۹/۲۴/۱۴۰۲
ساجی عەلی
۹/۱۹/۱۴۰۲
لە داکۆتاوە بۆ کوردستان
بیرەوەرییەکانی ئەندامێکی سپای ئاشتیی ئەمریکا لە مەهاباد (١)
رۆلاند ئێلیوت براون
تاهیر قاسمی کردوویە بە کوردی
کچێکی کورد خەریکە هێگلاند بە جلی کوردی دەڕازێنێتەوە |
کێنێدی لەکاتی
هەڵمەتی هەڵبژاردندا دژ بە "ڕیچارد نیکسۆن"، هەوڵی دا وەچەیەکی نوێ لە
لاوانی ئەمریکایی بۆ خزمەت بە وڵاتەکەیان هان بدا. بەشێک لە پلانەکەی کێنێدی،
دامەزراندنی "سپای ئاشتی" بوو؛ هێزێکی پێکهاتوو لە ژنان و پیاوانی "ژیر
و بەرهەڤ" کە ئامادە بوون خۆیان بۆ پێشکەوتن و سەقامگیرکردنی ئاشتی لە
وڵاتانی پەرەئەستێندا تەرخان بکەن.
بیرۆکەی سپای ئاشتی داهێنانی کێنێدی نەبوو؛ لە ساڵی ١٩٥٧، "هیوبێرت هامفێری"، سیناتۆری دێموکرات هێندێک هەوڵی دابوو تا ئەو پڕۆژەیە جێبەجێ بکا بەڵام ئەوە کێنێدی بوو کە هەر لە مانگەکانی سەرەتای سەرۆک کۆماریی خۆیدا، ئەوەی وەک دامەزراوەیەکی هەمیشەیی لەنێو وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکادا دامەزراند.
جێژنی لەدایکبوونی شا لە مەهاباد |
لە زنجیرە
وتارێکدا، بیرەوەریی ئەو خۆبەخشانەی پێشووی سپای ئاشتی لەو ساڵانەی کە لە ئێران
بوون، بە یەکەوە دەخوێنینەوە.(٢)
پێشاندانی شانۆ لە دەبیرستانی کچانە |
ماری بێ ئەوەی
زانیارییەکی ئەوتۆی سەبارەت بە سپای ئاشتی و ئامانجەکانی هەبێ، داواکارییەکەی
نارد.
لە هاوینی ساڵی
١٩٦٦، هێگلاند وێڕای کۆمەڵێک لە خۆبەخشان دەچێتە "ئۆستن"ی تێگزاس تا بۆ
وتنەوەی وانەی ئینگلیزی لە ئێران، لە خولەکانی ڕاهێناندا بەشداری بکا. هەڵبژاردنی
وڵاتی مەبەست، تەواو بە هەڵکەوت بوو. تەنیا دەیویست بینێرن. پێیان دەڵێ بۆ وڵاتێکی
دوورم بنێرن.
بەڵام بەر لەوەی
زانکۆی تێگزاس بەجێ بهێڵێ، لەگەڵ دەمێکی مەترسیداری مێژوو بەرەوڕوو دەبێ: یەکێک لە
یەکەمین کوشتارە بەکۆمەڵەکان لە ئەمریکا.
هێگلاند لە کێوەکانی دەوروبەری مەهاباد |
دوو کەس لە
ئەندامانی دەستەی زمانی فارسی بریندار بوون. یەکێک لەوان بەرنامەی سەفەرەکەی بە
یەکجاری هەڵوەشاندەوە. دووهەم کەس، "دەیڤید ماتسۆن" کە گوللە لە مەچەکی
درابوو، ناچار بوو سەفەرەکەی دوا بخا. ئەو دواتر لە تاران لەگەڵ سپای ئاشتی کاری
دەکرد و توانی لەوێش لەژێر چاوەدێریی پزیشکەکاندا بێ: «ئەو هاوینە ڕۆح و
ڕەوانی ئێمەی بریندار کرد بەڵام ئەو ڕۆژانە زۆر گوێ بەو کەسانە نەدەدرا کە لە
ڕووداوی ئاوادا دەروونیان بریندار دەبوو.
شوێنێک لە دڵی کێوەکاندا
هێگلاند دوای
ئەوەی هاتە ئێران، سپای ئاشتی پرسیاری لێ کرد کە پێیخۆشە لە کوێ خزمەت بکا: «گوتم من خووم بەو شوێنانە گرتووە کە چوار وەرزیان هەیە. ئەو جێیانەشم پێ
خۆشە کە کێوپارەن.
جەخت لەوەش
دەکاتەوە کە نایهەوێ هیچ ژنە خۆبەخشێکی دیکەی لەگەڵدا بێ. نەیدەویست دیسان
کاتەکانی خۆی لەگەڵ ئەمریکاییەکاندا تێپەڕ بکا.
