە لە تێکۆشەرانی دێموکرات لە شاری مەهاباد هەڵکەندران و پەنایان بۆ بنکەکانی حیزب هێنا. ئاشکرا بوونی شانە نهێنی‌یەکانی ئەوان لە ناو شاری مەهاباد خەسارێک بوو کە لە بزووتنەوی کورد و حیزبی دێموکرات کەوت. کاک شوانە پاش ماوەیەک وێڕای منداڵەکانی رەوانەی دەرەوەی وڵات بوو و لە وڵاتی فینلاند گیرسایەوە.
ساڵ هاتن و چوون تا منیش رێگام کەوتە ئەم وڵاتە و لێی جێگیر بووم. جارێکی دیکە شوانە رزگەییم دیتەوە. سەخڵەت و سەرمای ئەم وڵاتە پەنجەی کوردایەتیی ئەویان لە گۆ نەخستبوو. خەمی نان و هەوای دەوڵەمەند بوون نەیانتوانیبوو لە مەیدانەکە وەدەری بنێن. ساڵانی دواتر بە تایبەت لەم گۆڕەپانەدا زیاتر چاومان بە یەک کەوت و زیاتر دیوارەکانی مابەینمان بۆ دۆستایەتیی زیاتر، روخاند. بە روخانی هەر دیوارێکیش لە مابەینمان دا، ئەمن زیاتر ناخی بێ گرێ و هەستی کوردانە و مرۆڤانەی ئەو ئینسانە تێکۆشەرەم بۆ دەرکەوتووەو شانازیم بە ناسینی کردوە.
لێرەوە دەستخۆشی لەو هەنگاوە بە جێیەی سەرکۆماری فینلاند دەکەم و پیرۆزبایی لە هاوڕێی خۆشەویستم کاک شوانە رزگەیی دەکەم. ئەو ئەگەر لە فینلاند گیانی مرۆڤێکی لە مەرگ رزگار کرد و خەڵاتی ئازایەتیی پێ درا، لای هاوڕێکانی هەمیشە شیاوی بە نرخترین میداڵەکانی ئازایەتی، هاوڕێیەتی، نیشتمانپەروەری و مرۆڤدۆستی‌یە. 


زیاتر لەو لینکەدا بخوێنەوە
http://giareng.com/giarengs-map/hawal/2082-سەرۆک-کۆماری-فینلاند-خەڵاتی-جوامێری-و-ئازایەتی-بە-کوردێکی-رۆژهەڵاتی-کوردستان-بەخشی.html

