۹/۰۸/۱۳۹۴

ئەنترناسیوناڵ سوسیالیست؛ رێکخراوێکی بە کەلک یان بێ کەلک؟!


دوای راگەیاندنی وەرگیرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان بە ئەندامی ئەسڵی لە رێکخراوی جیهانیی ئەنترناسیوناڵ سوسیالیست، 'دۆستانێک' هاتوونە سەر ئەو بڕوایە کە ئەو رێکخراوە هیچ نییە! هەشن دەڵێن پێشوو باش بوو، ئێستا هیچ نییە!
ئەندامەتیی حیزبێکی دژبەری کۆماری ئیسلامی لە هەر رێکخراوێکی جیهانی دا، ئەویش ئەندامەتی لە رێکخراوێکی وەک ئەنترناسیوناڵ سوسیالیست کە دوای رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان گەورەترین رێکخراوی جیهانی‌یە، حیزبێک کە بە قسەی کاربەدەستانی ئەو رێژیمە هەڵوەشاوە و منحلەیە، پێش هەموو شت داننانی ئەم رێکخراوە مەزنەیە بە بوونی ئەم حیزبە، بە بێ بنەمایی ئیدیعای کۆماری ئیسلامی و بە هێز و توانایی ئەم حیزبە.
لە لایەکی دیکە رێکخراوی ئەنترناسیوناڵ سوسیالیست دەیان حیزبی گەورەی لە سەرانسەری جیهان دا کۆ کردۆتەوە و وەک فۆرومێک بۆ هەر حیزبێکی سیاسی دەکرێ کەڵکی لێ وەرگیرێ. بەڵام ئەوە کە چۆنی کەڵک لێ وەردەگرێ و تا چەند دەتوانێ کەڵکی لێ وەرگرێ، بەندە بە ئاستی توانایی و لێزانیی و ئامانجی بەڕێوەبەران و نوێنەرانی ئەم حیزبە لە رێکخراوەکە دا. ئەگەر حیزبێک نەتوانێ کەلکی لێ وەرگرێ، بە دڵنیاییەوە ئەو پوڵەی وەک حەقی ئەندامەتی دەیدا بەو رێکخراوە، باشترە بیدا بە نان و کەباب و نۆشی گیانی بکا. بەڵام ئەگەر بتوانێ کەلکی لێ وەرگرێ، دەهێنێ زیاتر لەوەش لە گیرفانی ئەندامەکانی خۆی مایەی بۆ دانێ.
لایەنە کوردیەکان لەو رێکخراوە کە کەمیش نین، دەتوانن بە یەکەوە هاوئاهەنگ بن و زۆر بڕیار و خواستی کورد لە رێی ئەم رێکخراوەوە پەسند بکەن و پەرەی پێ بدەن. ئەندام بوون لەو رێکخراوە دەتوانێ پێگەیەکیش بێ بۆ ئاشتەوایی ناوماڵی کورد.
بە کورتی ئەنترناسیوناڵ سوسیالیست قەرار نییە ماف بۆ تۆ وەرگرێ. ئەوە ئاستی توانایی و لێزانی تۆیە کە کەلک و بێ کەلکیی ئەندام بوونت لەو رێکخراوە یان هەر رێکخراوێکی دیکەدا یەکلایی دەکاتەوە.
ئەو رێکخراوە بۆ کەس و لایەنی بە توانا، دەرفەت و تریبونێکی بە نرخە بەڵام بۆ بێ توانا تەنیا کات و پوڵ بە فیڕۆ دانەو وەک کورد دەڵێ؛ بۆ دەستەوەستان چ فەرقی نییە گەرمێن یا کوێستان!


بابەتی نوێ:

سوججەی سوور

لە کوردستان جۆرێک ماری ڕەنگ سووری کاڵ یان ئاڵ هەیە کە ماری سجە، سوجە یان سوججەی سوور و هەروەها "شیلە" ماریشی پێ دەگوترێ. مارەکە بێ...