یەکێک لە دابە نەورۆزییەکانی دانیشتوانی بەرزاییەکانی
زاگرۆس و دەوروبەر، وەڕێخستنی یاریی میرمیرێنە کە ساڵانە لە بەرەبەری نەورۆزدا لە شار و ئاواییەکان
بەڕێوە دەچوو. یارییەکە ئەگەرچی ئێستا لەنێو خەڵکدا کاڵ بۆتەوە و بە دەگمەن شوێنی وا
هەیە ئەو یارییەی تێدا بەڕێوە بچێ بەڵام سەردەمانێک پەلی بۆ پێدەشتەکانی عێراق و ناوچە
دوورەدەستەکانی ڕۆژهەڵاتی ئێرانیش هاویشتبوو. زۆر جار لە یاری و گەمەیەکی ئاسایی
تێپەڕ دەبوو و بۆ چەند ڕۆژان باری ڕاستەقینەی بەخۆوە دەگرت و بەڕێوەبەریی ئەو کۆمەڵگەیەی بەدەستەوە دەگرت کە تێیدا بەڕێوە دەچوو. میرمیرێن وەک یارییەکی بەهاری هەموو ساڵێ لە کۆتایی ساڵ و لە بەرەبەری نەورۆز و ساڵی تازەدا ڕێک دەخرا و بۆ ماوەی چەند ڕۆژان بەردەوام دەبوو. چوارچێوەی جوغرافیایی و دەسەڵاتی میری نەورۆز لە ئاستی گوند، گەڕەک و ڕەنگە هێندێک جار شار و ناوچەشی دەگرتەوە.
 |
میری نەورۆزی لە سابڵا‌غ لە سەردەمی سەیفەددین خانی موکری‌دا ١٨٩٥ |
میرنەورۆز، میری نەورۆزی و میرمیرێن ناوەکانی ئەو یارییە نیزیک بە ڕاستەقینەیەن کە تا نێوەڕاستەکانی سەدەی بیستەم و درەنگتریش لە کوردستان برەوی هەبوو. وشەی میر دەچێتەوە سەر ناوی میترا کە بە شێوەی جۆراوجۆری وەک میترا، میثرە، مەتەرێ، مێهر، مەر، مێر، میر، ئەمیر و.. لە زمانی کوردی و زمانەکانی دیکەدا شوێنەواری بەجێ هێشتوە و واتای جۆراوجۆری هەر لە ڕەحم و بەزەیی دایکانەوە تا ئازایەتی و پیاوەتی لێ کەوتۆتەوە. میر لە زمانی کوردی‌دا بریتی لە کەسی خاوەن دەسەڵات، سەروەر، سەردار و گەورەی هۆز، شار، ناوچە یان میرنشینە. بێجگە لە ناوەکەی و جوغرافیای برەوی یارییەکە، لەوەڕا کە میر ناوی زۆربەی دەسەڵاتدارانی هەرێمە کوردییەکان و میرنشین ناوی ئیمارەتەکانیان بووە، ئەو گریمانەیە بەهێزتر دەکا کە هەم وشەکە پێش ئەوەی بچێتە نێو عەرەبان و وشەی جۆراوجۆری وەک ئەمر و ئەمیری لێ ساز بکرێ، لە نێو زمانی کوردی‌دا گووراوە و هەمیش یارییەکە لە بنەڕەتدا هی کورد و کوردستانییە کە لە سەردەمە جیاوازەکاندا پەلی بۆ ناوچەکانی دەرەوەی کوردستانیش هاویشتوە و لە زۆر شوێنی دیکە برەوی پێ دراوە. بۆ وێنە حافزی شیرازی لە شێعرێکدا
ئاماژەی بەو یارییە کردووە:
سخن در پرده می گویم چو گل از غنچه بیرون آی
که بیش از پنج روزی نیست حکم میر نوروزی
حەقیقی شێعرەکەی حافزی ئاوا وەرگێڕاوە:
قسێکت پێ‌دەڵێم بە دزی، وەکوو خونچە بپشکوو زوو
کە هەر ئەو پێنج ڕۆژەن زەبر و زەنگی میری نەورۆزی (١)
هەروەها لە کتێبی "سینووهە؛ پزیشکی تایبەتیی
فیرعەون"یشدا باس لە باوبوونی ئەو یارییە لە شاری بابل کراوە:
"هەر کە وەرزی بەهار
دەستی پێ دەکرد، دانیشتوانی بابل بۆ ماوەی ١٢ ڕۆژ جێژنی بەهارەیان دەگرت. ڕێوڕەسمی
ڕۆژی سێزدەهەمی ئەو جێژنە بە بۆنەی درۆیەکی گەورە (واتە پادشای درۆیینە کۆتایی
دەهات) بەو جۆرە بەڕێوە دەچوو کە لە ڕۆژی سێزدەهەمی ساڵی تازەدا خەڵکی بابل یەکێک
لە حەنەکترین و گێلترین کەسیان بۆ ماوەی ڕۆژێک دەکرد بە پاشا. دەسەڵاتدارەتیی ئەو
پیاوە لە بەیانییەوە دەستی پێ دەکرد و پاشای بابل وەک نۆکەرێک، فەرمانەکانی ئەوی
جێبەجێ دەکرد. لەو ڕۆژەدا پاشا کاتییەکە سەرەتا لە کۆڕی بانگهێشتێکی بێسەرەوبەرەدا
بەشداریی دەکرد و پاشان بۆ بەڕێوەبردنی عەداڵەت، سەردانی عەداڵەتخانەی دەکرد. ئیدی
