۱۰/۱۷/۱۴۰۳

میرزا تەها

کەسایەتی و زانست وەک سامان و ماڵی دنیا نین کە مرۆڤ لە باپیرانیەوە بۆی بمێنێتەوە. کەسایەتی، پێگەی کۆمەڵایەتی، ئاستی تێگەیشتن و تواناییەکانی هیچ تاکێک بەستراوە بە باب و باپیرانییەوە نییە و پێشینان نابێ هۆی جێگە و پێگەی مرۆڤەکان لە کۆمەڵگەدا بن. بەو حاڵەش هەر مرۆڤێک حەز دەکا بزانێ پێشینیانی کێ بوون، لە کوێوە هاتوون، خەڵکی کوێ بوون، چیان کردوە و لە کوێ نێژراون. بەداخەوە فەرهەنگی ئەرشیڤ کردن و ئەرشیڤ پاراستن لە کۆمەڵگەی کوردستاندا هەتا ئێستاش هەر لاوازە و ئەوەی کە هەیە تەنیا بە زارەکی و سینگ بە سینگ گواستراوەتەوە. بنەماڵەی ئێمە ئەگەرچی لەلای باوانمەوە میرزا و خوێندەوار بوون، بەڵام لەو دەردی بێ ئەرشیڤی و هەژاریی ئاستەکردن بێبەش نەبوو. لە بنەماڵەکەماندا مامی گەورەم، باپیرم، برای باپیرم و باپیری بابم خوێندەوار بوون بەو حاڵەش هیچکات هیچ نووسراوەیەکم لە هیچیان نەدیوە و نەمبیستوە مسوەدە و ڕەشنووسێکیان لەپاش بەجێ مابێ. تەنیا بیستبووم کە لە نێو ئەوانەدا میرزا تەها لە ڕادەی خوێندەواری و دەستڕۆیشتووییدا ناوبانگی زۆری هەبووە و ئەگەرچی بە بیری باوکیشم نەبوو بەڵام سێبەری بەسەر بنەماڵەدا هەر مابۆوە.

 میرزا تەها لە هۆزی باریک و دانیشتووی گوندی قەڵای ڕەسووڵەسیت لەسەر چۆمی تەتەهوو لە ناوچەی چۆمی مەجیدخان بوو. بەپێی شەجەرەنامەیەک کە ئومێد ئاریامەنیش لە بنە و بنەچەکی هۆزی باریک دایڕشتووە، میرزا تەها کوڕی شێخە، کوڕی ڕەشید بەگ، کوڕی تەها بەگ، کوڕی بورهان بەگی سەرجەلەی هۆزی باریک و ئەویش کوڕی مستەفاخانی پێبازی کوڕی شێربەگی ئێلخانی موکری و برای بداخ سوڵتان بوو. هەر بەپێی شەجەرەنامەکە، ناوی تەها لەنێو ئەو هۆزەدا ناوێکی خۆشەویست بووە و میرزا تەها، بە ناوی باپیری خۆی یان باپیری باوکییەوە کراوە.

میرزا تەها میرزای شێخ عەلی خانی موکری بوو. شێخ عەلی خان یان بە زمانی خەڵکی ناوچەکەوە؛ شێخاڵیخان کوڕی مەجید خانی موکری بوو کە زۆربەی دێهاتەکانی ئەو هەرێمە مڵکی ئەو بوون و هەتا ئێستاش ناوی خۆی بەسەر ناوچەی چۆمی مەجیدخانەوە بەجێ هێشتووە. مەجید خان کوڕی کەریم خانی برای عەبدوڵا خانی موکری، کوڕی بداخ خان حاکمی سابڵاغ، کوڕی شێخعەلی خان، کوڕی مووسا سوڵتان و ئەویش کوڕی بداخ سوڵتانی موکری بناخەدانەری شاری سابڵاغ و حاکمی ئەو شارە بوو. بەو پێیە پێوەندیی نێوان شێخاڵیخان و میرزا تەها بێجگە لە پێوەندیی ئاغا و میرزایەتی، خزمایەتیی دووریشیان لەنێواندا بوو.

