رۆژی ١٥ی ئۆکتۆبری ٢٠١٧، رێبەرانی یەکێتی و پارتی، بە ئامادەبوونی د. فوئاد مەعسووم سەرکۆماری عێراق و مەسعوود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە هاوینەهەواری دووکان لە سکرتاریەتی مام جەلال وەک شوێنێکی رەمزی، کۆ بوونەوە. کۆبوونەوە تایبەت بوو بە قسە کردن و بڕیاردان سەبارەت بە چۆنیەتی رێکخستنەوەی پێوەندیەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق لە سەر بنەمای پەیام یان گەڵاڵەیەکی پێشنیاریی بەغدا کە لە لایەن فوئاد مەعسوومەوە هێنرابوو. گەرچی لە ناوەرۆکی کۆبوونەوەکە زانیاریی روون لە دەست دا نییە و نازانین گەڵاڵەکەی بەغدا چی بوو و دوا جار لە لایەن کوردەکانەوە چی لێ پەسند و چی لێ رەت کرایەوە، بەڵام بەوەڕا کە هەموان بە رەزایەتیەوە لە هۆڵی کۆبوونەوە دەرکەوتن و بە پێی رەزایەتی زۆری سەرکۆماری عێراق لە دەرەنجامی کۆبوونەوەکە، دیار بوو کە هەولێر و بەغدا هەنگاوێکی گرینگ بۆ ساماڵ کردنەوەی ئاسمانی تاریکی پێوەندیەکانیان دەهاوێژن. هەر لە پەنا ئەوانەوە مێدیاکانی نیزیک لە کۆماری ئیسلامی و هێندێک مێدیای باشووریش چەندان خاڵیان لە دەرەنجامی کۆبوونەوەکە بڵاو کردەوە کە نیشانی دەدا هەولێر رازی بووە سپا و دەسەڵاتی حکومەتی عێراق بگەڕێتەوە بۆ ناوچە کوردستانیەکانی سەر بە بەغدا، نەوتی ئەو ناوچانە لە لایەن حکومەتی عێراقەوە بفرۆشرێ و لە بەرامبەر دا بەغدا مووچەی پێشمەرگە و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دابین بکا. بەو پێیە هاتنەوەی سپای عێراق بۆ ئەو ناوچانە شتێکی سەیر و چاوەڕوان نەکراو نەبوو. تەنیا ئەوە مابوو کە دەرەنجامی کۆبوونەوەکەی دووکان لە لایەن سەرکۆمارەوە بۆ سەرۆک وەزیرانی عێراق بچێتەوەو بە دوای ئەوەدا دوو لایەن دەست بە جێبەجێ کردنی رێککەوتنەکەیان بکەن.
لە پاڵ کەین و بەینی نێوان هەولێر و بەغدا، لەشکرێکی حەشدی شەعبی وێڕای بەشێک لە سپای عێراق، لە سنووری نێوان کورد و عارەب، لە سان درابوو و جار و بار هەڕەشەی لە کوردستان دەکرد. وا دەزانرا کە ئەم لەشکرە زیاتر وەک کارتێکی گوشاری بەغدا بۆ سەر کوردەکان کۆ کراوەتەوە بۆ ئەوەی هەولێر بە مەرجەکانی بەغدا رازی بێ. هاوکات، مادام لایەنی کورد بە هاتنەوەی ئەو هێزانە لە رۆژانی داهاتوو دا رازی بوو، هاتن و مۆڵ درانیان بە لای سەرۆکایەتیی سیاسیی کوردستانەوە شتێکی زۆر نائاسایی نەبوو. بەڵام بابەتێک کە لێرەدا غایب بوو، ئەو برینە بوو کە ریفراندۆمی باشووری کوردستان لە سەر جەستەی کۆماری ئیسلامی بە جێی هێشتبوو. برینێک کە بە سازان و رێککەوتنی ئاشتیانەی نێوان بەغدا و هەولێر ساڕێژ نەدەبوو.
