لە ماوەی یەک مانگی رابردوو دا دوو هێرشی بێ هۆ و بێ بنەمای تورکەکان دژ بە کورد، کۆڕ و کۆمەڵە سیاسی و رووناکبیریەکانی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستانی راچڵەکاند. لە کۆتاییەکانی مانگی رەزبەردا، کاتێک چەند کەس لە دۆستان و ئەندامانی بنەماڵەی فەرهاد پیرۆت پوور، والیبالیستی تیمی شارەداریی ورمێ بۆ دیتنی یاریی نێوان ئەو تیمە و تیمی بانکی سەرمایە چوونە ناو ساڵۆنی ئەلغەدیر، لە گەڵ جنێودان و دروشمی نەژادپەرستانەی کۆمەڵێک لە تەماشاچیە تورکەکانی ناو هۆەڵەکە بەرەوڕوو بوون که تەنیا ‘تاوانی’ ئەوان پۆشینی جلوبەرگی کوردی بوو.
دوو حەوتوو دوای رووداوی ساڵۆنی ئەلغەدیری ورمێ، تلویزیۆنی کۆماری ئیسلامی ئاڵقەیەکی دیکە لە بەرنامەیەکی تەنزی تلویزیۆنیی “فیتیلە”ی بۆ لاوان و مێرمنداڵان بڵاوکردەوە کە بەشێک لە دیالۆگی ئەم بەرنامەیە بە زمانی تورکی بوو. تێیدا بە جۆرێک عەقڵی ئەکتەرەکان کە بە زمانی تورکی دەدوان، درابووە بەر گاڵتە. ئەوهش نارەزایەتی و خۆپێشاندانی بەرینی تورکەکانی لێ کەوتەوە.
بەرپرسانی پێوەندیدار هەر زوو داوای لێبوردنیان کردو ئەکتەرەکانی ئەو بەرنامەیەش لە کار دەرکران. بەڵام سەرنجراکێش ئەوە بوو کە خۆپێشاندانی تورکەکانیش لێوڕێژ بوو لە دروشمی نەژادپەرستانە. لەم نێوەدا نەتەوەی کورد ئەگەرچی بۆخۆی گەورەترین قوربانیی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی و راگەیاندنەکانیەتی، بەڵام بێ هۆ کەوتەوە بەر هێرشی نەژادپەرستانەی تورکە رەگەز پەرستەکان. دروشمگەلی وەک “ورمێ بە کوردستان نادەین” یان “کورد، فارس، ئەرمەنی هەر سێ دوژمنی تورکن”، چەندین جار لە خۆپێشاندانەکانی تورکەکان دا کە بە ڕواڵەت دژ بە سیاسەتی راگەیاندنی کۆماری ئیسلامی رێکخرابوون، دووپات کرایەوە.
کۆمەڵگای سیاسیی کوردستان بە درێژایی ٧٠ ساڵی رابردوو هەمیشە تورکەکانی بە هاوشانی خۆی، وەک نەتەوەیەکی بێ ماف و ماف پێشێلکراو حیساب کردوە. بزوتنەوەی سیاسیی کوردستان خۆی بە میراتگری دەسکەوتەکانی کۆماری کوردستان زانیوە کە لە تەمەنی کورتی خۆیدا بەردەوام هەوڵی دا لاپەڕەیەکی نوێ لە پێوەندیی نێوان دوو نەتەوەی کورد و تورک لە ئێران و بە تایبەت لە ئوستانی ورمێ هەڵداتەوە. ئەو سیاسەتە و ئەو شێوە روانینە بە درێژایی خەباتی ٧٠ ساڵەی تێکۆشانی دێموکراسیخوازانەی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان، لە ناو کۆڕ و کۆمەڵە سیاسیەکانی کوردستان دا رەنگی داوەتەوە. ئەو روانگەیە نەک تەنیا لە ناو کۆڕ و کۆمەڵە سیاسیەکان بەڵکو لە ناو کۆمەڵگای خەڵکی کوردستانیش دا باوەڕێکی چەسپاو بووە. تورکەکان هەر کات و بە هەر هۆیەک لێیان قەومابێ، ئەوە باوەشی خەڵکی کوردستان بۆیان کراوە بووە و خەڵک نانی خۆیان لە گەڵ لەت کردوون. ئەو تورکانەی تەڤلی بزووتنەوەی کوردستان بوون، بێ هیچ جیاوازی و هەڵاواردنێکی نەتەوەیی رێز لە خەبات و تێکۆشانیان گیراوە و تا ئاستیی رێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانیش چوون. خۆ ئەگەر لە هێرش بۆ سەر کوردستان و لە زەبروزەنگی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر خەڵکی مافخوراوی کوردستان، بەشێک لە تورکەکان بوون بە سیالەشکر و پێش قەراوڵی سپای داگیرکەر، لای کورد ئەو کەسانە هیچکات حیسابی نوێنەرایەتیی تورکەکانیان بۆ نەکراوە. لە روانینی کوردەکان دا ئەوانە لە بەکرێگیراوێکی دەسەڵات یان فریوخواردوویەکی ئایینی زیاتر نەبوون.
