۴/۲۸/۱۳۹۴

خۆپێشاندانی مەدەنیانەی خەڵکی بۆکان دژ بە دیاردەی تێزاب پرژاندن بە ژنان‌دا


tahir_qasmi.jpgرۆژی پێنج شەممە ٢٥ی پووشپەڕی ١٣٩٤ی هەتاوی، خەڵکی بۆکان خۆپێشاندانێکی هێمنانەیان دژ بە توندوتیژی سەبارەت بە ژنان لەو شارە وەڕێخست. ئەو ئەو خۆپیشاندانە کاردانەوە بە ڕووداوی ئەسیدپێداکردن
بە چەند ژن لەو شارە بوو کە لەلایەن چالاکانی مەدەنیی بۆکان و بۆ مەحکومکردنی ئەو ڕووداوە رێکخرابوو.
شەوی ٢٣ی پووشپەڕ، کەس یان کەسانێکی گومانلێکراو کە شوناس و مەبەستیان هێشتا ڕوون نییە، لە کردەوەیەکی قێزەون‌و نامرۆڤانە دا، تێزاب و ئەسیدیان بە سەر ٤ کەس لە ژنانی ئەم شارە دا پڕژاند. لە ناو ئەو خانمانەش دا کە کەوتبوونە بەر ئەم هێرشە نائینسانیە، بنەماڵەی چالاکانی سیاسیش دەبیندران. ئەوەش توڕەیی و ناڕەزایەتیی زیاتری خەڵکی بۆکان و سەرانسەری کوردستانی لێ کەوتەوە. چالاکانی شار بۆ پێشگرتن لەقاودانی ئەم کردەوە دزێوە، هەر زوو رایانگەیاند کە بێدەنگ نابن.
ئەگەرچی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە هەڕەشە، شانۆسازی، بڵاوکردنەوەی درۆ و بڵاوەکردنی هێزە ئەمنیەتی و چەکدارەکان بە ناو شار دا، هەوڵیان دا خەڵک لە دەربڕینی هەر جۆرە ناڕەزایەتییەک دڵسارد بکەنەوەو بترسێنن، بەڵام وەک پێشتر راگەیەندرابوو، کاتژمێر ٧:٣٠ی ئێوارەی رۆژی ٢٥ی پووشپەڕ، ژنانی نارازی و پیاوانی یەکسانیخواز و دژ بە زەبروزەنگ، لە بلواری کوردستان، ئەو جێیەی کە پێشتر کردەوەی قێزەونی ئەسید پڕژاندنی لێ ئەنجام درابوو، کۆبوونەوە و بە هەڵگرتنی پلاکارد و دانی دروشمی “نا بۆ توند و تیژی دژ بە ژنان”، نەفرەت و بێزاریی خۆیان لەو کارە نامرۆڤانەیە دەربڕی.
هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی کە زەندەقیان لە هەر جۆرە بزوتنەوەیەکی مەدەنیی خەڵکی کوردستان چووە، پێشوەخت ئاگاداری وەڕێخستنی خۆپێشاندان لە لایەن خەڵکەوە بوون و ئامادەی بەرەنگاری بوون. بۆیەش زۆر زوو هەڵیانکوتایە سەر خۆپێشاندەران و وەک پیشەی هەمیشەییان، بە بەکارهێنانی زەبر و زەنگ، دەستیان بە سەرکوتی خۆپێشاندان و خۆپێشاندەران کرد. لەم نێوەدا ژمارەیەک لە کوڕان و کچانی ئەم شارە دەستبەسەر کران.
خۆپێشاندانی هێمنانەی رۆژی ٢٥ی پووشپەڕی بۆکان، دەربڕینی نارەزایەتی بوو سەبارەت بە دیاردەی دزێو و نوێباوی ئازاری ژنانی کوردستان و سوتاندنی جەستە و تێکدانی روخسار و جوانی‌یان لە رێی پڕژاندن و پێداکردنی تێزاب و ئەسید. دیاردەیەک کە بە داخەوە دەمێک ساڵە لە شارەکانی ناوەندی ئێران دا سەری هەڵداوەو بە خۆشیەوە تا ئێستا بە کوردستان و بە فەرهەنگی ئەم نەتەوەیە نامۆ و دەگمەن بووەو خەڵک بە دیاری دوژمنی دڵ چڵکنی دەزانن. دایکان و باوکان، خوشکان و برایان و سەرجەم چالاکانی مەدەنیی شاری بۆکان بەو خۆپێشاندانە، زەنگی مەترسیی هاتن و پەرەگرتنی ئەم دیاردە دزێو و قێزەونە بۆ کوردستانیان بە گوێی هەموان گەیاند.
