۱/۳۱/۱۳۹۶

شەڕی نێوان مرۆڤ و کەڵ

(خوێندنەوەیەکی دیکە بۆ بەیتەکانی سەیدەوان و خەج و سیامەند)
بەیت لە ئەدەبیاتی کوردیدا دەکرێ بە شێوەی جیاواز و بۆ مەبەستی جیاواز مامەڵەی لەگەڵ بکرێ. وەک دەقێکی ئەدەبی، وەک هەوایەکی کۆن یان وەک خوڵقاوێکی مێژوو. بەم روانگەیەی دوایی دەکرێ کەلک لە بارە مێژووییەکەشی وەرگیرێ بەڵام بەیت بە تەنیا مێژوو نییە. تەنانەت ئەو بەیتانەش کە مێژوویان روون و دیارە. هۆکارەکەش ئەگەر لە لایەک بۆ نەخوێندەواریی بەیتبێژ و ئامانجی لە دانانی بەیتەکە کە تۆمارکردنی مێژوو نەبووە، لە لایەکی دیکە بە دەگمەن بەیتێک وەک خۆی سینگ بە سینگ گواستراوەتەوەو بە دەست ئێمە گەیشتوە. بەیتەکان نەک هەر لە بواری زمان و وشە بەڵکو لە ناوەرۆک و تەنانەت ئەو مەبەست و ئامانجەش کە بەیتەکەی بۆ گوتراوە، زۆر جار گۆڕانیان بە سەردا هاتوە. گۆڕانی ئایین، کەلتور، سڕانەوە یان کاڵبوونەوەی ئەو نرخ و بەهایانەی کە لە سەردەمی خۆی دا بەیتەکەیان بۆ داڕێژراوە، بەشێک لە هۆکارەکانی گۆڕانی ناوەرۆکی بەیتەکانن. هەر بۆیەش ئێمە زۆر جار بۆ لێکدانەوەی هۆکاری خوڵقانی بەیتێک، تووشی ئاڵۆزی و دەستەوەستانی دەبین. سەیدەوان و خەج و سیامەند دوو بەیتی لەمێژینەن کە ئەگەرچی توانیان لە گەرداوی گۆڕانی ئایین و کەلتور بە درێژایی مێژووی خوڵقانیان دەرباز بن، بەڵام ئەو باوەڕ و بەهایەی کە بەیتەکانی لە سەر داڕێژراوە، نەک هەر بۆ وەچەی ئەم سەردەمە بەڵکو سەدان ساڵە کە ئیدی نرخ و بەهای کۆمەڵگای کوردستان نییە.

 سەبارەت بە هەردوو بەیت و هەر دوو چیرۆک، هەتا ئێستا زۆر نووسراوە و زۆر گوتراوە بەڵام رەنگە هێشتا گرێ و گۆڵی وەهایان تێدا مابێ کە لێمان بخوازێ زیاتریان قسە لێ بکەین و بیانکەینەوە. بۆ وێنە ئەمن هەتا ئێستا زۆر جار بیرم لە وڵامی ئەو پرسیارە کردوەتەوە کە ئاخۆ تاوانی عەبدولعەزیزە کۆرەی داسنی چی بوو کە ئاوا کەوتە بەر غەزەبی خودا و یەک بە یەک جگەر گۆشەکانی لێ ئەستاند؟ نەک هەر لێی ئەستاند تەنانەت وای کرد کە سەیدەوان و بە وتەیەک سەیدەوان و مەلکەوان بە دەستی خۆی بکووژێ. بەیتبێژ بە ئێمە دەڵێ کە عەبدولعەزیز تووشی غەڕڕەیی هاتبوو و لەخۆی بایی ببوو. دەڵێ دەیویست لە رۆژێکدا سێ بووک بۆ سێ کوڕان بێنێ و خوا ئەوەی پێ خۆش نەبوو. بەڵام ئەمن نەمتوانی باوەڕ بکەم کە ئەو کارەی عەبدولعەزیز گوناه یان گوناهێکی هیندە گەورە بێ تا خوا ئاوا سزای بداو جەرگی خۆی بە دەستی خۆی پێ داخ بکا. ئەو عەزابە تەنانەت بۆ ئەو تێکستەی بەیتەکەش هەر عەزابێکی گەورە و لە ئینساف بەدەرە کە دەڵێ دوای ئەوەی نێچیرەوان پەردوگیر دەبێ و دەمرێ، عەبدولعەزیز شایی بە شین ناگۆڕێتەوەو بووک لە کوڕی نێونجی مارە دەکا.

هەمان سزای قورس و بە رواڵەت بێ هۆ لە بەیتی خەج و سیامەندیشدا دەبینین. سیامەند بە هەر کام لە دوو هۆی ئێرەییبردن بە کەڵی بچووک یان بۆ دابینکردنی خواردن، راوی کەڵەکێوی دەکا. بە تیر دەیئەنگێوێ بەڵام ناتوانێ سەری ببڕێ و بە لینگەفرتە یان بە شاخی کەڵەکێوی لە سەر چیای سیپانەوە فڕێ دەدرێ. ئەم سزایەش هێشتا  بەس نییە. لە کەوتنە خوارەوەدا دەکەوێتە سەر پەلی تیژ و، دارەبەن و لەشی بە برینان کونکون دەکا. بە جۆرێک کە "کۆترە باریکە دەتوانێ لەنێو برینی هەرە بچووکی لەشیدا هێلانە بکا". بیسەر دیسان پرسیار لە خۆی دەکا کە ئاخۆ تاوانی سیامەند چی بوو کە بەیبتبێژ ئاوا سزای دەکا؟ ئاخۆ ئەم سزا قورسە بارتەقای کام گەورە تاوان و گوناهی ئەوە؟

ئەم بابەتە بە دوای وڵامی ئەو پرسیارانەدا دەگەڕێ.

سەیدەوان و خەج و سیامەند ئەگەرچی لە ناوەرۆک، شێوەی داڕشتن و زۆر لایەنی دیکەش جیاوازن، بەڵام سزای قورسی قارەمانانی بەیت، تاکە خاڵی هاوبەشیان نییە. بوونی کۆمەڵێک خاڵی هاوبەش لە نێوانیان دا وای کرد کە لەم بابەتەدا بە یەکەوە کۆیان بکەمەوە. لە راستی دا ئەم هاوبەشیە بۆچوونەکانی منیان پتەو کرد و هانیان دام کە ئەم بابەتە بنووسم:

- هەردوو بەیت، رووداوی تراژدین.

- هەردوو بە هاوسەرگیری یان بە مەیلی پێک گەیشتنی کچ و کوڕ دەست پێ دەکەن.
- لە هەردوویان دا خەون و گوێ نەدان بە خەون، هۆکاری کۆست و کارەساتن.
- هەردوو تراژدی بەرهەمی راون
- قارەمانانی هەردوو بەیت دەیانهەوێ ڕاوی نێریێ کێوی بکەن و سەرکەوتوو نابن.
- لە هەردوو رووداو دا، دوای سەرنەکەوتنی ڕاو، ڕاوی نێریێ کێوی سەرکۆنە کراوە.


بەو پێیە دەبینین کە تاوانی هاوبەشی قارەمانانی هەر دوو بەیتی سەیدەوان و خەج و سیامەند، ڕاوی نێری یا کەڵە کێویە. هەڵبەت نێری و کەڵەکێوی هەر یەکن. یەک لە واتاکانی کەڵ، نێریێ کێوییە. "کەڵ" وەک "کوور"، ناوی دیکەی نێریێ کێویە. ناوێک کە هەتا ئێستاش بۆ وێنە لە ناوچەی کرماشان بۆ ئەو گیاندارە بە کار دێ. بەڵام بەشی زۆری بەیتبێژان لە گواستنەوەو گوتنەوەی بەیتی خەج و سیامەند دا تووشی هەڵە هاتوون و کەڵی نێری بزنە کێوییان لە گەڵ کەڵی جووتێ لێ تێکچووە.  تەنانەت "شیراز"ی نووسەری ئەرمەنیش کە بەیتەکەی لە کوردان فڕاندوە، تووشی هەمان هەڵە بووە. ئەم هەڵەو لێ تێکچوونەش بۆ ئەو چەند هۆیەی خوارەوە دەگەڕێتەوە:

١- لە بنەڕەتی بەیتەکەدا لە جیاتی نێریێ کێوی، کەڵ یان کەڵەکێوی هاتوە کە دواتر لە زمان و ئاخاوتنی رۆژانەدا وشەی کەڵ زیاتر بۆ نێرینەی گامێش بە کار هاتووەو جێی بە واتای نێری لێژ کردوە.

٢- بەیتبێژ ململانێی سیامەند لە گەڵ نێریێ کێوی و هەڵدێرانی بە شەقۆن یان لینگە فرتەی نێری بە کەم و  بە لاوازیی قارەمانی بەیتەکە زانیوە. لە حاڵێک دا شوێنی رووداوەکە شاخ و ڕەوەزە، بەیتبێژ سەرنجی بەوە نەداوە کە کەڵ و گامێش ناوچەی گەرم و کەناری رووبار و زۆنگاوەکان بۆ ژیان هەڵدەبژێرێ نەک سەر دوندی چیای سەخت و هەڵەمووتی سیپان.

٣- رۆڵی نێریێ کێوی و خراپیی ڕاو و کوشتنی، لە باوەڕ و دینی خەڵک دا و بەو پێیەش لە بەیتەکەدا کاڵ بووەتەوە و گرینگی نەماوە. لە دینی ئیسلام دا نێری و بزنەکێوی لە ریزی گیاندارانی حەڵاڵ گۆشت دایەو دوای هاتنی ئیسلام بۆ کوردستان ڕاوی نێری و بزنە کێوی حەرامەتی بە سەرەوە نەماوە. بەو جۆرە راوی کەل و بزن لە تابۆوە بۆ توانایی راوکەر گۆڕدراوە.

 لە راستی دا هەر دوو بەیت دژ بە راوی نێری و بزنە کێوی خوڵقاون لە حاڵێک دا بە درێژایی چەند سەدەی دوایی، ئەو سزا قورسە ئاسمانیانەی ناو هەر دوو بەیت لە سەر کوشتنی نێریێ کێوی، بۆ گوێگر و تەنانەت بەیتبێژ خۆیشی، بێ واتا و رەنگە گاڵتەئامێز بووبێ. هەر بۆیەش بەیتبێژ هەوڵی داوە هۆکاری سزاکان بۆ غەڕڕەیی و لە خۆ بایی بوونی قارەمانانی بەیت بگەڕێنێتەوە. قورسایی باری تراژدیی مەرگی قارەمانانیش، وای کردوە کە ئامانجی سەرەکیی بەیتەکان کە سەرکۆنەکردنی راو و کوشتنی نێریێ کێوییە، لە بەیتەکان دا کاڵ بێتەوە. بەیتبێژی دواتری بەیتی خەج و سیامەند، کەڵی نێری گامێشی لە زۆنگاوەکانی مێزۆپۆتامیاوە تا سەر دوندی چیای سەختی سیپان هەڵکێشاوە و لە جێگای کەڵی بە واتای نێری داناوە بێ ئەوەی گوێگر هەست بەو گۆڕانەو خەتای ئەو گۆڕینە بکا. تا ئاستێک کە هێندێک بەیتبێژ بە تەواوی ناوەرۆکی بابەتەکەیان پێچەوانە کردوەتەوە. بۆ وێنە لە خەج و سیامەند بە راوێژی مام ئەحمەدی لوتفی دا خەج، سیامەند لە هێزی کەڵ دەترسێنێ و هانی دەدا کە لە جێی کەڵ، بچێ ڕاوی نێریێ کێوی بکا؛

کوڕە نەچیە سەر رێگای کەڵە کێویی چقری یاغی بوو، بۆ کەس نایەتە بن بەند و داوە
پێم وا نییە تیر بیبڕێ ئەو ماڵە ساحەب بە قوڕێ گیراوە
شێتە، دێوانەیە، وەحشیە، جانەوەرێکە دایمە لە شاخ و کێو ماوە
نەتبیستووە کەڵی یاغیی کێوی، بێتە سەر رێگای سەت سوار
هەموو دەبنەوە پەرێشان و دەیکەنەوە بڵاوە
بۆچی نە بە کەس گیراوە نە بە کەس کوژراوە
کوڕە دەستی منت داوێن بێ، بچۆ ڕاوی نێرییە کێویان
بە دەمیان هەڵدەپسێنن وەنەوشەو
بە ئەستۆیان هەڵدەبڕنەوە گیابەند و خاوە

بەڵام سەرەڕای ئەو شێوانەی رۆڵی نێریێ کێوی لە بەیتەکەدا، باری پیرۆزیی ئەو ئاژەڵە و تەنانەت پێوەندیی نێوان ئەو و ئاو کە رەگی لە ئایین و باوەڕی کۆمەڵگای سەردەمی خوڵقانی بەیتەکە دایە، هەروا خۆی نیشان دەداتەوە؛

مبارەکن ئەوانە
زەمانی ئەسحابان، ئەوان لەوانە چوونەتە ڕاوە
ئێوارەو سبحەینان دێنەوە سەر گۆم و گۆمیلکەی دە بەفراوە

 ئەوە تەنیا مام ئەحمەد نییە کە ناوەرۆکی بەیتەکەی لێ شێواوە. لە راوێژی حەمەدی ئاغای دا کە رادیۆی کوردیی تاران کردویەتی بە بنەمای چیرۆکی شەو، نەهیێ لە ڕاوی کەڵە کێوی کراوە بەڵام ئەم نەهی لێکردنە پێچەوانە بووەو لە پیرۆزبوونەوە بۆ شووم و بەدفەری هەڵگەڕاوەتەوەو لە زمان خەجەوە دەڵێ؛

چەندم پێ گوتی ئامۆزا راوی کەڵەکێویان پەسەند نییە
هەر لە قەدیمەوە پێشینیان بە نەحس و بەدفەڕیان زانیوە

سەرەڕای ئەو شێوان و بەراوەژوبوونە، لە نیزیک بە تەواوی راوێژەکان دا، خەج ڕازی بەو ڕاو و شکارە نییەو هەوڵ دەدا سیامەند پاشگەز بکاتەوە. لە راوێژی عەلی کەردار دا، خەج بە سیامەند دەڵێ؛

ئەوە بە تۆم دەگوت سیامەند تفەنگی خۆت ماوێ
ئەمن گۆشت نێچیری کەڵەکێویم لە تۆ ناوێ
ئەتۆ بە قسەی منت نەدەکرد، تفەنگی خۆت داویشت و لە کەڵەکێویت دەدا
لە کەلەکەی چەپەی خوێن بە جۆش هەڵداوێ

 

 لە راوێژی حەسەن سیساوەیی دا کە بە پێچەوانەی راوێژەکانی موکریان، نێری جێگای کەڵ دەگرێتەوە، بەیتبێژ وەک شین بۆ خەج و سیامەندان، شینی نێریێ کێویش دەکا و دەڵێ:

نێری ماروێران دە شاخێ عاسێ لە بەر برینۆکی خۆ هەر دەنارێنی
نێری بە زمانۆکی خۆ خوێنی لە دامەنی خۆ لێسیتەوە
نێری چەن دژوارە! چەن هەژارە! چەن بریندارە! چەن غەریبە! چەن مەلوولە!


