۱/۱۲/۱۴۰۳
کۆماری نەورۆزی مەشخەڵانی کوردستان
۱/۰۱/۱۴۰۳
حیزب وەک سەنتەر، ستراتژیی حیزب وەک سەنتێز
سەردەمی ئێستا، سەردەمی بەئاگاهاتنەوەی هەرچی زیاتری نەتەوە بندەستەکانە. سەردەمی هەوڵدانی بە کۆمەڵی کۆمەڵگا ژێردەستەکان بۆ سڕینەوەی سێبەری داگیرکاری، گەیشتن بە مافە نەتەوەییەکان و بەرابەریی ئەوانیش لەگەڵ گەلانی سەردەست لە ماف و لە بەڕێوەبەریدایە. ئەمە نەک هەر بۆ کورد بەڵکو بۆ سەرجەم گەلانی ژێردەستەی دنیا هەر وایە. بەڵام گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەم بارەوە چەند هەنگاو لە دەوروبەری خۆی لەپێشترە. بەجۆرێک کە ئەمڕۆ وەک شێلگیرترین و مافخوازترین نەتەوە، پێشەنگی خەباتی ڕزگاریخوازانە و ئازادیخوازانەی گەلانی سەرانسەری ئێرانە و لە ئاستی بەشەکانی دیکەی کوردستانیشدا نەتەوەییترین پاژی کوردستانە. گەلێک کە درێژترین ماوەی خەبات بۆ دابینکردنی مافەکانی خۆی پێواوە بەڵام هێشتا پێیان نەگەیشتووە. لێ ئەوە نەک هەنگاوەکانی پێ شل نەکردووە بەڵکو مکوڕتری کردووە. بە جۆرێک کە ئەم گەلە چ بە حەشیمەت و چ بە جوغرافیا هیچکات هیندەی ئەمڕۆ سەبارەت بە مافەکانی خۆی لەسەر خەت نەبووە و نەهاتۆتە سەر شەقام. ئەوەش نیشانەی هەرە ئاشکرای پێگەیشتوویی نەتەوەیییە. نیشانەیەک کە ساڵ لە دوای ساڵ ڕوونتر خۆی بۆ دۆست و دوژمن دەردەخا. ترۆپکی ئەم پێگەیشتوویی نەتەوەییەش سرووشتییە کە لە خواستی سەربەخۆییخوازیدا خۆی دەنوێنێ. خواستێک کە بێگومان لە دڵی هەر تاکێکی ڕزگاریخوازادایە و ڕۆژ لەدوای ڕۆژ پەرەگرتووتر دەبێ و پتر کۆمەڵگا دەتەنێتەوە. خواستێک کە ئەگەرچی بە ڕواڵەت لەگەڵ بەرنامە و ستراتژیی زۆربەی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لەوانە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانیش نالێکە بەڵام ئەو حیزبە چ پێ بزانێ و چ پێ نەزانێ، چ پێی خۆش بێ و چ پێی ناخۆش بێ، دەرەنجامی خەباتی نەتەوایەتیی حیزبەکان و لەوانە زیاتر لە هەشتا ساڵ خەباتی ئەم حیزبە بۆ دابینکردنی مافەکانی گەلی خۆیەتی.
سرووشتییە حیزبێکی شێلگیر لە مەیدانی خەبات و تێکۆشاندا و لە وەها دۆخێکدا کە حیزبی دێموکرات و گەلی کوردی ڕۆژهەڵاتی تێدایە، ئەو بوار و بەستێنەی نییە کە وەک تاک یان گروپە بچووکەکان درووشم بەرز بکاتەوە و پێداگری لەسەر خواستێک بکا کە مەیدانی مانۆڕ و تێکۆشانی لێ بەرتەسک بکاتەوە. بەڵام خۆ ناشبێ پەرەگرتنی خواستی سەربەخۆییخوازیی نەتەوەیی خەڵکەکەی نەبینێ یان لەگەڵ خواستە نەتەوەییەکانی خۆی بە ناتەبای بزانێ و بەرهەڵستیان بێتەوە یان خەڵک ناچار بە ئێرانیبوون بکا. بە ئێرانیکردن یان بە ئێرانیهێشتنەوە لە ڕاستیدا ئەرکی هیچ حیزبێکی کوردی یان کوردستانی نییە. ئەوە دەسەڵاتەکانی ناوەند و لایەنە ناوەندگەراکانن کە دەبێ بیر لە چارەیەک بکەنەوە و هەوڵ بدەن دۆخێکی وەها بۆ نەتەوە مافخواز و زۆر لێکراوەکان بخوڵقێنن کە کوردێکی کوردستانی، بلووچێکی بلووچستانی یان عەرەبێکی ئەهوازیش ئەمڕۆ یان لە دواڕۆژدا بتوانێ خۆی بە بەشێک لە جوغرافیای ئێران بزانێ.
بەرزبوونەوەی ئاستی خواستە نەتەوەییەکان ئەگەر لەلایەک دەرەنجامی بەردەوامیی ستەمی نەتەوایەتی و داننەنانی دەسەڵاتی داگیرکەر بە مافەکانی خەڵکی کوردستانە، بەشێکی زۆری بەرهەمی خەبات و تێکۆشانی نەتەوەیی حیزبە نەتەوەییەکان و لەسەرووی هەمووان حیزبی دێموکراتی کوردستان بە زیاتر لە هەشتا ساڵ خەبات و تێکۆشانی نەتەوەیییە. بۆ حیزبێکی نەتەوەیی ئەوە ناتەبایییە کە ئەوەی دەیان ساڵە خۆی خەباتی بۆ دەکا، ئێستا بە بەربەستی بزانێ، بەرهەڵستی بێتەوە یان پێیوابێ خەڵک دەبێ تەنیا تا ئاستی ئەوەی ئەو لە بەرنامەکەی خۆیدا پەسندی کردووە، نەتەوەیی بن و لەوە زیاتر خۆی ببێ بە عامیلی سەرکوتی زیاتری خواستە نەتەوەییەکان. حیزب بەو سیاسەتە لە ڕاستیدا بەگژ خۆیدا دەچێتەوە کە سرووشتییە زیانی زۆر گەورەی لێ دەکا.
خواستی سەربەخۆیی نەتەوەیی یان نیشتمانی بۆ حیزبێکی نەتەوەیی لە گوێن حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران کە بە پێی خوێندنەوەی خۆی لە بارودۆخەکە، هەوڵ دەدا لە چوارچێوەی ئێراندا مافەکانی نەتەوەکەی دابین بکا، نەک هەر نابێ وەک هەڕەشە چاوی لێ بکا بەڵکو لە دانیشتن و دانوستانەکانیدا لەگەڵ لایەنە ناوەندگەراکان دەبێ وەک پاڵپشتێکی زۆر بەهێز کەلکی لێ وەرگرێ. هەتا خەڵک لەسەر خواستە نەتەوەییەکانیان مکوڕتر و لێبڕاوانەتر لە مەیداندا بن، ئەم حیزبەش وەک هەر حیزبێکی نەتەوەیی، لە گۆڕەپانی خەباتدا دەنگی دلێرترە. لە وەها دۆخێکدا کاتێ داگیرکەر بزانێ کە سیاسەت و بەرنامەی حیزب نەک هۆکاری "تەجزیە تەڵەبی" نییە بەڵکو کەمتر لەوەشە کە نەتەوەکەی دەیهەوێ، سرووشتییە باشتر سەری خۆی دەخوێنێتەوە و چاکتر قازانج و زیانەکانی ڕێککەوتن لەگەڵ وەها حیزبێکی بەنفووز لێک دەداتەوە.
لەم نێوەدا سرووشتییە کە سەربەخۆییخوازانیش دەرک بە هەلومەرج و توانایی حیزب و ئەو بارودۆخە دەکەن کە حیزبەکان و گەلەکەیان تێیدایە. بۆیەش دەبینین بە سەدان و ڕەنگە هەزاران تاکی کوردستانی و سەربەخۆییخواز ئەندامی حیزبی دێموکراتن لەحاڵێکدا ئەم حیزبە فۆرمۆلی فیدرالیزم بۆ ئێرانی داهاتوو و بۆ چارەسەری پرسی نەتەوەیی نەتەوەکەی پێشنیار دەکا. واتە سەربەخۆییخوازانیش ئەو خوێندنەوەیان قەبووڵە کە ئەم حیزبە لە دۆخ و توانایی خۆی و گەلەکەی هەیەتی و بۆیەش تێیدا ماونەتەوە یان تێیدا دەبن بە ئەندام. لەبەرامبەر ئەوەدا دەبینین سەرەڕای هێندە پەرەگرتنی خواستی سەربەخۆییخوازی لە نێو گەلی کوردی ڕۆژهەڵاتدا تا ئێستا حیزبێکی سەربەخۆییخواز نەیتوانیوە لەو ئاستەدا سەربەخۆییخوازان لە دەوری خۆی کۆ بکاتەوە.
حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران سەرەڕای داکۆکی لە ستراتژی و سیاسەتی پەسندکراوی کۆنگرەکانی خۆی بۆ دابینکردنی مافە نەتەوایەتییەکانی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، نەک نابێ بە گژ ڕەوتی سەربەخۆییخوازیدا بچێتەوە بەڵکو دەبێ ئەوە وەک ئەنجامێکی دەیان ساڵ خەبات و تێکۆشانی نەتەوەیی خۆی ببینێ و لە گۆڕەپانی سیاسیی کوردستاندا پێویستە سەربەخۆییخوازی بە ڕەسمی بناسێ و ڕێزی لێ بگرێ. نەک هەر ڕێزی لێ بگرێ بەڵکو وەک دەرفەت سەیری بکا و بیکا بە پاڵپشتی بەرنامەکانی خۆی بۆ دابینکردنی مافە نەتەوایەتییەکان بەو جۆرەی لە بەرنامەکەیدایە. لە ڕاستیدا حیزب دەبێ خۆی وەک سەنتەرێک بۆ هەموان و بەرنامەی سیاسی و ستراتژیی خۆی وەک سەنتێزێک لەنێوان گەلێکی مافخواز و دەسەڵات و لایەنی ناوەندگەرای ماف پێشێلکەردا ببنێ و مانۆڕی لەسەر بدا.
لە ژمارە ٨٦٧ ی ڕۆژنامەی کوردستان ، ٢٩ی ڕەشەممەی ١٤٠٢دا بڵاو کراوەتەوە
۱۲/۱۶/۱۴۰۲
ڕێبواری ڕێگای ڕزگاری
ئاخری
نەمزانی پۆلی یەکەمی سەرەتاییم چۆن دەست پێ کرد. کە وەبەر خوێندن نرام، تەمەنم هێشتا
بە ئاستی خوێندن و قوتابخانە نەگەیشتبوو. لەلاوە دایاننابووم تا گوێ بۆ قسەی
مامۆستا هەڵخەم بەڵام چ کتێب و دەفتەریان نەدابوومێ و هێشتا بە ڕەسمی قوتابی
نەبووم. ئەو ساڵە بوو کە لە ئێراندا ئینقلاب کرا. بە ڕووخانی دەسەڵاتی پاشایەتی لە
تاران، ئیدارە دەوڵەتیەکان لەکار کەوتن و قوتابخانەکەی ئێمەش وەک تاکە نیشانە و
شوێنەواری دەوڵەت لە ئاواییدا، داخرا. مامۆستاکان کە چەند ژن و کچی تازە پێگەیشتوو
بوون، گوندەکەمانیان بەجێ هێشت و ڕۆیشتنەوە. تەنانەت کاری سازکردنی ئەو
قوتابخانەیەش پەکی کەوت کە بناخەی بۆ داندرابوو و قەرار بوو جێگای قوتابخانە
قوڕینە ڕووخاوەکەی ئاوایی بگرێتەوە. ساڵی دواتر لەنێو ئەگەر و مەگەری بەردەوامیی
قوتابخانەدا، بە ڕەسمی ناویان نووسیم و لە پۆلی یەکەمی سەرەتاییدا دەستم بە خوێندن
کرد. بەڵام ئەو ساڵەش بەهۆی شەڕ و شووڕ و پشێوی، لە نیوەی ساڵدا قوتابخانەکان داخران.
