تاهیر قاسمی
چوارشەممە سوورە، چوارشەممە سووری، چوارشەممە سؤری، چوارشەممە سوورێ، چارشەمما سۆر، قوڵە چوارشەممە و کوڵەچوارشەممە جێژنی ڕێزگرتن لە دوایین چوارشەممەی ساڵ و دوایین جێژنی ساڵی هەتاوییە. جێژنێک کە نیشانە سەرەکیەکەی کردنەوەی ئاگر و یاری لەگەڵ ئاگرە.
وشەی سوور لە چوارشەممە
سوورە و شێوەکانی دیکەیدا بێجگە لەوە کە دەکرێ ئاماژە بە زۆری و سووریی ئاگرێک بێ
کە ئەو ڕۆژە دادەگیرسێ، لە سووران (شایی و خۆشی)، سوورانە (جێژنی خەرمان هەڵگرتن)
و خەتەنەسووران (جێژنی خەتەنەکردنی کوڕ)دا هەیە و مانای جێژن و خۆشی دەگەیەنێ. جێژنێک
کە پتر خەڵکی و خۆماڵییە و گرینگی و چۆنیەتی بەڕێوەچوونەکەی لە ئاستی جێژنە گەورە
و گشتگیرەکاندا نییە. لە چوارشەممە سووریشدا نان و خوانی تایبەت ساز ناکرێ، داب و
دەستووری جۆراوجۆری نییە و زیاتر هەر لە چوارچێوەی ئاورکردنەوە و شادی لەگەڵ
ئاگردا بەڕێوە دەچێ.
چوارشەممە سووری زیاتر
لە نێو نەتەوەکانی ئێراندا باوە و کوردانی ڕۆژهەڵاتیش ساڵانە کەموزۆر بۆنەکە بەڕێوە
دەبەن. لەنێو ئێزدیەکانیشدا جێژنێکی هاوشێوە بەناوی "چارشەمما سۆر" هەیە
کە دەکەوێتە یەکەم چوارشەممەی مانگی نیسانی هەر ساڵێکەوە. بەو پێیەش لەگەڵ چوارشەممە
سووریی کوردانی ڕۆژهەڵات و ئێرانییەکان نیزیک بە دوو حەوتوویان جیاوازی لە بەیندایە.
بەڵام ئەو جیاوازییە بەمانای نالێکیی چوارشەممە سووری لەگەڵ چارشەمما سۆر نییە و مەودای
بەڕێوەچوونیان زیاتر بۆ لێکدابڕانی درێژماوە، جیاوازیی جواغرافیایی و جیاوازیی بەکارهێنانی
ساڵی زایینی لەحاند ساڵی هەتاوی دەگەڕێتەوە.
گرینگیی "جەژنا
چارشەمما سۆر" لەنێو ئێزدیەکاندا تا ئاستێکە کە جێگای جێژنی نەورۆزی گرتۆتەوە
و تەنانەت وەک جێژنی سەری ساڵی ئێزدی هەژمار دەکرێ. جێژنەکە تەنانەت سنووری
ئایینیشی بڕیوە و وەک جێژنێکی نەتەوەیی و کوردستانی جێی گرتوە. لە قەولێکی ئێزدیدا
هاتوە:
ئێزدییەکان لە ڕۆژی چارشەمبا سۆردا سەردانی یەکتر دەکەن، سەردانی شوێنە پیرۆزەکان دەکەن، گۆڕی مردووەکانیان بەسەر دەکەنەوە و بۆیان دەپاڕێنەوە. نەمر محەممەد ئەمین زەکی بەگ سەبارەت بە چارشەمما سۆری ئێزدییەکان دەڵێ: "هەموو ئەووەڵی چوارشەممۆی مانگی نیسانی ڕۆمی، بە دەف و زوڕنا ئەچنە سەر قەبران و لەوێ ئەخۆن و ئەخۆنەوە، نان بە فەقیر ئەدەن."(١) ئێزدییەکان لەو ڕۆژەدا هەروەها لە لالشی پیرۆز کۆ دەبنەوە, مۆم یان پڵیتە دادەگیرسێنن، هێلکان دەکوڵێنن، ڕەنگیان دەکەن و توێکلی هێلکەکان تێکەڵ بە گوڵی سوور دەکەن و بە دەرک و بانانی وەردەکەن. هەروەها گوڵی سوور بە دەرگای مەزارەکانەوە هەڵدەواسن. ڕەنگە ئەوە جۆرێک وڵامدانەوە بە وشەی سووری چارشەمما سۆر بێ یان بە پێچەوانە، سووریی چارشەممە سووری لەو نەریتی گوڵی سوورە وەرگیراوە.