  بەڵام ئەگەر لە خەج و سیامەند دا باری خۆشەویستی و دڵداری و لاواندنەوەی گراوی بۆ کوڕە حەیران، باڵی بە سەر مەبەستی سەرەکیی بەیتەکەدا کێشاوە، لە بەیتی سەیدەوان دا ڕاوی نێریێ کێوی، ئەو کۆستەی ڕاوی نێری بە سەر قارەمانی بەیتەکەی دا دێنێ و دوا جار پەژیوانی لە ڕاوی نێری بە ڕوونی و بەردەوام لە پەیامی بەیتەکەدا بەر گوێ دەکەوێ. سەرنجراکێشە کە ناوی لانیکەم دوو لە سێ کوڕەکەی عەبدولعەزیزی داسنی پێوەندیان بە ڕاو و شکارەوە هەیە و واتای راوکەریان هەیە. وا دیارە باوک کوڕانی خۆی بۆ ڕاو و شکار ئامادە کردوە بەڵام دوا جار هەرسێکیان بە شێوەیەکی تراژیک دەمرن یان بە هەڵە، بە دەستی خۆی دەیانکوژێ. لە راستی دا راوکەران ڕاو دەکرێن. باوک نەک هەر جوقەواری کوڕە راوکەرەکانی دەبڕێ بەڵکو بۆخۆیشی تۆبە لە راو دەکا. ئەمە بە جۆرێک قۆناخی گواستنەوەی ژیانی مرۆڤ لە راوچییەتیەوە بەرەو ئاژەڵداری و دواتر جووتیاری و وەرزێری دەگەیەنێ. بەڵام بەیتی سەیدەوان پێش ئەوەی پێوەندی بە نەهی لە ڕاو و شکار بە گشتی هەبێ، دژ بە ڕاوی نێریێ کێوی داڕێژراوەو هەوڵ دراوە بە پێی باوەڕ و ئایینی باو، گوێگر لە ڕاوی ئەو ئاژەڵە بترسێنێ و بتارێنێ. لە راوێژی سەیدەوانی حەمەدی ئاغای دا کە ئەمن بە وێچووترین تێکستی ئەو بەیتەی دەزانم، عەبدولعەزیز شەوی پێش کارەساتەکە، خەونێکی ناخۆش دەبینێ و ئاوا خەونەکەی دەگێڕێتەوە:

ئەمن ئەوشۆم خەونێک دیوەو لە من وایە ئاخری بەهارێیە
دەگەڕام لە تیلەگی دە کوێستانان
قەت وەگیرم نەدەکەوت قولێک گیا بەشی باقەبێنێ (ڕاوێژی حەمەدی ئاغای)

ئەم خەونە راستەوخۆ پێوەندیی نێوان بەیتەکە و مەترسیی وشکەساڵیمان پێشان دەدا. هەروەها پێوەندیی نێوان نێریێ کێوی و تەڕەساڵی کە کوشتنەکەی دەرەنجامی پێچەوانەی لێ دەکەوێتەوە. ئەمەش رەگی لە باوەڕی کۆن و لەمێژینەی دانیشتوانی سەر زنجیرە کێوەکانی زاگرۆس دایە کە دواتر زیاتری هەڵوەستە لە سەر دەکەم.

 عەبدولعەزیز بەو خەونە وشیار دەکرێتەوە، بەڵام بە پێچەوانەی ئەو هەڵێنجانە لە بەیتەکە کە پێی وایە لە شایی گرتن و بووک گواستنەوە و بایی بوون نەهی کراوە، لە ڕاوی نێریێ کێوی و پێوەندیی نێوان کوشتنی ئەو ئاژەڵە و داهاتنی وشکەساڵی وشیار کراوەتەوە. ڕاوێک کە دەبێ گۆشتی میوانەکانی سێ داوەتی پێ دابین بکا. عەبدولعەزیز گوێ بەو خەونە نادا و شایی بۆ کوڕان ساز دەکا. بە ڕواڵەت تاوانی ئەم گوێ بە خەون نەدانە بە مەرگی کوڕی نێونجی دەداتەوە و بە رەوایەتێک نێچیرەوان پەردوگیر دەبێ و دەمرێ. وێچووترین تێکست لەم بارەوە ئەوەیە کە دەڵێ عەبدولعەزیز لە حاڵێک دا کە بەرەو ڕاوی کێوییان وەڕێکەوتبوو، هەواڵی مەرگی نێچیرەوانی پێ دەدرێ؛

ئەمن وەگەر دەستم دەداوە تفەنگێ
رووم دەکردەوە چیایێ مەغڵووبێ داسنیان
زەینێکە خۆم دەداوە بازی دە کێویان
بانگیان دەکردم دەیانگوت عەبدولعەزیز وەرە بگەڕێوە
کوڕی نێونجیت پەردوگیر بوو لە باڵ بووکێ نەهاتە دەرێ (ڕاوێژی حەمەدی ئاغای)

دەستی ئاسمانی، نێچیرەوان لە عەبدولعەزیز دەستێنێ تا لە ڕاوی نێریێ کێوی بیپرینگێنێتەوەو بیگەڕێنێتەوە  بەڵام ئەو تەسلیم نابێ. کۆست و خەمی مەرگی نێچیرەوان وەسەر خۆی ناهێنێ و داوا دەکا شایی و هەڵپەڕکێ بەردەوام بێ. بۆخۆیشی بەرەو چیا و ڕاوی نێریێ کێوی درێژە بە رێگای خۆی دەدا. لە یەکەم هەوڵی دا بۆ کوشتنی نێریێ کێوی، هەمان دەست کە نێچیرەوانی لێ ئەستاندبوو، بە هەڵەی دا دەبا. عەبدولعەزیز کاکۆڵی مەلکەوانی لە گەڵ ردێنی نێری لێ تێکدەچێ. تەقە لە نێچیر دەکا بەڵام ئەم نێچیرە، کوڕە بچووکەکەی خۆیەتی. کوڕ دەپێکرێ و بە دەستی باوک دەکوژرێ. بەو حاڵە دیسان تەسلیم نابێ و واز لە ڕاو ناهێنێ. جارێکی دیکەش تووشی هەمان هەڵەی ماڵوێرانکەر دەبێ. جارێکی دیکەش لە بری نێریێ کێوییەکی دیکە، کوڕێکی دیکەی خۆی دەکوژێ. بەم جۆرە سەیدەوانیش دەکوژرێ و باوک هەر سێ کوڕی خۆی لە پێناو ڕاو و شکاری نێریێ کێوی دا لە دەست دەدا بی ئەوەی بتوانێ نێچیرێک بپێکێ.

ئەگەر لە خەج و سیامەند دا نێری بۆخۆی بەرگری لە خۆی دەکا و تەنیا دارەبەن لە ئەستاندنەوەی تۆڵەی دا یارمەتیدەرێتی، لە سەیدەوان دا دەستێکی غەیبی و پارێزەرێکی ئاسمانی کەڵەکێوی دەپارێزێ. دەستێک کە بەردەوام هەوڵ دەدا قارەمانی بەیت لە ڕاوی نێری دوور بخاتەوە. جار لە دوای جاریش نرخی ئەم وریا کردنەوانە بۆ عەبدولعەزیز قورستر دەبن. بەڵام عەبدولعەزیز پێڕەوی ئایینی بەیتبێژ و گوێگرانی نییە کە ڕاو و کوشتنی نێریێ کێوی تێیدا حەرام و گوناهە. گوێ بەو وریا کردنەوانە نادا. دەستە غەیبیەکە سزای قورستری دەدا و پێی نیشان دەدا کە کوشتنی نێریێ کێوی بۆ ئەو، هیندەی کوشتنی کوڕ بە دەستی باوک، بە ژانە. دەستێکی ئەوەندە بە هێز کە هەر دەڵێی هەموو جارێ نێری لە بەر سێرە و تیری عەبدولعەزیزی راوکەر هەڵدەگرێ و یەک لە کوڕانی خۆی لە جێ دادەنێ. سەرەنجام عەبدولعەزیز لەم ململانێیەدا بە تەواوی دەدۆڕێ و دەشکێ. ئەگەرچی ئیدی هیچی نەماوە لە دەستی بدا، بەڵام پەشیمانە و تۆبە دەکا. نەک هەر تۆبە لە ڕاوی نێریێ کێوی، لە هەموو راوێک، بە تایبەت لە ڕاوی بە تفەنگێ؛

شەرت بێ لە پاش سەیدەوان و نێچیرەوان و وەلکەوانان
نێری لەسەر سەری ئاناهیتا
لە خۆم حەرام کەمەوە راوی دە تفەنگێ
دەگەڵ ئی نێریێ بەلەبۆزە (ڕاوێژی حەمەدی ئاغای)

یان:

شەرت بێ رۆڵە سەیدەوان لە پاش ئێوە
دە لاقم نەکەم چەکمان
دە شانم نەکەم تفەنگی سێ تیر و
تازە ناچمەوە ڕاوی ئەوان کێویانە (ڕاوێژی عەلی کەردار)

یان؛

شەرت بێ ئەمن لە پاش کاکە سەیدەوانی
لە خۆم نابەستم تفەنگی شەش خان و
روو ناکەمەوە چیایێ مەغڵوبی داسنیان
ناکەمەوە ڕاوی نێرێ بەلەکوورە (راوێژی حەمەی بەیتان)

 باوەڕ و ئایینی بەیتبێژ و گەورەیی و بە دەسەڵاتیی خوای نێریێ کێوی لەو ململانێیەدا سەر دەکەوێ و عەبدولعەزیز هۆزی داسنیان بە جێ دێڵێ کە ڕاوی نێریێ کێوی تێیدا رێگە پێدراوە؛

شەرت بێ لە پاش سەیدەوان و نێچیرەوان و وەلکەوانان
چیدیکە دەگەڵ قەومی داسنیان دانەنیشم و
دەگەڵیان نەکەم جێژنە پیرۆزە (راوێژی حەمەدی ئاغای)


 

کەڵەکێویی پیرۆز

 کوردستان وڵاتێکی شاخاویە. بزنە کێویش وەک ناوی خۆی بە خۆوەیەتی، لە گەڵ ئەم شاخ و هەڵەمووت و بەندەنانە تەبا و گونجاوە. دەڵێن هەر جێیەک باران لێی بدا، ئەوە ئەویش دەتوانێ پێیدا هەڵگەڕێ و پێیدا بڕوا. لە مەودایەکی بەرینتردا لە بەحری رەشەوە هەتا کەنداوی فارس کە بە زنجیرە کێوەکانی زاگرۆس لێک گرێ دەدرێن، مەوتەنی ئەو ئاژەڵە کێویە بووە. ئەگەرچی ڕادەی ئەم ئاژەڵە بە هۆکاری جۆراوجۆری وەک ڕاو، بەرتەسک بوونەوەی شوێنی ژیان و ئاڵۆزی و شەڕ لە کوردستان یەکجار لە کەمێی داوە بەڵام هێشتا لە هێندێک ناوچەی وەک بارزان لە باشووری کوردستان، کرماشان و بێستوون لە رۆژهەڵات و ناوچە شاخاوییەکانی باکووری کوردستان، رازێنەرەوەی سروشتی کوردستانە.  بوونی ئەم ئاژەڵە لە کێو و چیاکان و لە پاڵ دانیشتوانی ئەم هەرێمە، هەر لە بە تۆتم بوونی لە کۆمەڵگا سەرەتاییەکانەوە تا چوونە ناو ئایین و پیرۆز کردنی لە ناو ئایین دا، شوێنی لە سەر مرۆڤەکان و پێوەندیی نێوان مرۆڤ و کەڵەکێوی داناوە. تا ئاستێک کە تەنانەت بۆچوونێک پێی وایە ناوی کورد لە وشەی "کوور"ی بە واتای نێری داکەوتوەو ئەوەش دەگەڕێتەوە سەر هەڵبژاردنی تۆتم و نیشانەی کوور یان نێری لە لایەن کۆمەڵگای سەرەتایی دانیشتوانی ئەو هەرێمەوە. (کوردۆخ = کوور/داخ؟)

لە ناو ئەو دەفر و ئامانانەی کە لە بنکە و تەپۆڵکە مێژووییەکانی ئێران دا دۆزراونەتەوە یان ئەو نەخشانەی لە سەر بەرد و خشت و دیوارە مێژووییەکان کێشراون یا
نەخشی نێری لە سەر بەڕە
هەڵکەندراون، رەنگە وێنەی هیچ گیانلەبەرێک بە رادەی وێنەی بزن و نێری کێوی بەرچاو و زۆر نەبێ. وێنە و نەخشی بزن بە تایبەت نێریێ کێوی چ بە شێوەی ئاسایی و چ لە جۆری ئەفسانەیی بە وێخستنی پەڕ و باڵ و.. بەرچاو دەکەوێ. لە سەر دیوار و کەلوپەلە دۆزراوەکانی سێ بنکەی مێژوویی موکریان واتە حەسەنلوی نەغەدە، ئیزیرتوی بۆکان و زێویەی سەقز کە رەنگە ئاخێزگەی دوو بەیتی بەر ئەم باسە بێ، نەخش و نیگاری نێری زۆر دیار و بەرچاوە. بە تایبەت لە بنکەی مێژوویی ئیزیرتوی نیزیک بۆکان دا نێری زەقترین ئاجوری رەنگیی قەڵایچی‌یە و شاخەکانیشی بە سەر زۆربەی شکڵ و شێوەکان دا کێشراوەتەوە. هەمان نەخش کە هونەرمەندانی بۆکانی لە ناوەندی شارەکەدا تابڵۆیەکی جوانیان لێ نەخشاندوەو بەرەبەرە خەریکە دەبێ بە نیشانەی ناسراو بۆ ئەو شارە رازاوەیە.

 وێنەی بزن یان نێریێ کێوی هەروەها لە سەر فەڕش و بە تایبەت بەڕەی کوردیش دا دەبیندرێ و بەرچاوە. ئەمانەش پیرۆزایەتیی ئەو ئاژەڵە لە ناو باوەڕی کۆمەڵگای کەونارای کوردستانمان بۆ دەسەلمێنن. پیرۆزایەتیەک کە هەتا ئێستاش ئاسەواری لە هێندێک ناوچەی کوردستان دا هەر ماوە. بۆ وێنە لە ناوچەی بارزان ڕاوی بزن و کەڵە کێوی قەدەغەیە یان ئەندامانی هۆزی باونە لە دۆڵی رۆستی ناوچەی باڵەکایەتی پێیان وایە بە خواردنی گۆشتی ئەو ئاژەڵە نەخۆش دەبن و گۆشتەکەی ناخۆن.

زیاتر لە سەدا نەوەدی بەردە هەڵکەندراوەکانی ناو چیاکانی زاگرۆس هەر لە کۆساڵانی مەریوانەوە تا بلوچستان بە وێنەی بزن و بە تایبەت نێریێ کێوی رازاونەتەوە. پڕانیی ئەو هەڵکەندراوانەش لە نیزیک کانی و سەرچاوەکانی ئاو هەڵکەوتوون. ئەوەش پێوەندیی نێوان ئەو ئاژەڵە لە گەڵ ئاو و بەو هۆیەوەش لە گەڵ ئاناهیتا، خواژنی ئاو و پاراوکردن لە ئایینی کۆنی دانیشتوانی هەرێمی زاگرۆس، نیشان دەدا. خواژنێک کە ئێرانیەکان بە پێڕەوی لە ئیشتار، خواژنی بابل بۆخۆیان هەڵبژارد.

