۹/۱۴/۱۳۹۴

بنەمای وشەی سپاس

سپاس لە دوو بەشی "سپ"،"پات" پێکهاتووە. بەشی یەکەم بە تەنیا مانای وەفاداری، متمانە و ئەمانەتداری، هەروەها پاراستن و پارێزگار کردنی هەیە. پێوەندی چەمکەکانی وەفا، ئەمانەت و پاراستن  پێوەندیەکی توند تۆڵن. وەفا پاراستنی پەیمان و بەڵێنی‌یە.  بۆیەش هەر گا کەسێ خاوەنی یەک لەو چەمکانە بێ، ئەوە دەتوانین دوو چەمکەکەی دیکەشی تێدا ببینین.

 سەگ یەکێک لە کۆنترین گیاندارانی هاوڕێی مرۆڤە کە بۆ وەفا و ئەمەگناسی و بە ناوبانگە و هەروەها ئەرکی پاراستن و پارێزگاری لێ کردنی هەیە. لە ئەوێستایی دا سپەن و لە مادی دا سپەخا یان سپەکۆ، ناوی سەگ بووە. هەر ئەم ناوە ئەمڕۆ لە هێندێک زاراوەی زمانی کوردی دا بە شێوەکانی سپەڕ، سپلۆ، سپڵۆت و سپڵۆک ماوەتەوە و من پێم وایە بەشی یەکەمی وشەکە پێوەندی بە وەفا و وەفاداری، هەروەها پارێزگاری کردنەوە هەیە وەک خدەی زەقی ئەم گیاندارە ماڵیە.
سپ لە بەشی یەکەمی وشەی "سپڵە"ش دا دەبیندرێ کە ئەمن پێم وایە لە دوو بەشی سپ+لا پێکهاتوە و لە بنەڕەت دا بە مانای کەسێکە کە لە وەفا و پێزانین لایە، کەنارە، دوورە و بە لای دا ناچێ.
مەحوی دەڵێ لە رووسووریی عیبادەت "لا"م و رووزەردی خەجاڵەت مام..

 سپ بە مانای وەفا لە وشەی "سفەت"یش دا هەیە بە گۆڕانی "پ" بە "ف". ئەم وشەیە ئەگەرچی رواڵەتی عەرەبی هەیە (صفت) بەڵام لە موکریان بە مانای وەفا و پێزانین بە کار دێ و پێچەوانەکەی "بێ سفەت"ە بە مانای بێ ئەمەگ، سپڵەو پێنەزان. پێم وایە ئەم سفەتە لە بنەڕەت دا سپەت بووە بە مانای وەفاداری.
 بە دووری نازانم کرداری "سپاردن"یش کە جۆرێک متمانە و ئەمانەتداری دە خۆی دا هەڵگرتوە، بە سەرنجدان بە پێوەندی نێوان ئەمانەتداری و وەفاداری، هەر بگەڕێتەوە سەر وشەی "سپ". ئەگەر ئەم بەنە زیاتر رابکێشین رەنگە بگەینە سەر ثوابی عەرەبی و سوپاپی فەرەنسی. 
رەنگە لە وشەی "سپا"ش دا، سپ بە مانای وەفاداری هەبێ. وەک دەزانین سپا لەشکری وەفاداری دەسەڵاتدارە. وشەکە هەر وەها "سپەر"یشی لێ چێ بووە بە مانای پارێزەر، ئەو کەرەسە خڕ و پانەی سەرباز لە کاتی شەڕدا بە خۆیەوە دەگرێ و خۆی پێ دەپارێزێ.
لە وشەی سبات دا بە گۆڕانی "پ" بە "ب"، پارێزراوی دەبیندرێ. 
 وێڕای هەمووی ئەوانە  سپ بە هۆی هاتنی وشەکانی وەفا و ئەمانەتی عەرەبی و ئەمەگی تورکی و.. لە ناو زمانی کوردی دا گەشەی نەکردوە و بە شێوەی سنووردار ماوەتەوە.
 بەشی دووهەمی وشەکە واتە "پاس" رەنگە لە بنەڕەت دا "پات/پاث/ بووبێ بە واتای گەڕاندنەوە و دانەوەی ئەمانەت وەک خۆی. هەر ئەو وشەیە بە شێوەی پات/پاتە (دووپاتە و دووپات کردنەوە) لە زمانی کوردی دا ماوە بە مانای دیسان ئەنجام دانەوە یان سەرلەنوێ گوتنەوەو وڵامدانەوە وەک خۆی. لە سەر یەک سپاس بە مانای دوپات کردنەوەی چاکە، وڵامدانەوەی چاکە بە چاکە، وەفادار مانەوە بە چاکە و چاکە دە چاو دا مانەوەیە.

بابەتی نوێ:

سوججەی سوور

لە کوردستان جۆرێک ماری ڕەنگ سووری کاڵ یان ئاڵ هەیە کە ماری سجە، سوجە یان سوججەی سوور و هەروەها "شیلە" ماریشی پێ دەگوترێ. مارەکە بێ...