۲/۲۴/۱۴۰۴

چەکدانان و خۆهەڵوەشاندنەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان

 چەکدانان و خۆهەڵوەشاندنەوە بۆ هەر حیزبێکی سیاسی دەرەنجامی شکست یان تێگەیشتن لە شکستی گەیشتن بە ئامانجەکانە لەڕێی ئەو شێواز و ستراتژیەی کە تا بەر لەو بڕیارە گرتبوویەبەر. پەکەکەش لە دوا کۆنگرەی خۆیدا بە کردەوە دانی بەو ڕاستییەدا داناوە، ئیتر بۆ دەبێ کەسانێ لە وشەی شکستی تێکۆشان بە ناوی پەکەکە و ئاشبەتاڵ لە خەباتە چەکدارییەکە بپرینگێنەوە؟ ئەگەر قەبووڵ نەکردنی ئەو ڕاستییە بۆ ئەوەیە کە خەبات لە شکڵ و شێوازی دیکەدا بەردەوام دەبێ، ئەوە هەر ئێستاش لە نێوخۆی تورکیا و ئەورووپاشدا لە ئارادایە و ئەوە هیچ لە واقعییەتی ئەو شکستە سیاسی و سەربازییە ناگۆڕێ.

بە پێچەوانەی زۆر لێکدانەوە، من ئەو بڕیارەی پەکەکە بەدەر لە بانگەوازی ئۆجەلان و سەرەڕای ئەگەری بەهێزی فرتوفێڵی تورکان، بە دەرەنجامی ڕووداوە سیاسی و سەربازییەکانی ئەم چەند ساڵەی دوایی دەزانم و پێم وایە ئازایەتی و تەنانەت فیداکاریشی تێدابوو، چونکە؛

١- ڕێژیمی تورکیا بەو نفووزەی لە دنیای دێموکراسیدا هەیەتی، توانیبووی پەکەکە وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی بە دنیا بناسێنێ و لە سیاسەتی جیهانیدا بیکا بە گولی دوور لە ئاوایی. بەوەش هەناسەی سیاسی لەو پارتە و لق و پۆپەکانی بڕیوە و شێوازەکانی دیکەی خەباتی کوردی باکووریشی خستۆتە ئاستەنگەوە .

٢- دوای حەوتی ئۆکتۆبری ٢٠٢٣، ئەو بەرەیەی کە پەکەکە لە غیابی بەرەی دێموکراتیکدا، بە ئاشکرا و بە نهێنی، بە نزیک لە خۆی دەزانی (بەرەی دژ بە ئیسرائیل)، بەرەو لاوازی و توانەوەی یەکجاری چووە.

٣- سێ لە پشتیوانانی ئاشکرا و نهێنیی پەکەکە لە ناوچەکەدا واتە سووریای ئەسەد، ئێران و ئەرمەنستان یان لەناو چوون یان تووشی لاوازی و داڕمانی یەکجار زۆر هاتوون.

٤- خەباتی چەکداریی پەکەکە لە شەری خەندەقەکانەوە بەردەوام لە پاشەکشەدا بووە و زۆر زیانی کاریگەری بەر کەوتووە. جاران کە پەکەکە لە نێو خاکی تورکیا یان لانیکەم لە چیاکانی باکووری کوردستاندا شەڕی دەکرد، ئێستا لەشکری تورک شەڕەکەی بۆ قووڵایی باشووری کوردستان و بۆ سنووری نێوان عێراق و ئێران گواستۆتەوە.

٥- بەرەوپێش چوونی تکنیک و کەرەسەی شەڕ لە دەست تورکیادا تەنگی بە هەر جووڵەیەکی ئاسایی پەکەکە هەڵچنیوە و ڕۆژ لەدوای ڕۆژ ناچار بە پاشەکشەی زیاتری کردوە

٦- لەباری سیاسیشەوە، پەکەکە ستراتژییەکی ڕوونی بۆ شەڕ لە دژی تورکیا لەدەستدا نەمابوو. لەلایەک داکشان و داشکانی خواستە نەتەوەییەکان لە جیاکردنەوەی باکووری کوردستان و ویستی دامەزراندنی سەربەخۆیی چوارپارچەی کوردستانەوە بەرەو کۆنفێدرالیسمی دێموکراتیک و شۆڕ بوونەوە بەرەو خۆسەری دێموکراتیک و خۆبەڕێوەبەری و.. سەرەنجام دژایەتی لەگەڵ هەر قەوارەیەکی سیاسیی نەتەوەیی و ڕازیبوون بە هێندێک دێموکراسیی زیاتر لە تورکیا، لەباری سیاسییەوە هیچی بە دەست پەکەکەوە نەهێشتووە و لەلایەکی دیکە ئەردۆغان بە پەسەندکردن و دواتر کەلکاوەژۆ کردن لە یاسای دژە تیرۆر، توانی ستراتژیی شەڕ بۆ دێموکراسی بە کردەوە شکست پێ بێنێ و خەباتی سیاسیی کوردی باکوور و تەنانەت ئۆپۆزسیۆنە سەراسەریەکەشی پێ لاواز بکا.

٧- کوردی باکوور بە پێچەوانەی کوردی ڕۆژهەڵات، چ لە نێوخۆی تورکیا و چ لە ئەورووپا و شوێنەکانی دیکەش ڕێگای زۆر و شێوازی جۆراوجۆری بۆ خەبات هەیە و ناچار نییە هیندە پشت بەو خەباتە چەکدارییە پڕ تێچوو و کەم دەسکەوتە ببەستێ.

لەگەڵ هەمووی ئەوانەدا پێم وایە ئەگەر پەکەکە توانیبای و تورک بواری ئەوەی دابا کە شەڕ بە ئاگربەست و بە پاراستنی هێزە چەکدارەکەی خۆی بگۆڕێ، دەیتوانی بە دەستی پڕ یان پڕترەوە لەسەر مێزی دانوستان دابنیشێ.

وەک قسەی کۆتایی، ئەزموون نیشانی داوە کە بە ناهومێدبوونی خەڵک لە خەباتی چەکدارانە، گەلی ئازادیخواز و مافویست هەمیشە ڕێگای گشتگیرتر، کەم تێچووتر و شێلگیرتری بۆ بەرەوپێش بردنی خەبات دۆزیوەتەوە و گەلی کوردی باکووریش لەوە بەدەر نابێ.

بابەتی نوێ:

ئاژەڵی هیبریدی لە زمانی کوردیدا

لە کوردستاندا چەند جۆر ئاژەڵ هەن کە کورد پێی وایە لەسەرەتاوە بە شێوەی سرووشتی نەبوون و دواتر لە ئەنجامی تێکەڵاوبوون و جووتبوونی دوو جۆر ئاژە...