بەڵام ئەم خۆپێشاندانەش وەک هەموو خۆپێشاندان و نارەزایەتیەکانی لەم شێوەیەی شارەکانی کوردستان لە ماوەی مانگ و ساڵەکانی رابردوو دا، تەنیا دەربڕینی نارەزایەتی لە حاند دوا کردەوەیەکی قێزەونی دەزگا و کەسانی سەر بە کۆماری ئیسلامی نەبوو. لەو کاتەوە کە کۆماری ئیسلامی دەستی بە سەر کوردستان دا گرتووە و بۆ سەپاندنی خۆی لە هیچ جۆرە سیاسەتێکی نامرۆڤانە تەنەخی ناکا، ئەم رووداوانە بۆ خەڵکی کوردستان قۆستنەوەی دەرفەتن بۆ جۆشدانەوەی خەباتی نەتەواویەتی و نوێکردنەوەی رق و بێزاریی خۆیان لە کۆماری ئیسلامی ئێران و سیاسەتی دژ بە کوردی ئەم رێژیمە. ئەگەرچی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی پێشوەخت هەموو رێگاکانیان بۆ پاشگەزکردنەوەی خەڵک لەم خۆپێشاندانە بەکار هێنا، بەڵام خەڵک ئەم کردەوە قێزەونە لە چاوی کاربەدەستانی ئەم رێژیمە و لە سیاسەتی ئەم رێژیمە دژ بە کورد و، دژ بە ژن و، دژ بە ژنانی کورد دا دەبینن. دیاردەی ئەسید پڕژاندن وەک دیاردە دزێوەکانی دیکەی لە شوێن بڵاوکردنەوە و پەرەپێدانی مواد مخدر، دیاریەکی چەپەڵی ئەم رێژیمە و سیاسەتە نگریسەکانی لە کوردستانە بە مەبەستی بڵاوکردنەوەی نائەمنی لە کۆمەڵگای کوردستان و بنکۆڵ کردنی فەرهەنگ و کۆمەڵگای دەوڵەمەندی کورد.
خۆپێشاندەرانی شاری بۆکان بۆیە نەڕژابوونە سەر شەقام تا داوایەک لە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی بکەن، بەڵکو راست دژ بەم رێژیمە ناره‌زایه‌تییان ده‌ربڕی. ئەوان زۆر باش دەزانن کە دەزگای بە ناو قەزایی و دادوەریی کۆماری ئیسلامی چەندە لە گەڵ خەڵکی کورد ناڕاستە. ئەوان ئەزموونی پەروەندەی فەریناز خوسرەوانی‌ لە مەهابادیان لە بیر نەچووە کە بێ ئەوەی بە هیچ ئاکامێک بگا، بۆ قوتارکردنی مۆرە بەدناوەکانی رێژیم، چەند رۆژ لەوەپێش رایانگەیاند کە دۆسیەکە داخراوە!! خەڵکی بۆکان بە پشتبەستن بەم ئەزموونە و دەیان ئەزموونی لەو جۆرە لە کوردستان، باش دەیانزانی کە هەر کات پێی کەسێکی سەر بەو رێژیمە لە تاوانێکی وەها گڵاو دا گلابێ، ئەوە زۆر بە ئاسانی دۆسیەکە کۆتایی پێ دێ و پەروەندەکه‌ بێ لێکۆڵینەوە، دادەخرێ. هەر بۆیەش لەم دەرفەتە بۆ دەربڕینی بێزاری لەم رێژیمە و بۆ جۆشدانەوەی خەبات کەلکیان وەرگرت. ئەوان وێڕای داکۆکیان لە مافی یەکسان و بەرابەری ژنان لە گەڵ پیاوان لە کۆمەڵگا دا، وێڕای دەربڕینی دژایەتی بۆ توندوتیژی دژ بە ژنان، لە خۆپێشاندان بۆ نیشاندانی هەستی نەتەوایەتیی خۆیان کەڵکیان وەرگرت. پلاکارد و دروشمەکانی دەستی خۆپێشاندەران بە زمان و رێنووسی پاراوی کوردی نایان بە توندوتیژی دژ بە ژنان دەگوتەوە، نارەزایەتی‌یان لە نائەمنیی کۆمەڵگا لە سایەی ئەم رێژیمە و سیاسەتەکانی دەردەبڕی و نەفرەتیان بۆ داعش و هەڵسوکەوتی داعشیانە لە هەر بەرگ و شکڵێک دا دەنارد. لە کاتێک دا ئەم خەڵکە مافی خوێندن بە زمانی کوردی وەک زمانی دایکی خۆیان لە لایەن دەسەڵاتی تارانەوە لێ زەوت کراوەو قوتابخانە بە زمانی خۆیان لێ حەرام کراوە.