ساخ

دەگوترێ ساخ وشەیەکی تورکی‌یەو لە 'ساخلەم'ی تورکی وەرگیراوە. ئەمن بۆچوونی پێچەوانەی ئەوەم هەیە و پێم وایە ساخ هەمان وشەی "ساز"ە. "ساز" چەندان واتای هەیە. لەوانە "لە سەر پێ بوون"، "ئامادە بوون" و "نەخۆش نەبوون". چاوگی کرداری ساز لە زمانی فارسی دا "ساخ/تەن"ە. ساخ وەک بنەما و 'تەن' وەک نیشانەی کردار. لە گەردان دا ئەویش دەبێتەوە بە 'ساز'. (سازەم = دەسازم). لە زمانی کوردی دا وشەکە بە شێوەگەکی سازان، ساز کردن و ساز بوون گەردان دەکرێ.
دەکرێ پێوەندی لە نێوان وشەی چاک لە گەڵ ساغ هەبێ کە واتای وەک یەکیشیان هەیە. بە گۆڕانی س بە چ و ک بە غ، خ یان ق. وەک چۆن هەر لەو ماکەیە وشەی چاق بە واتای قەڵەو، هەڵگری جۆرێک لە ساغی‌یە. بە پێی ئەو روانگەیەی لە رابردوودا بۆ قەڵەوی هەبوو و کزی وەک نەخۆشی چاو لێ دەکرا.
لە فەرهەنگی زمانی سۆمەری دا وشەی "ساگ Sag" بەرچاو دەکەوێ بە واتای باش و جوان، هەروەها بە مانای پەسنی باشی، دەگمەنی و بە نرخی. ئەم واتایانەش رێکن لە گەڵ نەخۆش نەبوون و بێ عەیب بوون کە لە زمانی کوردی دا بۆ وشەی ساغ هەیە. سۆمەری بوونی وشەی ساغ دەتوانێ هۆکاری هاوبەشیی ئەو وشەیەو وشەکانی پێوەندیدار بە ساغ بێ لە نێوان زمانی کوردی و تورکی دا. بەو پێیە کە چەندان وشەی تورکی بە هۆیەکی ناڕوون رەگیان لە زمانی سۆمەری دایە.
ساخ لە زاراوەکانی باشووری رۆژهەڵاتی کوردستان دا بە شێوەی "ساق" گۆ دەکرێ. وای بۆ دەچم ئەم "ساق"ە بنەمای وشەی "ساقی"یە. ساقی بە مانای مەیگێڕ و بادەگێڕی ناو مەیخانە کە بە تایبەت لە شێعری عیرفانیی شاعیرانی فارسی سەدەی سێزدەهەم بە دواوە بە زۆری دەبیندرێ. بە رواڵەت وێدەچێ لە "سقاء"ی عەرەبی بێ بەڵام عەرەبەکان خۆیان بە کاری ناهێنن و بەشێک لە شارەزایانی زمانی عەرەبی گومانیان خستوەتە سەر عەرەبی بوونی وشەکە. لە زمانی سۆمەریش دا وشەی ساقی بە شێوەی "شاقیا" تۆمار کراوە کە حیکایەتی لە مێژینە بوون و عەرەبی نەبوونی وشەکەیە. گۆڕانی ش بە س لە نێوان وشە سۆمەری و کوردیەکان دا بە لێشاوە.
کۆمەڵێک نیشانە لە شێعری شاعیرانی کلاسیک دا هەن کە ئاماژەن بە واتای ساغ و ساقی وشەی ساقی و ساخ بوونی ساقی لە بەرامبەر خرابیی ئەوانەی لە بێ بادەیی یان خواردنەوەی زۆر خراپ کەوتوون. لە هەردوو حاڵەت دا ئەوە ساقی‌یە کە هۆشی لە سەر خۆیە و ساغە یان ساخکەرەوەیە. بە واتایەکی دیکە لە بەر یەک دانانی ساخ (ساقی) و خراپ و سەرخۆش (بادەخواز) ئاماژە بەو واتایەی وشەی ساقین. حافر دەڵێ:
من از چشم تو ای ساقی خراب افتاده‌ام لیکن
بلایی کز حبیب آید هزارش مرحبا گفتیم
واتە: ئەی ساقی! من زۆر خراپ لە بەر چاوی تۆ کەوتووم بەڵام هەزار سڵاو لەو بەڵایە بێ کە لە خۆشەویستەوە دێ. یان ئەی ساغ، من زۆر خراپ لە بەر چاوی تۆ کەوتووم..
وحشی بافقی دەڵێ:
ساقیا امشب پر از دردم خرابم کن
سیه مستـم نما سیر از شرابم کـن
ئەی ساقی! من ئەمشەو لێوڕێژ لە ژانم، خراپم کە.. یان ئەی ساغ! ئەمن ئەمشەو پڕم لە دەرد، خراپم کە..
بە کورتی هەوڵدان بۆ دانانی خراپ لە بەرامبەر ساقی وەک نیشاندانی واتای ساغ یان ساق لە وشەی ساقی دێتە بەرچاو. ساغ و ساغ بوون تەنیا تایبەت بە ساقی‌یەو ئەوان لە هەر دوو حاڵەتی مەستی و ئەغیاری دا هەر خراپن.

