ساڵی ٢٠٢٤ ساڵێکی پڕ لە ئاڵوگۆڕ و بە دەسکەوت بوو. لەو ساڵەدا قژم چاندەوە، ددانەکانم چاک کردن و دوو کتێبیشم چاپ کردن؛ ئیعجازی ئەنگوستی پاکی محەممەد و کەشکۆڵێکی پێشمەرگانە.
کەشکۆڵێکی پێشمەرگانەم لەپێشدا لەسەر تۆڕی ئینترنێت بڵاو کردبۆوە بێ ئەوەی لینکەکەی بەولاو بەملادا بڵاو بکەمەوە و دەنگی لێ بێنم. نازانم کاک هەڤاڵ ئەحمەدی بە کوێدا لینکەکەی دیتبۆوە و خوێندبوویەوە کە لە فەیسبووک لێی لەقاو دام. ئەوە بوو کە پێشوازییەکی یەکجار زۆری لێ کرا. ئەم هەموو پێشوازییە هێنامییە سەر ئەو بڕوایە کە وەک کتێب لە چاپی بدەم. بۆ ئەوە داوام لە کاک جەلال حەسەنزادە کرد تا پێشەکیی کتێبەکەم بۆ بنووسێ. کاک جەلال هەم هاوڕێی دەورانی پێشمەرگایەتی و هەم بەرپرسی ئەو تیمە بوو کە جەولە و تێکۆشانەکەی هەوێنی نووسینی کەشکۆڵێکی پێشمەرگانە بوو.
کتێبی دووهەم واتە ئێعجازی ئەنگوستی پاکی محەممەد کە "خوێندنەوەی شێعری سوارە لە ژێر تیشکی تێکۆشانی حیزبی دێموکراتی کوردستاندا"یە، بەرهەمی دەیان ساڵ تاوتوێ کردنی شێعرەکانی سوارەیە کە دواجار لە ئەنجامی ورووژاندنی باسەکە لەسەر تۆڕی فەیسبووک بڕیاری نووسینیم دا. ئەم کتێبە هەم لە دەرەوەی وڵات لەلایەن ناوەندی وەشانی "٤٩ کتێب" هەم لە ناوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و هەمیش لەلایەن یەکێتیی لاوانی دێموکراتی ڕۆژهەڵاتی کوردستان چاپ و بڵاو کرایەوە.