۵/۲۸/۱۴۰۳

قەڵەمقامیش

نووسینی: عەلی ئەشرەفی دەروێشیان 

تاهیر قاسمی کردوویە بە کوردی

کوڕیژگە دەمی چەقۆکەی لەسەر لاسکی بڵیندی قامیشەکە دانا و دەسکەکەی داگرت. هێشتا چەقۆ لە هەناوی قامیشدا بوو کە بریسکەیەک لە دەمی چەقۆکەوە هەستا و لە چاوی کوڕیژگەکە گەڕا. هەور گرماندی. ڕێژنە بارانێکی بەخوڕ لە ناکاو بەسەر قامیشەڵاندا پڕژا و ڕوخساری گۆلاوەکەی گڕوێ کرد. با بەنێو قامیشەڵاندا غاری دەدا و دەنگی وشکی قامیشەکان بە گشت لادا بڵاو دەبۆوە.

لەبەر گرمەی هەور، سۆنە خۆیان بەنێو قامیشەڵاندا کرد. بچووکترینیان لە ئاوەکەدا نوقم بوو و ئیدی لەسەر ئاوگیرەکە نەبیندرایەوە. باران سارد بوو و گیانی گۆلاوەکەی دادەبێشت. مژ داگەڕا و لەبەر تەم و ڕێژنە، کەش تار و ئاڵۆز بوو.

کوڕیژگە قامیشەکانی کورت کردنەوە. بنی یەکێکیانی لەسەر چاوی ڕاستی دانا و بە کونی قامیشەکەدا لە گۆلاوەکەی ڕوانی. بەنێو جەغزی مژاویی قامیشدا، لەوبەری قامیشەڵان چەند ماشێنی بینی. سێ جیپی خاکی لەوێ ڕاوەستابوون. کەسانێک کە بارانیی ڕەشیان لەبەردا بوو، خەریک بوون دادەبەزین. کڵاوی فشوفۆڵی بارانییەکان، سەریانی داپۆشیبوو و لەبەر ڕێژنە و مژ ڕووخساریان دیار نەدەکەوت. کوڕیژگە بە هێمنیی پەڵە هەورێک، بە ترسەوە بەرەو پێشەوە خزی و بە نێوان قامیشەکاندا بە سەرسوڕمانەوە تێیان ڕاما.

جلڕەشەکان، بە ڕوخساری هاشوور لێدراوی بەر بارانیان، هەشت کەسیان لە جیپەکان دابەزاند. چاوەکانیانیان بە پەڕۆیەکی سپی بەستبوون و بەخێرایی و بەنێو ڕێژنەی باراندا کە شێتانە دەباری، لە پەنا یەکتر ڕیزیان کردن. دەستی ڕاستی کەسی یەکەم بە تیتۆڵێکی سپی پێچرابوو و خوێن لەژێر تیتۆڵەکەوە دەهاتە دەر. تیتۆڵ هەر لەو پەڕۆیە بوو کە چاوەکانی پێ بەسترابوو. سمێڵە نەرم و زەردەکەی بە دەم باوە دەجووڵایەوە و دڵۆپە ڕوونەکانی باران بە دوو لایدا دەچۆڕاوە. جلڕەشەکان بە خێرایی دەهاتن و دەچوون و داوێنی بارانییە شۆڕەکان لە دەلینگانیان دەهاڵا.

کوڕیژگە کە لەبەر باران خووسابوو، قامیشەکانی لەنێو قولیدا دەگوشی. بێ جووڵە، لەجێی خۆی ڕەق هەڵاتبوو و ڕوو لەوبەری گۆلاوەکە، حەپەسابوو. جاروبار لەرەیەک ڕایدەتڵەکاند. بارانی ڕوون، چۆڕ چۆڕ و دڵۆپ دڵۆپ کەشی دەبڕی و مژ دەخزایە نێو دڵۆپەکانەوە. جلڕەشەکان چەکەکانیان لەژێر بارانییەکانیانەوە دەرکێشا و چۆکیان دادا. هەموو جێگایەک خووسابوو و ئاوی گۆلاوەکە سەرتر دەهات. یەکێکیان کاغەزێکی لە گیرفانی دەرهێنا و بە زمانێکی نەناسراو کە کوڕیژگە هیچی لێ تێنەگەیشت، خوێندیەوە. خێرا خێرا و  بە تورتە تورت دەیخوێندەوە. کاغەزەکە خووسا، داچۆڕا و بە دەستی پیاوەکەوە نووسا. بە زەحمەت کاغەزی لە دەستەکانی خۆی کردەوە و کوتکوت لەسەر هەرد فڕێی دا؛ بەڵام کوتێک بە داوێنی بارانییەکەیەوە نووسا و لێی نەبۆوە.