هەر لەو ماکەیەو لە فەرهەنگی مەیخانە دا، وشەی "ساغەر" هەیە کە پیاڵەی شەرابە. ئەمەش دەبێ پێوەندی بە ساقی و ساخ/ساغ/ساق هەبێ لە بنەمای وشەی ساخ بە واتای ساغکەر، ساغکەرەوە یان شتێکی لەم بابەتە.
چاوگی کرداری ساخ لە زمانی کوردی دا دەکرێ "ساستن" یان "ساچتن" بووبێ. کرداری "ساچان" لەو بنەمایە بە واتای سازان و بە یەکەوە حەوانەوەیە. هەڵبەت ئەوە تەنیا ساخ و ساز نییە کە کردارە بنەڕەتیەکەی تووشی ئەو ئاڵۆزیە بووەو ئەم ئازارە چەند کرداری دیکەی لەو شێوەیەی گرتوەتەوە. لەوانە کردارە سەرەکیەکەی سووتان. لە بەیتە فۆلکلۆریەکان دا سوتان بە "شێوەی "دەسۆزێ" گەردان کراوە کە ئەمە دەبێ لە چاوگێکی وەک "سۆزان" یان "سۆستن" و "سۆچتن" کەوتبێتەوە. بەڵام لە زمانی کوردیی ئەمڕۆ دا ئەو شێوازانەی کردارەکە باو نین و ئەوەی هەیە بە کەمی سوچان و بە پڕانی "سووتان"ە. 
--------------------
ژێدەر: 
- کورد کێیە؟ سۆران حەمە رەش
- دیوانی حافز
- دیوانی وەحشی بافقی

۳/۰۳/۱۳۹۶

ئاغوەتمان

لە کاناڵی تێلگرامیی "دونگوز" وتەکانی دانیشتوویەکی ئاوایی "ئاغوەتمان" بە ناوی کاک خالید ئیسماعیلی سەرنجی راکێشام. کاک خالید باسی لە ئاواییەکەیان و بنەمای ناوی ئەو ئاواییە کرد. فەرمووی کە کابرایەک بە ناوی "وەتمان" لێرە ژیاوە و مەڕ و ماڵاتی هەبووە. زستانێکی سەخت، سەرما زەفەری پێ بردوەو مردوە. وەختێک هاتوونە سەر مەیتەکەی وتوویانە "ئاغ (ئاخ) وەتمان".
ئاغوەتمان، گوندێکە لە ناوچەی گەورکایەتیی مەهاباد هەڵکەوتوە. دوایین گوندی ناوچەکەیە کە کەوتووەتە ژوور گوندەکانی قالوێ باراوا. بە رووکاری ئەو دیوی دا گوندەکانی زێڕاندۆڵ، سڵامەت، گڵۆڵان و.. هەڵکەوتوون و ئەوێ ناوچەی گەورکایەتیی بۆکانە. ئەمن بۆخۆم چەند جار سەردانی ئەو گوندە خۆشەویست و میوانگرەم کردوە و لێی ماومەتەوە. خەڵکێکی هەژار کە سەرچاوەی داهاتیان لە بە خێوکردنی مەڕ و ماڵاتە بەڵام تا خوا حەز بکا میوانگر و نیشتمانپەروەرن.
 سەبارەت بە بنەچەی ناوی ئاواییەکە بە ئەگەری زۆر وشەی ئاغوەتمان پێکهاتەی "ئاغا وەتمان"ە کە رەنگە بۆ یەکەم جار کەسێکی دەستڕۆیشتوو بەو ناوە گوندەکەی ئاوەدان کردۆتەوە و ناوی خۆی بە سەر ئاواییەکەوە بە جێ هێشتووە. لە سەردەمی فیئوداڵی و ئاغا و رەعیەتی دا زۆر گوندی ئاوا لە لایەن ئاغای دەستڕۆیشتوو دامەزراون یان سەر لە نوێ ئاوەدان کراونەتەوە. زۆربەی ئەو ئاواییانەش کە ناوی کەسیان بە سەرەوەیە، لە لایەن کەسی بەو ناوەوە ئاوەدان کراون. وەک عەوڵابات، حاجیابات، هەباساوا، حەسەن چەپ، حوسێن مامە و..
ئاغ کورتکراوەی ئاغایە کە لە تێکهەڵکێشی لە گەڵ وەتمان دا کورت کراوەتەوە و "الف"ی کۆتایی سواوە. وەتمانیش کوردێندراوی ناوی عوسمانە.  ناوێک کە بۆ وێنە لە ناوی "کانی وەتمان"یش دا هەیە.
ئاغوەتمان لە دوو کۆنە گوندی گورگە و قەرەقاج تازەترە کە چۆڵ کراون و تەنیا کەلاوە و ئاسەواریان لە نیزیک ئاغوەتمان ماوە. بە پێی ناوەکان دەبێ "گورگە" کە وشەیەکی کوردیە، کۆنتر بێ و پاشان "قەرەقاج" کە ناوێکی ترکی‌یە، دوای هاتنی مەغول و لە سەردەمی دەسەڵاتداریی مەغوول یان ترکان دا ساز کراوە.

