لەو سەردەمدا کە قازی
ئەسکەر بە بەریەوە مابوو و هێشتا ئیشتیای ملەقوتە و چاولەوەڕاندنی دە سەردا
بوو، یەکێک لە رعێتەکانی بە ناوی سۆفی رەحمەت تازە ژنی هێنابوو. سۆفی
لاو بوو و ژنەکەشی لە چاو ژنانی دیکەی ئاوایی و ناوچە کە زۆربەیان ناحەز، چڵکن،
رەش و تاوەسووت بوون، جوان و ژیکەڵە بوو. لانیکەم لەو دێیەدا بۆ جوانی کەس تای
نەدەکرد. بە تایبەت ئەگەر ئێواران بەو کراسە سوورە گوڵگوڵیەوە، گۆزە لەسەر شان،
لەگەڵ کچان و ژنانی دیکەی ئاوایی دەهات بۆ کانی، دڵانی بۆ دەکەوتە خورپە
و چاوانی لە سەر هەڵنەدەگیرا. دەیانگوت ئاشقی دڵسووتاوی یەکجار زۆرن بەڵام لە
هەموان دڵسووتاوتر قازی ئەسکەر، ئاغای گوند بوو.
ئاغا لانیکەم دە پازدە
ساڵێک لە سۆفی رەحمەت و ژنە ژیکەڵەکەی بەتەمەنتر بوو. لەو تەمەنەشدا دەبوو بزانێ
کە خۆشەویستیی ئاوا رسوایی لێ دەکەوێتەوە. بەڵام ئاشق کەی بیری لە پاراستنی ناو و
ناوبانگ کردوەتەوە!
ئەوینی ئاگرینی خەجێ وای
لە قازی ئەسکەر کرد کە وەک شێخی سەنعان بۆی لە دین وەرگەڕێ. بە تەواوی لە ئیشقیدا
سووتابوو. جاران کە قسە و سەتمەنی لەگەڵ رعێتان نەدەکرد، لە ئیشقی خەجێدا تەواو
گۆڕابوو. تا ئەو کاتانە کەم کەس دەیزانی ئاغا دەنگی خۆشە و قامان دەزانێ. بەڵام
ئەو رۆژانە ئاغا هەر نارەی دەهات. خەڵکیش بە ئیشتیاوە گوێیان بۆ گۆرانیی ئاغا
رادەگرت و شاهیدی گۆڕانی حاڵی ئاغا بوون. ئەوانەی ئێوارە درەنگان لە مەزرایەڕا
دەهاتنەوە یان تا شەو درەنگان لە مزگەوتێ دادەنیشتن، لەسەر کانی یان لە رێی باغی
چاویان بە تارمایی ئاغا دەکەوت. زۆر جاریش گوێیان لە گۆرانی "خەجێ"
دەبوو کە ئاغا دەنگی بۆ هەڵدێنا و دەیگوت:
سەرسەوز و بۆرچین نیشتن لە دەریا
ئەوان بوون بە جووت، خۆم تاقی تەنیا
عەمرەکەم خەجێ
چاوەکەم خەجێ
بێ وەفا خەجێ
بۆ تۆ نەماوم
لە دووری باڵات رەش بوو هەناوم
خۆزگەم بەو گۆزەی دەیبا بۆ کانی
جار جار دەکەوێ لە شلکەی ڕانی
عەمرەکەم خەجێ
چاوەکەم خەجێ
ماڵ لە میرەدێ
قەولت دا بە کێ
بۆ تۆ نەماوم
لە دووری باڵات ڕەش بوو هەناوم
سۆفی رەحمەت جیرانی
ئەولاتری ماڵی کوێخا عەوڵا بوو. ئاغا کە لە ئیشقی خەجێدا تەواو سووتابوو، ئیدی
چیدی خۆی بۆ رانەگیرا و دەستەوداوێنی کوێخا عەبە بوو. فیزی ئاغایەتی وەلا نا و
داوای لێ کرد هەر چۆنێک بووە خەجێی بۆ رازی بکا.