لە ڕاستەوە خاتوو عیسمەت پەنجەوی دەناسرێتەوە و بەپێی سەرچاوە سەرەکییەکە ئەوانە ژنانی بنەماڵەی خانەخوێن |
لە مەهاباد، دوو
خۆبەخشی پیاو لەلایەن سپای ئاشتییەوە هەبوون؛ یەکێکیان مامۆستای زمانی ئینگلیزی
بوو و ئەویدیکەش پسپۆڕی کشتوکاڵ کە بە ماتۆڕسیکلێت سەردانی گوندەکانی دەوروبەری
دەکرد و یارمەتیی پڕۆژەکانی کشتوکاڵیی دەدا.
هێگلاند کە لە قوتابخانەیەکی
ئامادەیی (دەبیرستان) کچاندا دەرسی زمانی ئینگلیزی دەگوتەوە، بە کردەوە زۆربەی کاتەکانی
خۆی لەگەڵ ژنانی کورددا تێپەڕ دەکرد: «زۆر بە گەرمی پێشوازییان لێ دەکردم.
خەڵکێکی زۆر دڵنەرم و میوانگر بوون.
هێگلاند لە ماڵی
بنەماڵەیەکی کورددا دەژیا و لەگەڵ مامۆستایەکی جوولەکەی ئێرانیی خەڵکی تەورێز کە وانەی
ئەدەبیاتی فارسی دەگوتەوە، سێ ژووریان لە ماڵەکە بەکرێ گرتبوو. ئەو دوو ژنە زیاتر
هەر بە یەکەوە دەچوونە قوتابخانە و بە یەکیشەوە لە قوتابخانە دەگەڕانەوە.
هێگلاند لەکاتی وانەوتنەوەدا |
ئەو زۆر لەو
شەوانەی زستانی وەبیر دێتەوە کە لەگەڵ ماڵی خانەخوێ و هاومزڵەکانی لەپەنا یەکتر،
لە دەوری مەقەڵیی پۆلووی خەڵووز کۆ دەبوونەوە و کەشێکی دۆستانە لەنێوانیاندا دەهاتە
ئاراوە.
ئەمریکا و شا لە
ڕوانگەی کوردەکانەوە
دوای شەڕی
جیهانیی دووهەم، هێزە جیاییخوازەکان لە مەهاباد و ئازەربایجانی دراوسێ، بە
پشتیوانیی یەکێتیی سۆڤییەت کە هەوڵی دەدا قانی نەوت لە حکوومەتی ناوەندی وەرگرێ،
سەربەخۆییان ڕاگەیاند. هێزەکانی سۆڤییەت لە ساڵی ١٩٤٦ ئێرانیان بەجێ هێشت و
دەسەڵاتی پەهلەوی دیسان کۆنترۆڵی ناوچەکەی بەدەستەوە گرتەوە و قازی محەممەد و سەرکردە
جیاییخوازەکانی دیکەی بە تاوانی خیانەت بە وڵات ئیعدام کرد.
گەرچی ئەو
بنەماڵەیەی کە هێگلاند میوانیان بوو، هیچکات پشتیوانی قازی محەممەد و کۆماری کورد
لە مەهاباد نەبوون بەڵام ژیان لەنێو فەرهەنگی کورددا شوێنی قووڵی لەسەر ئەو دانا و
دەرگای دیمەنێکی ناوازەی بۆ کردەوە: «سپای ئاشتی شتگەلێکی بێوێنەی فێری من
کرد. ئۆگرییەکی تایبەتیم بە خەڵکی کورد پەیدا کرد و سەرنجم بۆ لای کێشە و
ناکۆکییەکانی نێوان کوردەکان و حکوومەت ڕاکێشرا؛ ئەو ناکۆکیانەی ئێستاش هەر
درێژەیان هەیە.
هێگلاند و قوتابییەکی |
هێگلاند لەڕێی
یەکێک لە قوتابییەکانییەوە لەگەڵ بنەماڵەی قازی محەممەد ئاشنا بوو: «لەگەڵ
قوتابییەکەم کە خزمی قازی محەممەد بوو، سەردانی ماڵی کچەکەیمان کرد؛ واتە ماڵی
خوشکی ئەو پیاوەی کە کوژرابوو. ژنەکان لەپاڵ یەکتر دانیشتبوون و بە ئەسپایی فرمێسکیان
دەڕشت. زۆر خەمهێنەر بوو.»