دیسان خوێندن بە نیوەچڵی مایەوە و مامۆستاکان ڕۆیشتنەوە. لە ساڵی دواتردا، نازانم
چۆن و بە دەستووری کێ بوو کە بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشایییە، سێ گەنجی ئاوایی خۆیان
لێ کردین بە مامۆستا. ئەوان ئەگەرچی سەوادی خوێندن و نووسینیان هەبوو بەڵام مامۆستا
و شارەزای وانەگوتنەوە نەبوون. دۆخەکەش بۆ خوێندن و مامۆستایەتی نالەبار و بێ ئیمکانات
بوو. کتێب و دەفتەر کەم بوو. ساڵی پێشتریش ئەگەرچی مامۆستاکەمان پێشمەرگە بوو، بەڵام
خوێندنەکەمان هەر بەو کتێبانە بوون کە لە سەردەمی شا، لە سەرانسەری ئێراندا دەخوێندران.
لێ بۆ ساڵی دووهەم کە هەم دەسەڵاتی ناوەندی لە تاران و هەمیش دەسەڵاتی کورد لە
کوردستان تا ڕادەیەک سەقامگیر ببوون، هەرکام کتێبی خۆی بۆ خوێندن چاپ کردبوو. لە
ئاستی ئێراندا کتێبەکان بەپێی ئایدۆلۆژیای دەسەڵاتی تازە ئاڵوگۆڕیان بەسەردا هات
و لە کوردستانیش شۆڕش کتێبی بە زمانی کوردی بۆ پۆلی یەکەمی سەرەتایی چاپ کرد. بەڵام
نە چاپی تاران بە گوندەکەی ئێمە گەیشتبوو و نە چاپی شۆڕش ئەوەندە زۆر بوو کە بە دەست
هەموو قوتابییەکان بگا. سەرەڕای ئەوە هێشتا لە ئێمە ڕوون نەبوو کە دەبێ بە کام
زمان و کام کتێب بخوێنین.
هێرشی ڕێژیم
بۆسەر کوردستان دەستی پێ کردبوو. پێشمەرگە و خەڵک لێبڕاوانە بەرگرییان دەکرد. شەڕ
تا دەهات زیاتر کڵپەی دەسەند و لە ئێمە و گوندەکەمان نیزیکتر دەبۆوە. کوردستان کەوتبووە
ژێر گەمارۆی ئابوورییەوە. وێڕای کەمبوونی سووتەمەنی و خواردەمەنی، کتێبیش بە ئاسانی
دەست نەدەکەوت. مامۆستاکانیشمان مۆڵەتی فەرمیی دەرسگوتنەوەیان نەبوو. بۆیەش خەبەرێک
لە خوێندنی دەرس و دەورکردنەوەی کتێبی دەرسی لەئارادا نەبوو. زیاتر هەر سروود و شێعری
کوردییان فێر دەکردین. سروودی "خوایە وەتەن ئاوا کەی"، سروودی "ئەی
شەهیدان" یان شێعری مناڵانەی وەک ئەوەی خوارەوە کە لە کتێبی پۆلی یەکەمدا
چاپ کرابوو و یەک – دوو قوتابی هەیانبوو:
وڵاتی مە کوردستانە دیمەنەکانی زۆر جوانەگژ و گیای بێ وێنەیە ڕووباری وەک ئاوێنەیەمناڵانی کۆڵنەدەرن بۆ ئازادی تێکۆشەرن...
جارێک خاڵم کە یەکێک بوو لە سێ مامۆستا خۆسەپێنەکان، سروودی
"پێشکەوە"ی بۆ خوێندین کە هەم دەنگی خۆش بوو و هەمیش چاکی دەگوت. دواتر
کە لە سروەدا چاپ بوو، زانیم شێعری زیوەرە. ئەو شێعرە و هەواکەیم زۆر پێ خۆش بوو
و هەر بەو یەک-دوو جار خوێندنەوەیەوە، بەشێکی زۆری سروودەکەم لەبەر بوو:
ئەی وەتەن چەند خۆشەویستی ڕۆحی شیرینی منیمەزرەعەی قەلبی نیشات و مایەیی ژینی منیپێشکەوە پێشکەوە بۆ پێشەوە بۆ پێشەوە ئەی کوردی ئازا..
لە بیرمە
جارێکیش سوڵتان گوڵاوی کە پێشمەرگەی حیزبی دێموکرات بوو و دەستێکی پەڕیبوو، سروودی
"لە قەندیلی سەربەرزەوە"ی پێ گوتین. لەو ساڵانەدا کە شەڕ بەردەوام و
کوردستان شەهیدی زۆر بوو، هێندێکجار ئەو شێعر و سروودانە بە تایبەت سروودی
"ئەی شەهیدان"مان لەکاتی ناشتنی تەرمی شەهیدەکاندا لەسەر قەبران بە کۆڕ
دەخوێند.
سەرەتای دەیەی شەستی هەتاوی ڕێژیم بە هەموو هێزی خۆی هێرش بۆ سەر کوردستانی دەست پێ کردبوو. ڕۆژ نەبوو هەواڵی شەڕ و شەهیدبوونی خەڵک و پێشمەرگە بڵاو نەبێتەوە. پاسدار هەر گوندێکی داگیر کردبا، لەسەر بەرزترین و ستراتژیترین کێو یان تەپۆڵکی دەوری ئاوایی خۆڵی هەڵدەداوە، بە تەلیسە خیزان هەڵیدەچنی و تێلدڕووی بەدەوریدا دەکێشا. بەم جۆرە پایەگای لێ دادەمەزراند. بۆ چاوترسێن کردنی خەڵک، دەستی بە لێدان و کوشتن و زەبروزەنگ کردبوو. لە زۆر شار و ئاوایی کوشتاری بە کۆمەڵی وەڕێدەخست. لە ناوچەکەی ئێمە سەرەتا سەر کێوی حاجیاباتی گرت کە کەوتووەتە سەر چۆمی تەتەهوو و بەسەر جادەی بۆکان – میاندواودا دەڕوانێ. پاسدارێکی زۆر خراپ بەناوی "عەوڵا حەجەم" کرابوو بە فەرماندەی پایەگاکە. لەوێوە ڕۆژانە، کوێرانە و بە نۆرە گوندەکانی دەوروبەری تۆپباران دەکرد. هەر بەوەش نەدەوەستا و لە گوندەکانی دەوروبەر پیاوانی کوردی دەستبەسەر دەکرد. لەنێو پایەگادا زیندانی دەکردن، جەزرەبەی دەدان و گۆیا دەیخەساندن. بەو کارانەی ترس و خۆفی زۆری لەنێو خەڵکی ناوچەکەدا ساز کردبوو. لەبیرمە لەکاتی لێدان لە ستوونی ٨٠١ی شیراز لە سەر جادەی حوسێنمامە، حیزب تۆپێکی لە نیزیک سریلاوا دابەستبوو و محەممەد تۆپچی هاوکات بە تۆپان پایەگاکەی حاجیاباتی دەکوتا. خەڵک خۆشحاڵ بوون کە شوکور کوردیش تۆپی هەیە و دەتوانێ دوژمن بکوتێ و تۆڵە بکاتەوە.
نازانم چەند ساڵم ئاوا بە نیوەچڵی خوێند تا
سەرەنجام مامۆستایەک بەناوی "عەبدوڵای سۆفی ئیبراهیمی[1]"
وەک تاکە مامۆستای قوتابخانەی ئاوایی دەستی بە دەرسدان کرد. ئێمە بە
"کاحەوڵا" بانگمان دەکرد. خەڵکی گوندی ئاتابڵاغی و جێرانە دێ بووین. خزمایەتی
لەگەڵ چەند بنەماڵەی ئاواییەکەمان هەبوو بەڵام ناسراو و خۆشەویستی هەموو خەڵکی دێ
بوو. لاوێکی باڵابەرز، جوانچاک، بڕێک تووڕە و زۆر هەڵسووڕ بوو. مامۆستای شۆڕش بوو
و وێڕای مامۆستایەتی، پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتیش بوو. هێندێکجار کەڵاشینکۆفەکەی
دەهێنایە سەر پۆلەکە و دوای ئەوەی بە بزمارێکدا هەڵیدەواسی، دەستی بە وانەوتنەوە
دەکرد. لە دەرسدان و پێخوێندنماندا شێلگیر و مکوڕ بوو. شانی وەبەر دابوو و بە تەنێ
دەرسی بە هەر پێنج پۆلە سەرەتاییەکە دەگوتەوە. وێڕای کتێبە دەرسییەکان کە بە زمانی
فارسی بوون، ئەلفوبێی کوردیشی فێر دەکردین. لە فێرکردنی شێعر و ئەدەبی شۆڕشگێڕانەش
غافڵ نەبوو و زۆر جار شێعری کوردی بۆ دەخوێندینەوە یان پۆلەکانی بانتری فێر دەکرد
و پێی لەبەر دەکردن. لەبیرمە یەک لەو شێعرانەی ئەو کات زیاتر کەوتبووە سەر زاری
هاو قوتابخانەکانمەوە، شێعری "شەو و شەیتان" بوو کە بەگەورەیی لە تاریک
و ڕوونی مامۆستا هێمندا دۆزیمەوە؛
ئەستێرە یەک یەک ڕاخوشین زەرد هەڵگەڕا ئاسمانی شینهەورێک شۆڕابەی بەرداوە دەتگوت لە قیلیان وەرداوە....تا دەگاتە:شادبە ئەی پێشەوای نەمر هەتن ڕۆڵەی ئازا و خوێنگربۆ فیداکاری ئامادەن ڕێگای ڕاستی تۆ بەرنادەن
لە کۆتایی هاوین و
بەرەبەری پاییزی ساڵی ١٣٦١ کە دەبوو بچینەوە بۆ قوتابخانە، ڕێژیم هێرشێکی دیکەی بۆ
سەر ناوچەکە دەست پێ کردەوە. گوندی ئاتابڵاغی و کێوی ئاغەڵیان بە قوونەشەڕ داگیر
کران و پاسدار دەیهەویست زیاتر پێشڕەوی بکا. گەرچی پێشمەرگەی کەم و ناڕێکخراو لە
ناوچەکەدا بوو بەڵام بەو حاڵەش بەرگری کرا. لە کاتی هێرشەکەدا ئێمە لە مەزرا بووین
و من بەرخەوان بووم. منداڵ بووین و زۆرمان بارودۆخ نەدەخوێندەوە. زیاتر سەیرکەر
بووین. یەکناگا دایکم و ئامۆژنم و ئەو منداڵە وردانەی کە لە ماڵەوە بوون، بە
پەلەپڕووزێ خۆیان گەیاندە لامان. ئێمەیان لەگەڵ خۆیان قوڵەپێچ کرد و بابم و مامم
لەلای ماڵاتەکان مانەوە. ئێمە کە بەرەی دوو دایکوباب و ڕەنگە دە کەس دەبووین،
ئەنگۆرەی ئێوارێ گەیشتینە قۆڕغان و لە ماڵی پووری دایکم خۆمان گرتەوە.
لە قۆڕغان بەیانیمان بە دەنگی بڵیندگۆی مزگەوت کردەوە. پێشمەرگەی کۆمەڵە بوون کە هەواڵی شەهیدبوونی پێشمەرگەیەکی خۆیان بەناوی لالە حەمە یان لالۆ حەمە ڕادەگەیاند کە لە شەڕەکەی دوێنێی کێوی ئاتابڵاغیدا شەهید ببوو. ئەگەرچی وێژەرەکەی کۆمەڵە زۆر بە سۆز و حەماسەتەوە هەواڵی شەهیدبوونی پێشمەرگەکەی خۆیانی ڕادەگەیاند و بە بەرزی یادی دەکرد بەڵام هەواڵی جەرگبڕتر بۆ من و ئاواڵەکانم ئەوە بوو کە بێژەرەکە نەیگوت و ڕاینەگەیاند: بە داخەوە مامۆستا عەبدوڵڵاش لەو شەڕ و بەرگرییەدا شەهید ببوو. من بە هەموو عەقڵی منداڵیی ئەو سەردەمی خۆم، بەو فەڕق و جوداییدانانە لە نێوان ئەو شەهیدانەی لە یەک سەنگەردا شەهید ببوون، دڵم ژانی کرد. عەبدولقادری مام ڕەحمان (ئیبراهیمزادە) کە لایەنگری کۆمەڵە و خزمی مامۆستا عەوڵا بوو و بە ژێسێیەکی موزەللییەوە لەو بەرگرییەدا بەشدار بوو، دەیگێڕایەوە کە "عەوڵا لە چەند میتریی من، قارەمانانە شەهید بوو."
