۹/۱۴/۱۳۹۶

لە لۆڤیسای فینلاندەوە تا غەوساباتی کوردستان



ئەلێکساندر ئییاس و شێخ بابا سەعید لە گوندی غەوسابات

ئەمساڵ سەدەمین ساڵی سەربەخۆیی وڵاتی فینلاندە و فینلاندییەکان سبەی ٦ی دێسامبر، ساڵرۆژی سەربەخۆیی وڵاتەکەیان جێژن دەگرن. سەد ساڵ لەوەپێش، لە ئەنجامی ئاڵوگۆڕ و ئاڵۆزیەکانی شەڕی  جیهانیی یەکەمدا، فینلاند دەرفەتی لە دەست نەدا و سەربەخۆیی خۆی لە رووسیا راگەیاند.

دەسەڵاتی تزاری رووسیا کە لە ئەنجامی کێشە و ناڕەزایەتییە ناوخۆییەکاندا لە کزی دابوو، بە هۆی شەڕی جیهانیی یەکەم، هیندەی دیکە لاواز ببوو. لە ساڵانی کۆتایی شەڕ و لە ئاکامی شۆرشی ئۆکتۆبردا، کومونیستەکان دەسەڵاتی رووسیایان بە دەستەوە گرت. رێبەرانی شۆرش هەر زوو بانگەوازی ئازادیی گەلانیان دا. لەوەش زیاتر لێنین، رێبەری شۆرشەکە کە ماوەیەک لە ژیانی دوورخراوەیی خۆی لە فینلەند تێپەڕ کردبوو، پێشتر گفتی سەربەخۆیی بە بەشێک لە رێبەرانی سیاسیی فینلاند دابوو. بە پشتبەستن بەو فاکتەرانە، هێشتا مانگ و نیوێک بەسەر سەرکەوتنی شۆرشی ٢٥ی ئۆکتۆبری ١٩١٧دا تێپەڕ نەببوو کە پارلمانی فینلەند لە رۆژی ٦ی دێسامبری هەمان ساڵدا، سەرەڕای پێناخۆشبوونی رووسیا، دەنگی بە سەربەخۆیی وڵاتەکە دا. بەم جۆرە فینلاندییەکان کۆتاییان بە سەدان ساڵ ژێردەستەیی وڵاتەکەیان لە بندەستی سوید و ڕووسیا هێنا.

 

بەڵام شەڕی جیهانیی یەکەم ئەگەر بۆ هەموو نەتەوەکان ئاوا بە خێر و بێر نەبوو، هەموو فینلاندیەکانیش ئاوا خۆشییان لێ نەدی. بە دەیان ئەفسەر و سەربازی فینلاندی بندەست، کە لە خزمەت دەزگای دیپلۆماسی یان سەربازیی رووسیادا بوون، لە بەرەکانی شەڕدا، بوون بە دەستەچیلەی ئاگری شەڕ. تەنانەت قسە لەوەش هەیە کە لە سەردەمی پەرەگرتویی بیری سەربەخۆییخوازی لە فینلاند، فینلاندییە پلەدارەکانی ناو ئەرتەش و دەزگای دیپڵۆماسیی رووسیا، بە ئانقەست بۆ شوێنە دوورەدەستەکان هەڵدەدێردران. یەک لەوان ئەلکساندر ئییاس، کۆنسولی رووسیای تزار لە شاری سابڵاخ بوو.

 

ئالێکساندێر ئیڤانۆڤیچ ئییاس لە دایکبووی ٢٧ی سێپتامبری ١٨٦٩ لە شاری لۆڤیسای باشووری فینلاند بوو. باوکی بەرگدروو بوو. لە ئاکادێمیی سەربازیی هامینا دەرسی خوێند. دواتر چووە ناو سپای رووسیای تزارەوە. لە کۆرسی زمانە رۆژهەڵاتیەکانی وەزارەتی دەرەوەی رووسیادا سەرکەوتوانە بەشداریی کرد. زمانەکانی فینلەندی، سویدی و رووسی بە تەواوی دەزانی. دواتر شارەزایی باشی لە زمانەکانی ئاڵمانی، فەرانسی، ئینگلیسی، لەهێستانی، فارسی، تورکیی ئازەربایجانی و کوردیشدا پەیدا کرد. تەنانەت بەشێک لە بەرهەمەکانی "یوهانی ئاهۆ" نووسەری فینلەندی بۆ سەر زمانی فارسی وەرگێڕا.

 

 ئییاس لە ساڵی ١٩٠٠ سەرەتا وەک فەرماندەیەکی سەربازی بۆ تورکستان ناردرا. بەڵام پاش ساڵێک لە لایەن وەزارەتخانەی دەرەوەی رووسیا وەک دیپڵۆمات بۆ ناوچەکانی پامیر لە ئاسیا رەوانە کرا. سەرکەوتنی لەو ئەرکەدا ئەوی کرد بە دیپڵۆماتێکی شارەزا و جێی متمانە کە لە ساڵی ١٩٠١ تا ١٩١٤ لە ناوچە جۆراوجۆرەکانی ئێراندا ئەرکی جۆراوجۆری لە بواری دیپڵۆماسیدا پێ ئەسپێردرا. سەرەتا لە خۆراسان وەک بەرپرسی بەرەنگاربوونەوە لە دژی نەخۆشیی تاعوون، دیاری کرا. پاشان بوو بە سەرکۆنسولی رووسیا لە تەورێز. لە ساڵی ١٩١٢ ئەرکی سەرکۆنسولیی کۆنسولگەریی رووسیا لە سابڵاغی بە ئەستۆ گرت. 

ئییاس لە سەردەمێکی پڕ کێشە و ناکۆکیدا هاتە سابڵاخ و پێی بۆ ناوچەی کوردستان کرایەوە. لایەک جیهان لە مشتومڕی شەڕی جیهانیی یەکەمدا بوو و لە ناوچەکەش ململانێی مەزهەبی، کۆمەڵگای کوردستان بە تایبەت موکریانی بە سەر دوو بەرەدا دابەش کردبوو. بەرەی هەرە بەهێز ئەوانە بوون کە ئەستەمووڵ و بابی عالی‌یان بە قیبلەگای ئیسلام و خۆیان دەزانی. لە بەرامبەردا بەرەیەکی لاوازی دژ بە عوسمانی و ناتەبا لەگەڵ بەرەی یەکەم شکڵی گرتبوو. ئییاس هەم وەک رووناکبیری سەر بە نەتەوەیەکی داگیرکراو و هەمیش وەک دیپڵۆماتێکی رووس هەوڵی دەدا ئەم بەرەیە زیاتر بناسێ و دۆستایەتییان لەگەڵ ببەستێ. کەسایەتییەکی دیاری ئەم بەرەیە شێخ بابا سەعیدی غەوسابات بوو.

شێخ بابا سەعیدی بەرزنجی لەدایکبووی ساڵی ١٨٥٦ لە گوندی غەوساباتی نیزیک مەهاباد بوو. ئەویش وەک ئییاس، شارەزای چەندان زمانی رۆژهەڵاتی و رۆژئاوایی لەوانە کوردی، فارسی، عەرەبی و فەرەنسی بوو. نە وەک دیپڵۆمات و نێردراوی سیاسی بەڵکو بۆ خوێندن و وەسەریەکنانی زانست، ئەویش وڵاتانی جۆراوجۆر گەڕابوو. سەرەتا بۆ درێژەدان بە خوێندن سەری لە بەغدا دەرهێنا. پاشان گەیشتە ئەلئەزهەری میسر. هەر لە کاتی خوێندندا زانی کە تەنیا بە خوێندنی ئایین ناتوانێ یارمەتیی کۆمەڵگاکەی بدا. کۆمەڵگایەک کە لە دەست هەژاری، نەزانی و بێ مافی دەیناڵاند. لە میسر لەگەڵ زمانی فەرەنسی و زانستی پزیشکی ئاشنا بوو. لە گەڕانەوەیدا، لە سلێمانی، لەسەر دەستی کاک ئەحمەدی شێخ مۆڵەتی مامۆستایەتی و رێنوێنیی مریدانی خانەقای گێڵانی لە موکریان و لە گوندی غەوساباتی وەرگرت. بەڵام دیسانیش هەستی کرد کە ناتوانێ وڵامدەری نیازەکانی سەردەم بێ. بە تایبەت کە لەبەر هەژاری و شەڕ، لەو ساڵانەدا نەخۆشیی جۆراوجۆر داوێنی خەڵکی ناوچەکەی گرتبوو. لە هەموانیش پیستر نەخۆشیی گولی یان دووزامی بوو. شێخ وەک پێشەنگێکی خەڵک و کۆمەڵگە دەبوو چارەیەک بۆ ئەو دەرد و ئازارەی خەڵکەکە بدۆزێتەوە. بۆ ئەو مەبەستەش رێگای هیندوستانی گرتە بەر. لەوێ شارەزایی باشی لە زانستی پزیشکیدا پەیدا کرد. گیا دەرمانییەکان و چۆنیەتیی سازکردنی دەوا و مەڵحەم بۆ نەخۆشیی جیاواز، فێر بوو. کە گەڕایەوە کلینیکێکی بۆ چارەسەری نەخۆشان لە گوندی غەوسابات دامەزراند. هەر لە پاڵ ئەوەدا، شوێنی تایبەت بۆ پێڕاگەیشتن بە نەخۆشیی گولیشی کردەوە و بێ بەرامبەر دەستی بە دەرمان و چارەسەری کرد. هاوکات هەوڵی دا ژمارەیەک پزیشک و پەرەستار بە تایبەت لە ژنان، بۆ گرتنەوەی دەرمان و چارەسەری نەخۆشییە سەرەتاییەکان پەروەردە بکا. هەبوونی چەندان ژن بە پێناسەی حەکیم (پزیشک، دوکتور) وەک ئایشێ حەکیم، خەجیج حەکیم و.. لە ناوچەکەدا بەشی زۆری دەرەنجامی خزمەتەکانی شێخ بابا بوون. لەپاڵ ئەو کارانەدا دەستی بە قەڵەمەوە بوو. خەریکی وەرگێڕانی قانوون، کتێبە پزیشکیەکەی ئیبنی سینا بوو. دوو کتێبی سەبارەت بە زانستی پزیشکی لە رۆژئاوا، وەرگێڕا. لە چارەسەری خۆماڵی و سوننەتیی نەخۆشییەکانی دەکۆڵیەوە. سەری لە ئەستێرەناسی دەردەچوو. ئۆگری عیرفان بوو. بە هەر دوو زمانی کوردی و فارسی شێعری دەنووسی. شێعرە فارسیەکانی شەقڵی پێڕەوی لە مەولانای رۆمییان پێوە دیارە:

مست جــــام الستم هلە مست مست مستم
 از بند دلـــــم رستم هلە مست مست مستم

زان باغ چون گلـــــــم من، در عشق بلبلم من
چون زلف سنبلم من، هلە مست مست مستم

....