ئەو ئەندامەی
سپای ئاشتی لە نێو شاریشدا تووشی دیمەنی ترسهێنەر دەبوو: «هەر لەو سەردەمانەدا،
ڕۆژێک لە قوتابخانەوە دەچوومەوە بۆ ماڵێ، گوێم لێ بوو خەڵک بە یەکتریان دەگوت کە لە
گۆڕەپانی سەرەکیی شار، لەسەر پردەکە، مەیتی کوردێک بەڕووتی دۆزراوەتەوە کە لەسەر
سنوور کوژراوە. لەسەر مەیتەکە پلاکاردێک هەڵواسرابوو و ڕستەیەکی ئاوای لەسەر نووسرابوو؛ "ئەوەیە چارەنووسی دژبەرانی شا". من خۆم نەچووم بیبینم. ئەو ڕووداوە هەستی
کوردەکانی زۆر بریندار کردبوو.»(٤)
میراتی سپای
ئاشتی
قوتابیانی ماری لە شەقامێکی بە بەفر داپۆشراوی شاردا |
کار لەگەڵ سپای
ئاشتی ڕێبازێکی نوێی لە ژیانی هێگلانددا کردەوە: «بوو بە هۆی ئەوە کە بچم
ئەنترۆپۆلۆژیای کەلتووری بخوێنم و لەسەر فەرهەنگی ئێران هەڵوەستە بکەم.» دوای
ئەوەی گەڕایەوە بۆ ئەمریکا، لە زانستگای نیویۆرک، بڕوانامەی ماستەر لە ئەنترۆپۆلۆژیای
کۆمەڵایەتی و کولتووری بەدەست هێنا و دواتر دکتۆرای لە زانکۆی ویلایەتی نیویۆرک، لە
بینگهامتۆن وەرگرت. ئەو ئێستا لە زانکۆی سانتا کلارا لە کالیفۆرنیا مامۆستای ئەنترۆپۆلۆژیایە.
بە وتەی هێگلاند، لە ساڵەکانی دەیەی ١٩٦٠ و ١٩٧٠، پێوەندییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا بە ئاستێکی
زۆر بەرز گەیشتبوو: «هێشتا دەکرێ میراتی ئەو ساڵانە لە ئێرانی ئێستادا ببینین. لەو
ساڵانەدا زۆر ئەمریکایی، چ لە چوارچێوەی سپای ئاشتی و چ بە شێوەگەلی دیکە، هاتنە
ئێران و لەولاشەوە گەلێک خوێندکاری ئێرانی بە مەبەستی خوێندن، بۆ ئەمریکا چوون.»
بە وتەی هێگلاند، «ڕەنگە بەشێک لەو خوێندکارانە، قوتابیی مامۆستایانی سپای ئاشتی بووبن. ئاڵوگۆڕی
فەرهەنگیی ئەو ساڵانە و پەرەگرتنی تێکنۆلۆژیی پێوەندییەکان لە ساڵانی دواتردا،
بۆمان دەگێڕێتەوە کە بۆچی ئەو بەشە لەو کەمە ئەمریکاییانەی کە هێشتا سەردانی ئێران
دەکەن، چاوەڕوانن لەگەڵ ئەندامانی کەلتوورێکی جیهانی بەرەوڕوو بن.
***
پەڕاوێزەکان
١- ئەو بابەتەی
سەرەوە لە نووسینی "ڕۆلاند ئێلیوت بڕاون" لە ماڵپەڕی "ئیران وایر"دا بە زمانی ئینگلیزی بڵاو
کراوەتەوە کە "مازیار بەهاری" ڕۆژنامەنووسی ناسراوی ئێرانی - کانادایی بەڕێوەی دەبا. هەر لەوێ بابەتەکە بۆ سەر زمانی فارسیش وەرگێڕدراوە کە بەداخەوە وەرگێڕانێکی بێلایەنانە نییە. ئەم وەرگێڕانەی بەردەست پتر پشتی بە دەقە ئینگلیزییەکە بەستووە کە ئەوەی خوارەوە لینکەکەیەتی:
https://iranwire.com/en/features/64274
٢- ماڵپەڕەکە بێجگە لەم بابەتە، چەند بابەتی دیکەی هاوشێوەی هەر سەبارەت بە بیرەوەریی ئەندامانی "سپای ئاشتی" لە شوێنەکانی دیکەی ئێران، بڵاو کردۆتەوە کە چالاکییەکانیان پێوەندیی ڕاستەوخۆی بە کوردستانەوە نەبووە و لەبەر ئەوەش گرینگییان بۆ خوێنەری کورد لەو ئاستەدا نییە.