دوای ئەو شەڕە، ڕێژیم ئەگەرچی نەگەییە گوندەکەی ئێمە بەڵام کێوی نێوان ئاتابڵاغی و ئاغەڵیانی داگیر کرد و پایەگای لەسەر دامەزراند. پایەگاکە بەسەر پیروەلی باغی و بەشێکی زۆر لە گوندەکانی دیکەی ناوچەدا دەیڕوانی. ئیتر لەو کاتە بە دواوە ئەو پایەگایە بەشێک لە ئەرکەکانی پایەگای سەر کێوی حاجیاباتی بە ئەستۆ گرت و ڕۆژانە و بە نۆرە تۆپبارانی گوندەکانی دەوروبەری دەکرد. لەبیرمە نۆرە تۆپبارانی گوندەکەی ئێمە، ڕۆژانە لە کاتژمێر پێنجی ئێوارە بە دواوە بوو. من ئەو کات چەند مانگای ماڵی خۆمانم دەلەوەڕاند. بۆ ئەوەی وەبەر تۆپباران نەکەوم، ناچار دەبووم درەنگتر مانگاکان بەرمەوە ماڵێ بەڵام نۆرەی تۆپباران کردنمان کەوتبووە وەختی مانگادۆشینەوە و ئێواران زۆر بە زەحمەت دەمتوانی پێشی مانگای گوان ڕاساو بگرم. ئێوارەی وا هەبوو کە تۆپباران وەدەرەنگی دەکەوت و پێمان وا بوو ئیدی ئەو ڕۆژە لێمان نادا بەڵام وا دەرنەدەهات. چەند جاران لە ڕێگادا و لە نیزیک ئاوایی دەکەوتمە ژێر هاژە و گرمەی تۆپانەوە. فێریان کردبووین کە لە وەختی ئاوادا خۆمان بە عەرزێدا بدەین و چەسپی زەوی بین. ئێوارەیەک پایەگا تۆپبارانێکی زۆر خەستتر لە جارانی کرد و لەخۆڕا نیزیک بە سەعاتێک گوندەکەی کوتا. هەوا دەهات تاریک بێ کە تۆپباران لێی کردەوە. لە دوورەوە چڕەدووکەڵ و تەپوتۆز لە ئاوایی بەرز دەبۆوە. وەختێک گەیشتمەوە نێو دێ، ماڵمان خاپوور و وێڕان بوو. تۆپ لە ماڵەکەی ئێمەی دابوو و داری بەسەر پەردووی ژوور و هۆڵ و تەویلەوە نەهێشتبوو. ئەوەی مابوو، دیواری قەڵەشیو و لادیواری ڕووخاو بوو. لەو کاتەدا کەسمان لە ماڵ نەبووین بەڵام لە ماڵ و نێوماڵمان تەنیا گوێلکێک بە ساغی مابوو کە بە مۆعجیزەمان دەزانی. هەر ئەو ڕۆژە حاجی ڕەحیم ناوێک کە لە تاڵاوەوە ئاوارە ببوو، کەوتە بەر ڕەهێڵەی تۆپ و کوژرا. خوێنەکەی تا ماوەیەکی درەنگ بەسەر ئەو بەردە سپیانەوە مابوو کە لە پاڵیاندا کوژرا.
***
مامۆستا لەگەڵ پۆلێک لە قوتابیانی پیروەلی باغی - ١٣٦١ی هەتاوی |
لێم ڕوون نییە چەند ساڵم پۆلی یەکەمی سەرەتایی دووپات کردەوە تا سەرەنجام چەند مامۆستایان لە مەهابادەوە بۆ ناردین. شار گیرابۆوە و ئیدارە دەوڵەتییەکان بە فەرمی دەستیان بە کار کردبۆوە. پاش بگرە و بێنەیەکی زۆر، لەو چەند ساڵ و نیوەساڵ خوێندنە بە زەحمەت ساڵی خوێندن لای مامۆستا عەبدوڵڵایان بە پۆلی یەک بۆ حیساب کردم. مامۆستا حەوڵا هێشتا مابوو و وا دیار بوو لەسەر پێداگریی ئەو بوو. بەم جۆرە لە پۆلی دوودا داندرام. مامۆستاکان کە پێموایە سێ کەس بوون، بەپێی ژمارەی قوتابییەکان بەسەر سێ ژوور و پێنج پۆلدا دابەش بوون. ئەگەر قوتابی کەم بان، ئەوە بە دوو پۆل، لە ژوورێکدا مامۆستایەکیان بۆ دادەندرا و ئەگەریش وەک پۆلەکەی ئێمە زۆر باین، ئەوە مامۆستای تایبەتمان هەبوو. قوتابخانەکە هەمووی دوو ژوور بوو کە بەشی پێنج پۆلەکەی نەدەکرد. ئێمەی پۆلی دووهەم لە ژوورێکی دیکەدا کە دواتر بە قوڕ و مۆرە داندرابوو، کلاسیان بۆ داناین. مامۆستاکەمان پیاوێکی زۆر هێدی و لەسەرەخۆ بوو. هیچ وەک مامۆستای تووڕە و بەزەبروزەنگی ئەو سەردەم نەدەچوو. بە درێژایی ئەو ساڵە نە جارێک تووڕەییمان لێ دیت و نە قەت دەستی لە قوتابییەک هەڵێنایەوە. ئێمەش هەمیشە بە چاوی ڕێزەوە لێمان دەڕوانی، خۆشمان دەویست و بە قسەمان دەکرد. نەک هەر خۆشمان دەویست، دەمانپەرەست. مامۆستاکەمان ناوی عەلی ئیسماعیلزادە بوو کە ئێمە بە کاک عەلی بانگمان دەکرد.
مامۆستا لە سەردەمێکی
ئاستەمدا بوو بە مامۆستامان. شەڕ لە کوردستان بە گەرمی بەردەوام بوو. ڕێژیمی
داگیرکەر دەستی بەسەر شارەکان و بەشێک لە دێهاتەکاندا گرتبوو و بەردەوام لە
پێشڕەویدا بوو. هەر جێگایەکی بۆی نەگیرابا، بە بێ ڕەحمانەترین شێوە تۆپباران و
بۆردومانی دەکرد. کوردستان بە گشتی و ئەو شوێنانەی هێشتا داگیر نەکرابوونەوە،
لەژێر گەمارۆی توندی ئابووریدا بوون. خەڵک لەوپەڕی هەژاری و بێدەرەتانیدا دەژیان. لادێکەی
ئێمە چەپەک و هاتوچۆ لە شارەوە زۆر ناخۆش بوو. کوردی خوێندن لە مەدرسەدا خەریکبوو جێگای
خۆی بە زمانی داگیرکەر دەدا. تەنانەت قسە لەوە دەکرا کە بێجگە لە کتێبەکان، زمانی
قسەکردنی نێو پۆل و دەرسگوتنەوەش دەبێ فارسی بێ. مامۆستای ئێمە ئەگەرچی وەک
مامۆستایەکی ڕەسمی دەبوو بەو جۆرە دەرس بڵێتەوە کە بۆی دیاری کرابوو و ئەو
کتێبانەمان پێ بخوێنێ کە کتێبی فەرمی بوون بەڵام بەشێک لە کاتەکانی قوتابخانەی بە
خوێندنەوەی باشترین کتێبەکانی چیرۆک و شێعری ئەو سەردەم بە زمانی کوردی بۆ پڕ
دەکردینەوە. ئێمەش بە گوێی دڵ بۆی دادەنیشتین و گوێمان بۆ ڕادەگرت و تێیایاندا
نوقم دەبووین. خۆشیی ئەو ساتانە وەها دەنگی دابۆوە کە قوتابیانی پۆلەکانی دیکەش
ئاواتیان دەخواست لە پۆلەکەی ئێمەدا دانیشن. ئەو جارانەی چیرۆک یان چیرۆکە شێعرێکی
بەشبەش دەکرد و هەر ڕۆژەی بەشێکی بۆ دەخوێندینەوە، بە تامەزرۆییەوە چاوەڕوانی
وادەی گەیشتنی بەشی دواتر دەبووین. سەرجەم هاوپۆلەکانم وەک من بوون. ئەوەم لە
باس و خواسەکانی دەرەوەی دوای خوێندنەوە و گێڕانەوەکان و لە بیرەوەرییەکانی ساڵانی
دواتردا بۆ دەرکەوت. هەموو جارێ لەگەڵ ڕاوێژی شیرینی مامۆستادا دەبووین بە
"ماسییە ڕەشە بچکۆڵەکە"ی سەمەدی
بێهڕەنگی و لە دەریای بێ بنی خەیاڵدا مەلەمان دەکرد، بە بەستێن و کەنار و
ڕووباراندا دەگەڕاین و بە خەنجەرە بچکۆڵانەکەمان لە ئەوکی ماسیخۆرە بەدفەڕەکەمان
دەژەنی تا خۆمان ڕزگار بکەین. یان خۆمان و مامۆستا خۆشەویستەکەمان لە "قوتابخانە"کەی
"شەریف"دا دەدیتەوە:
پاش ئەوەی کە خۆر هەڵدێ
پڕشنگ ئەخاتە سەر دێ
خوێندەواران دێنە دەر
رێی مەکتەب دەگرنە بەر
شێعری قوتابخانە دەتگوت
ڕاست بۆ حاڵی ئێمە و بۆ قوتابخانە ڕووخاوەکەمان نووسراوە:
لە نێو کۆمەڵی ماڵانبۆ خوێندنی منداڵانماڵێکی زۆر وێرانەکراوەتە قوتابخانە
تەنانەت کەسایەتی و هەڵسوکەوتی مامۆستاکەشمان لەگەڵ
کەسایەتیی مامۆستای "قوتابخانە" مووی لێ نەدەدا:
رەوشتی کاکی مودیرلاوی ژیر و رۆشنبیرلە نێو دڵی خەڵکی دێبە جوانی گرتوویە جێیاری هەژارەکانەهیوای نەدارەکانەلاوێکی چاک و رووخۆشکوردی وێژ و کوردی پۆش
کاتێکیش کە "وریا" وڵامی دەرسەکانی دەدایەوە، ئەو
وڵامانە بوون کە لە ناخی ژیانی ئێمە و لە دڵی منداڵانەی ئێمەی هەژار و پێپەتیی
ئۆگری ئازادییەوە هەڵدەقوڵا:
ئا وێنەی ئازادیئاڵای ئاوات و شادیب وەکوو برسییەتیپ وێنەی پێ پەتیت وەکوو تاڵی ژینتاریکی و تێکۆشین
ئەو وشانە ئەوەندە ئاوێتەی ژیان و ڕۆحمان ببوون کە تەنانەت
حەزمان نەدەکرد مامۆستا بەگژیاندا بچێتەوە و داوا بکا بە وشەی باشتر بیانگۆڕین:
مامۆستا ڕێبوار و تاهیر |
کاکی مودیر هەڵدەستێبەرامبەریان دەوەستێئەڵێ: (بەسیەتی ئیتردەس کەینە باسێکی ترهەتا من لە بیرم بێئەم وشانە ئەگوترێتاکەی دەرسی دڵتەنگی؟تاکەی دەرد و بێدەنگی؟ئیتر لایان بەین لە بیرروو کەینە را و تەگبیر)
بەڵام ئەو وشانەشمان هەر پێخۆش بوون کە مامۆستا لەگەڵ
وشەکانی "وریا" جێگۆڕکێی دەکردن و داوای لە قوتابییەکان دەکرد بیانڵێنەوە:
ب وەکوو بیرەوەرت وێنەی تێکۆشەرس وەکوو سەربەستیسەر و سێدارە و سستیخ بە وێنەی خەباتخوێندن و خوێن و خەڵاتکاف وێنەی کوردستانکورد و کۆمەڵ و کوێستانی وەکوو یەکیەتییەکگرتن و یارمەتی
ڕۆژی شەممەی داهاتووئەم دەرسەیان لەبەر بووبەڵام تاکوو خۆراوابەو گەرمای خۆرەتاوالە رێی شارا وەستابوونچاوەڕێی مامۆستا بوونتینی خۆر و خەمباریپرسین و چاوەنواڕی:(مامۆستامان وا لە کوێ؟بۆچی نایەتەوە دێ؟ )
پێش ئەوەی تاریک دابێهەواڵێ کەوتە نێو دێ:(مامۆستای قوتابخانە
کەوتووەتە بەندیخانە)
رۆژی هەوەڵی زستان
کە سەرما هاتە کوێستانکەسێ هەواڵێ دێنێدڵی دێ ئەلەرزێنێ:(چەن لاوێکی رۆشنبیربە هاوڕێی کاکی مودیرئەو رۆژە تاریک و روونلە سێدارە درابوون)
باشم لەبیرە کە بە کۆتاییهاتنی خوێندنەوەی شێعرەکە، زۆربەمان گریابووین. ئەو ڕۆژە بە هەنیسکدان و بە چاوی بە فرمێسکەوە قوتابخانەمان بەجێ هێشت و ڕۆیشتینەوە. هەنیسک و گریانەکەشمان تەنیا بۆ مامۆستای نێو بەسەرهاتەکە نەبوو بەڵکو بۆ مامۆستا خۆشەویستەکەی خۆمان بوو. ئاخر ئێمە ئەگەرچی منداڵ بووین بەڵام لەنێو ئاگر و ئاسندا خەریکبوو گەورە دەبووین. دەمانزانی دۆخەکە چەندە ئاڵۆز و پەشێوە، دوژمنەکەمان چەندە گەمار و بەدفەڕە و، مامۆستاکەمان چەندە مرۆڤ و کورد. نیگەران بووین کە نەکا ئەویش لە یەکێک لەو جارانەی بە سەردان دەچۆوە بۆ شار تووشی هەمان چارەنووس بێ.
