که‌مپینی یه‌کبوون که به بڵاو کردنه‌وه‌ی بانگه‌وازێک بوونی خۆی راگه‌یاند، زۆری نه‌خایاند له‌گه‌ڵ پێشوازیی گه‌رمی ئه‌ندامان ولایه‌نگرانی حیزبی دێموکرات به‌ره‌وروو بوو. ئه‌و پێشوازیه نیشانده‌ری ئه‌و راستیه بوو که مه‌یل بۆ لای یه‌کگرتنه‌وه ویه‌کبوونه‌وەی دووباره‌ی حیزب، ویستی ژماره‌یه‌کی زۆر له ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی حیزبه. دیاره ئه‌گه‌رکه‌سانێک هه‌ن که لایه‌نگرییان لێ کردووه، هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه تا ئیستا که‌سانێکیش هه‌ن که بهربهرهکانێیان له‌گه‌ڵ کردووه وکۆسپیان خستوه‌ته سه‌ر رێگای. دیاره ئه‌وه شتێکی سروشتییه چونکوو یه‌کبوونه‌وه زیان به به‌رژه‌وه‌ندی که‌سانێک ده‌گه‌یه‌نێ که به‌هۆی لێک‌دابڕان پله‌و پایه‌یه‌کیان به نسیب بووه. سه‌یر ئه‌وه‌یه که موخالیفه‌کانیش به‌رواڵه‌ت دان به‌وه‌دا ده‌نێن که یه‌کبوونه‌وه و یه‌کریزی و دیالوگیان پێ باشه به‌ڵام له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵێک ئه‌مما و ئه‌گه‌رو مه‌رج دانان که له راستیدا هه‌ر وه‌ک موخالیفه‌ت وایه. به گشتی ئه‌گه‌ر قسه له ده‌ستکه‌وت بکه‌ین له‌وانه‌یه شتێکی کۆنکریت و مه‌لمووسمان به ده‌سته‌وه نه‌بێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی که باسی یه‌کبوونه‌وه چووه‌ته نێو به‌ده‌نه‌ی هه‌ردوو به‌شی حیزب و به شیوه‌ی جۆراوجۆرله کۆر و کۆبوونه‌وه‌کاندا ده‌که‌وێته به‌ر باس، جێی خۆشحاڵییه. چونکوو ئه‌و باسکردنانه بۆخۆی به‌مانای بوونی کێشه‌یه‌که که هه‌ڵده‌گرێت به شوێن رێگه‌چاره‌دا بگه‌رێیت.
کەسانێک پێیان وایە کەمپەین و کومیتەکەی لە دامەزرانیەوە تا ئێستا رەوتی روو بە هەڵکشانیان بە خۆوە نەدیتوە. ئەوە لە روانگەی ئێوەوە چۆن چاو لێ دەکرێ؟
پیم وایه تێگه‌یشتنێکی هه‌ڵه له ره‌وتی یه‌کبوونه‌وه له ئارادایه. هه‌ڵه تێگه‌یشتنه‌که ئه‌وه‌یه که یه‌کبوونه‌وه ته‌نیا به کاری کومیته یان چه‌ند که‌سێکی ده‌ست نێشانکراو داده‌نرێ. بۆیه ئه‌گه‌ر هه‌ر رۆژ له لایه‌ن ئه‌و که‌سانه‌وه هه‌واڵێک بڵاو نه‌کراوه مانای ئه‌وه‌یه که ره‌وتی یه‌کبوونه‌وه رووی له کزی کردووه یان به‌پێچه‌وانه‌وه. موخالفه‌کانی یه‌کبوونیش توشی هه‌مان هه‌ڵه‌ی لێکدانه‌وه بوون. ئه‌وان پێیان وایه به هه‌ره‌شه و گوره‌شه یان سزادانی چه‌ند که‌سایه‌تیه‌ک له کومیته‌ی یه‌کبوون دا ده‌توانن ره‌وتی یه‌کبوون په‌ک بخه‌ن. له کاتێکدا که ئه‌و ویسته پێش له راگه‌یاندنی بانگه‌وازه‌که‌ش له ناخی ئه‌ندامان و لایه‌نگراندا هه‌ر هەبووه. بۆیه نابێ که پێشکه‌وتن یان نه‌که‌وتن ته‌نیا له چالاکی کومیته‌دا ببیندرێت. هه‌رچه‌ند نکۆڵی له‌وه ناکری که به‌رنامه‌رێژی و هیدایه‌تی ره‌وته‌که ئه‌رکی کومیته‌یه. ئه‌وه له‌لایه‌ک، له لایه‌کی دیکه‌وه یه‌کخستنه‌وه یان به یه‌ککردنه‌وه‌ی لایه‌نه‌کان به ته‌نیا له ده‌ست یه‌کبوونخوازاندا نیه به‌ڵکوو به‌ستراوه‌ته‌وه به کۆمه‌ڵێک هه‌لومه‌رج وباودۆخی تایبه‌ت. له‌وانه‌یه هه‌لومه‌رجێک له باری سیاسیه‌وه له داهاتوو دا بێته کایه‌وه که ره‌وته‌که توندتر یان ئه‌هوه‌نتر بکاته‌وه که به‌ده‌ر له ئیراده‌ی یه‌کبوونخوازانە.
