۸/۱۲/۱۴۰۱

کۆمارە کەم تەمەنەکانی شۆڕشی ژینا

تاهیر قاسمی

 لە ڕۆژەکانی سەرەتای سەرهەڵدانی دوای مەرگی ژینا، بابەتێکی سەرنجڕاکێش سەبارەت بەو لاوەبەشدارانەی کە داینامۆی سەرەکیی ئەو خۆپێشاندانانەن، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەستاودەستی دەکرد. بابەتەکە ناوی کەسی بە سەرەوە نەبوو بەڵام خۆی وەک باوکی لاوێکی هاوتەمەنی ئەو لاوانە ناساندبوو. بەڕواڵەت لێکۆڵینەوەیەکی مەیدانی بوو. لە نێوەرۆکدا ئەو لاوانەی وەک وەچەی ئینترنێت و گەیم و یاریی کۆمپیۆتێری پێناسە کردبوو. 

بەپێی بابەتەکە ئەوان کەمتر وەک مرۆڤی ئاسایی و زیاتر وەک مرۆڤێکی بێ‌ڕۆح و وەک ڕۆبۆت بەشداریی لە سەرهەڵدانەکاندا دەکەن و شەهیدبوونیشیان لە ڕوانگەی خۆیانەوە هەروەک کوژرانی کاراکتەرێکی ناو گەیم و یاری وایە. ڕەنگە هەر ئەو بابەتە و ئەو ڕوانینە بوو کە دواتر وەک ڕوانگەی حکوومەتی لەسەر کۆی شۆڕشەکە و ئەو توێژە پێشڕەوەی خۆپێشاندانەکان لە زمان کاربەدەستانی ڕێژیمەوە خۆی نواند. یان ڕەنگە بابەتەکە هەر لە بنەڕەتدا لەلایەن دەزگای پڕوپاگاندای کۆماری ئیسلامییەوە نووسرابوو بۆ ئەوەی خۆپێشاندەران لە مرۆڤی ئاسایی و لە خەڵک هەڵاوێرێ و لە ئاکامدا سەرهەڵدان و شۆڕشەکە بە کارێکی منداڵانە، "ماجەراجوویانە" و بێ‌ئامانج لە قەڵەم بدا.

سروشتی سەرهەڵدان و شۆڕشەکان وایە کە لاوان داینامۆی سەرەکیی سەرهەڵدان و بەرەوپێشچوونن. لە ئاکامیشدا زیاترین خوێن و قوربانی پێشکەش دەکەن. ئەوەش لە سروشتی لاوان خۆیان‌دایە. تایبەتمەندیی مرۆڤ وایە کە تا تەمەنی زیاتر هەڵدەکشێ، خۆپارێزتر دەبێ و هاوکات هێز و وزەی لاوانەش، بە هەڵکشانی تەمەن کز و کزتر دەبێتەوە. ئەوەش پێوەندی بە سەردەمی ئینترنێت یان گەیم و یاریی کۆمپیۆتێرەوە نییە. پێشتریش وا بووە و دواتریش هەر وا دەبێ و شۆڕشی ژیناش لەوە بەدەر نییە.

ئەم وەچەیەی کە ئێستا لە شەقامەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا پێشەنگایەتیی خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەکان دەکا وەچەی لە دایکبووی دەیەکانی حەفتا و هەشتای هەتاوییە کە تەمەنیان لە نێوان پازدە بۆ بیست و پێنج ساڵ‌دایە و لە باری کۆمەڵناسییەوە بە وەچەی Zیش بە ناوبانگە. حاشاهەڵنەگرە کە ئەوان وەچەی سەردەمی پەرەگرتنی کۆمپیوتێر و گەیم و ئینترنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانن، لێ ئەو ئامرازانە نەک هەر ئەو لاوانەیان نەکردووە بە مرۆڤی بێ‌ڕۆح و ڕۆبۆت بەڵکوو لێکۆڵینەوەیەکی سەرەتایی و لە دووریشەوە ئەوە دەردەخا کە بەپێچەوانە ئەوانە ئەوانیان کردووە بە وەچەیەکی زۆر تێگەیشتوو و لە وادەی خۆیان پێگەیشتووتریش. بە داخەوە بارە ئەمنیەتییەکە ئەوەندە قورسە کە مرۆڤ لە دوورەوە نازانێ کێ لەو خۆپێشاندانانەدا بەشدارە و پێکهاتەکەیان چۆناوچۆنە بەڵام هەر ئینترنێت و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئەو ئیمکانەیان پێک‌هێناوە کە دوای شەهیدبوونی هەر خۆپێشاندەرێک، سەرەتایەک لە بیرکردنەوەی، ئاستی زانیاری و چۆنیەتیی ژیانی بزانین. بۆ وێنە شەهید پەیمان منبەری تەمەن ٢٥ ساڵ کە لە بنەماڵەیەکی تێکۆشەردا لەدایک بووە و لە کاتی پشتیوانی لە ڕێفراندۆمی باشووری کوردستانیشدا جارێک دەستبەسەر کرا، پێش ئەوەی کە ڕۆژی شەممە ١٦ی ڕەزبەر لە خۆپێشاندانەکانی سنەدا شەهید بێ، لە ژێر تیتری "ئەوە دەبێ بە باشترین شەممەی مێژوو" لە ستۆریی ئینستاگرامەکەیدا ئاوای نووسی:

ناڕەزایەتی دەردەبڕین

مان دەگرین

تەنانەت وەک خۆیان دەڵێن

تێک‌دەدەین

ئاژاوە دەگێڕین

کەسێ کە بێتە سەر ڕێمان

بەرەنگاری دەبینەوە

با بریندار بین

با شەهید بین

شەقامەکانی شاریان لێ دەکەین بە دۆزەخ

تا گەیشتن بە سەربەستیی یەکجارەکیی خەڵکەکەم

بنەماڵەکەم و شارەکەم

بەردەوام دەبم.

 

هێندێکیان پێش ئەوەی شەهید بن، هەستی خۆیانمان بە شێعری شاعیرێک لە ئەکاونتەکانیاندا بۆ بە جێ دەهێڵن. کۆپلەیەک لە شێعری "تا نیوەی ڕێگە هاتووین"ی عەبدوڵڵا پەشێو، دوا ستۆریی شەهید زەکەریا خەیاڵی تەمەن ١٦ ساڵ پێش شەهید بوونی بوو:

تا نیوەی ڕێگە هاتووین
بیر لە چی دەکەنەوە؟
تازە بۆ کوێ؟ بۆ دواوە؟ !
دە تەماشای دواوە کەن،
چ شوورەیەک بە هێسکی
شەهیدان هەڵچنراوە!

 

شەهید شاهۆ خزری بە بەیتێک شێعری "لە بەندیخانە"ی قانعەوە بەرەو پێشوازی مەرگ چوو:

"گەر بە ئازادی نەژیم مردن خەڵاتە بۆ لەشم

نۆکەری و سەر دانواندن کاری نامەردانەیە"

 

دیارە هەموو ئەوانەی کە بەشدارن یان شەهید دەبن ئۆگری شێعر و ئەدەبیات نین بەڵام زۆربەی هەرە زۆریان بە جۆرێک هەستی پاکیان لە ئەکاونتەکانیاندا ڕەنگی داوەتەوە. شەهید سمکۆ مەولوودی دوا جار سروودی "بە تەنیا جێم مەهێڵن"ی هونەرمەند "عەلی عابدی" گوتەوە کە سروودی کاتی ناشتن و یادی چلەی ژینا بوو. شەهید فەرجاد دەروێشی بە جامانە و جلی پێشمەرگانەوە وێنەی بەجێ هێشت.

 

شایەتیدانی بنەماڵەی شەهید لەنێو ئەم دۆخە ئەمنیەتییەدا کە کۆماری ئیسلامی پێکی هێناوە، ڕێگایەکە کە دوای شەهیدبوونیان،  بتوانین سەرەتایەک لە ڕوانین و بیرکردنەوەی شەهیدەکان بزانین. باوکی شەهید ڕەزا شەهپەرنیا لە چلەی مەرگی کوڕەکەیدا گێڕایەوە؛ ئەو هەم زۆرانباز بوو و هەم حافزی قورئان. پێم گوت؛ مەچووە نێو ئەم ئاڵۆزییە. خۆ من کەسم نییە، تۆ لە جێگای باوک و برامی. پێی گوتم؛ باوکە! ئەمە چ قسەیەکە تۆ ئەیژی؟ مەهساش هەر یەک دانە بوو. ئەگەر خوێنێک نەڕژێ، شۆڕشێکیش ڕێک ناخرێ!