ئەو
ساڵەمان وەک خۆشترین و شوێندانەرترین ساڵی خوێندن تێپەڕ کرد. لە بەرەبەری ساڵی تازەی
خوێندن کە دەچووینە پۆلی سێ، ئاواتەخواز بووین سەرلەنوێ هەمان مامۆستامان بۆ
بنێرنەوە. بەردەوام پێوشوێنمان دەگرت. نازانم بە کوێدا ناوی مامۆستاکانمان دەست
خست و زانیمان کە مامۆستای ئەمساڵیشمان هەر کاک عەلی ئیسماعیلزادەیە. بە بیستنی
ئەو هەواڵە، سرتوخورت و مزگێنی دان و مزگێنی ئەستاندن لەنێوماندا پەیدا بوو. خۆشی لە
دڵماندا دەگەڕا و ڕۆژانمان بۆ گەیشتنی وادەی کرانەوەی قوتابخانە دەبژارد. ڕۆژی
دەسپێکی قوتابخانە بە دڵی خۆشەوە لە پۆلەکەدا ئامادە بووین. لێ کاتێ مامۆستا هاتە
سەر کلاس، هەو نەبوو. وەک گۆزەیەک ئاوی ساردمان بەسەردا بکەن، پێمان وا بوو درۆمان
لەگەڵ کراوە و دڵگران بووین. تۆمەز مامۆستای تازەشمان هەر ناوی عەلی ئیسماعیل زادە
بوو! گەرچی ئەویش مرۆڤێکی باش و مامۆستایەکی ئارام بوو و هەوڵیدا چاوەڕوانیی ئێمە
لە مامۆستای ساڵی ڕابردوومان بۆ پڕ بکاتەوە بەڵام کاک عەلی ئیسماعیلزادەکەی ئێمە
نەبوو.
کاکم ناسر قاسمی و مامۆستا ڕێبوار |
گوڵێگوڵێ! تۆ وەک گوڵێکی سوورلە سەر بەفری کۆڵانەکاندەپشکووتیبە دڵێکی پڕ لە هەستەوەجووتێک پۆزلیخ بە دەستەوەگوڵێ! تۆ وەک مێلاقەیەکلە سەر گڵکۆی پێشمەرگەیەک دەپشکووتیبە دڵێکی پڕ لە هەستەوەجووتێک گۆرێ بە دەستەوەگوڵێ! تۆ وەک گەزیزەیەک بەرەو پیلی بەهار دەچوویدەربەستی سۆزی زریانی لاسار نەبوویدەپشکووتی بە دڵێکی پڕ لە هەستەوەجووتێک دەسکێش بە دەستەوە*بەڵام گوڵێ!، گوڵی ناکامزستان ویستی موژدەی بەهارلە گوڵپەڕە ناسکەکانتا بتەزێنێبۆیە بە دەسڕێژی زریانلە سەر بەفری کۆڵانەکانتۆی هەڵوەراندبەڵکو شەماڵ بەو بێروحمیەی ببەزێنێگوڵێ! زریان، زریانی دڕنەیهێشت شەماڵ بتلاوێنێبتپشکوێنێتۆی هەڵوەراندبە دڵێکی پڕ لە هەستەوەدیارییەکانت بە دەستەوەبەڵام گوڵێ! گوڵی ناکامتۆ مزگێنیی بەهارت دابە هەڵوەرینە سوورەکەتلە بەر زریانی بێ ڕەزاگوڵێ! تۆش وەک ئەو گوڵانەیئەو زستانەیلە بەر سەرمایە تەزیونبە زریانی دڕ وەریونبەهار کە هاتدەشنێیەوەوێڕای هەموو شەهیدەکانبۆ نێومان دەگەڕێیەوەبە دڵێکی پڕ لە هەستەوەچەپکە گوڵێک بە دەستەوە٢٥/٩/١٣٦١
لە کاتی خوێندنەوەی شێعرەکەدا بە تەواوی خۆمان دابووە دەست شەپۆلە نەرمەکانی ئەو شێعرە بلاوێنە و هەست و خوستمان لە خۆمان بڕیبوو. دوای کۆتایی شێعرەکە، کاکم گوتی "ڕێبوار" ناسناوی شێعریی کاک عەلی ئیسماعیل زادەیە و ئەوە شێعری ئەو بوو. نازانم ئەو لە کوێی بیستبوو بەڵام من تا ئەو کاتە کە گەلێکم کتێبی شێعر خوێندبۆوە و هیچکام لە ژمارەکانی تا ئەو کاتی سروەم لەدەست نەدابوو، نەمدەزانی کە مامۆستاکەم شاعیرە و شێعری هیندە بەرزیشی هەیە. دواتر زانیم کە "گوڵێ" لەسەر بنەمای ڕووداوێکی ڕاستەقینە نووسراوە و بەسەرهاتی کیژێکی شۆڕشگێڕی کوردی لە گەڕەکی باغی سیسەی مەهاباد تۆمار کردووە.
ساڵ هاتن و چوون. سەرەتاکانی دەیەی حەفتای هەتاوی خۆم لەنێو
پێشمەرگە و تێکۆشەرانی کورددا گرتەوە. لە قەندیل و دواتر کە بنکەکانمان بۆ دەشتی
کۆیە گواستەوە، زۆر جار سەردانی کتێبخانە دەوڵەمەندەکەی حیزبم دەکرد. لەوێ
ژمارەکانی گۆڤارێک بەناوی "نووسەری چیا" سەرنجی ڕاکێشام. ئەگەر لەبیرم
بێ بە سەرنووسەریی نووسەرێکی کرماشانی بەناوی موحسین شاسواری، لە ساڵەکانی سەرەتای
دەیەی شەستی هەتاوی دەردەچوو و هەمووی سێ – چوار ژمارەی لێ دەرچووبوو. ئەوەی
سەرنجڕاکێش بوو نووسەری چیا سنوورەکانی حیزبایەتی بڕیبوو. بابەتە ئەدەبییەکانی
نووسەران و شاعیرانی سەربەخۆ یان سەر بە هەموو حیزب و لایەنە لەگەڵ یەک ناتەبا و
تەنانەت دوژمن بە یەکی لەخۆیدا کۆ کردبۆوە. لەوەش بۆ من سەرنجڕاکێشتر، بڵاوکردنەوەی
دوو شێعری ڕێبوار لە دوو ژمارەی جیاوازی گۆڤارەکەدا بوو کە یەکیان شێعری
"گوڵێ" و ئەویدی شێعرێک بەناوی "وڵام" لە وڵامدانەوە بە
شێعرێکی مامۆستا هێمن بوو.
دەزانین هێمن بەو هەموو گەورەیی و ئازادیخوازی و نەتەوەویستی
و نیشتمانپەرەستییەوە کە لە شێعرەکانیدا ڕەنگی دایەوە و لەگەڵ ئەو هەموو ئۆگری و خزمەتەی
کە بە حیزبی دێموکرات و ئامانجەکانی ئەو حیزبە و نەتەوەکەی کرد، لە کۆتاییدا لەگەڵ
ئەو دەستەیە لە ڕێبەرانی حیزب کەوت کە بەناوی "پێڕەوانی کۆنگرەی چوار" لەم
حیزبە جیا بوونەوە و بەناوی "تاقمی حەوت کەسی" ناوبانگیان دەرکرد. جیابوونەوەشیان
لەژێر دنە و شوێندانەریی حیزبی توودەی ئێران و بۆچوون و سیاسەتەکانی ئەو حیزبەدا
بوو کە هیچ وێکچوونێکی لەگەڵ بیروباوەڕی هێمندا نەبوو. ئەو سەردەم بیری چەپ و مارکسیستی
بە هەموو لق و پۆپەکانییەوە بەسەر کۆمەڵگای سیاسیی کوردستان، ئێران و تەنانەت
جیهاندا زاڵ بوو. درووشمی دژایەتی لەگەڵ ئیمپریالیزمی ئەمریکا ناسراوترین و
باوترین پێناسەی ئەو چەپایەتییە بوو. لەو چوارچێوەیەشدا حیزبە چەپە کلاسیکەکانی
ئێران لەوانە حیزبی توودە و فیداییانی ئەکسەرییەت لەژێر شوێندانەریی سۆڤییەت و
ئۆردووگای سوسیالیزمدا حکوومەتی تازە بەدەسەڵاتگەیشتووی ئیسلامی لە ئێرانیان وەک
حکوومەتێکی دژە ئیمپریالیستی پێناسە دەکرد. لەو سۆنگەیەشدا پێیان وا بوو کە نەک
نابێ دژایەتیی خومەینی بکەن بەڵکو پێویستە هاوکاریشی بکرێ. بەڵام ئەو حکوومەتە دژە
ئیمپریالیستییە وەک ئەوکات و دواتریش نیشانی دا، ئامادە نەبوو هیچ ڕادەیەک لە
مافەکانی کورد بسەلمێنێ و هەموو خواستەکانی ئەم نەتەوەیەی بە ئاگر و ئاسن وڵام دەدایەوە.
لە وەها دۆخێکدا کۆمەڵێک لە خۆشناوترین و ناسراوترین ڕێبەران و ئەندامانی حیزب بە
دوای ئایدۆلۆژیای دژە ئیمپریالیستیی حیزبی توودەدا چوون و لەو حیزبە جیا بوونەوە
کە مامۆستا هێمن یەک لەوان بوو. ڕێگایەکیان هەڵبژارد کە هیچ وێکچوونێکی لەگەڵ بیر
و هزر و خولیا و ئاواتەکانی هێمندا نەبوو. لەو سەروبەندەشدا کتێبی "پاشەرۆکی
هێمن" چاپ و بڵاو کرایەوە کە وێڕای چەندین بابەتی ئەدەبی، چەند شێعرێکی
مامۆستاشی لەخۆ گرتبوو. شێعرەکان لە کوردایەتی و نیشتمانپەروەری و شۆڕشگێڕی هیچیان
کەم نەبوو بەڵام لەنێویاندا دوو بەیت لە شێعری "بەهار هەر دێ" بەسەرنجدان
بە هەڵوێستی ئەوکاتی هێمن، کرا بە بنێشتە خۆشەی دژبەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان:
لە مەیدانی شەڕانخێوی خەباتی قەڕنی بیستەمداسەرم سووڕما کە ئەسپی سووکەسواری کوردی بۆ وەستانوەڵامی دامەوە پیرێکی ئازادەی جهاندیدە:خەتای سواران نەبوو پێش سوارەکانمان قورس و ناوەستان
شێعرەکە مێژووی ساڵی ١٩٧٧ی بەژێرەوەیە. ئەوەش سەردەمێک نییە
کە لە ئێران ئاڵوگۆڕێک هاتبێتە ئاراوە. هێمن و هاوڕێکانی لە ڕێبەریی حیزبی
دێموکراتدا هێشتا هەر لە عێراق نیشتەجێ بوون. بەو پێیەش نەیدەتوانی پێوەندیی
ڕاستەوخۆی بە هەڵوێستی دواتری هێمن و دژایەتیی ئەو لەگەڵ ڕێبەرانی حیزبی
دێموکراتدا بێ. ئەگەر پێوەندییەکی ڕاستەوخۆشی بە شۆڕشێکی کورد و "پێشسواری
قورس و ناوەستای کوردەوە" هەبێ، ئەوە بۆ نسکۆی ٧٥ و ئاشبەتاڵی شۆڕشی کورد لە
باشووری کوردستان دەگەڕێتەوە. بەڵام مێژووی ٩ی ١١ی ١٩٧٧ بە ژێر شێعرەکەوە، نەبوو
بە هۆی ئەوە کە دوای جیابوونەوەی هێمن و هاوڕێکانی بەناوی "پێڕەوانی کۆنگری
چوار" لە حیزبی دێموکرات، دژبەران لەو سەنگەرەوە بۆ دژایەتیی ڕێبەرانی شۆڕشگێڕی حیزب کەلکی لێ
وەرنەگرن و نەیڵێنەوە. لێ هەڵوێستە سیاسییەکەی هێمن و هاوڕێکانی لەو سەردەمەدا کە
بێجگە لە تەسلیمبوون و خۆ ڕادەستکردن نەبوو، لەگەڵ نێوەرۆکی ئەو شێعرە نەدەهاتەوە.