کوێخا کە پیاوێکی ئازا، زیرەک و گەڕناس بوو، زوو زانی مریشکی هێلکەزێڕینی بۆ پێوە بووە. لە دڵە خۆیدا بڕیاری دا کە ئەوپەڕی کەلکی خۆی لەو خاڵە لاوازەی ئاغا وەرگرێ. بەڵێنی پێ دا کە خێزانەکەی رادەسپێرێ تا خەجێی بۆ رازی بکا. بەڵام بە مەرجێک پەلەی لێ نەکا و ئەوە کارێک نییە بە رۆژێک و دوان جێبەجێ بێ. هەروەها ئاغا بۆ ئەوەی بە مرازی دڵی خۆی بگا دەبێ لە ماڵی دنیا مایە دابنێ. ئاشقی دڵسووتاو گوتی: ناتوانم زۆر چاوەڕێ بم بەڵام لە ماڵی دنیایە هەرچی پێویستە دەیدەم. کوێخا بیست تمەنی ئەو زەمان و دەستێک کەواوپاتۆڵی لە ئاغا ئەستاند و دەستبەکار بوو. ئەو دەم شەکە مەڕێکی شێست کیلۆیی هەر بایی پێشتمەن بوو.
کەس نازانێ ئەرێ کوێخا لە
رێی کوێخاژنەوە جارێک مرازی دڵی ئاغای بە خەجێ گەیاند یان نا بەڵام هەموو رۆژێ بە
درۆ هەواڵی دڵخۆشکەر و جێی هومێدی بۆ ئاغا دهێناوە. بەردەوام ئاغای وا تێدەگەیاند
کە بە خۆی و بە ژنێوە دەستیان لە هەموو کارێک بەرداوە و خەریکی رازیکردنی خەجێن،
ئاغا چاوەڕوان بێ کە بەو زووانە زەحمەتەکانیان بەر دێنێ و خەجێی ناسک و نازدار دە
باوەش وەردێنێ.
هەموو جارێ بەو مزگێنییە
درۆیانەوە لیستی پێداویستیەکانیشی بە گوێی ئاغا دەگەیاند. بۆ وێنە لە گەڵ خێزانی
هیندە هاتوون و چوون، کەوشیان دڕاوە یان ئاغا لە بازاڕی کەلبەرەزاخان دەبێ
قەوارەیەک پارچە، چەند لینگە بازنە یا جووتێک گوارە بۆ یاری سرک و سڵ بکڕێ تا
زووتر دڵی نەرم بێ. جاری واش بوو مەڕێکی بە ئاغا دەکردە خێر و گۆشتەکەی بە سەر
خەڵکی پیروەلی باغیدا پێ دەبەشیەوە بۆ ئەوەی گراوی بزانێ کە ئاغا چەندە خێرخواز و
بە دەست و دڵە. قازی ئەسکەری فەقیریش وەها لە ئیشقی خەجێدا سووتابوو کە هەرچی
کوێخا عەوڵا گوتبای، نای نەبوو.
رۆژ و حەفتە و مانگ
تێدەپەڕین و ئاغا هەروا دڵی بە درۆکانی کوێخا عەوڵا خۆش دەبوو. بەرە بەرە ئەو بەزمە گەیشتە هەشت - نۆ مانگ کە ئاغا هەر دەیبەخشی و کوێخاش لە قسە زیاتر هیچی
دیار نەبوو. وای لێ هات کە ئاغا ئیدی تاقەتی نەما. رۆژێک لەو رۆژانە، یەخەی کوێخای
گرت و گوتی: ئەرێ ئەتۆ هەتا کەنگێ هەر قسەم بۆ دەکەی و پووڵ و ماڵم لێ دەستێنی و
ئەمڕۆ و سبەینێم پێ دەکەی؟! چیدی تاقەتم نەماوە! ئەگەر تا حەوتوویەکی دیکە بۆت
جێبەجێ کردم باشە دەنا وات لێ دەکەم لە عومری خۆت پەشیمان بی.
کوێخا کە هیچی بۆ ئاغا
نەکردبوو و لەو رێگایەدا تاقە هەنگاوێکی هەڵنەهێنابۆوە، بەو هەویایەی لەوە بە دوا
بتوانێ شتێک بکا، حەفتەیەکی بە کەم زانی و داوای دوو مانگ وەختی لێ کرد. سەرەنجام
ئاغا سەنگ و سووکی لەگەڵ کرد و بە مانگێک رازی بوو بەو مەرجەی درێژی نەکاتەوە. کوێخا
بەو یەک مانگەش هەر نەیتوانی هیچ بۆ ئاغا بکا. بەڵام تا توانی لە ماڵی ئاغای دۆشی
و لێی خوارد. وردە وردە دەرفەت بەرەو کۆتایی دەچوو. دوو رۆژی بۆ وادەی ژوان مابوو کە
کوێخا نێوی خودای لێ هێنا و مزگێنی بە ئاغا دا کە دڵدار ساز و ئامادەیە و نیوەشەوی
سبەی شەو بۆت دێتە ژوانێ. کوێخا هەر بۆخۆی نێو قەڵاغی ئاغای بە جێژوان بۆ
دیاری کرد کە جێگایەکی بە لاوەیە و کەس شکی لێ ناکا.