ئاناهیتا ژن-خودای ئاو و ئەوین و بەرهێنانە. لە سەر هەرد نوێنگەی خواستی ئاو، زاوزێ و بەرەکەتە. لە دابەشکاریی هەسارەکان دا، هەسارەی "زۆهرە" هی ئاناهیتایە. نێری یان کەڵەکێوی ئاژەڵی تایبەتیی ئەو ژن-خودایەیە. لە خۆشەویستیی زۆری ئەویشە کە ڕاوی کەڵەکێوی تا ئەو ڕادەیە سەرکۆنە کراوە. بەو پێیەش لە پشت هەر دوو شاکاری خەج و سیامەند و بە تایبەت سەیدەواندا بۆچوونێکی ئایینی خۆی مەڵاس داوە. بەڵام ئەو ئایینە نا کە بەیتبێژی موسوڵمان بە تایبەت لە سەیدەواندا گەرەکیەتی بە بیسەر و بەردەنگی خۆی بڵێ. باسی ئایینێکە کە تێیدا کەڵەکێوی گیاندارێکی پیرۆزە. ئاژەڵێک کە هی خواژنی ئاوە. تێری و بە کەیفیی ئەو ئاژەڵە لە سەر هەرد، نیشانەی رەزایەتی ژن-خودا ئاناهیتایە کە هێزی بەرگرتن و بەرهێنان بە زەوی و بە گیاندارانی دیکە دەبەخشێ. سروشتییە لە روانگەی پێڕەوانی ئەم باوەڕە، کوشتنی ئەم ئاژەڵە، شووم و بەد فەڕە. دەتوانێ تووڕەیی ژن-خودا و مەترسیی وشکەساڵی لی بکەوێتەوە. بە مەبەستی پارێزگاری لەو ئاژەڵە و لە غەزەبی وشکەساڵی و بۆ  پرینگاندنەوەی خەڵک  لە ئازاردان، راوکردن و کوشتنی نێریێ کێوی، دوو شاکاری ئەدەبی - هونەری خوڵقاون. دوو شاکاری ئەوەندە بەهێز کە گەرد و بادی مێژووی نەتەوەیەکی نەخوێندەواریش نەیتوانی بە بای فەرامۆشییان بسپێرێ.

 کەواتە مێژووی خوڵقان و داکەوتنی هەردوو بەیتی سەیدەوان و خەج و سیامەند بۆ ئەو سەردەمە دەگەڕێنەوە کە هێشتا کۆمەڵگای کوردستان دینی ئیسلامی وەرنەگرتووە، نێریێ کێوی هەر وا ئاژەڵی خواژن هانایە و کوشتن و راوکردنی، بێ بارانی، وشکەساڵی و قاتی و قڕان بە سەر خەڵک دا دێنێ.

 

ژێدەر:

- بەیتی خەج و سیامەند بە راوێژی بەیتبێژان؛ عەلی کەردار، حەمەدی ئاغای، حەسەن سیساوەیی

- سێ بەیتی فۆلکلۆریک - کۆکردنەوەی قادری فەتتاحی قازی

- بەیتی سەیدەوان بە ڕاوێژی بەیتبێژان حەمەدی ئاغای، حەمەی بەیتان، عەلی کەردار

- توتم و تابو - زیگمۆند فرۆید

- چه‌واشه‌‌بوونی به‌یتی خەج و سیامەند - عەلی ئیسماعیل زادە، گۆڤاری مەهاباد ژمارە ١٤١

- بەردە نووسراوەکانی ئێران - محمد ناصری فرد (فارسی)

- مانگە کوردییەکان باشتر بناسین - هیوا ئەحمەدی

- بەڕە، پارێزەری نەخشی بزنە کێوی - عفت السادات افضل طوسی (فارسی)

۱/۲۴/۱۳۹۶

چوار نوسخە لە بەیتی سەیدەوان

سەیدەوان ( بە ڕاوێژی حەمەی بەیتان)

ئەوە بەهارەو...
چ بەهارێکە لە من بە غلوورە
خۆ من دەچوومەوە سەر قەبری کاکە سەیدەوانی
لە من شین دەبوو شەشپەڕ و شللێرو گەزیزە و نەورۆزەو
سەد ماشەڵڵا دەڵێی گوڵێکی دە سوورە
شەرت بێ ئەمن لە پاش کاکە سەیدەوانی
لە خۆم نابەستم تفەنگی شەش خان و
روو ناکەمەوە چیایێ مەغڵوبی داسنیان
ناکەمەوە ڕاوی نێرێ بەلەکوورە

بەهارێک لە من دادێ عەزیزەکەی لە دنیایەم بەهارە
فەسڵێکە گیا دەگرێتەوە ژەنگێ
خۆ من دەچوومەوە سەر قەبری کاکە سەیدەوانی
لە بابی خۆی زیز بووەو
هەر ناکاتەوە دەنگێ
خۆ من لە پاش سەیدەوانی
لە خۆم حەرام دەکەم ڕاوی دە کێویان‌و
جودا لە ڕاوی دە تفەنگێ

بەهارێک لە من دادێ‌و چ بەهارێکە لە من بە بەفر و بە بارانە
خۆ من دەچوومەوە سەر قەبری کاکە سەیدەوانی
لە من شین دەبوو شەشپەڕ و شللێرەو گەزیز و نەورۆزە
 هەرامەتی دانە بە دانە
شەرت بێ ئەمن لە پاش کاکە سەیدەوانی
لە خۆم نابەستم تفەنگی شەش خان‌و
روو ناکەمەوە چیاێێ مەغڵووبی داسنیان
ناکەمەوە ڕاوی بەرانە کێویانە

بەهارێک لە من دادێ عەزیزەکەی لە دنیایەم بەهارە
چ بەهارێکە لە من بە ئاڵۆزە
خۆ من دەچوومەوە سەر قەبری کاکە سەیدەوانی
لە من شین دەبوونەوە شەشپەڕ و شللێرە و گەزیزە و
هەرامەتی گوڵە نەورۆزە
شەرت بێ من لە پاش کاکە سەیدەوانی
لە خۆم نابەستم تفەنگی شەش خان‌و
روو ناکەمەوە چیاێێ مەغڵوبی داسنیان
ناکەمەوە ڕاوی نێرێ بەلەبۆزە

بەهارێک لە من دادێ عەزیزەکەی لە دنیایەم
فەسڵێکە دەوڵەمەندان دەچوونەوە کوێستانێ
خۆ من لە بۆت ئەوە هەڵدەڵێم بە دەزگیرانی مەلکەوانی
سەری هەڵنایەو هەرامەتی لەبەر شەدە لێدانێ

بەهارێک لە من دادێ عەزیزەکەی لە دنیایەم بەهارە
چ بەهارێکە لە من شین دەنوێنی
یاڕەبی خودایە ئەوە نە بکەی، نە بسەبرێنی
کەسانێک نەبوو بڵێ عەبدولعەزیزی داسنی
دەستی تفەنگێت ورد بێ
چاوی دە جاسووسێت کوێر بێ
کوانی سوتنێت لە ئانیشکێ بێ
قامکی پەلاپیتکێت بشکێنی
ئەوە کاکۆڵی کاکە سەیدەوانین
دە سیپەیدا با ڕایدەژێنی

مەلکەوانم مرد دەنگم نەکرد
نێۆچیرەوانم مرد دەنگم نەکرد
سەیدەوانم بە دەستی خۆم کوشت
ماڵە خۆم وێران کرد
مەلکەوانم ڕۆ
نەوچیرەوانم ڕۆ
گەورەی هەزار و پێنسەت ماڵ داسنی
 سەیدەوانە ڕۆ
تا ئەوێ ڕۆژێ خوداوەندی میری مەزن دەگرێ دیوانێ
مەگین بڵێم سەیدەوانە ڕۆ

بەهارێک لە من دادێ عەزیزەکەی لە دنیایەم بەهارە
 چ بەهارێکە لە من چەندە دوورە
کێ دیویەتی لە دەورەتی دە زەمانان
لەسەر سێ کوڕان ڕا بووک بچتەوە ماڵی دە بابان
هەرامەتی هەر بە ڕووی دە سوورە

بەهارێک لە من دادێ عەزیزەکەی لە دنیایەم بەهارەو
چ بەهارێکە لە من چەندە گرانە
عەبدولعەزیزی داسنی ئەوە بانگ دەکاتە دەزگیرانی مەلکەوانی
ڕۆڵە وەرە مەرەخەستێ لە مامی خۆت بخوازەو
روو بکەوە ماڵی دە بابانە
دەزگیرانی مەلکەوانی ئەوە بانگ دەکا مامە
هەڵکێشە خەنجەرێکە دەبانە
بیست و چوار جارانی بگێڕەوە دە جەرگ و دڵانە
ئەمن لە سەر مەلکەوان و نێچیرەوان و سەیدەوانی ڕا
بە چ چاووروێکی بکەمەوە ماڵی دە بابانە

بەهار چیاێێ مەغڵوبی داسنیان
لە من بە لێژە، لە من بە تاتە، هەرامەتی هەر لە من بە بەرزە
خۆ من دەچوومەوە سەر جەنازەی سەیدەوانی
هەر دە خوێنی خۆی دەگەوزا
--------------------------


سەیدەوان بە ڕاوێژی عەلی کەردار


ئەوە بەهارە چ بەهارێکی لە من بە نیێنی
رەبی خودایە ئەتۆ هەوری رەحمەتێ بێنی
لە لای قوبلەی مبارەک
لە داوێنی فەڕەنگی‌یان
لە سەر تاج و هۆبەکەی بابی کاک سەیدەوانی هەڵبڕژێنی
ئەورۆکانە ئەمن زەینی خۆم دەداوە گراوی کاک سەیدەوانی
تۆق و تەلەسم و کرمەکان لە لاجانگێ با رایدەژێنی
یەک لە نەکاو دەیگوت عەبدولعەزیز نێچیرەوانت مردۆ
دەمکوت توخوداکەی کەس دەنگێ نەکا
با دەستی دیلانێ بەر نەبێ
نەوەک دڵی کیژ و کوڕی داسنیان
لە بابی سەیدەوانی بێشێنی

ئەوە بەهارە.. رۆڵە سەیدەوان بەهارە
چ بەهارێکی لە من بە دزی
ڕەبی خودایە ئەوە تو هەوری رەحمەتی بێنی
لە لای قوبلەی موبارەک
لە داوێنی فەڕەنگیان
لە سەر قەبری نێوچیرەوانم هەڵبڕێژی
ئەمن زەینێ خۆ دەکردە سەر قەبری کوڕانم
لێی دەرسکا هەڵاڵە و بەیبوونە لە گەڵ گوڵی دە نێرگزی
تو خودا خزمینە کێ دیویەتی لە دەورەتی زەمانەی دا
باب بە دەستی خۆی کوڕی خۆی بکوژی

ئەوە بەهارە رۆڵە سەیدەوان بابم بەهارە
چ بەهارێکی لە من لە نەکاوێ
ئەمن زەینی خۆم دەداوە ماڵ و مەڕەکەی بابی کاک سەیدەوانی
هەڵیدەداوە لە تیلەگی دە کوێستانێ
بەرامبەر و پێشانم دەبۆ گۆمە دەڵاوێ
ئەمن زەینی خۆم دەداوە نێری بەرانەکەی کاک سەیدەوانم
هەڵدەپسێنێ سەری هەڵاڵە و بەیبوونە و گیاخاوێ
بۆ کەس نەبوو بڵێ رەبی عەبدولعەزیز
چاوی جاسوسیت کوێر بێ
قامکی  پەلاپیتکەت بشکێ
ئەوە سەیدەوانە و تفەنگی خۆت ماوێ

ئەوە بەهارە سەیدەوان بابم بەهارە
چ بەهارێکی لە من شین دەنوێنی
رەبی خودایە ئەتۆ هەوری رەحمەتێ بێنی
لە لای قوبلەی مبارەک
لە داوێنی فەرەنگی‌یان
لە سەر چادر و چیغەکەی بابی کاک سەویدەوانیم هەڵبڕژێنی
یارەبی خودایە ئەتۆ هەڵکەیە بای رەحمەتی
لە غەمی عەبدولعەزیزی دەی
 لە بەحری خوێی تێپەڕێنی
توخودا خزمینە کێ دیویەتی لە دەورەتی دە زەمانەی دا
باب بە دەستی خۆی کوڕی خۆی بکوژێ و دە خوێنێی بگەوزێنی

ئەوە بەهارە رۆڵە سەیدەوان بابم بەهارە
چ بەهارێکی لە من لە شەڕە
یارەبی خودایە ئەتۆ چڵکە هەورێکی بێنی
لە لای قوبلەی مبارەک
لە داوێنی فەڕەنگی‌یان
ببارێنی بارانی رەحمەتێ
قەبری کوڕانم بۆ بکەیەوە تەڕە
ئەمن زەینێ خۆم دەداوە سەر قەبری کوڕانم
لێی دەڕسکا هەڵاڵە و بەیبوون و سوێسن و شللێر و شەشپەڕە
ئەمن دەستم دەدا تفەنگێ خۆم
رووم دەکردەوە چیاێی مەغڵوبێ داسنیان
بۆ بوکنیان بێنمەوە گۆشت بەران و گۆشت مەڕە
بە داوێنی بەردان دا دەڕۆیمە خوارێ
دەمڕوانیە تاقەی سیپانی وێرانبوو
خۆ من نەمدەزانی کاکۆڵی کاکە سەیدەوانیە
لە گەڵ گوڵی کوێستانان
پرشێکە بای شەماڵ لێی دەدا
 بە یەکیان دەداتەوە گەڕە
ئەمن تفەنگی خۆم داویشتە سەر بەردی
جاسوسم لێ دەگرت
تەقەم لە تفەنگێ دەهات
تەمی لە سەر نەدەڕەوی
لەوێ سەیدەوانم وەسەر یەک دەگەڕا
ئەلحان ئەگەر بڵێم توخودا خزمینە
دەستی یەک بەردەن و ئەمن دیلانێ ناکەم
پێم دەڵێن عەبدولعەزیز خەرفاوە، شێت بووە و پیرێکی ئاخر شەڕە

ئەوە بەهارە رۆڵە بەهارە
چ بەهارێکی لە من بە غللورە
ئەورۆکە ئەمن زەینی خۆم دەداوە سەر قەبری سەیدەوانم
لێی دەرسکا هەڵاڵە و بەیبوون و سوێسن و گوڵە زەمبوورە
شەرت بێ رۆڵە بە شەرتی خودای
لە پاش ئێوە دە لاقم ناکەم چەکمان و
دە شانم ناکەم تفەنگێ سێ تیر و
تازە ناچمەوە ڕاوی نێرێ بەلەکوورە
توخوداکەی خزمینە
کێ دیویەتی لە دەورەتی  زەمانێ دا
لە سەر سێ کوڕان ڕا بووک بچنەوە ماڵی بابیان
بە جلی دە سوورە