زۆر جار دوو لایەنی حیزبی دێموکرات لە بەیان و راگەیەندراوەکانیان دا بە زیان یان قازانجی یەکگرتنەوە قسە دەکەن، بەڵام ئێوە لە بەرامبەر هەردوکیان دا بێدەنگی هەڵدەبژێرن. لە کاتێکدا رەنگە زۆر کەس چاوەڕوانی هەڵوێستی بە وەخت لە ئێوە بن. بۆچی بێدەنگی هەڵدەبژێرن؟
که‌مپینی یه‌کبوون خۆی له‌ناخی هه‌موو ئه‌و ئه‌ندامه یه‌کبوونخوازانه دا ده‌بینێته‌وه که له‌هه‌ر دوو لادا تێکۆشانیان هه‌یه. رێبه‌رانی هه‌رلایه‌ک که به دژ یان به موافقی ره‌وتی یه‌کبوون لێدوان ده‌ده‌ن نه‌خش و روانگه‌ی خۆیان له‌و بواره‌دا ده‌ر ده‌خه‌ن و روویان له جه‌ماوه‌ری خه‌ڵک و ئه‌ندامانی حیزبه، پێویست ناکات به ده‌ربرینی هه‌ر بۆچوونێک کومیته‌ی یه‌کبوون ده‌ست به‌جێ هه‌ڵویست بگرێت. له‌و کاته‌دا له‌وانه‌یه ئێمه ببینه هۆی قووڵتر کردنه‌وه‌ی که‌لێنی نێوان دوو لایه‌نه‌که.
ئێوە بە پێی رەواڵ ئەو کاتانە هەڵوێست دەگرن کە هەردولا شتێک پێچەوانەی هەڵوێستی ئێوە دەرببڕن. یان بە واتایەکی دیکە هەڵوێستتان هەمیشە وا بووە کە بتوانن بە شیوەی رێژەیی رەخنە لە هەر دوو لا بگرن. ئەوەش لە روانگەی چاوەدێران بۆ ئەوەیە کە لایەنێک تانەی لایەنگری لە لایەنەکەی دیکەتان لێ نەدا. پێتان وا نیە کاتی ئەوە هاتووە کە لە سیاسەتی رەخنەی نیوە بە نیوە خۆ دوور بگرن؟
ئه‌وه‌ی که ئه‌گه‌ر هێرشێک بکرێته سه‌رمان یان به‌شتێک تاوانبارمان بکه‌ن که ئێمه لێی به‌ری بین، پێویسته له وه‌ها حاڵه‌تێکدا وه‌ڵامی خۆی پێ بدرێته‌وه و راستیه کان به خه‌ڵکی بوترێت. ئێمه زۆر جار باسی ئه‌وه‌مان کردوه که نه ده‌ستکردی لایه‌نێکین نه ئامرازی ته‌بلیغاتی بۆ لایه‌نێک به دژی لایه‌نێکی دیکه. هه‌روه‌ها که‌مپینی یه‌کبوون نه لایه‌نێکی سێهه‌مه (ماوه‌یه‌ک ئه‌وناوه‌یان وه‌دوا خستبووین) نه لایه‌نگری لایه‌ک و نه‌یاری لایه‌کی دیکه. ره‌وتی یه‌کبوون به‌گشتی له‌ناخی هه‌موو ئاشتیخوازان دایه و هاورای به‌شێکی زۆر له ئه‌ندام و لایه‌نگرانی هه‌ردوو به‌شی لێکدابراوی حیزبه به تایبه‌تی. ئێمه باش ده‌زانین که ئه‌وه رێبه‌رانی حیزب بوون که جه‌سته‌ی حیزبیان شه‌ق کرد ئیستاش رێبه‌رایه‌تی ده‌توانێ به هه‌ست کردن به ئه‌رکی گرانی سه‌ر شانیان و وه‌ڵام به داخوازی یه‌کبوونخوازان، ئه‌و برینه سارێژ بکاته‌وه. خۆزیا وا نه‌بوایه‌و به‌ده‌نه‌ی ئه‌وحیزبه توانایی خۆی به بێ چاوه‌روانی له رێبه‌رایه‌تی بۆ سه‌ریه‌کخستنه‌وه‌ی حیزب وا بخستایه‌ته گه‌ڕ که یه‌کریزی و یه‌کبوونه‌وه‌ی به سه‌ر رێبه‌رایه‌تیدا بسه‌پاندایه به‌ڵام راستیه‌که ئه‌وه‌یه که