لەنێو ئایینی یارساندا جێژنێک بەناوی چوارشەممە سووری نییە بەڵام لەنێو کۆمەڵگەی یارساندا جێژنەکە بە ناوی "ئاگری نەورۆز" ساڵانە لە هەمان ڕۆژدا و بە کردنەوەی ئاگر لەسەر بان یان دوندی چیاکان، بە گەرموگوڕی بەڕێوە دەچێ.
چوارشەممە سووری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە "کوڵە چوارشەممە" یان "قوڵە چوارشەممە"ش ناسراوە. کوڵە و قوڵە هەردوو بە واتای کورت و کۆتایین کە بە پێی ناوچە و زاراوەکان جیاوازی لە گوتنیاندا هەیە. بەڵام هەم سەبارەت بە ڕەنگی سووری ئەو ئاگرەی لەو ڕۆژەدا وەک نەریتی سەرەکیی بۆنەکە دادەگیرسێ و هەمیش بەو جۆرەی لە جێژنی ئێزدییەکاندا گوڵی سوور ئەو دەورە گرینگ و سەرەکییەی هەیە، بەدوور نییە وشەکە نە کوڵ و قوڵە بەڵکو "گوڵ" و "گوڵە چوارشەممە" بێ. گۆکردنی وشەکە لە ناوچەی قوروە بە "چارشەممە گولی"، لە ئاردەوێڵی ئازەربایجان بە "گول چارشەمبە" و لە گێڵان بە "گولەگولە چارشەمبە" ئەو بۆچوونە بەهێز دەکا. (٢)
بەدەر لە گرینگیی جێژنی چوارشەممە سووری، ڕۆژانی چوارشەممە لە فەرهەنگی کۆنی خەڵکی کوردستاندا بە گشتی گرینگی زۆری هەیە. تا ئاستێک کە حەوتووانە لەو ڕۆژەدا جۆرێک جێژن و خۆشی بەڕێوە چووە و خەڵک کەمتر کاروباری ئاسایی یان کاری گرینگی خۆیان لە ڕۆژانی چوارشەممەدا ڕاپەڕاندووە. بەتایبەت ڕۆژانی چوارشەممەی وەرزی بەهار ڕۆژانی گەشت و گەڕان و چوونە دەشت و دەر بووە. پیرەمێردی نەمر لە باسی ڕۆژەکانی حەتوودا، ڕۆژی چوارشەممەی بە ڕۆژی سەیران و ئاهەنگ ناساندوە؛
زیارەتی ڕۆژانی چوارشەممە لە فەرهەنگی گەلانی جیرانیشدا هەیە. هەژار دەگێڕێتەوە: ڕۆژێک لەسەر قسەی خەڵک چووینە مزگەوتێک لە تەورێز بە ناوی (صاحب الامر) کە گوتیان چوارشەممۆیان زۆر خوشە. حەوش و ژووری مزگەوت لە ژن و کچ جمەی دەهات، بەردی دیواریان دەلستەوە کە بە مراد بگەن.(١٥)
هەمدیسان هەژار لە سەفەری دوورتریشدا ئاماژە بە بەردەوامیی ئەو نەریتەی ڕۆژانی چوار شەممۆیان دەکا و دەگێڕێتەوە: چووینە سەمەرقەند. [..] پیاوێکی زۆر خۆشیان ڕەگەڵ خستم بە ناوی «شەهیدۆف». فارسی زۆر چاک دەزانی. چووینە زیارەتی قەبری «قوسەم بین عەباس» کە سەرداری ئەسحابان بووە و لەوێ شەهید کراوە. بە سەدان ژن بە منداڵەوە هاتبوون چل دانەیان دەگرتەوە؛ نیازیان لێ دەخواست. شەهیدۆف گوتی: بێچارە دایکم ئەوە چوار چوارشەمۆیە دێتە ئێرە و نیازی ڕەوا نابێ! (١٦)
بێجگە لە گەشت و زیارەتی
ڕۆژانی چوارشەممە، لە باوەڕی خەڵکی موکریاندا حەمام کردن و خۆ شوشتن لە ڕۆژانی