ئەوە بەهارە رۆڵە سەیدەوان بەهارە
چ بەهارێکی لە من هاڵۆزە
ئەورۆکە ئەمن زەینێ خۆم دەداوە سەر قەبری کاک سەیدەوانی
لێی دەڕسکان هەڵاڵە و بەیبوون و سوێسنە و گوڵە نەورۆزە
شەرت بێ رۆڵە بە شەرتی خودای
لە پاش ئێوە دە لاقم ناکەم چەکمان و
دە شانم ناکەم تفەنگێ سێ تیر و
تازە ناچمەوە ڕاوی نێرێ بەلەبۆزە

ئەوە بەهارە
 چ بەهارێکی لە من سەر بە زستانە
ئەمن زەینێ خۆم دەکردەوە سەر قەبری کاک سەیدەوانی
لێی دەرسکاوە هەڵاڵە و بەیبوون و سوێسن و گوڵی دانە بە دانە
شەرت بێ رۆڵە سەیدەوان لە پاش ئێوە
دە لاقم نەکەم چەکمان
دە شانم نەکەم تفەنگی سێ تیر و
تازە ناچمەوە ڕاوی ئەوان کێویانە
وەی ڕۆڵە هەر لەو زەمانی تا ئەو زەمانی
هەر لە دەوری شای تا نەوشیرەوانی
توخودا گەلی دە دۆستان
گەلی دە خزمان
وەرن سێ داوەتان بگێڕن
یەکیان ئی مەلکەوانی
دومیان ئی نێچیرەوان سێهەم ئی سەیدەوانی
کێ دیویەتی لە دەورەتی زەمانان دا
لە سەر سێ کوڕان ڕا بووک بچتەوە ماڵە بابانی

مەلکەوانم مرد دەنگم نەکرد
نێچیرەوانم مرد هەر شوکری خودام کرد
بە خودای سەیدەوان خۆڵی گەرمێن و کوێستانێت وەسەری عەبدولعەزیزی کرد
وەی ڕۆ
هەتا ئەو رۆژەی خودا لە من دەکاتەوە دیوانێ
وەسەری عەبدولعەزیزی دەکردەوە خۆڵی کۆکۆیە
بە خودای نازانم نە دەردی پیری گەیوەتە عەبدولعەزیزی
نە لە بەر ئەنگۆیە..
-----------------------------

سەیدەوان بە ڕاوێژی حەمەدی ئاغای

ئەوڕۆکە سەرم دێشێ..
 دڵی عەبدولعەزیزە کۆرەی داسنی دەکا بێنە بێنێ
بەڵان ئەمن ئەوشۆم خەونێک دیوەو لە من وایە ئاخری بەهارێیە
دەگەڕام لە تیلەگی دە کوێستانان
قەت وەگیرم نەدەکەوت قولێک گیا بەشی باقەبێنێ
توخوڵاکەی ئەو کەسانەی ئەگەر خوداشوناسن
وەرن تەعبیری ئەو خەونەم بۆ لێدەنەوە
دەترسم خوداوەندی میری مەزن پادشاێێ کەرەمێ
ئەگەر موسیبەتێکی گەورەم بە سەر بێنێ
ئەمن دەمگوت مەسڵەحەت وایە ئەگەر باب بە رۆژێکی
سێ بووکان لە بۆ کوڕانی بێنێ
نەمزانی تەقدیری خودای تەگبیری عەبدی بەتاڵ دەکات و
هێللانەی لە عەبدولعەزیزی ماڵوێران دەشێوێنێ

رۆڵە دەبەر قافڵەو بازرگانو مرم
ئەگەر بەڕێی دەکەن بۆ وڵاتی گەرمێنێ
ئەوە پارچەو ئەتڵەس و کیمخوای
لە بۆ جلی دەزگیرانی خۆی بێنێ
چ بکەم کەس دەربەند نییە ئەگەر داخوڵا
مەڕو ماڵ‌و مێگەل‌و چادرو چیغی عەبدولعەزیزە کۆرەی داسنی
لە کوێستانان بە بێ ساحەبی دەمێنێ

ئەمن وەگەر دەستم دەداوە تفەنگێ
رووم دەکردەوە چیایێ مەغڵووبێ داسنیان
زەینێکە خۆم دەداوە بازی دە کێویان
بانگیان دەکردم دەیانگوت عەبدولعەزیز وەرە بگەڕێوە
کوڕی نێونجیت پەردوگیر بوو لە باڵ بووکێ نەهاتە دەرێ
دەمگوت توخوڵاکەی خزمینە دەنگێ مەکەن
دەستی داوەتێ بەر مەدەن
دڵی کیژ و کوڕانم لێ دەمێنێ

ئەورۆکە بەهارێکم گەیوەتێ رۆڵە چ بەهارە
سەرم دێشی، دڵی عەبدلعەزیزی داسنی
چەندی لە ئێش و ژانە، چەندی لە غروورە
ئەمن زەینم دەداوە تیلەگی دە کوێستانێ
سوور دەبوون سوورەگوڵ و هەڵاڵ و بەیبوون
دەپشکووتن شەشپەڕ و شللێرە
ئەگەر دەستم دەداوە تفەنگێ
رووم دەکردە چیاێێ مەغڵووبێ داسنیان
زەینێکە خۆم دەدا بازی دە کێویان
لفکەی سەیدەوانی لە پلەی بەردی با رایدەژێنێ
لە من وایە ڕدێنێ نێرێ بەلەکوورە
وەی چاوی جاسووسێت کوێر بێ
دەستی چەخماخێت شکێ
تەقە لە تفەنگێ دەهات و
سەیدەوان دە خوێنێ دا دەبۆوە سوورە

ئەورۆ بەهارێکم گەیوەتێ رۆڵە چ بەهارە
 سەرم دێشێ دڵی عەبدولعەزیزە کۆرەی داسنی
چەندی لە ئێشەو چەندی لە ژانە، ئەی خودا چەندی لە من دە هاڵۆزە
ئەمن زەینی خۆم دەداوە تیلەگی دە کوێستانان
سوور دەبوون سوورەگوڵ و هەڵاڵ و بەیبوون
دەپشکووتن گوڵە نەورۆزە
ئەگەر دەستم دەداوە تفەنگێ و
رووم دەکردە چیاێێ مەغڵووبێ داسنیان
 زەینێکە خۆم دەدا بازی دە کێویان
کاکۆڵی وەلکەوانی لە پلەی بەردی با رایدەژێنێ
لە من وایە ردێنی نێرێ بەلەبۆزە
وەی چاوی جاسووسێت کوێر بێ
دەستی چەخماخێت شکێ عەبدولعەزیز!
تەقە لە تفەنگێ دەهات و
کوڕ لەوێ دە خوێنێ دا دەگەوزا

ئەستێرێک هەڵدێ بەری بەیانی
وەی سەڵا لە عەبدولعەزیزە کۆرەکەی بابی سەیدەوانی
ئاوی کوێستانان دێنە خوار رۆڵە
 بە توندی هەر بە تیژی
هەڵدەڕژێنە بن سوورە گوڵی لە سەر بە گژنیژی
توخوڵاکەی خزمینە وەرن رەجمم کەن
کێ دیویە لە دەورەتی دە زەمانان
لە سەر سێ کوڕان ڕا
بووک بچنەوە ماڵی دە باوان
بە تارای سوور و هەر بە کیژی

ئەی رۆڵە رۆ لە سەر ڕۆیە
ئەمن لە دەروونم دێتە دەرێ بڵێسەو بۆسۆیە
نازانم نە بەدبەختێ منە.. سەیدەوان! نە نەدامەتێ تۆیە

شەرت بێ لە پاش سەیدەوان و نێچیرەوان و وەلکەوانان
لە خۆم حەرام کەمەوە راوی دە تفەنگێ
دەگەڵ ئی نێریێ دە بەلەبۆزە
چیدیکە دەگەڵ قەومی داسنیان دانەنیشم و
دەگەڵیان نەکەم جێژنە پیرۆزە
----------------------------------------

سەیدەوان (بە دەنگی شۆڕش مەحموودی)

بەهارە، بەهارە، ئەزیزەکەی لە دنیایەم سەیدەوان
ئەوە بەهارێکە لە شەڕە
ئەوە هەورێکی رەشی دەهێناوە لە قیبلەی مبارەک
لە سەر قەبری پیر خدری
لە مەغڵوبی دە داسنیان
دە ڕەبی خودایە هەڵکەی لە رووی رەحمەتێ
بارانی پەڵەی هەڵڕێژی
قەبری سەیدەوانیم لە بۆ بکەیەوە تەڕە

ئەوە من دەچوومەوە سەر قەبری سەیدەوانی
چەندیم دەدیت سوێسن و هەڵاڵ و بەیبوون و شەشپەڕە
خۆ من دەستم دەداوە شینکێ چەخماخ خوار
ڕووم دەکردەوە چیاێی مەغڵوبی داسنیان
ئەگەر لە بۆ شایی سەیدەوانی بێنم
گۆشتی شەک و بەران و مەڕە
دە ڕەبی خودایە چاوی جاسوسێم کوێر بێ
قامکی پەلەپیتکەم شکێ
وە من تەقەم دەهاتەوە لە تفەنگی
بە خوای کزەم دەهاتەوە لە هەناوە
ئەمن لە زەینێ خۆم دەدایە
وەمدەزانی نێرێ کێویە و
نەمدەزانی ئەوە کاکۆڵی کاکە سەیدەوانم
بە پشوێ بای دە شەماڵی
دەگەڵ گوڵی سوێسن و هەڵاڵێ دەگەڕاو
ئەوە کاکە سەیدەوانمە دەگەوزێوە دە گۆمیلکە گۆمیلکەی دە خوێناوە

بەهارە.. بەهارە  بەهارە عەزیزەکەی لە دنیایەم سەیدەوان
ئەوە بەهارێکە سەر دە هەوەڵێ
وەمن شەرت بێ ڕۆڵە بۆت دەفرۆشم پێنسەت مەڕی لە بەر بەرانی
بە عامی بۆت دەکەمەوە بە پوڵ و پارە
بۆت دەگەڕێمەوە شاران
حەکیمان دەگەڵ ئەوان لوقمانە
حەک سەڵا لە چاوی بابت
برینت بە کەس ناکرێتەوە دەرمانە

دە وەرن برادەرینە
گەلی دە خزمان و گەلی دە داسنیان و ئەهلی دە ژەنگارێ
دارە مەیتێکم بۆ ساز بکەن
مەیتی کاکە سەیدەوانم لە چیاێی رەنگین دەگەڵ بێننەوە خوارێ
تو خوا قەبری ئەویشم بۆ هەڵکەنن لە کن مەلکەوان و نوچیرەوانی
ئەویشم بۆ بدەنەوە لە قەتارێ

دە وەرە برادەرینە
ئەوە شایێ عەبدولعەزیزی
لە سەر سێ کوڕان ‌ڕا وەشین دەگەڕا

بەهارە..کوڕم بەهارە بەهارە
 عەزیزەکەی دە دنیایەم سەیدەوان ئەوە بەهارێکە لە من دژەدژێ
وە من شەرت بێ ڕۆڵە
لە پاش ئێوە
دەشانم نەکەم تفەنگی دە سێ تیر و
نەچمەوە ڕاوی نێری دە بەلەبووزە
دە ڕەبی خودایە
چاوی جاسوسێم کوێر بێ
قامکی پەلەپیتکەم شکێ
ئەوە بە سێ شەشی دە بەهاری
کاکۆڵی کاکە سەیدەوانم با دەیشەکێنی و
ئەوە لە عەبدولعەزیزە کۆرەکەی وایە
ئەوە ڕدێنی نێری دە بەلەکوورە

دە وەرە برادەرینە
گەلی دە خزمان و گەلی دە ماجەران و گەلی دە پیر و پێشینیان
کێ دیویەتی هەر لە دەورەتی دە زەمانان هەتا دەورەتی ئاخر زەمانێ
باب بە دەستی خۆی کوڕی خۆی بکوژێ

بەهارە.. بەهارە بەهارە، عەزیزەکەی لە دنیایەم سەیدەوان
ئەوە بەهارێکە لە من سەر بە زستانە
ئەوە عەبدولعەزیزی داسنی بانگ دەکاتە دەزگیرانی سەیدەوانی
دەڵێ رۆڵە وەرە مەرەخەستێ لە مامی خۆت بخوازە و روو بکەوە ماڵی دە بابانە
ئەوە دەزگیرانی سەیدەوانی بانگ دەکا
دەڵێ بابە هەڵکێشە خەنجەرێکی دەبان
بیست و چوار جارانی بگێڕەوە دە جەرگ و دڵانە
ئەمن لە پاش مەلکەوان و نێچیرەوان و سەیدەوانی ڕا
بە چ چاو و دڵێکی ڕوو بکەمەوە ماڵی دە بابان

دە وەرە برادەرینە
گەلی دە دۆستان و گەلی دە خزمان و گەلی دە ماجەران و گەلی دە پیر و پێشینیان
کێ دیویەتی هەر لە دەورەتی دە زەمانان هەتا دەوری ئاخری دە زەمانی
لە سەر سێ کوڕان ڕا بووک بچێتەوە ماڵی دە بابان هەر بە جلی دە سوورە

مەلکەوانم مرد دەنگم نەکرد
نێچیرەوانم مرد دەنگم نەکرد
کاکە سەیدەوانم مرد
خۆڵی دە گەرمێن و کوێستانانم هەر وە سەری عەبدولعەزیزی داسنی کەن
--------------------------------------------------

۱/۰۲/۱۳۹۶

حەوت شین چۆن بوو بە هەفت سین؟

بەرچاوترین نەریتی جێژنی نەورۆز لەنێو ئێرانییەکان‌دا، راخستن و رازاندنەوەی سفرەی حەوسینە. ئەویش بریتییە لە خوانێک کە شەش خواردمەنیی لەسەر داندراوە و سەرجەمیان بە پیتی "سین" دەست پێ دەکەن. خواردنەکانیش بریتین لە سرکە، سماق، سەمەنی، سنجوو، سێو و سیر کە ئەم شەش خواردنە لەگەڵ دانەوێڵەیەک کە لە قاپێکدا شین کراوەتەوە و سەبزەی پێ دەڵێن، سفرەی هەفت سین پێکدەهێنن.

لە پاڵ ئەوانەدا بڕێک وردە پووڵ یان سکە، چەند مۆم، قورئان یان دیوانی شاعیرێک، ئاوێنە، نانێکی پان و قاپێک ئاو دادەندرێ و سفرەکە بە شیرنی، بتڵێکی شووشەیی پڕ لە ئاو کە ماسی سووری تێدایە، دەفرێک شیر و چەند هێلکەی رەنگکراو دەڕازێندرێتەوە.

وەک سروشتی هەر نەتەوەیەکی بندەست، فەرهەنگی نەتەوەی باڵادەست شەقڵی بەسەر کەلتوری کوردەکانی رۆژهەڵاتیش‌دا بەجێهێشتووە و فەرهەنگی راخستن و رازاندنەوەی سفرەی حەوسین بە تایبەت لە شارەکانی کوردستانیش‌دا کەم و زۆر باوە.

