۹/۳۰/۱۳۹۵

لە فراکسۆنی نوێنەرانی ناوچە تورک‌نشینەکان تا فراکسیۆنی ئەهلی سوننەتی بەشێک لە نوێنەرە کوردەکان

تاهیر قاسمی
دۆستێک کە تازە لە ئێران گەڕاوەتەوە باسی گۆڕانکاری‌یەکانی کۆمەڵگه‌ی رۆژهەڵات و ئێرانم بۆ دەکا. هاتوچۆی بە فرۆکەخانەی نێوەدەوڵەتیی تەورێزدا بووە. شارەزای سیاسەت و جموجۆڵە سیاسی‌یەکانی نێوخۆی ئێران نییە. ئەوەی زیاد لە هەر شت سەرنجی راکێشاوە هەڵسوکەوتی کارمەندانی فرۆکەخانەکەیە. دەڵێ ئێمە بە فارسی قسەمان دەکرد و تورکیمان نەدەزانی کەچی ئەوان هەر بە تورکی دەیاندواندین و پرسیاریان دەکرد و وڵامیان دەداینەوە! فرۆکەخانەی هێلسینکی‌م وەبیر هاتەوە کە هەر کە پێت تێهاویشت، زمانی فینلاندی ئوتوماتیک دەبێ بە زمانی دووهەم و زمانە نێونەتەوەییەکانی وەک ئینگلیزی جێگای دەگرنەوە. بەڵام ئەوەی ئەو بۆم دەگێڕێتەوە، نە بابەتێکی زمانی یا ئیداری بەڵکو جموجۆڵێکی سیاسی- نەتەوەییە کە دەمێک ساڵە بە ئاشکرا و بە نهێنی کۆڵان و شەقامەکانی شار و ناوچە تورک‌نشینەکانی ئێرانی داگرتووە.
 تورکەکان بەشێکی زۆر لە حەشیمەتی ئێران پێک دێنن. لە باری ئەژمارەوە یەک لە دوو گەورە نەتەوەی پێکهێنەری ئەو وڵاتەن. لە باری ئابووری‌یەوە دەسەڵاتێکی زۆریان بە دەستە و لە باری ئیداری‌یەوە رۆڵێکی گرینگیان له‌ دەسەڵات‌دا هه‌یه‌. قبووڵ کردنی ئایینزای شیعە وەک مەزهەبی هاوبەش، هەر لە سەرەتاوە ئاڵقەیەکی گرینگی پێوەندیی نێوان دوو نەتەوەی فارس و تورک بوو. ئاڵقەیەک کە جێگای بە جیرانەتی و خزمایەتیی مێژوویی فارس لەگەڵ نەتەوەکانی دیکە بە تایبەت لەگەڵ دوو نەتەوەی کورد و بلوچ لەو وڵاتەدا لێژ کرد. زۆربەی نەتەوەکانی دیکە لە ئێران بە سەر هەر دوو ئایینزای سوننە و شیعە و ئایینی دیکەش‌دا دابەش بوون.
 لەگەڵ هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی، تورکەکان بە هۆی ئایینەوە زۆر زوو خۆیان لەو دەسەڵاتەدا دیتەوە. چەندان جار کەسایەتی‌یەکانی تورک لە ئاستە بەرزەکانی ئیدارەی وڵات‌دا جێیان گرت و ناوچە تورک‌نشینەکانیش لەچاو ئەو ناوچانە کە نەتەوەکانی دیکەی وەک کورد و بلوچی تێدابوو، لە باری ئابووری‌یەوە بووژانەوەی زۆرتری بە خۆ دیت. بەڵام سەرەڕای ئەوانە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە سەرەتاوە هەتا ئێستاش هەروا دەسەڵاتێکی ئیسلامی – فارسی‌یە و تورکەکان بە فەرمی هیچ مافێکی زیاتر لە نەتەوە بندەستەکانی دیکەیان پێ نەدرا. بەرامبەر بەوە لە ماوەی دوو دەهەی رابردوودا بزووتنەوەیەکی پەرەگر و بەربڵاو شار و ناوچە تورک‌نشینەکانی گرتۆتەوە. بزووتنەوەیەک کە ئەگەرچی حیزب و رێبەری دیاری نییە بەڵام ئامانجدار و یەکگرتوویە. لە هەموو بەستێنەکانی وەک وەرزش، میدیا، بازاڕ و هیتر بۆ خۆنواندن و خۆزەقکردنەوە کەلک وەردەگرێ. لەسەر دوو کۆڵەکەی زمان و خاک خۆی پێناسە دەکا و بەردەوام بیر لە بەرینکردنەوەی جوغرافیا و مێژووی خۆی دەکاتەوە. پێیەکی لە نێو دەسەڵاتە و پێیەکی لە نێو کۆمەڵگه‌ی خۆی دایە. لە روانینی ئەم بزووتنەوەیەدا تاکی تورک لە هەر کوێ بێ و لە هەر پلە و پایەیەکی کۆمەڵایەتی یا سیاسی‌دا بێ، لە دەرەوە بێ یا لە نێوخۆ، دژی دەسەڵات بێ یان لەگەڵ دەسەڵات، بەرامبەر بە بزووتنەوەکە ئەرکدارە. ئەوەی بۆ ئەو بزووتنەوەیە گرینگە ئەوەیە کە تاکی تورک دەبێ بە تورکی بمێنێتەوە و کار بۆ پەرەگرتنی ئەم بزووتنەوە ناسیونالیستیە بکا. هەر ئەم روانگەیەش لە هەڵبژاردنەکانی ئێران‌دا، بە تایبەت لەو شارانەی له‌ رووی دیموگرافی‌یه‌وه‌ فره‌چه‌شنن، پێوانەی سەرەکیی دەنگدانی دەنگدەری تورکە. بەو روانگەیە و لە ژێر هێژمۆنیی ئەو بزووتنەوەیەدا بوو کە لە شارە جۆراوجۆرە تورک‌نشینەکانەوە نوێنەرانی تورک بۆ مەجلیسی ئێران نێردران. دوا جاریش هەر ئەو گوشارەی شەقامی تورک بوو کە سەت نوێنەری تورکی بە روانگە و بۆچوونی جیاواز لە دەوری یەک کۆ کردەوە تا فراکسیۆنی نوینەرانی “ناوچە تورک‌نشینەکان” پێک بێنن. ئەگەرچی بەشێک لەو ناوچانەی بە ناوی ناوچەی تورک نشین لە مەجلیسی ئێران‌دا ناودێر کراون، تورکان تاکە نەتەوەی سەرەکیی ئەو ناوچانە نین.
 په‌ره‌گرتنی بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی تورکان له‌ حاڵێک دایه‌ که‌ سەرەڕای چەند سەدە خەبات و تێکۆشان، بە داخەوە هێشتا کوردەکان رێگایان بۆ دۆزینەوەی بزووتنەوەیەکی وەها گشتگیر و یەکگرتوو نەدۆزیوەتەوە. نوێنەرە کوردەکانی نێو مەجلیسی ئێران هەتا ئێستا نەیانتوانیوە یەکتر بدۆزنەوە. بەشێک لەو نوێنەرانەش بە سازکردنی فراکسیۆنی نوێنەرانی سوننە مەزهەب، خۆیان لە کێشە سەرەکی‌یەکەی نەتەوەی کورد لە ئێران دزیوتەوە. ئەگەرچی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی وەک چۆن خۆی لەسەر بنەمای مەزهەبی شیعە پێناسە دەکا و لەسەر ئەم پێناسەیەش هەوڵی پەڕاوێز خستنی ئایینەکانی دیکەی داوە، بەردەوام هەوڵ دەدا کێشەی کورد وەک کێشەی مەزهەبی و نە نەتەوەیی پێناسە بکا بەڵام کوردی رۆژهەڵات بە سەر سێ ئایینزا و ئایینی سەرەکیی سوننە، شیعە و یارسان‌دا دابەش بوون کە کێشەی هاوبەشی ئەوان کێشەی نەتەوەیی و کوردبوونە نەک ئایین و مەزهەبێکی تایبەت. ئەگەر سوننەکان پۆست و مەنسەبی بەرزی ئیداری‌یان پێ نادرێ، ئەگەر یارسانەکان تەنانەت وەک کەمایەتیەکی ئایینی دانیان پێدانەنراوە و تەنانەت مۆڵەتی ئەوەیان نییە نوێنەرێکیان لە مەجلیس هەبێ، پارێزگای ئیلام وەک پارێزگایەکی کوردستان کە زۆرینەی دانیشتوانی پێڕەوی ئایینزای شیعەن، لە هەژاری، دواکەوتوویی ئابووری و خۆکوژی‌دا بەردەوام پلەی یەکەمی لە ئاستی ئێران‌دا بەر کەوتوە. ئه‌گه‌ر ئەو نوێنەرە کوردانە پێیان وا بێ کە فراکسیۆنەکەیان جێگرەوەی فراکسیۆنی نوێنەرانی کوردە، ئەوە کارەکەیان ناچێتە خانەی خزمەت بە نەتەوەکەیانەوە و شەقامی کوردستانیش نابێ ئەو هەڵاواردنە ئایینی‌یە لە نێوان کوردان‌دا قبووڵ بکا.
لە ژماره‌ ٦٩١١ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه‌

۹/۲۴/۱۳۹۵

مەلا جەلالی مونەجیم و ئەمیرخانی برادۆست - قەڵای دمدم

١٠١٤ی کۆچی مانگی - ١٦٠٦ی زایینی - نەخجەوان
لە سەرەتای جمادی الاخر کوڕی چۆلاق ئەمیرخان حاکمی ورمێ و شنۆ شەرەفی پابۆسی پێ درا

ساڵی ١٠١٤ی کۆچی مانگی - ١٦٠٦ی زایینی - سەڵماس
لەو دەمانەدا چۆلاق ئەمیرخانی برادۆست کە "جێگری سەگی دەرگای عەلی" (مەبەست شا عەباسە) دەستێکی زێڕی بۆ ساز کردبوو، هاتە پەڵاس ماچ کردن... رۆژی دواتر بە خەڵاتی گرانبایی لە کەوا و باڵاپۆشی بە نرخ و تاج و مەندیلی تەواو زێڕ و بە پەڕی رازاوە بە خشڵ و ئەسپی و زینی رازاوەو بە چواردە بەردەستەوە بە خەڵاتی بەرز سەربەرز کران و رۆژی دواتر مەرەخەس کرا و بەرەو ورمێ و شنۆ کە بنکەی دەسەڵاتەکەی بوو، گەڕایەوە.

١٠١٧ی کۆچی مانگی - ١٦٠٨ی زایینی - نەهاوەند
لەو رۆژەدا بەردەستێکی چۆلاق ئەمیرخان هات و چرایەکی گەلێک باشی هێنا. دوو دمی هەبوو.... تا ئاستێک کە سەر راوچیەکان سوێندیان خوارد قەتیان شتی وا نەدیوە.