گرمەیەک چۆڕاوگە بلوورینیەکانی بارانی لەرزاندەوە. سۆنە لەنێو قامیشەڵان خزین. کەسی یەکەم، ئەوەی دەستی هەڵپێچرابوو، لەجێی خۆی بزووت. مستی خۆی گوشی. کەسی سێهەم و چوارەم کە تازە لاو و لاواز و باریکەڵە بوون، بە تەوژمی فیشەکەکان چەند بست هەڵبەزینەوە. لە دوورەوە شتێک تۆقی و باران بە خوڕتر لە پێشوو دایدایەوە. سۆنەیەکی ترساو، بە پەنا قاچی کوڕیژگەدا تێپەڕی و بەپەلە سەری خستە نێو پووش و پەڵاشی ژێر قامیشەڵانەکەوە؛ بەڵام کلک و لاقە زەردەکانی لەگەڵ باڵە شۆڕەکەی، بە دەرەوە مانەوە. لەرینەوەی پێی باڵندە ئاوییەکە، کوڕیژگەکەی هێندەی تر ترساند.

پاش گرمەی فیشەکەکان، بێدەنگی باڵی بەسەر هەموو لایەکدا کێشا. سۆنەی ترساو بە زەحمەت خۆی لەنێو پووش و پەڵاشی قامیشەکان دەرکێشا؛ بەڵام لەبەر دەنگی تەقەی فیشەکەکان کە بە مەودایەکی دیاریکراو، یەک بە دوای یەکدا دەهاویشتران، لە جێی خۆی چەقی. سەرە بچووک و ماووتییەکەی لەگەڵ دەنگی هەر تەقەیەک ڕادەچڵەکی. پشتە کوڵکنەکەی کە دڵۆپەکانی باران بەسەریدا دەتکانەوە، بە پتەیەکی نادیار هەشت جار لەرزایەوە. بە خێرایی خۆی لە ئاوەکە هاویشتەوە و نوقم بوو. باران لێی کردەوە و مژ ڕەویەوە. کوڕیژگە وەخۆ هاتەوە. تاساو و تەزیو، هەستی بە پێویستیی هەتاوێکی گەرم کرد. وەک هەموو ڕۆژان چاوەڕوان مایەوە تا خاڵۆ سیاوەخشی دراوسێیان بۆ بڕینی قامیش پەیدا بێ. خەریک بوو دەموچاوە خووساوەکەی بە پشتی دەست و سەرقۆڵی کۆتەکەی وشک دەکردەوە کە دەنگی خاڵۆ لە دوورەوە هات:

"هۆی... هۆ... هۆ... هۆوو.."

کوڕیژگە بە دەنگی لەرزۆک و مێشکی ئاڵۆزەوە وڵامی دایەوە:

"هەها... ها..ها... ها!"

تاوێک دواتر خاڵۆ سیاوەخش لەنێو قامیشەکانەوە هاتە دەر. لە بەرامبەریدا ڕاوەستا و سەروێنە خووساوەکەی کردەوە تا بیچۆڕێنێتەوە.

"چ با و بۆرانێکە! چ ڕۆژێکی ناخۆشە! لەخۆڕا هاتین."

کوڕیژگە چاوە قورس و تاساوەکانی لەسەر گۆلاوەکە هەڵگرت:

"لەپڕ هاتن. بە دەسڕێژ. لە هۆوێ."

"هەرچی بوو ڕابرد. تازە تا ئێرە هاتووین. باشترە کاری خۆمان دەست پێ بکەین."