بەڵام ئاخۆ حەوسین هیچ پێوەندی بە کوردەوە هەیە؟

سەبارەت بە بنەما و مێژووی راخستنی سفرەی حەوسین لەنێو ئێرانیەکان‌دا باس و خواسی جۆراوجۆر هاتووەتە ئاراوە. ئەوەندەی دەگەڕێتەوە سەر ژمارەی ٧، ئەوە لە ئایینە کەوناراکانی وەک میترایی و زەردەشتی‌دا ژمارەیەکی پیرۆز بووە. لە میترایی‌دا پلەکانی ئایینی ٧ پلەن کە حەوتەمینیان، گەورەترین پلەیە و پێگەی میترا خۆیەتی. لە ئایینی زەردەشتیش‌دا، حەوت، ژمارەی ئەمشاسپەندانی پیرۆزە. ئەمانە یان یەک لەوان دەکرێ لە دانانی ژمارە ٧ی حەوسین‌دا رەنگی دابێتەوە. بەڵام لەسەر واتا و هۆی هەڵبژاردنی پیتی "سین" بۆچوونی جیاواز هەیە؛

کەسانێ پێیان وایە ئەمە هەمان وشەی "سینی" بە واتای مەجۆعمەیە کە خواردنەکانی لەسەر دادەندرێ. "سینی"ش هەمان دەفر و ئامانی چینی یان صینی‌یە کە لە وڵاتی چینەوە دەهات و لە سەردەمی کۆندا دەفری بە نرخ و بەها بوو.

بۆچوونی دیکە کە هی ئەبووڕەیحانی بیروونی‌یە، دەڵێ وشەکە لە "هەفت صنف" کەوتووەتە کە "صنف" وشەیەکی عەرەبی‌یە بە مانای دانەوێڵە. دواتر ئەم هەفت صنفە بووە بە هەفت صن و پاشان هفت سین.

بۆچوونێکیش پێی وایە لە بنەڕەت‌دا حەوت "شین" بووە کە بە شەراب و شەکر و شیر و تاد.. دەڕازایەوە بەڵام چونکە دوای هاتنی ئیسلام شەراب حەرام کرا، حەوشینیش جێگای خۆی بۆ حەوسین بەجێهێشت.

کۆنترین بەڵگەیەک کە سەبارەت بە حەوسین هەیە، هی ئەبورەیحانی بیروونی‌یە. بیروونی لە کتێبی "آثار الباقیە"دا کە بە زمانی عەرەبی نووسیویەتی، دەڵێ؛ "دوای ئەوەی جەمشید بە سەر ئەهریمەن‌دا سەرکەوت کە بەری خێر و بەرەکەت و بارانی شینبوونەوەی گژ و گیای گرتبوو، دیسان باران دایکردەوە و گیا شین بوونەوە، خەڵک گوتیان رۆژی نوێ (واتە رۆژێکی نوێ و چاخێکی تازە) هاتووە. بۆیەش هەر کەس قاپێک جۆی چاند و خەڵک لە رۆژی نەورۆزدا، لە حەوت قاپ‌دا، حەوت جۆرە دانەوێڵەیان چاند و شین کرد."

رەنگە ئەبورەیحان خۆشی نەیزانیبێ کە ئەوەی ئەو باسی دەکا، "حەوت شین"ە کە تەنیا لە زمانی کوردی‌دا واتای هەیە؛ حەوت دانەوێڵەی شینبوو. یەک لە واتاکانی "شین بوون" لە زمانی کوردیدا، روانەوە، سەوز بوون و چەکەرەکردنی گژ و گیایە. حەوت شین ئەو حەوت قاپە بوون کە بە وتەی بیروونی، هەر یەکەی جۆرێک دانەوێڵەیان تێدا چێندرابوو.

بەشێک لەو کەسانەی پێیان وایە حەوسین لە بنەڕەت‌دا حەوشین بووە، بێجگە لە حەرامبوونی شەراب، هۆیەکی دیکەش بۆ گۆڕانی شین بە سین دێننەوە کە ئەویش نیزیکبوونی شوێنی دەرکەوتنی دوو پیتی س و ش لەکاتی گوتنیدایە. دیارە ئەوان هۆکارە سەرەکییەکە نازانن کە "شین"ی "حەوشین" مانای لە زمانی کوردی‌دا هەیە و لە زمانی فارسی‌دا بێ واتایە. فارس وشەی شینی بە هیچکام لە واتاکانی رەنگی شین، گریان بۆ مردوو یا سەوزبوونی گژ و گیا وەرنەگرتوە. لە بەرامبەر شین‌دا، ئەوان "سەبز" بەکار دێنن کە وشەیەکی هاوبەشی کورد و فارسە. هەر بۆیەش بەو شین و شینکە نەورۆزیانەیان وتووە "سەبزە". جا چونکە سەبزە بە پیتی "سین" دەست پێ دەکا و شینیش لایان بێ واتا بووە، سەرەتا "حەوت شین"یان کردوە بە "حەوت سەبزە" و لەوەشەوە "هەفت سین"یان لەجێی حەت وشین داناوە کە دەزانین هیچ پێوەندیەکی لەگەڵ وشە و نەریتە سەرەکییەکەدا نەماوە.

 بە پێچەوانەی زۆربەی نەریتەکانی جێژنە کەوناراکانی دانیشتوانی زنجیرە چیاکانی زاگرۆس کە دەگەڕێنەوە سەر ژیانی ئاژەڵداری بە تایبەت مەڕداری، حەوشین پتر پێوەندی بە ژیانی کشتوکاڵ و جووتیاریەوە هەیە. ئەو شینبوونەوانە رۆڵی تاقیکارییان هەبووە. بەو واتایە کە هەر کام لە دانەوێڵەکان زووتر، باشتر و جوانتر شین بووبا، نیشانەی ئەوە بووە کە ئەو ساڵە دەبێ زیاتر گرینگی بە چاندنی ئەو جۆرە دانەوێڵەیە بدرێ. لە بەرامبەریش‌دا ئەگەر یەک یان چەند لە دانەوێڵەکان خراپ شین بووبن یان کوێرەیان زۆر بووبێ، ئەوە ئەو ساڵە بەروبوومی ئەو جۆرە دانەوێڵەیە خراپ دەبێ و باشترە زۆر خۆی پێوە ماندوو نەکەن. شینبوونەوەی هەر حەوت دانەوێڵەکە مزگێنی‌یەکی خۆشی بۆ وەرزێری خاوەن مووچەو مەزرا پێ بووە. جووتیار ئەم شینبوونەی وەک بەرکوتێک لە خەرمانی پڕ بەرەکەتی ساڵ پەژراندوە و بە هومێدی زیاترەوە سەرەتای ساڵ و سەرەتای وەرزی کشت‌وکاڵی دەستپێکردوە. هەڵبەت جووتیارانی زاگرۆس هەتا ئێستاش، لە پەنا کاری کشتوکاڵ‌دا، بە راگرتنی چەند سەر مەڕ و بزن یان گا و گامێش، ئاژەڵداریشیان کردوە. لە بەر و بوومی ئەم ئاژەڵانە و لەو خواردنانەی کە لە دانەوێڵەکان وەک سەرەکیترین سەرچاوەی خۆراک و خواردەمەنی، سازیان کردوە، سفرەی حەوت شین‌یان رازاندووەتەوە. جا چ خواردنەکانی سەر ئەو سفرەیە بە پیتی "ش" دەستیان پێ کردبێ یان هەرچییان بۆ ئامادە کرابێ لە سەر خوانی نەورۆز دایانناوە.

ئەو خواردنانەی کە لە سەر خوانی حەوسین دادەندرێن، ئەگەرچی رەنگە فەلسەفە و واتای جۆراوجۆریان بۆ داتاشیبن، بەڵام لەگەڵ خواردنی راستەقینە و خواردەمەنیەکانی سەر سفرەی کۆتایی زستان و سەرەتای بەهاری ناوچەیەکی کوێستانی ناتەبان. بۆ وێنە لە رۆژی نەورۆزدا کە هێشتا بەفر بە تەواوی ناتوێتەوە و دارە سێوەکان تەنانەت گوڵیشیان نەکردوە، دانیشتوانی سەد ساڵ و دوو سەد ساڵ لەوە پێشی ئەو چیا و کوێستانانە سێویان لە کوێ بووە تا سفرەی حەوسینی پێ بڕازێننەوە؟! لە لایەکی دیکە بەشێک لە سینەکان وەک سرکە و سماق و سیر لە بنەڕەتدا بۆ تام‌دان بە خواردن کەلکیان هەیە و بە تەنێ پێخۆر نین. سفرەیەکیش کە خواردنەکانی سرکە و سنجوو و سیر و سماق و سێو بێ، هیچ ژەمێک پڕ ناکاتەوە. ئاقڵیش نایبڕێ کۆمەڵانی خەڵک کە نیزیک بە تەواویان نەخوێندەوار بوون، تەنیا بە هۆی بارە فەلسەفیەکە و پیتی دەسپێکی ناوی خواردنەکە، سفرەی خۆیان بەو خواردنانە رازاندبێتەوە.

لە بەرامبەر قاتی و قڕیی پیتی سین‌دا، کورد بۆ رازاندنەوەی خوانێک کە خواردنەکانی بە پیتی "شین" دەست پێ دەکەن، لە ڕابردوو و ئێستاشدا دەستی زۆر ئاوەڵاترە. بە هەڵدانەوەی لاپەڕەکانی هەنبانە بۆرینە تووشی کۆمەڵێکی زۆر چێشت و خواردەمەنی دەبین کە بە پیتی "ش" دەست پێ دەکەن و لە سەرتەنوور و چێشتخانەی کوردی بە سانایی دەستەبەر دەبن. شیو، شۆرباو، شلە، شلکێنە، شیر یان شۆت(١)، شیربرینج، شەلەمین(٢)، شنگال(٣)، شڤار(٤)، شەمبەلووت(٥)، شفتە یا شامی کەباب، شردان(٦)، شۆرمەزە، شۆرتان(٧)، شیرێژ، شۆرجە(٨)، شوڤال(٩)، شەشترنگە، شەکرپەنیر(١٠)، شەکربادام(١١)، شۆتینە(١٢)، شۆک، شەربەت، شەراو، شەکراو و شو(١٣) بەشێک لەو خواردن و خواردنەوانەن کە بە پیتی شین دەست پێ دەکەن و بۆ هەر کامیان دەکرێ فەلسەفە و واتای تایبەت بدۆزرێتەوە. بە سەرنجدان بە دەسپێکی زاوزێی مەڕ لە رۆژی نەورۆزدا، "شیرێ‌زنج" یان فرۆ کە لە ژەک وەک یەکەم شیری مەڕ ساز دەکرێ، دەتوانێ یەک لە خواردنە گرینگەکانی ئەو ڕۆژە بێ.

خۆ ئەگەر لە پێکهاتەی سفرەی حەوسینی ئێستاش ورد بینەوە، دەبینین ناوی زۆربەی کەلوپەلی سەر سفرەکە لە زمانی کوردی‌دا نە بە پیتی سین بەڵکو بە پیتی شین دەست پێ دەکەن. بۆ وێنە شەم (مۆم)، شینکە (سەوزە)، شایی (کۆنترین وردەپووڵ، سکە)، شاووت (سوورە ماسی)، شیر و شیرینی. هەروەها لە سەر خوانی حەوسین نانێکی پان و گەورە دادەندرێ و ئەمەش شاتە، شکەڤا یان شلکی‌یە کە لەنێو کوردەواریدا هەر کامیان ناوی کوللێرە یان جۆرێک نانی تەنکی پانن. بۆ مناڵانیش شاتەلی (نانە قەیسی) یان شڵانەکوت (وشکە قەیسی) رەنگە یەک لەدەستهاتووترین دیاری بووبێ کە بنەماڵەکان توانیویانە وەک نەورۆزانە بە مناڵانی بدەن. دەستڕۆیشتوانیش دەیانتوانی بە شیرانی و شەکرۆکە پێشوازی لە میوانە نەورۆزیەکانیان بکەن. وێڕای هەمووی ئەوانە، هەتا چەند ساڵ لەمەوبەر هێشتا هێندێک بنەماڵەی کورد هەبوون کە لە نەورۆزدا خوانی حەوشینیان ڕادەخست. کەوڵی خوانەکە بەپێی نەریت لە پێستی ئاسک بوو کە شینایی (ئاوەنیا)، شانە، شمشێر، شمشاد، چەپکێک گوڵی شلێر یان شەشپەڕ، شیرنایی (سەمەنی) و شەمی لە دەور دادەندرا و بەو خواردەمەنییە جۆراوجۆرانەی کە بە پیتی شین دەست پێدەکەن، دەڕازێندرایەوە. جا چونکە پەیدا کردن و دانانی شمشێر ئاستەم بوو، زۆر جار مقەستێکیان لەبری شمشێرەکە دادەنا.

نەبوونی فەرهەنگی سەربەخۆ و تایبەت بۆ رازاندنەوەی سفرەی نەورۆزی، رەنگە کەمایەسیەکی ئەو جێژنە مەزنە بێ کە لەنێو کورددا هەیە. خاتوونی کورد وەک هەر کابانێک حەز دەکا هونەر و شارەزایی خۆی بۆ هەرچی جوانتر رازاندنەوەی خوانێکی نەورۆزی پێشان بدا.  کورد ناکرێ جێژنی نەورۆز تەنیا لە هەڵکردنی ئاگر یان بەستنی جامانە و هەڵپەڕکێ و شتی ئاوادا کورت بکاتەوە. فەرهەنگی سفرەداری و خوان رازاندنەوە یارمەتی بە کۆبوونەوەی ئەندامانی بنەماڵە و خزمان و دەروجیران بە دەوری یەکتردا دەکا. هەر بۆیەش کورد دەبێ لەم بارەوە بە سەر کولتوور و فەرهەنگی خۆی‌دا بچێتەوە، رەگ و ماکەی راستەقینەی داب و نەریتەکانی خۆی بدۆزێتەوە و ئەوانەی کە لێی دزراوە و لێی شێوێندراوە، ڕاستیان بکاتەوە. ئەو داب و نەریتانەی کە بە هۆی نەبوونی دەسەڵاتی سیاسی و فەرهەنگی، ناچار بووە جارێکی دیکە بەڵام بە شێواوی و دەستکاری کراوی لە نەتەوەی باڵادەستی وەربگرێتەوە. 

