ئەمڕۆ لەسەر کار بووم کە کەژاڵی هاوسەرم تەلەفۆنی کرد و هەواڵی مەرگی ئەوی پێدام. لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا خەبەرەکەی بە کورتی خوێندبۆوە بەڵام چونکە لە نیزیکەوە نەیدیتبوو یان ڕەنگە بۆ کەمکردنەوەی قورسایی گەیاندنی هەواڵەکە، دڵنیا نەبوو کە ئەو بێ. من یەکسەر پرسیاری جامانەکەیم کرد و بەداخەوە خۆی بوو. ئەو هەمیشە جامانەی لەسەر دەنا و لفکەی لێ شۆڕ دەکردەوە. بەوەش هیندەی دیکە شۆخ و شەنگ بوو.
حەسەنی قاسمی یان بەو جۆرەی لەنێو خەڵکدا بە حەسەنی میرزا عەوڵا دەناسرا، ئامۆزام بوو. ئێمە لە زمان نەمر ئامۆژنە مامزم کە ژنێکی کەیخودا و مەشرەف خۆش و گەورەی بنەماڵە بوو، بە کاک سەنە ناومان دەبرد. ئامۆژنم زۆر جار ناسناوی لە زاران خۆشتر و هاسانتری بۆ خۆشەویستانی خۆی هەڵدەبژارد؛ بۆ وێنە کاکە ئەبووبەکری کردبوو بە ئاوکر و مامە ڕەحمانی کردبوو بە حەمانی.
ئەگەرچی تەمەنی کاک سەنە لە بابم و ئەو وەچەیەی کە هێشتا چاویان بە چرای خوێندن ڕوون نەببۆوە، زۆر کەمتر نەبوو بەڵام هەم لە لای مامم کە میرزا و خوێندەوار بوو و هەمیش لە قوتابخانەی "سپای دانیش" توانیبووی خۆی لە دەردی نەخوێندەواری ڕزگار بکا. ئەو ساڵەی من لەدایک بووم، ئەو لە کرماشان سەرباز بوو. وا دیارە بەر لە سەربازی، زەماوەندی کردبوو و منداڵێکیشی هەبوو. چونکە من و حوسێنی کوڕە گەورەی، هاوتەمەن و ئاواڵ بووین. من کاتێک چاوم کردەوە کە کاک سەنە بە دەستی بەتاڵ ماڵی میرزا عەوڵای باوکی بەجێ هێشتبوو و لە پەنا ماڵی ئێمە، خانوویەکی فەقیرانەی بۆ چەندان منداڵی سەروپێچکەی خۆی ساز کردبوو. ئینقلاب کرابوو و ئەویش وەک هەموو هاوتەمەنەکانی سەری لە سیاسەت دەخورا. وەک خەون لەبیرمە کە لەگەڵ پۆلێک لاوی دیکەی ئاوایی بە کۆڵانێکدا ڕادەبردن و درووشمی "مامە غەنی هاتەوە یاخوڵا بەخێر بێتەوە"یان دەدا. هەستێک کە دەیان ساڵ دواتر، لە کاتی شۆڕشی ژینادا جارێکی دیکە خۆی نواندەوە و کاک سەنە کە دووکانەکەی لە کانگای سەرهەڵدانەکانی شاری مەهاباد هەڵکەوتبوو، بۆ پشتیوانی لە لاوەکان گەلێک جار گیانی خۆی خستە مەترسییەوە و تەنانەت جارێکیش بریندار بوو. بەڵام خەمی نان و بەڕێچوونی ژیان ئەو کات دەرفەتی ئەوەی پێ نەدا خۆ لە حیزبایەتی و سیاسەت بدا. بۆ دەرهێنانی بژیوی خۆی و خێزانەکەی دەستی بۆ کاری جۆراوجۆر دەبرد کە لە پیشەی خەڵکانی ئاوایی کە ئاژەڵداری و کشتوکاڵ بوو، نەدەچوو. بۆ وێنە لەبیرمە کە لە دۆخی گەمارۆی ئابووریی ئەو دەمی سەر کوردستان، ئەو لەگەڵ چەند هاوتەمەنی خۆی کارگەیەکی قەندیان لە قەراغ ئاوایی