چوارشەممەدا بە گوناهـ هەژمار دەکرێ. ئەمە لە شێعرێکی شاعیر "ناسری
ئاغابرا"دا وەک باوەڕی گشتی و هێندەی تاوانی کوشتنی منداڵی پەرییەک ڕەنگی
داوەتەوە:
بێجگە لەوانە لە باوەڕی خەڵکی موکریاندا، "بۆ چاک بوونەوەی منداڵی چلووگیربوو، خاکوخۆڵ و زبڵوزاڵی نێو ماڵ خڕ دەکەنەوە و چوار چوارشەممۆیان بەسەر منداڵەکەیدا بە ئاویدا دەدەن".(١٨) هەروەها "نەخۆش لە ڕۆژی چوارشەممۆدا دەچێتە سەر چاکی و گیسک یا کەڵەبابی لە ناو قسنەکەیدا دەکوژێتەوە و هەندێ لە گڵی سەر چاکەکە تێکەڵ بە خوێنەکەی دەکا و دەو جێگایانەی لەشی دەدا کە باسی سووری گرتووە. 0"(١٩) لە ناوچەی هەورامان و لای پێڕەوانی ئایینی یارسانیش ڕۆژانی چوارشەممە ڕۆژی زیارەتی مەزارگەی سوڵتان سەهاکە.(٢٠)
ئەمانە دەبێ ئەو پرسیارەیان لای خوێنەر خوڵقاندبێ کە ئاخۆ هیندە گرینگی و پیرۆزیی ڕۆژانی چوارشەممە لە کوێوە و لە کام ئایین و بیروباوەڕەوە سەرچاوەی گرتووە؟
لە دەقە مێژووییەکانی وەک ئاڤێستا و دواتردا ئاسەواری دابەشکاریی حەوتوو بەرچاو ناکەوێ و زۆربەی خاوەنڕایانی ئێرانی لەسەر ئەوە کۆکن کە لە ئێرانی کەوناردا دابەشکاریی ڕۆژەکان لەسەر بنەمای حەوتوو نەبووە. لەبەرامبەردا هەر ڕۆژێک لە سی ڕۆژەکانی مانگ ناوی تایبەتیی خۆیان لەسەر بووە. تەنیا دەقێکی بوودایی کە لە ساڵی ٧٥٩ی زایینی لە سانسکریتەوە بۆ سەر زمانی چینی وەرگێڕدراوە و "یانگ چینگ فێنگ" لە ساڵی ٧٦٤ پەڕاوێزی بۆ نووسیوە، باسی ڕۆژەکانی حەوتووی بە زمانی چینی و هاوتاکەیان بە فارسیی نێوەڕاست و سۆغدی کردووە. لەو دەقەدا ناوی ڕۆژەکانی حەوتوو کە بە یەکشەممە دەست پێ دەکەن، بەو جۆرە هاتووە: یوشەمبەت (ڕۆژی پشوو)، دووشەمبەت، سێشەمبەت، چەرشەمبەت، پێنجشەمبەت، شەششەمبەت، شەمبەت. هەر لەو دەقەدا هاوتای سۆغدیی ئەو ڕۆژانە بەو جۆرە نووسراوەتەوە: مێهرڕۆژ (خۆر ڕۆژ)، مانگ ڕۆژ، بارام ڕۆژ، تیرڕۆژ، ئورمەزدڕۆژ، ناهیدڕۆژ و جییانڕۆژ (کەیوان ڕۆژ). ئەو ناوانەش لە ناوی شەش هەسارەی ئاسمان واتە خۆر و پێنج هەسارەی ناسراوی ئەو سەردەم لەگەڵ ناوی ئاهۆرامەزدا وەک خودای زەردەشتی، وەرگیراون. (٢١)
دانانی ناوی هەسارەکانی ئاسمان بەسەر ڕۆژەکانی حەفتە لە زمانی لاتینیشدا تا ڕادەیەک لەو شێوازە نیزیکە کە بێجگە لە ڕۆژی یەکەم یان خۆرڕۆژ (Sunday)، ڕوون نییە کە ڕۆژەکانی دیکە چۆن و لەسەر چ بنەما و باوەڕێک بەو شێوەیە بەسەر ئەو هەسارانەدا دابەش کراون یان ناوی ئەو هەسارانەیان لێ نراوە.