دوای ئەوە، هەرچی ویستبای، دەیکرد. ئەو پاشا درۆیینە ئەگەر لە ماوەی ڕۆژێک
دەسەڵاتداریی خۆیدا دەستی بۆ کوشتن و بڕین و داگیرکردنی ژنی خەڵک بردبا، لە
دەمەوئێوارەدا ژاریان بۆ لە پیاڵەیەک شەراب دەکرد و دەرخواردیان دەدا و بەم جۆرە
دەیانکوشت. بەڵام ئەگەر لەو ڕۆژە دەسەڵاتدارەتییەی خۆیدا، کارێکی خراپی نەکردبا،
لەگەڵ تاریکبوونی هەوا، دەبوو بە نهێنی و بەدوور لە چاوی خەڵک، ڕایکردبا و خۆی
شاردباوە. ئەگەر لەکاتی هەڵاتن یان خۆشاردنەوەدا لەلایەن خەڵکەوە دەستبەسەر کرابا،
پاشا زۆر بە خراپی تێیهەڵدەدا و بە توندی تەمێی دەکرد."(٢)
 |
میری نەورۆزی لە سابڵا‌غ ١٩٠٥ |
یاریی میری نەورۆزی وەک بە ناوەکەیەوە دیارە، لە بەرەبەری نەورۆز
و نوێبوونەوەی ساڵدا، لەنێوان شادی و زەنازەنای خەڵکدا دەستی پێ دەکرد. بەپێی هێندێک سەرچاوە ماوەی دەسەڵاتەکەی ٥ و هێندێکیش پێیان وایە ١٣ ڕۆژ بووە. بۆچوونی دووهەم کۆتایی وادەکە بۆ ڕۆژی سێزدەبەدەری دوای نەورۆز دەگەڕێننەوە بەڵام وەک لە شێعرەکەی حافزیشدا هاتووە، درووست پێنج ڕۆژەکەیە. دیاریکردنی ئەو پێنج ڕۆژەش هەڵقوڵاوی باوەڕێکی لەمێژینە و بەپێی ساڵپێوێکی نەریتی داندراوە کە ئێستاش لای بەساڵاچووانی کوردستان بە حیسابی "سی مانگ" یان "سێ‌مانگ‌سێ‌مانگ" باوە. "ئەبووڕەیحانی بیروونی"ش ئاماژە بەو جۆرە ساڵپێوە دەکا و دەڵێ؛ کاتڕاگری ئێرانی ١٢ مانگی سی ڕۆژە و پێنج ڕۆژی پەنجە (ئەندەرگا) بووە کە ئەو پێنج ڕۆژە سەر بە هیچ مانگێک نییە" (٣). بەپێی ئەو ساڵژمێرە، هەرچەند ساڵ بە درووستی بە دوازدە مانگ دابەش دەکرا بەڵام هەموو مانگەکانیان هەر بە سی ڕۆژ دادەنا.
بەم جۆرە ساڵ دەبوو بە ٣٦٠ ڕۆژ کە لەگەڵ ساڵی تەواو یان پڕ ٥ تا ٦ ڕۆژ کەمیی دێنا. بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو کەمایەسییە، لە ساڵی ئاسایی‌دا پێنج و لە
ساڵی کەبیسە یان پڕدا شەش ڕۆژ بە ساڵەکە و بە کۆتایی مانگی ڕەشەممەوە زیاد دەکرا.
ئەم پێنج ڕۆژە وەک پێنج ڕۆژی زیادە و لە دەرەوەی زەماندا هەژمار دەکرا و بە پارێزەوە هەڵسوکەوتی لەگەڵ دەکرا. لە فەرهەنگی خەڵکی کوردستان‌دا ئەو پێنج ڕۆژە بە تار، تارا،
پێنجەیتار، پەنجە دزیاگ و پێنج ڕۆژەی تار ناوی هاتووە. بەپێی فەرهەنگی خاڵ پێنجەیتار "پێنج ڕۆژە لە ناوەندی زستان و بەھاردا کە ساڵ تەواو دەبێ ئەم پێنج ڕۆژە دەمێنێتەوە. پێشینان ساڵیان بەدوانزە مانگ و مانگیان بەسی ڕۆژ داناوە، بەم پێیە ساڵ دەکاتە سێ
سەد و شەست ڕۆژ، پێنج ڕۆژ دەمێنێتەوە لە ساڵی ڕاستەقینە کە لەسەر ھیچ مانگێک نییە".(٤) ئەم لەسەر هیچ مانگێک نەبوونەی پەنجەی تار، لە فەرهەنگی کورددا بووە بە ئیدیۆم کە بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی لە بێ کردەوەیی کەسێک ئێژن؛ "بووی بە پەنجەی تار و هیچت لە خۆت نەگرتووە!" مەولەوی لە شێعرێکدا پەنجەیتاری بە ڕۆژانی کۆتایی تەمەنی خۆی لە سەروبەندی هاتنی وەرزی بەهاردا زانیوە:
وەی من دیارن "پەنجەی تار"مەن سەر وەخت
هامن نەووەهارمەن
پیرەمێرد ئەو بەیتەی مەولەویی بەو شێوەیەی خوارەوە گۆڕیوە:
ئازیز دیارە "پەنجەی تار"مە ڕۆژی
ئەوەڵی نەوبەهارمە
هەر لەم بارەوە پیرەمێرد ئەوەی خوارەوەشی وتووە:
خۆزگە کە ئەڵێن خەوی "پێنجەی تار" خەوی هێجگاریی ئەخست لە
