۴/۲۰/۱۴۰۴

جاسەنە وەک شوێنێکی ڕەمزی


سەرەنجام بانگەوازی "ئاشتەوایی" نێوان تورکیا و کوردی باکوور (پەکەکە) لەنێو بێ متمانەیی و دڕدۆنگی گەلی کورددا کە ماوەی سەدەیەکە پەنگ دەخواتەوە، بە بەڕێوەچوونی شانۆی سووتاندنی چەک لەلایەن ژمارەیەک گریلای پەکەکە لە ئەشکەوتی جاسەنەی نیزیک شاری سلێمانی کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە. پێشتر ناوی چەندین شوێن بۆ بەڕێوەبردنی ئەم شانۆیە لە ئارادا بوو کە یەک لەوان ئەشکەوتی جاسەنە بوو. من بە بیستنی ناوی ئەشکەوتە بە سەرنجدان بە مێژوویەک کە لەو بارەوە هەیەتی، خێرا زانیم کە ئەو شوێنە کە لەگەڵ ئامانجەکانی لایەنی کوردی بۆ بەڕێوەبردنی ئەو شانۆیە، دێتەوە.  

ئەشکەوتی جاسەنە لە ناوچەی سوورداش و لە نیزیک جادەی دووکان - سلێمانی، بە مەودای پەنجا کیلۆمەتر لە ڕۆژئاوای شاری سلێمانی هەڵکەوتوە. ناوی جاسەنە لە دوو بەشی جا/سەنە چێ بووە. جا واتای جێگا و شوێنە و سەنە وەک لە سنە، سەحنە، سندووس، سائینقەڵا، قەڵاتی سنان، قوڵەسەن، قەڵاتاسیان و ناوی زۆر شوێنی دیکەشدا هەیە، لە بنەڕەتدا سەئنە کە لە ئایینی میترایی و لە باوەڕە کەونارەکانی کورددا ناوی خودای بەهێزی با و تۆفان و باران بووە. بەو پێیە جاسەنە وەک یەکێک لە شوێنەکانی نیشتەجێبوونی ئەو خودایە هەژمار کراوە.  

جاسەنە سەرەڕای ئەو بارە ئۆستوورەییە،  لە مێژووی کورددا ئەو کاتە گرینگیی خۆی پەیدا کردەوە کە ساڵی ١٩٢٣، دوای ئەوەی فڕۆکەکانی سپای ئینگلیز، شێخ مەحموودی حەفیدیان لە شاری سلێمانی هەڵکەند، لەو ئەشکەوتەدا خۆی گرتەوە. ئەشکەوتی جاسەنە وێڕای ئەوە کە بوو بە پەناگە و ناوەندی فەرماندەیی شێخ لە بەرامبەر سپای ئینگلیزدا، چاپخانەی تێدا دامەزراند و یەکەم رۆژنامەی خۆی بە ناوی "بانگی حەق" لە ٢ی مارسی ١٩٢٣دا لەوێ چاپ و بڵاو کردەوە. 

شێخ مەحموود کەسایەتییەکی ئایینی - نەتەوەیی بوو. ئەمە بە ناوی ڕۆژنامەکەی و وێنەی مانگی سەر ئاڵاکەشییەوە دەدرەوشێتەوە. تورکانی کەمالیست هەوڵیان دا بە لاسایی لە سیاسەتەکانی دەسەڵاتی عوسمانی، ئایین وەک ئامرازێک بۆ ڕاکێشانی سەرنجی شێخ مەحموود بۆ لای خۆیان ڕابکێشن. ئامانجیشیان لەو ڕاکێشانە، گوشار بۆ سەر ئینگلیز و دەستداگرتن بەسەر ویلایەتی نەوتاویی مووسڵ بوو. بۆ ئەو مەبەستەش هێزێکی بچووکی خۆیان بە فەرماندەیی "عەلی شەفیق" کە بە ئۆزدەمیر ناسرابوو، بۆ هاوکاریی شێخ مەحموود نارد. دیارە هێزەکە لەوە بچووکتر بوو کە بتوانێ کاریگەری لەسەر ڕووداوەکان دابنێ و لەگەڵ پەرەگرتنی ناکۆکییەکان، سەربازەکانیش ناوچەکەیان چۆڵ کرد. دوای ئەوەی شێخ پەنای بۆ جاسەنە برد و ناوەندی بەڕێوەبەریی خۆی لەوێ جێگیر کرد، سەر و سەکوتی ئۆزدەمیر جارێکی پەیدا دەبێتەوە. وا دیارە ئەمجار ڕاستەوخۆ لەلایەن دەسەڵاتی تورکەوە هاتبوو و چەند ڕۆژ لە جاسەنە مایەوە. دوو وێنەش لەو دیدار و مانەوەیە ئێستا لەبەردەستدایە.

لە سەردەمی خەلافەتی عوسمانیدا کوردەکان تەنیا گەلێک بوون کە بە خواستی خۆیان و بێ داگیرکراوی پەیوەست بەو خەلافەتە ببوون. بە درێژایی سەدان ساڵ دەسەڵاتی سوڵتانەکانی عوسمانی کوردان خاوەنی چەندان خۆبەڕێوەبەریی تایبەت بە خۆیان بوون و هاوکات ڕؤلی گرینگیان لە نێو لەشکری سوڵتان و داگیرکارییەکانیدا گێڕا. ئەوانە و لەژێر کاریگەریی ئایینی هاوبەشدا، پڕانیی کورد دژی ڕووخانی دەسەڵاتی بابیعالی بوون. دوای ڕووخانیش، جۆرێک خواست بۆ گەڕاندنەوەی سوڵتان بۆ سەر تەخت لە شۆڕشەکانی کورددا بەرچاو بوو. ڕەنگە ئەوە هۆکارێک بووبێ کە بە ڕووخانی عوسمانی، کوردان هیچ میراتێکیان لەوە پێ نەبڕا. دیارە خولیای ژیاندنەوەی خەلافەتی عوسمانی تەنیا بۆ کورد و بۆ ساڵانی سەرەتای ڕووخانی بابیعالی ناگەڕێتەوە و ئێستا ئەردۆغانیش خەون بەو مێژوویەوە دەبینێ و جاروبار فوو بەو زوڕنایەدا دەکاتەوە. پەکەکەش بە هەڵبژاردنی جاسەنە وەک شوێنێکی ڕەمزی بۆ کۆتایی شەڕ و ئاشتەوایی لەگەڵ حکوومەتەکەی ئەردۆغان، ویستی ئەو پەیامە بۆ ئەنقەڕە بنێرێ  کە ئەگەر ئەو وەک خەڵیفە لەگەڵ کوردان بحاوێتەوە، ئەوە ئەوانیش وەک کورد و لەگوێن شێخی جاسەنە، ئامادەن بۆ ژیاندنەوەی ئەو خولیایە تا ئاستی گەڕاندنەوەی ویلایەتی موصڵ، دەستی لەگەڵ بدەنێ و ڕۆڵی سوارەی کورد لە لەشکری ئەردۆغاندا بگێڕێ. 




بابەتی نوێ:

ئاژەڵی هیبریدی لە زمانی کوردیدا

لە کوردستاندا چەند جۆر ئاژەڵ هەن کە کورد پێی وایە لەسەرەتاوە بە شێوەی سرووشتی نەبوون و دواتر لە ئەنجامی تێکەڵاوبوون و جووتبوونی دوو جۆر ئاژە...