۲/۲۷/۱۳۹۶

دار

نوێترین شێعری شاعیری مەزن عەبدوڵا پەشێو

له‌ خۆم ئاشقتر هه‌ر دار شك ده‌به‌م
هه‌ر دار،  دار و به‌س
ئه‌وه ئامێزی خاك بەرنادا
گه‌ر داشیپاچن
ئاگریشی ده‌ن
هه‌تا دوا نه‌فه‌س
نه‌ده‌فڕێ و ده‌ڕوا
نه‌ دڵ ده‌گۆڕێ
نه‌ گازانده‌یه‌ك ده‌كا لای هیچ كه‌س
له‌ خۆم ئاشقتر هه‌ر دار شك ده‌به‌م
هه‌ر دار، دار و به‌س

بۆچوونی من سەبارەت بە ئینتیخاباتی ٢٩ی بانەمەڕ لە ئێران و کوردستان:


١- لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی دا هەر کەس سەرکۆمار بێ و لە زێدەکەی من هەر کەس شوورا بێ، بە حاڵی من کە پەڕەوازە بووم و لە فینلاند دەژیم، فەرق ناکا و تەئیسریان لە سەر ژیانی شەخسی و تەنانەت سیاسیی من نییە.
٢- دەنگدان لە لایەن خەڵکی کوردستان نە بە ئامانجی تەئید کردنی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی دەزانم و نە بە نیشانەی دانی مەشروعیەت بە رێژیمی حاکم. 
٣- مادام رێگایەکی کورتخایەن بۆ رووخانی رێژیم شک نابەم و ناشتوانم بژێرەیەکی باشتر و کردەیی بە قازانجی ژیان و ئازادیی کوردستان بە خەڵک پێشنیار بکەم، ئەگەر دانیشتوانی کوردستان و چالاکانی سیاسی و مەدەنی کە لە ژێر ئەم دەسەڵاتەدا دەژین و دەجووڵێن، بە پێی ئەزموونی ئەو چەند ساڵەی رابردوو پێیان وا بێ سەرکۆمارێکی میانەرەو بۆ حاڵ و ژیانی ئەوان باشترە، بە مافی ئەوانی دەزانم و بە هیچ جۆر لە سەر ئەوە کەسم پێ جاش یان خیانەتکار نییە.
٤- بەڵام سەرەڕای خاڵی سێ، مادام شەش حیزبی رۆژهەڵاتی کوردستان ئەمساڵ بۆ یەکەم جار بەیاننامەیەکی هاوبەشیان داوەو بە یەکەوە داوایان لە خەڵک کردوە دەنگ نەدەن، سەرەڕای تێبینیم لە سەر هەڵوێستەکەیان، پێم خۆشە ئەگەر خەڵک چوونە سەر سندووقی دەنگدانیش، دەنگی سپی بۆ ئینتخاباتی سەرکۆماری تێباوێن. رێژەی زۆری دەنگی قرت یان سپی لە کوردستان دەیتوانی ئاماژەیەکی باڵکێش بێ. کۆماری ئیسلامی بە فێڵ دوو ئینتخاباتی تێکەڵ کردوە کە رەنگە یەک لە