لە شێعرە کوردیەکانیشیدا دەتوانین شوێنی خۆشەویستیی مەحوی و شێعر و بیری ئەو بدۆزینەوە:  

بە شەمعی مەعریفەت خانەی دڵم ڕۆشن نەکەم چ بکەم

بە نووری عالەمی وەحدەت تەنم مەخزەن نەکەم چ بکەم

لە بەحـری مەعنەوی دوڕڕی مەعانـــــــی دەستگیرم بوو

بە دوڕڕی مەعریفەت ساحیل هەمو مەعدەن نەکەم چ بکەم

لە بادەی وەحــــــدەتی جانان وەها سەرمەستی تەوحیدم

گوڵستانی هەموو عالەم ئەگەر گوڵــشەن نەکەم چ بکەم..

 

بەڵام شێخ لە ناوچەکەدا تەنیا پزیشک یان رێبەرێکی ئایینی و کۆمەڵایەتی نەبوو. ئەو لە باری سیاسیشەوە سەری بە دەرەوە بوو. دۆست و دوژمن حیسابیان لەسەر دەکرد و هەوڵیان دەدا پشتیوانیی ئەو بۆ لای خۆیان رابکێشن. ئەویش ئەگەرچی بە ئایین ئیسلام و وەک دانیشتوانی ناوچەکە سوننە مەزهەب بوو بەڵام پێشەنگایەتیی خەڵیفە و بابی عالی قەبووڵ نەبوو. سەرەڕای شێخایەتی، وشکەمەزهەبی نەبوو و ژیانی خەڵک و مافی نەتەوەکەی بەلاوە گرینگ بوو. بە پێچەوانەی مەلا و شێخەکانی دیکە لە ناوچە، بە هیچ جۆر دانووی لەگەڵ دەسەڵاتی عوسمانی نەدەکوڵا. لە شێعرێکدا ئەم هەستەی خۆی ئاوا دەردەبڕێ:

من ز نسل حیدرم دادە بە دستم ذوالفقار

تا درآرم ریشە عثمانیان را هم دمار

پشە نتوان رفت در میدان عنقا کز مصاف

کی درآید موش اندر عرصە تیر شکار

ریشە ترکان نااهل برکنم از بیخ و بن

نیست با هم در حقیقت اهل نور و اهل نار

او بە نفسش غرە، من با مصطفی دارم امید

تا ز غیثش کل امدادم رسد از شهریار

چون با ملت ایران خاصە کردستان همە

قدرت یزدان باشد در مصاف و کارزار

زانکە ایران جای شیران خدا باشد همە

زندە بادا تا ابـد این ملت با اقتدار

اهل ایران جملە از یاران دین مصطفی

در دو عالم در جواز ذات حــق دارند قرار

"بوسعیدا" تو ز اولاد رسولی کل حال

بر دوام ملتت دست دعاگویی برآر

 

لەو شێعرەدا دوو نوکتە جێی سەرنج و روونکردنەوەن. یەکەم: خۆ بە وەچەی حەیدەر زانین کە مەبەست عەلی کوڕی ئەبی‌تالب، خەڵیفەی چوارەمی سوننە و ئیمامی یەکەمی شیعەیە. رەنگە کەسانێک لەوەوە گومان بکەن کە شێخ شیعە بووە. دووهەم پشتبەستن بە ئێران و دەستەواژەی دواتر باوی "کوردستانی ئێران" لە بەرامبەر دەسەڵاتی عوسمانیدا.

سەبارەت بە خاڵی یەکەم، ئەوە تایبەت بە شێخ بابا نییە و نیزیک بە تەواوی شێخ و سەیدەکانی کوردستان رەچەڵەکی خۆیان دەبەنەوە سەر ئیمامی عەلی. ئەوەش بەو هۆیە کە محەممەد پێغەمبەری ئیسلام، نێرینەی لێ نەکەوتەوە. دەڵێن وەچەی ئەو لە رێی کچەکەی فاتمە و کچەزاکانی، حەسەن و حوسێن، درێژ دەبێتەوە. جا ئەگەر کەسێ بیهەوێ بگاتەوە سەر پێغەمبەر دەبێ حەتمەن لە رێی حەسەن و حوسێنی کوڕی عەلی ئەبوتالبەوە بێ. شێخ مەحموودی نەمریش لە شێعرێکدا بە هەمان شێوە پشت بە حەیدەر دەبەستێ:

پارێز ئەكەم بە هیممەتی حەیدەر حقوقی كورد

تا ئالی خۆم بە گیانی پێغەمبەر فیـــــدا ئەكەم

ئەگەر ئینكاری حقوقی كورد ببن قەومی عەرەب

 بەبێ شك نوێژی مازیـم بە كوردی قەزا ئەكەم

 

بەڵام لەگەڵ هەمووی ئەوانەدا شێخ لە باری ئایینی و مەزهەبیەوە لەوە لیبڕاڵتر بوو کە خۆی بە شیعە یان سوننە ببەستێتەوە:

نە ز شیعە، نە ز سنی نە عرب        بوسعیدم آل و بیت منتخب

سەبارەت بە خاڵی دووهەم دەبێ بزانین کە باس لە زیاتر لە سەد ساڵ لەوە پێش و کزبوونی هەستی نەتەوەیی و ناسیونالیستیی کورد لە کۆمەڵگادایە. سەرەڕای ئەوە شێخ لە باری نەتەوەییەوە وێڕای دژایەتیی توندی لەگەڵ دەسەڵاتی عوسمانی، باوەڕی بە یەکێتی لەگەڵ نەتەوەکانی دیکە بووە:

اتحادی پیشە کن با هر ملل         تا نباشـــــــد اتحادی در خلل

اتحادی رویەء مــــردان بود         هر کە کردە اتحاد مرد آن بود

 وا دیارە شێخ لە دژایەتیی تورکانی عوسمانیدا ئومێدی هەبووە ئێران ئەو شەڕە بکا و کوردستان بەو بەشەشەوە کە کەوتبووە ژێر دەستی عوسمانی، لەنێو ئێراندا بە مافی خۆی بگا. بۆچوونێک کە هەتا ئێستاش کەم و زۆر ئامانج و ستراتژیی بزووتنەوەی سیاسیی رۆژهەڵاتی کوردستانە.

یەک لە هۆکارەکانی ئەو هەموو رق و نەفرەتەی شێخ سەرەڕای هاودینی و هاومەزهەبی لەگەڵ دەسەڵاتی عوسمانی، بە ئەگەری زۆر بۆ کوژرانی شێخ سەعیدی بەرزنجی، نەوە و جێگرەوەی کاک ئەحمەدی شێخ دەگەڕێتەوە. شێخ سەعیدی بەرزنجی باوکی شێخ مەحموودی حەفید، ساڵی ١٩٠٨ لەلایەن دەسەڵاتی عوسمانی بۆ شاری مووسڵ دوور خرایەوە. هەر هەمان ساڵ بە پیلانی دەسەڵاتی تورکانی عوسمانی کوژرا. دوو شێخ سەعید لە تەمەندا لێک نیزیک، هاوتەریقەت و خزم بوون. لەوەش زیاتر لەو سەردەمەدا کە شێخ بابا لە سلێمانی، لە خزمەت کاک ئەحمەدی شێخدا خەریک بوو دەرسی دەخوێند و ئیجازەی وەردەگرت، ببوون بە دۆست و هاوڕێ. ئەوانەش داخی کوژرانی شێخ سەعیدیان بۆ شێخ بابا سەعید هیندەی دیکە بەژانتر و ئەویان لە عوسمانی تووڕەتر کردبوو. وێڕای ئەوە، ئەو لە گەڕان بە مەملەکەتەکانی ژێر دەستی عوسمانیدا، هەر لە سلێمانییەوە تا بەغدا و هەتا قاهیرە، چۆنیەتیی خەلافەتی خەڵیفەی موسوڵمانانی ناسیبوو و زوڵم و بێدادی قاپیە بەرزەکەی بە چاوی خۆی دیتبوو.

 بەم جۆرە ئییاس وەک کۆنسولی وڵاتێک کە لەگەڵ عوسمانی لە ململانێ و لە ناوچەکە لە رکابەریدا بوو، لەگەڵ شێخ بابای دوژمنی عوسمانی، لەسەر بنەمای دژایەتی لەحاند نفووزی تورکان لە سابڵاخ و ناوچەکەدا یەکتریان دۆزیەوە. ئەوەش رەنگە بە یەکەم پێوەندیی نێوان دوو کەسایەتیی فینلەندی و کوردستانی لە مێژوودا بە حیساب بێ.  بەڵام ئەگەر ئەم دژایەتییە لەگەڵ نفووز و دەسەڵاتی عوسمانی لە ناوچەکە بۆ ئییاس بە پێی سیاسەتی رووس، ئەرک و بۆ شێخ بابا نەفرەت بوو، هەردوویان لە خاڵی دیکەشدا یەکیان دەگرتەوە. بۆ وێنە لابردنی ناعەداڵەتی و چاککردنی دۆخی نالەباری ژیانی کوردەکان، پێکهێنانی یەکگرتویی لە نێوانیاندا و بەرزکردنەوەی هەستی نەتەوەیی کوردەکان لە بری هەستی ئایینی و خەڵیفەخوازی، هاوبەشیەکی دیکە بوو. لە نامەیەکدا کە ئییاس رۆژی ١٩ی نۆڤامبری ١٩١٢ بۆ وەزارەتخانەی دەرەوەی رووسیەی ناردووە، پێناخۆشبوونی خۆی لە نایەکگرتوویی و لاوازیی هەستی نەتەوەیی کوردەکان نیشان دەدا و دەڵێ:  "تا ئه‌وجێیه‌ی که ‌ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر ده‌رفه‌تی یه‌که‌تی له‌ نێو خه‌ڵکی کوردی ناوچه‌دا، ده‌بێ ئه‌وه‌مان له‌ بیر بێ که‌ هه‌تاکوو ئێستا نه‌ نیشانه‌ی هه‌ره‌دووری یه‌که‌تی عه‌شیره‌تی وه‌به‌رچاوده‌که‌وێ، و نه ‌ته‌نانه‌ت برووسکه‌یه‌ک له‌ وشیارییه‌کی سه‌ره‌تایی نه‌ته‌وه‌یی. "

 

هەر لەو نامەیەدا بە سێ خاڵ سیاسەتی کاریی کۆنسولخانە لەگەڵ خەڵک و هۆزەکان بە وەزارەتی دەرەوەی رووسیا رادەگەیەنێ کە بە کورتی بریتین لە؛

-      دوای مەرگی هەر سەرۆک هۆزێک، کەسی حەقدار جێی بگرێتەوە و نەهێڵین دەسەڵات بە قازانجی خۆی دەست لە کاروباریان وەردا.

