۱۱/۰۶/۱۴۰۳

زستان لە کولتوور و کالێنتێریی کوردەواریدا

تاهیر قاسمی 

زستان، جستان، دستان، ئەستان، زمسان، زمسام، زمستان، زڤستان و ‏زوسان لە زمانی کوردیدا شێوە جیاوازەکانی بێژەکردنی ساردترین وەرزی ساڵن. ‏هەموو ئەوانەش دەگەڕێنەوە سەر دوو پاژی «زم، زڤ یا زەو» و پاشگری «ستان». لەسەریەک وشەکە لە دوو وشە پێک هاتووە و ‏وشەیەکی لێکدراوە کە پێکەوە ئاماژە بە سەرما و سۆڵەی ئەو وەرزە دەکەن.

"زم یا زەم" و شێوەکانی دیکەی ئەم بەشە لە وشەکە لە ‏کۆمەڵێک وشەی وەک زمهەڕ، زەمین و وشەی هاوشێوەدا هەیە کە مانای ساردی و سەرما دەدات. ‏‏"ستان" وەک پاشگر لە بەشی دووهەمی وشەکەدا، هەم مانای فرەیی و زۆری و هەراوی ‏دەگەیەنێ کە لە وشەگەلی وەک گوڵستان، کوێستان و وشەی لەم جۆرەدا هەیە و، هەمیش واتای کات و ‏سەردەم دەدا کە بۆ وێنە لە وشەی وەک زەیستاندا بەر گوێ دەکەوێ. بەو پێیەش وشەی زستان بە مانای ‏وەرزی زۆر سارد یان سەردەمی سارد و سەرمایە. با ئەوەش بڵێین کە لە ئاوێستادا وشەکە بە شێوەکانی زەیەن، زەئین و هەروەها زیەمیش هاتووە. لە پارسیی نێوەڕاستدا بە شێوەکانی زەم، زەمیستان و دەمیستان ‏ تۆمار کراوە.

بەپێی ڕۆژمێری زایینی، زستان یەکەم وەرزی ساڵە، بەڵام لە ڕۆژمێری کورددا ‏پێچەوانەیە و دەکەوێتە کۆتایی ساڵەوە. سێ مانگی بەفرانبار، ڕێبەندان و ڕەشەممە ‏مانگەکانی ئەم وەرزە پێکدێنن. بە شێوەیەکی ئاسایی سەرجەم ٨٩ ڕۆژە کە ساڵی پڕدا ‏دەبێ بە ٩٠ ڕۆژ. واتە بە هەر چوار ساڵ جارێک ڕۆژێک بە زستانەوە زیاد دەبێ. لە ‏ڕۆژمێری زایینیدا ئەو ڕۆژە زیادەیە بە مانگی شوبات یان فێوریەوە دەلکێ و ئەو مانگە لە ٢٨ ڕۆژی ئاساییەوە دەبێ بە ٢٩ ‏ڕۆژ، بەڵام لە ڕۆژمێرە کوردیەکەدا ئەو ڕۆژە بە مانگی ڕەشەممەوە دەلکێ و لە ٢٩ ‏ڕۆژەوە دەبێ بە ٣٠ ڕۆژ. بەم جۆرە ساڵی تەواو یان کەبیسەی لێ ساز دەکرێ.‏ بە پێی حیسابی بورجەکان، سێ بورجی جودەی یان گیسک، دەولک یا ئاوڕێژ و دووماهی ‏دەکەونە وەرزی زستانەوە کە لە ڕۆژمێرە کوردیەکەدا یەکەمیان لەگەڵ مانگی ‏بەفرانبار (لە فارسیدا؛ دەی)، دووهەمیان لەگەڵ مانگی ڕێبەندان (لە فارسیدا؛ بەهمەن) و ‏سێهەمیان لەگەڵ مانگی ڕەشەممە (لە فارسیدا؛ ئیسفەند) ڕێکن. 

لەبەر هەڵکەوتی جوغرافیایی و کەشوهەوای کوردستان، زستان لە فەرهەنگی کوردەواریدا ‏گرینگیی تایبەت بە خۆی هەیە. ئەگەرچی ئێستا زەوی گەرم داهاتووە و زستانی کوردستانیش وەک ساڵان نەماوە، بەڵام کوردستان بە گشتی وڵاتێکی سارد و کوێستانییە. زستانانی لەژێر ‏بەفر و سەرمادایە. زەوی بە بارستی ئەستووری بەفر دادەپۆشرێ. کڕێوە بەدەم تۆف و زریانەوە گێژەو دەکا. شەختە و سەهۆڵبەندان ژیان لە جموجۆڵ دەخا. تاوی زستان هەر هیندەی زەردەخەنەی ئاغا و ‏پێکەنینی زاڵم، جێگای متمانە و باوەڕە. تیشکە سارد و سەرمابردووەکانی هەتاو گەرماییان تێدا نامێنێ. بەسەرنجدان بە ژیانی ئاژەڵداریی خەڵک، ئەم وەرزە بۆ مرۆڤ ‏و ئاژەڵەکانی سەختترین وەرزی ساڵە. وەک چۆن هاوین بە بەرگی هەژاران ناسراوە، زستان ئەو بەرگە لە بەر فەقیران دادەدڕێ و هەژاران بێ سەرپەنا و ئەنوای سروشتی دەمێننەوە. زەوی وەک جگی لێ دێ. سرووشت ڕژد و دەستقوچاو دەبێ و بەخشندەیی وەرزەکانی پێشووی نامێنێ. لە بڕگەیەکی زستاندا، بەفر ڕێگای هاتوچۆ دەگرێ و "گورگ ئەو ماڵ و ئەم ماڵ ناکا". پێشینان وەچەکانیان لە سەفەری زستان و گرتنە بەری ڕێگای دوور بەتایبەت لە دەمی ئێوارە و بە شەو وشیار کردۆتەوە و وتویانە:

ئێواران هەوری سوور
سبحەینان ڕێگای دوور
یان 
سبحەینان هەوری سوور
ئێواران قوون تەندوور

ئاژەڵداران لە وەرزی زستاندا دەبێ خۆیان و ئاژەڵەکانیان  بەو بڕە ‏تفاق و ئازووخەیە دابین بکەن کە لە هاوین و پاییزدا دایانخستووە. بژیو و ئێروو دەبێ وا دابەش بکرێ کە بەشی هەموو وەرزەکە بکا. ئەگەر لە نیوەی زستاندا تفاق ببڕێ، ئاژەڵ قڕانی تێدەکەوێ و خێزان لە برسان دەمرن. بۆیە خۆراک دەبێ بە دەستەندە بدرێ و دابندرێ. بۆ ئەوە ‏وەرزی زستان بەسەر چەند بڕگەدا دابەش کراوە تا حیسابی ڕۆژ و مانگ لەدەست دەرنەچێ و ‏بەپێی کەش و کات، لەو بژیو و داخستەی زستانە بخورێ و دەبەر ماڵات بکرێ. ‏سەرەکیترین بەشەکانی ئەو دابەشکارییەش بەسەر سێ بەشی «چلەی گەورە»، ‏«چلەی بچووک» و «ڕەشەممە»دا دابەش دەکرێ. ‏