ژمارەی حەوت وەک حەوت ڕۆژی حەوتوو، لە زۆربەی ئایینەکاندا ژمارەیەکی گرینگ و پیرۆزە. دەگوترێ یەکەمجار سۆمەرییەکان حەوت هەسارەی ئاسمانیان ناسی و ناویان لەسەر دانان و حەوت پەرستگەیان بۆ ساز کردن. دواتر خەڵکی کەلدە و بابل لەسەر بنەمای ئەو حەوت هەسارەیە، حەوت ڕۆژی حەوتوویان داهێنا. لە ئایینی میترادا ژمارەی حەوت ژمارەی خوداکانی ئەو ئایینەیە کە دواتر لە ژمارەی ئەمشاسپەندانی زەردەشتی، ژمارەی وتەکانی مەسیح ئەو کاتەی لە خاچ درابوو، ژمارەی ئەو ڕۆژانەی لە باوەڕی یەهوودیدا خوا جیهانی خوڵقاند و ژمارەی مەلایکەتەکانی خودا لە دینی ئیسلام و هتد..دا دووپات کرایەوە. خۆر بەرزترین پلەی ئایینی میترا و هێمای میترا خۆیەتی کە وەک دەبینین ڕۆژەکانی حەوتوو لە هەردووی سۆغدی و لاتینیدا بە ناوی ئەوەوە دەست پێ دەکەن. هەر لەو ڕاستایەدا وشەی "شەممە" کە بە شێوەگەلی شەم، شەمو، شەممۆ، شەمبە، شەنبە و شەمە گۆ دەکرێ لە ڕاستیدا کورتکراوەی وشەی "شەمەش"ە کە لە دووئاوان ناوی خۆر و لە عەرەبیدا بووە بە "شەمس". وشەی شەمەش لە کوردستانیش بۆ وێنە لەسەر ناوی شەمشەمەکوێرە (چەم - شەمەش- کوێرە: چاو بە شەمەش کوێر) و شوێنگەلی وەک شەمزینان (شەمەش دینان = خۆر دینان)، چەمچەماڵ (شەمەش ماڵ = ماڵی هەتاو)، چەمشار (شەمەش شار = شاری هەتاو) و هتد..دا بەر گوێ دەکەوێ. بەو پێیە ڕۆژەکانی حەوتوو لەسەر بنەمای شەمەش یان خۆر ڕۆنراون کە هەر ڕۆژێکی حەوتوو هی یەکێک لە خوداکانی میترایین.
شەمەش وەک خۆی نەک یەکەم
بەڵکو حەوتەمین ڕۆژی حەوتوویە بەڵام نیزیکترین هەسارە پێی، تیر یان مێرکوورییە کە
هەسارەی خودای بایە لە پلەی یەکەمی میتراییدا و ڕۆژی یەکشەممە بە ئەو دراوە. ڕۆژی
دووشەممە بۆ دا-خودای ئاو یان ئاناهیتا لە پلەی دووهەمی ئایینەکە تەرخان کراوە کە
هەسارەی تایبەتیی ئەو ناهید یان زارایە. ڕۆژی سێشەممە هی خودای خاک لە پلەی سێهەمدایە
کە هەسارەی مێریخ بۆ ئەوە. هەر ئەمەش لەپشت باوەڕی نینۆک نەکردن و قژ نەبڕین لە
ڕۆژانی سێشەممەدایە.
