کەیخودا و کوێخا دوو وشە و دوو پلە و دوو ئاستی بەرپرسایەتیی کۆمەڵایەتیی هەرە لەمێژینەن کە دوای ئەوەی مرۆڤ بنەجێ بووە و ماڵ و ژیانی پێکهێناوە، گووراون. هەرچی کەیخودایە ئەوە کە لە دوو بەشی کەی و خودا چێ بووە کە یەکەمیان بە واتای ماڵ و ئەویدی بە واتای خاوەن پێکهاتووە و لەسەر یەک واتای خاوەنماڵ یان گەورەی ماڵێیە. کەی لە کەیبانوو بە واتای خانمی ماڵ، کەوی بە واتای دەستەمۆ و ماڵی، کەوت لە پاژی دووهەمی مزگەوت و ئەشکەوت و هەروەها لە زمانی فارسیشدا بە شێوەی کەد هەیە.
هاوتای ناوی کەیخودا لە زمانی فارسیدا کەدخودایە بەڵام واتای وشەکە لەجێ چووە و لەگەڵ وشەی دووهەمی بەر ئەم باسەدا ڕێک کراوە کە ئەویش کوێخایە.
وشەی کوێخا لە گوێن کەیخودا لە دوو بەشی کوێ و خوا پێکهاتووە. پاژی دووهەم هەمانە کە لە کەیخودادا واتای خاوەن دەدا بەڵام کوێ یان کۆ لە کۆمەڵێک وشەی دیکەشدا هەن کە بەپێچەوانەی وشەی یەکەم، تاقە ماڵ نییە و واتای گوند، گەڕەک یان کۆمەڵێک ماڵ بە یەکەوە دەگەیەنێ. بۆ وێنە
کۆڵان ( کۆ + ڵان): ڕێگای نێوان کۆمەڵێک ماڵ کە لە دوو ڕیزی ئەمبەر و ئەوبەردا هەڵکەوتوون
کۆ، کۆکە، کۆیک، کۆیکان ناوی کۆمەڵێک شار و گوندی لەمێژینەی کوردستان
کوێ/کۆ: ئامرازی پرسیاری شوێن، چ جێ، چ شوێن
کۆ: کۆمەڵ، پێچەوانەی تاک
کۆ: ناوی گەلەستێرەی هێشوو یان کچ
هەروەها لە زمانی فارسیدا "کوی" بە واتای گەڕەک
ڕەنگە کوێخا کۆنترین دەسەڵاتداری گوند بووبێ کە دواتر دەسەڵاتەکەی دابەزیوە و سەرەتا بەگ و دواتر خان و ئاغا جێگایان گرتوەتەوە. کوێخا دواتر بوو بە ئاڵقەی پێوەندیی نێوان خەڵک لە لایەک و ئاغا و حکومەت لەلایەکی دیکە. بە واتایەکی دیکە نوێنەری حکومەت و جێنشینی ئاغا لەنێو خەڵک بوو. لەلایەک سەرپەرەستی پاراستنی شوێنە گشتییەکانی وەک مزگەوت، کانی، کارێز و پرد و دامەزراوە گشتییەکانی دیکە بوو و لەلایەکی دیکەش ئەرکی کۆکردنەوەی بەرگ و باج و پیتاک بۆ دەوڵەتی لەسەر شان بوو. بۆ ئاغاش بەرپرسی ئەستاندن و کۆکردنەوەی پشکی ئاغا لەو بەروبوومە بوو کە جووتیاران وەک حەقی کێڵان و چاندنی زەوییەکان دەبوو بیدەن بە ئاغا.