کاک ناسر پێی وایە کە بنەمای ناوی ئێران، بەشێوەی ئیران نییە بەو جۆرەی ڕەزا شا ناوە ڕەسمییەکەی ئەو وڵاتەی لە پارسەوە بۆ گۆڕی بەڵکو ڕاستییەکەی ئێرانە. سەبارەت بە بنەمای ناوی ئێرانیش، ئەو پێی وایە کە وشەکە دەچێتەوە سەر وشەی ئێر بە مانای ئاگر.
ئەگەر ئێر وەک ڕەگی ناوی ئێران بە مانای ئاگر بێ ئەوە دەکرێ "ئیر"یش وەک "ئار" و ئاور و ئاتر و ئاتوور و ئازەر و ئاتەش و.. بە شێوەیەکی دیکەی وشەکە بزانین. بەو پێیەش گۆڕانەکە تەنیا بەپێی فۆنەتیکی زمانی فارسی بووە نەک بە ئامانجی گۆڕینی واتاکەی. دیارە ئاگر لە باوەڕی پێشینیان و دانیشتوانی ئەو هەرێمەدا تا ئاستی پەرەستن گرینگ و پیرۆز بووە بەڵام تەنیا ماکی پیرۆز و جێگای پەرستن نەبووە و هاوشانی با و ئاو و خاک پەرستراوە.
کۆنترین بەڵگەیەک کە ئاماژەیەک بە ناوی ئێرانی تێدا بێ، ئاڤێستایە. بەپێی باوەڕی خەڵکانی ئەو سەردەم، زەوی بە حەوت بووم یان بەش (لە گاتاکاندا Bumiia haptaithe ) دابەش کراوە. (یەسنای ٣٢ بەندی ٣) ئەم دەستەواژەیە لە بەندی ٣٣ی یەشتی هەشتەمیشدا بە شێوە Auui karsuuan y äis hapta بە واتای "بەرەو حەوت وڵات" هاتووە. بەشی نێوەڕاستی ئەو حەوتانە بەناوی Xvaniratha یان Xwanirah خڤەنیرەسە یان خوەنیرە ناوی هاتووە. ئەم بەشە بەتەنێ لە هەر شەش بەشەکەی دیکە گەورەترە، ڕووناکایی زیاترە و هەرچی باشە، بەو بەشە دراوە. نیشتمانی "ئەیرییانە ڤەیچ" و وەری جەمکەرد واتە ئەو پەناگەیەی کە جەمشید بۆخۆی درووست کرد، لەو بەشە هەڵکەوتووە. (ڤەندیداد، فەرگەردی ٢، بەندی ٢٠ - ٤٣).
لە یادگاری ژاماسپیگدا باسی ژاماسیگدا، ویشتاسپ سەرەتا پرسیاری دانیشتوانی شەش بەشەکەی دیکە دەکا و ژاماسپ بە کورتی وڵامی دەداتەوە کە خەڵکانێک لە ئەرزە Arzah و سەڤە Savah دەژین زستانان قوربانی بۆ سرووش دەکەن، ئایینەکەیان باشە، عومری درێژیان هەیە و باڵندە و ماسی لە وڵاتەکەیاندا فرەیە. هەروەها خەڵکانێک لە چوار بەشەکەی دیکە بریتی لە Fradafas, Wioadafs, Worubarst, Woryjars هەن، بەشێکیان لە شاخ و بەشی دیکەیان لە لێڕەواردا دەژین و لە نێویاندا کەسانێک لەگەڵ تۆ و کەسانێ دژی تۆن، بەشێکیان دەچنە بەهەشت و بەشێکیشیان جێگایان دۆزەخ دەبێ.
بە دوای ئەوانەدا باسێکی زیاتر لە بەشی ناوەڕاست دەست پێ دەکا و ڕوون دەبێتەوە کە بێجگە لە ئێرانەیی، خەڵکانێکی دیکەش کە لەسەرەوە ناویان هات، لەو بەشی ناوەڕاستەدا دەژین بەڵام خاوەندارەتیی ناوچەکە هەر بەدەست ئێرانەییەکانەوەیە چونکە کیانیان و پاڵەوانان و دینباییەکان لەنێو ئەوانەوە هەڵقوڵاون و سووشیان یان دووژیانیش لەنێو ئەواندا لەدایک دەبێ و ئەهریمەن تێکدەشکێنێ و کۆتایی بە ژیانی ئەم جیهانە دەهێنێ.
