۷/۲۱/۱۴۰۰

واتای سەگڤان لە ئاسمانە نەک لە زەوی!

تاهیر قاسمی

سەگڤان لە فەرهەنگی بەشێکی بەرینی کوردستاندا ناوی کوڕانە. ڕواڵەتی ناوەکە کە هاوکات واتاکەشی پێشان دەدا، سەرنجراکێش و تا ڕادەیەک نامۆ دەنوێنێ. لانیکەم بۆ ئەو بەشە لە کوردان کە بەدەگمەن ئەو ناوەیان بەو زەقیە لە سەر ئەم و ئەو بیستووە. بە ڕواڵەت واتای کەسێکە کە ئاگای لە سەگانە و چاوەدێرییان دەکا. ئەوە کە چ شتێک ئەو ناوەی وا گرینگ کردووە کە کوردان ئێستاش بۆ ناوی منداڵەکانیان هەڵیبژێرن و چ باوەڕێک لە پشت گرینگیی هەڵبژاردنی ئەم ناوەیە جێی پرسیار و شیاوی بەدواداچوونە. 

سەگڤان بە نیشانەشکێن، ئەنگێوە، ڕاوکەر،  ئازا، زیرەک و پاڵەوان واتا کراوەتەوە. لە فەرهەنگی کانی‌دا بە نێچیرڤان و و ڕاوچی هاتووە. لە فەرهەنگی کوردی - عەرەبی‌دا بە "قناص" واتا کراوە کە ئەویش بریتی لە نیشانەئەنگێوە. بەڵام ئەو واتایانە زیاتر هەڵێنجێندراون و واتای سەرەکی و راستەوخۆی وشەکە نین. وشەکە لە دوو بەشی سەگ و پاشگری ڤان پێکهاتووە. سەگ هەر ئەو گیاندارە گواندارە دڕ و وەفادارەکەیە و ڤانیش شێوەکی دیکەی وان، وەن و بان، هەم پاشگری چاوەدێری و پارێزگاری لێ کردنە و هەمیش پاشگری خاوەنداری کردن. مەبەستیش هەر ئەوەی دوایی‌یە. کەسێ کە خاوەن سەگە. بە تایبەت مەبەست سەگی ڕاوە و بەگشتی ئەوەی بە سەگ ڕاو دەکا. لەوەڕا واتای ڕاوکەر، نیشانەئەنگێو و واتاکانی دیکەی بە خۆوە وەرگرتووە. بەڵام ئاخۆ گرینگیی خاوەنی سەگ‌بوون لای مرۆڤی کورد چییە کە هەتا ئێستاش ئەو ناوە بۆ مناڵەکانیان هەڵدەبژێرن؟! 

لە سەردەمێکدا کە لە کۆمەڵگای کوردستاندا سەگ گیاندارێکی پلە نزمە، سەگڤان تاقە ناو نییە کە لەهەمانکاتدا پێوەندی بە سەگەوە هەیە، هێشتا هەڵبژاردنی لای کورد بۆ ناوی منداڵ، بە گرینگ و ئاسایی دەزاندرێ. "سەیوان" چ وەک ناوی کوڕ و چ وەک ناوی ئەو گردە بە ناوبانگ و گۆڕستانە پیرۆزەی لەپەنا سلێمانییە، واتایەکی جیاواز لە سەگڤانی نییە. سەگ لە ناوی هۆزی سەگوەن یان سەگوەندیش‌دا بە ڕوونی خۆ دەنوێنێ کە ناوی یەک لە هۆزە کەوناراکانی کوردە و ئەمڕۆ ئەندامەکانی بە هەردوو دیوی عێراق و ئێراندا تا خۆراسان بڵاو بوونەتەوە. هەروەها ناوی گوندێکی دەڤەری دێزفوول و ناوچەیەکی بەرینی لوڕستانیشە.