-      دەسەڵاتدارانی خۆجێی ناچار بکرێن کۆتایی بە نا‌عەداڵەتی و بێ‌قانوونی بێنن و دەست لە ئازار و راوەدوونانی تاک یان هۆزەکان هەڵگرن.

-      لە کاتی کێشە زۆر و بێ بڕانەوەکانی بنەماڵەیی، مڵکداری و.. لە نێوان کوردەکان خۆیاندا، کۆنسولخانە ئەرکی چارەسەری و نێوبژیوانییان بگرێتە ئەستۆ و بۆیان ببێ بە جێگای چارەکردنی کێشەکان.

ئەم رێچکانەی سەرەوە ئەگەرچی بە مەبەستی راکێشانی دڵی کوردەکان لە خزمەت کۆنسولخانە و سیاسەتی دەوڵەتی رووسیەدان بەڵام تێیایاندا باری مرۆیی و هەوڵدان بۆ باشترکردنی دۆخی کوردەکان لەو سەردەمدا، بە ڕوونی دیارە. هەر لەو نامەیەدا ئاماژە بە نەبوونی کەسایەتی و رێبەرێکی تایبەت لە نێو کوردەکاندا دەکا و دەڵێ"ئێستا له‌ نێو سه‌رۆک عه‌شیره‌ته‌کانی خۆجێیدا ته‌نانه‌ت تاکه‌ که‌سێکی ئه‌وتۆش نییه‌ ئه‌وه‌نده‌ی ده‌سته‌ڵات و خۆشه‌ویستی هه‌بێ که‌ وه‌کوو نێوه‌ندێک ببزوێته‌وه‌ و بکرێ سه‌رۆک عه‌شیره‌ته‌کانی دیکه‌ له‌ ده‌وری کۆ بنه‌وه‌ و یه‌ک بگرن. ڕێبه‌رانی دینیی ناوچه‌ش، هیچیان گراناییه‌کی ئه‌وتۆیان نییه‌."  هەروەها ئاماژە بە شێخ باباش دەکا کە "نفووز و دەسەڵاتێکی ئەوتۆی نییە"بەڵام وەک ئەوانی دیکە بە پشتکردن لە هەستی نەتەوەیی تاوانباری ناکا. 

ئەلێکساندر ئییاس لە ناو کۆڕی پێڕەوان و مریدانی تەکیەی غەوسابات دا

ئەمە تەنیا جارە کە ئییاس لە نامە و راپۆرتەکانیدا بۆ وەزارەتی دەرەوەی رووسیا باسی شێخ بابای کردووە. ئەگەرچی لەوەشدا ناوی نەهێناوە و تەنیا ئاماژەی پێ کردووە. بەڵام کۆمەڵێک وێنە و بەڵگە هەن کە نیشان دەدەن ئییاس و شێخ بابا دۆستایەتی و هاوپێوەندییەکی زۆریان لەنێواندا هەبووە. تا ئاستێک کە خەڵکانێک پێیان وایە ئییاس لەسەر دەستی شێخ تۆبەی کردوەو بووە بە دەروێشی تەکیە. ئاستی ئیخلاسی ئییاسیش بۆ شێخ بابا و بنەماڵەکەی لە چەند نامەی ئییاس بۆ شێخدا سۆسەی ئەو تۆبەکردنەی لێ دەکرێ. تەنانەت لە نامەیەکدا جەخت دەکاتەوە کە شێخ بنەچە و شەجەرەنامەی بنەماڵەیی خۆی بنووسێتەوە و پشتگوێی نەخا. شیخیش لە توێی شێعرێکدا، ئەو داوایەی بە قسە دەکا:

 ارشد اولاد پیر اسماعیلم               در حقیقت بە فیضش مایلم

جد من سید محمدقطب دان         نسل شە بابا سعید، غوث زمان..

وێڕای زمانزانی، گەڕیدەیی، ئۆگری بە زانست و دژایەتی لەگەڵ دەسەڵاتی عوسمانی و لاگرانی ئەو دەسەڵاتە لە سابڵاخ و موکریان، گومانەکان زیاتر بۆ ئەوە دەچن کە هەردوو کەسایەتیی فینلەندی و کورد لە سەر بنەمای پەرەدان بە هەستی نەتەوەیی کوردەکان، کۆک بووبن. لەلایەک ئییاس کە خۆی وەک شێخ بابا و وەک کورد بە گشتی، سەر بە نەتەوەیەکی بندەستە و لەلای دیکەش شێخ کە ئەگەرچی خاوەن نفووز نەبوو بەڵام جێی هومێدی ئازادیخوازان بوو. هەرچەند وێناچێ ئەو خواستە سەری لە رزگاریی نەتەوەیی و سەربەخۆیی کوردستان سوابێ و لە بنەڕەتیشدا وەک لە نامەکانی ئییاسدا دیارە، کوردی ئەو سەردەم ئەو پۆتانسیەلەی تێدا نەبووە. ئەگەر تەمەن مەودای دابان، ئەم دوو کەسایەتیە و دۆستایەتییان رەنگە لەسەر رووداوەکانی دواتری کوردستان و پێوەندیی نێوان دوو گەلی کورد و فینلاند شوێندانەر دەبوو و شەقڵیان بەسەر زۆر رووداودا بە جێ دەهێشت. بەڵام بەداخەوە ماوەی مانەوەی ئییاس لە سابڵاخ وەک سەرکۆنسولی رووسیا و دۆستایەتی لەگەڵ شێخ بابا تەنیا دوو ساڵی خایاند. لەگەڵ دەسپێکی شەڕی جیهانیی یەکەم، پڕانیی خەڵکی ناوچەکە بە فەرمانی جیهادی خەڵیفە دژ بە رووسیا، کە پشتگیریی مەلا و پیاوانی ئایینیی ناوچەکەی بە دوادا هات، بەلای عوسمانیدا شکانەوە. باسیلی نیکیتین لەم بارەوە دەڵێ: "شێخ بابا کە لەنێو کوردەکاندا جێگای رێز بوو، تەنیا کەسایەتیەکی ئایینی بوو کە دژی ئەم جیهادە وەستایەوە."
لە ژێر گوشار و هێرشی خەڵکی جیهادگەر، ئییاس و هاوکارەکانی لە سابڵاخ وەدەرنران و پەنایان بۆ میاندواو برد. چەکدارانی کورد بە پاڵپشتی دەسەڵاتی عوسمانی، لەوێشیان لێ نەگەڕان و چوونە سەریان. ئییاس لە کاتێکدا کە بۆ بردنی هێندێک بەڵگە و کەلوپەل گەڕابۆوە مزڵەکەی خۆی لە میاندواو، رۆژی ٢٩ی دێسامبری ١٩١٤ لە شاری میاندواو کەوتە بەر فیشەکی سوارانی کورد و کوژرا. بە پێی قسەیەک، کەللەسەری ئییاس لێ کرایەوە و لە نێو شاری سابڵاخ بە سەر دارێکەوە هەڵواسرا. دواتریش کرا بە تۆپی گەمەی منداڵان. هەمان بۆچوون پێی وایە لەشکری رووس دواتر لە تۆڵەی سەرکۆنسول ئییاسدا کوشتاری خەڵکی سابڵاخی کرد و هەزاران کەس لە خەڵکی ئەو شارەی کۆمەڵکوژ کرد. کارێک کە بە دڵنیاییەوە رۆحی ئییاسی پێ شاد نەبوو.

 

ئییاس لەو ماوە کەمەشدا نیشانی دا کە ئەگەر تەمەن مەودای دابا، وەک باسیلی نیکیتین و ڤلادێمیر مینورسکی، دەیتوانی لانیکەم پایەیەکی پتەوی سێ کوچکەی بەرپرسانی کوردناسی رووس لە کوردستان بێ و بەرهەمی زۆر زیاتر بۆ کورد لە خۆی بەجێ بهێڵێ. لەو ماوە کورتەشدا ئەوەی لە دوای بەجێما کۆمەڵێک راپۆرت لەسەر دۆخی سیاسیی کوردەکان، راپۆرتی گەشتێک بە ناوچە کوێستانییەکانی موکریان و کۆمەڵێک وێنەیە کە بە کامێراکەی خۆی لە ژیانی ئەو سەردەمی خەڵکی ئەو دەڤەرەی کوردستانی هەڵگرتووە. نێگاتیڤی وێنەکانی ئییاس ساڵێک دوای کوژرانی، لەنێو گیرفانی سەربازێکی کوژراوی تورک لە نیزیک تەورێز دۆزرانەوە و لە فەوتان رزگاریان بوو.