رێبه‌رایەتی بریاره‌کان ده‌دات و به‌رێوه‌یان ده‌بات. هه‌ر بۆیه که‌مپین نایهه‌وێ به هه‌ڵوێستی ناوه‌خت ونابه‌جێ ئاگری دووبه‌ره‌کی خۆش بکات. له هه‌مان کاتدا چاوه‌روانی له‌و ئه‌ندامانه‌ی نێو ریزی رێبه‌رایه‌تی که هه‌ست به پێویستی نزیکبوونه‌وه و ته‌نانه‌ت یه کبوونه‌وه‌ش ده‌که‌ن، ئه‌وه‌یه که راشکاوانه‌تر بێنه مه‌یدان و ئه‌رکی نیشتمانی خۆیان به جێ بگه‌یه‌نن، گومانیان نه‌بێ که خه‌ڵک وه‌ها چاوه‌روانییه‌کیان لێیان هه‌یه وهه‌نگاوه‌کانیان به‌رز ده‌نرخێنن. موخالیفه‌کانی یه‌کبوون دژایه‌تی خۆیان له‌گه‌ل یه‌کبوونخوازان ناشارنه‌وه و چیان له ده‌ست بێت بۆ په‌کخستنی ره‌وتی یه‌کبوون ده‌یکه‌ن. ئه‌و رێبه‌رانه‌ش که به دڵ خوازیاری ئاشتی وته‌بایین جێی خۆیه‌تی ده‌نگی خۆیان به‌رزتر بکه‌نه‌وه و دیفاع له ئامانجه‌که‌یان بکه‌ن. به‌و شێوه ئه‌ندامه‌کانی لایه‌نگری یه‌کریزیش بێگومان پشتیان ده‌گرن.
باشە بە شێوەی کۆنکرێت و بە جیاواز داوای ئێوە لە حیزبی دێموکراتی کوردستان و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران چیە؟
ئیمه داوایه‌کی تایبه‌تیمان له هێج لایه‌ک به‌ته‌نێ نیه. داوای سه‌ره‌کی ئێمه چاره‌سه‌ری کێشه‌کانی نیوان دووبه‌شی حیزب له رێگای دیاڵوک و وتووێژه. حیزبی دێموکراتی کوردستان له لیدوانه‌کانی رێبه‌رانیدا باس له دانێشتن و ئاماده‌یی بۆ دیالوک به بێ مه‌رج ده‌کا و ئه‌وه نه هه‌ر لای ئێمه به‌ڵکوو له لای بیرورای گشتیش جێی په‌سه‌نده. لایه‌نی دیکه‌ش واتا حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران باس له چاره‌سه‌ری کێشه‌کانی له‌گه‌ل به‌شه‌که‌ی دیکه به شێوه‌ێ ئاشتیخوازانه ده‌کا و دیالوگ به گشتی ره‌د ناکاته‌وه به‌ڵام مه‌رجی تایبه‌تی بۆ ئه‌و دانیشتنانه هه‌یه و ئه‌ویش داوای گۆرینی ناوه‌که‌یانه. لێره‌دا جێی خۆیه‌تی ئه‌و پرسیاره له به‌رانبه‌ر هه‌ردوولادا دابنێین: ئه‌گه‌ر هه‌ردوولاتان دان به‌وه‌دا ده‌نێن که دیالۆگتان قه‌بووڵه، ئایا ناکرێ نه حدکا پێ له‌سه‌ر گۆرینی ناو دابگرێ و نه حدکیش هه‌وڵی ئه‌وه بدات هه‌ر ده‌بێ رووبه‌روو دابنیشن تا به‌و شێوه به فه‌رمی خۆیانیان پێ بناسێنن. وه‌ک له دیپلوماسیدا باوه، با ناراسته‌وخۆ له‌گه‌ل یه‌کتر دانیشن و به‌هۆی لایه‌نێکی سێهه‌م که جێگه‌ی په‌سه‌ندی هه‌ر دوولا بێت قسه‌کانی خۆیان به لایه‌نی به‌رانبه‌ر بگه‌یه‌نن. نموونه‌ی ئه‌و جۆره دانیشتنانه زۆرن. هه‌ر چه‌ند له‌وانه‌یه ئه‌و جۆره دانیشتنانه دڵخواز نه‌بن به‌ڵام بۆ قۆناخی ئیستا هه‌نگاوێکه له راستایه‌کی دروستدا.
