۸/۰۲/۱۴۰۰

سەبارەت بە ڕەخنەی پێشمەرگانە لە گابۆڕ

تاهیر قاسمی

 ڕۆمانی گابۆڕ، لە نووسینی سەید قادر هیدایەتی، یەک لەو بەرهەمانەیە کە سەرنج و ڕەخنەیەکی زۆری بە دوای خۆیدا هێناوە. ڕۆمان تا ئێستا چەندان جار چاپ کراوەتەوە ئەوەش بە تەنیا نیشانەی پێشوازیی زۆری خوێنەری کورد لەو ڕۆمانەیە. بۆ من وەک خوێنەرێکی ئاسایی، لە خوێندنەوەیدا گەرچی چیرۆک بە دوای خۆیدا ڕاینەدەکێشام بەڵام بێزاریشی نەدەکردم و ئەگەر تاو نا تاوێکیش ناچار دەبووم وچانی لێ بدەم، ئەوە زوو تێهەڵدەچوومەوە و دەستم بە خوێندنەوەی دەکردەوە. ڕۆمان لە باری تکنیک و زمانی داڕشتنەوە تازە و تا ڕادەیەک بۆ خوێنەری کورد نامۆیە. سەرجەم قارەمانەکانی قسەکەرن و تاک ئاخێوەر نییە. یانی وەک شێوە کلاسیکیەکە نییە کە قارەمانێک قسە بکا و لە زمان ئەوەوە هەموو قارەمانەکانی دیکە و فەزای چیرۆکەکە بناسین. بەو پێیەش هیچ قارەمانێکی چیرۆکەکە تاکە قارەمانی نووسەر و تاکە قارەمانی ئەو کۆمەڵگایەش نییە کە ڕۆمانەکەی تێدا خوڵقاوە. ئەوە دەکرێ وەک جۆرێک دێموکراسی و فرە دەنگی سەیر بکرێ بەڵام هەر لە بەر ئەوە "کوتم کوتم" و "کوتت کوتت"ی زۆر تێدایە و وا دەکا تا ڕادەیەک بە گوێیان نامۆ بێ و بکەوێتە بەر گازندەی خوێنەر. بە تایبەت ئەو خوێنەرە بەڕێزانەی لە ناوەرۆکی ڕۆمانەکە بە گومانن.

ڕەخنەیەک کە بەڕێزان دەیڵێن و دووپاتی دەکەنەوە ئەوەیە کە دەفەرموون بۆ ئیجازە بە چاپی ئەو کتێبە دراوە بەڵام مۆڵەتی بڵاو بوونەوە بە کتێبی من و فڵانی دیکە کە باسی پێشمەرگە دەکا، نادرێ. ئەو ڕەخنەیە بڕێک سەیرە. ئاخر بۆ نموونە لەو کوردستانە ژێر دەستە بە سەدان و هەزاران کەس ناوی شیرینی کوردیی وەک هیوا و کوردستان و ئازاد و ڕێبواریان لە سەرە و حکومەت سجیلیشی پێ داون بەڵام دڵنیام ئەگەر یەکێ ناوی دوکتور قاسملوو لە سەر کوڕەکەی دابنێ، سجیلی پێ نادەن و ڕەنگە بشیگرن. ئایا دەبێئەوە وا لێک بدەینەوە کە هیوا و کوردستان و ئازاد و ڕێبوار بە دڵی کۆماری ئیسلامین چونکە سجیلیان بە ناوی دوکتور قاسملوو نەداوە؟! ئەی بۆ هیوا و کوردستان و ئازاد وەک جۆرێک پاشەکشە بە کۆماری ئیسلامی سەیر ناکەن؟ بە ڕاستی ئەو جۆرە ڕەخنانەی ئێوە ئاستیان زۆر لە خوارە و نیشانەی بێگانە بوونتان لە کۆمەڵگای کوردستانی ژێر دەستی کۆماری ئیسلامی یە. ئاخر خۆ جگە لە گابۆڕ و زۆر پێش گابۆڕیش سەدان و ڕەنگە هەزاران کتێبی دیکە لە ژێر حوکمی کۆماری ئیسلامی چاپ بوون یان بڵاو بوونەوە و دەفرۆشرێن، یانی ئێمە دەبێ لە هەموان مەشکووک بین و بە قازانجی کۆماری ئیسلامییان بزانین و پێمان وا بێ هەموان مشکی کۆماری ئیسلامییان تێدا کوژراوە و لەو نێوەدا تەنیا کتێبی چل ساڵ خەباتمان پێ کتێب بێ؟ ئەو جۆرە ڕوانینە زۆر دۆگمە و نیشانەی دابڕانی شۆڕشگێڕان لە کۆمەڵگای خۆیانە کە هیوام دەخواست دۆستانی حیزبیم بۆ مەحکووم کردنی گابۆڕ پەنای بۆ نەبەن و بەو قسەیە زەحمەتی هەموان زەربی سفر نەکەن.