بەدکار
عەلائەددین سەججادی لە ڕشتەی مرواریدا باوەڕی پشت ئەو پێوەندیەی نێوان
خەو و پێنجەی تاری هێناوە و دەڵێ: "ئەڵێن کە ڕۆژەکانی پێنجەی تارا، هەر
کەس بنوێ، ئەوە هەموو ساڵەکە هەر خەوی دێت." (٥)
پێنجەی تار لە فارسیی کۆندا بە "بەهیزەک" و
"ئەندەرگا" و دواتر "پنجە دزدیدە"، لە عەرەبیدا بە "خمسە
مسترقە" و لە مازەندەرانیدا بە "پیر زن پتک" ناوی هاتووە و لە فەرهەنگی گەلانی دیکەشدا ڕەنگدانەوەی زۆری هەبووە. ئەفسانەکانی پشت ئەم پێنج ڕۆژە هەروەها پەڕیوەتە نێو ئایینەکانەوە. لە باوەڕی پێشینیاندا ڕۆژانی گەڕانەوەی ڕەوانی کۆچکردووان بووە کە لە
ئاڤێستادا بە "فرەوەشییەکان" بەناوبانگن و گۆیا دەهانای زیندووەکان دێن. سەرانسەری یەشتی درێژی فرەوەشییەکاندا کە ١٥٨ بەندە، پڕە
لەم جۆرە یارمەتییانەی ڕەوانی باب و کالان. ئەوان لە شەڕدا، لە پاڵ پیاوانی پاک و لەگەڵ سپای باوەڕداراندان. لە شەڕدا بە دژی دوژمن، لە پێشەوەی
لەشکری پێڕەوانیاندا هێرش دەبەن و لەناویان دەبەن. لەبەر شکۆ و فەڕی ئەوانە کە
هەموو ڕەوتەکانی چاکە و ڕاستی لەگەڕدان. لە جێژنی فەروەردەگاندا، کە گەورەترین جێژنی ئاریاییەکانە و لە
سەرەتای بەهاردا دەست پێ دەکا، دەگەڕێنەوە سەر هەرد و لە لایەن
پێڕەوان و وەچەکانیانەوە بە شێوەیەکی شیاو ڕێزیان لێ دەگیرێ و میواندارییان
لێ دەکرێ. بەم جۆرە بوونی مینۆییان لە ڕووی ڕۆحییەوە بەرجەستە دەکرا. ئەم باوەڕە
کۆن و ڕەسەنە دوای چەندین سەدە، هێشتا لە داب و نەریت و باوەڕە باوەکانی سەردەمی
ئێمەدا دەبیندرێ و بەردەوامە(٦)
باوەڕی گەڕانەوەی ڕەوانی باب و کالان (فرەوەشییەکان) لە
ڕۆژانی نەورۆزدا هۆیەکی پێڕاگەیشتن بە دەرک و بان و ماڵ تەکاندن، چوونە سەر
قەبران و شادی و هەڵپەڕکێی سەری ساڵە. لە ڕاستیدا ئەم پێنج ڕۆژە، پێنج ڕۆژی ڕۆحی و
ئاسمانین کە لە ئاڤێستادا هەر کامیان ناوی تایبەت بە خۆیان هەیە و بە ڕیز بریتین
لە؛ ئەهەنەوەد، ئەشەتتەوەد، ئەسپەندمەز، وەهووەخشتەرە و هەشتەوەش. بە وتەی میرجا
ئێلیادە، "ئەم پێنج یان شەش ڕۆژە، ڕۆژانی ئاڵۆز و شێواون. گەڕانەوەی
مردووەکان بێجگە لە ڕۆژانی ئاڵۆز و ئاژاوە کە تێیایاندا بەند و بەستەکانی کۆمەڵگا لێک هەڵدەوەشێن،
نایەتە ئاراوە. دەتوانین ڕۆژانی کۆتایی ساڵ لەگەڵ ڕۆژانی ئاڵۆزی پێش خوڵقاندن
بەراوەرد بکەین."(٧)
باوەڕ بەو پێنج ڕۆژە بۆش و بەتاڵەی ساڵ لە میسری کۆنیشدا هەبووە. لە ئۆستوورەی لەدایکبوونی ئیزیس و ئۆزیرێس‌دا هاتوە؛ نۆت، دا-خودای ئاسمان و هاوسەری "رەع" خودای خۆر
بوو بەڵام نۆت خیانەتی لە ڕەع کرد و لەگەڵ سێب یان گێبی خودای زەوی خەوت و لێی
دووگیان بوو. ڕەع کە ئەوەی زانی، دووعای لە نۆت کرد کە لە هیچ ڕۆژ و مانگێکی
ساڵدا ئەو منداڵەی نەبێ و گرێی بەدایکبوونی لە دڵدا نەکرێتەوە. بەڵام دا-خودا
دڵدارێکی دیکەشی بەناوی "تۆث" هەبوو کە خودای زانست بوو و هاوکات لەویش
دووگیان دەبێ. تۆث بەڵێنی بە نۆت دەدا کە کێشەکەی بۆ چارەسەر بکا. تۆث داوای لە مانگ کرد
لەسەر پارەیەک لە ڕووناکایی خۆی، یاریی تەختەنەردی لەگەڵ بکا. مانگ قەبووڵی دەکا بەڵام هەموو جارێ هەر دەدۆڕێ. تۆث هەر جارە پلێک لە مانگ دەباتەوە کە دواجار ئەو
پاژانە لەپەنا یەکتر دادەنێ و دەبینێ ٧٢ پاژن و بە یەکەوە پێنج ڕۆژ پڕ دەکەنەوە.
