۴/۲۰/۱۴۰۰

شکستی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست


لە کۆتاییەکانی سەدەی بیستەمدا، بە تایبەت دوای رووخانی یەکێتیی سۆڤیەت، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە چاوی خەڵکی وڵاتانی دیکتاتۆرلێدراو، ئەو دیکتاتۆرانەی پاشماوە و دەرەنجامی شەڕی سارد بوون، لە دەسەڵاتێکی داگیرکەرەوە بۆ هێزێکی رزگاریدەر گۆڕا. ئەو گۆڕانە بوو بە هۆی ئەوە کە هێرش بۆ سەر ئەفغانستان و عێراق و رووخاندنی دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکانی تالیبان و سەدام لە گەڵ پێشوازیی گەرمی خەڵکی وڵاتانی جیهانی سێهەم بەرەوڕوو بێ. بەهاری عەرەبی کە پشتیوانی ئەمریکای لە گەڵ بوو، بوو بە هۆی رووخانی ژمارەیەکی زیاتر لە وڵاتانی دیکتاتۆر. بەڵام حاسڵی نیزیک بە تەواوی رووخانی ئەو دیکتاتۆرانە، هاتنە سەر کاری دەسەڵاتگەلی گەندەڵ، کەسانی ناشیاو و سیستمی هەرچی و پەرچی بە پشتیوانیی ئەمریکا بوو کە لە دابین کردنی سەرەتاییترین پێداویستیەکانی خەڵک دۆش داماون. دەرەنجامی ئەوە بێزاریی خەڵک لەو دەسەڵاتانە و سەرەنجام لە ئەمریکا بوو. ئەوەش وای کرد کە پێناسەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا جارێکی دیکە لە هێزێکی رزگاریدەرەوە بۆ دەسەڵاتێکی داگیرکەر بگۆڕێ. لە پاڵ ئەوەدا دوو دەسەڵاتی دیکتاتۆری رووسیا و ئێران کە لە ژێر هەڕەشەی ئەو تۆفانە رزگاریدەرەدا بوون بەڵام وەبەر نەکەوتن، کەوتنە خۆ و بە یارمەتیی ئەو ناڕەزایەتیانەی لەو وڵاتە رزگارکراوانەدا دژ بە ئەمریکا و دەسەڵاتە گەندەڵەکانی خۆیان هەیە، شەڕێکی نیابەتییان دژ بە ئەمریکا دەست پێ کرد. دەرەنجامی تا ئێستای ئەو شەڕە، پاشەکشەی بەردەوامی ئەمریکا لەو وڵاتانە بووە کە لە ئەفغانستان بە کردەوە و بە تەواوی ملی بۆ ئەو شکستە ڕاکێشاوە. ئەگەر دۆخەکە هەر بەو ئاراستەیەدا بڕوا، پێشبینی دەکرێ هەمان سیناریۆ لە عێراق، سووریە، لیبی و...ش دووپات بێتەوە و حزووری ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بچێتەوە سەر دۆخی سەرەتا و بۆ ماوەیەکی نادیار تەنیا لە پاراستنی ئیسرائیل و تا رادەیەک وڵاتانی خەلیج و حزوور لە بنکەی ئینجرلیکی تورکیەدا قەتیس بمێنێتەوە.
دیارە سەرەڕای ئەو سەرنەکەوتنانە کە هۆکاری سەرەکیی ئەو پاشەکشە و شکستەن، ئەمریکا لەو بە جێ هێشتن و پاشەکشانەدا بێ ئامانج نییە. بۆ وێنە وڵاتێکی وەک ئەفغانستان کە داگیرکردن و پاراستنەکەی، بە وتەی بەرپرسانی ئەمریکایی یازدە تریلیۆن دۆلار تێچووی خستە سەر دەستی ئەمریکا، هیچ کات ئەو قازانجەی بۆ ئەمریکاییەکان نەبووە. ئێستا ئەمریکا وێڕای خۆ رزگارکردنی لەو قەیران و ئاڵۆزییەی لەو وڵاتە و ناوچەکەدا لە ئارا دایە، گەرەکیەتی هەموو نەهامەتیەکان بۆ خۆیان و بۆ وڵاتانی دەوروبەر بە تایبەت بۆ ئێران، رووسیە و چین بە جێ بێڵێ کە سەرجەمیان دەستیان دایە دەست یەک بۆ ئەوەی ئەمریکا لەو هاتنەی مایەپووچ بکەنەوە. داهاتووی نە چەندان دوور ئەوە دەردەخا کە بە لاچوونی ئەمریکا نەک کێشەکانی ئەفغانستان چارەسەر نابن بەڵکو داوێنی وڵات و خەڵکانی دەوروبەریش دەگرێتەوە و دەیانخاتەوە ناو ئەو زەلکاوەی کە ئەمریکای تێچەقابوو. رەنگە ئەو زەمانە زۆر دوور نەبێ کە لە بیروڕای گشتی وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، پێناسەی ئەمریکا جارێکی دیکە لە دەسەڵاتێکی داگیرکەرەوە بۆ هێزێکی رزگاریدەر بگۆڕدرێتەوەو ئەو دەورە تا کەی بەردەوام دەبێ، هەر خوا دەزانێ..

بابەتی نوێ:

سوججەی سوور

لە کوردستان جۆرێک ماری ڕەنگ سووری کاڵ یان ئاڵ هەیە کە ماری سجە، سوجە یان سوججەی سوور و هەروەها "شیلە" ماریشی پێ دەگوترێ. مارەکە بێ...