تەرمی شەهید سولەیمانی موعینی و پلاکاردی "ئەوەیە نەتیجەی خیانەت" |
٥- ماری ئێلین هێگلاند لەکاتی بڵاوبوونەوەی بیرەوەرییەکانیدا (٢٢ی دێسامبری ٢٠١٦) لە زانستگای سانتاکلارا پڕۆفیسۆری ئەنترۆپۆلۆژیا بووە. ئەو لە ساڵی ١٩٧٨ بۆ ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەی مەیدانی گەڕایەوە ئێران و لە سەردەمی ئینقلابی ئیسلامیدا، تاکە لێکۆڵەری ئەمریکایی بوو کە توانی لێکۆڵینەوەی مەیدانیی خۆی درێژە بدا. ئەو نووسەری کتێبی "ڕۆژەکانی ئینقلاب: نائارامیی سیاسی لە گوندێکی ئێران"ە کە لە سەروبەندی ئینقلابی ٥٧ بە هەڵکەوت لە گوندێکی نیزیک شاری شیراز دەبێ و لە نیزیکەوە ئەو ئاڵوگۆڕانەی دیتووە و نووسیوەتەوە کە لەبەرەبەری ئینقلابدا بەسەر دانیشتوانی ئاسایی گوندەکەدا هاتووە.
۸/۲۱/۱۴۰۲
میرات و میراتگرانی هونەرمەند
شێعرێکی بەناوبانگی مامۆستای ئازیزم کاک عەلی ئیسماعیل زادە (ڕێبوار) سەبارەت بە ژیانی ناخۆش و بێبەشی هونەرمەندان هەیە کە سکاڵای خۆی لە پێنەزانی و نەدیتنی هونەرمەند لە کاتی ژیان و دژ بە شین و گریانی دوای مەرگ دەردەبڕێ. هەڵبەت مامۆستا تاکە شاعیر و هونەرمەند نییە کە بەم جۆرە قسەی دڵی هونەرمەندی نێو کۆمەڵگای نەتەوەیەکی داگیرکراو دەکا و تەنیا شێعری لەو جۆرەش نییە کە نووسراوە بەڵام وا دیارە زۆر باش توانیویەتی ئەو هەستەی خۆیان و شاعیران و هونەرمەندان بە گشتی دەربڕێ چونکە شێعرەکە ئاوازەی زۆری داوەتەوە و چەندان هونەرمەند و خۆشخوانی کورد لەوانە نەمر محەممەدی ماملێش بە گۆرانی گوتویانەتەوە:
کە مردم شین و گریانت بە من چی؟
لە سەر مەیتم لە خۆ دانت بە من چی؟
کە نەتهێشت بەی لە باغی سینە بڕنم
ڕنینی روومەتی جوانت بە من چی؟...
دیارە هونەرمەند مافی خۆیەتی سکاڵا لە بێبەختیی خۆی بکا و ئەرکی دەسەڵات و لە نەبوونی دەسەڵاتێکی بەرپرسیاریشدا، ئەرکی کۆمەڵگایە خەمێک لە ژیانی کەسایەتییە دەستنەڕۆیشتووەکانی خۆی بخوا، بەڵام کە کەسایەتییەکی هونەری، سیاسی، ئەدەبی یان کۆمەڵایەتی کۆچی دوایی دەکا، لە کاتی ناشتنیدا ئەوەی زیاتر لەهەر شت سەرنجەکان ڕادەکێشێ، ئاپۆرا و ڕێژەی بەشداریی خەڵک لە ڕێوڕەسمەکەدایە. ئەگەر ڕێژەکە کەم بێ وەک ئەوەی لەم ساڵانەی دواییدا لەکاتی ناشتنی کەسایەتییە مەزنەکانی وەک شێرکۆ بێکەس و هێدی لە باشووری کوردستان دیتمان، ئەوە بە ناسپاسیی خەڵک و پاسیڤبوونی کۆمەڵگا لێک دەدرێتەوە و ئەگەریش ئاپۆراکە زۆر بێ وەک ئەوەی بۆ کەسایەتییە بەرزەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکرێ، کەسانێک لە گوێن شێعرەکەی مامۆستا ڕێبوار، ئەو ڕۆژانە وەبیر دێننەوە کە کەسایەتییەکە نەخۆش بووە و سەردانی نەکراوە یان لە ژیانیدا کەسێکی هەژار بووە و ئاوڕی لێ نەدراوەتەوە.
ڕەخنە لە کەمیی بەشداریی خەڵک لەجێی خۆیدایە بەڵام ڕەخنەی
دووهەم هێنانە خواری ئاستی کەسایەتی بۆ کەسێکی ئاسایی و نەدیتنی بەرهەم و خزمەتەکانییەتی.