بەڵام هەڵسوکەوتەکانی ئەم چەند ساڵەی دوایی توێژی رەگەزپەرەستی تورک و هەوڵدانی بۆ سەپاندنی هێژمۆنیی رەگەزپەرستانە بۆ سەر ئەو نەتەوەیە، بە تایبەت هەڵوێستی نابهرپرسانهیان لە هۆڵی ئەلغەدیری شاری ورمێ و رەنگدانەوەی روانگەی دژ بە کورد و نەتەوەکانی دیکە لە بەشێک لە خۆپێشاندانەکانی دژ بە تلویزیۆنی کۆماری ئیسلامی، ئەو راستیەی سەلماند کە بە داخەوە ناسیونالیزمی تورک لە ئێران، خەریکە لە سەر بنەمایەکی نەژادپەرستانە پێ دەگرێ. ناسیونالیزمێکی کرچ و کاڵ کە شوناسە نەتەوەییەکانی خۆی لە سەر بناخەی نەفی ئەویدی و هێرش بۆ سەر دەروجیرانەکانی دا پێناسە دەکا. هێژەمۆنیی ئەم روانینە شۆڤینیستیە ئەوەندە خۆی بە سەر رووناکبیرانی تورک دا سەپاندوە کە بە داخەوە کەمترین رووناکبیر و چالاکی سیاسی و مەدەنیی تورک ئامادە بوون ژێر ئەو نامەیە ئیمزا بکەن کە بە ناوی چالاکانی سیاسی و مەدەنیی تورک و کورد بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە دوای بێڕێزیەکانی ساڵۆنی ئەلغەدیری ورمێ ئامادە و بڵاو کرایەوە.
هەوڵدان بۆ کڕینی زەوی و زاری کوردەکان بە ئیمکاناتی دەوڵەتی، پەڕاوێزکردن و هەوڵدان بۆ دەرکردنی کوردەکان لە سەر مڵک و ماڵی خۆیان، سەپاندنی خۆیان بە سەر هەموو دام و دەزگا حکومەتیەکان سەرەڕای کەمینەبوونیان لە ئاستی ئوستانی ورمێ دا و هەوڵدان بۆ دەسکاری و شێواندنی مێژووی کوردستان و شارەکانی کوردستان بە دژی کورد بەشێکی دیکە لە هەوڵەکانی ئەو توێژە لە شۆڤینیزمی تورکە بۆ تێکدانی ئاشتی لە نێوان کورد و تورک و راکێشانی ئەو دوو نەتەوەیە بەرەو شەڕ و ناکۆکی.
دوو نەتەوەی کورد و تورک لە ئێران، سەدان ساڵە و بە درێژایی سەدان کیلۆمیتر لە پاڵ یەکتر و لە جیرانەتی یەکتر دا دەژین. رابردووی پێوەندیی نێوان ئەو دوو لایەنە هەر چۆنێک بووبێ، لە داهاتووش دا ناچارن بە جیرانەتیی یەکتر بمێننەوە. کوردەکان دەمێک ساڵە ئەو راستیەیان دەرک کردوەو تورکانیش نابێ تەسلیم و گوێڕایەڵی هێندێک تورکی نەژادپەرەست بن. ئەوان نابێ چیتر پشتگەرم بە دەسەڵاتی تاران دژ بە زۆرینەی کوردی دانیشتووی ورمێ بجوڵێنەوە و هەڵسوکەوت بکەن. پێویستە دوژمنایەتی و هەوڵدان بۆ دەڕپەڕاندنی کورد لە سەر خاک و سامانی خۆی بە رێزدانان لە یەکتر و لە بەها نەتەوەییەکانی یەکتر و بە پێکەوە ژیانی ئاشتیانە بگۆڕنەوە. کوردەکانیش هاوکات کە دەبێ بەرامبەر بەو زێدەخوازیەی تورکە رەگەزپەرەستەکان هەستیار بن و نرخ و بەها نەتەوەییەکان و خاک و ماڵی خۆیان بپارێزن، پێویستە لە گەڵ جیرانە تورکەکانیان هەروا بە شێوەی هێمنانە و پێشکەوتنخوازانە هەڵسوکەوت بکەن. لە رووبەڕوو بوونەوەو ئاژاوە، سڵ لەو داوانە بکەن کە دوژمنانی ئاشتی و ئارامی دەینێنەوەو نانی خۆیان لە ئاژاوە و تەفرەقەدا دەبینن. دۆستایەتی و پێکهێنانی کۆڕ و کۆبوونەوەی هاوپێوەندیی نێوان دوو گەلی کورد و تورک، دۆزینەوەی خاڵە هاوبەشەکان و پەڕاوێز خستنی خاڵە ناتەباکان بکەنە پێوەری دۆستایەتی نێوان خۆیان و، رەزگەزپەرستی پێ مههار بکەن. هاوکات کوردانی ئەو ئوستانە لە هەموو کات زیاتر پێویستیان بە یەکدەنگی و هاودەنگیە. یەکدەنگی و هاودەنگیەک کە بە سەر قازانجی شەخسی، بنەماڵە، تایفە، ناوچە، زاراوە، ئایین و حیزب دا باز بدا و لە سەرووی هەموان شوناس و بەرژەوەندیە نەتەوەیی و بەها ئینسانیەکان بکاتە پێوەر.
*بۆ بەرنامەی پرسی رۆژ کە لە کوردکاناڵ بڵاو دەکرێتەوە، نووسراوە
بابەتی نوێ:
سوججەی سوور
لە کوردستان جۆرێک ماری ڕەنگ سووری کاڵ یان ئاڵ هەیە کە ماری سجە، سوجە یان سوججەی سوور و هەروەها "شیلە" ماریشی پێ دەگوترێ. مارەکە بێ...