کۆکەیەکی کرد و بەرەو قامیشەڵان ڕۆی. پێڵاوە نایلۆنەکانی لەسەر قوڕ و پووشە ڕزیوەکان هەڵدەخلیسکا:

"لەپێشدا دەبێ ئاگر بکەینەوە. ئاگر." 


بە دەوری ئاگرەکەدا هەڵترووشکان و هەڵم لە جلەکانیان هەستا. خاڵۆ دەمی چەقۆکەی خستە سەر نینۆکی. کوڕیژگە بە دەستە لەرزۆکەکانی ئەوبەری گۆلاوەکەی پێشان دا و بە ترسەوە گوتی؛ لە هۆوێ پشت قامیشەڵانەکە.." خاڵۆ چاوی لەو سەری کرد.

"ها! لەوێ چ بووە؟"

"لە هۆوێ شکاروانەکان کوشتارێکی زۆریان کرد."

خاڵۆ لە ڕووخساری کوڕیژگە ڕاما: 

"ئەوە بۆ ڕەنگت وەک جاوی سپی پەڕیوە. پێم نیشان دە، چ بووە براکەم؟"


کاتێ گەیشتنە ئەو شوێنەی کە کوڕیژگە نیشانی دابوو، جۆگەلەی باران و خوێن بەژێر پێیاندا دەڕۆی. خاڵۆ داهاتەوە:

"شکاروانەکان! بەو بەیانییە زووە؟!"

کوڕیژگە لەرزی:

"دەنگی فیشەک هات.. دەسڕێژ! سۆنەکان زۆر ترسان. ئەوان.."

"دەبێ گەوەزنێکیان ئەنگاوتبێ. ڕانێکی گەورە!"

کوڕیژگە هەروا مات بوو.

"هەشت دانە بوون."

"کێها؟"

"گەوەزنەکان! ڕەنگە خەونم دیتبێ."

چاوە ماندووەکانی خۆی هەڵگڵۆفی:

"وایان قسە دەکرد کە هیچ لێیان تێنەدەگەیشتم."

خاڵۆ هەڵترووشکا و بە پەنجەکانی گڵەکەی تێکوەردا:

"ئەمانە جێپێی مرۆڤن. فرە بوون. شوێنپێی گەوەزنەکانیان کوێر کردۆتەوە."

بە سەری پەنجەی دۆشاومژەی شتێکی سپیی وەک پەمۆ و نەرم وەک گێچی مردووی لەنێو جۆگەلەکە هەڵگرت:

بە فیشەک لە سەریان داون، لە نیزیکەوە!"

تاوێک بیری کردەوە و لە قامیشەڵان ڕاما:

"بەسەریاندا داون." 

کوڕیژگە گوتی: "لەوانەیە."


بە یەکەوە گەڕانەوە لای ئاگرەکە کە وا خەریک بوو دادەمرکا. خاڵۆ دەستی بە سازکردنی تووزەلە کرد و کوڕیژگە سەر و بنی قامیشە بڕاوەکانی ڕێک دەکرد و دەیخستنە نێو توورەکەکەی خۆیەوە. خاڵۆ بە وردی چاوی لە قامیشێک کرد و گوتی:

"بڕوانە! خوێن بەسەر قامیشەکاندا پڕژاوە."

کوڕیژگە قامیشەکانی لەنێو دەستیدا سووڕاند:

"دایە گەورەم دەیگوت هەر کات هەورەبریسکە لە قامیشەڵان بدا، قامیشەکان پەڵەی خوێنیان لەسەر دەنیشێ."

