۹/۱۶/۱۴۰۳

شێخی ڕێبازی "عیشق و ئازادی"

لەم ڕۆژانەدا کە خەریکی لێکۆڵینەوە لە بەرهەم و بەسەرهاتی کەسایەتیی تێکۆشەری کەمتر باسکراوی کورد مەلا ئەحمەدی فەوزی بووم و لەو سۆنگەیەدا دیوانی شێعرەکانی شێخ ئەحمەدی فەوزیم وەرد دایەوە کە لە کۆتایی کتێبەکەدا چەند وێنەی بنەماڵەی شێخ ئەحمەدی فەوزی و لە نێویشیاندا وێنەی نازەنین، کچی شاعیر کە دواتر بوو بە هاوسەری شێخ شەهابی شێخ نووری سەرنجی ڕاکێشام. فەوزی مامی شێخ نووری شێخ ساڵح بوو کە بە یەکێک لە بناخەدانەرانی شێعری نوێی کوردی هەژمار دەکرێ. بەو پێیە نازەنین و شێخ شەهاب پێش ئەوەی هاوسەر بن، خزمی یەکتر بوون. 

زۆر پێشتر، لە مامۆستا مەلا محەممەدی شەڵماشی‌م بیستبوو کە مامۆستا هێمن شێعری "عیشق و ئازادی"ی بۆ ئەو دوو لاوە هاوسەر و ئەویندارە نووسیوە. مامۆستا ئەو بەسەرهاتەی لە چەند وتووێژی تلویزیۆنیدا گێڕایەوە؛ 

مامۆستا مەلا محەممەدی شەڵماشی
بەردی گورچیلەم هەبوو. دوکتور عەبدوڕەحمانی قاسملوو، مەلا ڕەحمانی کاژێیی نارد بۆ ماڵی ئێمە، گوتبووی حکومەتی عێراقێ لە ڕووسیا داوای چەند دکتۆرێکی جەڕڕاحی کردووە، یەکێک لەو دکتۆرە جەڕڕاحانە کە هاتووە بۆ عێراقێ، لە مقەڕی ئێمەیە، دوکتور سوڵتانی ئۆتەمیشی‌یە. دوکتور سوڵتانی ئۆتەمیشی یەکێک بووە لەو تەلەبانە کە پێشەوا قازی ناردوونی بۆ ڕووسیا بۆ خوێندن. بۆتە دوکتورێکی جەڕڕاحی باش. یەکێک لەو دوکتورانە کە عێراق داوای کردووە، ئەو بوو. ئەویش هاتبوو بۆ مقەڕی حیزبی دێموکرات. وەرە بۆ گورچیلەکەت باشە. کە چووم، مەلا ڕەسووڵی پێشنومازیش برینێکی لەبەری پێیان هاتبوو. ژوورێکیان بۆ ئێمە دانابوو. مقەڕی دوکتور قاسملوو لای "جسری موعەللەق" بوو. هەموو حیزبی دێموکرات لەوێ بوو. مامۆستا هێمن، حیسامی.. هەموویان. شەوێ نان خورا و دانیشتبووین، ژنێک هات. دەستی کرد بە گریانێ. زۆر گریا. ئەمنیش پێم ناخۆش بوو، گریانەکەی، تۆزێک دوور دانیشتم. کە ڕۆیشت ژنەکە، پرسیم؛ ئەو ژنە کێیە؟ بۆ هیندە گریا؟ وتیان ئەوە ژنی شێخ شەهابە. شێخ شەهاب ناوێک ئەمری ئیعدامی دەرچووە، ژنەکەی زانیویەتی کەریمی حیسامی لەگەڵ سەفارەتی ڕووسیا عەلاقەی هەیە، هاتبوو کەریمی حیسامی بچێ بە سەفارەتی ڕووسیا بڵێ ئیعدامی نەکەن (نەهێڵن ئیعدام بکرێ). مامۆستا هێمنیش ژووری نووستنی خۆی جیا بوو... بەیانی لەسەر نانخواردنێ، هات مامۆستا هێمن، گوتی ئەوشۆ ئەو قەسیدەیەم لەسەر ئەو ژنە داناوە؛

