دۆستێکی خۆشەویستم سەبارەت بە ئیدیۆمی "زەرەری بۆ پەز نییە" پرسیاری لێ کردم و ئاوام وڵام دایەوە:
وەک دەزانی زۆربەی کورد مەڕدار بووە و ژیانی لە سەر شیر و خوری و پێست و گۆشتی ئەو گیاندارە بەستەزمانە سووڕاوە. بوون و مانی مرۆڤی کورد بە رادەیەک گرێدراوی پەز و مەڕ بووە کە هەموو رووداوێکی لە دەلاقەی قازانج و زیان بۆ مەڕەکانەوە دیتوە و بەو پێودانە هەڵیسەنگاندوە. هەر شتێک قازانجی بۆیان هەبووبێ، باش و ئەگەر زیانی پێگەیاندبن، ئەوە بە خراپی زانیوە. تا ئاستێک ئەگەر شتێک یا دیاردەیەک خەساری دیکەشی دابێ مادام زیانی بۆ مەڕەکان نەبووبێ، ئەوە بە لای باشدا هەڵسەنگێندراوە یان لانیکەم گوێیان نەداوەتێ.
زۆربەی ئەو پەند و قسە نەستەقانە چیرۆکێکی کورتیشیان لە گەڵ بووە. بۆ ئەوەی بیسەر بزانێ کە ئەو قسەیە لە کوێڕا هاتووە. ئەگەر پەندەکە قورس بووبێ ئەوە زۆر جار لە گەڵ هێنانەوەی قسەکە، کورتە چیرۆکەکەشیان گێڕاوەتەوە بەڵام ئەگەر سووک و رەوان بووبێ و بیسەر و بەردەنگ بە ئاسانی لێی تێگەیشتبێ، ئەوە چیرۆکەکەی بەرەبەرە بەرەو فەرامۆشی و لە بیرچوونەوە چووە و پەند و قسە نەستەقەکە بە تەنێ ماوەتەوە. پێم وایە پەندی "زەرەری بۆ پەز نییە" لە بەشی سادە و رەوانی پەند و قسە نەستەقەکاندا پۆلێن دەکرێ. چونکە ئاوێتەی زۆربەی هەرە زۆری کۆمەڵگا بووە.
ئیدیۆمەکە زیاتر بۆ چۆنیەتی بەرەوڕوو بوونەوە و لە راستیدا بەرەوڕوو نەبوونەوە لە حاند پێشهاتەکاندا دەگوترێ. واتە مرۆڤ هەموو شت لە دەلاقەی بەرژەوەندییەکانی خۆیەوە دەبینێ و بە پێوانەی بەرژەوەندیی خۆی هەڵیدەسەنگێنێ. لەو روانگەوە، رووداو و پێشهاتەکان بە سەر چاک و خراپدا دابەش نابن بەڵکو ئاستی خاس و خراپییان بەوە بەستراونەوە کە چ قازانج یان زیانێکیان بۆ هەڵسەنگێنەر هەیە. بۆ وێنە کەسێک دووکانێکی هەیە، هەر شتێک کە رووی دا یان کە قەرارە روو بدا، بەو پێوانەیەی هەڵدەسەنگێنێ کە ئاخۆ زیان لە دووکانەکەی ئەویش دەدا یان نا.