 

ئاگری شەڕی جیهانیی یەکەم و جینایەتکاریی تورکانی عوسمانی، ساڵێک دوای کوژرانی ئییاس، گیانی شێخ باباشی ئەستاند. دوای ئەوەی چەند جار هێرش کرایە سەر گوندی غەوسابات و ماڵ و کتێبخانەکەی سوتێندرا، بۆخۆشی دەستبەسەر کرا و سەرەنجام لە گوندی کەرێزەی گڵی لە نیزیک بۆکان لەلایەن سەردارێکی عوسمانی بە ناوی عومەر ناجی بەگ لە دار درا. بەوەش داخێکی گەورە کەوتە سەر دڵی دڵسۆزانی نەتەوە و ئۆگرانی رزگاریی کوردستان. داخێک کە ساڵانێکی درێژ لەسەر دڵی ئازادیخوازان مایەوە و هەژار لە "بەرەو موکریان"دا ئاوا یادی کردەوە:

گیانی خۆی داوە بە تۆ شێخ بابا

باوی شــادی بوو ئەگەر ئەو مابا


--------------------------------------------------------------------------

ژێدەر: 

٣. ماڵپەڕی موزەی هونەری وێنەگریی فینلاند (بە فینلاندی)
 ٤. فینلاندیەکان لە شەڕی یەکەمی جیهانی دا - لارس وێستێرلوند(بە فینلاندی)
٥. وێنەکانی گەمەی دوایی – نووسینی: جان چالینکۆ
                                                          وەرگێڕانی بۆ کوردی: حەسەن قازی – ماڵپەڕی روانگە
٦. زندگینامە عارف شهید شیخ بابا سعید برزنجی – سید مسعود سعیدی (فارسی)
٧. بەرەوموکریان – هەژار
٨. شیخ بابا سعید برزنجی (غوث آباد مهاباد) - رەزا داودی (فارسی)
٩.  ئەو ئێرانەی کە من ناسیم  - باسیلی نیکیتین (بە فارسی)
١٠. بە شوێن فانیی شاعیر دا – هەر لەم وێبڵاگە

گڵکۆ و گومبەزی شێخ بابا لە گوندی غەوسابات

۹/۰۶/۱۳۹۶

بۆچی هێندێک لە دۆستانی دەوری حدکا بە پێکهاتنی شورای دێموکراسیخوازانی ئێران قەڵسن؟

نەک بڵێی راگەیاندنی شورای دێموکراسیخوازانی ئێران بێ رەخنە بێ یان چاوەڕوان بین ئەو شورایە لە داهاتوو دا کاری زۆر مەزن بکا، نا، بەڵام حەساسیەتی هێندێک لە دۆستانی حدکا بەو شورایە و بە رواڵەت بە ناوەرۆکی رێککەوتنێک کە ئێرانیگەری تێدایە، هانی دام بە دوای هۆکارە راستەقینەکانی ئەو حەساسیەتە زۆرەدا بچم. ئاخر ناکرێ کەسێ ئەندامی حیزبێک بە پاشگری "کوردستانی ئێران" بێ و شانازی بە دەستەواژەی کوردستانی ئێرانەوە بکا بەڵام رەخنە لە لایەنگەلی دیکە بگرێ کە بۆچی لە ناوەرۆکی رێککەوتنەکەدا ئامادە بوون بەرامبەر بە دابین کردنی مافی نەتەوەی کورد پێبەند بە یەکپارچەیی خاکی ئێران بن. یان رەخنە لەوە بگرێ کە  بۆچی زمانی فارسی لە پاڵ بە رەسمی ناسینی زمانی سەرجەم نەتەوەکان دا، کراوەتە زمانی پێوەندی! لە حاڵێک دا بەندی ١٢ و ١٣ی فەسڵی ٢ی بەرنامەی حیزبەکەی خۆی داکۆکی کردنە لە زمانی فارسی هەم بۆ خوێندن لە پاڵ زمانی کوردی لە قوتابخانەکانی هەرێمی کوردستانی ئێرانی داهاتوو دا و هەمیش لە گوێن ناوەرۆکی رێککەوتننامەی گۆرین، دایناوە هەموو پێوەندیە فەرمیەکان لە ئاستی ئێران دا بە زمانی فارسی بێ. 

ئەمن چونکە هۆکاری رەخنە و تەنانەت جنێودانی بەشێک لەو بەڕێزانە بە ئاسایی و دڵسۆزی و کوردایەتی نازانم، لەو پێنج خاڵەی خوارەوە دا هەوڵ دەدەم هۆکاری راستەقینەی رەخنە و جنێو و حەساسیەتەکانیان دەستنیشان بکەم؛ 
١- شورا بە ناوەرۆکی رێککەوتننامەکەی و بە پێکهاتەی بەشدارانیەوە نیشان دەدا کە دەرەنجامی شکستی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵە. کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ وەک لە سەرەتاوە بۆخۆی دانابوو، نەیتوانی لایەنە ئێرانیەکان بۆ ناو خۆی رابکێشێ. هاوکات لایەنە تورکەکانیش وەک یەک لە گەورەترین نەتەوەکانی ئێران، کە لە سەرەتاوە چالاکانە لەو رێکخراوە دا بەشدار بوون، پاش ماوەیەک دانگەڕێزیان کرد و کۆنگرەکەیان بە جێ هێشت. لەو نێوەدا چەندان رێکخراوی دیکەش کە داکۆکییان لە مافی دیاریکردنی چارەنووس بۆ نەتەوەکەی خۆیان دەکرد، بەو هۆیە کە رێکخراوەکە نەیتوانی خواستەکەیان پەسند بکا، کۆنگرەکەیان بە جێ هێشت. پارتی ئازادیی کوردستان یەک لەو لایەنانە بوو.

٢- وەک گوترا، بەشی زۆری پێکهێنەرانی شورای دێموکراسیخوازانی ئێران ئەو حیزب و رێکخراوانەن کە هاوکات لە کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدرالیش دا ئەندامن. لە حاڵێک دا دوای لەتبوونی حیزبی دێموکرات، ئامانجێکی گرینگی حدکا لە کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ، پێشگرتن لە چوونی حدک بۆ ئەو کۆنگرەیە و مانۆڕ دان بەو کۆنگرەیەوە بە قازانجی خۆی بوو.

٣- کۆمەڵەی شۆرشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران نەک هەر ئەندامێکی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ کە هاوپەیمانی ستراتژیکی حدکاشە بەڵام ئێستا لە گەڵ حدک، بە بێ حدکا، یەک لە دوو لایەنی کوردستانیی بەشدار و پێکهێنەری ئەو شورایەیە.

٤- باسی یەکگرتنەوە لە ئاستی رێبەریی حدک و حدکا دا گەرمە و دەگوترێ دوو لایەن زۆر لێک نیزیکن. پێوەندیدار بەم باسە، لە ناو ئەو بەشە لە بەڕێزانی حدکا دا، دوو دەستە بە هۆکاری دژ بە یەک، دژی ئەم شورایە بوون بە یەک و بە هۆکاری جیاواز حەساسیەت بە پێکهاتنی ئەو پێکهاتەیە نیشان دەدەن: 
الف. دەستەیەک پێیان وایە حدک بە دامەزرانی ئەو شورایە بە ئاواتی چەند ساڵەی چوون بۆ کۆنگرەی ئێرانی فیدراڵ گەیشتوە و لە یەکگرتنەوەدا دەیکا بە ئاتۆ یان پێی غەڕە دەبێ. ئەوان نیگەرانن کە بەو هۆیە یەکگرتنەوە شکست بێنێ. لەم بارەوە ئەگەر بۆچوونەکەی من درووست بێ، هیوادارم حدک نیگەرانیی ئەو بەڕێزانە بڕەوێنێتەوە. 
ب. دەستەیەکی دیکە ئەوانەن کە هەڵبڕانەوەی حدک و حدکا بە هۆی دامەزرانی ئەم شورایە و ئەندامەتی یەکیان و بەشداری نەکردنی ئەویدی، بە دەرفەتێک بۆ زیاد کردنەوەی کەلێنی نێوان دوو لایەن و شکستی یەکگرتنەوە بە کار دێنن. ئەم دەستەیە زیاتر ئەوانەن کە خوازیارن پرسی یەکگرتنەوە لانیکەم جارێ وەلا بنرێ تا کۆنگرە بگرن و..

٥- بە تایبەت دەستەی دووهەم حەساسیەتی خۆیان بە بوونی کەسایەتیی کاک خالیدی عەزیزی لە کۆبوونەوەی راگەیاندنی شورا ناشارنەوەو دەشیانهەوێ وا لە خەڵک بگەیەنن کە ئەوە رێزدار خالیدی عەزیزی بوو لە کۆبوونەوەکە تەلەفونی بۆ کابرای فارس کرد و هەر لەوێ بە یەکەوە تێکستی رێککەوتنەکەیان نووسی! وەک بڵێی نەک دەفتەری سیاسی و رێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستان تەنانەت لایەنەکانی دیکەی بەشدار بە رێبەرانی بەشدار نەبوویانەوە، ئاگایان لە مەحموودی بێ زەواد نەبووبێ و هەمووی بەرهەمی کاری بەڕێز عەزیزی‌یە!
ئەمە قسەیەکی خۆشی شەهید لوقمان فولادی وەبیر هێنامەوە کە با ببێ بە کۆتایی ئەم باسە و یادێک لەو شەهیدە نەمرەش:
گێڕایەوە؛ تیمێک پێشمەرگە بووین لە دەڤەری ورمێ کە ئێوارەیەک چووینە لای شوانێک. رادیۆی دەنگی کوردستانی ئێرانمان گرت کە هێشتا بەرنامەکانی دەستیان پێ نەکردبوو و وەختی شمشاڵەکەی قالەمەڕە بوو. شوان بە ئاماژە بە دەنگی شمشاڵەکە گوتی: من ئەو حیزبەم هەر لە بەر ئەو کابرایە خۆش دەوێ. 
پرسیم: بۆ دەیناسی؟
وا دەکا: چما نە دوختور قاسملوویە؟! 
تۆمەز پێی وا بوو لەم حیزبەدا هەموو کارێک هەر دوکتور قاسملوو بە تەنێ دەیکا و تەنانەت هەموو ئێواران دێ لە سەر رادیۆ شمشاڵیش بۆ خەڵک لێ دەدا.