فەرهەنگۆکی خواردنەکان:
١- شۆت: شیری خواردنەوە
٢- شەلەمین: چێشتی ترخێنە
٣- شنگال: کەلانە
٤- شڤار: ساوار
٥- شەمبەلووت: شابەلووت، شابەڕوو، دەنکی گەورەی بەڕوو کە لەسەر ئاور دەیبرژێنن
٦- شردان: گۆشتی وشککراو بۆ زستان
٧- شۆرتان: پەنیری پێستە
٨- شۆجە: چێشتی بەربەسێڵ یان قوڕاو
٩- شوڤال: جۆرێک ئاش
١٠- شەکرپەنیر: جۆرێک هەڵوا
١١- شەکربادام: جۆرێکی دیکە هەڵوا
١٢- شۆتینە: فڕنی یان محەللەبی
١٣- شو: هەنگوینی نەپاڵێوراو
١٤- شاتە: نانی تیری
١٥- شلکی: نانی سێڵی
١٦- شلکێنە: جۆرێک کوللێرە بە هێڵکە و زەردەچێوە
جۆرێک نانی چەور
جۆرێک چێشت
١٧- شۆک: گەزۆ
دۆشاوی ترێ

۱۲/۲۴/۱۳۹۵

جوگرافیای ستراڤۆنی کاک عەلیی فەتحی

کاک عەلی فەتحیی خۆشەویست لە پڕکارترین وەرگێرەکانی ئەم سەردەمەی کوردستانە. ئەویش وەرگێڕان لە زمانی یونانیەوە و لە کتێبخانەی دەوڵەمەند و کەونارای یونانەوە بۆ سەر زمانی کوردی و بۆ کتێبخانەی هێشتا هەژاری کورد. لە کارەکانیشی دا بەردەوام بە دوای وەرگێڕانی ئەو بەرهەمانەدا دەچێ کە بێنێکی کورد و کوردستانیان پێوە بێ. ئەوەم بە تایبەتی لە وەرگێڕانی "مێژووی شەڕی پارسەکان"ی هێرۆدۆت و "ئاناباس"ی گزنفۆن دا بۆ دەرکەوتووە.
ئەو لەو دەگمەن ئازیزانەیە کە مەگەر چەرخی زەمان قۆرتێکی دیکەی خستبێتە ناو ژیانی ئەگینا ماڵاواییەکانی نیگەرانم ناکا. دەزانم بە دەستی زۆر پڕەوە دەگەڕێتەوە.
نیزیک بە دوو مانگ لەوە پێش جارێکی دیکە ماڵاوایی لە دۆستانی سەر فەیسبووکی خواست. لە ژێر ماڵاواییەکەی دا نووسیم کە دڵنیام بە دەستی پڕەوە دەگەڕێیتەوە. واش دەرچوو. بەڵام ئەوە هونەری من لە پێشبینی و غەیب گۆیی دا نەبوو بەڵکوو ناسین و ئەزموونم لە زەحمەت و کارە بە پێزەکانی تا ئیستای ئەم وەرگێڕە ماندوونەناسەمانە.
تاوێک لەوە پێش وەک چاوەڕوان بووم، بە دیاریی دەستیەوە گەڕایەوە؛ وەرگێڕانی کتێبی جوگرافیای سترابۆن. گەورەیی نواندوەو فایلی وەرگێڕانەکەی بۆ ناردووم. هێشتا نەمخوێندووەتەوە بەڵام دڵنیام لەم بەرەبەری ساڵی نوێیەدا، نەورۆزانەیەکی بە بایخە لە لایەن وەرگێڕێکی قەڵەم رەنگین و پڕکار بۆ دۆستانی و لەوانیش گرینگتر بۆ نەتەوەیەک کە بەردەوام مێژووی خۆی بە قەڵەمی داگیرکەر خوێندووەتەوە.
لێرەوە ماندونەبوونی لە کاک عەلیی خۆشەویست دەکەم، بۆ ئەم نەورۆزانە بە نرخەی، سپاسی دەکەم و تەمەننای ژیانی خۆش و لەشی ساخی بۆ دەکەم تا ژیانی داهاتووشی وەک تا ئێستای، پڕ بێ لە بەرهەمی بە پێز و خزمەتی مەزن بە نەتەوەکەی.

۱۲/۲۳/۱۳۹۵

بەڵەک

بەڵەک بریتی‌یە لە رەنگی شتی دوو رەنگ. بە تایبەتیش دوو رەنگی سپی و سوور (سووربەڵەک) یا سپی و رەش (رەشبەڵەک) لە پەنا یەکتر دا. بەڵکە بە تایبەت لە  ئاژەڵەیلێ ئەسپ، سەگ، مانگا و کۆتر دا زیاتر بەرچاوە.
وشەی  رەشبەڵەک هەروەها بە ئەو جۆرە هەڵپەڕکێ‌یەش دەگوترێ کە تێیدا ژن و پیاو دەستی یەک دەگرن و بە یەکەوە هەڵدەپەڕن.
مانگی رەشەممە کە بەفر بەرەبەرە دەتوێتەوەو وەک دەڵێن "دەچێتەوە"، بەفر رەشانگی تێدەکەوێ و کەژ و چیا 'بەڵەک' دەبێ. حەریق دەڵێ:
بەڵەک بوو کێو و سەحرا، وەک دەڵەک خۆی دزیەوە زستان
زەیســــــــــتان چون بەری خست، ئیتیفاقەن هێزی پێی نابێ
بەڵەک هەروەها جۆرێک نەخۆشیی پێستە. بە جۆرێک کە هێندێک بەشی پێستی لەش سپی هەڵدەگەڕێ و لەش پەڵەی تێدەکەوێ.
بەڵەک لە وشەی "پەڵە" بە مانای خەوش، لەکە و بە گشتی لە خاڵ و قۆپەن گەورەتر، کەوتووەتەوە. بە هۆی پاشگری 'ک' بووە بە ناو. عەرەب وشەی بەڵەکی لە کورد وەرگرتووەو کردوویە بە "ابلق". فارسیش وشەکەی وەک خۆی لە عەرەب وەرگرتووەتەوە. 

۱۲/۱۹/۱۳۹۵

پێوانەی کەم و زۆر

کەم
نەخت: نەخود، دانەوێڵەی نۆک، بە قەت دەنگە نۆکێک
نیسک: دانەوێڵەی نیسک، بە قەت دەنکە نیسکێک
تۆز: بۆ ئارد، خوێ و شتی هاڕدراو
تۆسقاڵ/تۆزقاڵ: تۆز + قاڵ، قاڵبووی تۆزێک لە شتێک بۆ وێنە رۆنی قاڵ کراو
چۆڕ: بۆ ئاو و شلەمەنی، ئەو کەمە ئاوەی لە شتی توندی ئاودار دەچۆڕێتەوە،
بڕ/بڕێک: "بڕ" رەگی کرداری بڕین و بڕانە. بریتی‌یە لە بڕدراو لە شتێک
قاش: یا قاچ وشەیەکی تورکیە بە واتای بڕدراو
پەنچک: پەنجەیەک، بە رادەی پەنجەی دەست، بە قەت لەپی دەست. بۆ نان و شتی ئاوا پان دەبێ
گەڵا: پێوانەی بژاردنی نانە
لەت
تاو: کاتی کەم
قەننەکێشێک: بە رادەی کێشانی قەننەیەک
هێند: یان هەند رەنگە ناوی کۆنی دەست بێ بەو جۆرەی لە زمانی ئینگلیسی دا هەیە
گرداڵ: وەک گرد و تۆز

ناونج
بەش
لۆچ: هەردوو دەست وەک پلووسک دەگرنەوەو پڕی شتێکی دەکەن
لاوێچ: پڕی لا دەستێک لە شتێک، نیوەی لۆچ
لەت؛ بەشێ لە شتێک، جاری وایە نیوەی شتێک
مست/مشت: زیاتر بۆ دانەوێڵە دەبێ بەڵام لە لۆچ/لاوێچ کەمترە
ماوە: زەمانی نە زۆر و نە کەم

زۆر:
دەلیا : دەریا
نردوو: بۆ نان
کۆش: ئاتەگ و داوێنی کراس لە هەردوو بەرەوە دەگرنەوەو پڕی دەکەن
باوەش؛ چەند شت لە شتێک بە سینگەوە دەگرن و هەردوو باسکی لە دەورە وەردێنن
قەدەر: زەمانی بڕێک زۆر


۱۲/۱۳/۱۳۹۵

مەزرا، دامەرزان ، فەرمان

کاک هەورام رەحیمی پرسیاری وشەی دامەرزان یان دامەزرانی کردوەو ئەمنیش بۆچوونی خۆم لە ژێر ستاتوسەکەیدا نووسی بەڵام بۆ ئەوەی زیاتر بکەوێتە بەر سەرنج، ئەوە لێرەش دایدەنێم:
دامەزران یا دامەرزان دوو واتای هەیە:
- ئۆقرە گرتن و ئارام گرتن
- دۆزینەوەی ئیش و کار بۆ خۆ بەڕێوەبردن
 ئەز وای بۆ دەچم کە ئەم کردارە لە وشەی "مەزرا" واتە شوێنی کشت و کاڵ، وەرگیرابێ. رەنگە زۆر کەس بڵێن مەزرا هەمان "مذرعە"ی عەرەبی‌یە بەڵام لەوەشدا ئەمن هاوڕا نیم و پێم وایە وشەکە دەچێتەوە سەر وشەی "میترا" پێغەمبەر یا خوای خۆرپەرستان. لە ئایینی میتراییدا دەڵێ؛ کە میترا هاتە سەر هەرد و لە ئەشکەوتەکە دەرکەوت، یەکەم کار گایەکی قوربانی کرد. هەر جێیەک خوێنی ئەو گایەی لە سەر پژابێ، ئەوە خاکی بە پیت و مێرگ و مەزرایە. جا ئەمن وای بۆ دەچم کە هەر دوو وشەی مێرگ (مێهر/گ) و مەزرا(میثرا) لە ناوی میترا و لەو ئەفسانە ئایینیەوە داکەوتوون. دوور لە ئاوەزە ئەگەر پێمان وا بێ دانیشتوانی وڵاتی سەرسەوزی پڕ لە مووچە و مەزرای وەک کوردستان وشەی مەزرایان لە دانیشتوانی دەشتی قاقڕ و کاکی بە کاکی عەرەبستان وەرگرتبێ. بە گشتی پێم وایە وشەی مەزرا بە پێچەوانەی ئەوە کە دەگوترێ لە "ذرع" و "مذرعە"ی عەرەبی وەرگیراوە، رەوتی پێچەوانەی بڕیوە.
 وەک دەزانین لە سەردەمی فیئودالیزمدا کە سەدان و رەنگە هەزاران ساڵ لە کوردستان درێژەی کێشا، مەزرا گرینگترین شوێنی کارکردن، بەرهەمهێنان و پەیداکردنی مووچەو بژیو بوو. هاوکات خەڵکی ئاسایی خاوەنی زەوی نەبوون و زەوی هی فیئۆدالەکان بوو. ئەوان بوون بەرامبەر بە بژیو و مووچە، کرێکار و خەڵکی ئاساییان لە سەر مەزرا دادەمەزراند و ئیش و کاریان پێ دەدان. لەوەوە کرداری دا/مەزرا/ان یان دا/مەزرا/اندن هاتە ئاراوە و دامەزرانی جوتیار لە سەر زەویی فیئودال هەردوو واتای دامەزرانی دەخۆیدا هەڵدەگرت. واتە هەم کاری دەدۆزیەوە تا مووچە و بژیوی خۆی پێ دابین بکا و هەم لە گوندێک و لە سەر زەوی و مەزرایەک ئۆقرەی دەگرت و ناچار نەبوو چیدی گونداوگوند بکا. رەنگە هەر لەبەر ئەو پێوەندیە بێ کە کردارەکە تەنیا بە پێشگری "دا" گەردان دەکرێ و لە حاڵەتی ئاسایی (مەزران یا مەزراندن) یان بە پێشگرەکانی دیکە (هەڵمەزران، تێمەزران، لێمەزران و...) نییە.
ئەی پێش میترائیسم؟
 رەنگە پرسیار بێ کە ئەگەر مەزرا و وشەگەلی پێوەندیدار دوای داکەوتنی میترائیسم کەوتوونەتەوە، ئەدی پێش ئەو کات بەرامبەری وشەی مەزرا چ بووە؟ ئەوەندەی فکرم پێی گەیی، وشەی "فەرمان" بەرامبەری وشەی مەزرا بووە کە دواتر واتای گۆڕدراوە.
فەر(فەڕ): پیت و بەرەکەت
مان: پاشگری شوێن (وەک نیشت/مان: جێگای دانیشتن)
 لە سەر یەک فەرمان واتای شوێنی بە پیت و بەرەکەت یان زەویی بە فەڕ و هاتە. وشەکە لە گەڵ "farm"ی زمانی ئینگلیزی و زمانەکانی دیکە بە هەمان واتای کێڵگە یان مەزرا و شوێنی کشتوکاڵ، هاوڕیشەیە.
 ئەوە کە بۆچی فەرمان لە زمانی کوردیدا واتای ئەمر پێ کردن و دەستوور دانی هەیە، دەگەڕێتەوە سەر هەمان سیستمی کۆمەڵایەتیی فیئۆدالی کە لەودا فیئودال لە سەر کێڵگە ئەمری بە جوتیار دەکرد و کاری پێ دەکرد.

۱۲/۱۱/۱۳۹۵

بە شوێن "فانی"ی شاعیر دا

 دەسنووسی شێعرەکەی فانی

سەبارەت بە هزر و روانگەی شێخی شەهید "بابا سەعیدی غەوسابات"، داوای زانیاریم لە دۆستی بەڕێزم موهەندیس "رەزا داوودی" کرد. ئەویش دۆستانە بە دەنگمەوە هات و کتێبێکی خۆی نایە بەردەستم کە چەند ساڵێک لەوەپێش ئامادەی کردوە. کتێبەکە کۆمەڵێک بەڵگە و زانیاریی گرینگی سەبارەت بەو کەسایەتیە مەزنەی کوردستان و بابەتگەلی دیکە دەخۆ گرتوە کە بەداخەوە هێشتا نەیتوانیوە لە چاپی بدا. لەنێو کتێبەکەدا، شێعرێکی فارسی سەرنجی راکێشام کە شاعیرێک بە ناوی "ئەحمەد" و بە ناسناوی "فانی" لە شینی "شێخ سەعید"دا نووسیویەتی؛
مسلمانان! چە آفتـــها رسید از چرخ بر کیهان
کە شد خورشید دین از ظلمت ابر سیە پنهان
 
شێعرەکە بە شێوەی دەستنووس و وەک شین بۆ شێخ بابا سەعیدی غەوسابات لەلایەن بنەماڵەی شێخانی غەوسابات پارێزراوەو بە کاک رەزا دراوە. ئەویش هەر بەو جۆرە لە کتێبەکەیدا گونجاوندوویەتی. مێژووی ساڵی ١٣٢٦ بە ژێر دەستنووسەکەوەیە کە دەبێ ساڵی کۆچی مانگی بێ. ئەو ساڵەش لانیکەم ٧ ساڵ پێش لە لەداردرانی شێخ بابا سەعیدی بەرزنجی‌یە. بەو پێیە ناکرێ ئەو شێعرە لە شینی شێخ بابادا نووسرابێ. بەڵام لەلایەکی دیکە، شاعیر لە کۆتایی شێعرەکەدا، ناوی "سەعید" و کوژرانی بێ تاوانانەی ئەوی وەک بۆنەی شێنگێڕیەکەی هێناوە:
بخون دیدە بنوشتە است "فانی" بهر تاریخش
"سعید"ی بیگنە فایز شد از وی جنت العدنان
 
کەواتە ئەو شینە دەبێ بۆ کەسایەتییەک بە هەمان ناوی سەعید نووسرابێ کە بە چارەنووسێکی هاوشێوەی شێخ بابا سەعید گیانی لێ ئەستێندراوە. هەر لەم کۆتابەیتەدا شاعیر رێکەوتی کوژرانی "سەعید"یشی بە حیسابی ئەبجەد لە میسرەعی "سعیدی بیگنە فایز شد از وی جنت العدنان"دا گونجاندوە کە دەکاتە ١٣٢٦. ئەوەش هەمان ئەو رێکەوتەیە کە بەسەر دەسنووسەکەوەیە. 