بۆیەش بۆ ئەوە نەدەبوو بەپێی نێوەرۆکی
شێعرەکە ئەو لایەنە بە وەستا و سووکەڵەسوار بزانن و ڕێبەرانی نێو سەنگەر بە قورس و
ناوەستا لەقەڵەم بدەن. هەڵبەت بێجگە لەم شێعرە، بەداخەوە مامۆستا هێمن شێعر و هەڵوێستی
نەشیاوتری دژ بە ڕێبەرانی شۆڕشگێڕی کوردستان و لە قازانجی ڕێژیمی داگیرکەردا نووسی[2]
کە هیچیان لەو شێعرانە کەمتر نییە کە کاتی خۆی بە بۆنەی لەدایکبوونی وەلیعەهد لە کوردستانی
چاپی تاراندا بڵاوی کردنەوە.
پڕ بەپێستترین و بەنێوبانگترین وڵام کە لەو سەردەمدا بەو شێعرەی هێمن درایەوە، ئەو شێعرە بوو کە لە نووسەری چیادا بڵاو کرایەوە و بە دڵنیاییەوە زۆربەی خەڵک و خوێنەران نەیاندەزانی ئەوە شێعری مامۆستا ڕێبوارە. مامۆستاش هیچکات خۆی لێ بەخاوەن نەکرد:
ئەوانە شاد و ئازادن کە هەستان هەر لە خەو هەستان
ئەگەرچی دیومە ڕووباری خوڕێن بەردان دەقەڵشێنێ
بەڵام نەمدیوە هیچ بەردێکی قەڵشاندبێ بە ڕاوەستان[7]
ئەگەر پێشسواری سوارچاکی مە هێندە "قورس و ناوەستان"
لە کوێن ئەو پیرە سوارانە کە گۆیا سووک و مامۆستان؟!
گەلی ئەو شۆڕەسوارنە تەنانەت گەرچی لاڕێ بن
بەڵام بەس نێ کە شەرمیانە لە دانیشتن، لە ڕاوەستان
بەرەو دەریا دەچێ ڕووبار ئەگەرچی ڕووی لە سەحرا بێ
دەگاتێ گەر بڕوا بێ شک بە دەریای ڕوونی سەربەستان
زەوت نابێ سەگی بەدفەڕ بە حوکمی ئایەتەلکورسی
بە زەبری ئایەتەلگۆپاڵ گەلێ ئاسانە پێ وەستان[8]
"هەتا کەنگێ سیاچاڵی بە سامی دوژمنی زاڵم
پڕاوپڕ بێ لە ڕۆڵەی گەل، جمەی بێ وا لە دەسبەستان
هومێدێ بەرمەدەن ڕێگەی خەبات بگرن بڕۆنە پێش
تەماشای خەڵکی تێکۆشەر بە دیکتاتۆری چۆن وەستان"[10]
وەرن بەو سەبرە ئەییوبیە گەلی کورد کاتێ دەوبەخشێ
کە قەهری ئینقلابی بگرن و بەس کەن ئیتر کاری ناحەزتان[11]
وەک دەڵێن تیغی جەوهەردار لە کالاندا ڕاناوەستێ. مامۆستا هێمن زۆر زوو ڕێگای خۆی دۆزیەوە و نەیهێشت جیابوونەوەی لە حیزب و لە شۆڕش واتای تەسلیمبوون و پشتکردن لە خواستە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان بەخۆوە بگرێ. بە دامەزراندنی "ئینتشاراتی سەلاحەددینی ئەییوبی"، دەرکردنی گۆڤاری سروە و چاپی ڕێژەیەکی زۆری کتێب و بابەتی ئەدەبی و پەروەردەکردنی کۆمەڵێکی زۆر لە ئەدیبانی کورد، شەپۆلێکی فەرهەنگی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان وەڕێخست و بناخەیەکی پتەوی ئەدەبی و فەرهەنگی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دانا. ڕێبواری شاعیریش ئەگەرچی نەکەوتە دۆخێکەوە کە خۆی لەو وڵامە پڕ بە پێستە بەخاوەن بکا بەڵام یەک لەو ئەدیبانە بوو کە زۆر زوو لەنێو پڕۆژە ئەدەبی و فەرهەنگییەکەی هێمندا جێی گرت. وەک خۆی دەڵێ "لە یەکەم ژمارەکانی گۆڤاری مانگانەی سروە ڕا، بە ناردنی بابەت هاوکاری کردوون[12]". مامۆستا هێمن هەروەها لە ساڵی١٣٦٣ هەوڵی دا لەڕێی ناوەندی (صلاح الدین ایوبی) چیرۆکە شێعری “آرش کمانگیر”ی بۆ چاپ بکا کە شێعری “سیاوش کسرایی”یە و ئەو وەریگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی، بەڵام بۆی نەگونجا.[13] دەگێڕنەوە مامۆستا کاتێک زانیویەتی ڕێبوار خاوەنی شێعری وڵامدانەوەکەیە، سەبارەت بەو توانایی و ئازایەتییە ماچی کردووە و دەستخۆشانەی پێ گوتووە. ئەم دۆستایەتییە تا کۆچی دوایی مامۆستا هێمن بەردەوام بوو. پاش کۆچی دوایی هێمن، ڕێبوار یەک لەو شاعیرانە بوو کە شینی بۆ گێڕا و شیننامەی بۆ نووسی:
شینی هێمن
چوومە سەیری گوڵزارەکەی، جیلوەی بەهارانی نەبووعەتری خۆشی بیرەوەریی، بەرامەی جارانی نەبووئەستێرەکان چاوەرێی بوون، شەوێ دی، بەڵام مانگی ڕوویدیار نەبوو، دیار بوو خەیاڵی پرسەی شەوارانی نەبووچوومە چیا لەویم پرسی، ”فرمێسکی ڕنوو” هاتنە خوارمات لە سووچێک خۆی هەڵچنی، سامی بنارانی نەبووپرسیم لە گوڵ سەر و شوێنی، سووک بەرۆکی خۆی دادڕیداخی سەر دڵی کەمتر لە ، گشت تازیەدارانی نەبووهانام بردە "سروە"، ئەویش خۆڵی رێگای وەسەر خۆ کردهەوری ڕەشپۆش هەڵقرچابوو، تنووکێ بارانی نەبووتەنیا لە "هەواری خاڵی"ی، خاسەکەوێکی مل بە کوێنخەمناک قاسپاندی: تاقەتی چۆلیی هەوارانی نەبووکوتم ئاخر بۆ دەستی لەو ژیانە شیرینە هەڵگرت؟کوتی چونکە چاوی دینی، لەرینی گوارانی نەبووکوتم وەک هەڵۆی زۆزانان زوو لەو مەلبەندە هەڵفڕیکوتی پیر بوو، فێری هەوای پێدەشت و ئارانی نەبوو…کوتم تاراندیان؟ یا تۆرا؟ یا مەیلی لەگەڵ مە گۆڕا؟کوتی تۆرا…دەنا هەرگیز خەیاڵی تارانی نەبووکوتم هەزاردەستانی مە، زوو کەوت لە بەند و بەستانکوتی کەس هیندە تاقەتی مەرگی هەزارانی نەبووکوتم چاوەکانی بۆچی، هەمیشە لێڵی ئەسرین بوون؟کوتی بەرایی بینینی، ئەشکی هەژارانی نەبووکوتم بۆ وا هەناسەسارد، سەری خەمینی نایەوە؟کوتی هێزی بەرەنگاریی، خێڵی پەژارانی نەبووکوتی چون شانازی مەرگی وەک سەربەدارانی نەبووکوتم ئەوشۆ بە یادی وی، ڕێژنەی ئەسرین دەبارێنینکوتی بژین، بەهاری وی، قەت هیندە بارانی نەبووکوتم:”ئاسۆ ڕوونە” گیانە، پێی بڵێ هەستێ با بڕۆین
کوتی ئەو ڕۆیی، چاوەڕێی "ڕێبوار" و یارانی نەبوو…
لە شینگێڕییەکەدا
وێڕای بەداخبوون لە مەرگی هێمن، ئەو نیگەرانیانەش ڕەنگیان داوەتەوە کە لە
وڵامدانەوە بە شێعری "بەهار هەر دێ"دا هەبوو. لێرەش ڕێبوار وەبیر
دێنێتەوە کە هێمن تۆرا ئەگینا هیچکات ئەو ڕێگایەی بەر نەدەدا:
کوتم تاراندیان؟ یا تۆرا؟ یا مەیلی لەگەڵ مە گۆڕا؟
کوتی تۆرا…دەنا
هەرگیز خەیاڵی تارانی نەبوو
لێرەدا ڕێبوار ئاماژە بە تۆران و تارانی مامۆستا هێمن وەک هۆی
هەڵبڕانی لە شۆڕش دەکا. "تارانی" دووهم هەم بە واتای تۆران و هەمیش بە
واتای تارانی پێتەختی ئێران وەک هێمای دەسەڵات هاتووە.
یان:
کوتم بۆچی
نەیهێشت شینێک، لەسەر گڵکۆکەی بگێڕین؟
کوتی چون
شانازی مەرگی وەک سەربەدارانی نەبوو
ڕێبوار جارێکی دیکە هێمن دەکاتەوە بە شینگێڕی شەهیدان"
و شێعری بەناوبانگی "فرمێسکی ڕنوو" وەبیر دێنێتەوە:
کیژ و کوڕ بگرن لە
دەوری گۆڕی هێمن ڕەشبەڵەک
من کە شینگێڕی
شەهیدانم، لەکوێ شینم دەوێ
هێمن لە سەردەمێکدا کۆچی دوایی کرد کە کوردستان هەروا لە
شەڕی خوێناویدا بوو. ڕۆڵەکانی کورد ڕۆژانە بەرەنگارییان دەکرد و شەهید دەبوون.