شێخاڵیخان یان شێخعەلی خانی
شوجاعولمەمالیک
شێخاڵیخان زۆربەی دێهاتەکانی سەر چۆمی تەتەهووی هەر لە تازەقەڵای بۆکانەوە هەتا دەشتی شامات لە مەجیدخانی باوکیەوە بە میرات بۆ مابۆوە. لەبەر دەوەڵەمەندی و دەستڕۆیشتوویی لەلایەن پاشایانی قاجارەوە ناسناوی "شوجاعولمەمالیک"ی پێ درابوو. ناوەندی دەسەڵاتدارەتیی خان، قەڵای ڕەسووڵەسیت لەسەر چۆمی تەتەهوو بوو کە میرزا تەهاش هەر لەو گوندە دادەنیشت. میرزا کاربەدەست و جێ متمانەی شێخاڵیخان بوو. وەک هەر میرزایەکی دیکە، ئەرکی ڕاگەیشتن بەسەر کاروبارەکانی دیوان، ڕاگرتنی حیسابی داهات و دەرکەوتی مڵکەکانی خان و سەرەنجام خوێندەوار کردنی منداڵانی خانی لە ئەستۆ بوو. پڕانیی کاروبارە ئیداری و بەڕێوەبەرییەکانی خانی ڕادەپەڕاند. لەو سۆنگەیەدا چەندان جار سەفەری تەورێز و تارانیشی کردبوو. لە تاران نەشتەرگەریی بەردی گورچیلەی بۆ کرابوو. چونکە ئەو سەردەم نەشتەرگەری باو نەبوو، خەڵک دەیانگوت دوکتوران زگی میرزا تەهایان هەڵدڕیوە. هەر لە تاران لەلای ددانساز، ددانی تاقمی بە ڕادان دابوو کە بە وتەی باوکم، تا ساڵانی دواتریش ددانە دەسکردەکانی هەر مابوو.

 وێڕای متمانە و ئەرکی میرزایەتی، میرزا تەها خۆشەویستی شێخاڵی خان بوو. دەگێڕنەوە؛ ڕێگای سابڵاخ بەبن شاخی ساریبابادا تێدەپەڕی کە کێوێکی ڕژد و بە زەردوماهە و لە نێوقەدی کێوەکەدا گاشەبەردی گەورە سەریان بەرز کردۆتەوە. خان، هەموو جارێ کە میرزا تەهای بۆ سابڵاخ دەنارد، بە نیگەرانییەوە بەڕێی دەکرد و بەر لە وەڕێکەوتن، چەند جار لەدوای دەنارد و نیگەرانیی خۆی بۆ دووپات دەکردەوە؛
ـ میرزا تەها!
ـ بەڵێ ئاغا؟!
ـ بە بن ساریبابادا نەڕۆی ها، تەقا ڕووخا!
 عەوڵا عەلیار لە لاپەڕەی فەیسبووکی خۆیدا ئەو بیرەوەرییەی لە خەمی دایکیدا بە هێندێک جیاوازییەوە گێراوەتەوە و لەم بارەوە نووسیویەتی: "ئەو گاشەبەردە، کە  نێوی لەقلەقایسی و نازانم نێوەکەی پێوەندیی بە لەگ‌لەگەوە هەیە و ئەو باڵدارە جوانە لە سەری هێللانەی دروست کردووە و یا تورکییە یا نا؛ ئەوەندەیە پاشگری ئایسی تورکیە، لەو بەری چۆمی زێوینەچۆم و بەرانبەر بە دێی حاجیئابات زێدی ڕەوانشاد دایکم و لە نزیک  دێیانی قەڵای ڕەسووڵە سیت و قاڕنجە هەڵکەوتووە! [..] دایکم دەیفەرموو کە ڕەوانشاد شێخاڵی خانی قەڵایە، کە نازنێوی شوجاعیلمەمالیک بووە، پیاوێکی بە نێوی میرزا تەها لە دیوانی بووە کە زۆری خۆش ویستووە! لە بەر ئەوە شێخاڵی خان  هەر جارێک کە میرزا تەهای بۆ مەهاباد ناردووە، چەندین جار لە کاتی وە ڕێیە کەوتنیدا هەرای لە میرزا تەها کردووە و گێڕاوییەتەوە و پێی گوتووە:
: میرزا تەها!
ـ بەڵێ ئاغا؟!
ـ بە بن لەقلەقایسیدا نەڕۆی ها! تەقا ڕووخا!"