بەر لە شەمەش یان میترا لە پلەی حەوتەمدا، رۆژی هەینی یان ئیینییە کە ڕۆژی ئیندرایە. ناوی ئیندرا بە وشەکانی هەینی، ئینی یا ئادینەشەوە دیارە کە شێوە جیاوازەکانی ناوی دیکەی ڕۆژی جومعەن. ئیندرا خودای شەڕ و خودای پارێزەری ئایینە کە لە پلەی شەشەمی خوداکانی میترایی و لە دوای میترا ڕاوەستاوە. وەک لە بەیتی "شێخمەند و شێخڕەش"دا هاتووە، خودایەکی ئاشقە زیکرە(٢٢). بەو پێیەش ڕۆژی جوما یان جومعە کە ڕۆژی جەم بوون و کۆبوونەوە بۆ نوێژ و زیکر و پاڕانەوەیە، بە ئەو دراوە. ڕۆژی پێنجشەممە، ڕۆژی خودای مانگ یان واروونایە کە لە پلەی پێنجەمی خوداکانی میتراییدایە. ڕۆژی چوارشەممەش کە بابەتی سەرەکیی ئەم باسەیە، هی خودای ئاگرە کە پلەی چوارەمی ئایینەکە بۆ ئەو تەرخان کراوە. نهێنیی حەمام نەکردن و خۆ نەشوشتنیش لە ڕۆژانی چوارشەممەدا پێوەندی بە ناتەبایی نێوان ئاو و خودای ئاگرەوە هەیە.
خودای ئاگر، خودای پاڵەوانان، قارەمانان و دەسەڵاتدارانە. ئەوانەی فەرماندەی سپا یان بەڕێوەبەرانی کۆمەڵگەن. کەسێ کە بەو پلەیە بگا، وەک نیشانەیەک لە پاکبوونەوەی وتار و کرداری لە گوناهـ و خراپە، دەست و زمانی بە هەنگوین دەشۆردرێ. هێمای شێری هەیە و هەموو ئەو شوێنانەی ناوی شێریان لەسەرە وەک گۆڕەشێر، شێرەمەرد، جاشێران و تاد. پێوەندییان بە ئەو خودایەوە هەیە. ئەو گۆڕ و گڵکۆ و مەزارانەش کە وێنە یان کۆتەڵی شێریان لەسەرە، هی خودای ئاگرن. گرینگیی ئاگر و ڕۆڵ و پێگەی قارەمانان و دەسەڵاتداران لە ژیان و پاراستنی خەڵکدا جێگایەکی گرینگتریان بە خودای ئاگر داوە. هەر بەو پێیەش ڕۆژی چوارشەممە پیرۆزیی زیاتری وەرگرتووە. چوارشەممە سووری و ئاگرەکەی لەڕاستیدا جێژنی خودای ئاگرە. هاوکات دەکرێ وەک جێژنی ماڵاوایی لە دوایین چوارشەممەی پیرۆزی ساڵ و لە ئاگریش سەیری بکرێ. ئاگرێک بە درێژایی زستان یاری خەڵک و گەرم کەرەوەی ماڵەکانیان بووە. گەلێک پەند و قسەی نەستەق پێوەندیی توندوتۆڵی نێوان مرۆڤ و ئاگر لە زستاندا دەگێڕنەوە؛ وەک "زستانان ئار و ئەز" یان "گوڵی زستان ئاگرە". بە نیزیکبوونەوە لە نەورۆز و بەهار، ئیدی ئاگر ئەو ڕۆڵ و پێویستییەی نامێنێ و وەک وەفادارییەک، لە دوا چوارشەممەی ساڵدا کە ڕۆژی خودای ئاگرە، بە ڕێزەوە ماڵاوایی لەو ماکە پیرۆزەی سرووشت دەکرێ.