 بەپێی ئەوەی لە پێشینانەوە وەک میرات بۆمان ماوەتەوە، سەگ لە کوردستان هەرچەند وەک ئێستا بە گیاندارێکی گڵاو و پیس سەیر نەکراوە، بەڵام بەڵگەیەکیش نییە کە بە پیرۆز زاندرابێ. وەک هەیە، بە گیاندارێکی وەفادار و هاوکاری مرۆڤ سەیری کراوە. لە حاڵێکدا لای دەر و جیرانەکانی کورد نیشانەکانی پیرۆزیی ئەو گیاندارە دەبیندرێ. بۆ وێنە پیرۆزیی سەگ لە چیرۆکی یارانی ئەشکەوت لە فەرهەنگی عەرەبدا، دۆزرانەوەی چەندان پەیکەری پێوەندیدار بە سەگ لە ناوچەکانی باشوور و باشووری رۆژئاوای ئێران یان ئەوە کە لە فەرهەنگی فارسەکاندا سەردەمێک گۆشتی مردووەکانیان سەگخواردوو دەکرد، نیشانەکانی پیرۆزیی ئەو گیاندارە لەو فەرهەنگانەدا بووە. لەحاڵێکدا کە نموونەی لەو ئاستانەشدا لە کوردستاندا نەبینراوە. بۆیەش گرینگی دانانی ناوی "خاوەن سەگ" لە سەر منداڵان و ئەو باوەڕەی لەپشت دانانی ئەو ناوەیە،  پێویستی بە لێکۆڵینەوەیە. وڵامی ئەوەش نە لە سەر زەوی کە لە ئاسمانە. 

 

یەکەم جار بە دوای دۆزینەوەی بنەمای ناوی کۆمەڵە کێوێک لە ناوچەی "سارم و میرقاز"ی مەهاباد تووشی گرینگی ناوی سەگ بووم. لەوێ کۆمەڵێک لوتکەی بەرزی لێیە کە خەڵکی ناوچەکە دەڵێن ناوی هەرکام لەو کێوانە لەناوی ئەستێرەکانی ئاسمان وەرگیراون. بێ ئەوەی بزانن کێها لوتکە ناوی کام ئەستێرەی بە سەرەوەیە. یەک لەو کێوانە ناوی "چەکوچ و ماڵووک"ە. ناوێکی ئاڵۆز کە وێناچێ هیچ پێوەندی بە دوو ئامرازی چەکوچ (چەکوش) و ماڵوو هەبێ. بە ڕواڵەت هیچ پێوەندی بەو ئادرەسە ئاسمانییەشەوە نییە کە خەڵکی ناوچەکە سەبارەت بە ناوی ئەو کێوانە دەیدەن. بەو حاڵەش ئەگەر ڕێنوێنی و ڕاداشتنی پەنجەی ئەوان بەرەو ئاسمان نەبا، دۆزینەوەی بنەمای ناوەکەی ئاستەمتر دەبوو. بەڵام کام ئەستێرە؟

 

یەک لەو روخسار یان سووڕەتی فەلەکیانەی کە لای پێشینانی ئێمە زۆر گرینگ بووە لە قەڵافەتی پیاوێکی قەد بە پشتێتی خەنجەر بە دەستێک و، کەوان (یان سپەر) بە دەستی دیکەوە وێنا کراوە کە سەگێکی گەورە و یەکی بچووکتر لە تەنیشتیەوە خەریکن کەروێشکێک ڕاو دەکەن. ئەو بیچمە ئاسمانییە بە لاتین  ناوی "ئۆریۆن"ە. لە فارسیدا "شکارچی"یە و بە عەرەبی پێیدەڵێن "جەبار" یان "رجل الجبار". لە کوردیدا بە گومانی زۆر یەک لە ناوەکانی چەکۆیە. بە واتای کەسێ کە چەکی پێیە. چەکیش بریتی‌یە لە هەموو ئەو کەرەسانەی کە لە شەڕ یان لە ڕاودا یارمەتیی شەڕکەر یان ڕاوکەر دەدەن، جا هەر لە چەقۆ و خەنجەری بەرپشتێنەوە تا گیانداری وەک ئەسپ و سەگ. ناوێک پڕ بە باڵای سوڕەتی فەلەکیی چەکۆ. بەو پێیەش ناوی کێوی بەر باس "چەکۆ و گەماڵۆک" بووە کە سواوە و بووە بە چەکوچ و ماڵووک. چەکۆ کە ڕاوکەرەکە و گەماڵۆکیش سەگە بچووکەکەی ئەم سووڕەتە فەلەکیەیە.  