گابۆڕ لە زۆر بارەوە قسە هەڵگرە بەڵام لێرە هەوڵ دەدەم سەرنج بدەمە ئەو ڕەخنانەی کە دۆستانی بەڕێزم لە ناوەرۆکی ڕۆمانەکەیان هەیە و پێیان وایە گابۆڕ هەوڵی سووک کردنی خەباتی پێشمەرگانەی داوە کە ئەمن پێم وایە لە جێی خۆیاندا نین:


١- نووسینی شوعار لە سەر دیواری ئاودەستە گشتییەکان

ئەوە دیاردەیەکی زۆر باوی ئەو سەردەمە بوو کە چیڕۆکی ڕۆمانەکەی تێدا ڕووی داوە. بەڵێ دار و دیواری ئاودەستەکان پڕ بوون لە دروشمی سیاسی و شتی قۆڕیش دەنووسران. ئەوە قسەی سەردەمێکە کە کەس نەیدەوێرا فززەی لێ بێ. قسەی سەردەمێکە کە پاسدار لە سەر ونبوونی تۆپی فوتباڵەکەیان گەڕەکیان میلیتاریزە دەکرد و خەڵکی گەڕەکیان زیندانی دەکرد، لە سەر ڕانەوەستانێک مانگای "نەنە عەجەمیان" وەبەر گوللە دەدا. بەڵێ ئەو سەردەم تەنیا لە سەر دیواری ئاودەستەکان ئاگات لە قسەی دڵی خەڵک دەبوو کە لە گەڵ کێن و دژی کێن. جا ئەوە کە ئاودەست پیسە و ئێستا پێمان وا بێ جێی ئەو قسانە نییە، لەو حەقیقەتە مێژویی‌یە کەم ناکاتەوە و ڕەنگدانەوەی لە وەها ڕۆمانێکدا بۆ منی لاوی ئەو سەردەم شتێکی نامۆ و نائاسایی نییە. بەڵام لەوەدا کە بەڕێزانێک پێیان وایە نووسەر ئامانجی ئەوە بووە کاری نهێنی و تەشکیلاتی پێ سووک بکا، لە جێی خۆیدا نییە، چونکە:

الف: کەریم و متەللیب خۆڕسک دەستیان بە دروشم نووسین کردوە و هیچ پێوەندیی ڕاستەوخۆی بە تەشکیلات و پەروەردەی تەشکیلاتییەوە نییە.

ب: متەللیب خۆی دەڵێ کە ئێمە لە ئاودەست نانووسین و تەنانەت خەریکی کوژاندنەوەی ئەو شتە قۆڕانەشە کە لە سەر دیواری ئاودەستەکان نووسراون. لە چەندان شوێن ئەوە بە ڕوونی دیارە کە هەر دیوارێ ساف و سپی بێ، کەوتۆتە بەر تەماحی کەریم و متەللیب و دروشمیان لە سەر نووسیوە. بۆ وێنە متەللیب لە سەر دیواری سافی مەدرەسە کە شتی وەک خۆشم دەوێی، عاشقتم پرسپۆلیس و.. نووسرابوو، دەنووسێ "بژی کورد و کوردستان ٧/ ٤/ ١٣٦٩".

 

٢- کەریم و متەللیب هەر کارێکی حیزبی و سیاسییان کردبێ، خۆڕسک کردوویانە. ئەوە ئەگەر لە لایەک لە سەر حیزب و پێشمەرگە نابێ بە ماڵ لە لایەکی دیکە نیشانەی قورسایی سیاسیی حیزبە بە سەر کۆمەڵگای ئەو سەردەم دا و بە هیچ جۆر لە ڕاستای کەم کردنەوەیان دا نییە.