ئایا دوو حیزب تا ئێستا بە رەسمی یان بە شێوەی غەیرە رەسمی دانیان بە بوونی رەوتێک بە ناوی رەوتی یەکگرتنخوازی کە پتر لە چوارچێوەی کەمپەینی یەکبوون دا کۆ بۆتەوە، داناوە؟
تائیستا لایه‌نی حدک هه‌م وه‌لامی نامه‌ی که‌مپینی داوه‌ته‌وه هه‌م دان به بوونیدا ده‌نێ .به‌لام لایه‌نی حدکا تا ئیستا به نووسراوه وه‌ڵامی نامه‌کانی که‌مپینی نه‌داوه‌ته‌وه .
دووپات کردنەوەی سیاسەتەکانی پێشووی حدکا لە لایەن کاک مستەفا هیجری لە گۆواری لڤین دا پێچەوانەی چاوەڕوانیی ئەو خەڵکە بوو کە پێیان وابوو بە دوای ئاشتی نێوان کاک حەسەن شەڕەفی کەسی دووهەمی ناو حدکا و مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەن زادە دیارترین کەسایەتیی ناو حدک، رێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران گۆڕانی لە سیاسەتەکانی دا پێک هێناوە یان پێک دێنێ. ئایا بە بڕوای جەنابت کاک حەسەن شەڕەفی پێچەوانەی سیاسەتی حیزبەکەی جوڵایەوە و بە پێی وتەکانی کاک مستەفا، هەڵەی کرد؟
ئه‌و حه‌ره‌که‌ته که به‌رێزکاک حەسه‌ن شه‌ره‌فی وه‌ک جێگری سکرتێری گشتی حدکا و به‌رێز مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەن زاده وه‌ک که‌سایه‌تی دیاری ناو حدک له رێوره‌سمی په‌رده لادان له سه‌ر مونۆمێنتی شه‌هیدکرانی دوکتور قاسملوو له وییه‌ن نیشانیاندا هه‌ر چه‌ند له‌خۆیدا حه‌ره‌که‌تێکی به‌جێ بوو، به‌ڵام زیاتر له‌وه که وه‌ک ئاشتی له نێوان نوێنه‌رانی دوو جه‌ره‌یانی سیاسی چاوی لێ بکرێ باشتره وه‌ک ده‌ربرینی سۆزێکی دۆستانه‌ی دووهاورێ و هاوسه‌نگه‌ری پێشووی یه‌کتر سه‌یربکرێت. چوونکو ئاشتی مانای خۆی هه‌یه به‌تایبه‌ت ئاشتیی سیاسی. ئاشتی ته‌نانه‌ت له‌نێوان دووکه‌سی ئاساییشدا دوای ده‌ربڕینی گله‌یی و گازه‌نده‌کان له یه‌کترو قه‌بووڵکردنی رخنه‌کان له یه‌کترو به‌کورتی گه‌یشتن به ته‌وافوق دێته کایه‌وه. وه‌ک ههنگاوێکی دروست له رێوره‌سمێکدا به‌ڵێ به‌ڵام وه‌ک شتێکی کاریگه‌ر له ره‌وتی یه‌کبوونه‌وه‌دا، به‌داخه‌وه، نه.