زستان بە چلەی گەورە و چلەی گەورەش بە شەوی یەلدا یان شەوچلە دەست پێ دەکا. وشەی «یەلدا» بە وشەیەکی سریانی بە واتای لەدایکبوون واتا کراوە. جا چ مەبەست لەدایکبوونی پێغەمبەرێکی ‏وەک میترا و دواتر عیسا بێ یان لەدایکبوونی نوور و ڕووناکی بەو جۆرەی لە سرووشتدا ڕوو دەدات. یەلدا ‏درێژترین شەوی ساڵە و دوای ئەوە ئیتر شەوەکان کورت و ڕۆژەکان درێژ دەبنەوە. بەم جۆرە بەرەبەرە نوور و ڕووناکی بەسەر تەم و تاریکیدا سەر دەکەوێ. واتە سەرەڕای وەرزی سەرما، ڕەوتی درێژبوونەوەی ڕۆژەکان لە بەرەبەیانیی شەوی چلە کە یەکەم ڕۆژی زستانە دەست پێ دەکا و سەرەنجام لە ڕۆژی نەورۆزدا ڕۆژ و شەو بەرامبەر دەبنەوە. ڕۆمییەکان یەکەم ڕۆژی زستانیان بە “ناتالیس ئانایکتوس” یان ‏‏“ڕۆژی لەدایکبوونی ڕووناکی” ناو بردوە. ئەبووڕەیحانی بیروونی ئەو شەوەی بە ‏‏“جەژنی لەدایکبوونی مەزن” یان “میلاد اکبر” هێناوە کە ئاماژە بە هەمان باوەڕی لەدایکبوونی خۆرە.

لە فەرهەنگ و فۆلکلۆری کورددا ناوی "یەلدا" بەرگوێ ناکەوێ. ئەوەش پشتی ‏ئەو بۆچوونە دەگرێ کە وشەی یەلدا بە وشەیەکی کوردی نازانێ و ئەگەر کوردییش بێ، وەها گۆڕاوە کە خاوەنەکەی نەیناسێتەوە. بەڵام لە شێعری ‏کلاسیکی کوردیدا چەندان شاعیر بە لاسایی لە شێعری شاعیرانی دەروجیران، لە شێعرەکانیاندا وشەی یەلدایان هێناوە و ڕۆژگاری ڕەشی خۆیان و ‏زولفی یارەکەیان بە ڕەشی و درێژیی ئەو شەوە شوبهاندووە.

نالی دەڵێ:  
شەوی یەلدایە یا دەیجوورە ئەمشەو      -     کە دیدەم دوور لە ‏تۆ بێ نوورە ئەمشەو

هەروەها سالمیش گوتویەتی: 

مونحەریف نابم لەڕێی عیشق ئەر شەوی یەلدا بڕۆم     -      زوڵفی وەک ‏یەلدایی دڵدارم هەتا دەستگیرمە  

بەڵام بەرگوێ نەکەوتنی ناوی یەلدا لە فەرهەنگی زارەکیی کوردستاندا بە مانای بەهێندنەگرتن و ناگرینگیی ئەو شەوە لای کورد نییە. شەوی چلە یان شەوچلە لە ‏دێرزەمانەوە لە نێو فەرهەنگی کورددا جێگای سەرنج بووە. شەوچلە ناوی ‏کوردەواریی یەلدایە کە چونکە دەکەوێتە سەرەتای چلەی گەورەوە، ناوی خۆی لەو ‏وەرگرتووە. شەوچلە هەروەها بووە بە شەوچەرە کە شەوچەرە، ‏چەرە یان چەرەسات بەو نێوژەمانە دەگوترێ کە لە شەونشینیی شەوی چلە و لە کۆڕی دانیشتن و لێک کۆبوونەوەی ‏شەوانی دواتری چلەی زستاندا دەخورێ. چلە بە شێوەی چللە و چەلەش دەگوترێ و گومانی ئەوە هەیە یەلداش ‏لەبنەڕەتدا هەر لە چلە و چەلە کەوتبێتەوە. وەکچۆن یەمشید، شێوەی کۆنی ‏جەمشیدە و یەمەک شێوەی کۆنی جمک بووە. ئەو شەوە هەروەها بەناوی ‏شەوی زستان، شەوزستان و شەوی چلەی زستانیش (لە بەرامبەر چلەی هاوین‌دا) لە فۆلکلۆری کوردیدا ڕەنگی داوەتەوە:  ‏

ئەمشەو شەوزستانە
بەفران گرت کۆڵانە
یارم خانومانە

 لە شەوی چلەدا دەروجیران و خزم و دۆست لە دەوری یەک کۆ دەبنەوە و بە چێشتەکردنی شەوچەرە و گێڕانەوەی چیڕۆک و بەسەرهات تا درەنگانی شەو بە یەکەوە تێپەڕ دەکەن. ئەو گرینگییەش لە بنەڕەتدا نە لەبەر خاتری درێژیی ئەو شەوە بەڵکوو پتر بەو هۆیەیە کە دەسپێکی زستان و سەرەتای چلەی یەکەمی ‏زستانە کە بە چلەی گەورە ناسراوە. ‏چلەی گەورە درێژترین، سەخڵەت‌ترین و لەبەر ئەوانەش گرینگترین و کاریگەرترین بەشی ‏زستانە. وەک بە ناوەکەیەوە ‏دیارە، ماوەی چل ڕۆژ یان چل ڕۆژ و چل شەوی تووش و ئاستەم میوانێکی نە زۆر ڕەزاسووکی شار و گوندەکانی کوردستانە. لێک کۆبوونەوە و کۆڕگرتن لەو شەوەدا، لەڕاستیدا جۆرێک یەکگرتنە لەبەرامبەر لەشکری بەفر و، ژێستی کۆمەڵگەیە لەبەرامبەر هوروژمی سەخڵەت و سەرمای زستاندا.  

ئەبوورەیحانی بیروونی یەکەم ڕۆژی چلەی گەورەی بە "خۆرە ڕۆژ" یان ‏‏"خۆر ڕۆژ" و ناوی مانگی یەکەمی زستانیشی بە "خۆرە مانگ" یان "خۆر ‏مانگ" ناو بردوە." پێڕەوانی ئایینی میترا یەکەم ڕۆژی زستانیان بە ڕۆژی لەدایکبوونی ‏خۆر یا میترا دەزانی چونکە لەو ڕۆژە بەدواوە بەرەبەرە هەتاو زیاتر لە ئاسمان دەردەکەوێ و ‏شەوەکان کورتتر و ڕۆژەکان درێژتر دەبنەوە.  ئێرانییەکان لە سەردەمانێکدا ‏ساڵیان بە زستان و ڕۆژی خۆر دەست پێ دەکرد و  مانگی بەفرانبار یان دەی‌مانگیان بە مانگی خودا دەزانی.

