کە لە ئێران ئینقلاب کرا، لە ئەمریکا دێموکراتەکان لە سەر کار بوون. جیمی کارتەر سەرۆک کۆماری ئەو کاتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بوو. کۆماری ئیسلامی هەر لە سەرەتای هاتنە سەر کاری، دروشم و بانگەشە دژ بە ئەمریکای لە سەرەوەی سیاسەت و کاری خۆی دانا. تا ئاستێک کە خومەینی ئەم وڵاتەی بانتر و گەورەتر لە شەیتانە مەزهەبیەکە و وەک "شەیتانی مەزن" ناوزەد کرد. بەڵام مێژوو پێچەوانەی ئەوەمان بۆ دەگێڕێتەوە. شای ئێران لە سایەی پووڵی زۆر و زەبەندی نەوتەوە، یاغی ببوو. تووشی زێدەخوازی هاتبوو. خواست و داوای رۆژئاواییەکانی بە هێند نەدەگرت و جوابی نەدەدانەوە. خۆی بە ژاندارمی ناوچەکە دەزانی. بەوەش رۆژئاواییەکانی تووڕە کردبوو.
لە مەودای شەڕی سارددا، رۆژئاواییەکان سیاسەتی پشتێندی بەرگرییان هەبوو. پشتێندێک کە دەوری یەکێتیی سۆڤیەتی پێشووی دابوو. ئیسلامیەکانیش بە سەرنجدان بە کێشەی نێوان ئایین و مارکسیسم، لەو ستراتژیەدا دەوریان هەبوو. لە ئەفغانستان ئیسلامیەکان بە پاڵپشتی ئەمریکا شەڕی دەسەڵاتی کومونیستیی ئەو وڵاتەیان دەکرد. لە داهاتووی ئێرانیش ئەوەی بۆ ئەمریکاییەکان گرینگ بوو ئەوە بوو کە دەسەڵاتی دوای شای یاغی، سەر بە یەکێتیی سۆڤیەت نەبێ. خومەینیی رێبەری ئایینی ئەو چاوەڕوانیەی بۆ رۆژئاواییەکان دابین کردبوو.
ئینقلابی ئێران ئەگەرچی لە ناو ستراتژیی پشتێندەی بەرگری دا جێی دەگرت بەڵام هەر لە سەرەتای کاردا سفارەتی ئەمریکا کەوتە بەر هێرشی خوێندکارانی ئینقلابی و کارمەندانی سفارەتخانەیان دەستبەسەر کرد. جیمی کارتێر زۆری هەوڵ دا بە شەڕ یان بە ئاشتی کێشەکە چارەسەر بکا بەڵام سەرنەکەوت. بابەتی ئەو بارمتەگرتنە و چۆنیەتی ئازادکردنی بارمتەکان بابەتی هەرە گەرمی بانگەشەکانی هەڵبژاردنی سەرکۆماریی ساڵی ١٩٨٠ بوو. رەنگە بۆ زۆرێک لە ئێرانیەکان سەیر بێ کە مێژوو وەک لاگرێکی مافی مرۆڤ و دژ بە شەڕ باس لە کارنامەی سیاسیی جیمی کارتێری سەرکۆماری ئەو کاتی ئەمریکا دەکا. کەسێک کە دواتر خەڵاتی ئاشتیی نۆبێلی پێدرا. چونکە ئێرانیەکان لە چوارچێوەی سیاسەتی دژە ئەمریکایی خۆیاندا هیندەی شای دەرکراو، جنێویان بە کارتەر دا و دروشمیان لە دژی بەرز کردەوە. بەڵام لە مەودای بانگەشەکانی هەڵبژاردندا کارتەر خەڵکی ئەمریکای لە ئەگەری سەرکەوتنی رۆناڵد رەیگان وشیار دەکردەوە و گوتاری رەیگانی بە شەڕ هەڵاییسێنەر و مەترسیدار وەسف دەکرد. هاوکات هەوڵی دا بە گوتاری نەرم و دژ بە شەڕی خۆی لە ماوەی هەڵبژاردندا، ئێرانیەکان بۆ ئازاد کردنی بارمتەکان هان بدا و ئەوە وەک کارتێکی گرینگ بۆ سەرکەوتن بە کار بێنێ. بەڵام سەرنەکەوت. سەرەنجام دەنگدەران دەنگیان بە رەیگانی "شەڕ هەڵاییسێنەر" دا. راست بیست دەقیقە دوای ئەوەی رەیگان یەکەم لێدوانی خۆی بە بۆنەی وەرگرتنی پۆستی سەرکۆماری لە کۆشکی سپییەوە پێشکەش کرد، بارمتەکان لە لایەن کۆماری ئیسلامیەوە ئازاد کران. گومانی ئەوە دروست بوو کە ئەم کارە دەرەنجامی رێککەوتنێکی ژێر بە ژێری نێوان رەیگانی شەڕخواز و خومەینیی شەڕکڕ بێ بەڵام لێکۆڵینەوەکان لەم بارەوە هیچیان بە دەستەوە نەدا.