                    عیشق و ئازادی   

مامۆستا هێمن

ئەگەرچی شەو درەنگە ساقی بۆم تێکە کەمێکی تر
کە وا ئەمشەو سەری هەڵدا لە ناخمدا خەمێکی تر
لە بادە ئەم ژەمە تێر کە منی تینووی جگەرسووتاو
بە چی دیارە کە دەیبینم شەوێکی تر، ژەمێکی تر!
ئەوەندە دەردەدار و بێپەرستارم کە پێم وایە:
لەسەر کێکی تەمەن هەڵناکرێ تازە شەمێکی تر
گەلێکم ڕۆژگاری تاڵ و شیرین ڕابوارد، ئاخۆ
مەرگ مەودا دەدا دیسان ببینم سەردەمێکی تر!
گەیشتمە سەر ترۆپکی ئارەزوو ڕۆژێ، کەچی ڕوانیم:
لە پێشمدایە زەرد و ماهـ و سەخت و ئەستەمێکی تر
هەتا چارشێو بەسەر تۆوە دەبینم نازەنینی کورد
بەسەر بیبیلەکەی چاوی منا دەکشێ تەمێکی تر
نەما «خانی» هەتا چیڕۆکی عیشقی ئێمە داڕێژێ
دەنا هێشتا لە کوردستان دەژین «زین و مەم»ێکی تر
پەپوولەی خۆشەویستیی من لە شوێنێ ناگرێ ئارام
دەنیشێ و باڵی دەبزێوێ لەسەر سینە و مەمێکی تر
هەزار هێندە پەرێشان و سیاچارە بژیم هێشتا
لەنێو دڵدا هەمە ئاواتی خاڵ و پەرچەمێکی تر
هەتاکوو دواپشوو ڕێبواری ڕێگای عیشق و ئازادیم
ئەگەر بێجگە لە ناکامیش نەبینم بەرهەمێکی تر
کە فرمێسکم لەسەر ڕوخساری کیژی دڵشکاو بینی،
گوتم: یاخوا لەسەر سوورگوڵ نەبینم شەونمێکی تر
شەوێکی چاوەنواڕت بووم، نەهاتی گیانەکەم، ویستت
منی دڵ ناسکی شاعیر بگێڕم ماتەمێکی تر
خدر نیم بۆ تەمەن شێت بم بە کانیی ژینێدا نووسێم
ئەوەندەم ژین دەوێ تا دەم دەنێمە نێو دەمێکی تر
بە تۆ چارەی چلۆن دەکرێ دەروونی پڕ لە ناسۆرم
خەساری بۆ دەکەی دوکتۆری زانا مەرهەمێکی تر
بەهار و گوڵ، کچ و مانگەشەو، شیعری تەڕ و بادە 
لەوەی زیاتر جەنابی شێخ گەرەکتە عالەمێکی تر 

من هەر لە بنەڕەتدا ئۆگری هەڵدانی بۆنەی نووسینی شێعر - نەک شێعری بۆنەیی - م. "ئێعجازی ئەنگوستی پاکی محەممەد"م لەو سۆنگەیەدا نووسی و لە کەشکۆڵی پێشمەرگایەتیشم‌دا بۆنەی نووسینی ئەو چەند شێعرەی خۆم باس کردووە کە لە کەشکۆڵەکەدا هاتوون. دەمێکیش بوو دامنابوو لەژێر تیشکی ئەو گێڕانەوەیەی مامۆستا شەڵماشی‌دا، باسێک لەسەر شێعری "عیشق و ئازادی" بنووسم. گێڕانەوەکەی مامۆستا تیشکی خستبووە سەر زۆر لایەنی شێعرەکە و لایەنە شاراوەکانی ڕوون کردبوونەوە. مخابن لەبەر کاری ڕۆژانە و سەرقاڵیم بە بابەتی دیکەوە، نووسینەکەم وەدوا دا تا ئەوەی بەداخەوە ڕۆژی ڕابردوو هەواڵی مەرگی مامۆستا بڵاو بۆوە.