۴/۲۴/۱۳۹۴

موزاکرە وەک شێوەیەک موبارزە

(لە پەڕاوێزی دوا دیمانەی کاک خالیدی عەزیزی لە گەڵ رووداو)
حیزبێکی سیاسی، حیزبێک کە دێموکراسیخوازە و خۆی لە ناو ئایدۆلۆژیایەکی تایبەت دا قەتیس نەکردوە، کاتێک کە لە گەڵ دوژمنێکی بە هێز لە ململانێ دایە، نابێ هیچ رێگاخەباتێکی مەشروع دژ بە دوژمنەکەی لە سەر خۆی ببەستێ و هیچ دەروازەیەک داخا.
هاوکاتیش نابێ دڵ بە سەرکەوتنی بە تەنیای هیچکام لەو شێوە خەباتانە خۆش بکا. خەباتی پێشمەرگانە، خەباتی دیپلۆماسی، راگەیاندن، خەباتی مەدەنی، پشتیوانی و کارکردن لە گەڵ خەباتکارانی مەدەنی و سیاسی لە ناوخۆ بەشێک لەو شێوە خەباتانەن. ئەوانە دەتوانن بە شێوەی تەریب بڕۆنە پێش و بێ ئەوەی هیچیان خەت بە سەر ئەویدی دا بکێشن، یەکتر تەواو بکەن. 
ئه‌مرۆ مرۆڤ له جیهانێکی پێکه‌وه لکاو و ئۆرگانیکدا ده‌ژی. نه‌ ته‌نیا به‌ش و بواری جۆراوجۆری کۆمه‌ڵگا به‌ڵکوو جیهانی ئه‌مرۆ چ له بواری ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تی و کولتوری و بگره له باری جوغرافی‌شه‌وه پێکه‌وه لکێندراوه و ده‌توانن له سه‌ر یه‌ک شوێندانه‌ر بن. که‌وابوو ئێمه ده‌بێ شێوه‌ خه‌باتێکی چه‌ند ره‌هه‌ندی نه ته‌نیا له‌گه‌ڵ ئێرانیه‌کان به‌ڵکوو زۆربه‌ی جیهان، نه ته‌نیا رۆژهه‌ڵاتی کوردستان، به‌ڵکوو کورده‌کانی رۆژهه‌ڵات له باشوور و ده‌ره‌وه‌ی وڵات، نه ته‌نیا خه‌باتی چه‌کداری به‌ڵکوو هه‌موو جۆره خه‌باتێکی رەوای دیکه، له توێی گه‌ڵاله‌یه‌کی ڕایه‌ڵه‌یی به راگرتنی سه‌ربه‌خۆیی و هاوپێوه‌ندی بەرەو پێش بەرین.
یەکێک لە سیاسەتەکانی بردنە پێشی خەبات بۆ حیزبێکی سیاسی و دێموکرات لە بەرامبەر دوژمنێکی بە هێز و هاری قەتیس لە ناو ئایدۆلۆژیا دا، سیاسەتی موزاکرە و گرتنە بەری موزاکرە وەک سیاسەت و وەک شێوەیەک لە خەباتە. لە بنەڕەتیش دا جیاوازیی نێوان هێزێکی دێموکرات و هێزی سەر بە ئایدۆلۆژیا ئەوەیە کە لایەنی یەکەم ئامادەیە کێشەکانی لە گەڵ هەر هێز و لایەنێک بە شێوەی هێمنانە چارەسەر بکا. لە بەرامبەری دا لایەنی دووهەم بە پێچەوانە هەمیشە هێزی زۆر و زەبروزەنگ بە رێگاچارە دەزانێ. سیاسەتی موزاکرە و بەکار بردنی موزاکرە وەک سیاسەت، یەکێک لەو رێگایانەیە کە ئیزن نادەی دەسەڵات شێوەی خەبات بۆ تۆ دیاری بکا.
ئەوە کە دوژمنەکەت چەندەی باوەڕ بە چارەسەری ئاشتیانەی پرسی نەتەوەکەت هەیە، نابێ لەو سیاسەتە زیاد یان کەم بکا کە تۆ باوەڕت پێی هەیە. بەڵام لەوە گرینگتر موزاکرە بێ لەبەر چاوگرتنی ئاکامەکانی، بۆ حیزبێکی سیاسی لە گەڵ دەوڵەتی ناوەندی، هەمیشە دەسکەوت و سەرکەوتنە.
موزاکرە خۆی بە سێ قۆناخ دا تێدەپەڕێ؛ ئامادەیی لایەنێک یان لایەنەکان بۆ موزاکرەو چارەسەری ئاشتیانەی کێشەیەک، دانیشتنی وەفدەکانی دوو لایەن و دواجار ئاکامی دانیشتنەکان. ئەوەی من گەرەکمە لێرەدا هەڵوەستەی لە سەر بکەم، ئامادەیی لایەنێکی دێموکراتە بە ناوی حیزبی دێموکراتی کوردستان بۆ موزاکرە لە گەڵ دەسەڵاتێکی دۆگم بە ناوی کۆماری ئیسلامیی ئێران. بەڵام با بزانین قازانجەکانی ئەم سیاسەتە چی‌یە؟
- هێزێکی زۆردار هەمیشە هەوڵ دەدا کێشە لە گەڵ لایەنێکی کەم هێز (لێرەدا چ کورد و چ حیزبێکی تایبەت) بە زەبروزەنگ چارەسەر بکا. راکێشانی ئەو بۆ سەر مێزی وتووێژ و چارەسەرێکی هێمنانە هەمیشە لە راستای سیاسەتی تۆ و دژ بە سیاسەتەکانی ئەوە. کەوابوو هەر لە سەرەتاوە ئەم سیاسەتە لە قازانجی تۆ دژ بە سیاسەتی ئەوە.
