۶/۰۲/۱۴۰۴

گوڵشەن و گوڵخەن

ڕەببی مووی لێ بێ زمانی، پەنجەکانی هەڵوەرێ

هەر کەسێ گوڵشەن بە دەردی گوڵخەنی دۆزەخ بەرێ

ئەو شێعرەی سەرەوە "تەرجیع بەند" یان سەربەندێکی بەنێوبانگی شێعرێکی درێژی حەمدیی شاعیرە. شاعیر بۆخۆی نرخی ئەو بەیتە شێعرەی خۆی زانیوە و لە شێعرەکەیدا دوای هەر سێزدە بەیت، جارێکی تر دووپاتی کردۆتەوە. 

بەیتەکە وەک دیارە، سەربەندی شێعرێکی نیشتمانییە و تێیدا شاعیر پەسنی جوانییەکانی نیشتمانەکەی دەکا. هاوکات تووک و نزا لەو کەسانەش دەکا کە خیانەتی لێ دەکەن. دیارە ئامانجی ئەم بابەتە لێکدانەوە و هەڵسەنگاندنی شێعرەکە نییە و تەنیا  لەسەر دوو وشەی گوڵشەن و کوڵخەن هەڵوەستە دەکا.

وەک لە نێوەرۆکی شێعرەکەدا دیارە، شاعیر ئەم دوو وشەیەی بە درووستی وەک دوو وشەی دژبەر و پێچەوانەی یەکتر بەکار هێناوە. وشەی گوڵشەن کە دیارە مەبەست شوێنی پڕ لە گوڵ و گوڵزارە و کوڵخەن یان گوڵخەنیش بە توون و ئاگردانی حەمام واتا کراوەتەوە. هەڵبەت حەمدی هەر بۆخۆی چەند جاری دیکەش ئەو دوو وشەیەی بە هەمان مەبەست لە شێعرەکانیدا بەکار هێناوە، بۆ وێنە:

وەک کوڵخەنە گوڵشەن کە نەدا بۆیی حەوادیس

وەک گوڵشەنە کوڵخەن بە گوڵی ڕوویی حەوادیس

بەر لە حەمدی، شاعیرانی دیکەش دوو وشەکەیان لە شێعری خۆیاندا گونجاندوە. لەوانە میسباحودیوانی ئەدەب لە بەیتێکدا دەڵێ:

بەبێ تۆ کوڵخەنە؛ گوڵشەن، لە گوڵشەن بۆیە بێزارم

بە یادت گوڵشەن و کوڵخەن لەلای من هەردوو یەکسانە 

هەروەها خادیم دەڵێ:

گەر لە هەستی تێپەڕی، گوڵخەن لەگەڵ گوڵشەن یەکە

بۆ گرفتاری محەببەت، چۆڵ و سەحرایە وەتەن

دە کار کردنی ئەو دوو وشە پێچەوانەیە هەر تایبەت بە ئەدەبی کوردی نییە و پێشتریش شاعیرانی فارس بە هەمان مەبەست کەلکیان لێ وەرگرتوە. مەولەویی بەڵخی لە بەیتێکدا دەڵێ:

گر گل است اندیشە تو، گلشنی 

ور بود خاری، تو هیمەی گلخنی

واتە؛ ئەگەر بیرکردنەوەت وەک گوڵ بێ ئەوە دەبی بە گوڵزار و ئەگەریش دڕکێک لە بیرکردنەوەتدا هەبێ، ئەوە دەبی بە ئاوردووی توونی حەمامی. 

وەک دەبیندرێ وشەی کوڵخەن لە فارسی و لە شێعری بەشێک لە شاعیرانی کوردیشدا بە گوڵخەن هاتوە. هیچکام لە فەرهەنگە کوردییەکان وشەکەیان نەگرتوە و وا دیارە بە وشەیەکی بێگانە و بە گومانی بەهێز بە هی فارسیان داناوە. لە فەرهەنگە فارسییەکاندا وشەکە بە ئاورخانەی حەمام واتا کراوەتەوە. فەرهەنگی دێهخودا پتر لە واتای وشەکە ورد بۆتەوە و بە پشتبەستن بە پەڕاوێزی فەرهەنگی "بورهانی قاتع" و بەو پێیەی زمانی فارسی وشەی کوڵی بەو واتایە تێدا نییە، ڕەگی وشەکەی بە درووستی بۆ سەر زمانی کوردی گەڕاندۆتەوە و پێی وایە لە ڕەگی "گوڵ یان کوڵی کوردی بە واتای گەرمایی لەگەڵ پاشگری خان یان خانە" چێ بووە. بەو پێیە شێوەی درووستی وشەکە بەو جۆرەی حەمدی و ئەدەب دەکاریان کردوە، "کوڵخەن"ە و ئەوەی لە فارسیدا بە شێوەی "گوڵخەن" تۆمار کراوە و هێندێک لە شاعیرانی کوردیش هەر بەو شێوەیە نووسیویانە، هەڵەیە. 