 

بنەماڵە زۆر جار سەرچاوەی هزر و بیری ڕۆڵەکانیانن. ئەوە تەنیا باوکی شەهید ڕەزا شەهپەرنیا نەبوو کە لە چلەی مەرگی ئازیزترین کەسیدا شۆڕشگێڕانە هاتە سەر گۆڕی ڕۆڵە شەهیدەکەی. تا ئامادەکردنی ئەم بابەتە لە سەقز بنەماڵەی شەهید فەرەیدوون مەحموودی، لە دیواندەرە بنەماڵەی شەهید فوئادی قەدیمی، لە قەسری شیرین بنەماڵەی شەهید ئەفشینی ئاشام، لە سنە بنەماڵەی شەهید سارینا ساعێدی و لە شائاباد بنەماڵەی شەهید سەعید محەممەدی شۆڕشگێڕانەترین بۆنەیان لە کاتی ناشتن یان لە چلەی شەهیدەکانی ئەم شۆڕشەدا پێک‌هێنا و بۆنەکەیان کرد بە مەیدانێکی دیکەی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ دەسەڵاتی کۆنەپەرەستی کۆماری ئیسلامی. بنەماڵەی شەهید پەیمان مینبەری لە سنە بە سروودی ئەی ڕەقیب تەرمی ئازیزی ڕۆڵەکەیان ناشت. لە مەهاباد سەرجەم شەهیدەکان بە سروودی ئەی ڕەقیب نێژران و بە سروودی ئەی شەهیدان ماڵاواییان لێ کرا. لە سەر داوای بنەماڵەی شەهید کوبڕا شێخە، سروودی "شەهید" لە بڵیندگۆی مزگەوتی سەعدیی مەهابادەوە بڵاو کرایەوە. هاوسەری شەهید فریشتە ئەحمەدی بە شانازییەکی گەورەی زانی کە ئیدی ناویان چووە ڕیزی بنەماڵەی شەهیدانەوە و ماڵی باوکی شەهید فریشتەش لافیتەیەکی گەورەیان بە هەیوانی ماڵەکەیانەوە هەڵواسی و شەهیدبوونی کچەکەیان لە خەڵکی سەردەشت و سەرجەم گەلەکەی پیرۆز کرد.

 

بەڵام لە نێو ئەو شەهیدانەدا، ناو، ژیان و شەهیدبوونی لاوێکی مێرمنداڵ زۆر سەرنجی ڕاکێشا؛ شەهید کۆمار دەرئۆفتادە. ناوی کۆمار بە تەنیاش جێگای سەرنج و تێفکرین بوو کە باوکی کۆمار لە کاتی ناشتنەکەیدا زۆر زوو وڵامی پرسیاری نەکراوی خەڵکی دایەوە؛ "کوڕەکەم لە ڕۆژی ٢٥ی گەلاوێژ [ڕۆژی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان] لە دایک بوو، بۆیە ناوم لێنا کۆمار". کاک حەسەن دەرئۆفتادە لە خۆشەویستیی کۆماری کوردستاندا ناوی لە کوڕەکەی نا. کۆماریش وەک کۆماری کوردستان تەمەنی کەم و زۆر زوو شەهید بوو. بەڵام ئەویش لە دوای خۆی کۆمەڵێک یادگاریی وردیلە و شیرینی بۆ بە جێ هێشتین. لە ئاڵبۆمی وێنەکانیدا، کوڕێکی جوانی کورد و پڕ لە هەستی کوردانە دەبیندرێ. وێنەیەکی پێمان دەڵێ کۆمار هێشتا دە ساڵانەیە کە لە گوندی قاسملوو، لە نیزیک ماڵی باوکی قاسملووی ڕێبەر، بە جلی کوردییەوە ڕاوەستاوە. وێنەکانی دیکەشی بە جلی کوردییەوە دەربڕی شوێنەواری ئەو ناوەن کە بنەماڵەکەی بۆیان هەڵبژاردووە و ئەو هەستەن کە مام و ئامۆزاکانی لە ڕیزەکانی پێشمەرگایەتییەوە پێیان داوە و دایکی کە دواجار لە ڤیدیۆیەکیدا ئاڵا و جامانە بە سەر گۆڕی نەمامە شەهیدەکەیدا دەکێشێ.