بەڵام بەشێک لە تایبەتمەندیەکانی قەڵای دمدمەی هەڵکەوتو لە ورمێ و گەمارۆدرانی چۆلاق ئەمیرخانی برادۆست و داگیرکردنی ئەوێ بە یارمەتیی خوای بەخشندە
 لە جەمادی الاولی ساڵی هەزار و هەژدە (ئاگوستی ١٦٠٩) جەهان مەتاع (شا عەباس) حوکمی دا کە کۆمەڵی جەلالی بە فەرماندەیی قەرەحەسەنخانی ئستاجلو حاکمی هەرێمی عەلیشەکەر بچن بۆ ئازەربایجان و لەوێ لە گەڵ چۆلاق ئەمیرخان و قوبادخانی موکری و ئەمیرانی ئەو هەرێمە بۆ تێکدانی وان و سنووری ئەرزەرۆم بڕۆن. کاتێ گەیشتنە مەراغە و دەوروبەری ورمێ، چۆلاق ئەمیرخان خۆی لێ نەبان کردن و وتی من لە گەڵ جەماعەتی (جەلالی) کێشەی لەمێژینەم هەیە و نایەم. کاتێ ئەو هەواڵەیان بە شاعەباس دا، فەرمانی دەرکرد کە چوڵاق ئەمیرخان جەماعەتێک لە گەڵ کوڕەکەی خۆی بنێرێ بۆ ئەوەی ئەمیرەکان هێرش بۆ سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی رۆم بەرن و چۆلاق خۆی لە ورمێ بێ و کەس کاری پێی نابێ. ئەگەریش بەو دەستوورەی نەکرد، ئەوە دەستبەسەری بکەن و بینێرنە لام. کاتێ چۆلاق ئاگاداری ئەم فەرمانە نوێیە بوو، دەرهەڵبوو و ملی بەو بڕیارە نەدا. لە مانگی رەجەبی ئەو ساڵەدا، لە قەڵای ناوبراو دانیشت و ئەمیرەکان قەڵاکەیان گەمارۆ دا. کاتێ ئەم هەواڵە بە ئاگاداریی شاعەباس گەیی، عەشوور بەگی چگینی، پارێزەری دارالارشادی ئەردەبیلی راسپارد کە بچێتە بەردەم قەڵا. ئەویش پاش ئەوەی بارودۆخ و دژایەتی و یاغی بوونی دانیشتوانی قەڵای بۆ روون بۆوە، دوای دوازدە رۆژ گەڕایەوە لای شا و راستی‌یەکانی بۆ باس کرد. شا، فەرمانی بە ئیعتمادالدولە حاتەم بەگ دا تا بچێتە قەڵای دمدم و ئەگەر توانی بە رێککەوتن چۆلاق لە قەڵا بێنێتە دەر ئەوە باشە دەنا گەمارۆی بدا و دەستبەسەری بکا. پاشان سەفەرقوڵی بەگی چگەنی کە پیاوی شارەزا و شەڕدیتوو بوو، نارد تا چەندۆچۆنیی قایمەتیی قەڵا و سەرچاوەی ئاو و زانیاریی دیکەی بۆ کۆ بکاتەوەو بێتەوە.  سەفەرقوڵی بە خێراییەکی تەواو بە دوایدا رۆیشت و لە سەڵماس گەیشتە ئیعتمادودەولەو بە یەکەوە چوونە داوێنی قەڵا. تا چوونی ئیعتمادودەولە هەموو رۆژێ ئەم شەڕ و بەربەرەکانیە لە نێوان دوو لایەندا لە ئارادا بوو و گەمارۆ دوایی نەدەهات. کاتێ ئیعتمادودەولە گەیشتە داوێنی قەڵا، چۆلاق ئەمیرخان ئاگادار کرا و وەلەدولمولکی تەسوج لە لایەن ئیعتمادودەولەوە نادرایە لای ئەمیرخان و پێی راگەیەندرا کە تا ئیستا قسەی تۆ ئەوە بوو دەتگوت لە جەماعەتی جەلالی دەترسم ئەگینا سەگی بەر دەرگای شام. ئەگەر راست دەکەی و سەر وەبەر باری شا دێنی، هەستە وەرە بچینە خزمەت شا و ئەوەی خواستی تۆ بێ، بەڵێنت پێ دەدەم. ئەگەریش نەیەی ئیدی جێ بۆ قسە نامێنێ و بۆ خزمەت رادەوەستم. کاتێ ئەم قسانەی لە خاوەنی تەسوج بیست، باوەڕپێکراوێکی خۆی نارد و بە سپاسەوە گوتی دەوڵەت بە پێی خۆی هاتووەتە بەر دەرگا. بەڵام داوا دەکەم ئیعتمادودەولە تەشریف بێنێ کە چەند وشەم هەیە پێی بڵێم و دوای ئەوە چی پەسندی دەوڵەت بێ، ئەوە دەکەم. ئیعتمادودەولە لە گەڵ سەفەرقوڵی بەگ و سەید ئەحمەد بەگ و نیزیکێکی قەرەحەسەنخان و شاوێردی بەگ، پاسەوانی خۆی و سەر میرئاخوڕی لە گەڵ خۆی هەڵگرت و چوونە بەر دەروازەی قەڵا. چۆڵاق ئەمیرخانیش بە دوازە کەس لە ئاغایانی خۆی هاتنە دەرێ و دیدار لە پێنسەد هەنگاویی قەڵا پێکهات. پاش داوای لێبوردنی زۆر گوتی ترسی من لە جەماعەتی جەلالی بوو بەڵام چونکە ئێوە بەڵێنتان داوە دەچمەوە ناو قەڵا و سبەینێ بە دیارییەوە بە خزمەت دەگەم تا بە یەکەوە بڕۆین. رۆژی دواتر نەهات و پێمل نەبوون و سەرکێشیی خۆی نیشان دا. بە پێی بڕیاری شاعەباس، لە کۆتایی مانگی شەعباندا(نۆڤامبر) ئیعتمادودەولە گەمارۆی دەست پێ کرد و دەورەی قەڵای لە نێوان ئەمیرەکاندا دابەش کرد. رۆژهەڵاتی قەڵای بە قەرەحەسەنخانی ئستاجلو و نیعمەتوڵڵا سوڵتان سۆفی و ئەسکەندەر سوڵتانی میرموقەدەم و خوسرەو سوڵتانی پازۆکی و ئیمام قوڵی سوڵتانی ئاجورلو و میرفەتاحی تفەنگچی باشیی ئیسفەهانی سپارد. بەری رۆژئاوای بە پیربوداقخانی تورکمان و ئەمیرانی تابین کە خان ئەمیر کوڕی قازی خانی کوردی پەهنانشین و ئەولیاسوڵتانی وەلەد کوردی سەیفەدین بن، و مەلازادەی بافقی و مەجنوون بەگی تۆپچیی تایبەتیی شا و بەرەوڕووی دەروازەش قەڵاش مراد خانی چەگەنی و خەلیل سوڵتان و ساروتەقی سوڵتانی تەورێزی لێ داندرا. لەم بەرەوە دوو هەزار هەبوو کە نەدەتواندرا سیپە بەرەوپێش بچێ و دەرفەتی هەڵاتن و هاتوچۆی دانیشتوانی قەڵای تێدا بوو. (بۆیەش) خەندەقێکیان لێ هەڵکەند بە قوڵایی شەش گەز و پانایی چوار گەز کە سوار نەتوانێ لێی دەرباز بێ. لە پشت خەندەقەکەوە چەند سوار دەبوو بگەڕێن و ئاگایان لێی بێ. کاتێ گەنجعەلیخان هات، ئەو جۆگە و خەندەقە بەو سپاردرا. لای باکووری قەڵایان بە کەس نەسپارد چونکە هاتوچۆ پێیدا لە خەیاڵیش بەدەر بوو. لەوێ ئەرکی پاراستن و ئاگاداری لە وشتر و ئەسپی قزڵباشانیان بە خەلیل سوڵتان سپارد. سەفەرقوڵی بەگی چەگەنی دوای بەراوردی قەڵا و دۆخی شەڕ و گەمارۆ، چوو بۆ خزمەت شاعەباس و پێی راگەیاند کە ئەو قەڵایە دەکرێ بە تۆپ و بازووکە و بالیمز داگیر بکرێ. لە باری ئاوەوە کە لە لای باکوورە، جێی ئاستەمە. شا دەستووری دا کە جەماعەتی مازەندەرانی، نووری و جەلالی بە فەرماندەیی یەحیا عەرەب گزلو لە لای باکوورەوە ئاو لە سەر دانیشتوانی قەڵا هەڵبڕن. هاوکات بۆ داڕشتنی تۆپ راسپێردران. حەوت هەزار مەن مس نادرا کە سێ تۆپ داڕێژن. لە ماوەی چل رۆژدا سێ تۆپی گەورە و بالیمزێک داڕێژران. یەکیان چل مەن بەرد، ئەویدی سی مەن و سێهەمیان بیست و هەشت مەن بەردی دەهاویشت. بۆ پاراستن و پارێزگاری لە تۆپخانە و کەلوپەلی پێوەندیدار، قەبان سوڵتانی بیگدێلی و جەماعەتەکەی دیاری کران کە لە گەڵ بەرخوردار بەگی ئەنیس تۆپچی باشی بن و هەموان لە سەر تۆپخانە ئامادە بن. سەرەڕای ئەوە دانیشتوانی قەڵا چەند جار بە سوار و پیادە هەڵیانکوتایە سەر تۆپخانە و خۆیان نیشان دا. بەڵام قزڵباش لێیان کۆ بوونەوەو زۆرێک لە کوردەکانیان کوشت و ئەوانی دیکە خۆیان گەیاندەوە قەڵا. بە حوکمی شاعەباس سەفەرقوڵی بەگی چەگەنی لە هۆردوو بەرەو قەڵا ناردرا و دەستوور درا کە لە بردنە پێشی سیپە و پرەنسیپی شەڕ و تێکەڵچوون لە قسەی دەرنەچن. لە ناوەڕاستی مانگی شەوالی ئەو ساڵە، سێسەد کورد لە قەڵا هاتنە دەر و هەڵیانکوتایە سەر سیپەی قەرەحەسەنخان و ئەو ئەمیرانەی لە گەڵ ئەو بوون. تا نیزیک نیوەڕۆ مەردانە جەنگان و لە هەر دوو لا زۆر کوژران. لە کوردان سەری چل کەس بڕدراو زۆریش بریندار بوون کە خۆیان دە قەڵا هاویشتەوە و لە ماوەی سێ رۆژدا شەست و پێنج کەس لە ناو قەڵا مردن. بیست برینداری قزڵباشیش گیانیان لە دەست دا. کاتێک سەفەرقوڵی بەگی چەگەنی هاتە ناو ئۆردو، بە فەرمانی ئیعتمادودەولە کرا بە بەرپرسی ئەو جەماعەتەی خەریک بوون رەهەندیان بۆ ناو قەڵا لێ دەدا.  کاتێک لە سەرچاوەی ئاوەکە نیزیک بوونەوە و رەهەندەکەش بە ژێر کانیەکەدا چووبوو، ئاو لە سەرەوەو لە هەموو لاوە دەڕژا و کار بەرەو پێش نەدەچوو. ناچار سی لاوی کارزان و لەخۆبوردووی چەگەنی کراس و ژێرکراس و کڵاوی چەرمیان دەبەر کرد و تەنانەت سەفەرقوڵی بەگ و یەحیا بەگ ماوەی بیست و دوو رۆژ بەو بەرگەوە مانەوە تا سەرەنجام ئاویان لە سەر قەڵا هەڵبڕی. دانیشتوانی قەڵا زانیان و هێرشیان دەست پێ کرد و شەڕ گەیشتە ئەوپەڕی خۆی. ئیعتمادودەولە لە سەر قسەی سەفەرقوڵی بەگ خێوەتەکەی لە جێی پێشوو هەڵکەند و روو بە رەهەندەکە دایکوتا. فەرمانیان بە ئەمیرەکان دا کە لە هەموو لایەکەوە سیپە بەرەو پێش راگوێزن تا بەردبڕەکان بتوانن کاری خۆیان جێبەجێ بکەن. بۆ وێنە نیعمەتوڵڵا سوڵتان و خوسرەو سوڵتان بۆ لای چەپی سۆڵەخانە دیاری کران. پیربوداقخان و ئەمیرانی تابین لای راستیان پێ سپێردرا. کوردان کاتێ بە دۆخی رەهەندیان زانی، کۆمەڵێکیان لە قەڵا هاتنە دەر و پشت بە شاخەوە، دوو سیپەی پتەویان دامەزراند. بەردەوامیش دووسەد لاوی چاک لەوێ ئامادە بوون و بۆ پاراستنی ئاو خەباتیان دەکرد. قەرەحەسەنخان لای خۆی دەپاراست و قزڵباش بۆ پاراستنی ئەشکەوت و رێگای ئاو، مەشخەڵیان دادەگیرساند و لە کونەکانەوە دەیانهێنا دەرێ. هەرکە رۆژ دەبۆوە، کوردان هەڵیاندەکوتایە سەر مەشخەڵەکان و دوو مەشخەڵیان لە گەڵ خۆیان برد کە بە ئاسانی لە دارەکە دەکرانەوە. لە سەر ئەو کارە گەلێک لە کوردەکان کوژران. بەشێک لە کوردەکان لە دەوری قەڵاوە بەردیان تاوێر دەکرد و کەلوپەلەکانیان پێ دەشکاندن و کارکەرەکانیان لێک بڵاو دەکرد. ئیمام قوڵی سوڵتانی ئاجورلو دیاری کرا کە لە ناوقەدی کێوەکە بەرامبەر بە کارکەرەکانی ئاو دابمەزرێ و نەهێڵێ بەردیان بە سەردا جاڵە بکەن. کوردان لە کاتی بەرەبەیاندا هەڵیانکوتایە سەر ئیمام قوڵی سوڵتان و شەڕ دەستی پێ کرد. جەماعەتی ئاجورلو هەڵاتن. ئیمام قوڵی پێی بە عەرزی دادا و بە دەنگی بەرزەوە گوتی: ئەی جەماعەتی ئاجورلو! ئەمن بە جێ دەهێڵن بەڵام لە دەست شای دین پەنا بۆ کوێ دەچن؟! بەو قسەیە گەڕانەوەو کوردەکانیان شکاند و جێی خۆیان پاراست. کاتێ قزڵباش پیاوەتی و ئازایەتیی ئاوایان لە کوردان دیت، بە پێی فەرمانی ئیعتمادودەولە چونکە تۆپخانە جێی قایم بوو، قەبان سوڵتان بە هاوکار و جێگری ئیمام قوڵی سوڵتان دیاری کرا. دوای ئەوە ئیدی دەرفەتیان بە کوردەکان نەدا بێنە دەرێ. چونکە کوردان هەموو شەوێ بۆ پاراستن و پارێزگاری لە سۆلەخانە دەهاتنە ناو ئەو ئەشکەوتەی کە لە سەر سولق هەڵکەوتبوو و دەگەڕانەوە بۆ ناو قەڵا. سی کەس دیاری کرا بۆ ئەوەی لە ئەشکەوتەکەدا بمێننەوەو بەرەنگاری کوردەکان ببنەوە. شەوێ نیزیک بە حەفتا کورد روویان لە ئەشکەوتەکە کرد و لە ئەشکەوتدا شەڕی گران هاتە ئاراوە. ئەوانەی لە ناو ئەشکەوتدا بوون، بەشێکیان خۆیان فڕێدا خوارەوەو بەشێکیان کوژران. ئەو شەوە یازدە کورد و بیست و سێ قزڵباش کوژران و ئەشکەوت لە دەست کورداندا مایەوە. بۆ بەیانی ئیعتمادودولە تووڕە بوو و خاوەنی سیپەی گۆڕی و قەرەحەسەنخان پاڕایەوەو بەڵێنیی دا کە ئەمن ئەشکەوت دەپارێزم. چل و دوو کەس لە خەڵکی خۆی و پێنج ئیسفەهانی و سێ کەس سۆفی بۆ ئەشکەوت نارد و سەفەرقوڵی بەگ بە دووسەد کەسەوە چاویان لە دەروازەی قەڵا بوو و چاوەڕوانی فیتنەو ئاژاوەیان دەکرد. ئەو شەوە بارانێکی بە خوڕ دەباری و کەس لە کوردان نەهاتە دەر و لەوە بە دوا ئەشکەوت لە دەست قزڵباشدا مایەوە. بەڵام بە هۆی لێدانی تۆپ لە لای سۆلەخانە لێک بڵاو بوون و بەو بەرد و گەچەی کە بەو هۆیە دادەڕووخا، نیزیک بە پەنجا کەس لەو کوردانەی لە لای سۆلەخانە سیپەیان دامەزراندبوو، کوژران و ئەوانەی مانەوە، رێگای هەڵاتنیان گرتە بەر.
                                       خۆشە ئەو کاتە کە بە یەک کریشمە دوو کار دەکرێ
بە فەرمانی ئیعتمادودەولە شەوێک سیپە و سەوەیان بۆ سەرچاوەی ئاوەکە برد و مەودای نیزیک بە پەنجای نێوان ئەو دوو سیپەیە پێک گەیشتن. جەماعەتی کوردانی مەکردادی ناو قەڵا وەدەرکەوتن تا سیپە لێک هەڵوەشێنن. جەماعەتی تورکمان سەرە رێیان لێ گرتن و سی کەس لە کوردان و چواردە کەس لە قزڵباش کوژران. زۆرێک لە کوردەکان بە برینداری چوونەوە ناو قەڵا بەڵام ئەو سیپەو سەوەتەیە وەک خۆیان مانەوە. بەرامبەر بە رەهەندی سەفەرقوڵی بەگ، کوردەکان بودڕێکیان لێ دا و کاتێ ئەم دوو رەهەندە پێک گەیشتن و کون بوو، شەڕ هاتە ئاراوە. بە زەبری تفەنگ کوردان لە رەهەند وەدەرنران و قزڵباش دەستیان بە سەر بوودڕ و ئاودا گرت. ئاوەکە بە جەماعەتی پازوکی و مازەندەرانی سپێردرا و جەماعەتی قزڵباش چوونەوە سەر سیپەی پێشوو. ئیعتمادودەولە چۆوە سەر جێگای خۆی و تۆپ و بالیمز بەرەو بورجی "کوذعجی؟" دابەستران و تۆپخانەیان ساز کرد کە سەری تۆپی گەورەیان لەوێ دەنا. لە سەر تۆپخانە و دابەستەی ئەوێ گەلێک شەڕ کران. چونکە کوردان زەواڵی خۆیان لەو تۆپ و تۆپخانەیەدا دەدیت. لە سەر ئەو تۆپخانەیە نیزیک بە پێنسەد کورد کوژران. لە قزڵباشیش بەشێک بریندار و بەشێکیش کوژران. ئەو تۆپخانەیە بە فەرماندەیی سەفەرقوڵی بەگی چەگەنی و یەحیا بەگی عەرەب کرلو و ملازادەی بافقی و نیعمەتوڵڵا سوڵتان و ئەسکەندەر سوڵتان و تفەنگچیەکانی ئیسفەهان ساز کرا.