بەپێی ئاڤێستا، ئێرانەییەکان لەو سەردەمدا بە سێ جۆر باسی نیشتمانی خۆیان کردوە؛ یەکەمیان بە خڤەنیرە یان خڤەنیرەث (xvaniratha)، دووهەم بە ئەیریەنە ڤەیج (airiiana vaejah) و سێهەم بە ئەیرییە دەیهوۆ (airiia dayhauuo). بەرامبەر بە ئەیرییە دەیهوۆ، ئەنەیرییە دەیهوۆ (anairiia dayhauuo) هاتووە کە بە مانای نیشتمانی نا ئەیریەیە. (یەشتی ١٩، بەندی ٦٨).
ئەم ناو و وشانە لە سەردەمی ساسانییەکاندا بەڕیز بە خوانیرەس Xwanirath، ئێرانوەی Eranwey و ئێران Eran و ئەنێران Aneran گۆڕانیان بەسەردا هات. ئەردەشتری بابەکان (٢٢٥ - ٢٤٠) بناخەدانەری ریزە دەسەڵاتی ساسانی بوو کە لە بەردەنووسراوی نەخشی ڕۆستەدا خۆی وەک شاهانشا ناساند و ناوی شای شایانی ئێران و ئەنێرانی لەسەر خۆی دانا. نێرسیش (٢٩٣ - ٣٠٢) لە سەر بەردەنووسراوی پەیکۆڵی ئەو لەقەمەی دوایەی لەسەر خۆی داناوە. شاپووری یەکەم ناوی ئێرانشاری لەسەر بەردەنووسراوی کابەی زەردەشت هێناوە و نێرسیش هەمان وشەی لەسەر پەیکۆڵی نووسیوەتەوە. دوای ئەوانە دەستەواژەگەلی وەک "ئێران سپابۆد" بە واتای فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان و ئێران ئامارکار بە مانای وەزیری دارایی و ئێران دەبیربۆد بە واتای سەرۆکی دەبیران و کۆمەڵێک وشەی دیکە کە ناوی ئێرانیان تێدایە لەنێو دەقە پەهلەوی و عەرەبییەکاندا هاتووە.
سەرەڕای ئەوانەی سەرەوە، خاوەنڕایان بەدووری دەزانن کە ئەردەشیری بابەکان ناوی فەرمیی وڵاتەکەی بە ئێران هێنابێ و ئەگەری ئەوە بەهێزترە کە ئێران و ئەنێران وەک ناسناوی شاهانشا و زۆری دیکە، زیاتر بۆ پەسن و پێداهەڵگوتن و گەورەکردنەوە بووە.
سترابۆ (لە ساڵی ٢٠ی زایینیدا کۆچی دوایی کردوە)، جوگرافیازانی یۆنانی وڵاتێکی چوار قولینچک کە لە ڕۆژهەڵاتەوە دەگاتە ڕووباری سێند و لە ڕۆژئاواوە دەگاتە کرمان، لە باکوورەوە دەگاتە پامیر و زەریای خەزەر و لە باشوورەوە تا لێواری کەنداو دەچێ، بە وڵاتی "ئاریانا" ناو بردوە کە وڵاتانی پارس و ماد و باکتری و سەغدیش بەشێک لە وڵاتی ئاریانا پێک دێنن.
