تاهیر قاسمی؛
وەک هەموو دۆستان و ئازیزانی هاوڕێمان کاک عومەر حەمیدی، رۆژی شەممەی رابردوو ئەمنیش وێڕای پۆلێک لە دۆستانم، رێگای دووری شاری "ڤاسا"مان بڕی تا بۆ دوا جار ماڵاوایی لەو هاوڕێ ئازیزەمان بکەین و رێز و ئەمەگناسیی خۆمان لە حاند تەمەنێک خەبات و تێکۆشانی ئەو دووپات بکەینەوە.
کە گەیشتینە جێ، ئەو هاوڕێیانەی پێشتر گەیشتبوون، بە ریز راوەستابوون. هەر کام چەپکە گوڵ یان گوڵێکی سووری وەفادارییان بە دەستەوە بوو. چاوم گێڕا و گەلێک لەو هاوڕێیانەم دیت کە ساڵانێک بوو بە هۆی ژیانی دوورە وەتەنیی ئوروپا نەمدیبوون. هەروا کە چاوم بە خەڵکەکە دا دەگێڕا، دیتم هاوڕێی خۆشەویستم کاک عەلی فەتحیش پەیدا بوو. ئەو هەر لە منداڵیەوە ئاواڵ و هاوڕێی کاک عومەر بوو. لە سویدەوە هاتبوو. دەمزانی دێ. دوای ئەوەی هەواڵی دڵتەزێنی مەرگی کاک عومەرم لە فەیسبوک بڵاو کردەوە، ئەو یەکەم کەس بوو کە تاساو و ناباوەڕانە تەلەفۆنی بۆ کردم و لە راستیی هەواڵە دڵتەزێنەکەی پرسی. پێشتر قەرار بوو بێتە لام و بە یەکەوە بچین بەڵام دواتر رێگای سەفەرەکەی گۆڕی و منی لەوە بێبەش کرد کە دامنابوو ماوەیەک بە یەکەوە تێپەڕ بکەین و هاوسەفەریش بین. کە دیتمەوە، ئەمجار بە پێچەوانەی جارانی پێشوو، بزەی لە سەر لێوی نەمابوو. پێشتر ئەو کورتە پەخشانەم خوێندەوە کە بۆ مەرگی کاک عومەری ئاواڵی نووسیبوو. دەمزانی کۆستەکە بۆ ئەو لە هی ئێمە قورسترە. بۆیەش بە لامەوە سەیر نەبوو کە کاک عەلیی قسە خۆش و هەمیشە لێو بە بزە، ئەمجار بزە لە سەر لێوی تاراوە. بە تایبەت کە گەرمەشینی خاتوو پڕشەنگی هاوسەری کاک عومەر هیندەی دیکە ئەو خەمەی لە سەر شانمان قورس کردبوو. شینگێڕیەک کە کاڵای بە قەد باڵای لە دەستدانی کەڵەمێرێکی ئەم سەردەمە بوو و ئەمن ساڵانێک بوو گەرمەشینی وەهام بەر گوێ نەکەوتبوو. کاک عەلیی خۆشەویست لەو حاڵەش دا بە گێڕانەوەی بیرەوەریی خۆشی خۆی لە گەڵ کاک عومەری هەمیشە لە یاد، بزەی خستە سەر لێوانمان و ئەوی هیندەی دیکە لە دڵمان دا شیرنتر و خۆشەویستتر کرد.
رێورەسمی بە خاکسپاردن و کۆڕی ماتەمینیی کاک عومەر تەواو بوو و ئێمەش هەر کام دەبوو ئەو شارە بە جێ بێڵین کە بوو بە دوا مەنزڵگای ئەو ئازیزە تێکۆشەرەمان. خەریکی ماڵاوایی لە دۆستان و هاوڕێیان بووم کە دیتم کاک عەلی بە هەگبەیەکەوە لە بەر دەمم قیت بۆوە؛
- ها تاهیر گیان ئەوانەم بۆ تۆ هێناوە...