هەمان هەست سەبارەت بە هێمن کە لە بەیتی پێشوودا هەیە، لە بەیتی دواتریشدا ڕەنگی
داوەتەوە:
کوتم هەزاردەستانی مە،
زوو کەوت لە بەند و بەستان
کوتی کەس هیندە تاقەتی
مەرگی هەزارانی نەبوو
بە کورتی ڕێبوار لە شینگێڕییەکەی خۆیدا هەوڵی داوە هێمن
لەگەڵ کاروانی خەبات، لەگەڵ شۆڕش و شۆڕشگێڕان ئاشت بکاتەوە. بابەتێک کە لە دوا شێعرەکانی
هێمنیشدا ڕەنگی دابۆوە:
شەو هەتا ڕۆژێ لەبەر ئێشی
لەشم ناڵەم دێ
دێتە گوێم دەنگی گەلۆ
و نیوەشەوان من چبکەم؟
ئەو ساڵەی کە کاک عەلی مامۆستای قوتابخانەکەمان بوو، بە
ڕوانینی منداڵانەی خۆم هەستم بە خەمێک کردبوو کە هەمیشە لەگەڵ مامۆستادایە. گەرچی
ئەو هیچکات بۆ ئێمەی قوتابی لەو خەمە نەدوا و هیچی لەو بارەوە نەگوت، بە درێژایی
ئەو ساڵە بە جلی ڕەشەوە دەرکەوت و هەمیشە ڕەشپۆش بوو. تووڕە نەبوو بەڵام قەتیش
بزەم لەسەر لێوی نەدی. گەرچی کراسە ڕەش و تەنکە ڕیشەکەی لێک دەکاڵانەوە و ڕوانینی
منداڵانەی من هیچکات گرژی لە ڕووخساری ئەودا بەدی نەکرد، ساڵانی دواتر زۆر جار بیرم
لە هۆکاری ئەو ڕەشپۆشیەی مامۆستا دەکردەوە. نەدەکرا خەمی لە دەستچوونی ئازیزێک لە
پشت ئەو خەم و ڕەشپۆشینە نەبێ. ئاخۆ مامۆستا خەمێکی تایبەتیی هەبوو یان خەمی "ئەو
هەزارانە"ی ڕۆژانە وەک گەڵای داران دەوەرین؟! بێگومان هەمووی ئەو خەمانە لە
سەر هەستی شاعیرانەی مامۆستا شوێنیان داناوە بەڵام دواتر زانیم کە ئەو برای شەهید سمایل
سمایلزادەشە. لە شێعرێکدا کە پێم وابوو بۆ ئەوی نووسیوە، وەک نەمامێک کە پێشکەش بە
نیشتمان کرابێ، دەیلاوێنێتەوە:
نەمام
شەهید سمایل ئیسماعیلزادە |
نەمامێکم پێ ئەسپاردووی
تاقانه
بەژنی ڕێکی ئاڵای ئەم
دارستانه
چڕۆی هەزار ئاواتی بەرز
و پیرۆز
له بەژنیدا هەڵیبەستبوو
هێلانه
*
دامنابوو تا بۆ بەهاری
پشکووتن
داری بەری باغی ساوای
دێبەر بێ
نەمدەزانی زریانی کارەساتێک
ناهێڵێ باڵی سەوزی ویم
سێبەر بێ
*
ئەی خاکی بۆ جوانهمهرگی
ئەمجارەم
خوشەویستتر له دایکی
زگسووتاوی
بیپارێزه وەک(وو)
یادگارێکی سوور
گوڵپەڕی تەرمی به ئەسرین
شۆراوی
*
به هەزار ئارەزووی کەسک
و سوورەوه
بۆ تا ئەبەد به باوهشتی
دەسپێرم
دانیشتووم و به تەسبیحی
فرمێسکان
گوڵخونچه هەڵوەریوەکان
دەبژێرم
*
هەڵدەستم تا ژانی داغێکی
تازه
بەرمەوه بۆ داغستانی دەروونم
دەڕۆمەوه تا رووحی سەرگەردانم
گوڕەوشار دەم له نێو جەستەی
زەبوونم
*
له پشت سەرم له سەر گۆڕێکی
تازه
شەماڵ تارایەکی سوور
رادەژێنێ
بەرامبەرم له ناخی تاریکاندا
کاروانکوژه بەردەوام
دهجریوێنی
*
له ئاواییدا هەست به هەستان
دەکەم
کازیوەیه و چرا هەڵدەدرێنەوه
رێبوارانی وەک من شەونخوونی
کێش
تاک و تەرا له شەواوێ
دێنەوه
شەهید سمایل ئیسماعیل زادە ڕۆژی ١٠ی خەزەڵوەری ١٣٦٠ واتە چەند
مانگێک بەر لە هاتنی مامۆستا بۆ گوندەکەمان، لە شاری مەهاباد شەهید بوو. لە
شێعرێکی دیکە کە لەو ساڵڕۆژەدا بڵاوی کردەوە، ڕاستەوخۆ یادی کردەوە و نووسی: "ساڵیادی
کۆچی سووری شۆڕەسواری خۆشەویستمان "سمایل سمایلزادە"یە. سی و پێنج سالی
رەبەق...ئەو شێعرەم لەدوازدە ساڵەی کۆچیدا نووسی:
لە بەردەڵانی مەترسی و نەهاتی دا
سواری کەوتووم
ئەسپێکی تۆڕ هەڵیداشتووم
بێ بەزەیی، ڕامدەکێشێ و تاڵی گڵۆڵەی تەمەنم دەکاتەوە
بۆ گۆڕستانی خامۆشی رابردووی تاریک و دوورم
دەباتەوە
* *
*
بە وارشەکەی دەگیرسێمەوە و لە تەم دا
تارمایی تەرمێک دەبینم
ئەسپە تۆڕە لە ژوور سەری راوەستاوە
بە ئەمەگەوە بۆن بە دەستێوە دەکا و
غەریب، دەکۆرێنێ
یاڵ و بژی دە گۆمی خوێن دەگەوزێنێ...؟
تاپۆیەک دەگاتە سەریان،ڕادەمێنێ
هەنیەی تەرمەکە ماچ دەکا و
جڵەوی لە دەست دەردێنێ
سوار دەبێ و ئاوزەنگی دەکوتێ
بەرەو نێرینەی تەم داژوێ
ئەسپە تۆڕە ڕکێف دەدا و
سوار دەفڕێنێ...؟
* *
*
بە شەکەتی دەچمە سەر تەرمی بەجێماو:
تۆ دەبینم
پاڵت وە کێلێکی داوە ونیگای چاوە گەشەکانت
شوێنی تاپۆی سوار دەگێڕن
...کە دێنەوە جووتێک کۆتری ئاشنان و
...لە برینی سینەم دا هێلانە دەکەن
باوەشیان پێدا دەگرم و
بەو ڕێگایەی،یەکەم جار پێیدا رۆییشتی
دەیانبەمەوە ئەو شارەی
دەرگای هەموو ماڵەکانی،بە باڵای سواران داندراوە
هەر سەردەرانەی تەوارێک هەڵکورماوە
جەرگی بە کوچکێوە ناوە...؟
دەیانبەمەوە ئەو شارەی
کۆڵانی بێ بڕانەوەی شریتێکە و
قاسپەی کەوەی گەروو ماری
لە سەری تۆمار کراوە.
رێبواری شەقامەکانی
یادگاری کۆچیان لە سەر
،دار و دیوار هەڵدەکەنن
دانیشتووانی ماڵەکانی
شۆڕابەی فرمێسکی سووریان رایەڵ کردووە و
کری مافوورەی تەمەنیان
رەش دەتەنن.
کۆترەکان تارایەکی تەڕ،
بە سەر وڵاتا دەکێشن.
هەڵدەفڕن و روو دەکەنەوە ئەو رێیەی
دەیان جار پێیدا هاتیەوە...
* * *
پێش من دەگەنەوە سەرت:
پاڵت وە کێڵەکە داوە و
چاوەکانت
ملوانکەیەکیان لە موورووی سوور و شین باو
بۆ گەردنی زەردی زەلیلم
هۆندۆتەوە...
دەبوورێمەوە و هەست دەکەم
مەلێکی زامار و ماندووم
باڵت بە سەر دا کێشاوم و برێنانم تیمار دەکەی.
لاواندنەوەت پەنجەیەکە و
لێفە لە سەر هەتیوی کز و بێ نازی
سێبووریم هەڵدەداتەوە
گریمانەی خەمی کۆنم دەکاتەوە.
کۆڵ دەمگرێ وفرمێسکم تۆزی غەریبی
لە روخسارت دەشواتەوە...
دەبووژێمەوە و دەبینم
لە تەنیایی و بێ کەسیم دا
رێبوارێکی دۆش داماوم.
وەک پەپوولەی باران دیتوو
لە بەر بەرۆچکەی یادی تۆ
خۆم هەڵخستووە
لە گۆڕستان
دەستەو ئەستۆی کێلێکی ڕەشی شکاوم.
دوازدە خەزەلۆەر لە کۆچت تێپەڕیوە و
لە هەواری خاڵی یادت
سواری کەوتووم...
هەڵدەستمەوەو بەو رێگایەی
دوا جار لە سەر شانان بڕیت،
روو دەکەمەوە ئەو شارەی
رێبوارانی شەقامەکانی
مافوورەیان بە شانیەوە و
لە ئاوی زمزم دەگەڕێن...
ساڵی ١٣٧٥ کە بۆ وتنەوەی وانە ڕەوانەی فێرگەی حیزب کرابووم،
جارێکی دیکە تووشی ناوی مامۆستا و شێعرێکی دیکەی بوومەوە. هونەرمەندی بەناوبانگ
تاهیری خەلیلی خەریکی کار لەسەر گۆرانییەک بوو. گوتی شێعرەکەی هی شاعیرێکی
مەهابادی بەناوی ڕێبوارە. زۆر بە حەز و خولیاوە شێعرەکەی پاراستبوو و بە وردی کاری
لەسەر دەکرد. جارێک بە تایبەتی بۆی خوێندمەوە و دیار بوو زۆر وەبەر دڵی کەوتبوو.
گەرچی بەلامەوە شێعرێکی جوان بوو بەڵام لە دڵی خۆمدا پێم خۆش نەبوو مامۆستا
کەوتبێتە دۆخێکی هیندە بێ نازەوە کە شێعری ئاوا ناهومێدانەی نووسیبێ. شێعرێک کە
نەک هەر لە ناخی دڵی هونەرمەند تاهیر خەلیلی دەدوا بەڵکو داخی دڵی زۆرێک لە
هونەرمەندانی بێ ناز و بێ ئەنوای نەتەوەکەمانی دەربڕیوە. لەبەر ئەوەش زۆر
هونەرمەند و گۆرانیبێژ بە ئاوازی وەکیەک یان جیاواز وتوویانەتەوە:
کە مردم شین و گریانت بە من چی؟لە سەر مەیتم لە خۆ دانت بە من چی؟کە نەتهێشت بەی لە باغی سینە بڕنمڕنینی روومەتی جوانت بە من چی؟لە شانت دام،لە شانم گەر نەدەی شان... کە مردم تەرمی سەر شانت بە من چی؟بهێــــڵە سەر وە کێــلی گەردنت کەمئەگینا سەر لە کێــــل دانت بە من چی؟بەرۆکت دامەخە ئێـــستا ئـــەگیـــنابەرۆک دادڕانی قەبرانــت بە من چی؟بە زیندویی بە باللــۆرەم نـەدوێــنیکە مردم خەتمی قورئانـت بە من چی؟کە رێــبوارت نەگــرتە سێــبەری خۆت
«سەفای بەردەرک و هەیوانت بە من چی؟
مامۆستا لە هاوینی ٢٠١٠ سەردانی دەرەوەی وڵاتی کرد و هاتە وڵاتی
فینلاندیش. بەداخەوە من دواتر و لە ڕووی وێنەکانی لەگەڵ دۆستان و وتووێژێک کە
ڕادیۆی زایەڵە بڵاوی کردەوە، زانیم تەشریفی هاتووە و نەمتوانیوە لە خزمەتیدا بم.
درەنگتر لە فەیسبووک یەکترمان دۆزیەوە و زۆر زوو ناسیمیەوە. دوو وێنەی سەردەمی
مامۆستایەتیی خۆی و قوتابێتیی ئێمەی لەلای خۆی ڕاگرتبوو و بۆی ناردم. گەرچی وێنەکان
سەردەمی هەژاری و بێدەرەتانی وەبیر دەهێنامەوە بەڵام یادگارییەکی بەنرخ بوون.
مامۆستا ساڵی هەڵگرتنەوەی وێنەکان و ناوی یەکبەیەکی قوتابییەکانیشی نووسیبوو. ئەو سەروبەند
لە ڕۆژهەڵات تایمزدا کارم دەکرد و مامۆستا نێوە نێوە شێعریشی بۆ دەناردم تا لە
ماڵپەڕەکەدا بڵاویان بکەمەوە. یەک لە جوانترین شێعرەکانی، شێعرێک بوو کە دوای
ڕاپەڕین و لەسەرەتای ئازادبوونی باشووری کوردستاندا ڕوو بە دەسەڵاتدارانی ئەو پارچە
تازە ئازادکراوەی کوردستان نووسیبووی. بۆی نووسیبووم: "تاهیر گیان ئەو غەزەلە ٢٠/٤/١٣٧١ دامنا تا دەنگمان بە پارلمانی کورد
بگەیەنێ. نێوی ''سیاوەش''ه. هەر ئەودەم بە دەستی ناردم نازانم گەیی یان نا؟ پاشان
بڵاوم نەکردۆتەوە."