"ڕاستی گوتووە. منیش بیستوومە." چڵۆسکێکی هەڵگرت. بە ئەسپایی فووی لێ کرد تا گەشایەوە و بە مەودای دیاریکراو قەدی قامیشەکەی سووتاند و لە یەک ڕیزدا کونی کرد. دوو قامیشی کونکراوی لەپاڵ یەک دانا و بە دەزوویەکی لە مۆم هەڵکێشراو بەتوندی بەستی. پاشان بە چەقۆ دوو قامیشی کورت و باریکتری قەڵشت و لە قامیشە گەورەکانی کوتا و لەسەرەخۆ گوتی: "تووزەلەی چاکە." دەستەکانی لەبەر ئاگر گەرم کردەوە. سەروێنەکەی کە هێشتا هەر خاو بوو، لەسەری هاڵاندەوە و تووزەلەی لەسەر لێوی دانا. تووزەلە ناڵەیەکی لێهات و لەپڕ قامیشەڵان و هەموو شوێنێ بێدەنگ بوو تا دەنگ بە هەموو شوێنێکدا باژوێ:

"لێدە نەیژەن لێدە نەیژەن

چەند بەسۆز لێدەدەی نەیژەن

لێیدە لە بازاڕ و کۆڵان

منیان کوشت لە قامیشەڵان"

خاڵۆ خێرا تووزەلەکەی لە لێوی کردەوە و لە کوڕیژگەی پرسی: "یەکێک لە نێو قامیشەڵانە دوورەکان گۆرانی دەڵی، گوێت لێیە؟" کوڕیژگە کە بە سەرسوڕمانەوە چاوی لە خاڵۆ بڕیبوو، گوتی: " بۆخۆت بووی گۆرانیت گوت خاڵۆ!"

"من... خۆ من هەر تووزەلەم لێدا." بە سەرنجەوە بڕێک تووزەلەکەی سەرەوژێر کرد و لەنێو ئەوانی تری دانایەوە.

"لێدە نەیژەن لێدە نەیژەن

چەند بەسۆز لێ دەدەی نەیژەن

لێدە لە بازاڕ و کۆڵان

منیان کوشت لە قامیشەڵان"

خاڵۆ بە پەلە تووزەلەکەی لە گیرفانیدا شاردەوە:

"وایە ڕاستە. کەسێک لە دوورەوە لەگەڵ تووزەلەکەی من گۆرانی دەڵێ. چەندە بە سۆزەوە دەیڵێ."

 

ڕۆژی دوایی کوڕیژگە قامیشەکانی لەگەڵ خۆی بۆ ماڵی مامۆستاکەی برد و لە بەردەمیدا داینان. مامۆستا لە چاوە سوورهەڵگەڕاوەکانی کوڕیژگە ورد بۆوە و دەستە تورت و ناسکەکانی خستە ناو دەستی خۆیەوە.

"یاوت هەیە کوڕم! لە دەستەکانت ئاگر دەبارێ."

کوڕیژگە بە هێمنی گوتی: "دوێنێ چوومە نێو قامیشەڵان تا قەڵەمقامیشێک ببڕم. لەنێو هەورە برووسکە و ڕێژنەی باراندا گیرم کرد."

مامۆستا سەرێکی ڕاوەشاند و سەرمەشقی بۆ کوڕیژگە دادا: 

"ئەوەش سەرمەشق... چەند ڕۆژێ لە ماڵەوە بمێنەوە تا چاک دەبیتەوە. لەگەڵ مەشقەکان خۆت بخافڵێنە."


کوڕیژگە بۆ ماوەی حەوتوویەک لە ماڵەوە مایەوە و لە یاودا پیشا. کاتێ بەرەو چاکبوونەوە دەچوو، هەروا کە لەسەر جێوبانەکە ڕاکشابوو، مەشقەکانی نووسیوە. کاتێ کارەکەی تەواو بوو، چوو بۆ لای مامۆستاکەی و مەشقەکانی پێ نیشان دا. مامۆستا بە دیتنی دەستخەتەکەی، سەری سووڕ ما و واقی وڕ ما:

"حەشرت کردووە کوڕم. یانی بۆخۆت ئەوانەت نووسیوەتەوە؟"

گوێچکە ناسکەکانی کوڕیژگە وەک شیلان سوور هەڵگەڕا:

"بەڵێ مامۆستا."