ئەگەرچی لەگەڵ مامۆستا لە یەک شاردا دەژیاین، بەڵام جیاوازیی تەمەن، نەبوونی ئاشنایەتیی پێشوەخت و سەرقاڵیی من بە کاری ڕۆژانە لە هێلسینکیی پێتەختی پڕ لە ڕاکەڕاکەی فەنلاند و نەبوونی بیانووی پێویست بۆ دیدار، بەختی ئەوەیان پێ نەدام لە جارێک زیاتر چاوم پێی بکەوێ و لە خزمەتیدا فێر بم. ئەو جارەش ساڵی ٢٠٠٨ بوو کە لە سۆنگەی کاری حیزبی و تەشریف هێنانی کاک مستەفای شەڵماشی‌ بۆ فەنلاند، توانیم بۆ ماوەیەکی کورت لە خزمەتیاندا بم. مامۆستام بە پیاوێکی بێ فیز، قسە خۆش و خاوەن بەحری زانست هاتە بەرچاو. لەبیرمە شێعرێکی زۆر تەڕ و بەچێژی مەلا حیسامەددینی عەمبار (بۆکان)ی بۆ خوێندینەوە کە نە لە شێعری مەلایەک دەچوو و نە چاوەڕوان دەکرا لە زاری مەلایەک ببیسرێ. مامۆستا گەلێک بەرهەمی بەنرخی ئایینی و ئەدەبی و مێژوویی لێ بەجێماوە کە لەم نووسینەدا دەرفەتی ناساندن و بەسەرکردنەوەیان نییە بەڵام سەرنج و گێڕانەوەی بۆنەی نووسینی شێعری عیشق و ئازادیی مامۆستا هێمن لەلایەن مامۆستا شەڵماشی‌یەوە کە دوای تێپەڕینی نیوسەدە بەسەر بۆنەی نووسرانی‌دا، هەروا لە سینگی خۆیدا پاراستبووی، بە لامەوە یارمەتییەکی زۆری بە ڕوونکردنەوەی لایەنەکانی ئەو شێعرە کرد.

ئەگەرچی شەو درەنگە ساقی بۆم تێکە کەمێکی تر

کەوا ئەمشەو لە ناخمدا سەری هەڵدا خەمێکی تر

لە سۆنگەی گێڕانەوەکەی مامۆستا شەڵماشیدا ئێستا ئیدی دەزانین کە شاعیر لە درەنگانی چ تاریکە شەوێکدا شێعرەکەی نووسیوە. شەوێک کە خەمێکی تازەی بۆ شاعیر هێناوە. خەمی داد و هاواری ئەو کچە کوردەی کە بۆ ڕزگاریی هاوسەرە شۆڕشگێڕە خۆشەویستەکەی تەنانەت پەنای بۆ پەلەپووشێک هێناوە. ئاخر حیزبی دێموکرات بۆخۆی لەو سەردەمدا لە حەوت ئاسمانان ئەستێرەیەکی شک نەدەبرد تا بچێ هەوڵی ڕزگارکردنی گیانی تێکۆشەرێکی کورد لەژێر داری ئیعدام و لە زیندانی دەسەڵاتی دیکتاتۆری خانەخوێدا بدا. لەم نێوەدا ڕەنگە هێمن بۆ ڕزگاریی ئەو لاوە تێکۆشەرەی کورد لە پەتی ئێعدام، لە هەموان دەستەوەستان‌تر و کار لەدەست نەهاتووتر هاتبێتە بەر چاو. بەڵام ئەوەی لەدەستی دێ، دەیکا و ئەوەش کە کردی لە کاری هەمووان هەرمانترە. مانەوەیەک کە بێگومان قەرزداری پاراستن و گێڕانەوەکەی مامۆستا محەممەدی شەڵماشی‌یە. ئەویش  نووسینی شێعرێکە کە تێیدا دیمەنی ئەو شەوە خەمناکەی بۆ گەلەکەی و بۆ وەچەی دواڕۆژ تۆمار کردوە، بە خەیاڵ هەستی جوانیپەرەستی و ئازادیویستیی شەهابی ژێر پەتی سێدارەی نووسیوەتەوە و بەهەشتێکی خەیاڵیی لە وشە و لە شێعر بۆ ڕازاندۆتەوە. بەهەشتێک کە پێی وایە پێش ئەوەی بگاتە بەهەشتەکەی ئەو دنیا، شیاوێتی. 

لە بەیتی دووهەم بەدواوە شاعیر لەنێوان هەستی خۆی و شەهابی ژێر پەتی سێدارەدا هاتوچۆ دەکا. جارێ هەستی خۆی بە بینینی دیمەنی خەمناکی شین و هاواری کچێکی دڵشکاوی کورد نووسیوەتەوە و گاهێ لە هەستی لاوێکی تێکۆشەری ئەوینداری ژێر پەتی سێدارەوە جۆگەلەی هەستی هەڵبەستووە. زیاتریش هەوڵ دەدا هەستی مرۆڤێکی ئازا و ئەویندار بە کچ و بە ئازادی کە لەژێر پەتی سێدارەدا، نەترسانە بەڵام دڵ پڕ لە تاسە و ئاوات چاوەڕوانی مەرگە، بنووسێتەوە؛ 