 لەو سەروبەندەدا هەواڵ هات کە نەسوح پاشا و میرشەرەفی بۆتانی و ئەمیرانی کوردستان بە هانای دانیشتوانی قەڵاوە دێن. لە بەر ئەوە ئیعتمادودەولە باوەڕپێکراوێکی ناردە لای شاعەباس و راستیی ئەم بابەتەی پێ راگەیاند و ئەویش ئیمام قوڵی والیی لار و محەممەد بەگ کوڕی قۆرچی باشی و بەردەستانی عەلیقوڵی خانی ئێشک ئاغاسی باشی بە سەرکردەیی سۆفی خانی کەرامانلوی بە دوازدە هەزار رمبدار و تفەنگدارەوە نارد. کە گوێبیسی هاتنی لەشکرێک بۆ سەلماس بوو، نسوح پاشا رۆیشت و لێک بڵاو بوون. لە سەر خواستی ئیعتمادودەولە لەشکرێک لە سەڵماس مایەوە. ئا لەم سەروبەندەدا ئیعتمادودەولە بە هۆی نەخۆشیی خەفەقان(نەخۆشیی دڵ) کە بەردەوام ئازاری دەدا، کۆچی دوایی کرد. ئەمیرەکان بە نامەیەک هەواڵی مەرگی ئەویان بە شا گەیاند. سەفەرعەلی بەگ نامەکەی نووسی و ناردی کە سەرکردە بۆ ئەو کارە گرینگە دەبێ لە پێشدا ئاگای لە خۆی بێ و ئەگەر کەسێک لە قەڵاوە بێتە دەرێ بیلاوێنێتەوەو بە لوتفی خۆی سەربەرزی بکا و دۆست و دوژمن بتوانن لە سەر سفرەکەی دابنیشن. کاتێ ئەم نامەیە گەیشتە دەست شاعەباس، فەرمووی سەفەرقوڵی بەگ نەخۆشە و راستی نووسیوە. محەممەد بەگی بیگدێلی بانگ کرد و پێی گوت کە؛ محەممەد بەگ تۆ دەبێ بچی و بۆیەش تۆ دەنێرم تا ئەو خەڵکە تێدا نەچن. کاتێ محەممەد بەگ گەیشتە دەوری قەڵا، خانی چۆلاق، محەممەد زەرزا کە باوەڕپێکراوی خۆی بوو، بۆ پاڕانەوە هات و (داوای کرد) محەممەد بەگ بێتە نیزیک قەڵا تا لە خزمەتیدا قسە بکەین و ئەوەی چاکەی دەوڵەت بێ، وا بکەین. محەممەد بەگ چوو بۆ لای قەڵا و لە گەڵ سەفەرقوڵی بەگ، لە پەنایەکدا لە ژێر سیپەی قەرەحەسەنخان، دانیشتن. بە دوای ئەواندا خوسرەوبەگی یوزباشیی پازوکی و نەقی سوڵتانی تەورێزی و ئەلوخان سوڵتانی خەربەندەلو چوون و قسەی زۆر بۆ داوای لێبوردن گوترا. داوای کرد کە محەممەدبەگ بباتەوە بۆ ماڵەکەی و کوڕ و ژنەکەی خۆی بە دیاریی زۆرەوە بنێرێتە خزمەت شا عەباس تا بەڵکو لە تاوانی چۆلاق خۆش بێ. بەو مەرجەی قزڵباش دەست لە قەڵا هەڵگرن.  سەفەرقوڵی بەگی چەگەنی گوتی ئەگەر بۆخۆت لە گەڵی دەچی، محەممەد بەگ بەرەوە بۆ ماڵەوە دەنا لێی گەڕێ. چونکە قزڵباش بێ هاتنی تۆ لە سەر قەڵا لاناچن و ئەو سووک مەکە. محەممەد بەگ گوتی قسەی دروست ئەوەیە و ئەگەر دێی، دێم دەنا دەڕۆم. هەستا هاتەوە ماڵێ. بۆ سبەینێ میرحوسێن بەگ، ئامۆزای ئەمیر چۆلاق، جنی بەگ کوڕی چۆلاق هاتە لای محەممەد بەگ و گوتی شا ئەمنی بە دوای چولاق میرخان نارد بۆ لەلەگی کوڕەکەی ئەو. محەممەد زەرزا و میرحسین بەگ و حەتی بەگی راگرت و گوتی بە چولاق بڵێن ئەگەر دێی ئەوە باشە دەنا بە زۆری دەتبەم. لە دوو لای  تۆپخانەوە سیپەی زۆریان بۆ ئەم مەبەستە دامەزراند. لە لای چەپەوە گەنجعەلی خان حاکمی کرمان و خوسرەو سوڵتان و جەماعەتی تفەنگچیانی مەرەند و نوور و ئەلیاس خەڵیفەی قەرەداغی و قەرەحەسەن خان لە گەڵ ئەمیرانی تابین و میر فەتاح و تفەنگچیانی ئیسفەهان، لە لای راستەوە سەفەرعەلی بەگی چەگەنی و یەحیا بەگی عەرەب کرلو و نیعمەتوڵڵا سوڵتان سۆفی لو و ئەسکەندەر سوڵتانی موقەدەم و جەماعەتی بەردەستەکانی ئیمام قوڵیخان حاکمی لار بە فەرماندەیی بەگ وێردی و بەردەستەکانی عەلیقوڵیخان ئێشک ئاغاسی بە فەرماندەیی سۆفی خان بەگی کەرامانلو دەروازەی قەڵایان بەوان سپارد. حەواڵە(سەکۆ)یان بە چل گەز درێژی و دوازدە گەز پان و بیست و هەشت زەرع بەرز هەڵبەست. ئەم سەکۆیە دانیشتوانی قەڵا و خەڵکی شێرحاجی جاڕز کرد. چونکە بەردەوام تۆپیان بە بورجە گەورەی بەرامبەری سیپەکانەوە دەنا، دیوار رووخابوو. دانیشتوانی قەڵا لەو دیوارە رووخاوە سیپەیان ساز کردبوو و کاری شەڕ بەو ئاستە گەیشتبوو. چونکە سیپەی کوردەکان کەوتبووە راستی سیپەی شایی و سیپەی ئیمام قوڵیخان و سیپەی ئەوان پشتی بە دیواری قەڵا و بورجەوە بوو، جەماعەتی چەگەنی بێ مۆڵەتی سەفەرقوڵی بەگ شمشێریان هەڵکێشا و  لە گەڵ تاوهەڵات سپەریان لە سەر خۆیان دانا و هەڵیانکوتایە سەر سیپەی کوردەکان. بە زەبری شمشێر دەستیان بە سەر سیپەدا گرت. کوردان هەڵاتن و چوونە ناو قەڵا. ئەگەرچی بیست و حەوت کەس بریندار بوون لەوانە سێ چگینی، یەک مازەندەرانی. یەک بافقی و دوو جەلالی کوژران. کاتێ سیپەیان گرت، دەرگای قەڵا کە ئاسن بوو، هەڵکەند و ناردیانە خزمەت محەممەد بەگی بیگدیلی و شوێنی خۆیان قایم کرد. ئەوانەی لە گەڵ ئیمام قوڵیخان بوون بەو رووداوە تووشی رق بە رقە بوون و بێ ئەندێش هێرشیان کرد و دوو بورجیان داگیر کرد. ئاگری شەڕ بە هاویشتنی تیر و تۆپ و تفەنگ بەرز بۆوە. لە هەموو لاوە گوشاریان بۆ دەهات. چونکە ئەو بورجە چەند تۆپی وێکەوتبوو و چەگینی و ئەوانی دیکە کونیان دە دیوار و بورجەکان کردبوو، لە رووخان نیزیک ببۆوە. بە زویی نیوەی بورجەکە تێکڕووخا. لە بەختی شا جگە لە یەکێک، هیچکەس لە قزڵباش نەکەوتە ژێر دیوارە رووخاوەکە. لەو رۆژەدا بەگ وێردی بەگ لە پەنا ئەو بورجە بە دار و تەختە سیپەیەکی هەڵبەست. کوردەکان هەرچەندی ئاگربارانیان کرد، قزڵباش بە فێڵ و تەڵەکە ئاورەکەیان لە خۆیان دوور دەکردەوە. سیپەکە بە تەواوی هەڵبەسترا و بەگ وێردی بەگ رۆژی دواتر لە گەڵ جەماعەتەکەی هێرشی برد و سەرجەم بورجەکەی داگیر کرد. بەڵام چونکە بارووت لە بورجەکەدا  هەبوو، کوردەکان ئاگریان تێبەردا و ڕایانکرد. جەماعەتی بەختیاری سەرەڕای ئەوە کە چل کەسیان لێ سووتا، دەستیان لە بورجەکە بەر نەدا و تا کارەکەیان یەکلایی نەکردەوە، لە بورجەکە دانەبەزین. بەڵام سیپەی قەرە حەسەن خان چونکە نیزیک ببۆوە و پڕکردنەوەی بەندەکە ئاستەم ببوو، بە تەختەیەک کە نیوگەز دەبوو، دوو لایەیەکیان ساز کردبوو، دەیانکردە سپەر و بەندەکەیان پێ پڕ دەکردەوە و دیسان دەچوونە پێش. ئەم فکرە بوو بە دەستووری کاری سیپەکانی دیکەو دوولایی ئاوا زۆر ساز کرا. جا چونکە فیشەک ئەو تەختە دووبەرەی نەدەبڕی، کوردان ناچار بوون تۆپێکی زەنبورەکی کە لە سەر بورج بوو و فیشەکی مەفرەقیی بە قورسایی یەک سیر(حەفتاو پێنج گرەم) دەخوارد، بێننە خوارێ و پێی دووکەڵ لە خۆیان دوور بکەنەوە. ئەم زەنبورەکە سەرێشەی زۆری بۆ جەماعەتی قەرەحەسەن ساز کرد. سەرەنجام لێی کۆ بوونەوەو بە تێکڕا هێرشیان برد و دەستیان بە سەر زەنبورەکەکەدا گرت. کوردان دیسان بە هاویشتنی ئاور و سوتاندن هەوڵیان دا شەڕ لە خۆیان دوور بکەنەوە و دیسان جەماعەتی قەرەحەسەن کۆبوونەوەو دەستیان بە سەر دوو "انزدمی؟"دا گرت. پیربوداقخان لە گەڵ جەماعەتی بافقی و مەجنوون بەگ بۆ داگیرکردنی قەڵای خواروو ناردران. لە تۆپخانەوە تۆپێکیان بۆ ئەوێ گواستەوەو دوای ئەوەی چەند تۆپیان لە بورج و دیواری قەڵا دا، رێگایەک کرایەوە. هێرشیان برد و حەوت رۆژ بەر لە داگیرکردنی قەڵای سەرەکی، ئەم قەڵایە داگیر کرا. هیچکام لە پارێزەرانی ئەم قەڵایە بە ساغی دەرنەچوون. بیست لاوی باشی قزڵباشیش کوژران و بریندار بوون. کاتێک محەمەد بەگی بیگدێلی هات، بەردەستەکانی عەلیقوڵیخان بەو جۆرەی باس کرا، سیپەیان بەرەو سەهۆڵخانەی قەڵا ساز کردبوو. ماوەی دوو مانگ بوو کە ئاو لە سەر قەڵا هەڵبڕابوو و دانیشتوانی قەڵا بە بەفر و سەهۆڵی "قارلق" دەژیان. بەردەوام تۆپ بە بورج و بارۆی قارلقدا دەدراو چیان بۆ لێ نەکرابوو. فەرمان درا کە جەماعەتی شاملو لە لایەن عەلی قوڵی خانی ئێشک ئاقاسی باشی بە فەرماندەیی سەفی قوڵی بەگ و مرادخانی چیتی و نەقی سوڵتانی تەورێزی و خەلیل سوڵتان لافاوی سپەری سیپە بەرەو پێش ببەن. کاتێک قەڵا کەوتە دەست یارانی دەوڵەت، خاوەنانی ئەم سیپانە لە قارلق چوونە سەر و کاتێک لە لاوە سیپەکانیان بەرەو پێش برد، دانیشتوانی قەڵا کەوتنە تەنگانەوە. بە جۆرێک کە خەڵک نەیاندەتوانی لە ماڵێکەوە بچنە ئەویدی. خان بەگی کورد هات و قورئانی کرد بە ئامرازی لێبوردنی خۆی و گوتی؛ سەفەر قوڵی بەگ و محەممەد بەگ  وەرن قەڵاتان پێ دەسپێرین. دوای ئەوە دەروازەیان کردەوەو محەممەد بەگ و سەفەرقوڵی بەگ هەر کام بە جەماعەتی خۆیانەوە بەرەو پێش چوون. چۆلاق ئەمیرخان کاتێک لە هەموو لایەک ناهومێد بوو، لە رێگای رەهەندی چەگینی و سیپەی شایی وەدەرکەوت و بردیانە ماڵی محەممەد بەگی بیگدێلی. قەڵایان بە میرفەتاح و تفەنگچیەکانی ئیسفەهان و مەلازادەی بافقی و یوزباشان و نۆکەرەکان سپارد. ئەمیر چۆلاق بە دووسەد کەس لە کوردان و جەلالی بۆ خێوەتی محەممەد بەگی بیگدێلی برد. دوای نان خواردن، خان ئەمیر، کوڕی شێخ حەیدەری کوردی موکری لە گەڵ جەماعەتەکەی بۆ ماڵی ئەلیاس خەلیفە ناردران.خان ئەمیر لەو ماڵە باسی لە سپاگەری و ناسۆفی بوون کرد. دەستی بە قسەی زل و خراپ کرد. ئەلیاس خەلیفە بە ئامۆژگاری پێی گوت کە ئێمە قەرەداغی و سۆفین و ئەو قسانە مەکە کە دەکوژرێی و لە مەجلیسەکە هەستا. خان ئەمیر بە گومانی ئەوە کە کاتێ بچێتە دەرەوە، دەستووری کوشتنی من دەدا، هەڕای کردە ئەلیاس خەلیفەو بە خەنجەران کوشتی. جەماعەتی قەرەداغیان پەلاماریان دا و ئەمیریان لە گەڵ ئەو جەماعەتە کوردەی لە گەڵی بوو، کوشت. باوکی خان بەگیان لە لای سەفەرقوڵی بەگ بە جێ هێشت و جەماعەتی جەلالیان بۆ ماڵی خوسرەو بەگی یوزباشی نارد. لەوێ بەشێک لە خزمانی چۆلاق ئەمیرخان لێی جودا نەبوونەوە و لە خێوەتی محەممەد بەگی بیگدێلی دا مانەوە. کاتێک چۆلاق لە گەڵ یارانی لە قەڵا هاتبوونە دەر، لە گەڵ یەکتر پەیمانیان دابوو کە هەر کامیان یەکێ لە فەرماندەکانی قزڵباش بە خەنجەران بکووژن. کاتێک ئەلیاس خواجە خەڵیفە کوژرا، ئەو کوردانەی لە خێوەتی محەممەد بەگ دا بوون ویستیان بەو جۆرە بکەن کە پێشتر بڕیاریان لێ دابوو. جەماعەتی شاملوو بە سەریاندا رژان و هەموانیان کوشت. کاتێک کێشەی قەڵا دوایی هات، لە کۆتایی مانگی رەبیع الثانی شا بڕیاری دا کە ئەمیران و لەشکری بناری قەڵای دمدم ئەو موکریانە بکووژن کە لە ورمێ و ئەو دەڤەرەن. سەد و سی و حەوت کەللە سەر لە گەڵ یەخسیر و ئەسپ و گا و مەڕێکی بێ ئەژمار لە سامانی ئەو تاقمە هێنایە روخی رووباری رەش (سیاە رود). ئەمیرانی مەزن کە بۆ گەمارۆی قەڵا چووبوون، لە مەراغە پەیوەست بە ئۆردوو بوونەوە. بێجگە لە گەنجعەلیخان و تفەنگچیە تایبەتیەکانی شا کە بۆ پاراستن و پارێزگاری لەو مڵکە مانەوە. هەروەها بەرخوردار بەگی سەر تۆپچی کە بۆ راگرتنی کەلوپەلی تۆپخانە و هێنانی تۆپێک کە تازە دارێژرابوو و جەماعەتی ئەسیرلو کە بۆ پاراستنی رێگاکان دیاری کرابوون. پێیان راگەیەندرا کە تاکو داوا نەکرێن، نەگەڕێنەوە. بۆ وێنە ئیمام قوڵیخان حاکمی لار سەد و حەفتا و حەوت کەللە سەری لە گەڵ یەخسیر و گاو و مێگەلێکی بی ئەژمار و ئەمیرانی دیکەش کەللە سەر و دیل و ماڵێکی لە حیساب بەدەریان هێنا. لە ناو دارایی چۆلاق ئەمیرخانی برادۆست تەسبیحێکی خاریجیی فرە باش لە مەرجان هەبوو کە بۆ ئالاوێردی کەشیشیان نارد و ئەو بەیتەیان بۆ گوت:
      تەسبیحی خاریجی کە زیکری حەیدەر نەکات                  لە ملی سەگانی جەهەننەم دا بیکە بە پەت