- نابێ لە هیچ سیستمێکی سیاسی وەک دیوارێکی کۆنکرێت بڕوانین و پێمانوابێ هەموان یەک رایان هەیە و درزیان تێدا نییە. گەیاندنی بەردەوامی سیاسەتی خۆت لە مەڕ ئامادەییت بۆ موزاکرە و چارەسەری ئاشتیانە، پرسی تۆ لە ناو داڵانەکانی سیاسەت لە تاران وەبیر دێنێتەوە و لای سیاسەتمەداران و دەوڵەتداران بۆ چارەسەرنەکردنی و بۆ ئەو زەبروزەنگ و کوشت و بڕە بە ناحەقەی دژ بە نەتەوەکەت وەڕێیان خستوە، پرسیار دەخوڵقێنێ.
- سیاسەتی تۆ بۆ وتووێژ و چارەسەری ئاشتیانەی پرسەکەت، هەمیشە لە ناو بیروڕای گشتی‌ دا و تەنانەت لە ناو بەشێک لە لایەنگرانی ئەو دەسەڵاتەش دا گومان و گومانی زیاتر دەخاتە سەر ئەو دەسەڵاتەی بە ئاگر و ئاسن وڵامی خواستەکانت دەداتەوە.
- سیاسەتی تۆ بۆ موزاکرە لە ناو کۆڕ و کۆمەڵە نێونەتەوەییەکان دا دەبێ بە هاندان و گوشار بۆ سەر ئەو دەسەڵاتەی ئامادە نییە بە شێوەی هێمنانە چارەسەری پرسی نەتەوەکەت بکا.
- مل دانی دەسەڵات بە موزاکرە، تەنانەت ئەگەر هیچ دەسکەوتێکی نەبێ، دان نانێتی بە کێشەی نەتەوەیی تۆ کە هەمیشە نکۆڵی لێ کردوە.
ئەوە کە ماف و خواستەکانی تۆ لە ناو ئەو دەسەڵاتە و ئەو سیستمە داخراوە دا جێ ناگرن، هیچ ناتەباییەکی نییە لە گەڵ ئەو ئامانجانەی تۆ لە گرتنە بەری سیاسەتی موزاکرە دا دەیانبینی و لە موزاکرە وەک سیاسەت و وەک رێگایەک بۆ بردنە پێشی خەباتەکەت، وەک رێگایەک بۆ گوشار خستنە سەر دەسەڵات و وەک رێگایەک بۆ پەیداکردنی هاوڕا و پشتیوانی زیاتر دژ بە دوژمنەکەت کەڵک وەردەگری. ئەگەر رۆژێکیش لە گریمانەیەکی لاواز دا، دەسەڵات ملی بۆ وتووێژێکی فەرمی راکێشا، ئەوە دانی بە بوونی کێشەکەت دا ناوە و تۆ هەنگاوێک بەرەو پێش چووی. بەڵام تۆ بەو سیاسەتەوە، هەم دەستت بۆ خەبات ئاوەڵایە و هەم ئەوەش کە لە دەستت دێ، دژ بە دوژمنەکەت دەیکەی و پەکی هیچ شێوە خەباتێکی دیکەت ناخەی.
بە دانیشتن لە سەر مێزی موزاکرە خەباتی تۆ کۆتایی نایە. خۆ ئەگەر لە گریمانەیەکی زۆر زۆر لاوازتر دا لانیکەمی خواستەکانیشت لە لایەن دەسەڵاتەوە بسەلمێندرێ، ئەوە دەسەڵاتە کە لە ماهیەتی خۆی بەتاڵ دەبێ و تۆ سەر کەوتوی و فازێکی نوێ لە خەبات و تێکۆشان بۆ گەیشتن بە ترۆپکی ئامانجەکانت دەستی پێکردوە..
عەیبی گەورەی باس کردن و داکۆکی کردنی زۆر لە سەر سیاسەتی موزاکرە، ئەوەیە کە رەنگە هەستی خۆ بە کەم زانی لای تاکی کورد زیاد بکا. بەڵام دیسان لە گرتنەبەری ئەو سیاسەتە ناراستە کە وا بە خەڵکی خۆت نیشان بدەی تۆ دەتوانی بە هێزی خۆت یەک شەوە ئەم دەسەڵاتە بڕوخێنی، دروست‌ترە. دروست‌تریشە لەو سیاسەتە کە وا لە خۆت و خەڵک بگەیەنی مادام دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە ئێران لە سەر کارە، هیچ ناکرێ و هەر جوڵەیەک بکرێ فرت و فێڵی دەسەڵاتە! ئەو جۆرە روانینە بۆ خەبات دژ بە کۆماری ئیسلامی بوو کە بۆ ماوەی نیزیک بە دوو دەهە سیاسەتی چاوەڕوانی لای بەشێک لە حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی لێکەوتەوە کە رەنگە دوێنێ، دوارۆژی تەمەنی ئەو سیاسەتە بووبێ! - See more at: http://rojhelattimes.net/witar/138-2015-07-15-17-57-06.html#sthash.12pVk6Iy.dpuf