- بە چی دیارە کە دەیبینم شەوێکی تر، ژەمێکی تر؟
شێخ شەهابی شێخ نووری

- لەسەر کێکی تەمەن هەڵناکرێ تازە شەمێکی تر
- ئاخۆ مەرگ مەودا دەدا دیسان ببینم سەردەمێکی تر؟ 
- هەزار هێندە پەرێشان و سیاچارە بژیم هێشتا
لەنێو دڵدا هەمە ئاواتی خاڵ و پەرچەمێکی تر
- هەتاکوو دواپشوو ڕێبواری ڕێگای عیشق و ئازادیم
ئەگەر بێجگە لە ناکامیش نەبینم بەرهەمێکی تر
- خدر نیم بۆ تەمەن شێت بم بە کانیی ژینێدا نووسێم
ئەوەندەم ژین دەوێ تا دەم دەنێمە نێو دەمێکی تر
- بە تۆ چارەی چلۆن دەکرێ دەروونی پڕ لە ناسۆرم
خەساری بۆ دەکەی دوکتۆری زانا مەرهەمێکی تر 

 دوای بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی وتەکانی مامۆستا شەڵماشی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک، دۆستێک پرسیاری لێ کردم کە ئاخۆ مەبەستی مامۆستا هێمن لەو بەیتەی شێعرەکە و لە چوارچێوەی ئەو بەسەرهاتەدا چۆن لێک دەدەمەوە کە دەڵێ؛

گەیشتمە سەر ترۆپکی ئارەزوو ڕۆژێ کەچی ڕوانیم 
لەپێشمدایە زەرد و ماهـ و سەخت و ئەستەمێکی تر

بۆم نووسی کە ئەم بەیتەش لە درێژەی بەیتەکانی پێش خۆی، بە خەیاڵ هەر لە هەست و زمانی شێخ شەهابی ژێر داری ئیعدام نووسراوە. لە تاکی یەکەمدا ئارەزووی گەیشتن بەو کچە شۆخە نازدارە بۆ ئەو لاوە تێکۆشەرە بەدی هاتووە کە سەرەتا پێی وا بووە ئەوە ترۆپکی ئارەزوویەتی بەڵام ئەو تەنیا بە بەدیهاتنی ئارەزوو و ئامانجە تایبەت و کەسییەکان ڕازی نەبووە و پێی وا بووە دەبێ هەوڵ بدا گەلەکەی و مرۆڤایەتیش بە ترۆپکی ئارەزووی خۆیان کە ئازادی و سەربەستی‌یە، بگەن. لەو پێناوەشدا ڕێگای پڕ لە زەرد و ماهـ و هەڵەمووتی گرتۆتەبەر کە ڕێگای سەختی گەیشتن بە ئامانجە سیاسی و نەتەوەیی و ئینسانییەکانە. ڕێگا و ئامانجگەلێک کە ئەو شەوە ئەویان گەیاندبووە ژێر پەتی سێدارە. 

لە بەیتی دواتردا شاعیر بە مەجاز ئاماژە بە ناوی هاوسەری شێخ شەهابیش دەکا بەبێ ئەوەی ئێمەی خوێنەر هەتا ئێستا هەستمان پێ کردبێ؛

هەتا چارشێو بەسەر تۆوە دەبینم "نازەنین"ی کورد  

بەسەر بیلبیلەکەی چاوی منا دەکشێ تەمێکی تر

لە دیوانی فانی وەرگیراوە
نازەنین ناوی هاوسەرەکەی شێخ شەهابە و مامۆستا هێمن لێرەدا هەم وەک پەسنێک بۆ جوانی و نازادایی کچ، هەم وەک ناوی هاوسەر و ئەویندارەکەی شێخ شەهاب و هەمیش وەک نموونەی چارەنووسی هەموو کچانی کورد، دەیناسێنێ. وا دیارە لەو شەوەدا لەلایەک بۆ نیشاندانی ئەدەب لە حزووری کۆمەڵێک پیاوی سیاسیی لەخۆی بە تەمەنتر و هەمیش وەک نیشانەیەک لە ماتەمباری، نازەنین چارشێوی لەسەر بووە کە شاعیر لە شێعرەکەی‌دا زیاتر ئەو مەبەستەی دوایی زەق کردۆتەوە. 
لە بەیتی دواتردا شاعیر لەژێر کاریگەریی ئەو هەموو شین و گریانەی نازەنین بۆ ڕزگاریی هاوسەرەکەی، ئاماژە بە کەم دەسەڵاتیی خۆی دەکا کە نەیتوانیوە یان ناتوانێ وەک "خانی" چیڕۆکی خۆشەویستیی نێوان نازەنین و شەهاب بنووسێتەوە لەحاڵێکدا ئەوین و فیداکاریی نێوان ئەوان یان لانیکەم هی نازەنین بۆ شەهاب هیچی لە ئەوینی زین بۆ مەم‌ کەمتر نییە: 
نەما «خانی» هەتا چیڕۆکی عیشقی ئێمە داڕێژێ
دەنا هێشتا لە کوردستان دەژین «زین و مەم»ێکی تر
کاریگەریی شین و گریانی نازەنین بۆ شەهابی هاوسەر و گراوی لە حزووری ئەندامان و ڕێبەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان‌دا، ڕەنگدانەوەی لەسەر بەیتی دواتریش هەبووە: 
کە فرمێسکم لەسەر ڕوخساری کیژی دڵشکاو بینی
گوتم یاخوا لەسەر سورگوڵ نەبینم شەونمێکی تر
بە کورتی شێعری "عیشق و ئازادی" سەرەڕای دارماڵیی لە خەم و ئازار و لە تاسەی دیداری نێوان دوو دڵدار، پڕە لە جوانی و خۆشەویستی، پڕە لە ئەوین بە کچ و بە ئازادی تا پێش ئەوەی "جەنابی شێخ" ئیعدام بکرێ و بە بەهەشت شاد بێ، شاعیر توانیبێتی بەهەشتێکی لە "بەهار و گوڵ"، "کچ و مانگەشەو" و "شێعری تەڕ و بادە" بۆ بڕازێنێتەوە و پێی بڵێ:

لەوەی زیاتر جەنابی شێخ گەرەکتە عالەمێکی تر

 ڕوون نییە کە ئاخۆ هەر ئەوشەوە یان دواتر بوو کە سەرەنجام شەهاب و یارانی لەلایەن ڕێژیمی بەعسەوە ئیعدام کران. وا دیارە هێمن پێشوەخت شینی خۆی بۆ ئەو تێکۆشەرە گێڕا کە دوای بیستنی هەواڵی مەرگەکەی، دەستەوداوێنی نالی بوو تا بەو تاکە شێعرە بەرزە کوڵ و کۆی دەروونی خۆی بۆ ئەو کۆستە و بۆ ئەو جنایەتەی دوژمن دەربڕێ:

نالی لەکوێی ببینی کە پاتەختی شارەزوور

ئەستێرەکانی ڕادەکشێن وەک شەهابی نوور  


ئاتەش

بەبۆنەی کۆچی دوایی هونەرمەند کاک برایمی قادری

شایەر بە گشتی پیاوێکی پێچ قیتی، کەواوپاتۆڵ شەقی، پشتێند قەدی، کەوش بەرقی، سمێڵ ڕەشی، ڕدێن شەش تیخە کە دەسحێبێکی دەنک مامناوەندی نە زۆر درێژی لە دەست دایە و لە نێوەڕاستی گەڕی هەڵپەڕکێ و ڕەشبەڵەکدا ڕاوەستاوە، بەندان ڕێکدەخا، قامک لە بناگوێیان دەنێ و گۆرانیان دەڵێ. زۆر جار بە هەوای گۆرانییەکەی لەو سەری داوەتەوە بەرەو ئەوسەر لە هاتوچۆدایە و هەر کوڕێک تازە دۆی هاتبێتە دەستی، لێی نیزیک دەبێتەوە، بە بەندان پێیدا هەڵدەڵێ، دڵی خۆشتر دەکا و شاباشی لێ وەردەگرێ. 