۸/۲۴/۱۳۹۶

بووم، بوومەلەرزە، بوومەلێڵ، بوودڕ، بەر و بووم، بوڕکان، بوار، کوندەبوو


کە دیاردەیەک پەیدا بوو یان کارەساتێک هاتە ئاراوە، وشە و دەستەواژەی پێوەندیداریش دەژێنەوە. ئەم رۆژانە لە سۆنگەی ئەو خەسارە زۆرە گیانی و ماڵییەی بوومەلەرزە لە رۆژهەڵات و باشووری کوردستانی دا، وێڕای هاوخەمی بۆ زیانلێکەوتوان و بەهاناوەچوونیان، ماکەی وشەی بوومەلەرزەش بۆتە جێی تێفکرین. 
ئەم وشە مەنحووسە لە دوو بەشی 'بووم' و 'لەرز' چێ بووە. وشە یان کرداری لەرز یان لەرزین بە واتای لەرین و جووڵانەوە وشەیەکی ناسراو و واتای روونە. بەڵام بووم بە واتای هەرد یان زەوی، زۆر ناسراو نییە. هەر لە بەر ئەوەش کەسانێ بە جێی بوومەلەرزە یان بوولەرزە، لە وشەگەلی وەک زەمین لەرزە، هەرد هەژێن و وشەگەلی دیکە کەلک وەردەگرن.
وشەکە بە هەردوو شێوەی "بوم" و "بو" جگە لە بومەلەرزە یان بولەرزە، لە پێکهاتەی چەندان وشەی دیکەش دا هەیە. بۆ وێنە: بودڕ (رەهەند ، دڕینی هەرد، رێگا کردنەوە بە بن هەرد دا)، "بەر و بوو" یان "بەر و بووم" (بەرهەم و داهاتێک کە لە زەوی بەرهەم دێ) بە ئەگەری زۆر لە بنەڕەت دا "بەری بووم"ە بە هەمان واتای بەرهەمی زەوی. بو یا بووم هەروەها رەنگە لە "بوڕکان"یش دا هەبێ. ئەگەر ئەم بۆچوونە درووست بێ، ئەوە "رکان" پێوەندی بە "رک/رق" هەیە و بورکان واتای تووڕە بوونی هەردە.
"بو" بە واتای هەرد و وشکایی لە وشەی بواریش دا هەیە و بە ئەگەری زۆر بوار لە دوو وشەی "بو" و "دار" کەوتوەتەوە. بەو پێیە کە بو یان بوم زەوی وشکایی دەگرێتەوە.
هەروەها بوومەلێڵ کە تاریک و روونی بەیانی یان ئێوارەی پێش تاریکایی داهاتنە ئەو کاتەی هەرد (بووم) بە لێڵی دەبیندرێ.
وشەی بووم لە 'کوندەبوو'ش دا هەیە بەو هۆیە کە کوندەبوو زیاتر لە ناو هەرد دا کون ساز دەکا و تێیدا دەحاوێتەوە. کون/دە/بوو: کون دە زەوی، ئەو باڵندەیەی کون و لانەی لە هەرد دایە. رەنگە ئەوە زیاتر کوندەبوو و بوولەرزە لێک ببەستێتەوە تا ئەوە کە پێمان وا بێ بوولەرزە وێران دەکا وکوندەبوو هێلانەی تێدا دەکا.

۸/۱۱/۱۳۹۶

کێ براوە و کێ دۆڕاوە؟


ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی باشووری کوردستان هەر لە سەرەتاشەوە قەرار نەبوو بەم زووانە سەربەخۆیی لێ بکەوێتەوە تا پێوانەیەک بۆ سەرکەوتن یان سەرنەکەوتنی دابنێین. رێژەی زۆری دەنگی بەڵێ، داکۆکی لە خواستی سەربەخۆیی کورد و گەیاندنی ئەم خواستە بە گوێی هەموو دنیا، دەسکەوتەکانی ریفراندۆم بوون. بەڵام کاردانەوەکان دژ بە ئەنجام دان، دەرەنجام و ئەو خەسارە قورسەی کە بە بیانووی ریفراندۆم لە کوردستان درا، وای کرد ئەگەر کۆی پڕۆسەکەش بە سەرکەوتوو دابنێین، دۆڕاو و براوەی لێ دەستنیشان بکەین. بێگومان دەوڵەتی عێراق بە پلەی یەکەم و کۆماری ئیسلامیی ئێران بە پلەی دووهەم هەتا ئێستا براوەی سەرەکین. بەڵام براوەبوونی ئەوانیش موتڵەق نییە. بە تایبەت ئێران کە لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دا خۆپێشاندانی هەزاران و رەنگە دەیان هەزار کەسی بۆ پشتیوانی لە ریفراندۆم و سەربەخۆیی وەڕێخرا و چالاکانی سیاسی و مەدەنیی کورد بەوانەشەوە کە بە ئیسلاح تەڵەب و سەر بە حکومەت دەزاندرێن، لێبڕاوانە پشتیوانیی خۆیان بۆ سەربەخۆیی باشوور و لە ئاکام دا سەربەخۆیی خۆیان راگەیاند. هەر بۆیەش ئێران ئێستا دەستەودامێنی جاشەکان بووە تا وا نیشان بدا کە کوردی رۆژهەڵات دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامییان قەبووڵە و دەسەڵاتیش کێشەی لە گەڵ کوردی رۆژهەڵات نییە. هەروەها گوشاری ئەمریکا بۆ سەر حەشدی شەعبی و وەبیرهێنانەوەی تیرۆریست بوونی بەشێک لە فەرماندەکانی، زەق بوونەوەی ئاستی دەسوەرانی ئێران لە عێراق، بەرەوپێش چوونی رێژەیی هەوڵی ئەمریکا و عەرەبستان بۆ ئەوەی عەبادی لە ئێران بکێشنەوەو دەستی ئێران لە عێراق کورت بکەنەوە، بەشێک لە زیانەکانی ئێران لەم ماوەیەدا بوون.
لە ئاستی ناوخۆی باشووری کوردستانیش دا هەموان وەک یەک دۆڕاو یان براوەی ئەم ریفراندۆمە نەبوون. جگە لە قوباد و رێبوار تاڵەبانی، رەنگە بنەماڵەی تاڵەبانی بە دەست تێکەڵ کردن لە گەڵ دوژمنانی کورد، دۆڕاوی سەرەکیی ئەم ریفراندۆمە بن. ئەوان وەک حەمەد بەگی لێتان لە بەرخودانی قەڵای دمدم یان مەلای خەتێ لە شۆرشەکەی میری رەواندز دا، بۆ هەتا هەتاێێ ناویان بە بێزراوی لە مێژووی کورد دا تۆمار دەکرێ.
براوەی سەرەکیی ریفراندۆم رەنگە شاسوار عەبدولواحید بێ. ئەو هەر نیەتێکی هەبووبێ، لە سەرەتاوە لێبڕاوانە رایگەیاند کە ریفراندۆم کارێکی ناوەخت و زیانبار دەبێ و سەرەڕای گوشاری قورس و ناو و ناتۆرەی زۆر، لە قسەی خۆی پەشیمان نەبۆوە. دەرەنجامیش دیتمان کە قسەی ئەو راست بوو. نە باشوور سەرەڕای دەنگی نیزیک بە ٩٣٪ بۆ سەرەبەخۆیی، نە وڵاتانی ناوچە و نە جیهان ئامادەی قەبوڵ کردنی ئەم ریفراندۆمە نەبوون. تەنانەت رێبەرانی پارتی دێموکراتی کوردستان لە نێو خۆشیان دا سەبارەت بە ئەنجامدانی ریفراندۆم ڕایان وەک یەکیەک نەبوو و لە سەری کۆک نەبوون. مەسعوود بارزانی کە لە سەرەتاوە ریشی خۆی لە گرەوی ئەم ریفراندۆمە نا و بە جۆرێک گرەنتی بە خەڵکی کوردستان دا، رەنگە دووهەم زیانباری ئەم ریفراندمە بوو. ئەو دەیویست لەو کۆتایی تەمەن و دەسەڵاتەی دا میراتێکی بە نرخ بۆ نەتەوەکەی بە جێ بێڵێ و ناوی زیاتر بە نەمری بمێنێتەوە بەڵام دەرەنجام بەو جۆرە نەبوو کە دەیویست. دەرەنجام ناچار بوو لە سەرۆکایەتیی حوکمداریی کوردستان بچێتە دەر و گۆڕەپانەکە بە جی بێڵێ. بەشی زۆری دەسەڵاتەکەشی رادەستی نێچیروان بارزانی کرد. بەوەش سەرەڕای ئەوە کە هەم پارتی و هەم حکومەتی هەرێم لەم یاریەدا کیش بوون، بەڵام لە ناوخۆی پارتی دێموکرات دا باڵی مەسروور بارزانی کە بە باڵی پاراستن ناسراوە لە بەرامبەر باڵی نێچیروان بارزانی کە باڵی حکومەتە، شکا. ئەگەر کوردستان بێ خەسار لە ئەنجامدانی ریفراندۆم دەرباز با، و باڵی مەسروور بارزانی کە بە جۆرێک میعماری ئەم ریفراندۆمە بوو، سەرکەوتوو دەبوو. لە راستی دا دەزگا سیخوڕیەکانی هەر دوو حیزبی دەسەڵاتدار، واتە پاراستنی پارتی بە سەرۆکایەتیی مەسروور بارزانی و زانیاریی یەکێتی بە سەرۆکایەتیی لاهوری شێخ جەنگی، هەر کام بە ئاراستەی جیاواز دا، دۆڕاوانی سەرەکیی ئەم ریفراندۆمە بوون.
لە ناو یەکێتی دا دەکرێ بڵێین کۆسرەت رەسووڵ عەلی لە رووی ئیخلاقی سیاسی، باوەڕی قووڵ بە کوردایەتی و بەرخودانی پێشمەرگانە براوە بوو بەڵام لە ئاستی کوردستان دا لە گەڵ مەسعوود بارزانی شەریکی زیان و دۆڕان بوو. بەڵام قوباد تاڵەبانی و بەرهەم ساڵح کە لە گەڵ نێچیروان بارزانی سێ گۆشەیەک بۆ پێڕەو کردنی سیاسەتی میانەڕەوی و سازان پێک دێنن، لە باری سیاسی‌یەوە براوە بوون. ئەوان هەم لە ئاستی کوردستان و هەم لە ئاستی عێراق، هەم لە ئاستی ناوچە و هەم لە ئاستی دنیا دا بە لاگرانی توافق و سازان ناسراون. لەوە بە دوا ئەم سیانە لە گۆڕەپانی سیاسیی کوردستان دا زیاتر دەور دەگێڕن. وێدەچێ باڵی پاراستنی پارتی دەرکی بەوە کردبێ بۆیە لە ئێستاوە کەسانی نیزیک لە پاراستن بە هەڵبەستنی تۆمەت و لەقاودان، هێرش بۆ سەر بەرهەم ساڵحیان دەست پێ کردوە. هۆکاریش ئەوەیە کە لە ناو پارتی بە تایبەت لە ناو بنەماڵەی بارزانی دا کێشەکان ناخرێنە دەرەوە و بە پێی پڕەنسیپ و ئیخلاق، ململانێکان هەر لە ناو بنەماڵە یان لە ناو پارتەکەدا دەهێڵنەوە. بۆیەش بە جێی هێرش بۆ سەر نێچیروان بارزانی، نووکی رمبیان رووی لە بەرهەم ساڵحە. ئەو هێرشانە بە تایبەت دوای ئەو قسەیەی د. بەرهەم پەرەی گرت کە وتی بە جێی هێرش و خوێنڕشتن، با دەوڵەتی عێراق کەیسی ریفراندۆم بباتە دادگای فیدراڵی و دادگا بڕیاری لە سەر بدا. دوا جاریش دەرکەوت کە د. بەرهەم ئاماژەیەکی درووستی داوە. بە پێچەوانەی چاوەڕوانیەکان، ئەمڕۆ دادگای فیدراڵی عێراق رایگەیاند کە ناتوانین بڵێین ریفراندۆم نادەستووری بووە.