۴/۱۶/۱۳۹۴

بەسەرهاتی بریندارێکی خۆپێشاندانەکەی مەهاباد


خۆپێشاندانی رۆژی ١٧ی بانەمەڕی شاری مەهاباد لە گەڵ دژکردەوەی توندی مەئمورانی کۆماری ئیسلامی بەرەوڕوو بوو. هێزە چەکدارەکان هەڵیانکوتایە سەر خۆپێشاندەران و بە گازی ئەسرین‌ڕێژ یان بە تفەنگی تاپڕ تەقەیان لە خۆپێشاندەران کرد. لە ئاکامی ئەو کردەوەیەش دا ژمارەیەکی نادیار لە خەڵک و خۆپێشاندەران بریندار بوون. دوا جاریش یەکێک لە برینداران بە ناوی ئاکام تەللاج دوای ٥٣ رۆژ بەربەرەکانێ لە گەڵ مەرگ، گیانی لە دەست دا. 
عەبدوڕەحمان مرادی، ناسراو بە چەکۆ مەهابادی یەکێک لەو کەسانە بوو کە کەوتە بەر دەسڕێژی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی و بریندار بوو. خۆپێشاندەران هەر زوو ئەویان لە چنگ هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی رزگار کرد و لە کۆڵانێک دا وێنەی برینەکانی ئەویان وەک جنایەتی کۆماری ئیسلامی بە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان دا بڵاو کردەوە. هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئەگەرچی نەیانتوانی چەکۆ دەستبەسەر بکەن، بەڵام بڵاو بوونەوەی ئەو وێنانە و برینەکانی، ئەوانی توڕە کرد. بۆ دەستگیر کردنی چەند جار سەردانی ماڵی باوکیان کرد بەڵام ئەو ناچار بوو بەو برینانەوە خۆی بشارێتەوە. دوا جاریش ناچار بوو رۆژهەڵاتی کوردستان بەرەو وڵاتی تورکیا بە جێ بێڵێ. 
چەکۆ مرادی تا پێش لە خۆپێشاندانی رۆژی ١٧ی بانەمەڕ، لە گەڕەکی باغی سیسەی شاری مەهاباد باشگای وەرزشی هەبوو. باشگای وەرزشیی تەندیس. ئەو کە تەمەنی ٣١ ساڵە، پێشتر قوتابی وەرزشوانی بە ناوبانگی شاری مەهاباد شەهید مەنسووری ئاروەند بوو کە لە کۆتاییەکانی مانگی جۆزەردانی ئەمساڵ دا بە تاوانی هاوکاری لە گەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستان لە لایەن کۆماری ئیسلامیەوە ئیعدام کرا.
چەکۆ لە باشگاکەی دا لاوانی لە دیاردە و دیاریە دزێوەکانی دەستی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر خەڵکی کوردستان دوور دەکردەوە و بەرەو وەرزش و خۆپێگەیاندن هانی دەدان. رۆژی ١٧ی بانەمەڕ، کاتێک دەزانێ خەڵک بە تەمان دژ بە زەبروزەنگی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی خۆپێشاندان رێک بخەن، زووتر لە وادەی رۆژانە، شاگردەکانی بەرەو ماڵ دەنێرێتەوە. بۆخۆشی