ئەو پێنج ڕۆژانە کە بەدەر لە ساڵی میسری بوون، وەبەر نفرینی ڕەع نەدەکەوتن و بەم
جۆرە نۆت لەو پێنج ڕۆژەدا چوار یان پێنج منداڵی دەبێ کە خودایانی داهاتووی میسر
بوون؛ ئۆزیریس لە ڕەع، سێت لە گێب، نێفتیس لە گێب و ئیزیس لە تۆث. (٨)
وشەی تار لە پەنجەی تاردا بە مانای تاریک و تەماوییە. هەروەها بە واتای تەریک و دەرکراو و دوور کەوتوو هاتوە. پەنجەی |
شانۆی میری نەورۆزی لە چۆمانی ناوچەی ڕواندز لەلایەن تیپی شانۆی شەقڵاوە ١٩٦٩ |
تار لە هزر و باوەڕی خەڵکدا بەرەبەرە بە ڕۆژانی نائاسایی و ڕەنگە شووم سەیر کراوە. پێنج ڕۆژ کە جیهان ئاڵۆز و پشێوە و زەمان هێشتا تەکووزی و ڕێکوپێکی پێ نەدراوە. لە ڕاستیدا هەر ئەو پشێوی و بەدەر لە زەمانەیە کە خەڵک و دەسەڵاتدارانی هێناوەتە سەر ئەو باوەڕە کە وا باشە لەو پێنج - شەش ڕۆژەدا دەست لە
دەسەڵات و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە هەڵگرن. گریمانە دەکرێ ئەو بۆشایی دەسەڵاتە بواری بە پیاوخراپ و ڕێگر و ملهوڕ داوە کە لەو ڕۆژانی بێ سەرەوبەرەییەدا ئەسپی خۆیان تاو بدەن و زیان بە سەر و ماڵی خەڵک بگەیەنن. ئەمەش خەڵک و حاکمانی هێناوەتە سەر ئەو باوەڕە کە پێویستە ئەم بۆشایی دەسەڵاتە بەجۆرێک پڕ بکرێتەوە. بۆ ئەوەش پێویست بووە کەسێک لەنێو خەڵکدا و لە دەرەوەی دەسەڵات و کۆشکی میری ئەرکەکە ڕاپەڕێنێ. میرێک کە ڕاستەقینە و هیندە جیددی نەبێ کە دواتر ببێ بە هەڕەشە و سەرئێشە بۆ دەسەڵات. بەم جۆرە میری نەورۆزی و یاریی میرمیرێن پەیدا بوو. یاریی میرمیرێن بەپێی ساڵپێوە نەریتییەکە لە شەوی کۆتایی مانگی ڕەشەممە و بەپێی ڕۆژژمێری ئێستا لە ئێوارەی ٢٤ یان ٢٥ی ڕەشەممە بە کۆبوونەوەی پیاوماقووڵان و حەشیمەتی ئۆگر دەستی پێ دەکرد. ئەوانەی خوازیاری میرایەتی
بوون، ڕیز دەبوون و یەک بە یەک خۆیان لە بۆتەدا تاقی دەکردەوە. ڕێوشوێنێکی دیاریکراو و یەکدەست بۆ هەڵبژاردنی میر لەبەردەستدا نییە. بە بیری شەخسیی خۆم، میر بە هەڵاویشتنی قالبە شەمچە یان شقارتە هەڵدەبژێردرا. بەجۆرێک کە لەسەر تەنیشتەکانی قالبە شەمچەکە وشەی میر و هێندێک جار لەسەر لای دیکەی "وەزیر" و بەرامبەر بە وەزیر "دز" دەنووسرا. قالبە شەمچە بە نۆرە هەڵداویشترا تا بۆ یەکێک لەسەر لای میر ڕادەوەستا و بەم جۆرە میر هەڵدەبژێردرا. ئەو کارە پێشتر بە جگ دەکرا. بە هۆی ئەم یارییە، "لای (تیو) لە یاریی جگاتێدا ناوی "میر"ی لێ نراوە. خوازیارانی میرایەتی بۆ بوون بە میر یاریی جگێنیان دەکرد و کێ جگی میر هاتبا، دەبوو بە میر (٩). قورعە کێشانیش دەتوانێ شێوازێکی دیکەی دیاریکردنی میر بووبێ بەو جۆرە کە ناوی خوازیارانی میرایەتی لەسەر کوتە کاغەزێک دەنووسرا لە کوولەکەیەک دەهاویشترا. هەر ناوێک لە کوولەکە هاتبا دەر، دەبوو بە میر. بەڵام سەرەڕای هەمووی ئەوانە ڕەنگە باوترین شێوازی دیاریکردن یان هەڵبژاردنی میر ڕاستەوخۆ بە ڕاگەیاندنی ئامادەیی کەسەکان خۆیانەوە دەستی پێ کردوە و پاشان ئامادەبووان لەسەر میرایەتیی یەکیان کۆک و هاودەنگ بوون.
مەرج نەبوو هەر براوەیەکی جگێنی میرایەتی دوای هەڵبژێران بتوانێ لە پلەی میریدا خۆی ڕابگرێ چونکە مەرجی سەرەکیی لە کڵ دەرچوونی میر، تارانی بزە لەسەر لێوان و شێلگیری لە میرایەتیدا بوو. ئەوەش لە بەرامبەر حەنەکایەتیی وشکەڕن و گاڵتە و گەپی خەڵکدا ئاستەم و چەتوون بوو. هەموو میرێک نەیدەتوانی تاب بێنێ و وەپێکەنین نەکەوێ. هەر
بۆیەش تا گەیشتن بە میری سەقامگیر وا هەبوو چەند میرۆکە خۆیان تاقی بکەنەوە و تاب نەهێنن. پێکەنین نەک هەر هۆی لە میرایەتی کەوتن بەڵکو لێدان و تێهەڵدان لەلایەن حەشیمەتی بەشداری بەدواوە بوو. دوای خیچان و لێکەوتن و تێهەڵدانی میرۆکە، خێرا دەست بە هەڵاویشتنی جگ دەکرایەوە و میری نوێ هەڵدەبژێردرایەوە.
دوای ئەوەی میر جێگیر دەبوو، دەستەودایرە لە وەزیر و گزیر و
میرزا و جەللاد هەڵدەبژێردران کە کارەکانیان بەو جۆرەی خوارەوە دیاریکراو بوو؛
١- کۆنەوەزیر؛ پیرەپیاوێکی نوکتەباز و قسەخۆشی گوند کە ڕاوێژکاری یەکەمی میر بوو
٢- وەزیری دەستەڕاست؛ ئەرکی جێبەجێکردنی فەرمانە ئاسایی و ڕاستەقینەکانی میری لە ئەستۆ بوو
٣- وەزیری دەستەچەپ؛ فەرمانە نائاسایی و گاڵتەجاڕییەکانی میری بەڕێوە دەبرد
٤- میرزا؛ بنووسی فەرمانەکانی میر بوو.