ئەوە راستە کە کێشە و ناکۆکیە چەند ساڵەییەکانی حیزبی دێموکرات خۆی زەمینەی ئەو لەتبوونە بوو. بەڵام کۆماری ئیسلامی زیاترین قازانجی لەو لەتبوونە پێ بڕا. ئایا دەتوانین بە شێوەی راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ شوێن پێی ئیتلاعات لەو لەتبوونەدا ببینینەوە؟
ئه‌و لێکدابڕانه شتێکی کوتووپڕو "خلق الساعه" نه‌بوو به‌ڵکوو ئاکامی که‌ڵه‌که‌بوونی کێشه چاره‌سه‌ر نه‌کراوه‌کانی کۆن بوو. چاره‌سه‌ره‌که‌یشی نه ئاسانه و نه کاری یه‌ک رۆژ و دوو رۆژه.
ئه‌وه‌ی که دوژمنانی گه‌لی کورد و له‌سه‌ره‌وه‌ی هه‌موان کۆماری ئیسلامی که‌ڵکی له‌و رووداوه وه‌رگرتبێت، قسه‌ی تێدا نیه و سروشتییه که کۆماری ئیسلامی ویستبێتی که‌لێنی نێوان دوو جه‌ناح له حیزب‌دا هه‌رچی زۆرتر قووڵ و به‌رینتر بێته‌وه. ئه‌و ریژیمه به درێژایی ته‌مه‌نی خۆی هه‌وڵی داوه که مۆره‌کانی خۆی بخزێنێته نێو ریزه‌کانی حیزبه‌وه. زۆر جاریش له‌و کاره‌دا ئه‌گه‌ر بۆ کورت خایه‌نیش بووبێت سه‌رکه‌وتوو بوه و زۆر جاریش مۆره‌کانی ئاشکرابوون و له حیزب وه‌ده‌رنراون. ئه‌وه‌ی که به‌داخه‌وه ده‌ره‌تانی له‌باری بۆ مۆره‌کانی ریژیم ده‌ره‌خساند که‌ش و هه‌وای ململانێیەکی ناسالم له نێو حیزب‌دا بوو. ئه‌و مۆرانه هه‌وڵیان ده‌دا به خۆ نزیک کردنه‌وه له جیناحێک پشتی خۆیان قایم بکه‌ن. مه‌به‌ستی من ئه‌و که‌سانه‌ن که به‌پێی رێنوینی ریژیم ده‌یانویست خۆ له نێو لاوانی به‌هه‌ست دا حه‌شار بده‌ن و بخزێنه نێو ریزه‌کانی حیزب و ئه‌رکه‌کانیان به‌رێوه به‌رن، ده‌نا هه‌ر وه‌ک وترا زۆر لاوی شۆرشگێر و نیشتمانپه‌روه‌ر هاتوونه نێو ریزه‌کانی حیزب و له‌وپه‌ری دڵسۆزیدا خزمه‌تیان به گه‌له‌که‌ی خۆیان کردوه. بۆیە نابێ حیسابی ئه‌و لاوانه له گه‌ل هیندێک سیخۆر که به زۆری پەته‌یان ده‌که‌وته سه‌ر ئاو و له حیزب وه‌ده‌ر ده‌نران تێکه‌ڵ بکرێت. به‌و حاڵه‌ش ناکرێ به دڵنیاییه‌وه بوترێ که هیچ مۆره‌یه‌کی رژیم نه‌یتوانیوه خۆی له نێو ریزه‌کانی حیزب‌دا مه‌ڵاس بدات. گومانی تێدا نیه که ئه‌و جۆره که‌سانه زۆر به وریایی و به پێی ئه‌و رێنوێنیانه که وه‌ریانگرتوه، یان به که‌ڵک وه‌رگرتن له‌و ئیمکاناته به‌رفراوانه‌ی پیوه‌ندی که ئیستا له‌به‌رده‌ست دایه وه‌ک تۆری ئینترنیت، موبایل و... رۆژانه‌ش رێنوێنی وه‌رده‌گرن و ئه‌رکی خۆیان به پێی راسپارده‌کانیان به‌جێ ده‌گه‌یه‌نن. سه‌ره‌رای ئه‌وانه ناکری دابه‌ش کرانی حیزب به‌کاری ریژیم دابنرێ به‌ڵکووتاوانباری سه‌ره‌کی خۆمان بووین وک ئه‌وه‌ی که دۆڕاوی سه‌ره‌کیش هه‌ر خۆمانین.
راگەیاندن بە تایبەت تۆڕی ئینترنێت رۆڵی سەرەکی لە تەقاندنەوەی کێشەکان و قوڵ کردنەوەی ناکۆکیەکان دا بینی. ئەگەر بەشێکی بۆ هەڵەی رێبەریی و بەدەنەی حیزبەکە لەم بارەوە بگەڕێنینەوە، ئایا دەتوانین بەشێکیش بۆ ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی تەرخان بکەین؟ بە تایبەت مەبەستم بابەتە بێ ناوەکانە.