دابەشکاریی ڕۆژەکان لەنێو چلەی گەورەدا کەمتر بەدی دەکرێ و ئەم چل ڕۆژە بەسەر یەکەوە وەک ‏پاژێکی زستان هەژمار کراوە. بە واتایەکی دیکە چلەی گەورە یان چلە بەرین پوختەی زستان یان زستانێکی ‏کورتە کە ئەگەر تێپەڕ بێ، ئیدی خەڵک لە خەم دەخەلسێ و زستان زۆری بە بەرەوە نامێنێ. گرینگیی تێپەڕینی ‏چل ڕۆژ بەسەر یەلدا یان شەوی چلەدا کە شەوی لەدایکبوونە، بە ‏تێپەڕینی چل ڕۆژ بەسەر خەڵوەتی دەروێش لە خەڵوەتخانەدا یان چلەی دوای لەدایکبوونی منداڵ بۆ ژنی زەیستان و نەوزاکەی شوبهێندراوە. لە باوەڕی پێشینیاندا چلەچوون واتای پاکبوونەوەیە. واتە هەم زستان لە سەرما، هەم سۆفی یا دەروێش لە گوناهـ و هەم دایک و مناڵ لە نەخۆشییەکانی دوای زایین و لەدایکبوون پاک دەبنەوە. چل ڕۆژی دوای منداڵبوون هەم بۆ دایک و هەم بۆ زارۆک، ‏چل ڕۆژی گرینگ و چارەنووسسازن. ئەوان ئەگەر ئەو چل ڕۆژە بە ‏سڵامەتی تێپەڕ بکەن، ئەوا مەترسیی مەرگ و لەنێوچوونیان لەسەر کەم دەبێتەوە و ئەگەری مان و ژیانیان بەهێز دەبێ. ‏هەم دایکی زەیستان و نەوزاکەی، هەم دەروێشی چلەکێش و هەمیش زستانی پێش تێپەڕینی چلە، بە چلەدار یان ‏چلەنەچوو ناو دەبرێن. وەک چۆن تێپەڕکردنی چل ڕۆژ یان "چلەچوون" بۆ دایکی ‏زەیستان و نەوزاکەی گرینگ و چارەنووسسازە، کۆتایی چلەی گەورەش هەم لە ‏باوەڕ و هەمیش لە ژیانی خەڵکدا گرینگ و چارەنووسسازە. لەلایەک چلەی ئەو ‏نەوزایەیە کە بەناوی میترا لە شەوی یەلدای سەرەتای زستاندا لەدایک بووە و لەلایەکی دیکەشەوە تێپەڕینی ‏چل ڕۆژ لە زستانە. لە ڕاستیدا تێپەڕینی ئەو چل ڕۆژە لە زستان، بەتایبەت بۆ کەسێکی ئاژەڵدار، موژدەی سەرکەوتن بەسەر ئاستەمترین و درێژترین بەشی زستاندایە. هەر بۆیەش ڕۆژی کۆتایی چلەی گەورەیان کردۆتە جێژن. جێژنی ‏بێڵندانە لە بنەڕەتدا جێژنی کۆتایی چلەی گەورەیە. ئەم جێژنە لە فەرهەنگی ‏کوردەواری و لە ناوچە جۆراوجۆرەەکاندا بەناوی جۆراوجۆری وەک سەرە، سەدە، سەتەی ‏مەڕی، بەهاری کوردی، بەهاری سەکران، کۆسە، گاوارە وەکۆڵ، تربێ و سەرەنجام بێڵندانە ‏بەنێوبانگە. لە دەرەوەی کوردستان و لە ناوچە جۆراوجۆرەکانی ئێران، ئەفغانستان و ئاسیای ‏ناوەڕاستیشدا جێژنەکە بە ناوی جۆراوجۆری وەک خێرپەچار، کوردە، جێژنی شوانان، ‏هەلەهەلە، کوردعەلی کێو، چیللە قاشدی، بەهمەنجە، و سەدەی سۆز یان ‏سەدە سۆزی هەیە. وەک بەو ناوانەشەوە دیارە ئاسەواری کوردی و کوردستانیبوون ‏بەسەر بەشێکیاندا هەروا پارێزراوە. کۆتایی چلە وەک زۆربەی ڕووداوە سرووشتییەکانی تر، ئاوێتەی ئایینیش بووە و لە ناوچەی هەورامان و لای پێڕەوانی ئایینی ‏یارسان جێژنی پیرشالیار لە نیزیکترین چوارشەممەی کۆتایی چلەی گەورەدا دەگیرێ. ‏لە جێژنی پیرشالیاردا دەروێشان جێژنی کۆتایی چلەداریی شێخ لە خەڵوەتخانەدا دەگرن و بەدەم زیکرەوە بەرەو پیری دەچن و داوای لێ دەکەن کۆتایی بە چلەکێشی بێنێ:

گوڵمی! گوڵ وە کەمەر، عەمرەکەم دێوانە

شێخەکەم وەرە دەر تۆ لەو خەڵوەتخانە

بێڵندانە وەک جێژن کۆمەڵێک دابونەریت لەگەڵ خۆیدا زیندوو دەکاتەوە. کیژ و کوڕ ‏لەو ڕۆژەدا لە دەوری یەک کۆ دەبنەوە، ئاگر دەکەنەوە و بە دەوریدا هەڵدەپەڕن. ئاواڵان بە وتنەی ئەو بەندانەی خوارەوە ‏پیرۆزبایی لە یەکتر دەکەن:‏

‏ بێڵندانە و ڕەشەمێ‌یە
موژدەی بەهاری نوێی پێیە
بێڵندانەت دەبەر بێ
تۆزی شادیت لەسەر بێ

منداڵانیش لەو ڕۆژەدا بە ماڵاندا دەگەڕێن و بە گوتنەوەی؛
بێڵندانەو دەبەر بێ
 شیر و کەرەو دەسەر بێ  - دیاری وەردەگرن.
‏ وەک باس کرا، چلەی گەورە چل ڕۆژی سەرەتای زستان لەخۆ دەگرێ و بەو ‏پێیەش سی ڕۆژەی مانگی بەفرانبار و دە ڕۆژ لە مانگی ڕێبەندان دەگرێتەوە. ‏لە دیوی گەرمێن بەپێی ئاو و هەواکەی، تەنیا یەک چلەی چل ڕۆژە هەیە کە بە تێپەڕینی ٢٥ ڕۆژ لە زستان ‏دەست پێ دەکا و ٢٥ ڕۆژی بۆ بەهار بمێنێ، کۆتایی دێ. واتە ٥ ڕۆژ لە مانگی بەفرانبار و ٣٠ ڕۆژەی مانگی ڕێبەندان و ٥ ڕۆژ لە مانگی ڕەشەممە لەخۆ دەگرێ. بەپێی کەش و هەوای ‏دیوی گەرمێن، قورسایی زستان و سەرما و بەفرە زۆرەکە لەو ماوەیەدا دێتە ئاراوە.
وەک دەڵێن: ئه‌مسه‌ری چله‌ و ئه‌وسه‌ری چلە تێیدا ده‌بارێ به‌فرێكی زله‌
‏ یان:‏
 هەوەڵی چلە و کۆتایی چلە مەدە لە ملە‏.
واتە لەو ماوەیەدا ڕوو لە کوێستان مەکە و ڕێگای هەڵەمووت مەگرە بەر.‏