٥- گۆپاڵ زێوین؛ بە گۆپاڵێکەوە لە کۆڵان و گەڕەکەکاندا فەرمانە نووسراوەکانی میری جاڕ دەدا
٦- وشکەڕن؛ خەریکی حەنەکایەتی و وەپێکەنین خستنی میر و خەڵک بوو (١٠)
دیارە کار و فەرمانەکان تەنیا ئەوانە بەڕێوەیان نەدەبرد و میر بۆی هەبوو فەرمان تەنانەت بە ئەوانەش بدا کە لە دیوەخانی میردا ئامادە نەبوون. کەس بۆی نەبوو لە فەرمانی میر دەربچێ. زۆربەی دەستەودایرەکە لەلایەن میر خۆیەوە هەڵدەبژێردران بەڵام وشکەڕن کە دەبوو کەسێکی حەنەک و گاڵتەچی بێ، لەسەر پێداگریی خەڵک هەڵدەبژێردرا. ئەرکی وشکەڕن وەپێکەنین خستنی خەڵکەکە و لەو ڕێگایەوە
هەوڵدان بۆ لە میرایەتیی خستنی میر بوو هەرچەند نەدەبوو ڕاستەوخۆ خۆ لە قەرەی میر بدا. ئەوە لە ڕاستیدا بۆ دانی شێلگیری و
جیددیەت بە کارەکە بوو تا کەمتر باری گەمە و یاریی هەبێ و پتر وەک بەڕێوەبەرییەکی
ڕاستەقینە ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ بکا. وێڕای ئەوە خەڵکیش بە خەڵاتکردنی باڵتۆیەکی ڕازاوە بە ئێسک و پرووسک و شووشەوات و شتی ئاوا بە میر، لە وەپێکەنین خستنی میردا بەشدارییان دەکرد. "ده‌مو
چاویان به خه‌ڵووز ره‌ش ئه‌کرد و به ئێسکی ئاژه‌ڵ قلیانیان بۆ ساز ئه‌کرد به‌ڵام
نه‌ده‌بوو پێبکه‌نێ. یانی به هیچ جۆر ئیجازه‌ی پێکه‌نیینی نەبوو.(١١)
میر دەبوو وەک میرغەزەب شێلگیرانە و دوور لە بزە و گاڵتە و پێکەنین کاری خۆی بەڕێوە ببا. کایەکە ئەوەندەی باری یاری و گەمەی هەبوو، ئەوەندەش ڕاستەقین و پێویست بوو؛ پێنج ڕۆژ بۆشایی دەسەڵات لە ئارادا بوو و دەبوو کەسێک ئەرکی بەڕێوەبەری و پاراستنی ئاوایی، گەڕەک، شار و تەنانەت میرنشین بە ئەستۆ بگرێ، هێمنایەتی و تەناهی بپارێزێ و خەڵکیش سەرگەرمی خۆشی و گەمەی دەمەونەورۆز بکا. دەبوو نەهێڵێ زوڵم و زۆر و دزی و گزی بێتە ئاراوە و شیرازەی کارەکان لێک بترازێن. میر تا زیاتر خۆی ڕاگرتبا، سەقامگیرتر دەبوو. شێلگیریی میر دەبوو بە هۆی ئەوە کە خەڵک زیاتر حیسابی لەسەر بکەن، دەستەودایرەکەی چاکتر فەرمانەکانی ڕاپەڕێنن و خەڵکیش لە دۆخی خۆیان ئەرخەیانتر بن و بە دڵی ئاوەڵاوە دیاری و دەستەک بە پیاوەکانی بدەن. دیاری و باجێک کە پیاوەکانی میر لە دەوڵەمەندان و دەستڕۆیشتووان کۆیان دەکردەوە و دۆن‌کیشۆت ئاسا بەسەر خەڵکی هەژار و فەقیردا دابەشیان دەکرد. ئەگەر کەسێک زوڵمی لێ کرابا، میر هەوڵی دەدا مافی بستێنێ، ئەگەر کوڕ و کچێک دڵیان بە یەکەوە با، ڕێگای پێکگەیشتنیان بۆ خۆش دەکرا، ئەگەر کەسێک زۆر نەدار با، دارایی بۆ کۆ دەکراوە و بەم جۆرە لەو ماوە کورتەدا کاروباری خەڵکی ڕیز و ڕاست دەکرد. میرمیرێن لەڕاستیدا شانۆیەک بوو کە خەڵک تێیدا هەم ئەکتەر بوون و هەمیش تەماشاگەر. هەم لە هەڵبژاردنی دەسەڵاتدا بەشدار دەبوون و هەمیش لە بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەکەیاندا ئەرکدار. بەو پێیەش لەو ماوەیەدا پتر هەستیان بە گرینگیی ڕۆڵی خۆیان لە کۆمەڵگەدا دەکرد. میریش زۆر جار بڕیارەکانی سنوورە باو و ئاساییەکانی تێدەپەڕاند و مرازی خەڵکی بێمرازی حاسڵ دەکرد. تەنانەت جاری وا بوو بڕیار و فەرمانەکانی لەگەڵ خواست و ویستی میری ڕاستەقینە ناتەبا بوون و ڕەنگ بوو دوای میرایەتی سەریشی لەسەریان بە فیڕۆ بدا.
میر "هه‌ر فه‌رمانێکی بدایه ئه‌بوا به قسه‌ی بکه‌ن جا هه‌ر که‌س بوایه
ره‌عیه‌ت یان ئاغا فه‌رقی نه‌ده‌کرد چون حوکمی ره‌وا بووه... ئه‌گه‌ر
فه‌رمانی بدایه بچن بۆ ماڵ فڵانه ئاغا له فڵانه ئاوایی خۆی بێنن یان پاره‌ی لێ
بستێنن ئه‌چوون و ئاغایش حوکمی میری قبوڵ ئه‌کرد و ئه‌یوت: سڵاو له میر ئه‌که‌م،چون
زستانه خۆم ناتوانم بێم به‌ڵام ئه‌مه پووڵ و خودا حافیزتان. له دوای ئه‌و چه‌ند
رۆژه له حوکمات ئه‌هاته خوار و هه‌رچی په‌یدایان بکردایه به فه‌قیر و هه‌ژاریان
ئه‌دا." (١١)
یاریی میرمیرێن لە مەهابادی سەردەمی شەڕی دووهەمی جیهانیدا شانبەشانی شانۆی "دایکی نیشتمان" ڕۆڵی لە باوەڕبەخۆبوون و هاندانی جەماوەردا دەگێڕا. غه‌نی بلووریان کە لە سەردەمی ژێکافدا هەڵسووڕ و ئەکتەرێکی شانۆی دایکی نیشتمان بوو، سەبارەت بە یاریی میرمیرێن و ده‌سته‌ڵاتی میر نه‌ورۆزی دەڵێ: "ڕاده‌ی ده‌سته‌ڵاتی میر، له شار و لادێیه‌کانی نزیکیدا، زۆر به‌رفراوان بوو. ئه‌و ده‌یتوانی خه‌ڵک سزا بدات و باج له مرۆڤی ساماندار بستێنی. پاره‌کانی میر، له خه‌زینه‌ی میردا کۆده‌بووه‌وه. میر به‌و پارانه، یارمه‌تی بنه‌ماڵه‌ی هه‌تیوباره‌کان، پیر و په‌ککه‌وتووه‌کان و ئه‌و لاوه دڵدارانه ده‌دا که پاره‌ی زه‌ماوه‌ندیان نه‌بوو. میر ده‌یتوانی، ناکۆکی نێوان خه‌ڵک چاره‌سه‌ر بکات و ئه‌وان له دژایه‌تی له‌گه‌ڵ یه‌کتر و ڕووبه‌ڕوو بوون دژی یه‌کتر بپارێزێ و گه‌لێک داب و نه‌ریتی جوانی کورده‌واری، زیندوکاته‌وه.."