کۆمار لەو تەمەنە کەمەدا خۆی فێری نووسینی کوردییەکی پاراو بە بنزاراوەیەکی دوورتریش کردووە. ستۆریەکانیشی هەڵگری ئەو هەستە پاکەن. وەرگێڕاوی شێعرێکی "نەزار قەببانی" کە ڕەنگە لە فارسییەوە وەریگێڕابێ لە یەکێک لە ستۆریەکانیدا سەرنج ڕادەکێشێ:

ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان هاوشێوەی 

چاوەکانی سەرنجڕاکێشی تۆ

 دروست کردووە

بە پەرۆش

خەمبار 

ماندوو

و جوان 

لە ستۆرییەکی دیکەیدا ڕەنگە بە ئیلهام لەو شێعرەی نزار، ئازار و نەهامەتییەکانی مرۆڤێکی کورد کە بەردەوام لە گەڵ مەرگ بەرەوڕوویە ڕەنگی داوەتەوە. لەوێدا مەرگی بە پێشمەرگایەتی، بە دیلی، لە خۆپێشاندان، لە کاتی کۆچ و لە کۆڵبەریدا وێکڕا وێنا کراون و هەستی شۆڕشگێڕانە، ئازادیخوازانە و کوردانەی خۆی تێدا دەربڕیوە:

ئێمە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستین

هێندێکمان لە جەنگ(دا) ئەکوژرێین

هێندێکمان لە بەندیخانە

هێندێکمان لە شەقام ئەمرین

هێندێکمان لە دەریا(دا) نوقم ئەبین

تەنانەت کەژە بەرزەکانیش

تۆڵەی تەنیاییان لە ئێمە ئەکەنەوە

چون ئێمە کارمان مردنە

 

ئەو نموونانەی کە لەم بابەتەدا باسیان کرا تەنیا مشتێ لە خەرمانی دەوڵەمەندی ئەو لاوە کەم تەمەنانەن کە بە ئازایی و زاناییەوە پێشەنگایەتیی ئەو شۆڕشە دەکەن و لە پێناویدا خوێن دەدەن و قوربانی دەبن. ئەوان نەک هەر لە ناو کۆمپیوتێر و گەیم و یاریی کۆمپیۆتێریدا نوقم نەبوون و نەک هەر شۆڕشەکەیان بە گەیم ویاری نازانن بەڵکو ڕێگای خەباتی خۆیان زۆر بە زانایی هەڵبژاردووە و زۆر بە ئازاییەوە بەرەو شەقام و ئەگەری بە هێزی بەرەوڕوو بوونەوە لە گەڵ مەرگ دەچن. بۆیەشە تا کاتی نووسینی ئەم بابەتە، ئەوە نیزیک بە پەنجا شەو و پەنجا ڕۆژە کە بە گژ یەکێک لە فێڵبازترین، بێ بەزەییترین و بێ حەیاترین دیکتاتۆرەکانی سەردەمدا چوونەتەوە و کۆڵیان نەداوە و شەقامیان چۆڵ نەکردووە. ئەو یادگارانەی ئەوان بۆمانیان بە جێ هێشتووە پێمان دەڵێن کە بۆ لاوانی ئێران ئازادی و بۆ لاوانی کورد ئازادی و مافی نەتەوایەتی لە سەرەوەی هەموو ئەو خواستانەن کە بۆی تێدەکۆشن. هەر بەو جۆرەی کۆماری مێرمنداڵ لە یەکێک لە دوا ستۆرییەکانیدا وەک مامۆستایەکی ئەم شۆڕشە بۆمانی نووسی؛ 

"لە هەموو شت زیاتر، ئازادیتان خۆش بوێ".


لە ژمارە ٨٣٤ی "کوردستان"دا بڵاو کراوەتەوە



 

بابەتی نوێ:

سوججەی سوور

لە کوردستان جۆرێک ماری ڕەنگ سووری کاڵ یان ئاڵ هەیە کە ماری سجە، سوجە یان سوججەی سوور و هەروەها "شیلە" ماریشی پێ دەگوترێ. مارەکە بێ...