رۆناڵد رەیگان ئەکتەرێکی بە توانای سینەما بوو. زۆربەی کاتی خۆی بە تەماشای فیلم تێپەڕ دەکرد. ئەو ئەگەرچی ئاخێوەرێکی بە توانا بوو بەڵام بەو رادەیە لە گەڵ سیاسەت و سیاسیکاری تەبا نەبوو. جا دەڵێن شانامە کۆتاییەکەی خۆشە. سیاسەتوانە "شەڕ هەڵاییسێنەرەکە" سەرەنجام سات و سەودای ژێر بە ژێری چەک و چۆڵ لە گەڵ کۆماری ئیسلامی لێ ئاشکرا بوو و ئەوەش هەڵڵای زۆری نایەوە. دۆسیەیەک کە بە "مەک فارلین"، "ئێران گەیت" و "ئێران کۆنترا" لە مێژووی ئەمریکادا وەک پەڵەیەکی رەش مایەوە.
رۆناڵد رەیگان وەک دۆناڵد ترامپ زیاتر لە سەر شاشەی تلویزیۆن و سینەما ناسرابوو تا لە مەیدانی سیاسەت دا. ئەگەرچی لە سیاسەتدا ئەزموونی زیاتری لە ترامپ هەبوو. هەردوویان سەرەتا بە لاگریی دێموکراتەکان دەستیان پێ کرد و دواتر بوون بە کۆماریخواز. رۆناڵدیش وەک دۆناڵد بە کەلک وەرگرتن لە هەستی پەرەگرتووی راست ئاژۆیانە لە کۆمەڵگای ئەو کاتی ئەمریکادا سەر کەوت. کێشەی ئێران لە کاتی بانگەشەی هەردوویاندا دەوری هەبوو. هەرچەند بۆ رەیگان خێری زیاتری پێوە بوو.
ئێستا دۆناڵدی توندئاژۆ وەک رۆناڵدی راستئاژۆ، بە دوای سەرکۆمارێکی ئاشتیخواز و بە رەخنە لە هەڵوێست و هەڵسوکەوتی ئاشتیخوازانە، دەسەڵاتی ئەمریکا بە دەستەوە دەگرێ. بەڵام ئاخۆ داهاتووی هەڵسوکەوت و هەڵوێستی دۆناڵد لە حاند ئێراندا چ جیاوازیەکی لە گەڵ رۆناڵدی پێش خۆی دەبێ؟ ئاخۆ ئەوە دەبێ کە هێندێک لە دژبەرانی کۆماری ئیسلامی کیسەیان بۆ هەڵدرووە یان ئەمجاریش هەڵسوکەوتی بەربژێرە توندئاژۆکانی کۆماریخوازەکان بۆ خەڵک و ئۆپۆزیسیۆنی ئێران هەر ئەوەندەی خێر دەبێ کە ئۆباما و کارتەر، سەرکۆمارە ئاشتیخواز و نۆبێل پێدراوەکانی ئەمریکا هەیانبوو؟!
با بزانین..