ئامانجەکانی، پەلکێش کردنی خەڵکی زۆر بۆ سەر سندووقەکانی دەنگدان بێ. بۆ بەرپەرچ دانەوەی ئەم تاکتیکەی کۆماری ئیسلامی، حیزبەکان دەبوو زیاتر مانۆڕ لە سەر دەنگی سپی بۆ هەڵبژاردنی سەرکۆماری بدەن و دەستی خەڵکیان لە هەڵبژاردنی شورا بۆ شوێنی ژیانی خۆیان ئاوەڵا کردبا.
٥- سەبارەت بە ئینتخاباتی شوراکان،  پێم وایە ئەوەیان راستەوخۆ پێوەندی بە ژیانی فەرهەنگی، کۆمەڵایەتی و ئیداریی دانیشتوانی شار و گوندەکانەوە هەیە و نابێ وەک پرسێکی سیاسی - ئەمنیەتی سەیر بکرێ. گوند و شارەکان لە هەموو حاڵەتێک دا دەبێ ئەنجوومەنێکیان هەبێ کە ئەگەر بۆخۆیان هەڵینەبژێرن، ئەوە دەسەڵات بۆیان دیاری دەکا یان بە دەنگی رێژەیەکی کەم لە خەڵکی هەلپەرەست و نابەرپرس، خراپترین کەسەکان هەڵدەبژێردرێن و بە سەریان دا دەسەپێندرێ. وا بە باشتر دەزانم کە خەڵک بە هەست بە بەرپرسایەتیەوە لە ناو کاندیداکان دا بێ لەبەرچاوگرتنی فاکتەری خزمایەتی، تایفەگەری، ناوچەیی و.. دەنگ بە کەسانی شارەزا، دڵسۆزو جێگای متمانە بدەن. خراپی و خاسیی ئەنجومەنی شوراکان لە چوار ساڵی داهاتوو دا راستەوخۆ تەئسیری لە سەر ژیان و ژینگەی ئەوان هەیە.
٦- لەو شار و ناوچانەی کە کوردەکان لە ژێر گوشار و زێدەخوازیی ترکان دا دوو هیندە ستەمیان لێ دەکرێ و ناوچە و شارەکەیان هەڕەشەی راماڵین و پاکتاوکردنی کوردان یان زمان و فەرهەنگی کوردیی لە سەرە، باشترە بەوپەڕی یەکگرتووییەوە هەوڵ بدەن کاندیدە کوردەکان سەربخەن و بەم جۆرە لانیکەم بەشێک لە ئیدارەی ئەو ناوچانە بە دەستەوە بگرن.
٧- ئەم ئینتخاباتەش تێدەپەڕێ و خەڵک بە هەر رێژەیەک بەشدار بن و هەر کەس ببێ بە سەرکۆمار و پێکهاتەی ئەنجوومەنی شار و لادێکان هەر چۆن بن، بە حاڵی حیزبەکانیش وەک من فەرق ناکا. مەگەر ئەوە کە مرخیان لە سەرکۆمارێکی توندڕەو خۆش کردبێ و لە دڵە خۆیان دا پێیان وا بێ رەنگە ئەو کۆماری ئیسلامی بەرەو هەڵدێر بەرێ یان زوڵم و زۆرەکە وەها زۆر بکا کە خەڵک ڕاپەڕێ.