چونکە کاتێک کۆمەڵانی خەڵک بە هەراوی لە ناشتن و بەڕێکردنی کەسایەتییەکیاندا بەشداری
دەکەن، مەبەستیان ڕێز لە کەسێک نییە بەڵکو سپاس و پێزانینی خۆیان بۆ ئەو بەرهەم و
میراتە نیشان دەدەن کە ئەو کەسایەتییە وەک میراتی نەتەوەیی بۆی بەجێ هێشتوون. لەڕاستیدا
هەرچی ڕێژەی بەشداریی خەڵک لەو ڕێوڕەسمانەدا زیاتر بێ، زیاتر وەک نیشانەی ئاستی پێگەیشتویی
نەتەوەیی ئەو کۆمەڵگایە لێک دەدرێتەوە.
مرۆڤەکان دارا بن یان هەژار، بندەست بن یان دەسەڵاتدار، ناحەز
بن یان شیرین ڕوخسار، تەمەنی فیزیکییان لە ڕۆژی مردنیاندا کۆتایی دێ بەڵام ئەوانەی
بۆ سەربەرزیی نیشتمان و بەرزکردنەوەی سامانی مرۆڤی و نەتەوەیی نەتەوەکەیان تێدەکۆشن
و لە هونەر و توانایی خۆیان بە گەل و بە مرۆڤایەتی دەبەخشن، بە ڕادەی میراتەکەشیان
لەلایەن گەلەوە نەمرییان پێ دەبەخشرێ. خدر ڕەش ئەحمەدی لەو هونەرمەندانە بوو کە شەقڵی
خۆی بەسەر هونەری شانۆ و نواندن لە کوردستاندا بەجێ هێشت و وەک دیتمان دوای مەرگی،
خەڵکیش پێزانینی خۆیان بە هونەرەکەی نیشان دا و نیشانیان دا ئەو لەو کەسایەتیانەیە
کە لەنێو گەلەکەیدا تا هەتایە بە نەمری دەمێنێتەوە.
یادی بەرز و بەردەوام
۸/۱۱/۱۴۰۲
سەرسەوز و بۆرچین
سەرسەوز و بۆرچین نیشتن لە دەریا هەر من مامەوە بە تاقی تەنیا
ئەم باڵندە جوانە کە چیاییەکەی سۆنە و ماڵییەکەی
مراوی یان وەردەکیشی پێ دەڵێن، نێر و مێیەکەشی بە هۆی ڕەنگە جیاواز و تایبەتەکەیان بە ڕیز، بە سەرسەوز
و بۆرچین ناسراون. چیاییەکە کۆچەرییە کە بەهاران دەگەرێتەوە و لە قەراغ گۆلاو و
ڕووبار و زرێبار و زەریاکاندا هێلانە دەکا و جووچکان هەڵدێنێ. لە پاییزدا کە جووچکەکانی
هەڵداوێرێ و بە پۆل بەرەو ناوچە گەرمترەکان کۆچ دەکەن.
هۆنراوەکە وەک فۆلکلۆر بە شێوازی دیکەش گوتراوە و هەمیش شاعیران بە هێندێک ئاڵوگۆڕەوە، لە شێعری خۆیاندا گونجاندوویانە، بۆ وێنە؛
فۆلکلۆر:
سەرسەوز و بۆرچین نیشتن لە ئاوێ سەرسەوزم دەگرت، بۆرچین بە داوێ
وەلی دێوانە:
سەرسەوز و بۆرچین گۆڵاوان نەدیت نازداران نە پای وەفراوان نەدیت
خانای قوبادی:
سەرسەوز و بۆرچین نە ڕووی گولاوان دەنگ چەرخ باز مەنیشت جە کاوان
سەیدی:
رەند گوڵ جەمین نازداری باوان سەرسەبز و بۆرچین سۆنەی سەر ئاوان
فۆلکلۆر:
سەرسەوز و بۆرچین نیشتوون لە چۆمان یارێکم گرتووە جیرانی خۆمان
فۆلکلۆر:
سەرسەوز و بۆرچین وان لەپای کاوان بە جووت دەگەڕێن لەدەم شەتاوان
نێوەرۆکی هۆنراوەکە ڕەنگی جیاوازی ژنانە یان پیاوانەی بەسەرەوە
نییە بەڵام وا دیارە ژنان بەشی خۆیان لێی جیا کردۆتەوە و ئەمڕۆ چاوم لە ڤیدیۆیەک کرد کە ژنێک لەبەر نانی ئەو بەندەی
ئاوا لەگەڵ هەستی ژنانە ڕاهێنابوو و بە گۆرانی دەیگوت:
سەرسەوز و بۆرچین نیشتن لە دەریا سەرسەوز ڕۆیی، بۆرچین بە تەنیا
۸/۰۷/۱۴۰۲
شێرە و شێراو
یەغدان
یەغدان یان یەخدان سندووقێکی بڕێک گەورەی لە دار و تەختەیە کە دوای هەڵبەستران، تەنەکەی گاڵوانیزەکراوی نەخشێندراو لەسەر دەدرا. زۆر جار دیوی ژوورەوەشی ڕۆژنامە و کاغەزی لێدەدرا. لە هێندێک شوێن باوەڵیشی پێ دەگوترێ. یەغدان لە موکریان ئەو جلوبەرگە تازە و خاوێنانەی تێدا هەڵدەگیرا کە بۆ ڕۆژانی جێژن و شایی دەبەر دەکران. جاری وابوو بۆ بۆنخۆشی چەند ڕۆژێک شەمامەی تێدا دادەندرا یان پاییزان بەهێیەکیان تێداویشت. سندووقێکی هەر لەو گوێنە بەڵام بچووکتریش هەبوو کە پتر بۆ هەڵگرتنی کاغەز و ناسنامە و بەڵگە و شتی لەو بابەتە کەلکی لێ وەردەگیرا و ئەوە مجری"یان پێ دەگوت.
