۹/۳۰/۱۳۹۵

لە فراکسۆنی نوێنەرانی ناوچە تورک‌نشینەکان تا فراکسیۆنی ئەهلی سوننەتی بەشێک لە نوێنەرە کوردەکان

تاهیر قاسمی
دۆستێک کە تازە لە ئێران گەڕاوەتەوە باسی گۆڕانکاری‌یەکانی کۆمەڵگه‌ی رۆژهەڵات و ئێرانم بۆ دەکا. هاتوچۆی بە فرۆکەخانەی نێوەدەوڵەتیی تەورێزدا بووە. شارەزای سیاسەت و جموجۆڵە سیاسی‌یەکانی نێوخۆی ئێران نییە. ئەوەی زیاد لە هەر شت سەرنجی راکێشاوە هەڵسوکەوتی کارمەندانی فرۆکەخانەکەیە. دەڵێ ئێمە بە فارسی قسەمان دەکرد و تورکیمان نەدەزانی کەچی ئەوان هەر بە تورکی دەیاندواندین و پرسیاریان دەکرد و وڵامیان دەداینەوە! فرۆکەخانەی هێلسینکی‌م وەبیر هاتەوە کە هەر کە پێت تێهاویشت، زمانی فینلاندی ئوتوماتیک دەبێ بە زمانی دووهەم و زمانە نێونەتەوەییەکانی وەک ئینگلیزی جێگای دەگرنەوە. بەڵام ئەوەی ئەو بۆم دەگێڕێتەوە، نە بابەتێکی زمانی یا ئیداری بەڵکو جموجۆڵێکی سیاسی- نەتەوەییە کە دەمێک ساڵە بە ئاشکرا و بە نهێنی کۆڵان و شەقامەکانی شار و ناوچە تورک‌نشینەکانی ئێرانی داگرتووە.
 تورکەکان بەشێکی زۆر لە حەشیمەتی ئێران پێک دێنن. لە باری ئەژمارەوە یەک لە دوو گەورە نەتەوەی پێکهێنەری ئەو وڵاتەن. لە باری ئابووری‌یەوە دەسەڵاتێکی زۆریان بە دەستە و لە باری ئیداری‌یەوە رۆڵێکی گرینگیان له‌ دەسەڵات‌دا هه‌یه‌. قبووڵ کردنی ئایینزای شیعە وەک مەزهەبی هاوبەش، هەر لە سەرەتاوە ئاڵقەیەکی گرینگی پێوەندیی نێوان دوو نەتەوەی فارس و تورک بوو. ئاڵقەیەک کە جێگای بە جیرانەتی و خزمایەتیی مێژوویی فارس لەگەڵ نەتەوەکانی دیکە بە تایبەت لەگەڵ دوو نەتەوەی کورد و بلوچ لەو وڵاتەدا لێژ کرد. زۆربەی نەتەوەکانی دیکە لە ئێران بە سەر هەر دوو ئایینزای سوننە و شیعە و ئایینی دیکەش‌دا دابەش بوون.
 لەگەڵ هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی، تورکەکان بە هۆی ئایینەوە زۆر زوو خۆیان لەو دەسەڵاتەدا دیتەوە. چەندان جار کەسایەتی‌یەکانی تورک لە ئاستە بەرزەکانی ئیدارەی وڵات‌دا جێیان گرت و ناوچە تورک‌نشینەکانیش لەچاو ئەو ناوچانە کە نەتەوەکانی دیکەی وەک کورد و بلوچی تێدابوو، لە باری ئابووری‌یەوە بووژانەوەی زۆرتری بە خۆ دیت. بەڵام سەرەڕای ئەوانە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە سەرەتاوە هەتا ئێستاش هەروا دەسەڵاتێکی ئیسلامی – فارسی‌یە و تورکەکان بە فەرمی هیچ مافێکی زیاتر لە نەتەوە بندەستەکانی دیکەیان پێ نەدرا. بەرامبەر بەوە لە ماوەی دوو دەهەی رابردوودا بزووتنەوەیەکی پەرەگر و بەربڵاو شار و ناوچە تورک‌نشینەکانی گرتۆتەوە. بزووتنەوەیەک کە ئەگەرچی حیزب و رێبەری دیاری نییە بەڵام ئامانجدار و یەکگرتوویە. لە هەموو بەستێنەکانی وەک وەرزش، میدیا، بازاڕ و هیتر بۆ خۆنواندن و خۆزەقکردنەوە کەلک وەردەگرێ. لەسەر دوو کۆڵەکەی زمان و خاک خۆی پێناسە دەکا و بەردەوام بیر لە بەرینکردنەوەی جوغرافیا و مێژووی خۆی دەکاتەوە. پێیەکی لە نێو دەسەڵاتە و پێیەکی لە نێو کۆمەڵگه‌ی خۆی دایە. لە روانینی ئەم بزووتنەوەیەدا تاکی تورک لە هەر کوێ بێ و لە