۹/۰۳/۱۳۹۴

وشەناسی: پێشنیار لە پێشنیاز دروستترە


ناکۆکی لە سەر راستی و ناراستیی دوو وشەی پێشنیار و پێشنیاز، بە تایبەت لە سەر بە هەڵە زانینی وشەی "پێشنیار" هەر جارناجارێک لە نێو نووسەرانی کورددا سەر هەڵدەداتەوە. لە باشووری کوردستان زیاتر ئۆگری بە لای وشەی پێشنیاز دا هەیە و دوا جار خاتوو کوردستان موکریانی هەر لە چوارچێوەی بە راست زانینی "پێشنیاز"، بابەتێکی نووسیوە. بەڕێزیان پێی وایە لە چاپی قامووسەکەی مامۆستا گیوی موکریانی، باوکی خاتوو کوردستان دا، بە هەڵە و بە هۆی لێک نیزیک بوونیان، لە کاتی تایپ کردن دا، پیتی "ر" لە بری پیتی "ز" داندراوە و لە بنەڕەت دا مەبەستی مامۆستا گیو پێشنیاز بووە نەک پێشنیار. 

یەکێک لەو هۆکارانەی کە وشەی پێشنیاری پێ رەد دەکرێتەوە، نیزیک بوونی وشەکەیە لە وشەی "پیشنهاد"ی هاومانای لە زمانی فارسی دا. لاگرانی پێشنیاز پێیان وایە "پێشنیار"ی کوردی تەنیا بە گۆڕینی دوو پیتی "هـ" و "د"ی "پیشنهاد"ی فارسی و جێگۆڕکێی ئەو دوو پیتە بە "یـ" و "ر" چێ بووە و فڕی بە زمانی کوردیەوە نییە. بەڵام بە پێچەوانە، ئەمن پێم وایە پێکهاتە و چۆنیەتی چێ بوونی وشەکە تەواو کوردیە و ئەو دوانە تەنیا لە وشەی "پێش/پیش" دا هاوبەشن. 
وشە فارسیەکە لە دوو بەشی "پیش'' و "نهادن" چێ بووە. پیش قەیدی زەمانە و "نهادن" کردار. بەڵام "پێشنیار"ی کوردی بە مەودایەکی درێژتر و ئاڵۆزتردا هاتووە.
لە زمانی کوردی دا گەلێک وشەمان هەیە کە بە پاشگری "یار" چێ بوون؛ پرس‌یار(پرسین/یار)، بڕیار(بڕین/یار)، کڕیار(کڕین/یار)، دیار(دیتن/یار)، فرۆشیار(فرۆشتن/یار) تا دەگاتە وشە هاوشێوەکانی لەو گوێنە کە دواتر چێ بوون وەک ژیار(ژین/یار)، زانیار(زانین/یار). سەرجەمی ئەوانە لە ماکی کردارەکان واتە شێوەی ئێستا(مضارع) نەک رابردوو(ماضی)ی ئەو کردارانە و بە پاشگری "یار" چێ کراون. دەکرێ وشەی پێشنیاریش بە هۆی ئەم پاشگرە بەڵام لە سەر شێوازێکی بڕێک ئاڵۆز و هێندێک سواو چێ بووبێ. واتە بە شێوەی؛
پێش+نێ+یار=پێش‌نێ‌یار=پێشنیار. ئەو جیاوازیەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لە سەر کردارێکی لێکدراو ڕۆنراوە لە کاتێک دا زۆربەی هاوشێوەکانی دیکەی لە سەر کرداری ئاسایی بنیات نراون. 
پێش لە پێکهاتەی پێشنیاردا وەک پێشگر، رۆڵی زەمان دەگێڕێ و ئاماژەیە بە ڕا و بۆچوونی پێش کاتی ئەنجامدان. بەو جۆرە "پێش" وشەی پێشنیار یان روونتر بڵێم "پێش‌دانان"ی کردووە بە وشە و دواتر کردارێکی لێکدراو. 