۷/۲۹/۱۳۹۶

ئەو دەرسانەی کە دەبێ لە دۆخی دوای ریفراندۆم وەرگیرابن


١- ریفراندۆم و سەربەخۆیی بە ماڵی یەکخراوی کورد دەکرێ نەک ئەوە کە لایەک بیکا بە کەرەسەی لاوازکردنی ئەویدی، یان ئەوانیدی بە نابەدڵ بە دوای خۆی و دۆزەکەدا پەلکێش بکا.
٢- ریفراندۆم و سەربەخۆیی پرسێکی گشتی و نەتەوەییە کە دەبێ هەموان خۆی تێدا ببینەوەو هەموان دەستی پاشباری بدەنێ. ئەم بارە قورسە بە حیزبێک و لە حیزبەکەش دا بە تاکێک هەڵناگیرێ ئەگەر زۆر زۆریش دڵسۆز و لە ئامانجەکەی دا سادق بێ.
٣- ریفراندۆم پڕۆسە و خواستێکی دێموکراتیکە. ناکرێ لە کاتێک دا کە دەرگای پارلمان، وەک بەرچاوترین نیشانەی دێموکراسیت گاڵە داوە، پەنا بۆ ئەم خواستە دێموکراتیکە بەری.
٤- لە ناوچەیەک دا کە هێز و چەک قسەی یەکەم دەکەن، نابێ پێت وا بێ چونکە پێشمەرگە بە پشتیوانیی فرۆکەی هاوپەیمانان، بە سەر داعشی هەرچەند زۆر دڕندە بەڵام بێ پشتیوان دا سەر کەوت، ئیدی کاری دیکەی نەماوە.
٥- ئەگەر لە هیچ بەشێکی دیکەی بەڕێوەبەریی وڵاتیش دا یەک ئیدارەیی نەکرابێ، لە نانی شەو پێویستتر ئەوەیە کە سپای کوردستان لە هێزی پێشمەرگەی لێکدرواوی حیزبەکانەوە ببێ بە سپایەکی نیشتمانی و لە دەست حیزب و بنەماڵە رزگار بکرێ رۆحی نیشتمانی و نەتەوەیی بە بەردا بکرێ.
٦- حاسڵی بەرگری لە حوکمی بنەماڵەیی ئەوەیە کە ئەمڕۆ بنەماڵەیەکی دیکە بە ناشیرینترین شێوە پەنای بۆ هەمان حوکم بردوەو لە پێناو هێژەمۆنیی بنەماڵەدا تەنانەت خیانەتیش بە ڕەوا دەزانێ.
٧- ئەوەی کە لە باشووری کوردستان دەبێ چارەنووسی خۆی دیاری بکا، ئەو کوردانەن کە خەڵکی هەرێمی کوردستانن. کوردی بەشەکانی دیکە ئەگەر بە کۆمپلێتیش لە گەڵ پرسێکی پێوەندیدار بە باشوور بن، هەر دەتوانن پشتیوان بن و دیاریکەری چارەنووس نین.
٨- باشوور ئەوەی هەیەتی لە سایەی وڵاتانی رۆژئاوا بە تایبەت ئەمریکا دا دەستەبەری کردوە. لە کاتێک دا لە هەموو ناوچەکە دۆستێکی راستەقینەت نەبووەو نییە، ناکرێ لە گرتنەبەری ئامانجەکانت دا وڵامی خواست و داوا و تێبینیی ئەمریکا و رۆژئاوا نەدەیتەوە تەنانەت ئەگەر داواکەیان بە قازانجیشت نەبێ. نەتیجە ئەوەی لێ دەکەوێتەوە کە دەبینین. هەستم کردوە هیندەمان درۆ لە گەڵ ئەو وڵاتانە کردوە کە ئەمڕۆ زۆر بە سەختی بڕوا بە راستەکانیشمان دەکەن.
٩- شەقام و کۆمەڵگای مەدەنی هێزی راستەقینەی گەلە. ئەو هێزە دەبێ لە پاڵ هێزی پێشمەرگە دا، بۆ سەربەخۆیی و مافە نەتەوەییەکان بە گرینگ بزاندرێ، پەرەی پێ بدرێ و گوێی لێ بگیرێ. ئەوەش یەکشەوە نایەتە دی ئەگەر بە درێژایی دەسەڵاتداریەکەت، لە حاند هێنانە ئارای خواستە مەدەنیەکان دا گوێت لێ نەگرتبێ، بەردەوام وەک هەڕەشە سەیرت کردبێ و سەرکوتت کردبێ.
بە هیوای سەربەخۆیی گشت کوردستان
بەڵێ بۆ سەربەخۆیی باشووری کوردستان

۷/۲۷/۱۳۹۶

ریفراندۆم؛ برینێک لە جەستەی ئێران کە دەبوو حەشد تیماری بکا


رۆژی ١٥ی ئۆکتۆبری ٢٠١٧، رێبەرانی یەکێتی و پارتی، بە ئامادەبوونی د. فوئاد مەعسووم سەرکۆماری عێراق و مەسعوود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە هاوینەهەواری دووکان لە سکرتاریەتی مام جەلال وەک شوێنێکی رەمزی، کۆ بوونەوە. کۆبوونەوە تایبەت بوو بە قسە کردن و بڕیاردان سەبارەت بە چۆنیەتی رێکخستنەوەی پێوەندیەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق لە سەر بنەمای پەیام یان گەڵاڵەیەکی پێشنیاریی بەغدا کە لە لایەن فوئاد مەعسوومەوە هێنرابوو. گەرچی لە ناوەرۆکی کۆبوونەوەکە زانیاریی روون لە دەست دا نییە و نازانین گەڵاڵەکەی بەغدا چی بوو و دوا جار لە لایەن کوردەکانەوە چی لێ پەسند و چی لێ رەت کرایەوە، بەڵام بەوەڕا کە هەموان بە رەزایەتیەوە لە هۆڵی کۆبوونەوە دەرکەوتن و بە پێی رەزایەتی زۆری سەرکۆماری عێراق لە دەرەنجامی کۆبوونەوەکە، دیار بوو کە هەولێر و بەغدا هەنگاوێکی گرینگ بۆ ساماڵ کردنەوەی ئاسمانی تاریکی پێوەندیەکانیان دەهاوێژن. هەر لە پەنا ئەوانەوە مێدیاکانی نیزیک لە کۆماری ئیسلامی و هێندێک مێدیای باشووریش چەندان خاڵیان لە دەرەنجامی کۆبوونەوەکە بڵاو کردەوە کە نیشانی دەدا هەولێر رازی بووە سپا و دەسەڵاتی حکومەتی عێراق بگەڕێتەوە بۆ ناوچە کوردستانیەکانی سەر بە بەغدا، نەوتی ئەو ناوچانە لە لایەن حکومەتی عێراقەوە بفرۆشرێ و لە بەرامبەر دا بەغدا مووچەی پێشمەرگە و فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دابین بکا. بەو پێیە هاتنەوەی سپای عێراق بۆ ئەو ناوچانە شتێکی سەیر و چاوەڕوان نەکراو نەبوو. تەنیا ئەوە مابوو کە دەرەنجامی کۆبوونەوەکەی دووکان لە لایەن سەرکۆمارەوە بۆ سەرۆک وەزیرانی عێراق بچێتەوەو بە دوای ئەوەدا دوو لایەن دەست بە جێبەجێ کردنی رێککەوتنەکەیان بکەن.

لە پاڵ کەین و بەینی نێوان هەولێر و بەغدا، لەشکرێکی حەشدی شەعبی وێڕای بەشێک لە سپای عێراق، لە سنووری نێوان کورد و عارەب، لە سان درابوو و جار و بار هەڕەشەی لە کوردستان دەکرد. وا دەزانرا کە ئەم لەشکرە زیاتر وەک کارتێکی گوشاری بەغدا بۆ سەر کوردەکان کۆ کراوەتەوە بۆ ئەوەی هەولێر بە مەرجەکانی بەغدا رازی بێ. هاوکات، مادام لایەنی کورد بە هاتنەوەی ئەو هێزانە لە رۆژانی داهاتوو دا رازی بوو، هاتن و مۆڵ درانیان بە لای سەرۆکایەتیی سیاسیی کوردستانەوە شتێکی زۆر نائاسایی نەبوو. بەڵام بابەتێک کە لێرەدا غایب بوو، ئەو برینە بوو کە ریفراندۆمی باشووری کوردستان لە سەر جەستەی کۆماری ئیسلامی بە جێی هێشتبوو. برینێک کە بە سازان و رێککەوتنی ئاشتیانەی نێوان بەغدا و هەولێر ساڕێژ نەدەبوو.