سەبارەت بە بنەمای وشەی یەغدان، ئەگەرچی یەغ لە زمانی تورکیدا واتای ڕۆن و چەورییە بەڵام یەغدان ناتوانێ وشەیەکی تورکی بێ. لانیکەم پاژی دووهەمی وشەکە کە لە پێکهێنانی زۆر وشەی وەک خوێدان، قەندان و..دا دەوری هەیە، پاشگری هەڵگرتن و پاراستنە و کوردییە. لە بواری بەکارهێنانیشدا یەغدان پێوەندیی بە ڕۆن و شتی لەو جۆرە نییە. هەروەها پێوەندی بە یەخ و سەهۆڵیشەوە نییە وەک هێندێک کەس پێیان وایە. یەغدان زیاتر جێگای هەڵگرتن و بە خاوێنی ڕاگرتنی جلوبەرگ و قوماشی خاوێن و تازەیە. بەو پێیە وشەکە دەبێ پێوەندی بە جلوبەرگ و پارچە و قوماش و پەڕۆ و شتی لەو بابەتە هەبێ. لەو پێوەندییەدا نیزیکترین وشە لە ناوەکە، ئاغەری یان ئاغارییە کە ئەویش بریتی لە کووتاڵ یان پارچەی لە هەوریشم یان لە خورییە و جلوبەرگی پیاوانە و ژنانەی لێ دەدروا. پێوشوێنی ئەم وشەیە لە پێکهاتەی یەغدان و لە پاژی یەکەمی وشەکەدا دەوری هەیە. ئاغاری لە پێکهێنانی وشەکەدا سواوە و بووە بە ئاغ و ئا لە سەرەتای وشەکەدا بووە بە یا یان یە. بەو پێیە ئاغاریدان بووە بە ئاغدان یان یەغدان و یەغدانیش ئەو سندووقەیە کە کووتاڵ و قوماشی بە نرخی لە پەشم و ئاوریشمی تێدا هەڵدەگیرێ.
۷/۰۹/۱۴۰۲
پاییز
لێرە پاییز؛
وەک ئەو شەنگە ژنە دەچێ
بسکی بە مۆد هەڵدەپاچێ
چاوانی پڕ دەکا لە کل
تۆقی زێوین دەکاتە مل
تاجی زێڕین دەخاتە سەر
زوڵفی بە مۆد دادەهێنێ
سەر بۆ تەمەن دانانوێنێ
لێرە پاییز؛
وەک ئەو شەنگە ژنە دەچێ
کە بە دوایین جبەی جوانی
بەگژ پیریی خۆیدا دەچێ
۷/۰۵/۱۴۰۲
چەمەریی شەهیدانی بۆکان
هونەر وێڕای ئەوە کە دەتوانێ پاژێکی گرینگی بەرگری و بەرخۆدان بێ، پشتیوان و هاندەرێکی بەهێزیشە بۆ بەرەنگاربوونەوەی نەتەوەیەک یان چین و توێژێکی ناڕازیی کۆمەڵگا لە حاند زوڵم و زۆر و چەوسانەوەدا. هونەر و ئەدەبی بەرگری لە بەرامبەر هێرش و داگیرکاری، سەرکوت، دیکتاتۆری، پێشێلکرانی ماف یان زەوتکرانی ئازادییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکاندا لە دایک دەبێ و خۆی نیشان دەدا. بەرخودانی بە بێ ئەدەب و هونەری بەرگری، بەرخودانێکی سست و بێدەنگە. هونەری بەرگری هاوکات کە قارەمانەتی و ئازایەتییەکان تۆمار دەکا و تاکەکانی کۆمەڵگا بۆ بەرگری و بەرخودان هان دەدا، کەوشەن و سنوورەکانی بەرخودانیش تا دوورەدەست دەبڕێ و بە گوێی خەڵکی دیکەی دەگەیەنێ.