 سەبارەت بە وشەی شایەر بۆچوونێک پێی وایە گۆڕدراوی وشەی شاعیرە و بیروڕای زاڵیش ئەوەیە کە لە تێکەڵاوی دوو وشەی "شایی گێڕ" پێکهاتووە. شایەران بە گشتی دەوری گرینگیان لە پەرەدان بە فەرهەنگ و هونەر و زمان و بەزم و خۆشیی خەڵکدا گێڕاوە. ئەوان لە زۆر بارەوە مۆدێل و سەرچڵی کۆمەڵگاکەی خۆیان بوون؛ لە شێوەی پۆشینی جلوبەرگ، لە خوڵقاندن و بەکارهێنانی وشە و زمانی ڕەسەنی کوردی، لە پەرەدان بە ئاواز و گۆرانیی نەتەوەیی، لە باسکردن و بڵاوکردنەوەی شتە تازەکان، لە پاراستنی داب و نەریت و فەرهەنگ و لە ڕازاندنەوەی جێژن و خۆشیی خەڵک و زۆر بواری دیکەشدا بۆ خەڵک سەرتۆپ و نموونە بوون. لە سەردەمێکدا کە ئامرازەکانی ڕاگەیاندن وەک ڕادیۆ و تەلەفزیۆن و ڤیدیۆ و ئەوانە پەیدا نەببوون، شایەران مێدیای بەهێز و زیندووی کۆمەڵگای خۆیان بوون. وتەیان دەبیسترا و قسەیان برەوی هەبوو. ئەو زەمانەی کە گواستنەوە و هاتوچۆ وەک ئەمڕۆ نەبوو، ئەوان بە هۆی گەڕانی زۆر بە شار و گوند و ناوچەکانی کوردستاندا، لە خەڵکی ئاسایی زۆر زیاتریان دەزانی، شارەزایی زیاتریان لەسەر شوێن و خەڵک و زاراوە جۆراوجۆرەکان هەبوو و پردێکی گرینگی پێوەندیی نێوان شار و ناوچەکانی کوردستان بوون. هەواڵی نیزیکیان بۆ دوور و ڕووداوەکانی دووریان بۆ نیزیک دەهێناوە. بەوەش بێگومان دەورێکی گرینگیان لە هاوپێوەندیی نەتەوەییدا گێڕاوە. لە بەند و گۆرانیدا باسی ڕووداو و دیاردە و کەسایەتییە بەناوبانگەکانیان دەکرد و بە خەڵکیان دەناساندن. ناو و ناوبانگی کەسانی ئازا و بەتوانا و نێوبەدەرەوەیان بە هەموو شوێناندا بڵاو دەکردەوە. ئەگەر ناوی کەسێکیان بە باش هێنابا و پێیاندا هەڵگوتبا، وێڕای دڵخۆشکردنی کەسەکە، دەبوو بە هۆی ناوبانگ دەرکردن و لە ڕاستیدا جۆرێک ڕێکلام و بانگەشە بۆ ئەو کەسە بوو. لەحاڵێکدا کە هیچ دامەزراوە و دەزگایەک لەپشت هونەر و هونەرمەندانەوە نەبوو، وەک چۆن بە داخەوە ئێستاش هەر نییە، ئەوان کە خۆیان بۆ هونەرەکەیان تەرخان کردبوو، ناچار بوون لە ڕێگای هونەرەکەشیانەوە بژین و وێڕای خزمەت بە خەڵک و بە هونەرەکەیان، نانێکیشی لێ پەیدا بکەن. بەم جۆرە دیاردەی پێداهەڵگوتن و شاباش دان و شاباش وەرگرتن پەیدا بوو.

موکریان لە دێرزەمانەوە ناوچەیەکی بە پیت و بەرەکەت بووە. زەویی هەراو و چەندان چۆم و ڕووباری گەورە و، کانی و ئاوی زۆر هۆکار بوون بۆ ئەوەی کشتوکاڵ لەو دەڤەرە زیاتر پەرە بستێنێ. بەتایبەت ڕەعەمەل هێنانی گەنم هەر لە دێرزەمانەوە لەو هەرێمەدا ڕمێنی زۆر بووە کە ئەوە هۆکارێکی گرینگی پەرەگرتنی جۆرێک شارستانییەتی مێژوویی لەو ناوچەیە بووە. تا ئاستێک کە باسی گەنمی ماننایی لە چەند هەزار ساڵ لەمەوبەرەوە تەنانەت لە تەوراتیشدا هاتووە. ئەوانە وایان کردووە کە لەو ناوچەیە دێی قەوغا و کەسی دەستڕۆیشتوو پەیدا بن و خەڵکە ئاساییەکەش وەک دەڵێن دەستیان گەیشتۆتە دەمی خۆیان. بەو جۆرە خەڵک توانیویانە لە مەجلیساندا خزمەت بە هونەرمەندان بکەن و لە شایی و زەماوەنداندا شاباش بە شایەران بدەن. هەر لەبەر ئەوەشە کە دەبینین ئەو ناوچەیە لە هونەری هەڵپەڕکێ، لە موزیکی فۆلکلۆر و لە گۆرانیی داوەت و شاییدا ناوچەیەکی یەکجار دەوڵەمەندە. هەر لە سەدەی بیستەمدا ناوی دەیان هونەرمەندی گەورە و دەنگخۆش لەو هەرێمە بەر گوێ دەکەوێ کە بە داخەوە زۆربەیان ئاسەواریان لێ نەماوە بەڵام هونەرمەندانی وەک کاک برایمی قادری چۆڕاوەی ئەو هەموو هونەرمەندە مەزنانەن.  