منیش نازانم شێعرەکەی مامۆستا بە دەست بەڕێوەبەرانی باشووری
کوردستان گەیی یان نا بەڵام دڵنیام پەیامەکەی بە گوێیان نەگەیی. چونکە نەک یادیان
لەو شۆڕە سوارانە نەکرد کە "لە کوێستانان هەمیسان ئەسپی خۆیان داژوت"
بەڵکو بە درێژایی چارەگە سەدەی ڕابردوو گەلێک نەهامەتی و کارەساتیان بەسەردا هێنان
و بێ لوتفییان لەگەڵ کردن. مامۆستا لە کۆتایی پەیامەکەیدا بۆ نووسیبووم کە "بە
تۆی دەسپێرم" و ئەوە منیش لەم فایلەدا جارێکی دیکە بڵاوی دەکەمەوە:
سیاوەش لە ماڵی ئێوە شایی بۆیە دەلوێشەپۆڕی شینی ئێمەو نایەتە گوێلە ئەسپی کامەرانیتان سوارنخودا نەیکا کە پێشەنگوو هەڵەنگوێرکێف دەکوتن لە رێگەی خۆشکراوابەرەو رەشماڵی تازە و خێوەتی جوێلە تەختی دۆڵێ دا چووکمان دەبیننکە سەر کەوتن لە رژدان گەینە سەر سوێمەگەر نەودی لە سەر رێبازی پیرۆزلە ریزی پێشێ پێشەنگی مە دەنگوێ؟گوڵی عومری سیاوەشمان بە فیڕۆلە سەر تەشتی خەیانەت چۆن دەپروێ؟مەگەر نەودیوە پاشی گۆڕغەریبانلە پووشپەڕدا گەلاوێژی مە دەنگوێ؟مەگەر نەودیوە داسی مێرگ و جاڕانهەتا تیژتر بێ گوڵ سوورتر دەپشکوێئەوا خێڵوو حەساوە مزڵوو دیارەلە بیروو بێ لە کوێوە گەیونە کوێبە کەم مەگرن لە لامان پڕ شکۆیەمبارەک بێ لە شانوو شەوکەتی نوێلە بن هەر گوێیێ لێوێکە و بە شادیلە دەسکەوتی خەباتی ئێوە دەدوێلە گۆوەندی برادا هەر برایەلە پێش خەڵکێوە شان و پیل دەهەنوێلە کوێستانان هەمیسان ئەسپی داژوێبە جێ ماوە لە دۆڵێکی بە ساماکەچی کۆڵ نادا شیر و تیری دەسوێدەسەلمێنێ لە قۆناغێکی ئەستەمتەلانیش سەنگەرە و پێویستە نەبزوێهەتا مێلاقە تەمسیلی شەهیدە
لە کام جێ ڕژدە ڕیشاژۆیە دەڕوێ
شەڕی ئێران – ئێراق گەلێک نەهامەتی بەسەر دانیشتوانی دوو وڵاتدا
هێنا و ماڵوێرانیی زۆری لێ کەوتەوە. لەم نێوەدا گەلی کوردیش خەساری زۆری وێکەوت.
لە کۆتاییشدا هەردوو لا ناچار بوون بێ دەسکەوت، شەڕ ڕابگرن. مامۆستا شێعری
"هەڵگرنەوە"ی لەو پێوەندیەدا وتووە و نووسیبووی؛ شێعرێک وهک دیاری سالی
1367 دامناوه. ئەم شێعره بۆ دۆڕاوەکانی شەڕی ئێران و ئێراق دانرا. وشەی مێلاقە تێیدا
تەمسیلی قوربانییەکانی شەڕە:
هەڵگرنەوه
باغی نەگبەت بەری هێنا
ئەو هەزاران نەونەمامەی
له دەشتی زێدەخوازیتاندا
نێژراون
چڕۆی حەسرەتیان دەرکردووه
باغەوانه پیرەکانتان با دانیشن
با وەحەسێن
له سێبەری داری کرمۆڵی بریایه
باوەشێنی خویان بکەن
به چەپکه گوڵه مێلاقە-و
راوێژ بکەن: ئەو داره بۆ بەری نایه؟؟
شێعرەکانی مامۆستا ڕێبوار بەردەوام لەگەڵ ڕووداوەکاندا هاتوون
و لە هەناوی ئەو کارەساتانەوە دەرکەوتوون کە بەسەر نەتەوەکەیدا هاتووە گەرچی
زۆریان بە هۆی نالەباریی بارودۆخ، تەنیا لە ڕووی کات و ساڵی نووسین و ئەو
ئاماژانەی لە نێوەرۆکی شێعرەکاندا هەن، بۆنە و مەبەستیان بۆ خوێنەر ڕوون دەبێتەوە:
کۆتری
سپی
کۆتری سپی دیتت بە بالی ئاشتی
بەرەو ئاسۆی ئامانج فڕین دژوارە؟
دیتت سیرەی چاوی ئەم پەتیارەیە
جاسووسگری دڕندێکی لاسارە؟
کۆتری سپی دیتت لێرە متمانە
هێلانەیەک لە بەر دەمی مارانە؟
دیتت کۆشکی ئاشتیخوازی لە شەڕدا
گۆرستانی ئارەزووی هەژارانە؟
کۆتری سپی دیتت بەڵگەی ئازادی
کەس لە دەستی پاسەوانان ناستێنێ؟
دیتت مۆری سەلماندن بە ناچاریش
پشتی ئێمە و بالی تۆ چۆن دەشکێنێ؟
کۆتری سپی تۆ دلی کوردستان بووی
هەتا ژیای قەت نەسرەوتی لە لێدان
خوێنی خەباتێکی رەوات دەگێرا
دەمار بە دەماری چەند ملیۆن کوردی ئێران
کۆتری سپی دووپاتەی ئەزموونێک بووی
بیرەوەری تالترین قۆناغی مێژوومان
دیتت چلۆن داهاتوویەک ساز دەکا
چاوپۆشی لە ئەزموونی رابردوومان
باڵی ئەتۆ دەستی ئەو میللەتە بوو
شار بە شار دەیگێڕا مەنشووری ئاشتی
ئێستا لە سەرینی غەریبی سوورت
کۆتری سپی ئاشتیمان دەگەڵ ناشتی
بەلام کۆتری سپی بێ تۆش هەر دەرۆین
ئەگەرچی رێگامان دژوار و دوورە
زامی قووڵت لەسەر بەرگی خوێناویت
پێناسەی مەزلوومییەتمان بە مۆری سوورە...
٢٨/٣/١٣٦٨[14]
ئەو شێعرەی خوارەوەش وێدەچێ لە ڕاستای هەمان نێوەرۆکی ئەو
شێعرەی سەرەوەدا نووسرابێ کە ڕۆژی ١٣ی ٧ی ٢٠١٥ لە فەیسبووکی خۆی بڵاوی کردەوە:
دوو دە و دوو شەو...
دوو دە و دوو شەو
لە هاوینێکی گڕ بار و
دوو دە و دوو سێ
لە هاوینانی وەرینی
گوڵخەندەران...
دوو هەزار کێلی نەنووسراو
لە تاراوگە و
دوو، دووی غەریب
لە هەندەران...
ئەوشۆ دیسان شاعیرێکی سەرگەردانی
سەرسنووری
تاریک و ڕوون،
لەمپەری نادیاری شکاند.
گەلاوێژی بە تیری نەبەدی ئەنگاوت
سۆمای لە چاوی تەڕی
خۆی ترساند...
ئەوشۆ شاعیری کەس نەبووم
نم نم خەفەتم خواردەوە و
هون هون
فرمێسکم هەڵوەراند...
"دوو دە"
جۆرە حیساباتێکی لەمێژینەیە لەنێو کورددا کە مەبەست ژمارەی بیستە و لەگەڵ
"دوو شەو" دەبێتە ٢٢ی پووشپەڕ. "دوو دە و دوو سێ" دەبێتە ٢٦
کە تێپەڕینی ٢٦ ساڵ بەسەر ئەو ٢٢ی پووشپەڕەی ڕێبەری هەرگیز نەمرمانی تێدا تیرۆر
کرا.
یەک لەو ڕووداوە
ناخۆشانەی کە مامۆستاش وەک هەر دڵسۆزێک پێی نیگەران و بێزار بوو، لەتبوونی حیزبی
دێموکرات و ئەو ناکۆکیانە بوو کە ڕۆژانە لەنێوان دوو لایەندا دەهاتە ئاراوە. مامۆستا
لە چەند شێعردا بێزاریی خۆی لەو دۆخە دەردەبڕی:
ڕەخنە [15]
بە کام ڕوو بچمە چوارچرا...؟
دڵ بە کێ خۆش کەم نازەنین
شاسوارەکانمان پێکاون
سوارچاکەکان دوورەپەرێز و تاراون
چوکەڵەسوار
لە خوانی زین دابەزیون
بەرانبەر یەک دامەزراون...
نەماوە باوی کۆچی سوور
نایەتەوە خێڵ بەرەو ژوور
جانبێزار ژەنگیان هەڵێنا و
دەبان دە کالاندا ڕزین...
بە کام ڕوو بچمە چوارچرا
چلچرای، شەوارەم دەکەن
حەفتا شەمم کووژاندەوە و
چرایەکم پێ هەڵنەکرا
بە کام ڕوو بچمە چوارچرا
شێرە بەردینەکانی پێم پێدەکەنن...
٢٠١٦ لە فەیسبووکی خۆی، وا دیارە دژ بە دوولەتیی حیزب
نووسراوە
چراگێڕان...
چراگێڕانی ڕۆژی ڕەش
نانیان دە تاریکی دایە
مانیان بە شۆقی چرایە
پێت وانەبێ هەر کەس چرات بۆ ڕادێرێ
بەرەو ئاسۆی ڕوونت دەبا و
جێی بڕوایە...
هەڵۆکان،تەوارەکانمان
گەرچی هۆگری ڕووناکین
کۆڵەواری شۆقی چران
شەوارە دەبن و تەمەنێک
دە سەر چرایەک دەگەڕێن،
نازانن کێی لە پشتایە
هەڵۆیانە دەورەی دەگرن
داخەکەم کۆترانە دەمرن...
چراگێڕانی ڕۆژی ڕەش
چاویان بە یەکتر هەڵنایە
پەل ببزێون
سێبەری یەکتر دەنگێون
٤/٤/١٣٩٤
ئەم ناکۆکیانە تەنانەت تا ئاستی دڵ لێ هەڵکەندن مامۆستایان
ئازار دا. لە شێعرێکی دیکەدا ئەوپەڕی بێزاریی خۆی لەو دۆخە دەردەبڕێ:
هات و نەهات
وەک مەلەوانێکی ماندوو و هیوابڕاو
بەجێت دێڵم
وەک بەلەمێکی سەرگەردان
بە شەپۆلانت دەسپێرم...
ئێستا ئیدی
نە، بوونت بە هیند دەگرم و
نە
نەبوونت، بە کارەسات
وەک هەناسەم
لە دەستەڵاتم
بەدەری
گرنگیش نییە
هات و نەهات...
٢٠١٦ لە فەیسبووکی خۆی
دوا جار بە خۆشییەوە پەیامی یەکگرتنخوازان سەر کەوت و حیزبەکە
کەوتەوە سەر یەک گەرچی ئەو شێعرانە وەک بگێڕەوەی قۆناغێک لە مێژووی حیزب و لە هەڵەیەک
کە لە مێژووی ئەو حیزبە و تێکۆشانی کوردی ڕۆژهەڵاتدا هاتە ئاراوە، هەر دەمێننەوە.
یەک لە دوایین شێعرەکانی مامۆستا لە بەهاری ٢٠٢٣دا بە دوای
هاژەکبارانی قەڵای دێموکرات، لە فەیسبووکی خۆیدا بڵاوی کردەوە. لەو هێرشەدا
کۆمەڵێک لە پێشمەرگە و تێکۆشەرانی کوردی ڕۆژهەڵات شەهیدبوون کە یەکیان هاجەر زەرگە
بوو. شەهید هاجەر ژنخوشکی مامۆستا بوو و ڕۆژی دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی
شەهیدبوونەکە بۆی نووسیبوو:
"ماڵاوا
خوشکی دڵسۆز دادە هاجەر زەرگە، دوای تەمەنێک خزمەتی کوردایەتی حەیف بوو ئاسایی بمری.
تۆ هەر لێت جوان بوو شەهید بی. ئارام بنوو. چیتر نەماوە بۆ ترسان."
ڕۆژی دواتریش ئەو
شێعرە بەسۆزە:
لە سووچی پەنجەرەی شینا...