ئاغا لە خۆشیان پێی وە
عەرزی نەدەکەوت. دوای ئەو هەموو چاوەڕوانی و ماڵی دنیایە سەرەنجام بە مرادی دڵی
خۆی دەگەیی. لە خۆشیان بیست تمەن پووڵ و کەرێکی شەش پووت باری لە مزگێنی دا بە
کوێخا. سەر لە نوێ کەوتەوە نارەنار کە ماوەیەک بوو دەنگی لێ بڕابوو. لەو ماوە کەمەدا
وەها گەشایەوە کە هەموو کەس هەستی پێ دەکرد. دیاریکردنی نێو قەڵاغەکەش بۆ جێژوان
لە لایەن کوێخا عەوڵاوە کارێکی ئاقڵانە بوو. راستە شەوانە بە تایبەت لە شەوانی
زستاندا سەگان تێیدا دەخەوتن بەڵام جێیەکی پارێزراو و بە لاوە بوو. هەتا زستانێ
کەس کاری بەوێ نەبوو و لە دەرەوەش گەرمتر بوو. ئەو تایبەتمەندیانەش ژوانی ئاغایان
خۆشتر دەکرد.
ئاشقی دڵسووتاو نەیدەزانی کە مەعشووق رووحیشی ئاگای لەو قەول و قەرارانە نییە. سەرەنجام شەوی ژوان کە ئاشق چەندین مانگ بوو چاوەڕوانی دەکرد، گەیشت. ئاغا بێ ئۆقرە، ئان و دەقیقەی دەژمارد. کوێخا لە نێوان ماڵی خۆی و باڵەخانەی ئاغادا وەک مەکۆکی جۆڵا دەهات و دەچوو. کەس نەیدەزانی چ خەبەرە و چ قەوماوە. شەو درەنگ بوو. خەڵک خەوتن. تەنیا ئەستێرەی ئاسمان لەگەڵ ئاغا و کوێخا بەخەبەر بوون. سەعاتێکی بۆ وادەی ژوان مابوو کە کوێخاش مۆڵەتی لە ئاغا خواست و رۆیشت. ئاغای حاڵی کردبوو کە دەبێ درەنگانی شەو، لەو وەختەدا کە کەس بەخەبەر نییە، بەرەو ژوان بخوشێ.
نیوەشەو کە لەنێو
باڵەخانەی ئاغادا کەس بەخەبەر نەبوو، ئاغا هەر بۆ کار قایمی، تفەنگەکەشی هەڵگرت و
بە دڵەخورپە وەڕێکەوت. گەیشتە بەر دەرگای قەڵاغ و بەوپەڕی وشیاریەوە، دەست لە سەر
پەلەپیتکەی تفەنگ لە دەوروبەری روانی. بە خۆشیەوە کەس بە دەرەوە نەبوو. تەنانەت وزەی
مێشوولەش نەدەهات. لە بەر زارکی قەڵاغەکە بۆ جارێکی دیکە ئاوڕێکی لە دەوروبەر
دایەوە، بە ئەسپایی سەری دانواند و لە کاتێکدا کە لە خۆشیان دڵی خێراخێرا لێی
دەدا، وەژوور کەوت. نێو قەڵاغەکە ئەوەندە تاریک بوو کە چاوی هیچی نەدەدی. هەتا چاو
هەتەر بکا رەشایی بوو. کوێخا پێی گوتبوو کە نابێ شەمچە هەڵکا. ئاغا بە دەستەکوتە
بە دەوری خۆیدا گەڕا و یەک دوو جار بە ئەسپایی هەرای کرد؛ خەجێ! خەجێ! بەڵام کەس
وڵامی نەدایەوە. پێی وا بوو یار لە شەرمان وڵام ناداتەوە و زیاتر بەرەو پێش چوو.