هیچ گومانی تێدانیه که کۆماری ئیسلامی ته‌نیا له یه‌ک شێوه بۆ زه‌ربه وه‌شاندن له نه‌یاران و و ئوپوزسیۆنی خۆی که‌ڵک وه‌رناگرێت به‌ڵکوو له هه‌موو ئیمکاناتێک بۆ تێکدانی ریزه‌کانیان سوود وه‌ر ده‌گرێت. ریژیم ده‌ره‌تان و ئیمکاناتی زۆری له‌به‌ر ده‌ستدایه وه‌ک رادیو، تلویزیۆن، رۆژنامه، ئینتیرنیت و... زۆر که‌ره‌سه‌ی ته‌بلیغی دیکه. له‌و نێوه‌دا که‌سانێک هه‌ن که به نووسینی بابه‌تی جۆراوجۆر‌و سازکردنی درۆ و ده‌له‌سه و بڵاو کردنه‌وه‌ی زانیاری نادروست و هه و‌ڵدان بۆ بنکۆڵکردنی بیروباوه‌ره‌کان و له‌به‌رچاو خستن و سووک و بێ بایه‌خ کردنی به‌هاکانی جێی رێز له نێو خه‌ڵک و له نێو حیزبه‌کاندا نه‌خشی خراپ ده گێرن و راسته‌وخۆ یان ناراسته‌وخۆ سوودیان به ریژیم گه‌یاندوه. ئه‌و بابه‌تانه که زیاتر به ناوی خوازراو به دژی ئه‌م یان ئه‌وکه‌س یان لایه‌ن له‌سه‌ر هیندێک سایت بڵاو ده‌کرینه‌وه به زۆری فڕیان به‌سه‌ر راستیه‌وه نه‌بوه و نیه. به‌ڵام چ پێمان خۆش بێت چ ناخۆش بێت هه‌ر کام له‌و بابه‌تانه که‌م تا زۆر کاریگه‌رییان له‌سه‌ر خوێنه‌رانی خۆیان هه‌یه. لێره‌دا با ئه‌وه‌ش بڵێین که ئه‌و سایتانه که ڕێگه به بڵاوکردنه‌وه‌ی بابه‌تی ناراست وبێ به‌ڵگه و تۆمه‌تی دڵ دوژمن خۆشکه‌ر ده‌ده‌ن له‌و نێوه‌دا بێ تاوان نین. چونکوو وا نیه که هیچ بابه‌تێک به بێ ره‌زامه‌ندی به‌رپرسانی ئه‌و سایتانه چووبێته سه‌ر سایته‌کان. ئه‌گه‌ر زۆر خۆشبینانه چاو له مه‌سه‌له‌که بکه‌ین ئه‌وه‌یه که خاوه‌نی ئه‌و جۆره سایتانه ئه‌گه‌ر بابه‌تێک به دژی خۆیان نه‌بووبێ با دژی هه‌ر که‌س و لایه‌نێک بوو بێت، دایانناوه و پاساوی ئازادی به‌یانیان بۆ هێناوه‌ته‌وه. (لێره‌دا مه‌به‌ستی من ئه‌وه نیه که ئه‌و سایتانه به مۆره و ده‌ستکردی ریژیم بزانم و ئه‌و تاوانه ناخه‌مه پاڵیان) ته‌نیا ئه‌وه‌یه که بیانهه‌وێ و نه‌یانهه‌وێ رژیم پتر سوود له‌و مه‌سه‌له وه‌رده‌گرێت. نووسینی بابه‌ت له ژێر ناوی خوازراو له‌سه‌رهه‌ندێک له سایته‌کاندا بووەته کارێکی ئاسایی بێ ئه‌وه‌ی تاوانبارکراو بزانێ وه‌ڵامی چ که‌سێک بداته‌وه. دیاره رخنه‌ی به جێ و به به‌ڵگه هه‌ر چه‌ند تاڵیش بن، که‌س ناتوانێ نکۆڵیان لێ بکات و هیچ پێویستیش ناکات به ناوی خوازراو بن. ئه‌و جۆره بابه‌تانه ده‌رکی دیالۆگ ومناقشه‌ی شارستانیانه دهکەنەوه و سایته‌کانیش بۆ وه‌ها بابه‌تگه‌لێک تریبوونێکی باشن.