هەموو ئاماژەکان ئەوەمان پێ دەڵێن کە ئەوەی ئێستا پێی دەڵێن "ئێران" لەسەر بنەمای وشەیەک بەشێوەی "ئێرە"، "ئەیرە" و "ئێرانە" ساز بووە. ئەوەش هەمان وشەیە کە لە زمانی کوردیدا بەهەراوی بەکار دێ و لەبەرامبەر شوێنی دوورتردا، وشەی پێشاندانی جێگای نیزیک و ئەو شوێنەیە کە ئاخێوەر لێی ڕاوەستاوە. وشەکە هەروەها بەشێوەی ئێرەکانە، ئێروکانە و ئەگراش دەگوترێ و هەر لە زمانی کوردیدا ڤر، ڤرە و ڤراش هەمان واتا دەگەیەنن. وشەی ئێرە و هاوشێوەکانی خزمی نیزیکی لەنێو زمانەکانی بەری ڕۆژئاوای زمانە هیندوئۆرووپاییکاندا هەیە. لە زمانی ئینگلیسیدا Here، لە ئاڵمانیدا Hier، لە ئایسلاندیدا Hérna و لە سویدیدا Her هەمان واتای ئێرە و ئێرانە دەگەیەنن. بەڵام لە زمانە ڕۆژهەڵاتییەکانی سەر بەو بنەماڵە زمانییەدا ئەو شێوەیە بۆ وشەکە نییە. لە زمانی فارسیشدا هاوتای وشەکە "اینجا"یە کە لە دوو بەشی "این" بە واتای "ئەم" و "جا" بە واتای جێ و شوێن چێ بووە و لە وشەی ئێرە دوورە. بەو پێیە "ئێرە"ی کوردی سەر بە بەشی ڕۆژئاوای زمانی هیندوئورووپایییە. فارسەکانیش واتای وشەی ئێرە و شێوەکانی دیکەیان نەزانیوە و لە خۆڕا و بۆ خۆهەڵکێشان وشەی وەک ئاریا و ئاریامەنێش و ئاریامێهر و شتی دیکەیان لێ ساز کردووە و واتای سەیر و سەمەرەی وەک نەژاد و نەجیب و ئازادە و شەریف و شتی ئاوایان بۆ داتاشێوە.
هەر لە سۆنگەی واتای "ئێرە"ی ئێران و هاوشێوەکانیدا دەتوانین واتا و هاوتای شێوە کۆنەکانی وشەکە، بەو جۆرەی لە ئاڤێستا و دەقەکانی دواتردا هاتووە، لە زمانی کوردیدا بدۆزینەوە:
Xwanirah خوەنیرە: خاوەن ئێرە، خاوەنی ئێرە
Xvaniratha خڤەنیرەس: خاوەنی ئێرەیە
airiiana vaejah ئەیرییەنە ڤەیجە: ئێرانە وێژ، ئەوەی بە زمانی خەڵکی ئێرە قسە دەکا
Anairiia: ئەنئەیرەیی، نا ئەیرەیی، خەڵکی ئێرە نییە، هی ئێرە نییە
airiia dayhauuo ئەیرییە دەیهاووۆ: دێی ئێرە، گوندی ئێرە، دێی خۆمانە
anairiia dayhauuo: دێی نائێرە، دێی بێگانە
وشەی ئێرە و ئێران چۆتە ناو ئۆستوورەسازیی فارسەکانیشەوە و سێ ئۆستوورەی ئیرەج و سەلم و توور لەوەوە ساز بوون. بەپێی ئۆستوورەی شاهنامە، ئەوانە هەرسێکیان کوڕی فەرەیدوون بوون کە هەر کەمیانی بە فەرمانڕەوای یەکێک لە وڵاتان دانابوو. ئەوەی ڕوونە ئیرەج بۆ ئێران و سەلم بۆ ڕۆم و دەگوترێ تووریش بۆ چین و دوورتر. دیارە لەسەر ئەوەی کوێ بە کام کوڕ بڕاوە، جیاوازیی بۆچوون هەیە و زیاتر هەر لە ڕووی شک و گومان لێک دراوەتەوە بەڵام ئەوەی کە دەکرێ لەو سێ ناوە جیای بکەینەوە؛ ناوی ئیرەج کە ڕوونە دەچێتەوە سەر ناوی ئێران کە دەگوترێ لە "ئێرانەوێج" ساز کراوە. هەرچی سەلمە ئەوە لەگەڵ سەلم و شەلۆم و سەلامی عیبری و عەرەبی هاوڕیشەیە کە واتای پردی پێوەندی و هۆی پەڕینەوەیە. واتە سەلم پردی پێوەندیی نێوان ئیرەج و توورە. بەو پێیەش توور شێوەیەکی دیکە لە وشەی دوورە و ئاماژە بە شوێنی دوورتر دەکا. واتە ئیرەج، ئێرەیە، توور دوورە و سەلمیش لە نێوانیاندا هەڵکەوتووە. ئەو سێ برایە، سێ خوشکیشیان بە ناوەکانی سەهی، ئارەزوو و مانگ خواست کە واتاکانی سەرەوە لەو ناوانەشدا هەیە. واتە سەهی بە مانای ڕاست و درووست هی ئیرەج، ئارەزوو بەمانای خواست و ویستی پێگەیشتن هی سەلم و مانگ کە لەبەر دووری کەس دەستی پێی نەگەیشبوو، بە توور دراوە.