بەپێی ئەو گێڕانەوانە، شێخاڵیخان دەبێ مرۆڤێکی دڵپاک و بڕێکیش فەقیرحاڵ بووبێ.
میرزا مستەفای کوڕی میرزا تەها
ئاغای دەوڵەمەند سرووشتییە میرزای بەتوانا ڕادەگرێ. لە سایەی دەوڵەمەندیی خان و بە مشووریی خۆیەوە، میرزا تەها دەوڵەمەند و دەستڕۆیشتوو بوو. لەگەڵ ئەوەشدا پیاوێکی ئاسانگیر بوو و دڵی زۆر بە ماڵی دنیاوە نەبوو. لە زمان گاوانی گوندی ئاتابڵاغی کە وەقفی خانەقای بورهان بوو، دەگێڕنەوە کە گوێلکێکی خانەقا ون دەبێ و خەبەر دەزانێتەوە کە لەگەڵ گاڕانی میرزا تەها کەوتووە. دەچێتە لای میرزا تەها و سۆراغی گوێلکەکەی دەپرسێ، ئەویش پێی دەڵێ بڕۆ لە بەهاربەندەکە بیدۆزەوە و بیبەوە. وەختێک دەچێتە نێو بەهاربەندەکە، جوانەگاکەی بۆ نابیندرێتەوە و دەگەڕێتەوە و بە میرزا تەها دەڵی نەمدیتەوە. میرزا تەهاش بەبێ ئەوەی دڵنیا بێ کە جوانەگای خانەقا لەگەڵ گاڕانی ئەو کەوتووە یان نا، پێی دەڵێ بڕۆ تێکەوە و جوانەگایەکی دیکە بەرە!
هەروەها بابم دەیگێڕایەوە کە برایەکی میرزا تەها بەناوی ڕەحمان کە دواتر مامە ڕەحمانم بە نێوی ئەوەوە کرا، لە کۆنەدێی پەنا پیروەلی باغی بە دەست پیاوێک زایە دەبێ. پیاوانی تایفە لێی وەخۆ دەکەون و پیاوەکە قۆڵبەست دەکەن و دەیبەنە لای میرزا تەها و پێی دەڵێن بۆخۆت لە تۆڵەی ڕەحمان‌دا بیکوژەوە. میرزا تەها ئەو کارە ناکا و پێیان دەڵێ ئەوە یەخسیرە و من یەخسیر ناکوژم، بەرەڵای کەن! بەڵام پیاوانی هۆز ئەوە قەبووڵ ناکەن و سەرەنجام پیاوەکە لەلایەن خوشکەزایەکی میرزا تەها دەکوژرێتەوە. 
 میرزا تەها دوو ژنی هەبوو. یەکیان لە قەڵای ڕەسووڵە سیت لەلای خۆی و ئەویدیکەی لە گوندی قەباکەندی نیشتەجێ کردبوو. خان هەموو کاروبارەکانی دابووە دەست میرزا تەها و بۆخۆی کاری بە هیچ نەدابوو. بەڵام ئەو دەستڕۆیشتووییە تا سەر بەردەوام نەبوو. خان گیرۆدەی بەڵای مادە هۆشبەرەکان بوو. کێشانی تریاک بەرەبەرە خانی لە پەلوپۆ خست. دەگێڕنەوە جارێک خان لە دەست بچووکی کونی ئەو وافوورەی تریاکی پێ دەکێشا، سکاڵا بۆ میرزا تەها دەبا و دەڵێ ئەوە کونەکەی چکۆڵەیە و چاکی هەڵناکێشێ، بەڵکوو یەکی باشتری بۆ پەیدا بکا! میرزا هەلەکە دەقۆزێتەوە تا خان لەو بەڵایە وشیار بکاتەوە و پێی دەڵێ؛ خان! ئەو کونە چکۆڵە نییە و ئەگەر دەستی لێ هەڵنەگری، هەموو چۆمی مەجیدخانی پێدا دەڕوا." سەرەنجام پێشبینییەکەی میرزا تەها وەڕاست گەڕا و خان بەرەبەرە هەموو گوندەکانی بە کونی وافوورەکەدا هەڵمژی و سامانەکەی مفح بۆوە. تا وای لێ هات لە کۆتایی تەمەنیدا میرزا تەها پەنای دا و دوا جاریش هەر لەلای ئەو کۆچی دوایی کرد. 
میرزا عەوڵا کوڕی میرزا مستەفا
کوڕی میرزا تەها