گرینگیی ئاگر و پێوەندیی جێژنی چوارشەممە سوورە لەگەڵ ئاگر و خودای ئاگر لە وشەکانی "هەتەرێ مەتەرێ"شدا پارێزراوە کە یارییەکی تایبەت بەو ڕۆژانەیە. لاوان و منداڵان لە سەربانی ماڵانەوە زەمبیلەیەک بە پشتێن ڕادەهێڵن و بە وتنی "هەتەرێ مەتەرێ شتێکمان بۆ بخەنە بن چەپەرێ" داوای جێژنانە دەکەن. وشەی "هەتەر" واتای ئاگرە و مەتەر واتای دایک. لەسەر یەک واتە "ئەی دایکی ئاگر جێژنانەمان بدەیە" کە دەکرێ دوعا و نزا بێ بۆ ئەوەی خودا پاڵەوان و قارەمانێک بە دایک ببەخشێ یان کۆرپەکەی بکا بە قارەمان و پاڵەوان کە خودای ئاگرە.
لە هیچ دەقێکی ئێرانیی پێش ئیسلامدا باس و ئاماژەیەک بە چوارشەممە سووری بەرچاو ناکەوێ. لەنێو دەقی نووسەرانی دوای ئیسلامیشدا ئاماژەیەکی ڕاستەوخۆ بەو ڕۆژە لەئارادا نییە. کۆنترین دەقێکی ئێرانی کە سووکەڵە ئاماژەیەکی بە چوارشەممە سووری کردبێ، کتێبی "تاریخی بوخارا" لە نووسینی ئەبووبەکر محەممەد کوڕی جەعفەری نەرشەخییە (٨٩٩ - ٩٦٨ ز) کە باسی جێژنێکی بەناوی "سووری" کردووە و گومان دەکرێ مەبەستی چوارشەممە سووری بێ. نەرشەخی نووسیویەتی: "[..]جا چونکە ئەمیر سەدیدی کوڕی مەنسووری کوڕی نووح لەسەر تەخت دانیشت [..] هێشتا ساڵ تەواو نەببوو کە وەک شەوی سووری، بەو جۆرەی لەمێژە باوە، ئاگرێکی مەزنیان کردەوە. ئاور گرفەی کرد و میچی هۆڵەکە گڕی گرت و سەرەنجام هەموو کۆشکەکە سووتا."(٢٣) گەرچی لەو دەقەدا ئاماژەیەک بە ڕۆژی چوارشەممە نەکراوە بەڵام ڕستەی "هێشتا ساڵ تەواو نەببوو" و ناوی "سووری" و نەریتی کردنەوەی ئاگر ئەو گومانەی لێ کەوتۆتەوە کە ڕەنگە مەبەستی چوارشەممە سووری بێ.
لە شانامەدا ئەگەرچی دوو جار وشەی چوارشەممە هاتووە بەڵام ناوی چوارشەممە سووری و ئاماژەی ڕاستەوخۆ بەو بۆنە و جێژنەی تێدا نییە.