لە مانگی رەبیع الثانی ئەو ساڵەدا قەبان سوڵتان لە ورمێوە هات و سەری چۆلاق ئەمیرخانی برادۆست و سەری ئەبداڵی موکری و زرێی برای تۆبل عەلیی جەلالی و کلیلی قەڵای دمدمە وهەشت کەسی زیندووی لە گەڵ خۆی هێنا. سێ لەوانە ببوون بە شاسەوەن. چۆلاق ئەمیرخان ژن و منداڵی ئەوانی لە قەڵا سەر بەرەو ژێر هەڵواسیبوو. ئازادیان کردن و خەڵات کران و مڵک و ماڵ و ناسناوی خانیان پێ درا بە قەبان خان ناسرا. مڵکەکانی کە پێشتر سەر بە ساروفرقان بو درا بە سارۆ بەگی برای و قشڵاق لە ئیسفەهان رووی دا.

۸/۲۲/۱۳۹۵

رۆناڵد و دۆناڵد


کە لە ئێران ئینقلاب کرا، لە ئەمریکا دێموکراتەکان لە سەر کار بوون. جیمی کارتەر سەرۆک کۆماری ئەو کاتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بوو. کۆماری ئیسلامی هەر لە سەرەتای هاتنە سەر کاری، دروشم و بانگەشە دژ بە ئەمریکای لە سەرەوەی سیاسەت و کاری خۆی دانا. تا ئاستێک کە خومەینی ئەم وڵاتەی بانتر و گەورەتر لە شەیتانە مەزهەبیەکە و وەک "شەیتانی مەزن" ناوزەد کرد. بەڵام مێژوو پێچەوانەی ئەوەمان بۆ دەگێڕێتەوە. شای ئێران لە سایەی پووڵی زۆر و زەبەندی نەوتەوە، یاغی ببوو. تووشی زێدەخوازی هاتبوو. خواست و داوای رۆژئاواییەکانی بە هێند نەدەگرت و جوابی نەدەدانەوە. خۆی بە ژاندارمی ناوچەکە دەزانی. بەوەش رۆژئاواییەکانی تووڕە کردبوو. 
لە مەودای شەڕی سارددا، رۆژئاواییەکان سیاسەتی پشتێندی بەرگرییان هەبوو. پشتێندێک کە دەوری یەکێتیی سۆڤیەتی پێشووی دابوو. ئیسلامیەکانیش بە سەرنجدان بە کێشەی نێوان ئایین و مارکسیسم، لەو ستراتژیەدا دەوریان هەبوو. لە ئەفغانستان ئیسلامیەکان بە پاڵپشتی ئەمریکا شەڕی دەسەڵاتی کومونیستیی ئەو وڵاتەیان دەکرد. لە داهاتووی ئێرانیش ئەوەی بۆ ئەمریکاییەکان گرینگ بوو ئەوە بوو کە دەسەڵاتی دوای شای یاغی، سەر بە یەکێتیی سۆڤیەت نەبێ. خومەینیی رێبەری ئایینی ئەو چاوەڕوانیەی بۆ رۆژئاواییەکان دابین کردبوو.
ئینقلابی ئێران ئەگەرچی لە ناو ستراتژیی پشتێندەی بەرگری دا جێی دەگرت بەڵام هەر لە سەرەتای کاردا سفارەتی ئەمریکا کەوتە بەر هێرشی خوێندکارانی ئینقلابی و کارمەندانی سفارەتخانەیان دەستبەسەر کرد. جیمی کارتێر زۆری هەوڵ دا بە شەڕ یان بە ئاشتی کێشەکە چارەسەر بکا بەڵام سەرنەکەوت. بابەتی ئەو بارمتەگرتنە و چۆنیەتی ئازادکردنی بارمتەکان بابەتی هەرە گەرمی بانگەشەکانی هەڵبژاردنی سەرکۆماریی ساڵی ١٩٨٠ بوو. رەنگە بۆ زۆرێک لە ئێرانیەکان سەیر بێ کە مێژوو وەک لاگرێکی مافی مرۆڤ و دژ بە شەڕ باس لە کارنامەی سیاسیی جیمی کارتێری سەرکۆماری ئەو کاتی ئەمریکا دەکا. کەسێک کە دواتر خەڵاتی ئاشتیی نۆبێلی پێدرا. چونکە ئێرانیەکان لە چوارچێوەی سیاسەتی دژە ئەمریکایی خۆیاندا هیندەی شای دەرکراو، جنێویان بە کارتەر دا و دروشمیان لە دژی بەرز کردەوە. بەڵام لە مەودای بانگەشەکانی هەڵبژاردندا کارتەر خەڵکی ئەمریکای لە ئەگەری سەرکەوتنی رۆناڵد رەیگان وشیار دەکردەوە و گوتاری رەیگانی بە شەڕ هەڵاییسێنەر و مەترسیدار وەسف دەکرد. هاوکات هەوڵی دا بە گوتاری نەرم و دژ بە شەڕی خۆی لە ماوەی هەڵبژاردندا، ئێرانیەکان بۆ ئازاد کردنی بارمتەکان هان بدا و ئەوە وەک کارتێکی گرینگ بۆ سەرکەوتن بە کار بێنێ. بەڵام سەرنەکەوت. سەرەنجام دەنگدەران دەنگیان بە رەیگانی "شەڕ هەڵاییسێنەر" دا. راست بیست دەقیقە دوای ئەوەی رەیگان یەکەم لێدوانی خۆی بە بۆنەی وەرگرتنی پۆستی سەرکۆماری لە کۆشکی سپی‌یەوە پێشکەش کرد، بارمتەکان لە لایەن کۆماری ئیسلامیەوە ئازاد کران. گومانی ئەوە دروست بوو کە ئەم کارە دەرەنجامی رێککەوتنێکی ژێر بە ژێری نێوان رەیگانی شەڕخواز و خومەینیی شەڕکڕ بێ بەڵام لێکۆڵینەوەکان لەم بارەوە هیچیان بە دەستەوە نەدا.
رۆناڵد رەیگان ئەکتەرێکی بە توانای سینەما بوو. زۆربەی کاتی خۆی بە تەماشای فیلم تێپەڕ دەکرد. ئەو ئەگەرچی ئاخێوەرێکی بە توانا بوو بەڵام بەو رادەیە لە گەڵ سیاسەت و سیاسیکاری تەبا نەبوو. جا دەڵێن شانامە کۆتاییەکەی خۆشە. سیاسەتوانە "شەڕ هەڵاییسێنەرەکە" سەرەنجام سات و سەودای ژێر بە ژێری چەک و چۆڵ لە گەڵ کۆماری ئیسلامی لێ ئاشکرا بوو و ئەوەش هەڵڵای زۆری نایەوە. دۆسیەیەک کە بە "مەک فارلین"، "ئێران گەیت" و "ئێران کۆنترا" لە مێژووی ئەمریکادا وەک پەڵەیەکی رەش مایەوە. 
رۆناڵد رەیگان وەک دۆناڵد ترامپ زیاتر لە سەر شاشەی تلویزیۆن و سینەما ناسرابوو تا لە مەیدانی سیاسەت دا. ئەگەرچی لە سیاسەتدا ئەزموونی زیاتری لە ترامپ هەبوو. هەردوویان سەرەتا بە لاگریی دێموکراتەکان دەستیان پێ کرد و دواتر بوون بە کۆماریخواز. رۆناڵدیش وەک دۆناڵد بە کەلک وەرگرتن لە هەستی پەرەگرتووی راست ئاژۆیانە لە کۆمەڵگای ئەو کاتی ئەمریکادا سەر کەوت. کێشەی ئێران لە کاتی بانگەشەی هەردوویاندا دەوری هەبوو. هەرچەند بۆ رەیگان خێری زیاتری پێوە بوو.
ئێستا دۆناڵدی توندئاژۆ وەک رۆناڵدی راستئاژۆ، بە دوای سەرکۆمارێکی ئاشتیخواز و بە رەخنە لە هەڵوێست و هەڵسوکەوتی ئاشتیخوازانە، دەسەڵاتی ئەمریکا بە دەستەوە دەگرێ. بەڵام ئاخۆ داهاتووی هەڵسوکەوت و هەڵوێستی دۆناڵد لە حاند ئێراندا چ جیاوازیەکی لە گەڵ رۆناڵدی پێش خۆی دەبێ؟ ئاخۆ ئەوە دەبێ کە هێندێک لە دژبەرانی کۆماری ئیسلامی کیسەیان بۆ هەڵدرووە یان ئەمجاریش هەڵسوکەوتی بەربژێرە توندئاژۆکانی کۆماریخوازەکان بۆ خەڵک و ئۆپۆزیسیۆنی ئێران هەر ئەوەندەی خێر دەبێ کە ئۆباما و کارتەر، سەرکۆمارە ئاشتیخواز و نۆبێل پێدراوەکانی ئەمریکا هەیانبوو؟!
با بزانین..

۸/۰۳/۱۳۹۵

بێڵندانە یان بەڵێندانە

 یەک لەو جێژنە کۆن و لەمێژینانەی کورد کە لەم ساڵانەی دواییدا سەرلەنوێ برەوی سەندوەتەوە، جێژنی "بێڵندانە"یە. جێژنێک کە لە بەشە جۆراوجۆرەکانی کوردستاندا بە ناوی جیاوازی وەک جێژنی سەرە، سەدە، سەتەی مەڕی، بەهاری کوردی، بەهاری سەکران، کۆسە، تربێ  و سەرەنجام بێڵندانە بە نێوبانگە. لە ناوچە جۆراوجۆرەکانی ئێران ، ئەفغانستان و ئاسیای ناوەڕاستیشدا ئەو جێژنە بە ناوی جۆراوجۆری وەک خێرپەچار، کوردە، جێژنی شوانان، هەلەهەلە، کوردعەلی کێو، چیللە قاشدی، بەهمەنجە و سەدەی سۆز یان سەدە سۆزی بەر گوێ دەکەوێ کە ئاسەواری کوردی‌بوون بەسەر بەشێک لەو ناوانەشەوە پارێزراوە.  لە ناوچەی هەورامان و لای پێڕەوانی ئایینی یارسان، جێژنی پیرشالیار لە نیزیکترین چوارشەممەی کۆتایی چلەی گەورەدا دەگیرێ کە گومان دەکرێ شێوەیەکی دیکەی هەمان جێژنی بێڵندانە بێ. لەنێو ئێزدییەکانیش‌دا ساڵانە جێژنێک بەناوی "بێلندێ" یان "بێلندە" دەگیرێ کە دەکەوێتە حەوتووی دووهەمی چلەی زستانەوە. بەو پێیەش کە لە دیوی گەرمێن تەنیا یەک چلەی چل ڕۆژە هەیە کە لە ٢٥ ڕۆژ دوای زستان دەست پێ دەکا و ٢٤ یان ٢٥ ڕۆژ بەر لە نەورۆز کۆتایی دێ، بێڵندێ مەودای زەمانیی زۆری لەگەڵ کۆتایی چلەی گەورە و جێژنی بێڵندانە لە دیوی کوێستان نییە. 
 جێژنی سەدە یان بێڵندانە دەکەوێتە کۆتایی چلەی گەورەوە. واتە دوای تێپەڕینی چل رۆژ لە زستان، لە ١٠ی ڕێبەندانی هەموو ساڵێکدا دەگیرێ. هەڵبەت بە پێی ناوچە جۆراوجۆرەکان و نەبوونی کاڵێنتێری و ڕۆژژمێرێکی یەکگرتوو، جێژنی بێڵندانە هەموو ساڵێ و لە هەموو ناوچەکان وێکڕا بەڕێوە ناچێ و لە چل تا چل و پێنج رۆژ زستان، جیاوازی تێدایە. جیاوازییەکەش لەنێوان جێژنی کۆتایی چلەی گەورە یان جێژنی دوولایی بوونی زستان لە چل و پێنجەمین ڕۆژی زستاندایە. 
بێڵندانە وەک دیکەی جێژن و بۆنە مێژووییەکانی کورد تۆزی فەرامۆشی لەسەر نیشتوە و بە دەگمەن ئاوڕی لێ دراوەتەوە. لەبەر ئەوەش هەتا ئێستا لێکۆڵەرانی کورد کەمتر خۆیان لە ناسین، ناساندن، چۆنیەتی و کەلتوری بەڕێوەچوونی، فەلسەفە و بنەمای جێژنەکە و ماکی وشەی بێڵندانە داوە. هەر ئەوەش هۆی ناڕێکی لە کات و چۆنییەتیی بەڕێوە چوونی بۆنەکەیە و ڕەنگە زۆر داب و نەریتی پێوەندیدار بەو جێژنەش لەبیر چووبنەوە. دەگوترێ بۆنەکە پێوەندی بە کەمبوونەوەی بارینی بەفرەوە هەیە و لەسەر ئەو بۆچوونە، وشەکەش لە سێ بەشی "بێڵ + ن + دانا" پێکهاتووە کە بەپێی بنزاراوەی مەنگوڕایەتی، بە واتای "بێڵمان دانا" یان "بێڵی بەفر ماڵینمان دانا"، شی کراوەتەوە(١) کە ئەوە لێکدانەوەی ڕواڵەتی وشەکەیە و زۆر جێی متمانە نییە.
سەبارەت بە چۆنییەتیی بەڕێوەچوونی جێژنی بێڵندانە، ئاورێکی گەورە لە گۆڕەپانی بەرینی ئاوایی‌دا دەکرێتەوە و کوڕ و کچ بەدەوری ئاگرەکەدا کۆ دەبنەوە و خۆشی دەگێڕن. ئاگرکردنەوە نەریتی هاوبەشی هەموو ئەو جێژنانەیە کە لەو سەروبەندەدا بەناوی جۆراوجۆر لە شوێنە جیاوازەکانی ئێران و کوردستان‌دا دەگیرێ. لە جێژنی بێڵندێ‌دا هەر ماڵێکی ئێزدی لەبەر دەرگای خۆی ئاور دەکاتەوە و منداڵان بەسەر ئاگرەکەدا بازبازوکێن دەکەن. یەک لە دابەکانی ئەو جێژنە پێشبینی کردنی بەروبوومی ساڵی داهاتوو بە هۆی ئەو ئاگرەوەیە. بەو جۆرە کە "دارێکیان لە نێوەڕاستی ئاورەکە دەچەقاند لایەکی گوڵەگەنمیان پێ هەڵدەواسی و لایەکەی دیش مازوو. ئەگە دارەکە بە لای گەنمەکەدا کەوتبا ئەوە دەیانکوت دەغڵ و دان زۆر دەبێ، ئەگەریش بە لای مازۆکەدا کەوتبا دەیانکوت ڕسق و ڕۆزی زۆر دەبێ."(٢) لە هێندێک ناوچەی دیکە بەجیی دوو، "چوار ئەستوندەکی گەورە بەرپا دەکەن، لەسەر هەر ئەستوندەکێک بەرهەم و بەرەچەیەک دادەنێن، هەر کاتێک ئەستوندەکی ناوەندیی ئاورەکە لەکاتی سووتان بەرەو لایەک چەماوەتەوە خەڵک لەسەر ئەو باوەڕەن کە ئەو بەرەمە لە کشتوکاڵ خێری تێدا دەکەوێ و فراوان دەبێ."(٣) ئەم پێوەندییەی نێوان بێڵندانە و کشتوکاڵ لە ڕێوڕەسمی بەڕێوەچوونی جێژنی بێڵندێی ئێزدی‌دا زیاتر بەرچاوە و زۆربەی نەریتەکانی جێژنی بێڵندێ وەک کردنەوەی ئاگر لە پێشوازیی گادا کە بە "گورگەگا" ناسراوە یان هەڵاویشتنی میوە و مێوژ و خورما بەسەر لاوان و منداڵاندا، پتر پێوەندیی نێوان ئەو جێژنە بە ژیانی کشتوکاڵ و جوتیارییەوە پێشان دەدا. نەریتێکی دیکەی ئەو جێژنە لە نێو ئێزدییاندا سازکردنی جۆرێک کوللێرە بە مێوژ بەناوی خەولێر یان خەورایە کە لەشێوەی هەتاو ساز دەکرێ و میوانانی پێ بەڕێ دەکرێ.(٤) لە ئاستی ئێرانیش‌دا پێوەندیی جێژنی سەدە و ژیانی کشتوکاڵی دەبیندرێ. لە هەرێمی کرمان "جووتیارەکان خۆڵەمێشی ئاگری سەدە بەسەر زەوییەکانیاندا وەردەکەن و پێیان وایە خۆڵەمێشی سەدە خێر و بەرەکەت بە زەوییەکانیان دەدا."(٥)
ئەم نەریتی گڵ و خۆڵ بەسەر هەرددا وەرکردنە بە جیاوازییەوە لە بەیتی برایمۆکیشدا هاتوە بەڵام نە بۆ پیتاندنی زەوی بەڵکو بۆ ئەوەی بەهار زووتر لە وادەی خۆی بگاتێ و بە کاوی دڵی خۆی بگا:
میرحەج بە برایم دەڵێ: 
«ڕێی کوێستانێ بێتەوە، دەنێرم خاتوون پەریخان بێننە ئێرە، دەتانکەم بە بووک و زاوا».
کە برایم ئەو قسەی میری بیست تەواوە،
شەوێ هەتا ڕۆژ، سەوەتێکی پەیداکردبوو، گڵ و پەینی بۆ قەندیلی مامەکۆیییان کێشاوە.
ڕۆژێکی گوتی: «میر! بەقوربانت بم سەری کوێستانان ڕەشبەڵەک بوو بەفر لە هیچ کوێ نەماوە».
خانم پێکەنی، گوتی: «میر تەماشای برایمی کە، هێشتا نیوەی زستانێ نەبووە؛
شەوێ هەتا ڕۆژ ئەو فەقیرە گڵی بەکۆڵی کێشاوە.
ئەو زەحمەتەشی هەروەک خزمەتی تۆیە ئەگەر ئەتووی دە کووچە و کۆڵانان گێڕاوە
میر نابێ چ کاران بکەی، هەتا کاری برایمۆکی دەکەی تەواوە».(٦)
گومان دەکرێ نەریتی خۆڵەمێش وەرکردن بەسەر عەرز و لەڕاستیدا بەسەر بەفردا کردن لە جۆرێک باوەڕی هاندانی زەوی بۆ گەرم داهاتن و توانەوەی بەفر و ڕەشبوونەوەی زەوی کەوتبێتەوە.  
بەڵام سەرەڕای ئەو نموونانەی سەرەوە، کوردستان وڵاتێکی شاخاوی‌یە کە لە کۆنەوە ئاژەڵداری و بەتایبەت مەڕداری پیشەی سەرەکیتری دانیشتوانەکەی بووە. هەر بۆیەش ئەو جێژنە ناتوانێ بێ پێوەندی بەو بارەی ژیانی خەڵکەوە بووبێ. بەتایبەتی کە لەم سەردەمەشدا ڕێوڕەسمەکانی زیاتر لە ناوچە شاخاوییەکانەوە پارێزراو و زیندوو کرانەوە. 
 هەتا ئیستا دروستترین بۆچوون سەبارەت بە بنەمای جێژنە کەوناراکانی کورد لە لایەن مامۆستا هێمنەوە هاتووەتە ئاراوە. ئەو سەرجەم جێژنەکان هەر لە مێهرەگانەوە تا سێزدەبەدەر بە جێژنی ئاژەڵداران و بۆ هۆکاری ئابووری دەگەڕێنێتەوە. هۆکارە ئابوورییەکەش هەڵسووڕانی ژیانی دانیشتوانی ئەو هەرێمە لە سەر بەروبوومی گیاندارێک بە ناوی "مەڕ"ە. جێژنی مێهرەگان کە بە یەکەم بۆنەی ئەو ڕیزە جێژنانە هەژمار دەکرێ، جێژنی بەران تێبەردانە و بەسەرهاتەکە لەو سەعات و ڕۆژ و مانگەوە دەست پێ دەکا. لە سەرەتای پاییزدا کە وەرزی جووتبوونی مەڕ و بەرانە، هەتا ئەم دواییانەش لە کوردستان ئاسەواری جێژنی پێوە دیار بوو. هەر بنەماڵەیەک بەرانی خۆی بە رەنگێکی دیار و بە شێوازێکی تایبەت رەنگ دەکرد. هەروەها مەڕیش ڕەنگ دەکرا. وەک مامۆستا هێمن باس دەکا، خەڵات و مزگێنیش بە شوان دەدرا. رەنگە ئەمانە پاشماوەی تەنیا بەشێک لە رێوڕەسمەکانی ئەو جێژنە بووبن. پاشا و دەسەڵاتداران بە هەمان هۆکاری ئابووری، جێژنی مێهرەگانیان وەک جێژنێکی سەرانسەری پەژراند. هۆکارە ئابووریەکەش بۆ ئەوان ئەوە بووە کە مەڕ و مەڕداری سەرچاوەی گرینگ و سەرەکیی ئابووریی وڵاتەکەیان و لە ئاکامدا هۆی بەڕێچوون و بەڕێوەبردنی وڵات بوو. بێجگە لە ئەستاندنی سەرانە و مەڕانەی ساڵانە، شا لەو رۆژەدا بە سەردان و پێکهێنانی جێژن و گۆڤەندی گەورە، مەڕدارانی دڵخۆش دەکرد و مەڕدارانیش دیاری و دەستەکیان پێشکەش بە پاشا دەکرد. بە واتایەکی دیکە جێژنی مێهرەگان پێش ئەوەی لە ئێران و لەلای پاشا و بارەگای دەسەڵات ببێ بە جێژن، لای مەڕدارانی کورد کە سەرچاوەی گرینگ و ڕەنگە سەرەکیی داهاتی شا و وڵات بوون، جێژنی جووتبوونی مەڕ و بەرانەکانیان بوو. بە دوور نییە ناوی مێهرەگانیش هەر لە وشەی مەڕ کەوتبێتەوە. واتە جێژنی مێهرەگان لە بنەڕەتدا جێژنی "مەڕەکان" یان شتێکی نیزیک لەوە بێ.
 پەز و هاوشێوەکانی کۆنترین ناوە کە کە ئاخێوەرانی زمانەکانی هیندوئوروپایی لەسەر مەڕیان داناوە بەڵام لە زمانی کوردیدا وێڕای پەز، ناوەکانی مهـ ، مێ و مەڕ ناوی دیکە و باوتری ئەو گیاندارەن. ناوێک کە تایبەت بە زمانی کوردی و زاراوەکانی سەر بەو زمانەیە و لەنێو بنەماڵەی زمانە هیندوئورپاییەکاندا نییە. کوردان مەڕ بە گیانداری پێغەمبەر دەزانن. هاوکات بە گیاندارێکی وەفادار، میهرەبان و بە بەزەیی کە ئەمانە لە ئایینی میترادا لە تایبەتمەندییەکانی میترا خۆیشی بوون. گیاندارێک کە لە بەخشەندەییدا بێ هاوتایە و بە سەدان و هەزاران ساڵ ژیانی مرۆڤی دابین کردوە. هەر بۆیەش سەیر نییە ئەگەر کورد کە زیاترین بەرهەمی لە مەڕ وەرگرتوە، ئەو گواندارەی بە دیاریەک لەلایەن خودا و میترای پێغەمبەر زانیبێ. بەوەش وەک پەزی میترای پێغەمبەر ناوی مێهر، مهـ، مەهر و سەرەنجام مەڕی لێ ناوە. ئەو گیاندارە بەخشندەیە کە لە مێهرەگاندا بەرانی گرتوە، دوای سەد ڕۆژ، بێچووەکەی لە زگی دایکیدا گیانی وەبەر دێ و مەترسی بەرهاویشتنی نامێنێ. ئەو سەد ڕۆژە، ڕاست دەکەوێتە جێژنی سەدە یان بێڵندانەوە کە بە پێی بۆچوونی مامۆستا هێمن، ئەوە هەمان هۆ و بۆنەی ئەو جێژنەیە.
  بێجگە لە بۆچوونەکەی مامۆستا هێمن، چەندان ڕا و سەرنجی دیکەش سەبارەت بە بۆنەی سەدە یان بێڵندانە لە کۆنەوە هەتا ئێستا باس کراون. لەوانە ئەوەیە کە ئەو ڕۆژە پەنجا ڕۆژ و پەنجا شەوی لەگەڵ نەورۆز مەودا هەیە کە بە یەکەوە دەکەنە سەد کە لەو سەد ڕۆژ و شەوە وشەی سەدە و جێژنی سەدە ساز بووە. یان ئەوە کە ژمارەی کوڕانی کیومەرس بوون لەو ڕۆژەدا بوون بە سەد و بەو بۆنەوە جێژنی سەدەی بۆ گرتوون. هەروەها دەگوترێ کە فەرەیدوونی پیشدادی لەو ڕۆژەدا تووشی مارێک بووە و بەردێکی ڕێهاڵاندوە کە ئەگەرچی بەردە مارەکەی نەگرتوە بەڵام لە وێککەوتنی لەگەڵ بەردی دیکە، ئاورێکی گەورەی داگیرساندوە بەم جۆرە و لەو ڕۆژەدا ئاگر دۆزراوەتەوە. هەروەها وەک گوترا لەنێو خەڵکدا باوە و لێکۆڵینەوەیەکیش کە نەمر سەید عوبەیدیللا ئەییوبیان سەبارەت بەو جێژنە ئەنجامی داوە، وای لێک داوەتەوە کە وشەی بێڵندانە لە بنزاراوەی مەنگوڕی داکەوتوە و لە دوو وشەی "بێڵمان دانا" پێکهاتوە. واتە ئیدی بەفر نابارێ و پێویستیمان بە بێڵ و بەفرماڵین نییە یان بە رادەی پێشوو نابارێ. بەڵام هیچکام لەوانە ناتوانن بنەمایەکی ڕاستەقینەیان هەبێ. نە عەقڵ دەیبڕێ کە بەو چلەی زستان و بەفرە، لە وێککەوتنی دوو بەرد ئاگر هەڵگیرسابێ و دۆزرابێتەوە و نە خەڵک هیندە خۆشباوەڕ بوون کە پێیان وا بووبێ لەو وەختەی زستاندا بەفر تەواو بووە. چونکە بێڵندانە چ لە دوای چلەی گەورەدا بگیرێ و چ لە چل و پێنجەمین رۆژی زستاندا، هێشتا زستان ئەوەندەی بە بەرەوە دەمێنێ کە چاوەڕوان بکرێ بەفری قورس ببارێ. لە کاتێکدا تەنیا چلەی گەورە تێپەڕیوە و چلەی چکۆڵە و سەرما و کڕێوەی زمهەڕیش لەپێشدایە، ناکرێ پێشینیانی ئێمە هیندە بە زستان خۆشباوەڕ بووبن و وا بە پەلە ماڵاواییان لە بێڵ و وەروەرە کردبێ و بەو بۆنەوە جێژنیشیان گرتبێ. چونکە ئەو کاتەی زستان بۆ دانان و هەڵپەساردنی بێڵ هێشتا زۆر زوویە و ئاسایی‌یە ئەگەر لە ڕۆژی بێڵندانە یان ڕۆژانی دواتردا ئەژنۆیەکی دیکە بەفر ببارێ. سەرەڕای ئەوە، ئامرازی بەفرماڵین لە کوردستان زیاتر بە وەروەرەیە نەک بە بێڵ.