بە هەڵدانەوەی لاپەڕەکانی مێژوو، بۆمان دەردەکەوێ کە دەسەڵاتی تورک لە نیوەی یەکەمی سەدەی بیستەمدا و بە مەودای کەمتر لە بیست ساڵ، سێ کەسایەتی بە ناوی "شێخ سەعید" لە کورد شەهید کرد. رەنگە کوردان زیاتر ناوی "شێخ سەعیدی پیران"یان بیستبێ کە لە ساڵی ١٩٢٥ بە دەستی تورکان ئیعدام کرا بەڵام دە ساڵ پێش ئەو تاوانە، شێخ بابا سەعیدی بەرزنجی لە گوندی کەرێزەی ناوچەی بۆکان لە لایەن فەرماندەیەکی تورک بە ناوی عومەر ناجی بەگ لە دار درا. حەوت ساڵ پێش ئەمەشیان، شێخ سەعیدی بەرزنجی باوکی شێخ مەحموودی نەمر لە ساڵی ١٩٠٨ لە شاری موسڵ بە فێڵ و دەهۆی تورکان شەهید کرا. ئەو ساڵەش بەرامبەرە لەگەڵ ساڵی ١٣٢٦ی کۆچی مانگی کە لە ژێر دەسنووسی شێعرەکەدا نووسراوە. 

شێخ سەعیدی بەرزنجی، کوڕی شێخ محەممەدە بچکۆڵ، نەوەی حاجی کاک ئەحمەدی شێخ و باوکی شێخ مەحموودی نەمرە. دوای کۆچی دوایی حاجی کاک ئەحمەد لە ١٨٨٧، جێگای باپیری گرتەوە و بوو بە مورشیدی خانەقای تەریقەتی گێڵانی لە شاری سلێمانی. ساڵی ١٩٠٨ لەلایەن دەسەڵاتی ئەستەموڵ بۆ شاری مووسڵ دوور خرایەوە و هەر ئەو ساڵەش بە فیتی دەسەڵاتی تورکانی عوسمانی لەو شارە شەهید کرا. بە ئەگەری زۆر بەهێز، "فانی" ئەو شینگێڕیەی بۆ شێخ سەعیدی باوکی شێخ مەحموودی بەرزنجی نووسیوە. بەڵام ئاخۆ "فانی"، شاعیری ئەو شێعرە بۆخۆی کێ‌یە؟

بە دوای دۆزینەوەی شاعیر و ئەدیبێک لە کوردستان بە ناسناوی فانی وەک خاوەنی ئەم شینگێڕییە، تووشی چەندان زانا و شاعیر بووم کە ئەو ناسناوەیان بۆ خۆیان هەڵبژاردوە. وا دیارە شاعیرانی کورد زۆریان حەز لە هەڵبژاردنی ناسناوی "فانی" بووە کە نە واتایەکی زۆر موبارەک و دڵخۆشکەری هەیە و نە بۆ ئەو زانا و شاعیرانەشمان خێری داوەتەوە. بە داخەوە "فانی"یەکان ئەوەندە کەم ناسراون کە شاعیر و شاعیرانی دوای خۆیان تەنانەت ئاگایان لە بوونیان نەبووە تا ناسناوێکی وەها بۆخۆیان هەڵنەبژێرن کە پێشتر گیراوەتەوە.

لە خوارەوە بە شوێن "فانی"، شاعیری شینگێڕیی شێخ سەعیددا، ئاوڕێکی کورت لە ژیان و بەرهەمەکانی فانی‌یەکانی کوردستان بەپێی ساڵی لەدایکبوونیان دەدەینەوە و ورد دەبینەوە تا بزانین کامیان دەتوانێ خاوەنی ئەو شینگێڕییە بێ؛  

 
١-                 مەلا ئەحمەدی نۆدشی (فانی)
یەکەمین "فانی" کە لە کتێبەکانی مێژووی ئەدیبانی کورددا ناوی تۆمار کراوە، مەلا ئەحمەدی نۆدشی‌ بە ناسناوی فانی‌ یان "فانیی نۆدشەیی‌"یە. لە ١٨١٣ لە نۆدشەی ناوچەی هەورامان لەدایک بووە. لە رێی زانست و فێربووندا ناوچە جۆراوجۆرەکانی کوردستان هەر لە پاوە تا رەواندز گەڕاوە. لە سلێمانی و سنە مامۆستا بووەو مناڵانی دەرس داداوە. بەرهەمەکانی کەوتوونەتە بەر سەرنجی کەسانی وەک شاعیری پایەبەرز مەولەویی تاوەگۆزی. ئەوەش نیشان دەدا کە فانی، زانایەکی لە زەبر بووە. حاجی مامۆستا ساڵی ١٨٨٤ی زایینی کۆچی دوایی کردوە و ئەوەش زۆر بەر لە سەردەمی ئیعدامی یەک لە شێخ سەعیدەکان و ئەو تاریخەیە کە لە حیسابە ئەبجەدەکەدا هەیە یان لە ژێر دەسنووسی شێعرەکەدا نووسراوە.

 
٢-                 شێخ فاتحی فانی
فانیی دووهەم، شێخ فاتحی فانی‌یە. مەلا حەسەنی دزڵی (١٨٥٩-١٩٤٦) نامەی لەگەڵ گۆڕیوەتەوە و لە شێعرێکدا چەند جار ناوی هێناوە:
خەیلێن سەر حەڵقەی عالی مەقامان
 شای "فانی" نامان، نامەیچش نامان!
یا:
مەواچی تالار ئەحمەد خانییەن
ئانا تەنوورەی، ئاش "فانی"یەن!
یان:
حەسەن ئەر قەوڵت ڕاســـــەن بە تاقی
 چوون "فانی" ڕوو کەر نە دەرگای باقی
بە داخەوە لەوە زیاتر زانیاریەکی زیاتر سەبارەت بە ژیان و بەرهەمەکانی شێخ فاتحی فانی لەدەستدا نییە.
 
٣-                 مەلا حوسێنی شێخ سەعدی فەیزوڵڵا (فانی)
فانیی سێهەم مەلا حوسێنی شیخ سەعدی فەیزوڵڵایە کە ناسناوی "فانی" بۆخۆی هەڵبژاردوە. لە ١٨٨٣ لە شاری هەولێر لەدایک بووە و سەد ساڵ ژیاوە. ئەگەرچی لە تافی لاویدا شێعری ئەویندارانەی وەک "دانەی دوڕە دەندانی، بە قەد سەروە، مەمەی مەی" نووسیوە، بەڵام پیاوێکی ئیماندار و لە خوا ترس بووە و زۆربەی شێعرەکانی موناجات و خواپەرەستین. لەپاڵ ئەوەدا دڵی بۆ سەربەستیی نەتەوەکەشی لێیداوە و بانگی یەکبوون و برایەتیی کوردانی کردوە. بە ناوەرۆکی شێعرەکانیدا دیارە کە حەز و ئۆگرییەکی زۆری بۆ جوغرافیا هەبووە. بەردەوام هەوڵی داوە وڵات و جێ و مەکانی زۆر لە شێعرەکانی دا بگونجێنێ:
..لە من دەپرســـن من ڕاوەستاوم
بە ماڵ و بە سەر نەوەک دەرکەنار
شوورەی پۆڵا بین بۆ حیفزی وڵات
لە چنگ ڕووسیە و ئەڵمان و بولغار
فەریاد ســـەد فەریاد برایانی کورد
وا چاخی کارە ھــاوار سەد ھاوار
               
 یان:
پەرچەمت ژاپــۆن و ئەبرۆت ئینگلیسە، نێـــوچەوان
مڵکی ســــەنغافوورە کەوتە بەینی شاخی دووبەران
تورکی کوڵمت باغی ڕەم بەحری سیای دوو زولفی تۆ
جەرمــەنی خاڵت نییە ڕێ، ڕەت بێ بۆ نێو بۆسـتان
 
شێعری زۆر ناسکی وەک ئەم بەیتەی خوارەوەشی هەیە:
ئەگەر پێت خۆشە کوردستان وەکوو جەننەت موعەتتەر کەی
بکە زولفــــــــــــــی تەڕت شانە و سەعاتێ روو بەرەو با کە
 
لە کاتی نووسرانی شێعرەکەی بەرباسی ئێمە، مەلا حوسێنی فانی تەمەنی ٢٥ ساڵان بووە. ئەوەش تەمەنێکی گونجاوە بۆ ئەوەی وەک خاوەنی شێعرەکە هەڵیبژێرین. بەڵام لەو سەردەمەدا کە هەولێر لەژێر دەسەڵاتی عوسمانیدا بوو،  کەم بوون ئەوانەی ئەوەندە شارەزای زمانی فارسی بووبن کە شێعری پێ بنووسن و شینی پێ بگێڕن. وێڕای ئەوە بۆ شاعیرێکی هەولێری چ پێویستیەک لە ئارادا نەبووە کە بە زمانی فارسی شینی کەسایەتیەکی دەڤەرەکەی خۆی بکا. لە دیوانی مەلا حوسێنی فانیشدا، نەو ئەو شینگێڕیە و نە هیچ شێعری فارسی بەرچاو ناکەوێ.
 
 
٤-      شێخ عەبدولکەریمی شێخ ئەحمەد ناسراو بە فانی
شیخ عبدالکەریمی فانی چوارەمین شاعیر و زانای کوردە کە ئەو ناسناوەی بۆخۆی هەڵبژاردوە. شێخ عەبدولکەریم کوڕی شێخ ئەحمەد، لە دایکبووی ١٨٨٥ لە گوندی خانەشۆری ناوچەی سەلاسی باوەجانیە. شارەزای زمانی کوردی بە هەر دوو زاراوەی سۆرانی و هەورامی بووە:
 
وەرە ئەی دڵ وەکـــــوو پەروانە باڵی عیشق پەیدا کە
بە دەوری شەمعی شەرعی ئەنوەرا سەد سۆز بەرپا کە
 
بە هەورامی:
دووریت ئازیـــــزم دەردی دا له دڵ
نزیکەن ئەو دەرد مـــن بەرو وه گڵ
هه‌رکەس دیدەکەت نەوینێ وە چەم
پەری دیدەنت عومــــرش مەبۆ کەم
ئێسته دیدەکەم دووره جـه دیدەت
بو ئەبـــرۆی سیای تاقه خەمیدەت
ساعەت به ساعەت شەوان تا به رۆ
بینایی دیدەم! دیدەم کەم مەبـــــۆ
 
شێخ هەروەها شارەزایەکی باشی لە زمانی فارسیدا بووە. وەک زۆرێک لە قوتابیانی حوجرەکانی کوردستان، ئەویش یەکەم جار لە خوێندنی گوڵستان و بوستانەوە فێری خوێندنەوە و نووسین بە زمانی فارسی بووە. دواتر خۆی فێری خوێندنەوە و نووسین بە زمانی دایکیی خۆی کردوە. ئەوەی خوارەوە شینگێڕیەکە کە فانیی شاعیر بە زمانی فارسی بۆ مەرگی مصطفی خانی مسعودالسلطنەی نووسیوە:
شـور محشر شد هویدا در زمین و آسمان
داغــدار و سوگوار این مصیبت مرد و زن
واله و سرگشتەی این ماجرا پیر و جوان
از تنور دیده شد بسط زمین طوفان اش
سرخ شد از جوش سیل خون دل هفت آسمان
شد پریشان خاطر مجموع اعیان زمین
گرد حسرت بر جبین بنشست ارکان زمان
کاکل زیبا رخان ببریده از تیغ جفا
سنبل زلف بتان پژمرده از باد خـــــزان
زانکه آن میـر نکو سیرت به ناحق شد شهید
وز دم تیغ عدو غلتید در خون ناگهان
در مصاف کافران مانند شاه کربلا
جان به جانان دادو از دنیای 'فانی' شد نهان
"مصطفی خان قبادی" رادمرد پاک دین
مرغ روحش شد طفیل مصطفی اندر جنان
از وفاتش سبعه سیاره بی تاب و توان
واز عذابش چشمەی چشم ثوابت خون چکان
"فایا" کنوتاە کن آه و فغان زیرا کنون
او بود آسوده خاطر در نعیم جاودان
خاصەی دست قضا بر لوح خاطر زد رقم
رمز سالش "خیمه زد بر مامن دارالامان"

شاعیر ساڵی مەرگی مستەفا خانی لە کۆتایی شێعرەکە و لە دێڕی "خیمه زد بر مامن دارالامان"دا هێناوە کە بەپێی حیسابی ئەبجەد دەکاتە ساڵی ١٣٢٧. ئەوەش ساڵێک دوای شێنگێریەکەی بەر باسی ئێمەیە. هەروەها هەڵبژاردنی قافیەی هاوشێوەی شینگێڕیەکەی شێخ سەعیدیش بۆ ئەم شینگێڕییە، جێی سەرنجە. 
 
 شێخ عەبدولکەریمی شێخ ئەحمەد (فانی) نەک هەر پێڕەوی تەریقەتی قادری بەڵکو پیر و مورشیدی خانەقای گێڵانی لە گوندی خانەشۆر و لە ناوچەی سەلاسی باوەجانی بووە. ئەوانەش نیشانەی روونن بۆ ئەوەی بە خاوەنی شێعری فارسیی شینگێڕی بۆ شێخ سەعیدی بەرزنجی بزانین. 
لە سەر یەک بەو دەلیلانەی خوارەوە بژاردەی سەرەکیی ئێمە بۆ دۆزینەوەی خاوەنی شینگێڕیەکە، شێخ عەبدولکەریمی شێخ ئەحمەد بە ناسناوی شێعریی "فانی"یە؛
الف- ئەویش وەک شێخ بابا و وەک شێخ سەعیدی بەرزنجی، پێڕەو و پیری تەریقەتی شێخ عەبدولقادری گێڵانی بووە. 
ب- شارەزای زمانی فارسی بووە و بە زمانی فارسی شێعری نووسیوە
ج- ناوی باوکی ئەحمەد بووە و رەنگە بەو هۆیە نووسەری تێکستی شێعرەکە ناوی شاعیری بە هەڵە یان ئانقەست، بە ئەحمەد فانی نووسیوە.
د. لە کاتی شەهیدکرانی شێخ سەعیدی بەرزنجیدا، لاوێکی پێگەیشتوو و تەمەنی ٢٤ ساڵان بووە. 
 
٥- مەمەند ئاغای رەسوڵ ئاغای مەرگە ١٩١٠ - ١٩٧٢
هەرچەند تا ئێرە توانیمان فانی، شاعیری شینگێڕیی شێخ سەعید بدۆزینەوە بەڵام هێشتا شاعیرێکی دیکە بە ناسناوی فانی هەیە کە ناکرێ لەم باسەدا بیبوێرین و باسی نەکەین. شاعیرێک کە دەبوو زۆر زیاتر لە لای نەتەوەکەی ناسراو و خۆشەویست بێ بەڵام ویدەچێ دەردی هەڵبژاردنی ناسناوی "فانی‌" زیاتر لە هەموان داوێنگیری ئەم شاعیرە بووبێ.