ساز کردبوو. بۆیە وا باشم لەبیرە چونکە شیرنایی و بۆنی شەکری قاڵکراو زۆر جار ئێمەی منداڵە ورکەی بۆ لای کارگەکە ڕادەکێشا و ئەوانیش هیچ نەبێ دەیانهێشت شەکری پێمەڕەکانیان لێ بکەینەوە و نەوسی خۆمانی پێ کوێر بکەینەوە. بەڵام وا دیار بوو هیچکام لەو هەوڵانە بایی ئەوەندە نەبوون کە بتوانێ لە دێ ماڵ و منداڵی پێ بەڕێ بچوێنێ. سەرەنجام ڕووی لە شار کرد و لە مەهاباد گیرسایەوە. لەوێ هەر لە کاری کوورەخانە تا سەودا و مەعامەلەی نێو بازاڕ، دەستی بە کاسپی و کوێرەوەری کرد. دواتر لەگەڵ پۆلێک لە هاوتەمەنەکانی خۆی کە زۆربەیان خەڵکی پیروەلی باغی و هاوچارەنووسی خۆی بوون، ئەوەندەی سرووشت و هەلومەرج بواری دابان، کاری قاچاخی و هێنانی شتومەک لە عێراقیان دەکرد و ئەگەر ڕێگاش گیرابا، ئەوە لێک کۆ دەبوونەوە و مەجلیسیان بە گاڵتە و قسەی خۆش گەرم دەکرد. هەرە مەجلیس خۆشی نێویشیان حەسەنی میرزا عەوڵا بوو.
ئەو ساڵانەی لە مەهاباد دەمخوێند، زۆر جار لەگەڵ حوسێنی کوڕی دەچوومە ماڵیان. بۆخۆشی بە تایبەت ئەگەر لە عەجەمستان کەروێشکی گرتبا، ئەوە ئێمەشی بانگهێشتی چێشتی سەنگەسیر دەکرد و هەر بۆخۆشی لێیدەنا کە دەستاوێکی خۆشی هەبوو. وێڕای کار و کوێرەوەریی ڕۆژانە، خوێنەرێکی باشی گۆڤاری سروە بوو و کتێبی کوردیی تازە چاپکراویشی لە ماڵێدا دەست دەکەوت. من هەموو جارێ دەرفەتم دەقۆستەوە و ئەو ژمارانەی گۆڤاری سروە کە لەگەڵ کاکم دەستمان نەکەوتبوون یان نەمانتوانیبوو بیانکڕین، لە ماڵی ئەو دەمخوێندنەوە یان بە ئەمانەت لێمان وەردەگرت.
دوایین جار کە چاوم بە کاک سەنە کەوت، ٣٢ ساڵ لەوە پێش بوو؛ هەمووی چەند مانگێک بوو ببووم بە پێشمەرگە کە ئەو لەگەڵ بابم سەردانی کردم و لە بناری قەندیل یەکترمان دیتەوە. دوای ئەوەی زانی نییەتی گەڕانەوەم نییە، زیاتر پرێسکەی دڵی خۆی لەسەر کوردایەتی، حیزب و خۆشەویستیی ڕێبەرانی شەهید بۆ کردمەوە. ئاگاداریی باشی لەسەر حیزب و پێشمەرگە و هێزی پێشەوا هەبوو. دیار بوو هێشتا سەری لە سیاسەت و حیزبایەتی دەخورا و ڕووداوە پێوەندیدارەکانی تاقیب دەکرد. لەبیرمە باسی کاک سۆفی، فەرماندەی پێشتری هێزی پێشەوای کرد کە چۆن کەوتووەتە ژێر گوشاری ڕێژیم و جاشەکان چۆن ئازاریان داوە و بووەتەوە بە پێشمەرگە. بەر لە ڕۆیشتن و ماڵاوایی بەڵێنی پێدام کە هەر کات بێتەوە ئەو دیوە، سەردانم بکا. بەڵێنیی دیدارێک کە بەداخەوە ئەو هیچکات بۆی نەلوا و من هەمیشە لە چاوەڕوانییدا مامەوە. دیدارێک کە وەک دەڵێن بەداخەوە کەوتە قیامەت.
ڕۆحی کاک سەنە شاد بێ و یادی بۆ هەتاهەتایە لە دڵمدا زیندووە