 بەپێی لێکدانەوەکەی مامۆستا هێمن، جێژنی بێڵندانە یا جێژنی سەدە یان سەتەی مەڕی، لە سەد رۆژەی بەران گرتن و ئاوس بوونی مەڕدا دەگیرێ؛ "مەڕ بە پێنج مانگ دەزێ پێشینیان دەڵێن بەرخ پاش سەد ڕۆژ ڕووحی وەبەر دێ و مەترسی بەر ئاویتن کەم دەبێتەوە. جێژنی سەدە کە ئێستاش لە زۆر شوێنی کوردستان دەیکەن و پێی دەڵێن «بێڵن دانا» پێوەندی دەگەڵ ئەم باسە هەیە. دوو مانگ پاییز و سێ مانگ زستان دەکاتە پێنج مانگ و لە شەوی ئەووەڵی بەهاردا زەوی مەڕ دێ و جێژنی هەرە گەورەی مەڕدارە."
 
 بەڵام جێژنی بێڵندانە لە کۆتایی چلەی گەورەدا، جگە لەو بۆنە ئابوورییە، واتای سرووشتیشی هەیە؛ چلەی گەورە یان چلە بەرین پوختەی زستان یان زستانێکی ‏کورتە کە ئەگەر تێپەڕ بێ، ئیدی  زستان زۆری بە بەرەوە نامێنێ و خەڵک لە خەمی سەرما و زستان دەخەلسێ. بەو واتایە بێڵندانە جێژنی کۆتایی چلەی گەورەشە. هەروەها دوای چلەی گەورە، یەکسەر چلەی بچووک دەست پێ دەکا کە وەک چۆن یەلدا جێژنی چلەی گەورەیە ئەوە بێڵندانەش دەتوانێ جێژنی چلەی بچووک بێ.
 
بێجگە لەو دوو واتا ئابووری و سرووشتییە، کۆتایی چلەی گەورە هەڵگری ئاماژەیەکی ئایینیشە کە ئەویش چل رۆژ دوای شەوی یەلدایە کە لەنێو کورداندا بە شەوچلە یان شەوزستان ناسراوە. دەگوترێ یەلدا وشەیەکی سریانیە بە واتای لە دایکبوون. لە باوەڕی پێڕەوانی ئایینی میترادا، ئەو شەوە، شەوی لەدایکبوونی میترایە کە دواتر وادەی لەدایکبوونی مەسیحی لەگەڵ ڕێک کرا. هاوتا لەگەڵ ئەم باوەڕە ئایینی‌یە، شەوی یەلدا درێژترین شەوی ساڵە کە لە دوای ئەو، شەوەکان کورت و ڕۆژەکان درێژ دەبنەوە و بەرەبەرە ڕووناکی بەسەر تاریکیدا سەر دەکەوێ. بەو پێیە یەلدا لەباوەڕی پێڕەوانی ئایینی میترادا بە شەوی لەدایکبوونی خۆریش ناسراوە کە هێمای میترایە. لەسەر یەک هەم تێپەڕینی چل ڕۆژ بەسەر زستان و کۆتایی چلەی گەورەدا و هەم چلەی لەدایکبوونی میترا یان خۆر، لە باوەڕ و فەرهەنگی کورددا بۆنەی گرینگ و مایەی شادی و دڵخۆشین.
 
ژمارەی ٤٠ لە فەرهەنگی کورد و هی دراوسێکانیشدا ژمارەیەکی گرینگ و پیرۆزە. چل سوارەی غەیبی، چل پلەی عومان، چلدانە گرتنەوە و چلبەردەی سەر چاکی، چلەی مەرگی ئازیزان، چل ڕۆژ چلەنشینیی سۆفی بۆ پاکبوونەوە لە گوناهان، کامڵبوونی مرۆڤ لە تەمەنی چل ساڵی‌دا، لەدایکبوونی مناڵ دوای ٤٠ حەفتە و لەوە گرینگتر تێپەڕینی چل ڕۆژ بەسەر لەدایکبوونی منداڵ و دایکدا مەترسیی مەرگ و نەخۆشیان لەسەر دەڕەوێنێ و هیوا بە ژیان و مانیان پتر دەبێ کە بەم بۆنەوە جێژنیان بۆ دەگیرێ. دابەشکردنی زستانیش بەسەر چلەی گەورە و دواتر چلەی بچووکدا هەر لە باوەڕ بەو چلە گرینگ و پیرۆزانەوە سەرچاوەی گرتوە.
 
لەکاتێکدا شەوی یەلدا شەوی لەدایکبوونی میترا و خۆر و رووناکییە، تێپەڕبوونی چل رۆژ بە سەر ئەو لەدایکبوونە پیرۆزەدا، دەبێ بە جێژن. لەگوێن ئەو جێژنەی کە دوای چلەچوون بۆ ساوای ئادەمیزاد و دایکی دەگیرێ. چلەی ئەم لەدایکبوونە ئایینی - ئۆستوورەیی‌یە لەگەڵ تێپەڕینی سەت رۆژ بەسەر گووران و وەگیان هاتنی بەرخ لەنێو سکی مەڕیشدا -بەو جۆرەی مامۆستا هێمن باسی کردوە - ڕێکە. ئالێرەدا پێڕەوانی میترا چەند جێژن دەکەن بە جێژنێ؛ هاوکات کە چل ڕۆژی ئاستەم لە زستانی سەخت و تووش ڕابردوە، لەلایەک چلەی لەدایکبوونی نەوزایەک بەناوی میترا و خۆرە و لەولاوەش سەد رۆژەی گوورانی ساوایەکی دیکەیە کە لە زگی مەڕدا گیانی وەبەر هاتووە. واتە چلەی لە دایکبوونی ساوایەک و سەدەی گیان گرتنی ساوایەکی دیکەیە. هەردوویان مەترسیی مردنیان لەسەر ڕەویوەتەوە. زەمان بەڵێنیی مان و ژیانی هەردوویانی داوە. لە تێکئاڵقانی ئەو دوو مزگێنی و بەڵێنیە کە موژدەی تێپەڕینی چل ڕۆژی سەختی زستانیشی لەگەڵدایە، ئەوان بەڵێن‌یان وەرگرتوە و جێژنی "بەڵێن دان"یان گرتوە. بە واتایەکی دیکە ئەوەی لە موکریان بە ناوی جێژنی بێڵندانە، بێڵندانا یان بێڵندان ناوی دەرکردوە، لە بنەڕەتدا جێژنی بەڵێندان، بەڵێندانێ و بەڵێندانەیە. دوو وشەی بەڵێندان و بێڵندان بە هۆی نیزیکیان لە یەکتر، تێپەڕینی زەمان بەسەر وشە و جێژنەکەدا، کاڵبوونەوەی باوەڕەکە و لەبیرچوونەوەی واتاکە، تووشی تێکەڵبوون و قڵپبوونەوە هاتووە. بەڵێن، گفت، سۆز، پەیمان، قەول و وەفاداری یەک لە بنەماکانی ئایینی میترایی‌یە و هەر لە بنەڕەتدا میترائیسم ئایینی پەیمان و بەڵێنی‌یە. کۆنترین بەڵگەی میترایی لە کوردستان دۆزراوەتەوە کە بۆ ٢٥٠٠ ساڵ بەر لە زایین دەگەڕێتەوە و تێیدا شای میتانی و هووری بەڵێنیان بە یەکتر داوە و سوێندیان بە میترا خواردوە. گرینگی پەیمان و بەڵێنیی میترایی لە وشەکانی مۆر و مارەیی کە هەردوو پێوەندییان بە ناوی میترا  و ئایینی میترایی‌یەوە هەیە، پارێزراوە. ئەم گرینگیی بەستن و مانەوە لەسەر وادە و بەڵێنی لە گۆرانی فۆلکلۆریش‌دا تا ئاستی نیوەی ئیمان ڕەنگی داوەتەوە؛
 
ئەمشەو شەوەکەی وادە و پەیمانە
قەرار و بڕیار نیوەی ئیمانە
یان
ئامان ئامانە یا پیر ئامانە
ئەمشەو شەوەکەی عەهد و پەیمانە
لە پەندی پێشینیان‌دا:
سوور نەبی لە سەر وەعدە و بەڵێنی
گەنجی دونیات بێ پووشێک ناهێنی
گرینگیی پەیمان و بەڵێنی لای کورد چووەتە ناو شێعری شاعیرانیشەوە و وەک خدەیەکی بەرزی کورد سەیری کراوە کە دەکرێ یەک لە ئاسەوارەکانی ئایینی میترایی لە لای کورد بێ؛
 
وەرە سوور بە لەسەر وادە و بەڵێنی
وەرە کورد بە و مەکە پەیمان شکێنی
یان
لەنێو کورددا نەبوو پەیمان شکاندن
لە کوێ فێر بووی گوڵم پەیمان شکێنی (هێمن)
 کاتێک خەڵک بۆ پیرۆزبایی ئەم جێژنە بە یەکتر دەڵێن "بێڵندانەت (بەڵێندانەت) دەبەر بێ "، نزای ئەوە دەکەن کە پەیمان و بەڵێنیی ئەم جێژنە بەرامبەرەکەشیان بگرێتەوە، بەڵێنیی خۆشی پێ بدرێ و بەو بەڵێنی و پەیمانەی لەو جێژنەدا پێی دەدرێ، شاد بێ:
 
بەڵێندانەت دەبەر بێ 
تۆزی شادیت لە سەر بێ
یان؛
شیر و کەرەت دەسەر بێ
"شیر و کەرە" بەرهەمی دوای زانی پەزە کە ئاماژەیە بە گوانکردنی مەڕ و گیان وەبەرهاتنی بەرخ لە زگی دایکیدا و مزگێنیی زان و پاشان شیردانی مەڕ لە سەرەتای نەورۆزدا.
 
نیزیکترین هاوتای وشەی بەڵێن بۆ جێژنی بەڵێندانە، لە "سەدە سۆزی" یان "سەدەی سۆز"دا پارێزراوە کە لە بەشێک لە ناوچەکانی ئێراندا بە کار دێ. "سۆز" یان "سوزی" بە رواڵەت واتای سووتان دەدا بەڵام بە گەڕانەوەیەک بۆ سەر واتای وشەکە لە زمانی کوردیدا، دەبینین سۆز هاوتای گفت، پەیمان، وادە و بەڵێنە.
 
ناوی بێڵندانە لە هەمبانە بۆرینەدا بەشێوەی "بێڵندان" تۆمار کراوە و بە هەڵە بە جێژنێکی خاچ پەرستان واتا کراوەتەوە. بێڵندانە بەشێوە "بێڵندانێ"ش دەگوترێ کە هەردوو پاشگری "ــە" و "ــێ" لە کۆتایی بێڵندان‌دا، پاشگری ناسێنەن.
 