لە سیستەمی کۆماری ئیسلامی دا ئەگەر عەلی خامنەیی دژایەتیی ئاشکرای خۆی بۆ بابەتێک راگەیاند و زیاتر لە جارێک بە دژی هەڵوەستەی کرد، لە نێوان ئەو دوو خوێندنەوەیەدا دەبێ بۆی بگەڕێی؛ یا ئەوەتا بە دوای وەرگرتنی ئیمتیازەوەیە یان بە لای ئەو رێژیمەوە هێڵی سوورە و بەزاندنی، بریندار کردنی کۆماری ئیسلامییە. ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان لە خانەی دووهەم دا بوو و ئەنجامدانی برینێکی بە ژانی لە جەستەی ئەم رێژیمە بە جێ هێشت. هەر بۆیەش رێژیم دەبوو بە جۆرێک تۆڵە لە باشووری کوردستان بکاتەوەو ئەم برینەی ساڕێژ بکاتەوە. بۆ ئەوەش دەبوو شکۆی کوردستان کە ریفراندۆم هیندەی دیکەی بەرز کردبۆوە، بشکێنێ. بۆ گەیشتن بەم ئامانجە لەو سێ کارتە کەلکی وەرگرت:
١- لە کاتێک دا هێشتا وڵامەکەی کوردستان نەگەیشتبووە بەغدا، پێشمەرگە گەرچی ئامادە بوو بەڵام چاوەڕوانی هێرش نەبوو.
٢- وا دیارە ئەمریکا و هێزی هاوپەیمانانیش ئاگاداری سازانی نێوان هەولێر و بەغدا سەبارەت بە هاتنەوەی سپای عێراق بوون و ئەو هێزە عێراقیەش کە بەرامبەر بە کوردستان سانی گرتبوو، لای ئەوان بە ناوی سپای عێراق مۆڵ درابوو نەک بە ناوی حەشد. بۆیەش هاتنیان بۆ کوردستان لای هاوپەیمانان ئاسایی بوو.
٢- لەوانە گرینگتر تابووری پێنجەم (بافێل، ئاراس و لاهور تاڵەبانی)ی لە کوردستان و لە ناو پێشمەرگەدا ئامادە کردبوو تا دەروازەیەکی بێ بەرگری بۆ حەشدی شەعبی بکەنەوە بۆ ئەوەی ئەم هێزەی کە نوێنەرایەتیی ئێران و سپای پاسداران لە عێراق دا دەکا، بە سەر کوردستان و پێشمەرگەوە بکا بە پاڵەوان.
لە پاڵ ئەو سێ هۆکارە دا، رەنگە بیر لەوەش کرابێتەوە کە بەرەڵایی مێدیا لە کوردستان هەر زوو هیندەی دیکە ورەی پێشمەرگە و خەڵک دەڕووخێنێ و ئاشبەتاڵ و پاشەکشەی زیاتری لێ دەکەوێتەوە.

بەم جۆرە بە سێ تاکتیکی غافڵگیر کردن، فریودان و تابووری پێنجەم توانی شکستێکی گەورە بە سەر کوردستان دا بێنێ و ئیرادەی خەڵکی کوردستانی پێ بڕووخێنێ.

حەشد کە هاتە کوردستان، دەبوو رق و قینی ئێران و ئەو ئایدۆلۆژیایەش کە ئێران پێی تەزریق کردوە، بە سەر کوردستان دا بڕێژێ. رقی هەڵچووی ئێران لە ریفراندۆم دەبوو ئاوا بنیشێتەوە. هەر بۆیەش حەشد دەستی کرد بە سوکایەتیی بە خەڵک و هێما و رەمزەکانی کورد. ئەم هەڵسوکەوتە پڕ لە سوکایەتیەی حەشدی شەعبی کە ناڕەزایەتی و بەگژداچوونەوەی مەدەنیانەی خەڵکی کوردستانی بە دواوە بوو، ئاوارە بوونی رێژەیەکی زۆری خەڵکی ئەو ناوچانە و لە سەرووی ئەوانەش وشیار کردنەوەی ئەمریکا، سعودیە و بە تایبەت ئیسرائیل لە لایەن سەرۆکایەتیی سیاسی کوردستانەوە هۆکارە سەرەکیەکان بوون تا هاوپەیمانان سەبارەت بە کوردستان وەخۆ بێنەوە و بەغدا ناچار بە کشاندنەوەی ئەو هێزە بکەن.

۷/۱۴/۱۳۹۶

ماڵاوایی لە سکرتێری ناکۆکەکان

هەر ئێستا رێورەسمی ناشتن و پرسەی مام جەلال بەڕێوە دەچێ. زۆربەی هەرە زۆری کاناڵە تلویزیۆنیەکانی باشوور راستەوخۆ رێورەسمەکە بڵاو دەکەنەوە. رێورەسمێک کە پڕە لە ناتەبایی. هەر لە مارشی عێراقەوە تا سروودی ئەی رەقیب کە ئەم رۆژانە زیاتر لە هەر کات لێک دوژمنن، لە بەشداریی وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە تا رێبەرانی حیزبەکانی رۆژهەڵات، لە پەیامی سەرەخۆشیی ئەردۆغان و ئەسەدەوە تا پرسەنامەی پەکەکەو راگەیاندنی سێ رۆژی ماتەمینی لە رۆژئاوا، لە ئاڵای نیوە داکێشراوی سەر بانی باڵیۆزخانەی کۆماری ئیسلامی تا ئاڵا و ئارمی نیوەهەڵدراوی سەر قەڵای دێموکرات، لە پەیامی پڕ لە هاودەردیی کەسایەتی و رێبەر و حیزبەکانەوە تا تۆمەت و وردە جنێوی هێندێک لە ئەندامانی خوارەوەیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان دا، لە خوێندنی قورئانەوە تا لێدانی سروود، لە قوڕپێوان و سینگ کوتانەوە تا گێڕانەوەی نوکتە خۆشەکانی.. 
ئەم ناتەباییانە ئاوێنەی باڵانوێنی ژیان و خەباتی مام جەلال و دەرەنجام و حاسڵی خەباتی ئەون. هەر لە منداڵی بنەماڵەیەکی شێخ و فیئودالەوە تا خەبات بۆ نەهێشتنی چەوساندنەوەو سەرمایەداری، لە خۆ دۆزینەوە لە بەرەی چەپ دا و میوان بوون لە وڵاتانی سوسیالیستی و مائۆئیستی‌یەوە تا سەردانی عەرەبستان و زیارەتی حج، لە شەڕی توند و خوێناوی دژی دەسەڵاتی عێراق تا دانیشتن لە سەر تەختی سەرکۆماری لە بەغدا، لە قسەکردن بۆ پۆلێک پێشمەرگە لە خڕی ناوزەنگەوە تا ئاخاوتن لە پشت تریبونی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویورک، لە شەڕ لە گەڵ کۆماری ئیسلامی و بوون بە هێزی پشتیوان بۆ پێشمەرگەی ڕۆژهەڵات تا سەردان و زیارەتی قەبری خومەینی، لە پێشمەرگایەتیی سەر چیاکانی کوردستانەوە تا جێگری سەرۆکی رێکخراوی ئەنترناسیوناڵ سوسیالیست... ئەو لە هەر ئاستێک لە بەرپرسایەتی دا بووبێ، چ لە پلەی سکرتێریی یەکێتیی نیشتمانی بە سێ هێڵی جیاوازەوە تا سەرۆکایەتیی کۆماری عێراقی پڕ لە حیزب و نەتەوە و ئایینی جیاواز، رێبەریی ناتەباییەکانی کردووە و کۆکەرەوەی ناکۆکیەکان بووە. لە پێناو ئامانجەکەی دا دۆستایەتیی لە گەڵ دوژمن و دۆست کرد و لە تەنگانان دا دۆست و دوژمن هانایان بۆ دەبرد.
بە هەموو ئەو رەخنانەش کە لە کارنامەی خەباتی ئەو پیاوە هەیە، لە حاڵێک دا کە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، عێراق و کوردستانیش پڕن لە ناتەبایی، نالێکی و ناکۆکی، ئەوە تەنیا سەرکردەیەکی وەک مام جەلال و کارنامەی ئاڵۆزی خەباتەکەی بوو کە دەیتوانی لە کوردستان و عێراق دا ئەو هەموو ناکۆکی‌یە لێک کۆ بکاتەوە، لە گەڵیان هەڵبکا و هەوڵ بدا لە گەڵ یەکتر هەڵبکەن. 
ماڵاوا مام



مامی باران

شێعری شاعیری فارس سەید عەلی ساڵحی

مامۆستا... یا جەلال!
لوتکە بەرزەکانی "ژانی گەل"
چاوەڕێتن،
تۆ لێرە
لەم بەغدای بنی عەباسەدا چ دەکەی؟!
مامۆستا ... یا جەلال!
مناڵانی تینووی شەنگال
چاوەڕێتن،
تۆ لێرە
لە سەر دۆشەگی ماندووی ئەم رۆژگارە چ دەکەی؟!
مامۆستا ... یا جەلال
سپێدەی ئازادیی مرۆڤ
چاوەڕێتە،
تۆ لێرە
لە ناو دڵی بێ ئۆقرەی من دا چ دەکەی؟!
هەستەوە مامۆستا...!
بە یەکەوە
بەرەو لوتکە بەرزەکانی "ژانی گەل" دەگەڕێینەوە
خۆشیی بێ کۆتایی
چارەنووسی بێ ڕاڕایی کوردستانە

 --------------------------------------------- *** ---------------------------------------------------

"عموی ِ باران ها"
شعر تازه ای از سیدعلی صالحی
ماموستا...یا جلال!
قله‌های بلندِ ژانی گَل
چشم به راهِ توست،
تو اینجا
در این بغدادِ بنی عباس چه می کنی؟
ماموستا...یا جلال!
کودکانِ تشنه ی شنگال
چشم به راهِ توست،
تو اینجا
در بسترِ خسته ی این روزگار چه می کنی؟
ماموستا...یا جلال!
سپیده دَمِ آزادیِ آدمی
چشم به راهِ توست،
تو اینجا
در قلبِ منِ بی قرار چه می کنی؟
دوباره برخیر ماموستا...!
ما با هم
به قله های بلندِ ژانی گَل بر می گردیم:
شادمانیِ بی پایان
سرنوشتِ تردید ناپذیرِ کردستان است.