میرزا تەها سێ کوڕی بە ناوەکانی حوسێن، محەممەد ساڵح و مستەفا هەبوو. توانیبووی خوێندن و نووسین فێری دوو لە کوڕەکانی واتە میرزا مستەفا و میرزا حوسێن کە لەبەر نووسینە جوانەکەی بە ناسراو بە میرزا حوسێنی خەتخۆش بەنێوبانگ بوو  و هەروەها نەوەکەی میرزا عەبدوڵای کوڕی میرزا مستەفا بکا گەرچی ئەو پێ خوێندن و بە میرزا کردنانە خێریان بە دواوە نەبوو. میرزایەتی کوڕ و نەوەکەشی دەستوپێ سپیلکە کردبوو. لە سەردەمی کاری تاقەتپرووکێنی کشتوکاڵ و بێگاریدا، میرزایەتی، نەیهێشتبوو ئەوان بە ڕادەی پێویست خاراوی کار و کوێرەوەری بن. تا ئاستێک کە میرزا مستەفا و میرزا عەوڵای کوڕی لە بەڕێوەبردنی ئەو زەوییە باش و بە پیتانەی لە قەڵای ڕەسووڵەسیت پێیان درابوو، دەریان نەبرد. ناچار لە ساڵی ١٣٣١ - ١٣٣٢دا کە ساڵی ڕاپەڕینی جووتیارانی موکریان بوو، بۆ گۆلی مەرزینگ گواستیانەوە. دوای چەند ساڵ لەوێش هەڵیان نەکرد و لە پیروەلی باغی کۆچ و باریان خست. پاش چەند ساڵ کە ئینقلابی سپیی حەمەڕەزا شا هاتە ئاراوە و زەویوزار بەسەر جووتیاراندا دابەش کرا، ئیدی بە یەکجاری لەو گوندە گیرسانەوە. کوڕ و نەوەکان نەک هەر نەیانتوانی مڵک و سامانەکەی میرزا تەها بپارێزن تەنانەت ئەو کتێب و دەفتەر و کەلوپەلانەشیان نەپاراست کە بە میرات لێی مابۆوە. لەوانە مجرییەکی لە پۆڵا، چەند کتێبی ئەستووری وەک گوڵستان و بووستانی سەعدی و چەند دەفتەر دەستنووس کە هیچ ڕوون نییە چیان لەسەر نووسرابوو. 

میرزا مستەفا چوار کچی بە ناوەکانی زیبا، زینەت، ڕابیعا و مەلیحا و سێ کوڕ بەناوەکانی عەبدوڵا، ڕەحمان و قادر هەبوو.

ئەم وێنەیە لە کتێبی کچە هەرمەنی و چەند کتێبی دواتریشدا چاپ کراوە. لەژێر وێنەکەدا کەسی نێوەڕاست بە میرزا مستەفا ناوی هاتووە. بە ڕووخسار و خاڵی لاچاوی کە لە بنەماڵەی ئێمەدا چەند کەس ئەو نیشانەیان هەیە، پێم وا بوو دەبێ وێنەی میرزا مستەفای باپیرم بێ لەو سەردەمەدا کە تازە پێگەیشتووە و لە سای دەوڵەمەندیی میرزا تەهای باوکیدا توانیویەتی لە مەجلیسی گەوراندا دانیشێ. وێنەکەم لە ڕێگای خزمانەوە نیشانی دادە ڕابیعام دا کە ئەو کات خوشکی گەورەی لە ژیاندا بوو و بە بێ ئەوەی پێی بڵێم، ئەویش پێی وابوو کە ئەوە دەبێ میرزا مستەفای باوکیەتی.  



شەجەرەنامەی هۆزی باریک و بنەماڵەی میرزاتەها لەلایەن ئۆمید ئاریامەنیش داڕێژراوە

بابەتی نوێ:

بۆچی دوا پێنج‌شەممەی ساڵ ڕۆژی سەردانی گڵکۆی ئازیزانە

  لەنێو کۆمەڵگەی کورد و ئێرانییەکانیشدا باوە کە بەتایبەت ئێوارەی ڕۆژانی پێنج‌شەممە سەردانی وێنەی کێلێک لە لوڕستان گڵکۆی مردووەکانیان دەکەن و...