بەڵام لە دیوی کوێستان و لە ناوچە شاخاوییەکاندا، زستان درێژترە و بە کۆتایی ‏چلەی گەورە، بەفر و سەرما کۆتایی نایە. دوای چلەی گەورە، چلەی بچووک یان چلەی چکۆڵە یان چلەبەچە دەست پێ دەکا کە بیست ‏ڕۆژی کۆتایی مانگی ڕێبەندان دەخایەنێ. لە چەند ڕۆژ بەر لە هاتنی چلەی بچووکیشەوە، ڕۆژەکان بەسەر ‏چەند پاژی بچووکتردا دابەش دەکرێن. لە ڕاستیدا زیاترین دابەشکاری لە مانگ و ڕۆژەکانی زستاندا لە ‏چلەی بچووکدا کراون. چونکە بە کۆتایی چلەی گەورە هەم زستان دەگاتە تەنکایی ‏و هەمیش گوشاری سەرما و بەستەڵەک پتر پەرە دەستێنێ و ئازووقە و عەمبار لە ‏تەنکی دەدا. بەو هۆیەش پێشینیان هەوڵیان داوە بە بڕگەکردنی ڕۆژەکانی ئەو ماوە سەختە، هەناسەی خۆیان درێژ بکەنەوە و ڕۆحی هیوا و خۆڕاگری لەنێو ‏خۆیاندا بەهێز بکەن:‏

یەکەم دابەشکاریی چلە، دابەشکردنی ڕۆژەکان بەسەر ماڵەکانی ئاواییدایە. کەیخودا و کەللا کۆ دەبوونەوە و لە لایەکی گوندەوە دەستیان پێ دەکرد و هەر ڕۆژێکی چلەیان بەسەر ماڵێک لە ماڵەکانی گونددا دابەش دەکرد. ئیتر ئاستی سەرما و بەفر و کڕێوە و بە گشتی چۆنییەتیی کەشوهەوای ئەو ڕۆژە بەخت و نێوچاوانی ئەو ماڵە بوو. بەسەرنجدان بەوە کە گوندەکانی کوردستان لە کۆندا زۆر قەوغا نەبوون و هەر لە ڕادەی بیست ماڵیدا بوون، ئەو دابەشکارییەش زیاتر هەر لە سەرەتای چلەی بچووکدا دەکرا. 

چوار ڕۆژی کۆتایی چلەی گەورە لەگەڵ چوار ڕۆژی سەرەتای چلەی بچووک بە ‏‏"چوارچوار"یان "چارچار" بەنێوبانگە. هەرچەند بەپێی ‏هەنبانەبۆرینە تەنیا چوار ڕۆژی کۆتایی چلەی بچووک بە شێوەی "چارچار" ‏تۆمار کراوە.‏ بەپێی چیڕۆکێکی پێشینیان کە بە چیڕۆکی "کوڕی سەیاد" بەنێوبانگە و زیاتر لە ‏ناوچەکانی باشووری ڕۆژهەڵاتی کوردستان باوە، لە کۆتاییەکانی چلەی گەورەدا، ‏کوڕە ڕاوکەرێک کە لەدەست کەمیی ئازووقە و ئێروو وەزاڵە هاتووە، بۆ ڕاو ڕوو لە ‏کوێستانێ دەکا. لەوێ هەوڵ دەدا خۆی بگەیەنێتە سەر کێوێک، بەڵام سەرمای ‏سەخت لە چیای هەڵەمووت تەنگی پێ هەڵدەچنێ و بواری سەرکەوتنی نادا. ‏بەناچار دەگەرێتەوە، بەڵام لە ڕێگادا شەرم دایدەگرێ کە ئاوا بە دەستبەتاڵی ‏بگەڕێتەوە. بۆیە دیسان ڕوو لە چیا دەکاتەوە و ئەمجار بەردێکی قورس لە پشتی ‏خۆی دەبەستێ تا لەکاتی سەرکەوتندا لەشی گەرم دابێ و سەرما لەپێی نەخا. ‏بەردەکە بەهۆی سەرما و شەختەی زۆر، بە پشتییەوە دەنووسێ. ئەوەش وا ‏دەکا لە شەختە و سەرمابردن ڕزگاری بێ. بەرەبەرە شەوی بەسەردا دێ و سێ شەو و سێ ‏ڕۆژ لە کوێستان دەمێنێتەوە. لە ڕۆژی چوارەمدا بەسەر "شاخی کەمەرشکێن"دا ‏سەردەکەوێ و بەردەکە لە کۆڵ خۆی دەکاتەوە و بە زەویدا دەدا. لە ژێر زەبر و ‏قورسایی بەردەکەدا زەوی دەهەژێت و سپای زستان تێکدەشکێ. لە ماڵەوە، ‏ڕاوکەری پیر بە ژنەکەی دەڵێ بڕۆ چاو لە خیگەی ڕۆنەکە بکە، ئەگەر نەیبەستبێ، ‏ئەوە کوڕەکەمان زیندوویە. دایک سەردانی خیگە دەکا و بە خۆشحاڵییەوە دەبینێ ‏ڕۆن نەیبەستووە. کوڕی ڕاوکەر لە چیا، زۆر بە سەختی شەوی ساردی زستان تێپەڕ ‏دەکا و لە بەربەرەکانی لەگەڵ سەرمادا سەر دەکەوێ. بۆ بەیانی دەگەڕێتەوە ماڵێ، ‏بەڵام ئەوەندە شەکەت و کەمهێز دەبێ کە لە جێگادا دەکەوێ و دوای چوار ڕۆژ ‏دەمرێ. ئەو ماوەیە لە فەرهەنگی کورددا بە "چوارچوار" بەناوبانگە. واتە چوار ڕۆژی ‏کۆتایی چلەی گەورە و چوار ڕۆژی سەرەتای چلەی بچووک. دوای مەرگی کوڕە سەیاد، ‏خوشکەکانی بریتی لە "گۆر بارام"، "بزنە کۆڵ" و "زەمهەریر" هەر کامیان ‏بۆ ماوەی سێ ڕۆژ شین بۆ براکەیان دەگێڕن. لەو ڕۆژانەدا کە تەرزە دەبارێ، دەڵێن ‏ئەوە خوشکان لە شینی براکەیاندا ملوانکە دەپسێنن. لە ڕۆژی شەستەمی زستاندا، ‏خوشکەکانی تەندوور دادەخەن و خێر بۆ براکەیان دەکەن. بەم جۆرە زەوی ‏هەناسەی دێتەوە بەر و بەرەبەرە مانگی نەورۆز یان ڕەشەممە دەگاتێ.