ژێدەر: 
١- هەر سێ سەرچاوەۆ عوبەیدیللا ئەییوبیان لە بابەتی بەهاری کوردی و سەلاح پایانیانی لە فەرهەنگی زارەکیی موکریان و ئاکۆ جەلیلیان لە کوردیکادا بێڵندانەیان بە واتای دانانی بێڵ واتا کردۆتەوە. 
٢- سەلاح پایانیانی؛ فەرهەنگی زارەکیی موکریان، بەرگی ب. لاپەڕە ٥٣٠
٣- ئاکۆ جەلیلیان؛ کوردیکا، ب.٢، ل. ١٤٣٧
٤- لە یوتیوب
٥- محمود روح الامینی؛ آیین‌ها و جشن‌های کهن ایرانی 
٦- ئۆسکارمان - تۆحفەی موزەففەرییە - بەیتی برایمۆک
هێمن: بابەتی نەورۆز لە کتێبی هەواری خاڵی‌دا
عوبەیدیللا ئەییوبیان: بهار کردی، بێڵندانە

۷/۳۰/۱۳۹۵

کەمپەینی خویندن بە زمانی کوردی لە کەنارەکانی گۆلی ورمێوە تا سەراوی لیلوپەڕ

بەڵێ تۆ جوانی، نازداری، لەباری 
منیش پیرێکی زورهان و دزێوم
بەڵام شیرینترە لەو شەکرە لێوەت 
وشەی کوردی کە هەڵدەڕژێ لە لێوم 
 هێمن

 لەو رۆژانەدا کە کوڕان و کچانی مەریوان بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی لە حاند دواکەوتویی و پشتگوێ خرانی ناوچەکەیان رژابوونە سەر شەقامەکان، لە کەنارەکانی زرێبار، مناڵان بە خوێندنەوەی شێعری کوردی، وتنی گورانیی کوردیو کایە لەگەڵ وشەی کوردی، کۆتایی ساڵی خوێندنی زمانی کوردییان بۆخۆیان جێژن دەگرت. رێورەسمەکانی کۆتایی خوێندن بە زمانی کوردی، ئەمساڵ بە تایبەت لە دوو شار و ناوچەی مەریوان و بانە جێگای سەرنج بوون. لەولاتر، مناڵانی لێوارەکانی گۆلی ورمێ، بە بۆنەی وەرگرتنی مۆڵەتی کردنەوەی کلاسی زمانی کوردی، شاد و شاگەشکە بوون. لە لایەکی دیکەش چالاکانی کورد لە شاری کرماشان کەمپەینێکیان بۆ گەڕاندنەوەی مافی خوێندن بە زمانی کوردی وەڕێخستووە.
 دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە درێژایی نیزیک بە چوار دەیەی تەمەنی، مناڵانی کوردستانی لە چاوەڕوانیی سەرەتاییترین مافی خۆیاندا هێشتۆتەوە. سەرەتاییترین مافێک کە دەکرا بە جێبەجێ کردنی بەندی ١٥ی یاسای بنەڕەتیی خۆی جێبەجێی بکا. لە راستیدا ئەوە تەنیا بەندێکی یاسای بنەڕەتیی کۆماری ئیسلامی بوو کە لە سەرەتاوە بەر سەرنجی کوردەکان کەوت. بەندێک کە ئەگەرچی ناوەرۆکەکەی تەفسیر و لێکدانەوەی جۆراوجۆر هەڵدەگرێ و بە هیچ جۆر وڵامدەری خواستە نەتەوەییەکانی کورد لە ئێراندا نییە بەڵام جێبەجێ کرانی دەیتوانی هەنگاوێکی بەرەوپێش بۆ چارەسەری پرسی نەتەوەیی لە کوردستان بێ.
 کۆماری ئیسلامی لە کاتێکدا دەسەڵاتی لە تاران بە دەستەوە گرت کە کوردستان بۆ دابین بوونی مافەکانی بە تەواوی لەسەر هەست و پێداگر بوو. کوردەکان ماوەیەکی زۆر لە پێناو مافەکانیاندا دژ بە دەسەڵاتی پاشایەتی جەنگابوون. هەر بۆیەش رێژیمی تازە بە دەسەڵات گەیشتوو نەیتوانی یاسایەک دابڕێژێ کە لەودا بە یەکجاری نەتەوە بندەستەکان بە نەدیتراو حیساب بکا. دەرەنجامی ئەوەش بەندی پازدەی یاسای بنەڕەتی بوو کە لەودا دانی بە بوونی زیاتر لە یەک نەتەوە لە ژێر ناوی قەوم و زیاتر لە یەک زمان، جگە لە زمانی فارسی نابوو. بەڵام ئەزموونی چوار دەیە دەسەڵاتداری و جێبەجێ نەکردنی ئەو بەندە، نیشانی دا کە زیاتر لە ژێر خۆڕاگری و پێداگریی نەتەوە بندەستەکان بەتایبەت نەتەوەی کورددا هاتە ئاراوە و هەڵقوڵاوی باوەڕی دامەزرێنەران و دەسەڵاتدارانی ئەو سیستمە نەبوو. رێژیمی تازە بە دەسەڵات گەیشتوو لە لایەک لەسەر کۆڵەکەی ئیدئۆلۆژیی مەزهەبی دامەزرا کە تێیدا نەتەوە و مافی نەتەوایەتیی لە ژێر ناوی ئۆممەت و ئایین سڕدراوەتەوە. لە لایەکی دیکەش دەستێکی بە پان ئێرانیزم و ناسیونالیزمی مێژوویی فارسەوە بەند بوو کە لەسەر بنەمای حاشا کردن لە بوونی نەتەوەکانی دیکە رۆنراوە. هەر بۆیەش ئەسڵی پازدە و مافی خوێندن بە زمانی دایکی هیچکات نەهاتە بواری جێبەجێ کردن و هەتا ئێستاش تەنیا لەسەر کاغەز ماوەتەوە. ئەوەش لە حاڵێک دایە کە بە درێژایی تەمەنی کۆماری ئیسلامی چالاکانی کورد بەردەوام هەوڵیان بۆ جێبەجێ کردنی ئەم بەندە داوە تا مناڵی کوردیش وەک دیکەی مناڵانی جیهان چیدی لەو مافە سەرەتاییە بێبەش نەبن. لە هەڵبژاردنەکاندا زۆر جار ئەم بەندە بووە بە ئامرازی تەبلیغات و بانگەشەی هەڵبژاردنی کاندیداکان. کەچی سەرەڕای بە پیرەوە چوونی چەندان جارەی کوردەکان و لەو رێگایەشەوە سەرخستنی ئەو کاندیدایانە، ئەو مافە سەرەتاییە هەروا بە پشگوێ خراوی ماوەتەوە. تەنیا قازانجی ئەو بەندە بۆ نەتەوە بندەستەکان لە قانوونی ئەساسیی کۆماری ئیسلامیدا ئەوەیە کە کوردەکان و دیکەی نەتەوەکان بۆخۆیان هەوڵ بۆ فێربوونی زمانی دایکیی خۆیان بدەن یا لانیکەم لەسەر ئەوە، مامۆستایان و شارەزایانی زمان بۆ فێرکردنی هاوزمانەکانیان کەمتر بکەونە ژێر گوشار و راوەدوونان.
کوردانی رۆژهەڵات هەر لەگەڵ رووخانی دەسەڵاتی پاشایەتی، هەوڵدان بۆ فێربوون و پەرەدان بە زمانی نەتەوەیی خۆیان بە ئاشکرا دەست پێ کردەوە. حیزبی دێموکراتی کوردستان لەگەڵ دەسپێکردنەوەی خەباتی ئاشکرای خۆی، هەوڵی دا لە شار و گوندەکانی کوردستان قوتابخانە بۆ مناڵانی کورد بکاتەوەو مامۆستایان بە زمانی کوردی وانە بە مناڵان بڵێنەوە. لەگەڵ هێرشی دەسەڵات بۆ سەر کوردستان و داگیرکردنی شار و ناوچەکانی کوردستان، وانە گوتنەوە بە زمانی فارسی لە جێی زمانی کوردی داندرایەوە. خوێندن بە زمانی کوردی یاساخ کرا و تەنانەت دواتر ئەو مامۆستایانەش لەو جۆرە وانە گوتنەوەیە مەنع کران کە دەرسەکانیان بە زمانی کوردی بۆ مناڵانی کورد شەرح دەکرد. بەڵام هەموو ئەو زەخت و گوشارانە نەیانتوانی هەوڵەکان بۆ فێربوونی زمانی دایکی لای تاکی کورد و مناڵی کورد بنەبڕ بکەن. خۆ فێر کردن و فێرکردنی بنەماڵەیی بە درێژایی ئەو ساڵانە لە لای تاک و بنەماڵەی کورد لە برەو نەکەوت. لە ساڵانی دواتردا چالاکان و دڵسۆزانی زمان و وشەی کوردی هەوڵەکانیان بۆ کردنەوەی کلاسی زمانی کوردی و فێرکردنی بە ئاشکرای هاونەتەوەییەکانیان چڕ کردەوە. ناوەندی فەرهەنگیی سۆما بۆ ئەو مەبەستە رەنگە یەکەم و گەورەترین پیکهاتە بوو کە بنکە و نوێنەرایەتیی لە زۆربەی شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان کردەوە. سۆما و دەستەخوشکەکانی لە ماوەی چەند دەیەی رابردوودا توانیان هەزاران مناڵ و لاوی کورد فێری خوێندن و نووسین بە زمانی دایکیی خۆیان بکەن. هەر ئەمساڵ لە شاری بانە ناوەندی هاژە جێژنی فێربوونی زمانی کوردیی بۆ هەزار قوتابی گرت.
 بەڵام لەمپەری فێربوون و فێرکردنی زمانی دایکی لە رۆژهەڵاتی کوردستان تەنیا بێ ئیمکاناتی یان دەسەڵاتی دیکتاتۆر و داگیرکەر نییە. زۆر جار لەو شارانەش کە دیموگرافیی شارەکان دوو یا چەند نەتەوەیین، بە داخەوە جۆرێک لە شۆڤینیسم بە یارمەتیی دەسەڵات، هەوڵ دەدا رێگا لە کردنەوەی کلاسەکانی زمانی کوردی و خوێندن و فێربوونی مناڵانی کورد بە زمانی کوردی، بگرێ. شاری ورمێ یەک لەو شارانە بوو کە لە ساڵی ١٣٩٢ و بە داخرانی ئەنستیتۆی ئەحمەدی خانی لە لایەن ئیدارەی فەرهەنگ و ئیرشادی ئیسلامی، تا چەند رۆژ لەوەپێش مۆڵەتی کردنەوەی کلاسەکانی خوێندن و فێربوونی زمانی کوردی تێدا زەوت کرابوو. بەڵام دوا جار چالاکانی کورد لەو شارە بە وەڕێخستنی کەمپەین و بە کۆکردنەوەی بیست هەزار ئیمزا، توانیان ئەو مافە بۆ مناڵانی کورد و بۆ حەشیمەتی هەراوی کورد لەو شارە بگەڕێننەوە. کەمپەینێک کە هەر ئێستا هاوشێوەکەی لە شاری کرماشان و لە لایەن چالاکانی ئەو شارە بۆ هەمان مەبەست وەڕێ خراوە و بە هەزاران واژۆ پشتیوانی کراوە.
لە ژماره‌ ٦٩٠ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه‌

۷/۲۷/۱۳۹۵

شاخەوانان دیدەبانانی وڵات

تاهیر قاسمی 


لە ماوەی ساڵانی رابردوودا، وەرزشی شاخەوانی رەنگە زیاتر لە بوارەکانی دیکەی وەرزش، لە رۆژهەڵاتی کوردستان پەرەی گرتووە. گروپە شاخەوانیەکان لە زۆربەی شارە جۆراوجۆرەکانی کوردستان پێکهاتوون و بەردەوام چالاکن. نەک هەر شکڵیان گرتووە، بەڵکو بە سەر لوتکە هەر بەرزەکانی جیهاندا سەر کەوتوون، کۆمەڵێک سەرکەوتن و قارەمانەتیی گرینیگیان لە ئاستی ناوچەیی و نێونەتەوەییدا تۆمار کردووە و میداڵی شانازییان لە بەرۆکی خۆیان و نەتەوەکەیان داوە. بەڵام گرینگیی چالاکیە شاخەوانیەکان و پەرەگرتنی وەرزشی شاخەوانی لە کوردستان تەنیا لە سەرکەوتن بە سەر لوتکە بەرزەکان و وەرگرتنی میداڵی شانازیدا نەبووە.

 لەگەڵ هاتنی نەورۆز و ژیانەوەی سروشتی نیشتمان و رۆحی نەتەوەیی، ئەوە شاخەوانانن کە لە چیا و بەندەنەکان کۆ دەبنەوە و بە دەوری ئاگری نەورۆزدا، سەرچۆپی‌کێشی جێژنی نەتەوەیی نەورۆزن. رێورەسمی نەورۆزی و نەورۆزانەی شاخەوانان لە یەکەم رێورەسمەکانی نەورۆزین کە دوای نەورۆزی هەموو ساڵێک لە کوردکاناڵ بڵاو دەبنەوە. شاخەوانان لەسەر لوتکەی دەماوەند، هاواری کۆڵبەرانی کورد بەرز دەکەنەوە و دژ بە کوشتاری بێبەزەییانەی ئەو توێژە لە خەڵکی فەقیر و هەژاری کوردستان، ناڕەزایەتی دەردەبڕن. ئەوان کە یەک لە نیزیکترین یارانی سروشتن، سەر لە بەهاران، لە هەڵمەتی نەمام چاندندا پێشەنگن. هاوینان دژ بە سوتمانی دارستان و چڕ و لێڕەوارەکان، دەبن بە باهۆی ژینگەپارێزان و بە گژ ئاگر و سووتماندا دەچنەوە. لە بۆنە ماتەمینەکاندا رێگای دووری وەک نێوان بانە و هەڵەبجە دەبڕن تا پشکی خۆیان لە ماتەمینە نەتەوەییەکانیش هەڵگرتبێ. هەمدیسان ئەوە شاخەوانانن کە سەردانی خانووی پیران دەکەن و لە نیزیکەوە دایک و باوکە پیرەکان بەسەر دەکەنەوە، لە ژان و ئازارەکانیان دەپرسن، بە پێی توانا یارمەتیان دەدەن و دڵخۆشییان دەدەنەوە. دوا جاریش شاخەوانانی پیرانشار لە گوندی “کانی کلێ” دەبن بە کرێکار و فەعلە تا قوتابخانەیەک بۆ مناڵانی گوندێکی دیکەی کوردستان بنیات بنێن.

 “کانی کلێ” گوندێکی دوورەدەستی دە – پازدە ماڵییە کە لە ناوچەی مەنگوڕایەتیی پیرانشار هەڵکەوتووە. گوندێکی بچووک لە ناوچەیەکی شاخاوی و ئەستەمدا. دانیشتوانەکەی وێڕای ژیانی سەخت و ئاستەمی خۆیان، رەنگە زۆر جار گیانی لێقەوماوان، پێشمەرگە یا شاخەوانانیان لە برسێتی و سەرما و مەرگ رزگار کردبێ. رەنگە هەر لە چاکەی ئەو دەهاناوە هاتنەی گوندنشینان بێ کە شاخەوانان بە سازکردنی قوتابخانەیەک بۆ منداڵانی ئاوایی، گەرەکیان بێ وڵامێک بەو هەموو چاکەیەی دانیشتوانی ئەو گوندە بە ئەنوا و داڵدەدەرە بدەنەوە. بەڵام شاخەوانانی کوردستان بەدەر لەو جۆرە کارە خێرخوازیانەش، لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا نیشانیان داوە کە لە زۆر بواردا بوون بە پێشەنگی کۆمەڵگا. کۆمەڵگاش بە چاوی رێزەوە سەیریان دەکا.

 لە ماوەی ئەم ساڵانەی رابردوودا رەنگە مەرگی هیچ کەسایەتیەک هیندەی مەرگی محەممەد ئەوراز لە نەغەدە و موقبیلی هونەرپەژوو لە بۆکان، خەڵکی کوردستانی ماتەمبار و رەشپۆش نەکردبێ. ئەوان تا مان قارەمانی نەتەوەیی نەتەوەکەی خۆیان بوون. کە مردیشن، وەک قارەمانی نەتەوەیی ماڵاواییان لێ کرا و ساڵانەش بە هەمان سفەت یادیان دەکرێتەوە و رێزیان لێ دەگیرێ. ئەوەش ئەگەر لە لایەک پێوەندی بە سەرکەوتن و قارەمانەتییەکانی ئەو شاخەوانە بە ناوبانگانەی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە هەیە، نیشانەی پەرەگرتنی ئەم وەرزشە لە ناو خەڵکی کوردستان و رێزی زۆری خەڵکی کوردستان بۆ شاخەوانانی خۆیەتی. هەمووی ئەوانەش دەرەنجامی هەڵسوکەوتی بەرزی شاخەوانان، خەباتی ئەوان دژ بە تەمبەڵی و ژیانی شارنشینی و هەوڵدانیان بۆ دوورکەوتنەوەی کۆمەڵگا لە ئافەت و مڵۆزمە کۆمەڵایەتیەکانە. بەڵام وێڕای ئەوانە چەند تایبەتمەندیی وەرزشی شاخەوانی و شاخەوانانی کوردستان هۆکار بوون بۆ ئەوەی ئەم وەرزشە لای خەڵکی کوردستان خۆشەویستتر و بە برەوتر بێ:

 – شاخەوانی وەک دەسپێک، وەرزشێکە کە پێویستی بە مەیدانی تایبەت و بە کەرەسە و تێچووی زۆر نییە. کات، هێندێک کەلوپەلی سەرەتایی و شاخ سێ پێویستیی سەرەکیی ئەم وەرزشەن. هەر ئەوەش وای کردوە کە ئەم یاریە بە تایبەت لەم چەند دەیەی دواییدا لە کوردستان پەرەگرتوو بێ.

 – شاخەوانی وەرزشێکی بە کۆمەڵە. پێکهاتن و سازبوونی گروپی شاخەوانیش زیاتر بە شێوەی خۆرسک و لە ناو کۆمەڵگادا پێک دێ نەک لە لایەن دەسەڵات و بە هەوڵی دام و دەزگا دەوڵەتیەکان.