٣- حیزب ڕەخنەی لە سەرەو مێژووی حیزب کەمی کەم و کووڕی و یەکتر وەدەرنان تێدا نەبووە. بەڵام نووسەری ڕۆمانی گابۆڕ هاتووە لە ڕێی قۆڕەدەماغێکی وەک میرزاهادی ڕەخنەکانی دەڵێتەوە. دەربڕینی ڕەخنە لە زمان وەها کەسایەتیەکی دژە ژن، دیکتاتۆر و دژە کتێب کە تەنیا بیر لە عەییاشی و خۆشگوزەرانی خۆی دەکاتەوە هەم ڕاگرتنی پارسەنگی ڕەخنەیە و هەمیش کەمڕەنگ کردنەوەی ڕەخنەکان.

٤- ڕۆمان جۆرێک ئاشتی فکری لە نێوان هێمن و حیزب دا ساز کردووە کە دوور لە حەقیقەت نییە. هێمن لە حیزب دابڕاوە و ڕێبەرانی حیزب بێ لوتفی لە گەڵ هێمن دەکەن بەڵام سروەی هێمن و تاریک و ڕوونی هێمن هەروا لاوانی کۆمەڵگا بە کوردایەتی گۆش دەکەن، بۆ کاری تەشکیلاتی ئامادەیان دەکەن و بۆ ناو حیزب و پێشمەرگایەتییان دەنێرن.

٥- لە ڕۆمانەکەدا دەوری ڕاستەوخۆی پێشمەرگە غایبە. ڕەنگە ڕەخنەی بەشێک لەو بەڕێزانەش هەر لەوە بێ بەڵام پێم وایە بە چەند هۆ ڕەخنەیان لە جێی خۆیدا نییە:

١لف) فەزای زەمانیی ڕۆمانەکە (نیوەی دووهەمی دەیەی شەستی هەتاوی) سەردەمێکە کە پێشمەرگە هیچ کوێی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی بە دەستەوە نەمابوو. خەبات و حزووری پێشمەرگە بووبوو بە فەسڵی و ئیدی وەک جاران لە ناو خەڵک دا نەبوون.

ب) فەزای نووسین و بڵاوکردنەوەی ڕۆمانەکە لە ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی و سەردەمێکە کە ناوی حیزب و پێشمەرگە هێڵی سوورە. نووسەر لە زۆر جێگا لەو بارەوە خۆی سانسۆڕ دەکا: ناوی نووسەری شاعیری گەل (دوکتور قاسملوو) لە پێشەکیی تاریک و ڕوون‌دا وەها ڕەش کراوەتەوە کە بە کەریم و متەللیب و بە کەس ناخوێندرێتەوە، کابرای بانەیی لە سەر سنوور ناوی پێشمەرگە ناهێنێ و تەنیا دەڵێ ئێستا درەنگ درەنگ دێنەوە..

ج) بەڵام هەر ئەوە کە دوو لاوی گەنج بۆخۆیان خۆ فێری کوردی خوێندنەوە و کوردی نووسین دەکەن، بۆخۆیان دەست بە نووسینی درووشم لە سەر دیواران دەکەن و نامەی هەڕەشە (بە ناوی حیزب!) بۆ کەسانی گومانلێکراو دەنێرن و دوا جاریش ڕێگای چوون بۆ پێشمەرگایەتی دەگرنە بەر و یەکیان (متەللیب) وەک جوانەگای قەسابخانەکە کۆت و بەندی دیکتاتۆریی باوک و مودیری مەدرەسەو دەسەڵاتی داگیرکەر لە ملی خۆی دادەماڵێ و دەچێ بۆ پێشمەرگایەتی، نیشانەی هێز و دەسەڵاتی پێشمەرگەیە بە سەر کۆمەڵگایەکدا کە بە حزووری فیزیکییان تێیدا نییە یان کەم بۆتەوە و "درەنگ درەنگ دێنەوە".

بابەتی نوێ:

بۆچی دوا پێنج‌شەممەی ساڵ ڕۆژی سەردانی گڵکۆی ئازیزانە

  لەنێو کۆمەڵگەی کورد و ئێرانییەکانیشدا باوە کە بەتایبەت ئێوارەی ڕۆژانی پێنج‌شەممە سەردانی وێنەی کێلێک لە لوڕستان گڵکۆی مردووەکانیان دەکەن و...