بەشداری و هەڵسووڕان لە یاریی میرمیرێن‌دا جۆرێک شێلگیری و هەست بە بوونی لەو کەس و کۆمەڵگەیەدا دەخوڵقاند کە لەو شانۆیەدا کەم و زۆر ڕۆڵیان دەگێڕا. ئەوە بەتایبەت لەسەر هەستی ئازادیخوازیی و خۆبەڕیوەبەریی خەڵکی کورد و کۆمەڵگەی کوردستان‌دا کاریگەریی بەجێ دەهێشت. خەڵک بۆ چەند ڕۆژ سایەی ستەمی دەسەڵاتداری بێگانەیان لەسەر دەڕەوی و لە سایەی میرێک کە لە کۆمەڵگەی خۆیانەوە هەڵقوڵابوو و لە هەڵبژاردن و بەڕێوەبەریی کارەکانیدا بەشدار بوون، هەستیان بە ئازادی دەکرد و بێگومان حەزیان دەکرد ئەو مەودایە درێژتر و ئەو دۆخە تا هەتایی بێ. موکریان بەتایبەت شاری مەهاباد لە دوایین ناوچەکانی کوردستان بوو کە تا نێوەڕاستەکانی سەدەی بیستەمیش ساڵانە یاریی میرمیرێنی تێدا بەڕێوە دەچوو. کۆنترین وێنەیەک کە لەم بارەوە لەبەردەستدایە بۆ ساڵی ١٨٩٥ی سەدەی ڕابردوو لە مەهاباد یان سابڵاغی ئەو کات دەگەڕێتەوە کە هێشتا ماوەیەکی زۆر نەبوو کامێرا بە دەست بیانییەکانەوە گەیشتبووە کوردستان. وێنەی دوای ئەوە بۆ ڕێوڕەسمی هەڵبژاردنی میری نەورۆزیی ساڵی ١٩٠٥ی هەمان شار دەگەڕێتەوە و وێنەیەکی تر پێمان نیشان دەدا کە ساڵی ١٩٤٤ لە لایەن کۆمەڵەی ژێکافیشەوە یاریی میرمیرێن لە مەهاباد بەڕێوە چووە. ئەوانە نیشان دەدەن کە یاریی میری نەورۆزی لە موکریان و ناوەندەکەی مەهاباد لە دێر زەمانەوە بەردەوام و بە داب و دەستوور بەڕێوە چووە. ئەوەش ئاستی گرینگیی ئەو یارییە لای خەڵکی ناوچەکە پێشان دەدا کە سەرنجی گەشتیارانی بیانیشی بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە. ئەو گرینگییە لە شێعرێکی وەفایی سابڵاغی شاعیری سەدەی نۆزدەی ئەو شارەشدا ڕەنگی داوەتەوە؛
ئەگەرچی میری نەورۆزی نەویدی وەسڵی گوڵ دێنێ |
میری نەورۆزی لە مەهاباد ١٩٤٤ |
هەتا گوڵ دێ به ناز، بولبول له حەسرەت عومری نامێنێ
عەبدوڵڵا ئەبریشەمی یەک لە کەسایەتییەکانی شارەکە باس لە چۆنییەتیی هەڵبژاردنی میری نەورۆزی و ئاکارەکانی دەکا و دەڵێ: له‌دوای تێکچوونی (حکوومەتی) ڕه‌زاشا، به تێکۆشانی چه‌ند که‌سێک شانۆی میرمیرێن له مه‌ڵبه‌ندێکی شار(مه‌هاباد) وه‌ڕێکه‌وت، جێگایه‌ک بۆ دانیشتنی میر و ده‌ست و پێوه‌ندی ساز‌کرا، میر بۆ ماوه‌یه‌کی دیاریکراو هه‌ڵبژێردرا. ئه‌ویش له ده‌وری خۆی وه‌زیرو گزیری له چه‌شنی کوێخا و هێزی تایبه‌ت به بنکه‌ی میر که زۆرتر وه‌ک قۆڵ سوور (له چه‌شنی پۆلیس) بوون پێکهێنا که فه‌رمانی میریان به‌جێ دێنا. به‌وچه‌شنه ده‌زگای میر وه‌ڕێ که‌وت و به کێشه‌ی ئه‌و که‌سانه راده‌گه‌یشت که ده‌هاتنه لای، بۆ به‌ڕێوه‌چوونی ده‌زگای میریش له خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاتان باج وه‌رده‌گیرا. (گێڕانەوە و بیرەوەری - فەیسبووکی نووسەر)
سوارە ئیلخانیزادە پێی وایە "«میر میرێن» نومایشنامەیەکی کۆمێدییە و بۆ ڕەخنەگرتن و قەشمەری کردن بەزۆردار ساز ئەکرێ." (١٢)