لە کوردستان ئەگەرچی بۆنەکە زیاتر لە ڕۆژهەڵات باوە بەڵام لە دیوی گەرمێن و باشووری کوردستانیش نامۆ نییە. بێجگە لە جێژنی چارشەمما سۆری ئێزدییەکان کە ساڵانە بەشێوەیەکی گەورەتر و گرینگتر بەڕێوە دەچێ، لە شێعر و تێکستی چەند شاعیر و نووسەری سەدەی بیستەمی ئەو بەشەی کوردستانیشدا ئاماژە بە بوون و بەڕێوەچوونی بۆنەکە کراوە. پیرەمێردی شاعیر لە شێعرێکدا کە لە ڕۆژنامەی ژیندا بڵاوی کردۆتەوە نووسیویەتی:
هەر لەم بارەوە دوکتور ئەحلام مەنسوور (١٩٥١ - ٢٠١٣) چیڕۆکی خۆشیی بەڕێوەچوونی ئەو جێژنە لە دەڤەری خانەقین ئاوا دەگێڕێتەوە: [..] ژن بەجیا و پیاویش بەجیا هەڵپەڕکێیان دەکرد. دەهۆڵ و زوڕنای عەلە سنجاوی و دوومەڵەگەکەی سەعە دەوڵچی و گۆرانێیەکانی خوداداد و خولە کەلۆر تێکەڵ ببوون، زەردەخەنە و پێکەنین لەنجە و گۆرانی چڕین لەسەر دەمی گەورە بچووک و ژن و پیاودا بوو، زۆربەی زۆری دووکاندار و کاسبکاران دەستیان لە ئیش هەڵگرتبوو و دووکانەکانیان داخستبوو و لەم بەزم و ئاهەنگەدا بوون کە لە خانەقی پێی دەوترێ «چوار شەممەسوورە». ئاهەنگی ئەو چوار شەممەسوورەیە هەرگیز لە یاد ناچێتەوە.(٢٥)
بەڵام سەرەڕای ئەو نموونانەی سەرەوە، جێژنی چوارشەممە سووری بێجگە لە لای ئێزدییەکان، لە ناوچەکانی دیکەی کوردستان نەماوە و زیاتر هەر لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان باوە. لەوێ ئاگر هێمای سەرەکیی جێژنەکەیە. تا کۆتاییەکانی سەدەی بیستەمیش، کوردانی ناوچە جۆراوجۆرەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە چەند ڕۆژ پێشترەوە پووشکە و دار و چرپییان کۆ دەکردەوە و لە سەربانان ئاگریان تێبەردەدا و بەدوریدا چەپڵەیان لێدەدا، گۆرانییان دەگوت و هەڵدەپەڕین. لە هێندێک شوێن ئەو ئاوردوویەیان بە حەوت بەش دابەش دەکرد و حەوت ئاگریان بە ڕیز هەڵدەکرد و بەنۆرە بەسەریاندا بازیان دەدا. لاوان لە چەند ڕۆژ پێشترەوە بە پەڕۆوپاڵ گۆ یان تۆپی پەڕۆیان ساز دەکرد، لە نەوتدا دەیانخوساند و لە ئێوارەی چوارشەممە سوورەدا تۆپەکەیان ئاگر دەدا و یارییان پێ دەکرد.
پشتێند ڕاهێشتن، سەرکولانە یان "هەتەرێ مەتەرێ" ناوی یارییەکی شەوی چوارشەممە سوورییە. لاوان کە لەو شەوەدا سەروچاویان دەمامک دەدەن و دادەپۆشن، پشتێندیان لە کولانەی ماڵانەوە شۆڕیان دەکردەوە و بە گوتنی "هەتەرێ مەتەرێ شتێکمان بۆ بخەنە بن چەپەرێ" یان "سەری ساڵێ، بنی ساڵێ یاخوا نەمرێ گەورەی ماڵێ" داوای دیاری و جێژنانە دەکەن. خاوەنماڵیش کە پێشتر چاوەڕوانی ئەو میوانە نەدیو و نەناسانەیە و خۆی ئامادە کردوە، هێلکە، مێوژ، گوێز، پارە یان هەرچی لە دەستی بێ، لە پشتێندەکەیان گرێ دەدا یان بۆیان لە زەمبیلەکە داوێ و پشتێندەکە ڕادەوەشێنێ تا هەڵیکێشێنە سەرەوە. زۆر جار لاوی ئەویندار ئەو شەوەی بە دەرفەت دەقۆستەوە و بەپێی قەراری پێشوو، زەمبیلەکەی بە ڕازاوەیی یان بە نیشانەیەکی تایبەتەوە ڕادەهێشت و کیژی ماڵەکەش لە خوارەوە دیاریی ئەویندارانەی وەک دەسرە، ئاوێنە، بۆن و شتی ئاوا بۆ لە زەمبیلەکە داویشت و بەم جۆرە خۆشەویستیی خۆیان بۆ یەکتر نوێ دەکردەوە.
دابێکی دیکەی چوارشەممە سووری، سووتاندنی ئەسپەندەر لەلایەن ژنان و دایکانی کوردە و ئەوان پێیان وایە بەوە دەرد و بەڵا لە خۆیان و لە ماڵ و منداڵیان دوور دەکەوێتەوە.