بە جێت هێشتم لە گۆرێکا کە مەرگیش دەستەبەر نابێ
وەهات پێکام کە هیچ تیرێک
، ئەوەندە کاریگەر نابێ
لە پرسەمدا چیای مەغڵووبە حازر بێ، هەرەس دێنێ
ئەگەر عەبدولعەزیزی داسنیش بێ، تێر چەمەر نابێ
لە بەردی ئەلحەدی ئەم کارەساتە سەر نەدەم چبکەم؟
ئەتۆش چێشتووتە، کۆچی نابەدڵ بێ دەردی سەر نابێ
ئەوەندەت هۆگرم هەرگیز بەقا ناکەم بە کۆچی تۆ
چلۆن بێ من دەڕۆی؟ بەینی من و تۆ بۆ سەفەر نابێ
دەرۆی و دەم بە دەم ڵێڵ تر کەژاوەت دێتە بەر چاوم
لە توێی فرمێسکی سوێرا، بیچمی شیرین بۆ هەتەر نابێ
لە گۆڕەوشاری نێو ئەم تەرمە خاکینە نەجاتم دەن
رەفیقان زامی ئەو کۆستە گرانە، چارەسەر نابێ
لە سووچی پەنجەرەی شینا، بەهاری شوومی خۆم بینی
دڵم سەد هیندی دیکانەش بلەرزێ، بەرکەسەر نابێ
***
بەرهەمەکانی مامۆستا ڕێبوار لەوە زۆر زیاتر و بەنرخترن کە
بکرێ لە چوارچێوەی بابەتێکی ئاوادا بناسێندرێن. مامۆستا هەم لە نووسین و هەمیش لە
شێعردا قەڵەمێکی ناسراو و ڕەوانە کە ناساندنیان نە لە تاقەتی ئەم بابەتەدایە و نە
لە توانایی مندا. ئەوەی کە نووسیم، زیاتر ڕێز و وەفایەکە بۆ ئەو مامۆستا
پایەبەرزەم بۆ ئەوەی چیدی ئەو خۆشەویستی و وەفایە لە دڵی خۆمدا ڕانەگرم. گەلێک
بابەت و لێکۆڵینەوەی ئەدەبی و مێژوویی سەرنجڕاکێشی وەک لێکۆڵینەوە لە ژیان و
خەباتی خولەپیزە، "چەواشەبوونی بەیتی سەیدەوان" و گۆرانیی بەهاران چ
مەحزوون" نووسیوە کە بەپێچەوانەی شێعرەکانی، لە گۆڤارەکانی سروە و مەهاباد و
هتد..دا بڵاوی کردوونەوە. مامۆستا هاوکات تەنزنووسێکی گفت و لفت شیرینیشە و لە
کەسایەتیی "شەندە"دا ئاشنا و ناسیاوی خوێنەرانە، لێ زیاتر وەک شاعیر
ناسراوە و پڕکارترین بەشی کارە ئەدەبییەکانیشی هەر لە بواری شێعردایە. بەو جۆرەی لە
شێوە و ناوەرۆکی شێعرەکانی دەردەکەوێ، مامۆستا لە هەردوو فۆرمی کلاسیک و نوێدا شێعری
بەرز و هەرمانی هەیە بەڵام من شێعرە کلاسیکەکانیم زیاتر لە دڵ دەنیشن. شێعرەکانی بە
گشتی ناوەرۆکی سیاسی و ئەویندارانەیان هەیە. خەم، تاسە و نیگەرانی لە زۆربەیاندا ڕەنگی
داوەتەوە کە بێگومان هەڵقوڵاوی ژیانی شاعیر و ئەو ژینگە ئاڵۆز و بە مەترسییەیە کە
تێیدا ژیاوە و دەژی. ئەو، شێعری نەک بۆ بڵاوکردنەوە بەڵکو بۆ دڵی خۆی نووسیوە. لەگەڵ
ئەوەشدا زۆرێک لە شێعرەکانی هەڵوێستن. گەرچی کەمترین شێعری لە گۆڤار و ڕۆژنامە یان
لە توێی کتێبدا بڵاو کردۆتەوە بەڵام لەگەڵ ڕووداوەکاندا هاتووە و لە شایی و شینی
نەتەوەکەیدا بەشدار بووە. بەهۆی ژیان و مانەوەی لە گوندەکان، خوێنەر بە
خوێندنەوەی شێعر و بابەتەکانی دیکەی مامۆستا ڕێبوار، لەگەڵ زمانێکی ڕەوان، بێ گرێ
و خۆماڵی بەرەوڕوو دەبێ.
مامۆستا ڕێبوار بە قەڵەمی کاک وریا ماملێ لە
ماڵپەڕی ماملێدا:
هێژا کاک علی ئیسماعیل زادە “ڕێبوار”، لە ساڵی ١٩٦١/١٣٤٠ لە
مەهاباد چاوی بە دوونیا هەڵێنا. پاش تەواوکردنی قۆناغەکانی سەرەتایی و وەرگرتنی دیپڵۆم
بۆ ماوەی سی ساڵان لە گوندەکانی دەور و پشتی مەهاباد، وەک مامۆستای خوێندنگا خزمەتی
کردووە. هاوکات پلەکانی خوێندنی باڵای درێژە پێداوە و بڕوانامەی لیسانسی زمان و ئەدەبیاتی
فارسی لە ساڵی ١٣٧٦وەرگرتووە و لە ساڵی ١٣٨٧ دا خانەنشین کراوە. وەک خۆی ئاماژەی پێدەکا
، خزمەت کردن لە گوندەکان و خوێندن لە زانکۆ، دوو هۆی سەرەکی بوون لە گەشە کردنی
زمانی ئەدەبیی و ڕەوانبێژی لە نووسینەکانیدا. دەستپێکی کاری ئەدەبیی “رێبوار” دەگەرێتەوە
بۆ ساڵی ١٣٥٧، لە کاتێکدا کە بە شێعر، ڕەوی گرتووە بەڵام لە درێژایی تەمەنی ئەدەبی
خۆیدا، کەمتر شێعری هۆنیوەتەوە. وەک خۆی باس دەکا ، حەزی لێ نەبوو تا زمانی شێعری
پووختە تر نەبێ بناسرێ، بۆیە تا چەند ساڵان جگە لە چەند هاوڕێی نیزیک، کەس نەیدەزانی
“ڕێبوار” کێێە. لە یەکەم ژمارەکانی گۆڤاری مانگانەی سروە ڕا، بە ناردنی بابەت
هاوکاری کردوون. لە ساڵی١٣٦٣ چیرۆکە شێعری “آرش کمانگیر”ی “سیاوش کسرایی” وەرگێڕاوەتە
سەر زمانی کوردی. مامۆستا “هێمن” هەوڵی دا لە ناوەندی (صلاح الدین ایوبی) بۆ چاپ
بکات، بەڵام بۆی نەگوونجا. بەشێک لە هۆنراوەکانی مامۆستا ڕێبوار لە گۆڤاری “سروە”
و “مەهاباد” دا و بەشێکی تریش تاک و تەرا، لە باشوور چاپ کراون. لە یەکەم ژمارەی گۆڤاری
مەهاباد ڕا هاوکار و ئەندامی دەستەی نووسەران بووە و هەنووکەش ئەم هاوکارییە بەردەوامە.
هەرچەند لە دە ساڵی ڕابردوودا کەمتر شێعر لە مامۆستا ڕێبوار بینراوە، بەڵام لە داڕشتنی
شێعر دا وەک یەک لە ڕۆستی شێعری کلاسیک و نوێ دا دێتەوە و بە تەنیا خۆ بە وەزن و شێوە
دارشتنی کۆن یا نوێ نابەستێتەوە. تا ئێستا هیچ بەرهەمێکی رێبوار وەک کتێب چاپ نەکراوە،
بەڵام کۆی هۆنراوەکانی لە ژێر ناوی”ڕۆژێکی ون”، لە قەوارەی کتێبدا ئامادەی چاپە. ئێستا
زۆرترین کاتی خۆی بۆ لیکۆڵینەوە لە سەر ژیان، بەرهەم و شێوازی شێعری شاعیرانی موکریان
تەرخان کردووە. بەڕێزیان کە لە نووسینی بابەتی(تەنز) یشدا چالاکی هەیە و لە یەکەم
ژمارەی گۆڤاری مەهاباد ڕا نووسەری بەشی (تەنز)ی ئەم گۆڤارە بووە بە ناوی”چەقەخانە”.

·
ئەم بابەتە ساڵی ٢٠٢٣
وەک وەفایەک بۆ مامۆستا ڕێبواری شاعیر نووسراوە
·
بابەتەکە بۆ بڵاو
کردنەوە نییە و تەنیا لە دەست هێندێک لە دۆستاندا هەیە
·
وێنەی یەکەم و بەشێک
لە شێعرەکانی ئەم بابەتە لە ئینترنێت و لە فەیسبووکی شاعیر وەرگیراون غەمخۆری ماڵ و مناڵ و
دڵسووتاوی نیشتمان
[1] - ئەوەندەی لەبیرم بێ ناسناوی ئیبراهیمزادە بوو بەڵام لە ماڵپەڕەکانی
پێوەندیدار بە تۆمارکردنی ناوی شەهیدانی حیزبدا بە "ئیبراهیمی" و
"سۆفیزادە" تۆمار کراوە. گومانی بەهێزم ئەوەیە کە ئەو سۆفییە زیاتر
پێوەندی بە سۆفی برایمی باوکییەوە هەیە نەک ناسناوی نێو سجیل و پێناسەی فەرمی.
[2] - بڕوانە کتێبی "لە خزمەتی ئەدەب و لە پێناوی ڕاستیدا" (لەبارەی
ژیان و شێعر و خەباتی هێمنەوە) – عوسمان دەشتی
[3] - بۆخۆم دەقی شێعرەکەم نەمابوو و سپاس بۆ هاوڕێم کاک شوانە ڕزگەیی کە لوتفی
کرد و شێعرەکەی، کە بە دەسخەت لای خۆی پاراستبوو، پێدام
[4] - ئاماژە بەو دەنگۆیەیە کە گۆیا مامۆستا هێمن لەکاتی ئیمزای بەیاننامەی
پێڕەوانی کۆنگرەی چواردا (تاقمی حەوت کەسی) سەرخۆش بووە و بە مەستی ئیمزای کردووە.
[5] - ئاماژە بەو زیزبوون و تووڕەیییەیە کە مامۆستا هێمن لە ڕێبەرانی حیزب بە
تایبەت لە دوکتور قاسملوو و مامۆستا عەبدوڵڵآ حەسەنزادە هەیبوو
[6] - ئاماژە بۆ بێ کردەوەیی هێمن و هاوڕێکانی دوای جیابوونەوە لە حیزبە
[7] - هەمان ئاماژە کە لە بەیتی پێشوودا هاتووە
[8] - ئاماژە بە شێعرێکی مامۆستا هەژارە:
بۆ سەفەر ئەچوو مەلای مەزموورە
دەشیگوت ڕێگام گوندێکی دوورە
ژنەکەی وتی ئایەتەل کورسی
بۆ تۆ زۆر باشە لە سەگ دەترسی
ئەگەر بۆت هاتن بۆیان بخوێنە
گوتی: عافرەتێ بەسم بدوێنە
سەگەلی لادێ نەخوێندەوارە
لە قورعان ناگا چارە هەر دارە
سوورەی گۆپاڵیان لەسەر دەخوێنم
ئەگەر تێم نەگەن دەمیان دەشکێنم
[9] - ئاماژە بە حوکمی مەلا و ئایەتوڵڵاکان لە تاران
[10] ئەم دوو بەیتە لە شێعرەکەی مامۆستا هێمن وەرگیراون
[11] - ئەو بەیتە وەزنەکەی بڕێک لەنگە و قافیەشی ڕێک نییە. گومان دەکرێ بەشێک
لەو شێعرە نەبێ کە شاعیر نووسیویەتی.
[12] - بڕوانە ئەو کورتە ناساندنەی وریا ماملێ کە لە ماڵپەڕی ماملێدا بڵاو کراوەتەوە
[13] - سەرچاوەی پێشوو
[14] - (گومان دەکەم بە هەڵە یان بۆ شوێنەونکە کاتی نووسینەکەی مانگێک گەڕێندراوەتەوە)
[15] شێعرەکە بە بێ ناو بڵاو کراوەتەوە و من ئەو ناوەم بۆ دانا (تاهیر)
بابەتی نوێ:
بۆچی دوا پێنجشەممەی ساڵ ڕۆژی سەردانی گڵکۆی ئازیزانە
لەنێو کۆمەڵگەی کورد و ئێرانییەکانیشدا باوە کە بەتایبەت ئێوارەی ڕۆژانی پێنجشەممە سەردانی وێنەی کێلێک لە لوڕستان گڵکۆی مردووەکانیان دەکەن و...