هونەرمەند محەممەدی ماملێ یاریی میرمیرێن بە کایەیەکی سیاسی ناوزەد دەکا کە ڕۆڵی گرینگی لە دەربڕینی هەستی سیاسیی خەڵکدا دەگێڕا، بەو هۆیەش "به‌رده‌وام له لایه‌ن حكومه‌تی ناوه‌ندییه‌وه قه‌ده‌غه ده‌كرا". بە وتەی ئەو هونەرمەندە نەتەوەییە، یارییەکە دوا جار دوای شه‌ڕی دووهه‌می جیهانیی لە مەهاباد به‌ڕێوه چووه و لەم بارەوە دەڵێ: "حاكمێكی ڕاسته‌قینه بۆ كوردستان هه‌بوو، به‌ڵام میری گه‌مه ده نێو خۆماندا هه‌ڵده‌بژێردرا. ئه‌و میره ناوچه‌ی ژێر ده‌سه‌ڵاتی خۆی دیاری ده‌كرد، وه‌زیر و ویشكه‌ڕنی هه‌بوو، به هه‌موویان هه‌وڵیان ده‌دا وه‌پێكه‌نینی خه‌ن. ئه‌گه‌ر میر پێكه‌نیبا، كایه‌كه ته‌واو ده‌بوو. ئه‌من قه‌ت میرێكم نه‌دی پێبكه‌نێ. دوایین میر، سه‌دیقی سیاسه‌ری، له گه‌ڕه‌كی مەدا ده‌ژی، چه‌ند ماڵ ئه‌ولاتر، ئه‌و له‌و ده‌مێوه هێشتا هه‌ر پێنه‌كه‌نیوه. میرمیرێن گه‌مه‌ی منداڵان نییه، له هه‌موو دێهاته‌كان ده‌یكه‌ن و چه‌ند شه‌و و ڕۆژان ده‌خایه‌نێ. زۆر جاران ده‌و ده‌مه‌یدا ده‌ست پێده‌كا كه كوردێک زیندانی ده‌كرێ. ڕه‌خنه ده‌ربڕینێكه، وه‌ک دامه‌زراندنی حكومه‌تێكی دیكه، دژی ده‌سه‌ڵاتی سه‌ركوتكه‌رانه‌ی حكومه‌تی ناوه‌ندیی تارانێ، وایه. میری گه‌مه‌ی ئێمه میری ڕاسته‌قینه‌ی، كه به بێ قانوون و به ئه‌وپه‌ڕی دڕنده‌یییه‌وه له مه‌هابادێ حكومه‌تی ده‌كرد، ناچار كرد زیندانیی سیاسی ئازاد بكا. به‌و چه‌شنه كه ده‌سته‌یه‌كی دیاریكراو له لایه‌ن میری گه‌مه‌وه كورتانێكی كه‌رێ ده‌گه‌ڵ خۆیان ده‌به‌ن و ده‌چنه كن میری ڕاسته‌قینه و پێیده‌ڵێن: “ئه‌تۆ یان ده‌بێ ئه‌و كورتانه‌ی له خۆت نێی یان ده‌بێ زیندانییه‌كان ئازاد بكه‌ی.” ئه‌ویش ناعیلاج ڕێگای دووهه‌م هه‌ڵده‌بژێرێ. له جه‌نگه‌ی گه‌مه‌ی میرمیرێن دا هه‌موو دوكان و بازاڕ داده‌خران، له هه‌موو شوێنان ده‌خورا و ده‌خوراوه، هه‌ڵپه‌ڕكێ و زه‌ماوه‌ند ساز ده‌بوون. [..] بۆ ده‌وڵه‌مه‌ندان شانازی بوو كه له كاتی ئه‌و جێژنه دا پووڵ و خوارده‌مه‌نییان به‌خشیباوه. ئه‌گه‌ر به مه‌یلی خۆیان ئه‌وه‌یان نه‌كردبا، میری گه‌مه پیاوی خۆی ده‌سه‌ر ده‌كردن، هه‌تا پووڵیان لێ ئه‌ستاندبان، پاشان ئه‌و پووڵه به سه‌ر هه‌ژاراندا ده‌به‌خشراوه."
ماملێ لە درێژەی گێڕانەوەکەیدا بە شلومبێرگێر دەڵێ: "بزانه، ئێمه هه‌ر ئه‌وده‌می به‌و گه‌مه‌یه ویستوومانه حكومه‌تی تایبه‌تیی خۆمان، عه‌داڵه‌تی تایبه‌تیی خۆمان، ڕێكخراوی تایبه‌تیی خۆمان دامه‌زرێنین و خۆمان ڕابێنین، به‌ڵام به چه‌شنێک كه گاڵته و خۆشیشی ده‌گه‌ڵ بێ. بۆیه ترسی حكومه‌تی شای سه‌باره‌ت به گه‌مه‌ی میرمیرێن زۆر به‌جێ بوو."
سەبارەت بە کاریگەریی یاریی میرمیرێن لەسەر دامەزرانی کۆماری کوردستان، کەریم دانشیار کەسایەتییەکی دیکەی ناوچەکەیە کە لەم بارەوە دەگێڕێتەوە؛ "لە سەردەمی پێش کۆمار، لە سابڵاغ‌دا "میر میرێن" هەبوو. "میر" کەسێک بوو ئەگەر مەیموونیشت لە پێش هەڵپەڕاندبایە، نەدەبوایە زەردەی بەدەمدا بگەڕێت. لەژێر سەری میر و میرمیرێن‌دا کۆرپەیەکی سیاسی دەهات زمان بگرێت و کۆمەڵ ڕێک بخات. میرمیرێن و ڕێکخراوی نهێنیی (ژ. ک) کۆمەڵیان ڕێک خست و ڕێگایان بۆ کۆمەڵە و بۆ کۆماری کوردستان کردەوە. (کەریم دانشیار؛ محیەدینی ئایشە کوللێران کێ بوو؟!)