مامۆستا لە کاتێکدا کە بە سەرسووڕمانەوە لە نووسراوەکەی دەڕوانی، نێوچاوانی تێکنا و گوتی: "بەڵام... ئەمە.. ئەو سەرمەشقانە نین کە من بۆم دادابووی. ئەوانەت لە کوێ..؟"

 کوڕیژە گوتی: یاوم هەبوو. بە دەست خۆم نەبوو وەک بڵیی.. قەڵەمقامیشەکە بۆخۆی بەسەر کاغەزەکەدا دەخشا."

مامۆستا چاویلکەکەی لە سەر لووتی ڕاستەوپاستە کرد و لە نووسراوەی کوڕیژگەکە ڕاما:

"من ترسم م م نییە یە.. ئەئەئەگەر

ئەم رررر خەیاڵەەە ب‌ب‌بە خەخەوی ئاڵۆزی شەودا ڕابرێ‌ێ

یان بە وڕێنەی‌‌ی‌ی یاوووو

 یان بە گیانێکی‌ی‌ی خەمباررر"

ئەمجار بە چاوی تەمگرتۆوە لە لاپەڕەکەی ڕوانی:

"زۆر جار لە خوێ‌خوێ‌ خوێنیان وەرداین‌ن‌‌ن

لە ب‌ب‌بیرت بێ‌ێ‌ێ

تاکە دەسکەوتی کوشتار کوشتار کوشتارررر

نا نانەبەرەی ب‌ب‌بێ پێخۆڕ و کەوڵی نانی بێ بەرەکەت‌ت‌تی ئێمە بوو و و."

مامۆستا زۆر تووڕە بوو؛

"من پێم گوتبووی قەت بە لەشی یاودارەوە مەنووسە."

کوڕیژگە بە ڕەوانیی شمشاڵێک دەستی بە ناڵەناڵ کرد:

"خاس بووم مامۆستا، خاس ببوومەوە."

مامۆستا گوڕاندی:

"یاو و وڕێنە!"

کوڕیژگە بیری لە لەرزینی پشتی باڵندە ئاوییەکە و لەرینەوەی پەردەی پێی کردەوە و بە ترسەوە لێوی لێک دان:

"مامۆستا بە خودا حاڵم زۆر باش بوو. تەنیا کەمێک حاڵی... حاڵم... ڕەنگە..."

ڕووخساری کوڕیژگە ئەوەندە بێ گوناه و خۆماڵی بوو کە دڵی مامۆستای نەرم کرد و چاوی لە نووسینەکانی بڕی. لە کۆڵانە دوورەکانەوە ویرەویرێک دەگەیشتە گوێی مامۆستا. وەک بڵێی هەموو باڵندەکانی دنیا، لەگەڵ سۆزی تووزەلەکە دەیانگوتەوە:

"لێدە نەیژەن، لێدە نەیژەن

لێیدە لەو شمشاڵە نەیژەن

لەنێو بازاڕ و لە کۆڵان

منیان کوشت لە قامیشەڵان"

مامۆستا بە بیستنی ئەو گۆرانییە، خەمبار بوو:

"ناچارم دیسان سەرمەشقت بۆ دابدەمەوە. قەڵەمقامیشەکەتم بدەیە!"

کوڕیژگە قەڵەمقامیشەکەی دا بە مامۆستا. مامۆستا داهاتەوە و دەستی بە نووسین کرد. کاتێ لێبۆوە، سەرمەشقەکەی لەپێش کوڕیژگە دانا:

"بە دەنگی بەرز بۆم بخوێنەوە."

کوڕیژگە بە دەنگە مەخمەرییەکەی دەستخەتی مامۆستای خوێندەوە:

"من لەوە ناترسم ئەگەر

ئەم خەیاڵە بەنێو خەوی ئاڵۆزی شەودا ڕابرێ"

مامۆستا گوڕاندی:

ئەو سەرمەشقە بخوێنەوە کە من دامداوە نەک ئەوەی خۆت!"

کوڕیژگە بە دەم لەرزەوە گوتی:

"ئەمە.. ئەو سەرمەشقەیە کە خۆت داتداوە مامۆستا!"