هونەرمەندانی شایی گێڕ بە گشتی پیاوان و ژنانی لەبز شیرین، قسەخۆش، بۆشناخ و بە دەستوور بوون. لەگەڵ ئەوەدا کە ڕازێنەرەوەی مەجلیس و گەڕی داوەت و هەڵپەڕکێ بوون بەڵام لە خۆشی و ناخۆشی، لە شایی و شیندا هاودەم و لەگەڵ خەڵکەکەیان بوون. لە گۆرانی و بەندەکانیاندا زۆر جار بە گژ دیاردە دزێوەکاندا دەچوونەوە. زۆر دیاردەی باو بەڵام زیانبار یان بابەتی هەستیار ئەگەر باسکردنیان لە کۆمەڵگادا تاپۆش با، شایەران دەیانتوانی بە شێوەیەکی هونەرمەندانە لە چوارچێوەی بەند و گۆرانیی خۆیاندا تانەیان لێ بدەن یان باسیان بکەن و کەسیش یەخەیان نەگرێ و ڕەخنەیان لێ نەگرێ. ئەوان لەو ڕێگایەوە دەبوون بە دەنگی چەوساوەی خەڵک. بە دەنگی ئەوانەی دەنگیان بە گوێی کەس نەدەگەیی. لەم نێوەدا دوو توێژ مڵۆزم و دژبەری شایەران و بە گشتی هونەرمەندانی نەتەوەیی بوون؛ یەکەم مەلای دەمارگرژی ئایینی و دووهەم خوێندەواری مەیلەو ئاسیمیلەی دەست فەرهەنگی نەتەوەی باڵادەست. یەکەمیان هەموو نرخ و بەها نەتەوەییەکان بە تەرازووی ئایین هەڵدەسەنگێنێ و دووهەمیان بە کیلە و ڕبەی داگیرکەری دەپێوێ. ئەمانە هەوڵیان دەدا شایەران و هونەرمەندان لە کۆمەڵگاکەی خۆیاندا بێ نرخ و سووک بکەن، تانە و توانجیان لێ بدەن و خەڵک هان بدەن تا گاڵتەیان پێ بکەن. بەڵام شایەران کە لە ناخی کۆمەڵگای خۆیانەوە هەڵدەقوڵان، لەگەڵ خەڵکی خۆیان بوون. تەنانەت لە کاتی شۆڕش و بەرەنگاربوونەوە نەتەوەییەکاندا، ئەوان لە کۆمەڵگاکەی خۆیان دانەدەبڕان. بە سەنگ و توانای خۆیان، بە جەستە یان لە ڕێی هونەرەکەیانەوە بەشدارییان لە شۆڕشدا دەکرد. هونەرمەندانی وەک عەلی خەندان، ڕەسووڵی نادری، برایمی قادری، عەینەدین مەریوانی و زۆر هونەرمەندی دیکە بەشێک لە دوا ئاڵقەی ئەو قافڵە دەوڵەمەندە بوون کە دەزانین لە سەرەتای بەرگریی خەڵکی کوردستان بە دژی جیهادی خومەینی‌دا، هونەرەکەیان نایە خزمەت ئەو خەبات و بەرخودانە نەتەوەیی‌یەوە. لەم نێوەدا کاک برایمی قادری ڕەنگە لە هەموویان زیاتری بەر کەوتبێ. ئەو بۆخۆی لە کۆڕی خەباتدا بەشدار و پێشمەرگە بوو، قارەمانێکی شەڕی داشکستان بوو، لەشەڕدا برینی قورسی هەڵگرت، کوڕێکی شەهید بوو، کوڕێکی پێشمەرگە و یەکیشی ئەندامی تەشکیلاتی نهێنیی حیزبی دێموکرات بوو کە دوای ئاشکرابوون پەڕێوەی دەرەوەی وڵات بوو. وێڕای ئەوە کاک برایم بە هونەرەکەشی ڕازێنەرەوەی ڕەزمی خەبات و کۆڕی تێکۆشان بوو. لە نەخۆشخانەی حیزبدا ئێواران پێشمەرگە بریندار و کەم ئەندامەکانی لە دەوری خۆی کۆ دەکردەوە، گۆرانیی بۆ دەگوتن، شایی دەخستە نێو دڵیانەوە و لەو ڕێگایەوە ورەی پێ دەدان. 