هەمان رێگا دەبڕێ و لە مەودای نێوان باشگا و ماڵەکەی، تووشی خۆپێشاندەران دەبێ. لە ناو خۆپێشاندەران دا شاگرد و قوتابیەکانی خۆی دەبینێ و دەچێتە لایان. هەر لەو کاتەدا هێزەکانی کۆماری ئیسلامی هەڵدەکوتنە سەر خۆپێشاندەران و تەقەیان لێ دەکەن. چەکۆ وەک بۆخۆی دەڵێ ٣٢ ساچمەی تاپڕی بەر دەکەوێ. هاوکاتیش هێزە چەکدارەکان هەڵدەکوتنە سەری و دەیانهەوێ دەستبەسەری بکەن کە لە گەڵ بەرگریی توندی خەڵک و قوتابیەکانی خۆی بەرەو روو دەبنەوە و رزگاری دەکەن. دوای رزگار کردنیش لە کۆڵانێکی چۆڵ دا وێنەی خۆی و برینەکانی دەگرن و بە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان دا بڵاوی دەکەنەوە. هەر ئەوەش دەبێ بە ئادرەسی هێزە ئەمنیەتیەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ گیران و دەستبەسەرکردنی. مەئموران سەرەتا باشگا وەرزشیەکەی دادەخەن و پلۆمپی دەکەن. بەردەوام سەردانی بنەماڵەکەی دەکەن و دایک و باوک و تەنانەت خوشکیشی دەدەنە بەر ئازار. ماڵەکەیان دەپشکنن و دەست بەسەر لاپتاپ و کەیسی کامپیوتێرەکەی، تەلەفۆنەکەی و کۆمەڵێک کەلوپەلی دیکەی دا دەگرن و لە گەڵ خۆیانی دەبەن. چونکە برایەکی لە ناو 'پارتی ئازادیی کوردستان" دایە و وێنە و نامەکانی براکەشی لە ناو ئەو کەلوپەلە دەستبەسەرداگیراوانە دا بە لێشاو بوو، بەڵگەیەکی باش بوون بۆ ئەوەی دەزگا ئەمنیەتیەکانی کۆماری ئیسلامی بیخەنە ژێر شکەنجە و قورسترین بڕیاری بە ناو دادگاکانی کۆماری ئیسلامی بەسەردا بسەپێنن. بۆیەش شێلگیرتر بوون لە سەر دەستبەسەر کردنی. بەڵام ئەو هەم بۆ تیماری زامەکانی و هەمیش بۆ خۆشاردنەوە، پەنا بۆ دوکتورێکی ئاشنای دەبا. دواتر لە لایەن دۆست و ئاشناکانی لە گوندەکانی دەوروبەری مەهاباد دەشاردرێتەوە. تا سەرەنجام دوای یەک مانگ خۆشاردنەوە، ناچار دەبێ رێگای تورکیە بگرێتە بەر و بە شێوەی قاچاخ بە سنووری سێروێ دا رۆژهەڵاتی کوردستان بە جێ دێڵێ.
ئازارەکانی چەکۆ بەوەندە کۆتایی نایە. دوای ئەوەی ئاودیوی سنووری تورکیا دەبێ، وێڕای چەند هاوڕێی دیکەی لە لایەن پۆلیسی تورکیاوە دەستبەسەر دەکرێ. لانیکەم ٥ کەس لە لایەن پۆلیسی تورکەوە بەرەو ئێران دیپۆرت دەکرێنەوە بەڵام چەکۆ خۆی وەک هاوڵاتی عێراقی لە قەڵەم دەدا تا ئەگەر قەرارە دیپۆرت بکرێ، بەرەو ئەو وڵاتە بنێردرێ نەک بەرەو ئێران کە دوا جار بەو شێوەیە دەتوانێ خۆی رزگار بکا.

