وشەی پەڕ لە هەورامیدا بە واتای ئاخر و گەیشتن بە کۆتایییە. بۆ وێنە کاتێ ئاو لە دێراو و کووزی پۆلە دارێک دەنێن، دەمێ کە ئاوەکە بگاتە ئاخرین داری جۆگەلەکان، ئێژن "ئاوەکێ لوا پەڕ" واتا ئاوەکە گەیشتە ئاخر.
لە زمانی کوردیدا پەڕ کۆمەڵێک واتای جیاوازی وەک تووک و پەڕی باڵندە، پەڕی کاغەز و هەروەها کرداری پەڕین بە واتای بازدان و واتای زیاتریش هەیە کە ئەوانە بابەتی ئەم باسە نین. بابەتی بەر باس پەڕە هەورامیەکەیە کە بە واتای کۆتایی و ئاخرە. بەو مانایە لە زمانی کوردیدا کۆمەڵێک وشە و کردار هەن کە رەنگە زۆر لە واتا و بنەمایان ورد نەبووبینەوە. بۆ وێنە زەردەپەڕ واتا کۆتا زەردەی خۆرەتاو، یان لاپەڕ و سەرپەڕ کە پێناسەی ئاخر ماڵەکانی گوندن. سەرپەڕ هەروەها بە مانای لای سەرەوەی شتێکە. بۆ وێنە لەو بەیتەی ناڵەی جودایی دا:
هەر لەو ماکەیە وشەی ئەوپەڕ هەیە بە مانای کۆتایی، ئاخر و سەرەنجامی ئەو لایەی کە لای وێژەر نییە لە بەرامبەر ئەمپەڕدا بە مانای جەمسەری لای وێژەر. وەک دەڵێن ئەوپەڕی دەریا واتە لەو شوێنەی کە دەریا تەواو دەبێ.
کرداری پەڕین چەندان واتای هەیە؛ لەوانە بازدان، لەت بوون، جووتبوونی نێر لە مێ. لەو نێوەدا پەڕینی بە واتای بازدان لە بنەمای پەڕیتەنی پەهلەوییە کە بە تەنیا کرداری باوی ناو زمانی کوردی نییە و زیاتر بە شێوەی کرداری تێکەڵ و بە هۆی پێشگرەکانی هەڵ؛ هەڵپەڕین، تێ؛ تێپەڕین، دا؛ داپەڕین و... هەیە و کردارەکە لە گەڵ واتاکەی دیکە بنەمای جیاوازی هەیە. پەڕینی بە مانای کۆتایی و بە ئاخر گەیشتنە. دار، بەن یان هەر شتێ کە دەپەڕێ، واتە لە شوێنی پەڕینەکەیدا تەواو دەبێ و کۆتایی دێ. کرداری تاوپەڕین برێتی لە دەمی خۆرئاوا بوون و کۆتایی خۆرە. هەر لەو ماکەیە کرداری پەڕین بۆ جووتبوونی ئاژەڵ، بە تایبەت جووتبوونی بەران لە گەڵ مەڕ دەگوترێ و ئەوەش واتای بە کام و ئاکام گەیشتن و بە ئاخر گەیشتنی بەران لە مەڕەکەیە و هەردوو پەڕینی بە واتای لەت بوون و پەڕینی بە واتای جووتبوون سەرەڕای جیاوازیی رواڵەتییان لەوەدا یەک دەگرنەوە کە هەردوو بە کۆتایی و ئاکام دەگەن.