 – لە دۆخی روو لە پڕش و بڵاویی ئەمڕۆی پێکهاتەیی و کاری هاوبەش لە کوردستاندا، شاخەوانی و گروپە شاخەوانیەکان نوێنگە و سەرمەشقی یەکگرتوویی، کاری بە کۆمەڵ و هاوکاری و پشتیوانیی تاکەکانی کۆمەڵگا لە یەکترە.

 – ئەندامانی گروپە شاخەوانیەکان لە توێژ یا چینێکی تایبەتیی کۆمەڵگا نین و لە راستیدا لە هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگا دەتوانن خۆیانی تێدا ببیننەوەو لە دەوری یەک کۆ دەبنەوە. ئەوەش هۆکارێکە بۆ ئەوەی جەغزی بیرکردنەوەی ئەوان هەرچی زیاتر بەرینتر بێتەوەو زیاتر ئاشنا بە ژیان و ئازاری چین و توێژە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگا بن.

 – شاخەوانان بەردەوام ژیانی شار و شاخ دەبینن، لە گەڵیان دەژین و لە گەڵ ئازار و خەمەکانی هەردوو لا دەستەملانن. بەوەش زیاتر لە هەر توێژێکی دیکەی کۆمەڵگا هەست بە کێشە کۆمەڵایەتی و سیاسیەکان دەکەن.

 – لە کوردستانێکدا کە دەزگا ئەمنیەتیەکانی رێژیمی داگیرکەر بەردەوام هەوڵ دەدەن لاوانی کورد تووشی مادەهۆشبەرەکان بکەن و لەو رێگایەشەوە کۆمەڵگای مافخوازی کوردستان قسر و ئەستێور بکەن، شاخەوانان بە وەرزش و هەڵبژاردنی وەرزش، بە گرتنەبەری چیاو کێوەکانی کوردستان و هەڵمژینی هەوای پاکی کوێستان، هاندەری دوور کەوتنەوەی لاوان و کۆمەڵگا لەو مادە ماڵوێرانکەرەن.

 – لە باری رەگەزیەوە، رەنگە شاخەوانانی کوردستان لە یەکەم گروپەکان بووبن کە هاوسەران یا خوشکانی خۆیان لە ناو خۆیاندا جێ کردەوە و بەوەش سنووربەندیی نێوان ژن و پیاویان لەو وەرزشەدا سڕیەوە. لە گروپە شاخەوانیەکانی کوردستاندا ژنانیش وێڕای پیاوان بەسەر چیا و لوتکەکاندا سەر دەکەون. لە ئەنجامی سڕینەوەی ئەو سنوورە رەگەزیە بوو کە ژنانی شاخەوانی کورد تا ئێستا توانیویانە چەندان سەرکەوتن و قارەمانەتیی گرینگ دەستەبەر بکەن. بەوەش شاخەوانان نیشانیاندا کە تەنانەت لەو وەرزشە سەخت و تاقەت پرووکێنەشدا، ژنان هیچیان لە پیاوان کەمتر نییە.

 – سەرەنجام شاخەوانان بە بڕینی لووتکە بەرزەکانی جیهان، وەک کورد و وەرزشکارێکی کورد، هەوڵیان داوەو هەوڵ دەدەن ناوی نەتەوەکەیان لە ئاستی نێونەتەوەییدا بە رادەی بەرزیی ئەو لوتکانە بەرز و سەربەرز رابگرن.

 هەموو ئەو تایبەتمەندیانەی سەرەوە، شاخەوانان و گروپە شاخەوانییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی لەلای کۆمەڵگای کوردستان خۆشەویست و بەڕێز کردووە. مێژووی شاخەوانان لە کوردستان نیشانی داوە کە زۆربەی ئەوان لە مرۆڤە دڵسۆزو بێ ئازارەکانی ئەم نیشتمانەن. کردەوە و ئاکاری خراپ کەمتر دزە دەکاتە ناویان و دەتوانن سەرمەشقی کۆمەڵگایەکی پاک و هەڵسووڕ بن. شاخەوانان زیاتر لە هەر چین و توێژێکی کۆمەڵگا ئاگایان لە نیشتمانی خۆیانە و لە راستیدا  دیدەبانانی وڵاتن.

 لە کۆتاییدا وێڕای رێزگرتن لە کاری خێرخوازانەی شاخەوانانی پیرانشار بۆ سازکردنی قوتابخانەی گوندی کانی کلێ، بە دەرفەتی دەزانین رێز بگرین لە دوو هاوڕێی شەهیدمان کە لە گروپی شاخەوانانی مەهابادەوە دەستیان پێ کرد، لە ریزەکانی پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستاندا درێژەیان بە خەبات و تێکۆشان دا و سەرەنجام لە ریزەکانی ئەم حیزبەدا گیانی خۆیان بە نیشتمان و بە رزگاریی کوردستان بەخشی. شەهیدان؛ سەلاح رەزایی و باقی حاجی کەریمی. یادیان بەرز و رێبازی خەباتیان ئاوەدان.

-----------------------------------------

بۆ رۆژنامەی کوردستان ئۆرگانی حیزبی دێموکراتی کوردستان نووسراوە و بڵاو کراوەتەوە

۷/۲۴/۱۳۹۵

تاهیر قاسمی: پێویستە گڵکۆی هەر کام لە کەسایەتیەکانی مەزارگەی شاعیران خاوەن شوناسی تایبەتیی خۆیان بن


وتووێژ لە گەڵ ماڵپەڕی رۆژی کورد سەبارەت بە نۆژەنکردنەوەی گڵکۆی ئەدیبان لە مەهاباد و ناڕەزایەتیەکان لەم بارەوە

رۆژی کورد: بەرپرسانی حکومەتیی مهاباد بە فەرمانی ئیتلاعات و لەژێر ناوی چەند نووسەر و چالاکوانێکی کورد، گڵکۆی شاعیرانی کوردیان لە مهاباد شێواند، شیعرەکانیان سڕییەوە و ناوەکانیان بە زەقی بە فارسی نووسین و کوردییەکەیان والێکرد بە وردبینیش نابیندرێ، ئا لێرەدابوو چالاکانی فەرهەنگی و سیاسیی کورد لە ناوخۆ و لە تاراوگە، هەڵوێستی پێویستیان گرت و کەمپەینێکیان وەڕێخست و لە ڕێگای جیاوازەوە، دژایەتیی خۆیان ڕاگەیاند، تا ئێستاش ئەو کێشمەکێشمە لە نێوان تاریکی و ڕووناهی دا، بەردەوامە، بۆ تاووتوێ کردنی ئەو باسە وتووێژێکمان لەگەڵ تاهیر قاسمی، چالاکی سیاسی و ڕۆژنامەنووس، پێکهێناوە کە لێرەدا دەیخوێننەوە.

ڕۆژی کورد: ئێوە یەکێک لە بەڕێوەبەرانێ کەمپینێکن بە ناوی “نا بۆ تێکدانی مەزارگەی ناودارانی کورد” ئامانجتان لە ڕێکخستنی ئەو کەمپینە چیە؟    قاسمی: دوای ئەوەی دەرکەوت کە شێعر و دەقی سەر گڵکۆی ئەدیبان و  هونەرمەندانی بەرزی نەتەوەکەمان لە شاری مەهاباد لە ئەنجامی پڕۆژەی نوێژەنکردنەوەی ئەو مەزارگەیە نەماون و نامێنن، جۆرێک دڕدۆنگی و نیگەرانیی لای چالاکانی بوارە جۆراوجۆرەکان دروست بوو و ناڕەزایەتی لێکەوتەوە. نیگەرانی لەوە کە ئەمە پڕۆژەیەکی ئەمنیەتی بێ  و بەشێک لەو هەوڵانە بێ کە لەلایەک بە مەبەستی تواندنەوەی شوناسی کوردایەتی و داماڵینی شوناسی نەتەوەیی لەو جۆرە شوێنانەی کوردستان بە درێژایی تەمەنی کۆماری ئیسلامی لە ئارا دایەو لەلایەکی دیکەش درێژەی ئەو ڕەوتە بێ کە لە ئاستی سەرانسەریی ئێراندا دژ بە گڵکۆی کەسایەتیە گەورەکان، بەتایبەت لەو دواییانەدا ئەنجام دراوە و ئەنجام دەدرێ. کۆمەڵێک لە دۆستان وایان پێ باش بوو کە بە مەبەستی هاوبیری لەگەڵ یەکتر و چۆنیەتی هەوڵدان بۆ گەڕاندنەوەی شوناسی گڵکۆکان و ڕێکخستنی دروستی ناڕەزایەتیەکان لە دەوری یەک کۆ ببنەوە. لوتفیان کرد منیشیان بانگ کرد و پەیوەست بەو کەمپەینە بووم. بەڵام با لێرە ئەوە بۆ خوێنەران ڕوون بکەمەوە کە ئەمن وتەبێژی کەمپەین نیم و قسەکانیشم بۆچوونی تاکە کەسیی خۆمن و هی کەمپەین یان لایەنی دیکە نین.
ڕۆژی کورد: باسی سیاسەتی تواندنەوەی نەتەوەی کوردتان کرد، بەوپێیە کە مەزارگەی شاعیران و ناودارانی کورد دەکەوێتە خانەی سامانی فەرهەنگی و نیشتمانیی کوردستان، مەبەستی کۆماری ئیسلامی لە هێرشکردن بۆ سەر ئەو ڕەهەندە فەرهەنگیە چیە؟
قاسمی: ئەمن زۆرم بەدواداچوونی پڕۆژەکە کرووە. سەرەتا منیش پێم وابوو پڕۆژەکە زیاتر لە خزمەت وێران کردن  دایە تا نوێ کردن و نوێژەن کردنەوە. بەڵام لە بەدواداچوونەکانم دا بۆم دەرکەوت کە ئەوەی کراوەو دەکرێ زیاتر هەوڵی کەسانێکە کە بەش بە حاڵی خۆم لە دڵسۆزیی ئەوان گومانم نییە. هەر ئەوان بوون کە بە درێژایی چەند دەیەی ڕابردوو ئەو مەزارگەیان بە هەموو شێعر و تێکستی سەر گڵکۆکان پاراستووە و پێی ڕاگەیشتوون و نەیانهێشتوە لە پەرەگرتنی گۆڕستانەکەدا ون بن. ڕەنگە زۆر جاریش لە سەر ئەوە پیاوخراپ بووبن. لەم بارەوە ئەوان شیاوی ڕێز و سپاسن. دوا جاریش کە بە هەوڵی ئەوان مۆڵەت و بودجەی دامەزراندنی بینایەکی هونەری لە سەر ئەو مەزارانە وەرگیراوەو دەست پێکراوە، دیسان جێگای دەستخۆشی و پێزانینە. بەڵام بێگومان پڕۆژەکە کرچی و پەلەپڕووزەی پێوە دیارە. زیاتر پڕۆژەیەکی هونەریە و کەمتر لایەنی فەرهەنگی و ڕۆحیی خەڵکەکەی لە بەرچاو بووە. ئەوە عەیب و نەقسی هەرە سەرەکیی کارەکەیە.
ڕۆژی کورد: کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕێگەی کۆمەلێک چالاکی مەدەنی و فەرهەنگییەوە دەستی بۆ ئەو بابەتە ورووژێنەرە بردووە، ئێوە لە نووسین و ڕوانگەکانتاندا ڕەخنەتان بەرەو ڕووی ئەو کەس و لایەنانە ئاراستە کردووە. بە ڕوونی ڕەخنە و پێشنیارتان بۆ ئەو کەسانەی بەشداری ئەو وێرانکارییە فەرهەنگیەن چیە و لە هەمان کاتیشدا ڕاسپاردەتان بۆ دڵسۆزان و چالاکانی فەرهەنگی لە نێو خۆی خۆرهەڵاتی کوردستان باس بکەن؟
قاسمی: بەداخەوە بەڕێوەبەرانی ئەم پڕۆژەیە زۆر بە خشکەیی و بە بێدەنگی پڕۆژەکەیان دەست پێکرد و بەرەو  پێشیان برد. هیچ لێدوان و ڕوونکردنەوەیان بۆ خەڵک نەبوو. ئەوەش یەک لە هۆکاری نیگەرانی و دڕدۆنگیەکانی خەڵک و بۆ وێنە منیش بوو کە پێمان وابوو دەستێکی شاراوە لە پشت ئەو کارەیە. بەڵام دوای ئەوەی زیاتر بە دوای بابەتەکەدا چووم، بۆم ڕوون بۆوە کە ئەرخەیانیی من سەبارەت بە بوونی ئەو دەستە نادیارە، ناتوانێ سەداسەد ڕاست بێ. چونکە لە سەرەتاوە ئەوە دەسەڵات نەبوو کە ئەو کارەی بەو بەڕێزانە کرد. بە پێچەوانە ئەوە ئەوان بوون کە لەمێژ ساڵە هەوڵ دەدەن کارێکی شیاوی کەسایەتیە بەرزەکانمان بۆ ئەو مەزارگەیە بکەن. بەڵام وەک لە سەرەوە ئاماژەم پێ کرد، کرچ و کاڵی بە کارەکەوە دیارە. من بەش بە حاڵی خۆم داوا لەو بەڕێزانە چ هەیئەتی ئومەنا و چ ئەندازیار و ئارشیتێکتی کارەکە دەکەم کە پێداچوونەوە بە پڕۆژەکە بە تایبەت بە شوناسی گڵکۆکان بکەن. چونکە ئەو کارە لە سەر ئەوان ماڵە و لە هەموو کەس زیاتر بەشیان بە چاکی یا خراپیی کارەکەوە هەیە و دەبێ. وا دروستە کە کارەکەیان بە دڵی زۆرینەی خەڵک بێ. هاوکات داوا لە چالاکانی فەرهەنگیی کوردستانیش بە گشتی دەکەم کە بە ڕۆحی هاوکاری و بە ڕەخنەی یارمەتیدەر، یارمەتیی بە ئەنجام گەیاندنی هەرچی باشتری ئەم پڕۆژەیە بدەن و لە بەشینەوەی تۆمەت و ناوزڕاندن لەو بەڕێزانە کە بە دڵنیاییەوە بەشێک لە دڵسۆزانی شارەکەمانن، خۆ ببوێرین.
ڕۆژی کورد: بە هۆی چالاکیی ئێوە هەتا ڕادەیەک بابەتی دەستێوەردانی گڵکۆی شاعیران، نووسەران، ئەدیبان و هونەرمەندانی کورد بووە بە بابەتێکی هەستیار، ئاشکرایە ئێوە ڕەخنەتان لە دەستێوەردانی بە مەبەست و سڕینەوەی فەرهەنگییە بەڵگە نەویستە گڵکۆی ناودارانی کورد پێوسیتی بە چاکسازی هەیە پێشنیارتان بۆ چاککردنەوە و ڕێکخستنەوی ئەو گڵکۆیانە چیە؟
قاسمی: کۆی سازەکە بابەتێکی پسپۆڕییە و بەڕاستی نە من و نە زۆربەی ناڕازیان شارەزای ئەم بوارە نین و  ڕەخنەشمان لەو بەشە نەبووە. ڕەخنە و سەرنج سەبارەت بەو بەشە کاری شارەزایانی بوارەکەیە و هەتا ئێستا چەند بابەتیش لەم بارەوە نووسراون. بەڵام وەک هاوڵاتیەک پێم وایە ئەمەی کە ئێستا لە سەر گڵکۆکان هەیە و بە پێی پلانەکە لەوەش زیاتر نابێ، خەڵک بە تایبەت ئەدیبان و ئۆگرانی بەرهەمەکانی ئەو کەسایەتیە بەرزانە ڕازی ناکا. ئەوە کە بەپێی فەلسەفەی کارەکە کێل و بەرد لە دیزاینەکەدا نییە، بە بڕوای من شتێکی جوانە بەڵام پێویستە هەر کام لە گڵکۆکان خاوەنی شوناس و ناسێنەی تایبەتیی خۆیان بن و تەنیا بە کۆکردنەوەی هەموان لە کەتیبەکەی پشت سەریاندا قەناعەت نەکەن. لە ناو ئەو گۆڕانەدا کەسایەتیی جیاواز بە بەرهەمی جیاواز نێژراون. وێڕای کەتیبەکە کە ڕەنگە کارێکی زۆر جوان بێ، پێویستە هەر کام لەو ئینسانە بەرزانە خاوەن لەوح و بەردەیادی تایبەتی و بە شوناسی تایبەتیی خۆیان بن. پێویستە ئەو بەردانەی ئێستای سەر گڵکۆکان لابەن و بە جێی ئەوە شتێک دابنێن کە دەرخەری شوناسی تایبەتیی هەر کامیان بێ و بینەر بتوانێ ڕاستەوخۆ و بە جیا لە باری ڕۆحیەوە پێوەندی لە گەڵ هزر و بەرهەمی ئەو ئازیزانە بگرێ. لە سەر ئەم بەرد یان لەوحەی سەر گڵکۆکە پێویستە ناسناوی ئەو کەسایەتیانە بە نووسینی کوردی دیار و بەرچاو بێ و ئەو دێڕە شێعرانەش لە سەر بەردەیادەکە بێ کە هەر کامیان کاتی خۆی ناراستەوخۆ بۆ ئەو مەبەستە نووسیویانە. ئەوە کە هێمن دەڵێ: کیژ و کوڕ بگرن لە دەوری گۆڕی هێمن ڕەشبەڵەک..” یان هەژار دەڵێ: “لە نێو ئەم گۆڕە هەژار نێژراوە..”.