بیره‌وه‌ری و ژیننامه/ 17
له‌دوای تێکچوونی (حکوومەتی) ڕه‌زاشا، به تێکۆشانی چه‌ند که‌سێک شانۆی
میرمیرێن له مه‌ڵبه‌ندێکی شار(مه‌هاباد) وه‌ڕێکه‌وت، جێگایه‌ک بۆ دانیشتنی میر و
ده‌ست و پێوه‌ندی ساز‌کرا، میر بۆ ماوه‌یه‌کی دیاریکراو هه‌ڵبژێردرا. ئه‌ویش له
ده‌وری خۆی وه‌زیرو گزیری له چه‌شنی کوێخا و هێزی تایبه‌ت به بنکه‌ی میر که
زۆرتر وه‌ک قۆڵ سوور (له چه‌شنی پۆلیس) بوون پێکهێنا که فه‌رمانی میریان به‌جێ
دێنا. به‌وچه‌شنه ده‌زگای میر وه‌ڕێ که‌وت و به کێشه‌ی ئه‌و که‌سانه راده‌گه‌یشت
که ده‌هاتنه لای، بۆ به‌ڕێوه‌چوونی ده‌زگای میریش له خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاتان باج وه‌رده‌گیرا [..] پیاوێکیش له به‌ر
ده‌رگای میر ڕاده‌گیرا که کاری گاڵته‌و شۆخیکردن بوو، به‌ڵام میر نه‌ده‌بوو به
کار‌و قسه‌کانی پێبکه‌نێ، ده‌نا هه‌ر ئه‌وکات له میرایه‌تی ده‌که‌وت. کاتێک مۆڵه‌تی
میر ته‌واو ده‌بوو، هه‌ر ئه‌و چه‌ند که‌سه‌ی ده‌زگای میریان پێکه‌وه‌نابوو،
لێپرسینه‌وه‌یان ده‌ست‌پێده‌کرد و بۆ هه‌ڵوێسته خه‌راپه‌کانی، سه‌زایان ده‌دا.
له‌و شانۆیه‌دا ئه‌وه ده‌بیندرێ که له سه‌ره‌تادا بیری
دامه‌زراندنی میرمیرێن بێ ئامانجی کۆمه‌ڵایه‌تی وفه‌رهه‌نگی نه‌بوه، جا ئه‌و
ئامانج و مه‌به‌سته چ بوو، به‌ڕوونی دیارنییه، به‌ڵام پێویست بوونی دامه‌زراندنی
حکوومه‌ت و هه‌ڵبژاردنی میر دیاره، له‌و نێوه‌دا به‌رپرس بوونی میر زۆر گرینگه،
هه‌ر وه‌ها پێداگرتن له‌سه‌رجیددی بوونی دانیشتنه‌کانی میر، بابه‌تێکی سه‌رنج
ڕاکێشه و ده‌کرێ چه‌شنێک وه‌بیرهینانه‌وه‌ی ڕه‌وه‌تێکی میژوویی بێ، وه‌ک هیرۆدۆت
میژوونووسی یونانی له پادشایانی ماد باس ده‌کا، هاتنه‌سه‌رکاری دیاکۆ به‌ویست
وداوای خه‌لک بوه، به گوێره‌ی گێرانه‌وه‌ی هێڕۆدۆت، دیاکۆ له‌و دانیشتنانه‌دا که
پیوه‌ندی به به‌ڕێوه‌بردنی کۆمه‌ڵگا و سیاسه‌ته‌وه هه‌بوه، به‌ری گاڵته‌و فشه‌ی
گرتوه و که‌س مافی ئه‌وه‌ی نه‌بوه له‌وکاته‌دا گالته بکا، ئه‌و ڕه‌وته‌ش ئه‌وه
ده‌گه‌یه‌نی که له ڕوانگه‌ی دیاکۆدا، سیاسه‌ت به کاریکی جیددی دانراوه نه‌ک
فشه‌و گالته!
وتووێژی هێلا شلومبێرگێر لەگەڵ محەممەدی ماملێ:
https://muziknas.com/1520231/
هێما
و ئوستووره‌کانی رێ و ره‌سمی نه‌ورۆز له کوردستان (سه‌قز و ده‌ور و به‌ری) -
لوقمان نادرپوور - سەقز
نەورۆزی
هۆرامی (پێوەندی نێوان پەنجەی تار و جێژنی سپەندارمەز)
https://www.kurdipedia.org/default.aspx?q=20180423142610148960&lng=8
https://jokl.uok.ac.ir/article_61549_73651067669872f7f9f167e3211b2dad.pdf واکاوی مؤلفههای هویتی در منایش میر نوروزی از منظر نظریهی میخاییل باختین
https://ensani.ir/file/download/article/20101128160338-%D9%85%D9%8A%D8%B1%20%D9%86%D9%88%D8%B1%D9%88%D8%B2%D9%8A.pdf مير نوروزي
دكتر حسن ذوالفقاري
١- بڕوانە ڤەژینبوکس - دیوانی حەقیقی
٢- سینوهە پزیشکی تایبەتیی فیرعەون - میکا والتاری
MIKA WALTARI : SINUHE EGYPTILÄINEN
٣- آثارالباقیە - ابوریحان بیرونی - ص ٦٩
٤- بڕوانە فەرهەنگی خاڵ و واتای "پەنجەی تار"
٥- ڕشتەی مرواری - بەرگی ٣
٦- هاشم رضی - میترا لە ئا‌ڤێستا و ڕیگڤێدادا - وەرگێڕانی نووسەر
٧- چشم‌اندازهای اسطوره، میرچاالیاده، ترجمه جلال ستاری، تهران، توس، ۱۳۶۲
٨- بڕوانە ویکیپێدیا؛ Isis And Osiris
٩- بڕوانە فەرهەنگی شێخانی
١٠ عوبەیدیللا ئەییوبیان؛ میر نوروزی یکی از مراسم که‌ن نوروزی در کردستان - نووسخەی پ.د.ئێف https://perlit.tabrizu.ac.ir/article_2773_76b9bd95c79d3b4df9df400eca180ab3.pdf
١١- گێڕانەوەی مامە ڕەحیمی ڕەوشەنی بە ڤیدیۆ
١٢- (تاپۆ و بوومەلێڵ - بەرنامەی شانۆگەری چۆن و کەی سەریهەڵداوە).
میری نەورۆزی ودەوری میرلەنەورۆزی کوردەواریدا لەزمان:هونەرمەندی بەیت وحەیران بێژ: مامەرەحیمی رەوشەنی