"مەمەنداغای مەرگە" یەک لە نەتەوەیی‌ترین و شۆرشگێڕترین شاعیرانی سەدەی بیستەمی کوردستانە. بەپێی تەمەنەکەی، پێشەنگی شاعیرانی نیشتمانپەروەری دوای خۆیەتی و بەپێی ناوەرۆکی شێعرەکانی، سەرمەشقی زۆرێک لە شاعیرانی هەرە بەرزمان بووە.

کەماڵ میراودەلی کە کوڕی فانی شاعیرە، زۆر درەنگ دەستی بە کۆکردنەوە و لە چاپدانی شێعرەکانی باوکی کرد. ئەو لێکۆڵینەوەیەکی درێژی سەبارەت بە هزر و روانینی فانی بۆ پێشەکیی دیوانەکەی نووسیوە و تێیدا دەڵێ؛ "...تا ئێستا تاقه‌ یه‌ک لێکؤلێنه‌وه‌ش له‌ سه‌ر فانی نه‌کراوه‌ و دیاره‌ دیوانه‌که‌شی که‌م که‌س بینیویانه‌." 
بۆ ئاستی بەرزیی هزری نەتەوەیی و نیشتمانپەروەریی فانی رەنگە هەر ئەوەندە بەس بێ کە ئەو خۆی بە قوتابیی قوتابخانەی حاجی قادر دەزانێ:

حاجى قادر شاعیرى مەشهورو دەوڵەت خواهى کورد
شیعرەکانى شاهـــــــــــــیدن بۆ فیکرو بەرزیى فیترەتى
هەروەکو باوکێکى موشفیق چۆنە بۆ ئەولادى خــــۆى
دەرحەقى کوردانى گێتى وا بوو رەحــــــــم و شیفقەتى
بۆ ئەوەى ئیرشادى کوردو نەشرى ســـــەربەستى بکا
دایە سەر شیعرو ئەدەب تا رۆژى مـــــــــــردن ئولفەتى
حاجـــــــــــــیا حەیف و تەئەسوف میللەتى نادانی تۆ
بەم هەمــــــــــــوو بەندانە جاهیل ما نەگۆڕا حاڵەتى
گەڕ لە ناو قەومێکى زانا بایە حاجـــــــــــى، بێگومان
تا زەمانى ئاخرەت دەکرا سوپاس و مــــــــــــــەدحەتى
 
مەمەنداغا ئەگەرچی پاشگری ئاغای بە دواوەیە بەڵام دژ بە ئاغاوەت و چەوساندنەوەی خەڵکەکەی، قەڵەمی ئاژۆتووە و هەڵوێستی گرتوە:
 
لاوێکى شـوانزادەیى هۆشیار و بەغیرەت
 قوربانى دەکەم سەد بەگ‌و ئاغا لەڕى بێ‌هۆش 
 
 
یان:
نە ئاغام‌و نە کوێخام‌و نە شێخم
لیباســـى مفتەخۆرانم لەبەربێ

بە خوێندنەوەی شێعرە دژ بە ئاغاوەتەکانی "فانی" زیاتر ئەو راستیەمان بۆ روون دەبێتەوە کە ئەو پێشەنگایەتی بۆ شاعیرانی سەردەمی کۆماری کوردستان بە تایبەت لە تافی کۆمەڵەی ژێکافدا کردوە. فانی لەو سەردەمەدا شاعیرێکی پێگەیشتوو و شێعرە شۆشگێڕیەکانی بۆ شاعیرانی لاوی ئەو کات سەرمەشق و رێنوێن بوون. رەنگە کەم کەس بزانێ کە سەرمەشق و ئیلهامی شێعری "دەیڵێم و بێ باکم"ی مامۆستا هێمن، شێعرێکی فانی‌یە. هەڵبەت جگە لە مامۆستا هێمن، شاعیر و ئەندامێکی دیکەی کۆمەڵەی ژێکافیش ئیلهامی لە شێعرەکەی فانی وەرگرتووە و لەسەر هەمان ڕێچکە و بابەت شێعری نووسیوە کە ئەویش مەلا ئەمجەدی عوسمانی یان "مەلامجەتی قەڵا" بە ناسناوی شێعریی "کاک"ە. روون نییە کامیان بەر لە ئەویدی سەرنجیان پەڕیوەتە سەر شێعرەکەی فانی بەڵام وەک دیارە هەردوو شاعیری موکریان وڵامی شێعری فانی‌یان نووسیوەتەوە. ناراستەوخۆش لۆمەی فانی‌یان کردووە کە  لە شێعرەکەیدا "ناوێرێ بیڵێ" بەڵام ئەوان "بە قاو دەیڵێن‌و ناترسن" یان "دەیڵێن و بێ باکن". بەڵام شێعرەکەی فانی چ لە ناوەرۆک و چ لە شێوازدا سەردەقی بۆ ئەوان شکاندوە و سەرمەشقی شێعری ئەوانە. لە راستیشدا فانی سەرەڕای هەڵبژاردنی قافیەی "دەڵێم بیڵێم و ناوێرم"، قسەی خۆی کەمتر لە کاک و هێمن نەگوتوە. 

بە گشتی فانی چ لەو شێعرەیدا و چ لە شێعرەکانی دیکەیدا، وەک شاعیرێکی ئازا و نەترس دەرکەوتووە. بەڵام جیاوازیی بۆچوون لە نێوان فانی لەلایەک و کاک و هێمن لەلایەکی دیکە، لە ناوەرۆکی شێعرەکانیاندا دەبیندرێ. بۆ وێنە لەو سەردەمدا کە سیستەمی کۆمەڵگای کوردستان هێشتا فیئوداڵی و باوی ناسیونالیزمی فیئودالی بوو، فانی، ئاغا و کرمانج وەک یەک بە کەمکاری و خراپەکاری تاوانبار دەکا بەڵام نووکی هێرشی شاعیرانی موکریان بەرەو ئاغاوەتانە. وێدەچی لەو سەردەمەدا ژێکاف بیری سوسیالیستی تێدا بەهێز بووبێ. 

پێکگرتنی ناوەرۆکی شێعرەکان بۆ کاتێکی دیکە هەڵدەگرم و لە خوارەوە هەر سێ شێعر بە جیاواز دەنووسمەوە و بە شوێن ئەودا کۆتایی بە باسەکە دێنم:


فانی: دەڵێم بیڵێم و ناوێرم

قسێکم دێتە سەر زارى دەڵێم بیڵێم و ناوێرم

لە باسى کورد و کردارى دەڵێم بیڵێم و ناوێرم

دزو جەردەو ریاکارن، نەزان‌و گێژو بێ عارن

لەگەڵ یەکتر دەڵێى مارن دەڵێم بیڵێم و ناوێرم

ئەوەى ئێستاکە زۆردارە خـەریکی جەورو ئازارە

ئەوەى بێ زۆرە غەمبارە، دەڵێم بیڵێم و ناوێرم

ئەگەر ئاغایە بەدکارە ئەگەر کوێخایە مەککارە

ئەگەر مسکێنە بێ عارە، دەڵێم بیڵێم و ناوێرم
دووسەد خەرمانی میللیەت بە یەک جۆ ناکڕێ میللەت

وەفا رۆیى ، نەما غیرەت، دەڵێم بیڵێم و ناوێرم

ئەتۆش (فانى) هەتا ماوى خودا نوتقێکى پێداوى

لەچاکەى گەل نەکەى خاوى دەڵێم بیڵێم و ناوێرم 

تێبینی: رەنگە شێعرەکەی فانی لەوە زیاتر بێ بەڵام من هەر ئەوەندەم دەست کەوت. 

 

کاک: بە قاو دەیڵێم و ناترسم


شێعری کاک لە کەشکۆڵی مەلا بابەوەیسی
 
بەڕێز ئەنوەر سوڵتانی ساخی کردوەتەوە

قسێکی دیم لە بیر ماوە، بە قاو دەیڵێم و ناترسم

لە بابەت کورد و ئاغاوە، بە قاو دەیڵێم و ناترسم

زمانم رووی لە ئاغایە، ئەڵێم بێ ترس و بێ پایە

لەگەڵ کرمانج قسەم نایە، بە قاو دەیڵێم و ناترسم

زمانی کورد دەبێ پاک بێ برای راست‌و برای چاک بێ

زمانی ماری زوححاک بێ، بە قاو دەیڵێم و ناترسم

ئەوی ئاغای موکریانە، لە سوێی قەند بوونە دێوانە

وەکوو عەبدن لە کارخانە، بە قاو دەیڵێم و ناترسم

ئەڵێن ئاغا لە خەو دایە، قسەی کوردانی لا بایە

نەسەب کوردە، عەجەمخوایە، بە قاو دەیڵێم و ناترسم

قوڕی دنیا بە سەردا کە، لە حەیفی کوردەکان "کاکە"

هەمووی هەر غەیری پێ چاکە، بە قاو دەیڵێم و ناترسم

هەتاکوو گەورە بێ باک بێ، خراپ و پاک لە لای چاک بێ

بچووک مەجبوورە غەمناک بێ، بە قاو دەیڵێم و ناترسم

کە ئاغا ساحیبی ئەملاک، نەیانبیست "اترکوا الاتراک"

دەبێ کورد رێککەون سەرپاک، بە قاو دەیڵێم و ناترسم

بە مڵک و ماڵ و زێو و زێڕ، عموومیان بوونە میلیۆنێڕ

نەیانکرد قسەیەکی خێـر، بە قاو دەیڵێم و ناترسم

هەتا سەرگەورەمان خان بێ، دەبێ کورد شوان و گاوان بێ

ئەسیری تورکی ئێران بێ، بە قاو دەیڵێم و ناترسم

ھەموو مامەش لەگەڵ ئاغا، لەسەر کوردان نەيانکوت 'نا'

نەيانکرد دوو قسەی بێجا، بە قاو دەيڵێم و ناترسم

کە مەنگوڕ بوونە سەرکردە، دەڵێن ھەر قوڕ بەسەر کوردە

ئەوی بووش، چوونە ناو پەردە، بە قاو دەيڵێم و ناترسم

ھەتا دێبوکری سەردار بێ، دەبێ کورد ڕووت و بێ کا[ر] بێ،

ئەسيری دەستی ژاندار بێ، بە قاو دەيڵێم و ناترسم

گەورک و ئێلی بەگزادە، لە ترسا بەو دڵی سادە

گەلی کورديان بەئاو دادا، بە قاو دەيڵێم و ناترسم

بەشێخ و قازی و ئاغا، کەچوون بۆ بادکوبە و جوڵفا،

چييان کرد بۆ مە؟ ماشەڵڵا! بە قاو دەيڵێم و ناترسم

بە تۆپێ چيت و بارێ قەند، لەئاغاکانی دەوڵەتمەند

ڕەشادەتيان کڕی و لێ سەند، بە قاو دەيڵێم و ناترسم

ئورووپا و ئاسيا سووڕا، بۆ کوردان سەد وەرەق گۆڕا،

نەيانکرد "امرھم شورا"، بە قاو دەيڵێم و ناترسم

کە ئاغاکان لەنێو چن، 'ھەژار ' و 'ھۆرنر' و 'گوردوون'

لەوان زۆر چاتر و وێچوون، بە قاو دەيڵێم و ناترسم

وەرن کوردان بە تەڕدەستی، بۆ ئيستيقلال و سەربەستی

بە ھەويای کەس مەکەن سستی، بە قاو دەيڵێم و ناترسم

وەرن کوردان وەکوو 'سمکۆ'، مەکەن ڕاکەن ھەتا ژينۆ

لەوێ کارتان بکەن يەک لۆ، بە قاو دەيڵێم و ناترسم

بە ياری زاتی 'حق اللە' بە ھەويا[ی] تۆم ڕەسوولەڵڵا

کە ئەمجارەش نەبين بێ شا، بە قاو دەيڵێم و ناترسم

 

هێمن: ئەمن دەیڵێم و بێ باکم

ھەچێکی بێتە سەر زارم، ئەمن دەیڵێم و بێ باکم

ئەگەرچی بێکەس و زارم، ئەمن دەیڵێم و بێ باکم

ئەوی ئاغایە  بێکارە، جەبوون و قەڵس و لاسارە

دزی و ڕێ گرتنی کارە، ئەمن دەیڵێم و بێ باکم

گەلێ بێ فیکر و ئیدراکن، گەلێ بێ خێر و ناپاکن

توخواکەی کامەیان چاکن، ئەمن دەیڵێم و بێ باکم

ئەوەندە گێژو بێ ھۆشن، حەیا و نامووسێ دەفرۆشن

لەبۆ ئازادی ناکۆشن، ئەمن دەیڵێم و بێ باکم

خودای ئاغاوەتان قەندە، لەبۆ قەندن ھەموو بەندە

بەحاڵی وان دەکەن خەندە، ئەمن دەیڵێم و بێ باکم

نییانە بیری سەربەستی، دەکەن فەخرێ بەژێردەستی

دەڕۆن ھەروا بەرەو پەستی، ئەمن دەیڵێم و بێ باکم

لە تاڵان و برۆ ئازان، لە ڕێگرتن ھەموو وریان

درۆ ناکەم بپرسە وان، ئەمن دەیڵێم و بێ باکم

ئەوانەی ئێستە سەردارن، جەفاجۆن و ستەمکارن

غوڵامی پوول و دینارن، ئەمن دەیڵێم و بێ باکم

بەشەو تا ڕۆژ دەکەن تەگبیر، چ مڵکێکی بکەن داگیر

چ داماوێک بکەن یەخسیر، ئەمن دەیڵێم و بێ باکم

لەبەر زوڵم و جەفای وانە، وەتەن یەکبارە وێـــرانە

ھەزار خـۆزگەم بەبێگانە، ئەمن دەیڵێم و بێ باکم

لەشەرم‌و شوورەیی مردم، بەخۆم من چۆن بڵێم کوردم

کە ئاغا ئابڕووی بردم، ئەمن دەیڵێم و بێ باکم

منم لاوێکی بێ پەروا، لە کەس باکم نییە بەخوا

ئەگەر ئاغا لە حەپسم کا، ئەمن دەیڵێم و بێ باکم

 

ژێدەر:

١-          شیخ بابا سعید برزنجی (غوث آباد مهاباد) تالیف رضا داودی

٢-          مەلا ئەحمەدی نۆدشی - کوردیپێدیا

٣-          دیوانی مەلا حەسەنی دزڵی – ماڵپەڕی ڤەژین

٤-          دانشمند و شاعر نامی ثلاث باباجانی شیخ عبدالکریم فانی خانه شوری را بشناسیم - سید حسن هاشمی

٥-          شێعرێکی نەمر مەلا ئەمجەدی عوسمانی (کاک) – ئەنوەر سوڵتانی - ماڵپەڕی بۆکان رۆژهەڵات

٦-          فانی نەمر شاعیری نەتەوەیی شۆرشگێڕ - کەمال میراودەلی

٧-          تاریک و روون – هێمن

بابەتی نوێ:

بۆچی دوا پێنج‌شەممەی ساڵ ڕۆژی سەردانی گڵکۆی ئازیزانە

  لەنێو کۆمەڵگەی کورد و ئێرانییەکانیشدا باوە کە بەتایبەت ئێوارەی ڕۆژانی پێنج‌شەممە سەردانی وێنەی کێلێک لە لوڕستان گڵکۆی مردووەکانیان دەکەن و...