۷/۱۲/۱۳۹۶

غەیبەتی رێبەرێکی تەوافقی و هەڵوەشانەوەی تەوافق


رێبەرانی سیاسی بە گشتی بە سەر سێ دەستە دا دابەش دەکرێن؛ فکری، تەشکیلاتی و تەوافقی. مام جەلال لەو رێبەرانە بوو کە لە دەستەی سێهەم دا پۆلێن دەکرێن. رێبەرێکی بە تەواو مانا تەوافقی. رێبەری "چەپکە گوڵەکە". 
تەوافق و سازان لە گەڵ مێژووی خەباتی سیاسیی مام جەلال دا متوربە کراوە. پێکهێنانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە سێ رەوتی سوسیالیست، کۆمەڵە و خەتی پان و پاراستن و رێبەریی کردنی ئەو یەکێتی‌یە بە درێژایی دەیان ساڵ، وێنەی هەرە بەرچاوی کارنامەی خەباتی رێبەرێکی تەوافقی‌یە. ئەم تایبەتمەندیەی مام جەلال لە شکڵ و شێوەی دیکەش دا چەندان جار خۆی نواند و دووپات کرایەوە. لەوانە دەسپێشخەری بۆ پێکهێنانی بەرەی جوقد و دواتر بەرەی کوردستانی، تەوافق لە گەڵ پارتی بۆ ئیدارەی هەرێمی کوردستان بە شێوەی فیفتی فیفتی و دواتر مۆرکردنی پەیماننامەی ستراتژی لە گەڵ ئەو حیزبەو سەرەنجام داڕشتنەوەی ستروکتوری سیاسیی عێراق لە سەر بنەمای تەوافق.

گرینگترین تایبەتمەندیی رێبەرانی تەوافقی ئەوەیە کە بە ئاسانی و بێ چارەسەری بنەڕەتی، بە سەر جیاوازیەکان دا باز دەدەن، کێشەو نێوان ناخۆشیەکان بە قسەی خۆش چارەسەر دەکەن و لە سەر یەک کاراکتەری سازان و پێکەوە هەڵکردن و لێک گرێدانن. ئەم تایبەتمەندیانەی رێبەرێکی تەوافقیی وەک مام جەلال بوو کە بەردەوام گرێ کوێرەکانی پێکەوە نەسازانی ناتەباییەکان لە ناو یەکێتی، لە باشووری کوردستان و لە عێراقی دوای سەدام حوسێن، هەر بە دەستی خۆی دەکرانەوە. تا ئاستێک کە بەشێک لە چاوەدێرانی سیاسی پێیان وایە زۆربەی نەهامەتیەکانی ئەم چەند ساڵەی دوایی عێراق، هەر لە هاتنی داعشەوە تا هەڵوەشانەوی تەوافقی نێوان بەغداو هەولێر، لە ناکۆکیەکانی ناوماڵی کوردی باشوورەوە تا فڕان فڕانی ناو سەرکردایەتیی یەکێتی، بۆ غەیبەتی مام جەلال دەگەڕێتەوە. بۆچوونێک کە تا رادەیەکی زۆر دەتوانێ درووست بێ. چونکە مەرگ، خاڵی هەرە لاوازی رێبەریی رێبەرانی تەوافقی‌یە. تەوافق، رێککەوتن و پێکەوە سازانێک کە لە سەر دەستی ئەوان پێک دێ، ئاستەمە بە کەسانی دیکە بپارێزرێ. دوای نەمانیان لە سەر گۆڕەپانەکە و پڕ نەکردنەوەی جێگای بەتاڵیان بە رێبەر یا رێبەرانی هاوشێوە، وەک ئەوەیە کە ئاڵقەی وەسڵی جیاوازیەکان بترازێ. هەر بۆیە دوای مەرگی ئەوان، سازانەکان دەبنەوە بە کێشە، کێشەکان لە سەر یەک کەڵەکە دەبن و سەرەنجام دەتەقێنەوە.
کەسێ کە دوای نەخۆشکەوتنی مام جەلال و رەنگە ئێستاش، چ لە ناو یەکێتی، چ لە باشووری کوردستان و چ لە عێراق دا دەتوانی رۆڵی ئەو بگێڕێ و جێگای پڕ بکاتەوە، بە ئەگەری زۆر د. بەرهەم ئەحمەد ساڵحە. بەڵام ئیدی ئیستا دۆخەکە وایە کە ئەو خۆی پێویستی بە کەسانی دیکەی رێڕەوی مام جەلال لە ناو سەرکردایەتیی یەکێتی دا هەیە تا تەوافقی لە سەر بکەن و وەک رێبەر قەبوڵی بکەن.

۷/۱۱/۱۳۹۶

ناتانیاهو و قەڵسەگێڕان لە سەر حیسابی کورد

بە پێچەوانەی پێخۆشبوونی بەشێک لە کوردان، ئەمن پشتیوانیی ناتانیاهو لە ریفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستانم پتر وەک قەڵسەگێڕان لە وڵاتانی دەوروبەر دیت. قەڵسەگێڕان لە سەر حیسابی کورد و ئەو هەوڵەی کە بۆ پشتراست کردنەوە ئەنجامی دا. 

ئیسرائیل بۆخۆی زۆر باش دەزانێ کە پشتیوانیی ئاشکرای لە هەر گۆڕانکاریەکی رۆژهەڵاتی ناوەراست، خزمەت بە بەرەوپێشچوون و بە ئاکام گەیشتنی ناکا و بە زیانی رەوتەکە دەشکێتەوە. رێبەرانی ئیسرائیل و بەرپرسانی مووساد، وەک چۆن تا ئیستا هەزاران کاری گەورەیان بۆ دۆستەکانیان کردوەو نەیانهێشتوە کەس پێ بزانێ، دەیانتوانی لە نفووز، لۆبی و توانایی خۆیان بۆ کۆکردنەوەی پشتیوانی لە سەربەخۆیی کوردستان کەلک وەرگرن. نەک وەک ئیستا کە بۆ قەڵسەگێڕان لە وڵاتانی ئیسلامی و وڵاتانی جیرانی باشووری کوردستان، ئاوا دەهۆڵ لە سەر سەری کورد دەکوتن و دوژمنان لە دژی کورد کۆک و بەسیج دەکەن.

لە گەڵ ئەوەدا کە پێوەندیەکە لە جێی خۆیەتی و تا بەهێزتر بکرێ باشترە بەڵام خۆڕانانی کورد لە سەر حیسابی دۆستایەتی لە گەڵ ئیسرائیل و قەڵسەگێڕانی ئیسرائیل لە سەر حیسابی سەربەخۆیی کوردستان، بە زیانی کوردی بێ پشتیوان و کوردستانی دەورەدراو بە دەسەڵاتە ئیسلامیەکانە. ئەمە دەتوانێ فاکتەرێکی گرینگ بێ بۆ دوژمنانی کورد کە لە دژی کورد، بە ئاسانی لە دەوری یەک کۆ ببنەوە.

لە دوا کۆنفرانسی رۆژنامەوانیی بەڕێز مەسعوود بارزانی‌دا هەستم کرد کە بەڕێوەبەرانی ریفراندۆمیش هیچ بەو دەهۆڵ کوتانەی ئیسرائیل کەیفخۆش نین. بەڕێز بارزانی لە وڵامی پرسیارێکی پێوەندیدار دا گوتی ئەوانەی هەنگاوەکانی ریفراندۆم بە پلانی دامەزراندنی ئیسرائیلی دووهەم لە ناوچەکە دەشوبهێنن، زۆر سەخیفن. لە حاڵێک دا رەنگە کەسانێ چاوەڕوان بوون لە حاند پشتیوانیی ناتانیاهو لە ریفراندۆم، ئەویش پشتیوانی لە ئیسرائیل بکا.
سێ ساڵ لەوە پێش سەرۆکی ئەنستیتۆی مێری لە ھەولێر گوتی: "گەورەترین یارمەتیی اسرائیل بە ئێمە ئەوەیە کە نەڵێن یارمەتیمان دەکەن".

۷/۱۰/۱۳۹۶

"کوردستان - عێراق" بۆ کۆنفیدرالیزە کردنی عێراق


لە مێژووی تێکۆشانی سیاسیی کورد لە باشووری کوردستان، رەنگە جاری دیکەش پێکهاتەیەک بە ناوی "سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان - عێراق" ساز بووبێ بەڵام ئەمەی ئیستا، کە بەر لە ریفراندۆم ناوی "ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم" بوو، دەکرێ سێ مەبەست لە هەڵبژاردنی ناوەکەیدا هەبێ:

١- کوردستان هەر وا لە گەڵ عێراقە بەڵام بە پێچەوانەی دەستەواژەی "کوردستانی عێراق"، لێرەدا کوردستان هی عێراق نییە. ئەمە لە بۆچوونی ئەو کەسانەمان نیزیک دەکاتەوە کە بەر لە ریفراندۆم پێیان وا بوو ئامانجی ریفراندۆم لانیکەم بۆ ماوەی چەند ساڵ، بە کۆنفیدراڵی‌ کردنی عێراق و پێکهێنانی کۆنفێدراسیۆنی عێراق لە دوو فێدراسیۆنی کورد و عەرەب یان سێ فێدراسیۆنی کورد - عەرەبی سوننەو عەرەبی شیعەیە.

٢- دەستەواژەی "کوردستان - عێراق" کە بە رواڵەت جێگای "هەرێمی کوردستان"ی گرتوەتەوە، رووی لە کۆی باشووری کوردستانەو بە تایبەت سیلەی لە ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان گرتوە. واتە لانیکەم ئامانجی نیوەمەودای ریفراندۆم گەڕاندنەوەی ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی هەرێم بۆ سەر فیدراسیۆنی کوردستانە.

٣- "کوردستان - عێراق" گەرەکیەتی ئەو پەیامە بە وڵاتانی تورکیە و ئێران بدا کە چوارچێوەی تێکۆشان و ئامانجی ئەوان عێراق و کوردستان - عێراقەو کاریان بە سەر کوردستانەکانی لکاو بەو وڵاتانەوە نییە. بەوەش دەخوازن ئەو دوو وڵاتە لەو هەموو دژایەتی‌یە خاو بکەنەوە.

بابەتی نوێ:

حیزب وەک سەنتەر، ستراتژیی حیزب وەک سەنتێز

سەردەمی ئێستا، سەردەمی بەئاگاهاتنەوەی هەرچی زیاتری نەتەوە بندەستەکانە. سەردەمی ‏هەوڵدانی بە کۆمەڵی کۆمەڵگا ژێردەستەکان بۆ سڕینەوەی سێبەری دا...