لە سیستەمی کۆماری ئیسلامی دا ئەگەر عەلی خامنەیی دژایەتیی ئاشکرای خۆی بۆ بابەتێک راگەیاند و زیاتر لە جارێک بە دژی هەڵوەستەی کرد، لە نێوان ئەو دوو خوێندنەوەیەدا دەبێ بۆی بگەڕێی؛ یا ئەوەتا بە دوای وەرگرتنی ئیمتیازەوەیە یان بە لای ئەو رێژیمەوە هێڵی سوورە و بەزاندنی، بریندار کردنی کۆماری ئیسلامییە. ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان لە خانەی دووهەم دا بوو و ئەنجامدانی برینێکی بە ژانی لە جەستەی ئەم رێژیمە بە جێ هێشت. هەر بۆیەش رێژیم دەبوو بە جۆرێک تۆڵە لە باشووری کوردستان بکاتەوەو ئەم برینەی ساڕێژ بکاتەوە. بۆ ئەوەش دەبوو شکۆی کوردستان کە ریفراندۆم هیندەی دیکەی بەرز کردبۆوە، بشکێنێ. بۆ گەیشتن بەم ئامانجە لەو سێ کارتە کەلکی وەرگرت:
١- لە کاتێک دا هێشتا وڵامەکەی کوردستان نەگەیشتبووە بەغدا، پێشمەرگە گەرچی ئامادە بوو بەڵام چاوەڕوانی هێرش نەبوو.
٢- وا دیارە ئەمریکا و هێزی هاوپەیمانانیش ئاگاداری سازانی نێوان هەولێر و بەغدا سەبارەت بە هاتنەوەی سپای عێراق بوون و ئەو هێزە عێراقیەش کە بەرامبەر بە کوردستان سانی گرتبوو، لای ئەوان بە ناوی سپای عێراق مۆڵ درابوو نەک بە ناوی حەشد. بۆیەش هاتنیان بۆ کوردستان لای هاوپەیمانان ئاسایی بوو.
٢- لەوانە گرینگتر تابووری پێنجەم (بافێل، ئاراس و لاهور تاڵەبانی)ی لە کوردستان و لە ناو پێشمەرگەدا ئامادە کردبوو تا دەروازەیەکی بێ بەرگری بۆ حەشدی شەعبی بکەنەوە بۆ ئەوەی ئەم هێزەی کە نوێنەرایەتیی ئێران و سپای پاسداران لە عێراق دا دەکا، بە سەر کوردستان و پێشمەرگەوە بکا بە پاڵەوان.
لە پاڵ ئەو سێ هۆکارە دا، رەنگە بیر لەوەش کرابێتەوە کە بەرەڵایی مێدیا لە کوردستان هەر زوو هیندەی دیکە ورەی پێشمەرگە و خەڵک دەڕووخێنێ و ئاشبەتاڵ و پاشەکشەی زیاتری لێ دەکەوێتەوە.
بەم جۆرە بە سێ تاکتیکی غافڵگیر کردن، فریودان و تابووری پێنجەم توانی شکستێکی گەورە بە سەر کوردستان دا بێنێ و ئیرادەی خەڵکی کوردستانی پێ بڕووخێنێ.
حەشد کە هاتە کوردستان، دەبوو رق و قینی ئێران و ئەو ئایدۆلۆژیایەش کە ئێران پێی تەزریق کردوە، بە سەر کوردستان دا بڕێژێ. رقی هەڵچووی ئێران لە ریفراندۆم دەبوو ئاوا بنیشێتەوە. هەر بۆیەش حەشد دەستی کرد بە سوکایەتیی بە خەڵک و هێما و رەمزەکانی کورد. ئەم هەڵسوکەوتە پڕ لە سوکایەتیەی حەشدی شەعبی کە ناڕەزایەتی و بەگژداچوونەوەی مەدەنیانەی خەڵکی کوردستانی بە دواوە بوو، ئاوارە بوونی رێژەیەکی زۆری خەڵکی ئەو ناوچانە و لە سەرووی ئەوانەش وشیار کردنەوەی ئەمریکا، سعودیە و بە تایبەت ئیسرائیل لە لایەن سەرۆکایەتیی سیاسی کوردستانەوە هۆکارە سەرەکیەکان بوون تا هاوپەیمانان سەبارەت بە کوردستان وەخۆ بێنەوە و بەغدا ناچار بە کشاندنەوەی ئەو هێزە بکەن.