کاک برایم ساڵی ٢٠١٠ بۆ جاری دووهەم سەردانی دەرەوەی وڵاتی کرد و تەشریفی هاتە فەنلاندیش. من بەهۆی کوڕەکانی کاک میرۆ و کاک ئەمیر کە هاوڕێی حیزبیمانن، بەختی ئەوەم هەبوو لە نیزیکەوە بە خزمەتی بگەم و دیمانەیەکیشم بۆ کوردکاناڵ لەگەڵیدا ئامادە کرد کە هیوادارم لە ئەرشیڤدا مابێ. پیاوێکی ڕێکوپێک، بەڕێز و خۆش مەشرەف بوو. کە خۆم پێ ناساند و گوتم خەڵکی ئاوایی "پیروەلی باغ"م، تاوێک ڕاوەستا، هەناسەیەکی هەڵکێشا و بە حەسرەتەوە وتی؛ "ڕەنگە شێست ساڵ لەوە پێش لەو پیروەلیباغەی تۆوە دەستم پێ کرد، حاجی محێدین ڕەفیقم بوو و بۆ شاییەکەی لێی گێڕابوومەوە و چووم." زۆر بە تەسەلی ئەو بیرەوەرییەی لە بیر مابوو و بۆی گێڕاینەوە. کاک برایم کە دوای ساڵانێک پێشمەرگایەتی و برینداری گەڕایەوە بۆ مەهاباد، وەک چۆن بە هەڵسوکەوت و هونەرەکەی لە پاراستنی فەرهەنگ و هونەری نەتەوەکەیدا بەردەوام بوو، بە هزر و فکریش هەروا وەفاداری حیزبەکەی و ڕێبازی خەباتی ڕزگاریخوازانەی نەتەوەکەی مابۆوە. شانازی بە ڕۆژانی پێشمەرگایەتی خۆی و کوڕەکانییەوە دەکرد. دەیگوت؛ "گەورەترین ئیمتیازی ژیانم کە سەوادی خوێندن و نووسینە لە ژێر سێبەری گەورەی حیزبی دێموکراتدا دەستەبەرم کردووە و ئەوە گەورەترین شانازییە بۆ من". دەیگوت؛ "سەرەڕای ئەو هەموو ساڵە، هەمیشە دڵم لەوێیە و لەکاتی گۆرانی گوتنیشدا کە ئەو ڕۆژانەم وەبیر دێتەوە و دەڵێم "ئاتەش"، مەبەستم هەیە و دەشزانم خەڵک لە مەبەستم دەگەن." 

"ئاتەش" وشەی باوی سەر زاری کاک برایم بوو لەو کاتەدا کە کۆڕی مۆسیقا گەرم دەبوو یان وەک وشەی هاندان بۆ گەرمکردن و ڕێکخستنی کۆڕی موزیک بەکاری دەبرد. ئەم ڕەمز وشەیە هاوکات باری ڕەزمیی بە بەزم دەدا و لە زەین و بیری بیسەردا بیرهێنەرەوەی هێرش و پەلاماری پێشمەرگە بۆ سەر هێزی داگیرکەر بوو. ئەوەش هەوڵێک بوو لەلایەن هونەرمەندەوە بۆ ئەوەی لەژێر زەبروزەنگی دەسەڵاتی داگیرکەریشدا بە هونەرەکەی خەبات و بەرخۆدان وەبیر گەلەکەی بێنێتەوە.  

کاک برایمی قادری سەرەنجام ئێوارەی ڕۆژی ٢٠ی نۆڤامبری ٢٠٢٤ لە شاری مەهاباد کۆچی دوایی کرد. ڕۆژی دواتر لەنێو ئاپۆرای بەرینی خەڵکی کوردستان، بە بەشداریی ژمارەیەکی بەرچاو لە هونەرمەندان و هونەردۆستان، لەحاڵێکدا کە کوڕان و کچانی نیشتمان وەک پشکۆکانی قەقنەسی ئاتەشێک کە سەر لەنوێ بڵێسە بستێنێتەوە، بەجامانە و جلوبەرگی پێشمەرگانەوە تەرمەکەیان لەسەر شان دانا و لە گۆڕستانی هونەرمەندانی شاری مەهاباد بەخاکی پیرۆزی کوردستانیان ئەسپارد. 

 یاد و ناو و تێکۆشانی فەرهەنگی و سیاسیی کاک برایمی قادری بە دڵنیاییەوە بۆ هەتاهەتایە لە هزر و یادی گەلەکەیدا بە گەورەیی و نەمری دەمێنێتەوە. 

بابەتی نوێ:

بۆچی دوا پێنج‌شەممەی ساڵ ڕۆژی سەردانی گڵکۆی ئازیزانە

  لەنێو کۆمەڵگەی کورد و ئێرانییەکانیشدا باوە کە بەتایبەت ئێوارەی ڕۆژانی پێنج‌شەممە سەردانی وێنەی کێلێک لە لوڕستان گڵکۆی مردووەکانیان دەکەن و...