ئاستەمترین شەوی زستان بە شەوی گاسوورە ناو براوە. شەوی گاسوورە کاتێکی تایبەتی نییە و دەکرێ بە هەر شەوێکی زۆر سەخت و تووش و بە بەفر و کڕێوەی ‏زستان بگوترێ. دەگێڕنەوە؛ ‏لە گوندێکی کوێستانی، پیرەمێردێکی بە ئەزموون، کەشناس و دنیادیتە لە ئێوارەوە ‏هەست بە هاتنی شەوێکی سەخت و پڕ بەفر دەکا. وەک دەڵێن "لە زستانان شەوێک و لە پیران هەوێک". پیرە کوڕەکانی بانگ ‏دەکا و دەڵێ ئەمشەو شەوی گاسوورە، بڕۆن گاسوورەکە بکوژنەوە. تا بەیانی ‏گۆشتی گاکە بۆ کوڕەکانی دەبرژێنێ و دەرخواردیان دەدا و دوو - دوو دەیاننێرێ تا سەربانی ‏ماڵەکە بماڵن بۆ ئەوەی لەژێر بارستی بەفردا بانەکەیان نەڕمێ. بەم جۆرە خۆی و ماڵ و منداڵی لە قڕبوون و تێداچوون ڕزگار دەکا.‏

وەک گوترا چلەی بچووک بیست ڕۆژی دوای چلەی گەورە لەخۆ دەگرێ. ‏واتە بیست ڕۆژەی نێوان چلەی گەورە و مانگی ڕەشەممە یان بیست ڕۆژی کۆتایی ‏مانگی ڕێبەندانە. وەک دەڵێن زستانان ئار و ئەز. لە ئایینی میتراییدا و بەو جۆرەی لە بەیتەکانیشدا ڕەنگی داوەتەوە، چلەی بچووک هی ‏خودای ئاگر و چلەی گەورەش هی خودای شەڕە کە هەردوویان لە ئاگرن. لە فەرهەنگی کوردستاندا چلەی بچووک سەرەڕای ماوە ‏کورتترەکەی، لە چلەی گەورە ساردترە. دەڵێن چلەی بچووک لەسەرەتای هاتنیدا گەف دەکا کە "ئەوەی بە کاکم نەکرا، من دەیکەم" و بە هەڕەشەوە بە خەڵک دەڵێ: ‏

بە سەری پەپووە سەرێ
سەرت لێ بێنمەدەرێ 
نە گات دێڵم نە کەرێ

بەڵام ماوەی چلەی بچووک هیندە نییە کە بتوانێ شەڕی کاکی یەکلایی بکاتەوە. دەڵێن گوتویەتی: "من بووایەم لەجێی کاکم هۆڵیم لە سکی دایکا ئەڕچان". ‏واتە سەرما و شەختەبەندی زۆرە، بەڵام هیندەی چلەی گەورە مەودای نییە. بۆیەش سەرەڕای ‏ئەو سەرما و سەخڵەتە توندە، دەرفەت و ماوەی بەرتەسکە و سەرما ‏زۆرەکەی بەهۆی ماوە کەمەکەی ئەوەندە کاریگەریی نابێ. ‏

 ٦ ڕۆژی سەرەتای چلەی چکۆلە بە بزنەکۆڵ ناسراوە کە لە ۱۱ی ‏ڕێبەندانەوە دەست پێدەکا و لە ١٧ی ئەو مانگە کۆتایی دێ. لەو ماوەیەدا لەبەر ‏بارینی بەفری زۆر، سەر یاڵ و بستووی کێوەکان وەک بزنی کۆڵە یان بێ شاخیان ‏لێ دێ. ‏

شەوی پێنجەمی بزنەکۆڵە بە یەکشەوە دەناسرێ کە چل و پێنجەمین شەوی ‏زستانە. بەم جۆرە زستان دەگاتە نیوە  و دوولایی دەبێ. ‏

لە ۱۷ تا ۲۲ی ڕێبەندان بە هەمەدیل ناسراوە کە ئەویش ماوەکەی شەش ‏ڕۆژە. دوای ئەو بەفرە زۆرەی کە لە شەش ڕۆژی سەرەتای چلەی چکۆلە یان شەش ‏ڕۆژەی بزنەکۆڵدا دەبارێ و خەڵک لە ماڵ و لەنێو گونداندا دیل دەکا، بەرەبەرە ‏ڕێگا و بان دەکرێتەوە و هاتوچۆ دەست پێدەکاتەوە. گوندان ئاموشۆیان تێ دەکەوێ و خەڵک وەک لە بەندی دیلی ئازاد بن، وایە.

لە ٢٢ی ڕێبەندانەوە تا کۆتایی ئەو مانگە کە کۆتایی چلەی بچووکیشە، بە ‏قەدەم بەنێوبانگە. بەرەبەرە بەفر نەرم دەبێ و جێ پێی ڕێبوار لەسەر بەفر دیار دەبێ، یان خورەتاو ‏دەردەکەوێ و جێگە پێ ڕەش دەبێتەوە. قەدەم هەروەها بەواتای گەرمبوونی زەوی و ‏هەڵمکردنی بەفر لە ژێرەوەیە. بەو پێیە گومان دەکرێ وشە و ڕێکەوتەکە زیاتر ‏پێوەندی بە زستانی گەرمێنەوە هەبێ. شەڕی شەماڵ و ڕەشەبا یان بەفر و باران لەو هەشت ڕۆژەدایە.‏ لە قەدەمدا ئەگەر بەفر ببارێ بەهار دوا دەکەوێ و درەنگتر دەگاتێ.‏

حەوت ڕۆژ لە چلەی بچووکی زستان کە لە ڕێكەوتی ٤ی كانونی دووەم ‏بەرامبەر چواردەی ڕێبەندان دەست پێ دەکا بە بێدڵخە ناسراوە. بەپێی حیساباتی كوێستانێیە کە ‏شەختەی بێڵندە دەستپێدەكات. سەبارەت بە واتای بێدڵخە، دەگوترێ ئەو ‏ماوەیە بەفر سەربانان دەگرێ و دەبێ بە بێڵ و وەروەرە سەربان بماڵدرێ. ‏چونکە سەرما و سۆڵێکی زۆر تووشە، بێڵ دەیبەستێ. كورد دەڵێ: "بێدڵخە ناچێت ‏بێ‌ تەڵخە". بێ‌ تەلخە واتە: بەبێ چێشتنی تاڵی بە خەڵک، تێپەڕ نابێ. یان دەڵێن لەو ماوەیەدا:

"هەر کەس دەرکەوێ لە ‏ماڵی خۆ، دەبیتە قاتڵی نەفسێ خۆ". ‏

لە دیوی گەرمێن سێ ڕۆژ پێش کۆتایی چلەی زستان بە ‏چلەی محمود پاشا ناسراوە. گوایە ‏خەڵک و بەتایبەتی ئاژەڵدارە دڵپاک و سادەکان وایانزانیوە پیاوە بەدەسەڵات و ‏ناودار دەتوانێ چارەسەرێک بۆ سەرما و سۆڵەی زستان بدۆزێتەوە. بۆیە کۆمەڵێکیان دەڕۆن بۆ لای ‏محمود پاشا و سکاڵای دڵی خۆیانی لەلا دەکەن و دەڵێن چلە زۆر دوور و درێژە و ‏ئالیکی ئاژەڵەکانمان بەش ناکات، بەڵکو بۆمان کورت بکەیەوە. ئەویش دەڵێ: ‏ئەوا چلەم بۆ کردن بە سی و حەوت ڕۆژ! ئیتر خەڵکە سادەکە باوەڕ دەکەن و ‏دیاریی زۆر لە مەڕ و ماڵات بۆ محمود پاشا دەبەن.

دوای کۆتایی چلەی بچووک، ‏نۆرەی شینی خاتوو زەمهەریری خوشکی دوو چلە یان دوو برالانە کە ماوەی پێنج ڕۆژ ‏دەخایەنێ. دوای ئەوە نۆرەی شینی دایکە کە بە سەرما یان بەفری پیرێژن ‏بەنێوبانگە و ماوەکەی کورتە. پیرێژن دایکی خوشک و دوو برا بریتی لە ‏چلەی گەورە و چلەی بچووک و خاتوو زەمهەریرە. ‏

دوای چلەی بچووک، مانگی ڕەشەممەیە. ڕەشەممە بە شێوەکانی ‏ڕەشەمە، ڕەشەممە، ڕەشەمێ و ڕەشەمانگیش دەگوترێ کە دەکرێ پێوەندی بە توانەوەی ‏بەفر و ڕەشبوونەوەی سروشت لەو مانگەدا هەبێ یان لە باوەڕێکی ئایینییەوە ‏سەرچاوەی گرتبێ. لەوە بەدوا سەرما دەشکێ و بەردەوام لە سەخڵەت و سەرما ‏کەم دەبێتەوە. بەم جۆرە دەڵێن "پشکۆی دارەبەن کەوتووە" یان "‏پشکۆ داکەوت" واتە زستان ڕۆی و پێویستی بە ئاور و پۆلوو کەم دەبێتەوە یان نامێنێ. 

دوازدە ڕۆژی سەرەتای مانگی ڕەشەممە بە دوازدەی کەو بەناوبانگە. ‏ئەوەش بە هۆی گەڕانەوەی کەو و باڵندەکانی تر لە گەرمێنەوە بۆ کوێستانە کە لەگەڵ خۆیان مزگێنیی هاتنەوەی بەهار دەهێنن.‏

لە ڕۆژی ۱۳ی ڕەشەممەوە تا کۆتایی زستان بە هەژدەی تەرازوو ناسراوە. لەدوای ئەم ‏‏۱٨ ڕۆژە شەو و ڕۆژ پێکەوە یەکسان دەبن. لەبەر ئەوەش پێیدەڵێن تەرازوو.‏

هەروەها لە ناوچەی بانە بە مانگی کۆتایی زستان دەڵێن "ڕچەلار". ڕچە ئەو ڕێگایەیە کە لەژێر پێی مرۆڤ یان ئاژەڵدا لەسەر بەفر ساز دەبێ. لە مانگی ڕەشەممەدا کە تاو گەرمتر دەبێ، لای خوارەوەی ڕچەکان دەتوێنەوە و بەوە دەڵێن ڕچەلار یان ڕچە لاخوار. ‏تیشکی خۆر کە زیاتر بەر لایەکی ڕچە کە دەکەوێ، بە هۆی توانەوەی زیاتری ئەو لایە ‏ڕچەکە لاخوار دەبێت.‏

مانگی ئادار بیست ڕۆژی کۆتایی مانگی ڕەشەممە و دە ڕۆژی سەرەتای بەهار دەگرێتەوە کە ڕۆڵی گرینگی لە فەرهەنگی زستانی کوردەواریدا هەیە. هەر کە زستان کەوتە مانگی ئادارەوە، سەرما دەشکێ، بای وادە هەڵدەکا و بەفران دەتوێنێتەوە. پێشینان وتوویانە؛

مانگی ئادارێ
ببارێ تا گوێی دارێ
نامێنێ تا ئێوارێ

دیارە هاتنی ئادار بەو واتایە ‏نییە کە بەهار بە یەکجاری هاتبێ و ئیتر هیچ مەترسیی شەختە و سەرما نەمابێ. دەگێڕنەوە لە ڕۆژێکی خۆشی ‏هەتاویی مانگی ئاداردا بزنە کۆڵە یاری دەکا و بەدەم گۆرانییەوە ‏دەڵێت:‏

ئەوا دەرچووینە بەهارێ
دوو تڕمان دا لە ئادارێ
یان:
من گیسکی بەلەمسم
دەخۆم و هەڵدەمسم
یان:
من گیسکی بەلەمسم
لە جستانێ دەتسم

یان؛ 

دەخۆم سەرگوڵی نیسانێ
دوو تڕم دا لە زستانێ 
ئادار کە ئەوە دەبیسێ، تووڕە دەبێ و بە بزن دەڵێ:‏
ڕۆژێکم مابێ لەکاردا
کلکت دەکەم بەداردا

واتە وات لێ دەکەم قەساب سەرت ببڕێ و گۆشتەکەت بە داردا هەڵواسێ. ئیتر ‏بەفر و باران دادەکا و گیسک سەرما دەیبا و خاوەنەکەی ناچار دەبێ بە پەلە ‏سەری ببڕێ.‏

ڕەشەممە مانگی ململانێی نێوان بەفر و بارانە کە دواجار هەر باران بەسەر بەفردا ‏سەردەکەوێ و گەرماش بەسەر سەرمادا. دەڵێن بەفر و باران بووە بە ‏دەمەقڕەیان، بەفر وتوویەتی:‏

بە هەسەنی سەیار
سەر بێنمە دیار
دایدەپۆشم کەژ و کۆسار
ئیتر بەفرێکی زۆر باریوە و هەموو وەڵاتی پۆشیوە.‏ باران کە ئەمە دەبینێ تووڕە دەبێت و دەڵێ:‏
بە سەری هەسەن سەیاران ‏
سەرت لێ بێنمە دیاران ‏
تۆز تۆز دەتخەمە نساران