مامۆستا بە تووڕەییەوە کاغەزەکەی لە دەست کوڕیژگە ڕفاند و بە دیتنی دەسخەتەکەی خۆی، هەڵبەزیەوە. چاوێکی لە قەڵەمقامیشەکە کرد کە لەنێو دەستەکانیدا دەلەرزییەوە:

"ئەم قەڵەمقامیشە! بە پڕیشکەی خوێنەوە!"

کوڕیژگە بە چاوە گەرمەکانی لە باڵندە کاڵبۆوەکەی سەر بەڕەی ژوورەکە ڕاما:

"نەنکم دەیگوت هەرکات هەورە بریسکە لە قامیشەڵان بدا، قامیشەکان.."


۵/۲۲/۱۴۰۳

بۆ هەنارێکی هەڵوەریو

 تۆ هەنار و

من تەمام بوو 

لە پاییزی تەمەنمدا بتچنمەوە

کەچی لەپڕ بووی بە گەڵای ئەم پاییزەو

لە درەختی تەمەنی من جیا بوویتەوە


پاییز وەکوو جووتیارێکی دەست قەڵەشیو

چەڵاکی بای بە دەستەوەو

داری تەمەنمان دەڕنێ

ئەو جارەیان گەیشتە تۆ

چاوەڕوانم

ئاخۆ کەی نۆرەی منیش بێ


داری تەمەن 

تەنیا چەند گەڵای پێ ماوە

هاکا ئەوانیشم وەرین

ئیتر منیش ڕزگار دەبم

جێ هەبێ پێکەوە دەبین


وەرین هیندەش سامناک نییە

ئێمەین دەقمان بەم کۆت و بەندە گرتووە

گەڵا هەتاکوو نەوەرێ

کەی بە گەڵای ئەوینی خۆی گەیشتووە؟






وەرگێڕدراو

 

وەک گەڵایەکی پاییزیم، پڕ لە ڕەنگ

لە دووری تۆ پەرێشان مام و دڵتەنگ

چەندی من بۆ وەسڵی تۆ بێ ئۆقرە بم

سینگی تۆ ڕەقتر دەبێ وەک تاتە سەنگ


۵/۲۱/۱۴۰۳

حلوور

 وشەی "حلول" بەواتای چوونی شتێک بۆ ناو شتێکی. پتر باری ئایینی هەیە بە هەمان واتای "تەناسوخ" یان دۆنادۆن. بەپێی ئەو باوەڕەی کە ڕۆح دەچێتە ناو جەستەوە یان ڕۆحی کەسێک دەچێتە ناو جەستەی کەسێکی دیکەوە.

ئەمڕۆ بە هەڵکەوت ئەو مەتەڵەم کۆنەم وەبیر هاتەوە کە دەیانپرسی:
ئەمە چییە "حلوور بایە ڕووی لە خودایە" و جوابەکەشی کولانەیە. واتە با پێیدا دەچێتە ژوورێ و ڕووی لە ئاسمانە. بیرم کردەوە کە ئەم حلوور یان حللوورە دەتوانێ هەر "حلوول" بێ. لەو ڕەگە لە زمانی کوردیدا وشەی "لوور" و "لووربوون"یش هەیە. زیاتر بۆ باڵندە دەگوترێ کاتێ لە ئاسمانەوە بەرەو زەوی هەڵپە دەکا بەڵام بە مانای هاتنە خواری شتێک بۆ نێو شتێکی دیکەش دەگوترێ کە دەتوانێ هەمان حلوولی ڕۆح بۆ نێو جەستە بێ.
دیارە حلوول یان حلوور تاکە وشەی سەر بەو باوەڕە نییە کە دەتوانێ ڕەگی بۆ نێو زمانی کوردی بگەڕێتەوە و وشەی "دۆنادۆن"یش لە بنەڕەتدا تەناوتەنە بەو مانایە کە ڕۆح لە جەستە یان تەنێکەوە دەچێتە ناو تەنێکی دیکەوە.

بابەتی نوێ:

دا - خودا

  لێکۆڵینەوە لە مێژووی کەوناری کوردستان و باوەڕ و ئایینی کۆنی کورد، بۆمان بۆ ڕوون دەکاتەوە کە ئەم گەلەش وەک  زۆرێک لە  گەلانی دیکە، لە کۆندا...