وشەی کوڵ کە بە گەرما واتا کراوەتەوە، هەم دەتوانێ "کڵ" بێ بە واتای بڵێسە و گڕی ئاگر و هەمیش دەتوانێ بنەمای کرداری کوڵین و کوڵان و کوڵاندن بێ بەو جۆرەی لە توونی حەمامدا ئاو بۆ خۆشوشتن دەکوڵێنن. بەو پێیە کوڵخەن شوێن یان خانوویەکە کە بڵێسەی ئاگری تێدایە و ئاوی لێ دەکوڵێنن. 

هەرچی وشەی گوڵشەنە ئەوە ئەویش وەک کوڵخەن ئاماژە بە جێگا و شوێن دەکا بەڵام پاشگری جێگا و شوێن لەودا "شەن"ە. شەنیش لە ڕاستیدا هەمان "شوێن"ە. بەو پێیەش گوڵشەن لە بنەڕەتدا گوڵ شوێن و شوێنی گوڵە. 

شەن پاشگرێکی کۆنە کە وا دیارە زۆر زوو لەکار کەوتووە و پەرەی پێ نەدراوە. چونکە تەنیا لە چەند وشەیەکدا ماوە. لەوانە کەوشەن و ڕۆشەن. 

کەوشەن واتای سنوورە و لە بنەڕەتدا نێوانی دوو زەوی یان زەوی و زاری نێوان دوو ئاوایی‌یە. پاژی یەکەمی وشەکە "کەو" یان "کەف"ە کە بە مانای بەری پێیە. لە وشەی کەو یان کەف، کەوش چێ بووە. سرووشتییە یەکەم جار سنووری نێوان دوو زەوی بە پێ و بە شوێنی پێ دیاری کراوە. 

لە وشەی ڕۆشەندا، پاژی یەکەمی وشەکە "ڕۆ"یە کە وەک لە "نیوەڕۆ"شدا هەیە، کورتکراوەی ڕۆژ یان خۆرە. ڕۆشەن کورتکراوەی "ڕۆژ شوێن" یان شوێنی ڕۆژ و ئەو جێگایەیە کە ڕووناکایی ڕۆژی لێ دەنیشێ. 

نموونەی تازەتری پاشگری شەن ڕەنگە لە نانەشان یان نانەشەندا هەبێ کە بریتی لەو سەلەیەیە نانی لەسەر هەڵدەچنن و بەو پێیە نانە شوێن یان شوێنی نانە. هەروەها وشەی شانە لە شانە زەرگەتە و شانەی مێش هەنگوینیشدا واتای شوێنە و پێوەندیی بە شانەی قژ داهێنانەوە نییە.

بە کورتی هەردوو وشەی کوڵخەن و گوڵشەن، ئەگەرچی زیاتر لە شێعری فارسیدا بەکار هاتوون، بەڵام پێکهاتەیەکی کوردییان هەیە و ڕەگیان لە زمانی کوردیدایە. بۆیەش کورد هەم دەتوانێ وشەکان بە مڵکی خۆی بزانێ و هەمیش لەسەر بنەما و چۆنییەتیی پێکهاتنی هەردوو وشە، ناوی نوێ بۆ شوێن داڕێژێ. 



بابەتی نوێ:

ئاژەڵی هیبریدی لە زمانی کوردیدا

لە کوردستاندا چەند جۆر ئاژەڵ هەن کە کورد پێی وایە لەسەرەتاوە بە شێوەی سرووشتی نەبوون و دواتر لە ئەنجامی تێکەڵاوبوون و جووتبوونی دوو جۆر ئاژە...