۷/۱۹/۱۳۹۵

١٠ی ئۆکتۆبر، رۆژی جیهانیی بەرەنگاری سزای ئیعد

ساڵانە لە ئاستی جیهاندا هەزاران کەس بە هۆی سزای ئیعدام لە لایەن دەسەڵاتەکان و دەزگا دادوەریەکانیانەوە، بە تیرباران، سێدارە یان شێوازگەلی دیکە دەکوژرێن و گیانیان لێ دەستێندرێ. ئیعدام لە راستیدا کوشتنی یاسایی مرۆڤەکانە لە لایەن دەسەڵاتداران‌و توندترین سزای تاوانبارە لە یاسای ئەو وڵاتانەدا کە هێشتا بڕوایان بە چارەسەری کێشەکان لە رێگای کوشتنی مرۆڤەکان هەیە. ساڵی ٢٠٠٢، رێکخراوەکانی لێبوردنی نێودەوڵەتی و رێکخراوی هاوپێوەندیی جیهانی بۆ نەهێشتنی ئیعدام، بە ئامانجی چڕکردنەوەی هەولەکان بۆ نەهێشتنی ئیعدام لە سەرجەم وڵاتانی جیهان و یاساکانیاندا، رۆژی ١٠ی ئۆکتۆبریان وەک رۆژی بەرەنگاربوونەوە لە گەڵ سزای ئیعدام راگەیاند. مێژووی سەپاندن و جێبەجێ کردنی ئیعدام بە قەت مێژووی دەسەڵاتی دەوڵەتی و دەوڵەتداری، کۆنە و بۆ سەدان و هەزاران ساڵ لەوەپێش دەگەڕێتەوە. لە رابردوودا، زۆربەی هەرە زۆری وڵاتانی جیهان سزای ئیعدامیان تێدا بەڕێوە دەچوو. بەڵام لە گەڵ بەرەوپێشچوونی شارستانیەت، ئەم جۆرە سزایە رووی لە کزبوون کرد. جاڕنامەی گەردونیی مافی مرۆڤ کە لە لایەن زۆربەی وڵاتانی جیهانەوە واژۆ کراوە، لە دوو بەندی ٣ و ٥دا، ناتەبایی خۆی لە گەڵ ئیعدام دەربڕیوە. هەنووکە لە ئاستی جیهاندا رێژەی ئەو وڵاتانەی سزای ئیعدامیان لە یاسای سزادانی خۆیاندا سڕیوەتەوە، ٥٣ لە سەدی وڵاتانی جیهان پێک دێنن. ئەگەر ٢٦ لە سەدی ئەو وڵاتانەش بخەینە سەر ئەو رێژەیە کە هەرچەند سزای ئیعدام لە یاسایاندا هێشتا ماوە بەڵام بە کردەوە رایانگرتوەو بەڕێوەی نابەن و ٣ لە سەدی ئەو وڵاتانەش کە سزاکەیان تەنیا بۆ کاتی شەڕ هێشتۆتەوە، ئەوە رێژەیەکی زیاتر لە ٨٠ لەسەدیمان دەکەوێتە دەست کە بە کردەوە پشتیان لەو سزایە کردوە. بەڵام بەرامبەر بەو رێژە دڵخۆشکەرە کە لە سەر یەک نیزیک بە ١٦٠ وڵاتی جیهان لە خۆ دەگرێ، هێشتا ٣٦ وڵاتی جیهان هەروا ئیعدام بە رێگەچارەی نەهێشتنی تاوان دەزانن. لە نێو ئەو وڵاتانەشدا، ناوی کۆماری ئیسلامیی ئێران وەک هەمیشە لە نێو دیاردە دزێوەکاندا، دەدرەوشێتەوە. دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە ئێران، بە درێژایی تەمەنی خۆی، بەردەوام لە سەر هێشتنەوەی خۆی لە پلەی دووهەمی ئیعدام لە ئاستی جیهاندا بە دوای دەوڵەتی چین، لە ململانێ دا بووە. ئەوەش لە حاڵێکدایە کە بە وتەی رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی، بەشێکی زۆر لە ئیعدامەکان لە لایەن ئەم رێژیمەوە بە نهێنی ئەنجام دەدرێن. بەوەش ئامارێکی دروست و جێگای باوەڕ لەم بارەوە نییە. لە ئێراندا وێڕای سەپاندن و جێبەجێ کردنی ساڵانەی رێژەیەکی زۆر لە ئیعدام، بەڕێوەبردنی ئیعدام لە بەرچاوی خەڵک و لە شوێنە گشتی‌یەکان، شێوەیەکی قێزەونتری لە ئیعدام و لە کار و کردەوەکانی ئەم رێژیمە پێشانی جیهان داوە. شێوەیەک کە بە بڕوای کارناسانی مافی مرۆڤ هیچ پاساوێکی یاسایی هەڵناگرێ و تەنیا رێژەی خشونەت و زەبروزەنگ لە کۆمەڵگادا بەرز دەکاتەوە. ئیعدامی مێرمنداڵان و لاوانی خوار تەمەنی ١٨ ساڵ، تایبەتمەندیەکی دیکەی ئیعدامەکان لە ئێرانە. تایبەتمەندیەک کە بەردەوام لە گەڵ ناڕەزایەتیی هەرچی زیاتر و بەرینتری چالاکان و رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لە ئاستی ئێران و جیهان بەرەوڕوو بۆتەوە. هەروەها شێوەی بەڕێوەچوونی رەوتی دادگایی تۆمەتباران لە دادگاکانی کۆماری ئیسلامی خاڵێکی دیکەی جێگای ناڕەزایەتیی پارێزەرانی مافی مرۆڤە. ئیعدامی بەرینی قاچاخچیانی مادە هۆشبەرەکان یان ئەوانەی لە ژێر ئەم تۆمەتەدا بە سانایی ئیعدام دەکرێن، لە حاڵێکدا رێژیم بۆخۆی سەبارەت بە پەرەدان بەو مادە ماڵوێرانکەرە پرسیاری لە سەرە، بابەتێکی دیکەی جێگای ناڕەزایەتییە لە ئاستی جیهاندا. ١٠ی ئۆکتۆبری ئەمساڵ لە کاتێکدا تێپەڕ دەبێ کە هەرچەند رێژەی ئیعدامەکان لە ئێران بە رادەی ٣٨ لە سەد لەچاو ساڵی رابردوو کەم بۆتەوە بەڵام رادەی سەپاندنی ئەو حوکمە بە رێژەی ١٢ لە سەد، هەروا لە پەرەگرتن دا بوو. لە ١٠ی ئۆکتۆبری ساڵی ٢٠١٥ تا ئۆکتۆبری ئەمساڵ، ٥٠٤ کەس لە ئێران ئیعدام کراون کە ٣٩ کەس لەوانە لە بەرچاوی بیروڕای گشتی و لە مەیدان و شوێنە گشتیەکان لە دار دراون. ئەوەش لە حاڵێکدایە کە لە ئاستی ئێران و جیهاندا ناڕەزایەتیەکی بەرین لەم بارەوە بەرەوڕووی کۆماری ئیسلامی بۆتەوە. بەرامبەر بەوەش بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی هەروا بەرگری لە سەپاندن و جێبەجێ کردنی سزای ئیعدام دەکەن. رێکخەران و بەڕێوەبەرانی بزووتنەوەی لێگام، بزووتنەوەیەک کە بە ئامانجی نەهێشتنی سزای ئیعدام لە ئێران هاتۆتە ئاراوە، بە توندی کەوتوونەتە بەر سەرکوتی هێزە ئەمنیەتی و سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران. چەند رۆژ بەر لە هاتنی ١٠ی ئۆکتۆبر، رۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوە لە دژی سزای ئیعدام، نێرگس محەممەدی بە تاوانی رێکخستنی بزووتنەوەی لێگام دژ بە ئیعدام، لە لایەن دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای ١٦ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپا.

۷/۱۱/۱۳۹۵

نیشتمانی بە مین چێندراو

تاهیر قاسمی
لە ماوەی رۆژانی رابردوودا، پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە درێژەی خەبات و تێکۆشان لە ناوچەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، کەوتنە سەر مەیدانێکی بە مین چێندراو لە لایەن هێزەکانی داگیرکەری کوردستان و لە ئەنجام‌دا بە داخەوە دوو پێشمەرگەی قارەمانی کوردستان شەهید بوون.
 ئەگەرچی ئەو مینانەی بۆ پێشمەرگەکان داندرابوون، مینی ئاسایی نەبوون و لە راستی‌دا بۆمبێکی بەهێز بوو لە گوێن ئەو بۆمبانەی کە سپای رەشی داعش بەردەوام بە کاریان دێنێ بەڵام شەهیدان ئازاد ئاڵی و ئەمیر نستانی تاکە قوربانیانی تەقینەوەی مین لە ماوەی دوو حەوتووی رابردوو لە رۆژهەڵاتی کوردستان نەبوون. تازە زانیاری‌یەکان لە بابەت دەستپێکردنەوەی هەڵمەتێکی نۆی بۆ چاندنی مین لە ناوچەکانی پیرانشار و مەریوان لە لایەن سپای پاسداران، ئاشکرا ببوو کە بە داخەوە لە ناوچەی مەریوان سێ مێرمندال کەوتنە سەر مەیدانی مین. رۆژێک پێشتریش لە ناوچەی سەردەشت ٣ مناڵی دیکە کە خەریکی کایە و یاریی مناڵانەی خۆیان بوون، کەوتنە سەر مین و یەکیان گیانی لە دەست دا و دوو منالەکەی دیکەش بە توندی بریندار بوون.
بە پێی ئامارەکان ٦ میلیۆن هێكتار له‌ خاكی ئێران به‌ ٢٠٠ میلیۆن مین چێندراوه‌. بەوەش لە ئاستی نێونەتەوەیی‌دا وڵاتی ئێران پلەی دووهەمی لە زیاترین زەویی بە مین چێندراو هەیە. زۆربه‌ی نیزیک بە تەواوی ئەو مینانە و ئەو ناوچە مینرێژکراوانەش لە کوردستان و لە چوار پارێزگای‌ ئیلام، كرماشان، سنه‌ و ورمێ هەڵکەوتوون. مینە چێندراوەکان دوو بەشن؛ بەشێکیان پاشماوەی شەڕی ٨ ساڵەی نێوان عێراق و ئێرانن کە دوای کۆتایی شەڕیش کۆماری ئیسلامی هیچکات مەیلی بە لای هەڵگرتنەوەی ئەو مینانە و پاک کردنەوەی کوردستان لە مین نەبووە. نەک هەر نایهەوێ ئەو مینانە هەڵگرێتەوە و زەویە مینڕێژکراەکان پاک بکاتەوە تەنانەت هەر لەو کاتەوە کە کوردستانی داگیر کردووە، سیاسەتی چاندنی مین لە کوردستان پێڕەو دەکا. ئەوەش بەشی دووهەمی مینە چێندراوەکان لە کوردستان پێک دێنێ. سیاسەتی مینڕێژکردنی خاکی داگیرکراو لە لایەک خدەی هەر داگیرکەرێکە سەبارەت بە نیشتمانێک کە داگیری کردوە و لە لایەکی دیکەش چونکە لەو نیشتمانەدا نامۆیە و دژی خەڵکە و خەڵک دژیه‌ی، ناچارە پەرژینێک بە مین لە دەوری هێزە چەکدار و سەرکوتکەرەکانی خۆی چێ بکا.
ئامارەکان هەروەها دەڵێن له‌ ساڵی رابردوو‌دا ‌ ٣٦ كه‌س له‌ كوردستان بوونەتە قوربانیی ته‌قینه‌وه‌ی‌ مین کە ١٢٢ كه‌سیان بەو هۆیە گیانیان له‌ده‌ست داوه‌ و ٢٤ کەسیشیان بریندار و نقوستان بوون. منداڵان و مێرمنداڵان چ لە کاتی یاری و گەمەدا و چ ئەو کاتانەی کە بۆ لەوەڕاندنی مەڕ و ماڵات لە کێو و چیاکانن، سەرەکیترین قوربانیانی تەقینەوەی مینن. کۆڵبەران و کاروانچیان، جووتیاران و مەڕداران و ئەو ژن و پیاوانەی بەهاران بە مەبەستی چنینەوەی گیای بەهاری روو لە چیاکان دەکەن، بەشێکی دیکە لە قوربانیانی نیشتمانی بە مین چێندراون. بەربڵاویی مەیدانی مین لە کوردستان تا ئاستێکە کە تەنانەت هێندیک جار هێزەکانی سپای داگیرکەر بۆخۆیشیان دەبن بە بەشێک لە قوربانیانی ئەو مینانەی کە هەر خۆیان دایانچاندوە.
 کەلک وەرگرتن لە مین بە تایبەت مینی دژە نەفەر لە ئاستی نێونەتەوەیی‌دا بابەتێکی جێگای باس و سەرنجە. خەسارەکانی ئەو جۆرە مینە بە درێژایی سەدەی رابردوو گیانی زۆر کەسی مەدەنی ئەستاند یا نقوستانی کردن. خەسارەکە بە رادەیەک بوو کە وڵاتانی جیهانی ناچار کرد بیر لە سنووردارکردنی بە کارهێنانی ئەو جۆرە مینە بکەنەوە. سەرەنجام ساڵی ١٩٩٧ لە شاری ئۆتاوای کانادا پەیمانی ئۆتاوا بۆ ئەو مەبەستە هاتە کایەوە. بە پێی ئەو پەیمانە وڵاتان عەمباری مینە دژەنەفەرەکانی خۆیان تونا دەکەن و لە سازکردن، کەلک وەرگرتن، کڕین و فرۆشتنیشی خۆ دەپارێزن. ئەگەرچی زۆربەی وڵاتانی جیهان ئەم پەیماننامەیان واژۆ کردووە لێ هێشتا ٣١ وڵات و لەوانە کۆماری ئیسلامیی ئێران ئامادە نەبووە مل بەو پەیمانە بدا. بەڵام بەرامبەر بەوە نیزیک بە تەواوی حیزبەکانی رۆژهەڵات پەیوەست بە بانگەوازی رێکخراوی ژێنێڤا کال بوون کە یەک لە ئامانجەکانی ئەو رێکخراوە بەکارنەبردنی مینی دژەنەفەر لە شەڕ دایە. ئەگەرچی ئەم پەیوەستبوونەوەی حیزبەکانی رۆژهەڵات بە بانگەوازی کۆتایی بە کاربردنی مینی دژەنەفەر گرینگ و لە جێگای خۆی دایە و ئەوان رۆڵێکی ئەوتۆیان لە مینڕێژکرانی ئەو پانتاییە بەرینەی نیشتمانی رۆژهەلات نییە بەلام واژۆکەیان هەتا ئێستا بەرهەم و دەرەنجامێکی ئەوتۆی لێ نەکەوتۆتەوە. رۆژانە مین لە کوردستان گیانی هاونیشتمانان دەستێنێ بەبێ ئەوەی رێکخراوی ژێنێڤاکال ئاگادار بێ، بە قەد ئەو هەموو قوربانی‌یە هەڵوێستی هەبێ و بیروڕای گشتی سەبارەت بەو تاوانە ئینسانی‌یە دژ بە مرۆڤی کورد، بە گژ کۆماری ئیسلامی‌دا بکرێ. حیزبەکانی رۆژهەڵات ئەگەرچی یەک لە دوای یەک پەیوەست بە بانگەوازی ژنێڤ بوون و ئەوە نیزیک بە چوار ساڵ بە سەر ئەو پەیوەستبوونەیان‌دا تێدەپەڕێ بەڵام بە داخەوە ئەو خاڵە هاوبەشە نەیتوانی ئەوان سەبارەت بەو بابەتە گرینگە کە رۆژانە گیانی کوردستانیان دەستێنێ، کۆک و هاوکار بکا. ئەگەر پەیوەستبوونی حیزبەکانی رۆژهەڵات بە رێکخراوی ژێنێڤاکال تەنیا بۆ مانۆڕێکی سیاسی یا بەستنی دەستی خۆیان لە بەکاربردنی مین بێ لە حاڵێک‌دا کە مینی دوژمن رۆژانە گیانی خەڵکی کوردستان دەستێنێ، ئەوە تەنیا بەردەکانیان بەستۆتەوە و سەگەکانیان بەرەڵا کردوە. بەڵام بوونی ئەوان لەو رێکخراوەدا هەروا بەستێنێکی گرینگ و دەست لێنەدراوە بۆ کاری هاوبەش و بۆ بەگژداچوونەوەی کۆماری ئیسلامی لە مینڕێژکردنی بەردەوامی کوردستان و بۆ رزگار کردنی نیشتمانێکی بە مین چێندراو.
لە ژماره‌ ٦٨٨٨ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه‌

بابەتی نوێ:

بۆچی دوا پێنج‌شەممەی ساڵ ڕۆژی سەردانی گڵکۆی ئازیزانە

  لەنێو کۆمەڵگەی کورد و ئێرانییەکانیشدا باوە کە بەتایبەت ئێوارەی ڕۆژانی پێنج‌شەممە سەردانی وێنەی کێلێک لە لوڕستان گڵکۆی مردووەکانیان دەکەن و...