ئیتر سێ شەو و سێ ڕۆژ ڕەهێڵە بووە و هەموو وڵات ڕەش بوەتەوە و تەنها لە نسار و بن ‏بەردەکاندا بەفر ماوەتەوە.‏

ئەم ناڕێکیی ئاو و هەوایە هەروەها لە سێشەشیش‌دا ڕەنگ دەداتەوە. وەک لە ‏ناوەکەیەوە دیارە، هەر هەژدە ڕۆژەکەی کۆتایی زستان یان هەژدەی تەرازوویە کە بەسەر سێ دانە شەش ڕۆژیدا دابەش ‏دەکرێ. گوایە: شەش ڕۆژ بای بەهێزە، شەش ڕۆژ بەفرە و شەش ڕۆژیش بارانە. ‏دەگوترێ: تا ئاخر ڕۆژیش مەترسیی هەڵکردنی سەرما و بەفر و کڕێوە هەیە. ‏

لیرەش وەک بابەتی ئادار گوێمان لە دمەقاڵە و ململانێی نێوان گیسک و زستان دەبێ. دەگێڕنەوە؛ ڕۆژێک پێش کۆتایی سێشەش، گیسک دەبینێ گیا سەوز بووە، تێری لێ دەخوا و دەڵێ:‏

تێرم خوارد لە گیای ڕەش
 هەرسێ تڕەکەم بەدەمی سێ شەش
 
سێشەش کە ئەوە دەبیسێ، تووڕە دەبێ و دەڵێ: ‏
یەک ڕۆژم بمێنێ بۆ بوهارێ
کلکت ڕەق دەکەم لە بن دارێ

ئیتر دەیکا بە تۆفان و گیسکەکە ڕەق دەبێتەوە. بۆیە تا ئاخر ڕۆژیش چاوەڕێی ‏سەخڵەت و سەرمای زۆر لە سێشەش دەکرێ.

لە ناوچەی گەرمیانیش جۆرێکی جیاواز لە سێشەش هەیە کە زیاتر دوو - دوون. واتە دوو ڕۆژ با و دوو ڕۆژ ‏باران و دوو ڕۆژیش خۆرەتاوە. 

ئەو بایەی لە کۆتایی ڕەشەممەدا هەڵدەکا پێی دەڵێن: بای بسکان یان چلەشۆر کە دوا پەڵە بەفری زستانی پێ دەتوێتەوە. 

مانگی ڕەشەممە لای هەژاران بە ‏‏"مانگی قوونهەڵکڕێنە" ناسراوە. ئەوەش لەبەر ئەوەیە کە خەڵکی هەژار و دەستکورت هەرچییەکی لە ‏ئەرزاق و تفاق و ئازووقە و ئالیکی بۆ خۆیان و ئاژەڵەکانیان داخستبوو، تا ‏ئەوکاتە خوراوە و شتێکی ئەوتۆی لێ نەماوە. کابرا لەبەر دەست‌تەنگی تەنیا قوونهەڵکڕاندنی ‏پێ‌دەمێنێتەوە. هێمن لەو بارەوە دەڵێ: 

مانگی قوونهەڵکڕێنەیە
کوا وەختی بێنەبێنەیە

وەک دەڵێن کاسەی پڕ ئاشتیی ماڵە و هەر بەو پێیەش نەبوونی، هۆی ئاژاوە و ناکۆکییە. سەبارەت بە نەمانی ئازووقە و خواردەمەنیی مانگی ڕەشەممە دەڵێن: ‏

ڕەشەمێی ڕەشکی ڕوان
بەتاڵ دەکا چاڵ و کەندوان
دەبێتە شەڕی بووک و خەسوان 

ڕەشەممە لەگەڵ ئەوەدا کە کۆتایی ئازووقە و داخستەی ساڵی ڕابردوویە، موژدەی ڕزگاری و گەیشتن بە فەرعانەشە. بە ‏تایبەت بۆ ئەوانەی لە نیوەی زستانێدا تفاقیان بۆ ئاژەڵەکانیان نامێنێ و ناچار دەبن دەست بۆ ‏خاوەن ئالیکان درێژ دەکەن، بەڵام بە هەناسە ساردی دەستیان دەگێڕنەوە، بۆیەش بە هاتنی ڕەشەممە و نیزیکبوونەوە لە کۆتایی زستان هەناسەیان دێتەوە بەر و ‏دەڵێن:‏

ڕەش بۆوە بنی داران       ‏
گوو بە ڕیشی کادێنداران

یان دەڵێن؛
"زستان ڕۆی و ڕووڕەشی بۆ ڕەژی مایەوە". ‏

یەک لە بەنێوبانگترین چیڕۆکەکانی کۆتایی زستان، چیڕۆکی پێوەندی و دیالۆگی نێوان گوڵێک بە ناوی ئاڵەکۆک یان هاڵەکۆک لەگەڵ بەفرە. لە زستاندا، بەفر خوازبێنی لە هاڵەکۆک دەکا و داوای لێ دەکا شووی پێبکا! بەڵام هاڵەکۆک هێشتا خۆی دانەڕشتووە و ئامادەی شووکردن نییە، وڵامی دەداتەوە: 

نە پرژم هەیە و نە باڵ
 چم داوە لە ماڵ و منداڵ؟!

لە ڕەشەممە و بەرەبەری ئاوری نەورۆزدا، هاڵەکۆک کە گوڵ دەکا و پرژ و باڵ دەردەکا، لە بەفر ڕادەسپێرێ کە بێ بۆ خوازبێنی تا شووی ‏پێبکا. بەفر کە خەریکە دەتوێتەوە و هەناسەی لێ دەبڕێ، بە حەسرەتەوە دەڵێ: 

"هاڵە کۆکە پرچنە 
چۆڕچۆڕەم کەوتە بنە 
چ بکەم لەو ماڵ و ژنە.‏"

وڵامی بەفر بەو شێوەیەش هاتووە:
"ئاڵەکۆکە پرچنێ 
چۆڕچۆڕەم کەوتە بنێ
کەوتمە حاڵی مردنێ
 چ بکەم لە ماڵ و ژنێ"

لە هێندێک ناوچە گیایەکی دیکە بە ناوی گوێزبەلە ڕۆڵی ئاڵەکۆک دەگێڕێ: 

"هۆ گوێزبەلە کورکنێ
چکچکەم کەتتە بنێ
نەمماوە حاڵی ژنێ ... "
یان:
"هۆ گوێزبەلێ کوڵکنێ
چۆڕچۆڕەم کەوتە بنێ
نەمماوە حاڵی ژنێ." 

بەرەبەرە زستان لە هێز دەکەوێ. شەماڵ هەڵدەکا. بای وادە بەفران ‏دەتوێنێتەوە. کوێستانان ڕەشانگیان تێدەکەوێ و وەختی فەرعانەی خدر و ئەلیاسان ‏دەگاتێ و دەڵێن: ‏

"ھاتەوە خدر 
ساڵ بوو پتر
ھاتەوە ئیلیاس
 ساڵ بوو خەلاس."