هەر پلە و پایەیەکی کۆمەڵایەتی یا سیاسی‌دا بێ، لە دەرەوە بێ یا لە نێوخۆ، دژی دەسەڵات بێ یان لەگەڵ دەسەڵات، بەرامبەر بە بزووتنەوەکە ئەرکدارە. ئەوەی بۆ ئەو بزووتنەوەیە گرینگە ئەوەیە کە تاکی تورک دەبێ بە تورکی بمێنێتەوە و کار بۆ پەرەگرتنی ئەم بزووتنەوە ناسیونالیستیە بکا. هەر ئەم روانگەیەش لە هەڵبژاردنەکانی ئێران‌دا، بە تایبەت لەو شارانەی له‌ رووی دیموگرافی‌یه‌وه‌ فره‌چه‌شنن، پێوانەی سەرەکیی دەنگدانی دەنگدەری تورکە. بەو روانگەیە و لە ژێر هێژمۆنیی ئەو بزووتنەوەیەدا بوو کە لە شارە جۆراوجۆرە تورک‌نشینەکانەوە نوێنەرانی تورک بۆ مەجلیسی ئێران نێردران. دوا جاریش هەر ئەو گوشارەی شەقامی تورک بوو کە سەت نوێنەری تورکی بە روانگە و بۆچوونی جیاواز لە دەوری یەک کۆ کردەوە تا فراکسیۆنی نوینەرانی “ناوچە تورک‌نشینەکان” پێک بێنن. ئەگەرچی بەشێک لەو ناوچانەی بە ناوی ناوچەی تورک نشین لە مەجلیسی ئێران‌دا ناودێر کراون، تورکان تاکە نەتەوەی سەرەکیی ئەو ناوچانە نین.
 په‌ره‌گرتنی بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی تورکان له‌ حاڵێک دایه‌ که‌ سەرەڕای چەند سەدە خەبات و تێکۆشان، بە داخەوە هێشتا کوردەکان رێگایان بۆ دۆزینەوەی بزووتنەوەیەکی وەها گشتگیر و یەکگرتوو نەدۆزیوەتەوە. نوێنەرە کوردەکانی نێو مەجلیسی ئێران هەتا ئێستا نەیانتوانیوە یەکتر بدۆزنەوە. بەشێک لەو نوێنەرانەش بە سازکردنی فراکسیۆنی نوێنەرانی سوننە مەزهەب، خۆیان لە کێشە سەرەکی‌یەکەی نەتەوەی کورد لە ئێران دزیوتەوە. ئەگەرچی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی وەک چۆن خۆی لەسەر بنەمای مەزهەبی شیعە پێناسە دەکا و لەسەر ئەم پێناسەیەش هەوڵی پەڕاوێز خستنی ئایینەکانی دیکەی داوە، بەردەوام هەوڵ دەدا کێشەی کورد وەک کێشەی مەزهەبی و نە نەتەوەیی پێناسە بکا بەڵام کوردی رۆژهەڵات بە سەر سێ ئایینزا و ئایینی سەرەکیی سوننە، شیعە و یارسان‌دا دابەش بوون کە کێشەی هاوبەشی ئەوان کێشەی نەتەوەیی و کوردبوونە نەک ئایین و مەزهەبێکی تایبەت. ئەگەر سوننەکان پۆست و مەنسەبی بەرزی ئیداری‌یان پێ نادرێ، ئەگەر یارسانەکان تەنانەت وەک کەمایەتیەکی ئایینی دانیان پێدانەنراوە و تەنانەت مۆڵەتی ئەوەیان نییە نوێنەرێکیان لە مەجلیس هەبێ، پارێزگای ئیلام وەک پارێزگایەکی کوردستان کە زۆرینەی دانیشتوانی پێڕەوی ئایینزای شیعەن، لە هەژاری، دواکەوتوویی ئابووری و خۆکوژی‌دا بەردەوام پلەی یەکەمی لە ئاستی ئێران‌دا بەر کەوتوە. ئه‌گه‌ر ئەو نوێنەرە کوردانە پێیان وا بێ کە فراکسیۆنەکەیان جێگرەوەی فراکسیۆنی نوێنەرانی کوردە، ئەوە کارەکەیان ناچێتە خانەی خزمەت بە نەتەوەکەیانەوە و شەقامی کوردستانیش نابێ ئەو هەڵاواردنە ئایینی‌یە لە نێوان کوردان‌دا قبووڵ بکا.
لە ژماره‌ ٦٩١١ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه‌

بابەتی نوێ:

سوججەی سوور

لە کوردستان جۆرێک ماری ڕەنگ سووری کاڵ یان ئاڵ هەیە کە ماری سجە، سوجە یان سوججەی سوور و هەروەها "شیلە" ماریشی پێ دەگوترێ. مارەکە بێ...