هێلکە و هێلکە سوورکردن و یاریی هێلکەشکێنی و هێلکە خللۆرکردنەوە بەشێکی دیکە لە داب و نەریتەکانی چوارشەممە سوورییە کە ئەو یارییانە تا ڕۆژانی دوای نەورۆزیش بەردەوام دەبن.
بە کورتی ڕۆژانی چوارشەممە لە باوەڕە کەونارەکانی کورد و دانیشتوانی دیکەی هەرێمەکەدا ڕۆژانی پیرۆز و تایبەت بە زیارەت و چوونە سەر مەزاری چاک و پیران بووە. ئەم زیارەتانەش بەشێکی بۆ چارەسەری نەخۆشی و زیاتریش شێوەی جێژن و خۆشییان هەبووە. زۆر جار کچان و کوڕانی ئەویندار ئەوەیان وەک دەرفەتێک بۆ ژوان و دیدار یان شایی و هەڵپەڕین لەدەستی یەکدا قۆستۆتەوە. ئەوەش بنەمای جێژنی چوارشەممە سووری و گرینگیی ئەو ڕۆژە لە هزر و باوەڕی خەڵکی کوردستان و ئەو نەتەوانەدایە کە ساڵانە ئەو ڕۆژە جێژن دەگرن. نە حاکمانی ئێستا و پێشووی ئێران باوەڕیان بەو جێژنە هەبووە و نە لە باوەڕی کۆنی ئێرانییەکاندا دابەشکاریی ڕۆژەکانی حەوتوو جێگای هەبووە. هاوکات هەبوون و گرنگیی زۆری جێژنی چارشەمما سۆر لەنێو ئایینی ئێزدیدا، وێڕای ئاسەواری بەڕێوەچوونی جێژنەکە لە بەشەکانی دیکەی کوردستان لە ڕابردووی نە زۆر دووردا و بەربڵاویی بەڕێوەچوونی ئەو بۆنەیە لە ئێستای ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، پشتی کوردی و کوردستانی بوونی ئەو جێژنە دەگرن و دەیسەلمێنن کە سەرەڕای هاوبەشیی جێژنەکە لەنێوان کورد و نەتەوەکانی ئێراندا، جێژنی چوارشەممە سووری نەک لەگەڵ بیروبڕوای کورد ناتەبایی نییە بەڵکو لە باوەڕە لەمێژینەکانی کۆمەڵگەی کەوناری کوردستانەوە هەڵقوڵاوە.
٢- ویکیپێدیای فارسی
٤- دیوانی زیوەر (لە ڤەژین بووکس هەڵگیراوە)
٦- عەبد عەلی کوڕی جومعە حەوێزی - تەفسیری نورالتلقین بەرگی ٥، ل. ١٨٣ (بە فارسی
٨- مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیس - کتێبی بارانی ڕەحمەت (لە ڤەژین بووکس هەڵگیراوە)
١٠- شانامەی فیردەوسی (لە ماڵپەڕی فارسی گنجور هەڵگیراوە)
١٢- فۆلکلۆر
١٤- سۆران حەمەڕەش؛ ئەستێرە و مانگی سەر مزگەوتەکان، بنەچەکەی تورکی، ئاینیی ئیسلامی یان ئاینیی سۆمەریە؟ (لاپەڕەی فەیسبووکی نووسەر)
١٦- سەرچاوەی پێشوو؛ سەمەرقەند
١٨- سەلاح پایانیانی؛ فەرهەنگی زارەکیی موکریان - بەرگی ت، ل. ٤٥٣
٢٠- محەممەدئەمین هەورامانی، میژووی ههورامانی لهون، تاران، ۱۳۸۰ش
٢٢- تاهیر قاسمی؛ میترائیسم لە بەیتی شێخمەند و شێخڕەشدا
٢٤- پیرەمێرد - ڕۆژنامەی ژین، ژمارە 901 (لە ڤەژینبووکس هەڵگیراوە)
٢٥- ئەحلام مەنسوور - ڕۆمانی ئەڵوەن (لە ڤەژینبووکس هەڵگیراوە)