ئەم روخسارە ئاسمانیە نەک تەنیا لەنێو کورد کە لەنێو هەموو گەلاندا گرینگ و پیرۆز بووە. لە مێزۆپۆتامیا بە ناوی نینورتا خودای شکار و شەڕ بوو. هەر ئەویش بوو کە بۆ بەرەنگاربوونەوەی دێوی هومبەبە هێزی شەڕی دەبەر گیلگەمێش و ئەنکیدۆ نا. تەنانەت هێندێک لێکۆڵینەوە لە سەر ئەهرامەکانی میسریش ئەوە نیشان دەدەن کە سێ هیرەمی سەرەکی لەڕاستای ئەو بیچمە و بەپێی سێ ئەستێرەکانی سەر پشتێندی چەکۆ ڕێکخراون. 

 

ئێستا کە گرینگیی ئەم پەیکەرە ئاسمانیە لە هزر و ڕوانگەی پێشیناندا ڕوون بۆوە، بێ جێ نابێ ئاماژە بە ناوی سەیدەوانیش بکرێ کە قارەمانی سەرەکیی تراژێدیی سەیدەوانە. لە راستیدا ناو و تەنانەت کەسایەتیی سەیدەوان لەو پەیکەرە ئاسمانییە وەرگیراوە. هەم بە هۆی نیزیکیی ناوی سەیدەوان لە سەگڤان و سەیوان، هەم پێوەندیی هەردووی ئەو ناوانە بە ڕاو و شکار و هەمیش بەو هۆیە کە زۆربەی ئۆستوورەکان شێوەیان لە ئاسمانە. سەگڤان شێوەی سەیدەوان لە ئاسمانە کە کوژرانی سەیدەوان بە دەست عەبدولعەزیزی باوک، کوژرانی ئەو قارەمانە ئاسمانییە بە دەست خودای شەڕە. ئەوەش پێچەوانەی ئەو بۆچوونەیە کە پێیوایە ناوی سەیدەوان لە "صید"ی عەرەبی وەرگیراوە. ئەوە تەنانەت عەرەبی‌بوونی وشەی "صید"یش دەخاتە بەر گومانەوە. 

شوێنەواری سووڕەتی فەلەکیی چەکۆ یان سەگڤان لە ناو کورد و لە فەرهەنگی کورددا لەوە زۆر بەرینترە کە لەم بابەتەدا هاتووە بەڵام کۆتا وتە ئەوەیە کە ناوی سەگڤان، سەیوان و ڕەنگە سەگوەندیش نە پێوەندی بە سەگ لەسەر هەرد و لە ژیانی رۆژانەدا بەڵکو بەو سوڕەتە فەلەکیەوە هەیە کە لای کورد نوێنەی ڕاوکەری، ئازایەتی و ئەنگێوەیی‌یە و هەر ئەوەش نهێنی زیندوو مانەوەی ئەو ناوە لەنێو کۆمەڵگای کوردستاندایە. 

سەبارەت بە ناوی سەگەکانی سەگڤان، زانیاری و ناوێکی دیاریکراو لە دەستدا نییە بەڵام لە ئەفسانە و چیرۆکەکانی کورد دا ناوی دوو سەگ بەردەوام دووپات دەبنەوە. ئەمانیش شاڵان و داڵانن کە هەمیشە ڕۆڵی چاکەیان هەیە، دژی خراپەن و دە فریای لێقەوماوان دێن. ئەم دووانە بە تایبەت لە چیرۆک و ئەفسانە و ئۆستوورەی ناوچەکانی خوارووی ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا دەوری زیاتریان ماوەتەوە. 





---------------------------
فەرهەنگا کانی - محەممەد ساڵح پێندرۆیی ساڵی ٢٠٠٩

بابەتی نوێ:

سوججەی سوور

لە کوردستان جۆرێک ماری ڕەنگ سووری کاڵ یان ئاڵ هەیە کە ماری سجە، سوجە یان سوججەی سوور و هەروەها "شیلە" ماریشی پێ دەگوترێ. مارەکە بێ...