۲/۱۹/۱۳۹۶

هەڵەیەک لە "لوتکە" دا

تاهیر قاسمی
لە نێو ئەو هەنگامەیەدا کە دوای لێدان لە دوکتور فەرهاد پیرباڵ تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانی گرتەوە، شێعرێک بە ناوی شاعیری مەزن عەبدوڵا پەشێو دژ بەو کارەی دەسەڵاتی هەولێر، لە سەر تۆڕی فەیسبووک بڵاو کرایەوە. مادام شێعرەکە ناوی مامۆستای بە سەرەوە بوو، سەرنجی منیشی راکێشا و بە تامەزرۆییەوە خوێندمەوە. بەڵام بە پێچەوانەی شێعری پەشێو، ئەمەیانم هیچ لە دڵ نەنیشت. هەستم کرد هەلپەرستان لەم هەنگامەیە کەلکیان وەرگرتوە و بە ناوی مامۆستاوە نووسیویانە. پێشتریش کردەوەی ئاوا دزێوم دژ بە مامۆستا دیتبوو. بەڵام لە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان هەموو قسەیەک بۆ ئەوە نابێ کۆڵی پێوە هەڵگری. زۆر قسە دەکرێن و دەڕۆن بێ ئەوەی لە یادان دا بمێننەوە. بەو تێبینیەوە بە پەنا شێعرەکەدا فیزماڵکم لێدا و تێپەڕیم.  
بەڵام شێعرەکە زۆر زیاتر لەوەی ئەمن بیرم لێ دەکردەوە، بە تایبەت لای ئەدیبان و ئەدەبدۆستانی رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاو بۆوە. ئەوەش نە بە خاتری ناوەرۆکی شێعرەکە بەڵکو لە بەر ناوی شاعیر بوو. خۆشەویستیی مامۆستا لە رۆژهەڵاتی کوردستان و لای ئەدیبان و ئەدەبدۆستانی ئەو دەڤەرە بێ سنوورە. دیارە مامۆستاش هەستی بەو رێز و خۆشەویستیە کردوە، ئاگای لە تێکۆشانی ئەدەبیی ئەدیبانی رۆژهەڵات هەیە و کارەکانیان لای ئەو هەمیشە بە نرخ و گرینگە. لە بیرمە جارێکیان "فەرهەنگی زارەکیی موکریان"ی کاک سەلاح پایانیانی بە زیاتر لە هەموو خزمەتە ئەدەبی و  فەرهەنگییەکانی چارەگە سەدەی تەمەنی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەسف کرد. هەر کاتیش ئەمن یان دۆستانی دیکە خۆشەویستیی رۆژهەڵاتیەکان بۆ مامۆستامان وەبیر هێنابێتەوە،  نیوە راست و نیوە شۆخی، خێرا گوتویەتی؛ رەنگە بەو هۆیە بێ کە ئەمنیش هەر رۆژهەڵاتیم، باپیرم لە کرمەشانەوە پەڕیوەی ناوچەی هەولێر بووە. 

 بۆ دۆستێک کە لە رۆژهەڵاتەوە بە تایبەتی شێعرەکەی بۆ ناردم، نووسیم کە ئەمە بەو هۆیانەی خوارەوە ناتوانێ شێعری پەشێو بێ:
-      شێعرەکە زیاتر وەک شوعار یان هەڵوێستی رووت دەچێ و شتی ئاوا لە کاری مامۆستا دا نییە.
-      مامۆستا زمانی کوردی بە پەرجۆی خوا دەزانێ و نووسین و بڵاوکردنەوەی تێکستی بە هەڵە لای ئەو گەورەترین کفرە. کەچی چەندان هەڵەی رێنووسی و رێزمانی لەو تێکستە دا بەرچاو دەکەوێ.
-      رەنگە کەم کەس بە قەد پەشێو لە بڵاوکردنەوەی شێعر دا وەسواس بێ. ئەو هیچکات ئاوا بە پەلە شێعر بڵاو ناکاتەوە. ئەگەر هێندێک جاریش ناچار بووبێ بە پەلە هەڵوێست بگرێ، پەنای بۆ شێعر نەبردوە.
-      بۆ کارێکی دیکە تازە قسەم لە گەڵ مامۆستا کرد کە لە سەر سەفەر بوو. رەنگە لە کاتی نووسین و بڵاو بوونەوەی ئەم شێعرەدا، ئەو بە ئاسمانەوە بووبێ یان هێشتا بار و بەندیلی سەفەری نەکردبێتەوە.  
جگە لەوانە دەمزانی کە ئەوەندەی لەو دەسەڵاتە بێزارە، چەند هێندە لەو نووسەرانە تووڕەیە کە دەستەندەخۆری دەسەڵاتن. ئەوانەی تا گیرفانیان بەتاڵ دەبێ، دەمیان پڕ دەکەن لە قسە و هەر گا گیرفانیان بۆ پڕ کردنەوە، دەمیان لە حاند زوڵم دا دەبێتەوە بە تەڵەی تەقیو.