"نێ" شێوەی مضارعی چاوگی "نان"ە کە جۆرەکانی دیکەی بریتین لە: نیان، نییان، نێیان.
 کرداری "نان" لە زمانی کوردی دا وەک زۆر چاوگ و کرداری دیکە لە گەڵ پێشگری "دا" بە کار دێ و دەبیسترێ؛
دانان/نان(چاوگ-مصدر)، دانا/نا(رابردوو/ماضی؛ کتێبەکەم دانا)، دانێ/نێ(ئێستا-مضارع؛ کتێبەکە دادە'نێ'م). 
کرداری "نان" بە هۆی پێشگرەکانی چاوگی زمانی کوردی چەندان کرداری دیکەی بە مانای جیاواز و بۆ کاری جیاواز لێ کەوتۆتەوە کە لە هەموان دا دەوری "نێ" لە شێوەی ئێستایان دا بەرچاوە؛
نان (دە'نێـ'م)
دا/نان (دادە'نێـ'م)
لێ‌/نان (لێ‌دە'نێـ'م)
تێ‌/نان (تێ‌دە'نێـ'م)
هەڵ‌/نان (هەڵدە'نێـ'م)
ڕا/نان (رادە'نێـ'م)
سەر/نان (سەردە'نێـ'م)
وەسەر/نان (وەسەردە'نێـ'م)
وەبەر/نان (وەبەردە'نێـ'م)
وەدەر/نان (وەدەردە'نێـ'م)
و هیتر. 
لە وشەی پێشنیار دا، بوونی دوو پیتی دەنگداری " ێـ " و " یـ " لە دراوسێیەتی یەکتر دا و بە هۆی بوونی "ا" وەک پیتی دەنگداری سێهەم بە دوای یەکدا، وای کردووە کە "ێــ" بسوێ و لە ماکی کردارەکە تەنیا "ن" بمێنێتەوە. هەرچەند ئەگەر پێشنیار بە شێوەی "پێشنێیار"یش بنووسرێ یان بگۆترێ، هەڵە نییە بەڵام پێشنیار لە زاران خۆشترە.
هەرچەند سەلماندنی ئەو راستیە پێویستی بە هەڵدانەوەی لاپەڕەکانی ئەدەبی زارەکیی کورد هەیە بەڵام بە پێچەوانەی بۆچوونەکەی خاتوو کوردستان، پێم وایە وشەی پێشنیار لە ناو زمانی ئاخێوەرانی کورد دا زۆر لە فەرهەنگەکەی مامۆستا گیو کۆنترە. لە سەردەمی ئەویش دا زۆرێک لەوانەی ئەو وشەیەیان بە کار بردووە، رەنگە هەر نەیانزانیبێ مامۆستا گیو فەرهەنگی زمانی کوردی نووسیوە. تەنانەت ئەگەر هیچکام لەوانەش نەبووبێ و مامۆستا گیویش بە هەڵە پێشنیاری بۆ پێشنیاز نووسیبێ، دیسان "پێشنیار" داڕشتنێکی کوردانەیە. 
دوو وشەی پێشنیار و پێشنیاز لە باری ماناشەوە جیاوازن. پێشنیار پلان و نەخشە و بۆچوونی تایبەتە کە کاتێک بە گشتی دەکرێ و دەخرێتە بەر چاو و گوێی گشت یان کۆمەڵە کەسێکی دیار، مانای خۆی وەدەست دێنێ لێ پێشنیاز نیەت و قەسدی تایبەتە کە دەکرێ هیچکات دەرنەبڕدرێ و هەروا مانای خۆی رابگرێ. بە واتایەکی دیکە دەکرێ پێشنیاز، پێشنیاری دەرنەبڕدراو بێ. بۆ وێنە دەکرێ فەرماندەیەک بە فەرماندەکانی خوارەوەی خۆی بڵێ: دوژمن پێشنیازی هێرشی هەیە، پێشنیاری ئێوە چییە؟

بابەتی نوێ:

حیزب وەک سەنتەر، ستراتژیی حیزب وەک سەنتێز

سەردەمی ئێستا، سەردەمی بەئاگاهاتنەوەی هەرچی زیاتری نەتەوە بندەستەکانە. سەردەمی ‏هەوڵدانی بە کۆمەڵی کۆمەڵگا ژێردەستەکان بۆ سڕینەوەی سێبەری دا...