لاقی دە شتێک هەڵەنگوت. خێرا دانیشت و دەستی کوتا تا بزانێ چییە. پارچەیەکی نەرم و
ناسکی وەبەر دەستی کەوت. وەیزانی لاقی دە لاقی یار هەڵەنگوتووە و بە سرتە داوای
لێبوردنی کرد. بەڵام دیسانیش وڵامێکی نەبیستەوە. دەستی راکێشا تا تارای لە سەر
هەڵداتەوە کە دەستی لە شتێکی چاوەڕواننەکراو کەوت؛ کەللە سەرێکی زل و تووکاوی، دوو
گوێی درێژ و لمبۆزێکی پان. زۆری پێ سەیر بوو. ئەمە چییە؟! لەو دەمەدا دەنگی
گیاندارێک کە لەگەڵ ئاغا دە قەڵاغێدا بوو، بەرز بۆوە. دەنگ لە تفنکی ئاژەڵێکی
ئاشناوە دەهات. ئاغا تووشی حەقیقەتێکی تاڵ ببوو. ئەو ماشووقەی بۆیان هێنابووە
ژوانێ، خەجێ نەبوو. جاشکێک بوو کە دەست و لاقیان بەستبوو و پەڕۆیەکیان بە سەردا
دابوو...
هیچ قەڵەمێک ناتوانێ
رادەی رق و تووڕەیی ئاغا لەو کاتەدا بنووسێتەوە. وەها تووڕە ببوو کە ئەگەر چەقۆیان
لێدابا، خوێنی لێ نەدەهات. کەس نازانێ بەو تووڕەییە چۆن پەرژایە سەر ئەوە کە دەست
و لاقی جاشکەکە بکاتەوە و بەڕەڵای بکا هەتا سبەینێ کەس بەو پەندە نەزانێ. وەک شێتان
لە قەڵاغێ دەرپەڕی و رووی لە ماڵی کوێخا کرد. خوا راستان کوێخا هەڵاتبوو دەنا بە
دوور نەبوو ئەو شەوە تاوان و جنایەتێک بێتە ئاراوە. ژنی کوێخا بە سەرسوڕمان و
شپرزەییەوە لە خەو ڕاپەڕی. تووڕەیی ئاغا و تفەنگی دەستی، کوێخاژنیان لە گیانی
مێردەکەی نیگەران کرد. سوێندی بۆ خوارد کە خەبەری لێی نییە و نازانێ لە کوێیە.
سوێندەکەی هەر چۆنێک بێ درۆ نەبوو. کوێخا ون بوو کە ون بوو..
لەو کاتەوە ئاغا شەو و
رۆژ کەفی هەڵدەخڕاند و سۆراغی کوێخای لەم و لەو دەکرد. هەڕەشەی لێ دەکرد و
خەبەری لێ دەنارد کە بە تۆڵەی ئەو بێڕێزییە گەورەیە وای ئەنجن ئەنجن دەکا کە لەتی
گەورە گوێچکەی بێ. سەرەنجام شوێنپێی عەوڵا لە شاری دۆزرایەوە. لە مەهاباد. پەیامی
ناردبوو؛ "بۆ مەگەر چ گوناحێکی کردووە کە ئاغا ئاوای لێ بە رقدا چووە و دەیهەوێ
بیکوژێ؟! با ئاغا لە لای مەلا و ردێن سپیی ئاوایی بڵێ چ گوناحێکم کردووە و ئەوان
شەرعمان بکەن، ئەمن بۆ خۆم بە پێی خۆم دێم تا محاکەمەم بکەن." بەڵام بۆ مەگەر شتی
وا دەبوو؟! ئاغا تەنیا باسی لە تەوهینێکی گەورە دەکرد و بە کەسی نەدەگوت ئەو
تەوهینە گەورەیە چییە و چۆن بووە.
وردە وردە وەرەق وەرسووڕا. قەرزدار بوو بە خاوەن قەرز. ئەمجار کوێخا هەڕەشەی دەنارد کە ئەگەر ئاغا لە کەری شەیتانێ دانەبەزێ و خەنجەر لە کالانێ نەنێ، رازی لێ دەدرکێنێ و لای خەڵکی دێ ئابڕووی دەبا. ئاخری روون نەبوو کە چۆن ئاو بەسەر ئەو ئاورەدا کرا و ئاشتی جێگای ئەو شەڕەی گرتەوە. ئەوەی زانرا نە قازی ئەسکەر قەت بە وەسڵی خەجێ گەیی و نە کوێخاش بەو سزایە کە بە رواڵەت شایانی بوو.
لە سەرەتای بەهارێ دا، سۆفی رەحمەت کە گۆیا کەم و زۆر ئەو بەسەرهاتەی بیستبۆوە، لە پیروەلی باغی باری کرد، رووی لە ئاواییەکی دیکە کرد و بوو بە رعێتی ئاغایەکی دیکە.
-------------------------------------