خدر و ئیلیاس هەرکام ناوی هەفتەیەک لەمانگی ڕەشەممەن. بەمجۆرە؛ "بە با و بە بارانێ هەر لە عومری بەفرێ کەم دەبێتەوە".

دوایین چوارشەممەی ساڵ بە "چوارشەممە سووری" یان "کوڵە چوارشەممە" بەنێوبانگە. بەو بۆنەوە لە ئێوارەی دوایین سێ‌شەممەی ساڵدا لە سەربان و لە بەرزاییەکان ئاگر دەکرێتەوە و موژدەی کۆتایی زستان و نیزیکبوونەوە لە ساڵی نوێ بە دوور و نیزیک دەگەیەندرێ.

پێنج ڕۆژی کۆتایی ڕەشەممە بە پەنجەی تار ناسراوە. ئەوەش بەپێی ساڵپێوێکی لەمێژینەی باب و کالانە کە بە حیسابی "سی مانگ" یان "سی مانگ - سی‌ مانگ" ناسراوە. لەو ساڵپێوەدا سەرجەم مانگەکانی ساڵ بە ٣٠ ڕۆژ هەژمار دەکرێن کە بەم جۆرە ساڵ تەنیا ٣٦٠ ڕۆژ پڕ دەکاتەوە و پێنج ڕۆژ کەمی دێنێ. پێشینان بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەو کەمایەسییە، لە ساڵی ئاساییدا پێنج و لە ساڵی پڕ یان کەبیسەدا شەش ڕۆژیان بە ساڵەکەوە زیاد دەکرد. بەو جۆرە ٣٦٥ ڕۆژەی ساڵیان لە کاڵێنتەریی خۆیاندا ڕاست دەکردەوە. ئەو پێنج یان شەش ڕۆژ زیادەیە لە فەرهەنگی کورددا بە "پەنجەی تار" دەناسرا کە لە دەرەوەی مانگ و ساڵ، وەک بۆشایی و بەتاڵ سەیری دەکرا. لەبەر ئەوەش لە دەسپێکی پەنجەی تاردا یاریی میرمیرێن ڕێکدەخرا کە تێیدا کەسێک لە خەڵکی ئاسایی بە میر یان دەسەڵاتدار هەڵدەبژێردرا. "میری نەورۆزی" لەگەڵ وەزیر و گزیر و بەردەستەکانی لە ماوەی ئەو پێنج ڕۆژەدا دەسەڵاتی بەڕێوەبەریی گوند، گەڕەک یان شاری لە میری ڕاستەقینە وەردەگرت و حوکماتەکەی تا ئێوارەی پێش نەورۆز بەردەوام دەبوو. 

ئاخر ڕۆژی ڕەشەممە کە دوایین ڕۆژی زستانە، بە ئێوارەی نەورۆز و ساڵی نوێ هەژمار دەکرێ. ئەوەش کۆتایی زستان و خەلەستن لە بەفر و سەرما و هاتنی بەهار و بووژانەوەی سرووشتە. لەو ئێوارەیەدا خەڵک ئاگر دەکەنەوە، لە دەوری ئاگرەکە هەڵدەپەڕن، جێژنە پیرۆزە لە یەکتر دەکەن و بەم جۆرە بەیەکەوە بەرەوپیری جێژنی کۆتایی زستان و هاتنی بەهار دەچن. 

‏-------------------------‏

ژێدەر:

‏١- حسن دوست، محمد (1383) فرهنگ ریشه‌شناختی زبان فارسی جلد اول ‏‏(آ-ت)تهران: نشر آثار فرهنگستان زبان و ادب فارسی.‏

‏٢- بڕوانە شەریف فەلاح؛ شەوی چلە یان جەژنەخۆر

‏٣- بۆ نموونەی زیاتر لەم بارەوە بڕوانە؛ ئەفراسیاب گەرامی - یەلدا لە شێعری ‏شاعیراندا

‏٤- یەکەم شەوی زستان بە "سەموور"یش ناسراوە وەک لەو شێعرەی ‏مەلا غەفووری دەبباغیدا دەردەکەوێ: ‏

وەختی بەسەر چوو کە هات گوڵی سوور            شەوی سەموور و قەراخی تەندوور

 ‏هیچ فەرهەنگێک وشەی سەمووری بەو واتایە نەگرتووە و تەنیا لە فەرهەنگی ‏‏"ئانەندراج"دا، وشەی "سەمەر" هەیە کە یەکێک لە واتاکانی بریتی لە شەو و ‏تاریکیی شەوە. ئەوەش دەتوانێ نیزیکایەتی لەگەڵ واتای یەلدا هەبێ. وشەکە ‏هەروەها نیزیکە لە سەیمەرە کە ناوی ڕووبارێک لە دەڤەری کرماشان و شارێکی ‏نیزیک ئیسفەهانە و بە شوێنی سارد واتا کراوەتەوە.‏

هەروەها وشەی دەیجووریش کە بە شەوی زۆر ڕەش و تاریک واتا کراوەتەوە دەبێ هەمان شەوی یەلدا بێ و پاژی دەی لە سەرەتای وشەکەدا ئاماژە بە ناوی یەکەم مانگی زستانە لە زمانی فارسیدا کە ئەویش لە بورجی "جۆدەی" بە واتای گیسک یان بزن وەریگرتووە.

‏٥- هاشم رضی؛ گاهشماری و جشنهای ایرانیان - ل. ٤١٩ - ٤٢١‏

‏٦- (بڕوانە بابەتی: بێڵندانە یان بەڵێندانەی نووسەر)‏

‏٧- بڕوانە؛ سەلاح سالار - وەرزی زستان (فەیسبووکی نووسەر)‏

٨- هاشم ‏سەلیمی بە فارسی نووسیویەتی

٩- بەشێک لە زانیارییەکانم لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەتایبەت لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک و گڕووپی فەرهەنگی ژین کۆ کردۆتەوە کە ئەگەر کەلکم لە زانیاریی کەسانێ وەرگرتبێ بەڵام بەهۆی ئەوەی لە کاتی یاداشت هەڵگرتنەوەدا ناویانم لای خۆم تۆمار نەکردووە، لێرەوە داوای لێبوردنیان لێ دەکەم

بابەتی نوێ:

بۆچی دوا پێنج‌شەممەی ساڵ ڕۆژی سەردانی گڵکۆی ئازیزانە

  لەنێو کۆمەڵگەی کورد و ئێرانییەکانیشدا باوە کە بەتایبەت ئێوارەی ڕۆژانی پێنج‌شەممە سەردانی وێنەی کێلێک لە لوڕستان گڵکۆی مردووەکانیان دەکەن و...