وا راستا کە رۆژی ٧ی مەی بە خزمەت مامۆستا بگەم و لە نیزیکەوە بیبینم. لە نێو قسە و باسەکانمان دا کەوتینە سەر باسی لێدان لە دوکتور فەرهاد پیرباڵ و هۆکار و کاردانەوەکان سەبارەت بەو رووداوە. یەکسەر وەبیرم هاتەوە کە پرسیاری شێعری گۆرینی لێ بکەم.
   : ئەرێ مامۆستا ئەوە شێعری تۆ بوو؟!
-      کوڕە نەوەڵا! شتی هیندە نزم بە ناوی من بڵاو دەکەنەوە. ئەوەندە سەخیف کە هەر بۆ ئەوە نەدەبوو قسەی لێ بکەم.

 
وێنەگر: کەمال ئافەرین
پرسیارەکەم تەنیا بۆ ئەوە بوو کە بە تەواوی لە بۆچوونەکانی خۆم ئەرخەیان بم. جا چونکە مەبەستم نەبوو لەم بارەوە بنووسم، هیچم یاداشت نەکرد و لێرەش دا هیچ قسەیەکی مامۆستا دەقاودەق وەک خۆی نەنووسراوەتەوە. بەڵام ئەمڕۆ دیتم کە شێعرەکە جارێکی دیکە سەری دەرهێناوەتەوە. ئەویش نەک لە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بەڵکو لە ناو لاپەڕەکانی ژمارە ١٩ی هەفتەنامەی "لووتکە" دا. هەفتەنامەیەک کە لە رۆژهەڵاتی کوردستان چاپ و بڵاو دەکرێتەوەو بەڕێوەبەرانی لە خۆشەویستیی ئەم شاعیرە مەزنە، تووشی هەمان هەڵە بوون کە پێشتریش بەشێک لە ئۆگرانی ئەو شاعیرە مەزنەی گەلەکەمان تووشی بوون.   
--------------------
دەقی شێعرەکە: 

عبدوالله پەشێو بۆ د.فەرهاد پیرباڵ:

ده لێی گەڕێن با بڵێ
جنێو بدات... هاوار بکات...سنگ بدڕێ
فەرهاد به هاوار و جنێو جوانه
ده لێی گەڕێن... بۆ لێی دەدەن؟
نه خاوەنی بیری نەفته
نه پێش لەشکری بێگانه
ده لێی گەرێن دەبا بڵێ...
فەرهاد دەمێکه هەر دەلێ...
کێ زاتی کردووه...
بۆ جارێکیش که ئەو دەڵێ
بڵێ... مەڵێ
دەبا بڵێ... دلی شارم
چیرۆکی ئەتکی قەڵا و...
چیرۆکی ئەتکی میلەت و 
چیرۆکی ئەتکی گەڵێ...
ئیوه دەڵێن هەموو کپ بن
گوێ قۆلاغ و بێ دەماغ بن
تەنها پادشا بۆی هەیه بڵێ
منیش دەڵێم... ئەو هەر دەڵێ
منیش دەڵێم... هەموو دەڵێین

وڵاتتان...شارتان بۆ پڕ دەکەین له هەمبەڵێ

بابەتی نوێ:

حیزب وەک سەنتەر، ستراتژیی حیزب وەک سەنتێز

سەردەمی ئێستا، سەردەمی بەئاگاهاتنەوەی هەرچی زیاتری نەتەوە بندەستەکانە. سەردەمی ‏هەوڵدانی بە کۆمەڵی کۆمەڵگا ژێردەستەکان بۆ سڕینەوەی سێبەری دا...