۸/۰۷/۱۴۰۲

شێر و شێرە

 

شێرە، شێراو، یان شێرەی ئاوێ قفڵێکە کە لەسەر لوولە یان دەفر و عەمباری ئاوێ قایم دەکرێ و بە هۆی پێچ یان برغوویەک گۆنگەی ئاوەکە دەبەسترێ یان دەکرێتەوە. لە باشوور ناوەکەیان ‏لە زمانی عەرەبی وەرگرتووە و بەلووعە یان حەنەفی پێ دەڵێن. لە باکووریش وشەی شموسلووخ یان ‏موسلوخ‌یان لە تورکی وەرگرتووە. لە ئێران فارسەکان "شیر" و "شیر آب"ی پێ دەڵێن و بەسەرهاتێکیان ‏بۆ ساز کردووە کە گۆیا بازرگانێک لە تاران یەکەم جار ئەو جۆرە قفڵەی لە شێوەی سەری شێردا هاوردە کردووە ‏و بەو جۆرە ناوی "شیر آب"ی لەسەر داندراوە بەڵام ئەوە ئەگەر ڕاستیش بێ، تەواو نییە.
 وشە یان ناوی "شێرە" و ‏‏"شێرەی ئاو" لە ئۆستوورە یان مێتۆلۆژیی ئاوی دانیشتوانی ناوچەکە، وەرگیراوە. ‏ئۆستوورەکە‎ ‎دەڵێ شێر بەری ئاوی لە ئاوەدانی گرتبوو و لاوێکی ئازا دەبوو بچێ بیکوژێ و ئاوەکە ئازاد بکا و بەم جۆرە خەڵکی شار لە قڕبوون و تینوێتی ڕزگار بکا. لە بەیتی لاس و خەزاڵدا باوکی لاس شێڕەکە دەکوژێ و بەوەش دەبێ بە پاڵەوانی گەلی خۆی. دواتر هەر لەسەر کەوڵی ئەو شێرە لاس وەزگی دایکی دەکەوێ و بەو جۆر بە پاڵەوانی لەدایک دەبێ. 
ئۆستوورەی ئاو لەڕێی ئایینی میترایی‌یەوە پەلی بۆ ڕۆژئاواش هاویشت و هەتا ئێستاش لە شارەکاندا زۆر جار پەیکەری شێرێک دەبیندرێ کە ئاو لە دەمیەوە قەڵبەزەی بەستووە کە ئاماژە بەو ئۆستوورەیەیە.




بابەتی نوێ:

ئاژەڵی هیبریدی لە زمانی کوردیدا

لە کوردستاندا چەند جۆر ئاژەڵ هەن کە کورد پێی وایە لەسەرەتاوە بە شێوەی سرووشتی نەبوون و دواتر لە ئەنجامی تێکەڵاوبوون و جووتبوونی دوو جۆر ئاژە...