سەرم بە تورکەکە داگرت و دیتم پۆلێک کتێبی بە نرخی دە خۆی دا هەڵگرتووە. دەمێک بوو ئاگادار بووم کە کۆمەڵێک بەرهەمی بە نرخی نووسەرانی کەونارای یۆنانیی لە زمانە ئەسڵیەکەیانەوە بۆ سەر زمانی کوردی وەرگێڕاون. تەنانەت کەم و زۆر ئاگاداری رەوتی بە چاپ گەیاندنیشیان بووم بەڵام نەمدەزانی کاریان بە کوێ گەیشتووە. بە دیتنی کتێبەکان زۆر خۆشحاڵ بووم. هەم لە بەر ئەوە کە دنیای روونی چاپ و بڵاو بوونەوەیان بە خۆوە دیتووە و کتێبخانەی کوردییان پێ خەنی بووە، هەم ئەوەش کە دەغدەغەی پەیدا کردنی کتێبەکانم لە کۆڵ ببۆوە کە پێشتر ئامادە بووم بە هەر نرخێک پەیدایان کەم. لەوانەش زیاتر نووسەر و وەرگێڕە خوێن شیرین، قسە خۆش و قەڵەم رەنگینەکە ئەوانی وەک دیاری پێدا بووم. نایشارمەوە، بە وەرگرتنی ئەو دیاریە بە نرخانە شاییم بە خۆم بوو، نەمدەزانی چۆنی سپاس بکەم و بە دڵنیاییەوە نووسینی ئەم دێڕانەش وڵامدەری ئەو لە بیر بوونو، ئەو دیاریە بە نرخانە نین.
ئەوانەی کە مێژووی کۆنی کوردیان خوێندۆتەوە، بە دڵنیاییەوە تووشی ناوی دوو مێژوونووسی گەورەی یونان بوون. ئەو مێژوونووسانەی ئەگەرچی بۆ کورد و لە پێناو کورد دا نەیاننوسیوە بەڵام بەرهەمەکانیان سەرچاوەی گرینگی مێژوویین بۆ مێژووی کەونارای کورد و بە دگمەن لێکۆڵەرانی مێژوویی توانیویانە لە باسی مێژووی کەونارای کورد و ناوچەکە دا خۆ لە بەرهەمەکانی دوو ناوی گەورەی هێرۆدۆت و گزنفۆن ببوێرن و بە سەریان دا تێپەڕن.
هێرۆدۆت کە بە باوکی مێژوو ناسراوە، بەشێک لە کتێبە بە نرخەکەی خۆی (مێژووی پارسەکان)ی بۆ مێژووی ماد و دەوڵەتی مێدیا تەرخان کردووە. ئەو بوو کە بۆ یەکەم جار ئاشکرای کرد کە بەر لە دەسەڵاتی هەخامەنشیەکان، ئەوە مادەکان بوون کە یەکەم دەسەڵاتیان لەو هەرێمە دا بنیات نا. سەرچاوەیەک کە بۆ دیاکۆنۆفی نووسەری کتێبی "مێژووی ماد" سەرچاوەیەکی گرینگ و جێگای بڕوایە لە ساخکردنەوەی ئەو مێژووە کۆن، ئاڵۆزو ئاڵۆزکراوەی نەتەوەکەمان دا. کتێبەکەی هێرۆدۆت لە راستی دا ٩ کتێبی بچووکتری دەخۆ گرتووە کە لانیکەم ٣ لەوانە پێوەندی بە رۆژهەڵات و کەم زۆر بەو هەرێمە یان جیرانەتیی ئەو هەرێمەوە هەیە کە کوردانی تێدا نیشتەجێن و لە دڵی کوردەکان دا بە کوردستان ناسراوە. وەرگێڕدراوی ئەو کتێبە کە دەبوو زۆر لەوە پێش لە کتێبخانەی کوردی دا جێی گرتبا و کورد ئەوەندە ناچار نەبا بۆ زانینی بەشێک لە مێژووی خۆی پەنا بۆ تەرجەمەی بە گزی و فێڵی داگیرکەران ببا، یەکێک لە کارە گرینگەکانی کاک عەلی فەتحیی خۆشەویستە. کتێبێک کە زیاتر لە ١٢٠٠ لاپەڕەی دەخۆ گرتووە و بە دڵنیاییەوە کتێبخانەی کوردی بە شانازیەوە باوەشی بۆ گرتۆتەوە.