بۆکان هاوکات کە بە شاری ئەدەب و هونەر ناسراوە، لەو شارانەی کوردستانە کە بە درێژایی سەد ساڵی
ڕابردوو، هەمیشە وەک سەنگەرێکی کۆڵنەدان لە ڕیزی پێشەوەی بەرخودان و بەرەنگاریی
خەباتی ڕزگاریخوازانەی گەلی کورددا ڕاوەستاوە. لە سەردەمی کۆماری کوردستاندا بە هەموو
بەژنە بچووک و لاوازەکەی ئەو سەردەمی، شانبەشانی مەهاباد، کانگایەکی خەبات
و تێکۆشانی کوردایەتی بوو. دوای هاتنە سەر کاری دەسەڵاتی خومەینی و فەرمانی هێرش
بۆ سەر کوردستانیش، بۆکان سەرەڕای جوغرافیا نالەبارەکەی، درێژماوەترین بەرخودانی کرد
و دوایین شاری کوردستان بوو کە داگیر کرایەوە. بە درێژایی چل ساڵی ڕابردووش، ئەو
شارە بەردەوام گۆڕەپانی سەرهەڵدان و خۆپێشاندان بووە. لەوانە خۆپێشاندان و پاشان
مانگرتنی چەند ڕۆژەی خەڵکی شار دژ بە کوژرانی چەند کەسی شارەکە بە دەستی جاشێک بە
ناوی "سمایلی وەلیە ترک" لە ساڵی ١٣٧٠، خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەکانی دژ بە کوژرانی "سومەییە فەیزوڵڵاپوور" لە ساڵی ١٣٩٨ و پێشەنگایەتی و بەشداریی هەراو لەو ناڕەزایەتییانەدا کە لە سەر بانگەوازی حیزبی دێموکرات وەک خۆی یان لەگەڵ لایەنەکانی تر بۆ مەحکوومکردنی
جنایەتەکانی ڕێژیم بەرەو ڕووی خەڵکی کوردستان کراونەتەوە، تەنیا چەند نموونەی لەسەرپێبوونی بەردەوامی ئەم
شارە خەباتکارەن. ئەو ڕۆحی خەبات و بەرخودانەش هەم شوێنی لە سەر هونەرمەندان و ئەدیبانی شار و دەڤەرەکە داناوە و هەمیش کەم و زۆر ئیلهامی لە هونەر و ئەدەبی بەرگری وەرگرتووە. تا ئاستێک کە لە خەباتی ڕزگاریخوازانەی کوردستاندا، بۆکان بە کانگایەکی
دەوڵەمەندی هونەر و ئەدەبی بەرەنگاری و کوردایەتی هەژمار دەکرێ.
وەتەن دەینت لە ملمایە
سەری بێ نرخ و بێ مایە
ئەمە سەربەند یان یەکێک لە سەربەندەکانی
ئەو گۆرانی یان سروودەیە کە باوکانی شەهیدانی
شۆڕشی ژینا لە بۆکان، لە کاتی ناشتنی ڕۆڵەکانیاندا دەیانخوێند. وەک خوێندنەوەی ئەو
وێرد و سروودە دەچوو کە ئیماندارێک لە کاتی پێشکەشکردنی قوربانیدا، لە پێش بارەگای خودای
خۆیدا دەیخوێنێ. ئەو دایک و باوکانە لە ڕاستیدا بە دەم خوێندنەوەی ئەم سروودەوە، قوربانیی خۆیان
پێشکەش بە بارەگای ئازادی و ڕزگاریی نیشتمانەکەیان دەکرد و بەم جۆرە شەهیدەکانیان بە کوردستان و هەرمان دەسپارد.
سروودەکە هەتا ئێستا بە تێکستی
جۆراوجۆری پێکهاتوو لە شێعری چەندان شاعیری بەناوبانگی کوردستان گوتراوە و
دەگوترێتەوە. شاعیرانێک کە زۆربەی شێعرەکانیان دەکەونە خانەی شێعری بەرگریی نیشتمانی
و بەرەنگاریی نەتەوەییەوە. لەوانە چەند بەیت لە شێعری "ڕەوەز ورد ناکرێ"ی
مامۆستا هێمن کە لە پاشەرۆکدا چاپ کراوە:
نەڕووخای ئاسمانی پیری پشت کووڕ؟
...کە سۆمایی لە چاو باوکان بڕاوە
بەرۆکی پیرە دایکان دادڕاوە
کە کوندی شووم لە گوندی کورد دەخوێنێ
کە گەنجی کورد دەگەوزێنێ دەخوێنێ
..بەناهەق خوێنی تێکۆشەر دەڕێژن
شەهیدی بێ سەر و بێ شوێن دەنێژن
بەڵام با تێ بگا ئەو دوژمنەی پەست
ڕەوەز ورد ناکرێ هەرگیز بەداردەست
دەبێ کوند هەر بەرەو وێرانە بفڕێ
هەروەها چەند دووبەیتی لە
شێعری شەریف حوسێن پەناهی، شاعیری بەرەنگاری کە لە دیوانی ملوانکەی شیندا چاپ
کراوە:
دەپۆشێ بەژن و باڵاکەت بە چارشێو
دەزانم من چ سیحرێکە ئەگەر بێ و
کە هاتە باغی ژین و هەڵوەری زوو
وەکوو لاولاوی ناکامی بەهاران
بێجگە لە باوک و دایکی
شەهیدان و خەڵکانی تێکۆشەر و سەوداسەری ئازادی، چەندان هونەرمەند و گۆرانیبێژی ناوچەیی
و ناسراو سروودەکەیان خوێندووە. سروودێک کە ئێستا ئیدی لای خەڵکی ناوچەکە و لە ئاستی کوردستاندا یەکجار
ناسراو و خۆشەویستە. لە کاتی بەرەنگاربوونەوە یان لاواندنەوەی ئازیزانی شەهیدیاندا، سروودێکی سوکناییهێنەرە و ئەوەندە کەوتووەتە سەر زار و دووپات کراوەتەوە کە سنوورە
ناوچەییەکانی بڕیوە. بەڵام ئاخۆ چ شتێک ئەم سروودەی تا ئەو ڕادەیە خۆشەویست و گشتگیر کردووە
کە هیندە لەگەڵ پێشوازیی خەڵکی تێکۆشەر بەرەوڕوو بێ؟
بەڵام وەک بڵێی هەموو ئەو شێعرە بەرزە نیشتمانی و نەتەوەییانە نەیانتوانیبێ کوڵی دڵ و ڕقی پیرۆزی ئەو ئینسانە نیشتمانپەروەرە دامرکێننەوە، بۆخۆیشی چەند سەربەندی شۆڕشگێڕانەی هۆندۆتەوە و ئاوێتەی گۆرانییەکەی کردووە کە هیندەی دیکە سروودەکەیان جوان و واتادار کردووە. لە ڕاستیدا وەک چۆن گۆرانییەکە بە شێعر و هۆنراوەی جیاواز دەگوترێ، سەربەندی هەر کام لە بەندەکانیشی سەرەڕای وێکچوونیان، جیاواز و تایبەتن:
وەتەن دەینت لە ملمایە
سەری بێ نرخ و بێ مایە
لە پێناوی وەتەندایە
وەتەن دێوانەکەی خۆتم
وەتەن من خاکی بەرپێتم
ئەگەر بێتو قەبووڵم کەی
بە دڵ سەربازی سەر ڕێتم
جگەر سووتاوی لاوانی
بە بێ ماڵ و بە بێ جێتم
لە باغی عیشقی میللەتدا
فیداکاری نەکەم شێتم
وەتەن هۆی ژین و ژیوار
وەتەن ئامێز و دڵدار
وەتەن قەوم و کەس و کار
بە کورتی "وەتەن" هەم چەمەرییە و هەم سروود، هەم شینە و هەم قین، هەم خۆشەویستییە و هەم ڕق. پڕە لە شین و خەم بۆ شەهیدان، دارماڵە لە ڕق و تووڕەیی لە داگیرکەر و لێوڕێژە لە سۆز و خۆشەویستی بۆ نیشتمان و ئاوێتەکردنی هەمووی ئەوانە لە کوڵی دڵی داخکراوی هونەرمەندێکەوەیە کە خۆی باوکی شەهیدێکی کوردستانە. سۆزێکی پاک و شۆڕشگێڕانە کە چۆڕاوەی هەستی کۆمەڵێک شاعیری نیشتمانپەروەری کوردە و لە دەنگی هونەرمەندێکی سەوداسەری ئازادییەوە لە دڵی نەتەوەیەکی مافخوراوی مافخواز نیشتووە.
*لە کوردستانی ژمارە ٨٥٦، نیوەی دووهەمی ڕەزبەری ١٤٠٢دا چاپ کراوە
بابەتی نوێ:
بۆچی دوا پێنجشەممەی ساڵ ڕۆژی سەردانی گڵکۆی ئازیزانە
لەنێو کۆمەڵگەی کورد و ئێرانییەکانیشدا باوە کە بەتایبەت ئێوارەی ڕۆژانی پێنجشەممە سەردانی وێنەی کێلێک لە لوڕستان گڵکۆی مردووەکانیان دەکەن و...