یەکێکی دیکە لە بەرهەمەکانی کاک عەلی فەتحی وەرگێڕانی کتێبی ئاناباس یان گەڕانەوەی دە هەزار یۆنانییەکەی گزنفۆنە. مێژووخوێنان بێ گومان دەزانن کە بەشێک لە رەوتی گەڕانەوەی ئەو لەشکرەی یۆنانیەکان بە کوردستان دا رابردووە و لە گەڵ بەرگری و پێش پێ گرتنی بەردەوامی دانیشتوانی ئەو هەرێمە بەرەوروو بوون. لەم سۆنگەیەشەوە گزنفۆن کۆمەڵێک بابەتی وەک شێوەی جلوبەرگ، سروشت و تایبەتمەندیی ئینسانەکان، چەکوچۆڵی شەڕکەران، شێوەی شەڕ و بەرەنگار بوونەوەیان و گەلێک زانیاریی دیکەی لە مێژووی کۆنی دانیشتوانی ئەو هەرێمە تۆمار کردووە. سەرەڕای ئەوە گێڕانەوەی بە سەرهاتی پاشەکشەی ئەو لەشکرە و شەڕ و تێکەڵچوونەکانیان کە کاک عەلی فەتحی توانیویەتی وەستایانە بیخاتە سەر زمانی کوردی، خوێنەر بە دوای خۆی دا رادەکێشێ و ماندووی ناکا.
زمانی نووسین و وەرگێڕانی کاک عەلی ئەگەرچی وەک هەر کارێکی مەزنی ئاوا، رەنگە بێبەری لە رەخنە و تێبینی نەبێ، بەڵام کوردیەکی خاوێن و خۆماڵییە. ئەو کە وەکوو خوێندەوارێکی پێشمەرگە لە کۆمەڵگای هەژاری کوردستانەوە شار و گوندە جۆراوجۆرەکانی کوردستان گەڕاوە، لە گەڵ شوان و جوتیار و پاڵە و سەپان دانیشتووە، قسەی بۆ کردوون و قسەی لێ وەرگرتوون و هاوکات سەری بە خوێندنەوەی کتێبی کوردییەوە بووە، هەوڵی نەداوە وشەی داتاشراو و نامۆ و ناقۆڵا بە کار بێنێ و لەو زمانە کەڵکی وەرگرتووە کە ئاخێوەری کورد بە کوردی بیری پێ دەکاتەوە و پێی دەدوێ. ئەوانەش وایان کردووە کە مرۆڤ لە کاتی خوێندنەوەی کتێبەکان دا لە بیری نەبێ کە ئەوە لە زمانی یونانیەوە راستەوخۆ کراوەتە کوردی و وەک بەرهەمێکی خۆماڵی بیانخوێنێتەوە و بە دەگمەن تووشی گرێ و گۆڵی خوێندنەوە بێ.
دڵنیام بە وەرگێڕانی ئەو دوو کتێبە و هەروەها وەرگێڕدراوی کتێبەکانی "بیرەوەری کۆیلەیەک" ستراتیس دوکا و "ژمارە ٣١٣٢٨"ی ئیلیاس وینیزیس کە نێوئاخنی هەگبە دەوڵەمەند و بە بایخەکە بوون، کتێبخانەی کوردی دەوڵەمەندتر بووە و خوێنەری کوردیش مەودایەکی زیاتری بۆ خوێندنەوە و فێربوون دەست کەوتووە. ئەگەرچی ئەو دوو کتێبەی دوایی بۆ من نائاشنان، بەڵام دڵنیام وەک هەردوو کتێبی ئاناباسی گزنفۆن و کتێبی مێژووی هێرۆدۆت، وەرگێڕ تەنیا لە سۆنگەی وەرگێڕان دا ئەو کتێبانەی بۆ سەر زمانی کوردی وەرنەگێڕاون. ئەو لەم رێگایەوە هەم دەیهەوێ پەرە بە زمانی نەتەوەکەی بدا و هەمیش چەند لاپەڕەیەک لە مێژووی ئەو نەتەوەیە بۆ نەتەوەکەی خۆی هەڵبداتەوە.
بێگومان ناساندنی ئەو بەرهەمە بە نرخانە نە لە توانای من دایە و نە ئەم کورتە نووسینەش لە ئاستی شەونخوونی و ماندووبوونەکانی ئەو ئازیزە دایە. هەر ئەوەندەم لە دەست دێ کە لێرەوە دەستخۆشی بە کاک عەلی فەتحیی نووسەر و وەرگێڕ بڵێم و هیوای تەمەنی ساخ و هەروا پڕ بەرهەمی بۆ بخوازم و جارێکی دیکە سپاسی بکەم.