رۆژی ١٧ی بانەمەڕی ١٣٩٤ی هەتاوی، دوای سێ رۆژ لە مەرگی گوماناویی فەریناز خوسرەوانی، لاوانی شاری مەهاباد رژانە سەر شەقام و خۆپێشاندانیان کرد. فەریناز خوسرەوانی کارمەندی هوتێل تارای شاری مەهاباد بوو کە لە نهۆمی چواری هوتێلەکەوە کەوتە خوارەوە گیانی لە دەست دا. لەو کاتەدا کەسێکی بە رەچەڵەک ئازەریش لەو ژوورە بوو کە فەریناز لێی کەوتە خوارەوە. بە وتەی خەڵک ئەو کەسە مەئموری ئیتلاعات و سەر بە دەزگا ئەمنیەتیەکانی کۆماری ئیسلامی بوو. بە وتەی خاوەن هوتێل و بەرپرسانی کۆماری ئیسلامیش پێوەندی بە دەوڵەتەوە نەبوو. 

۲/۲۷/۱۳۹۴

خەنی لە من‌و لە کتێبخانەی کورد

تاهیر قاسمی؛


وەک هەموو دۆستان و ئازیزانی هاوڕێمان کاک عومەر حەمیدی، رۆژی شەممەی رابردوو ئەمنیش وێڕای پۆلێک لە دۆستانم، رێگای دووری شاری "ڤاسا"مان بڕی تا بۆ دوا جار ماڵاوایی لەو هاوڕێ ئازیزەمان بکەین و رێز و ئەمەگناسیی خۆمان لە حاند تەمەنێک خەبات و تێکۆشانی ئەو دووپات بکەینەوە. 

کە گەیشتینە جێ، ئەو هاوڕێیانەی پێشتر گەیشتبوون، بە ریز راوەستابوون. هەر کام چەپکە گوڵ یان گوڵێکی سووری وەفادارییان بە دەستەوە بوو. چاوم گێڕا و گەلێک لەو هاوڕێیانەم دیت کە ساڵانێک بوو بە هۆی ژیانی دوورە وەتەنیی ئوروپا نەمدیبوون. هەروا کە چاوم بە خەڵکەکە دا دەگێڕا، دیتم هاوڕێی خۆشەویستم کاک عەلی فەتحی‌ش پەیدا بوو. ئەو هەر لە منداڵیەوە ئاواڵ و هاوڕێی کاک عومەر بوو. لە سویدەوە هاتبوو. دەمزانی دێ. دوای ئەوەی هەواڵی دڵتەزێنی مەرگی کاک عومەرم لە فەیسبوک بڵاو کردەوە، ئەو یەکەم کەس بوو کە تاساو و ناباوەڕانە تەلەفۆنی بۆ کردم و لە راستیی هەواڵە دڵتەزێنەکەی پرسی. پێشتر قەرار بوو بێتە لام و بە یەکەوە بچین بەڵام دواتر رێگای سەفەرەکەی گۆڕی و منی لەوە بێبەش کرد کە دامنابوو ماوەیەک بە یەکەوە تێپەڕ بکەین و هاوسەفەریش بین. کە دیتمەوە، ئەمجار بە پێچەوانەی جارانی پێشوو، بزەی لە سەر لێوی نەمابوو. پێشتر ئەو کورتە پەخشانەم خوێندەوە کە بۆ مەرگی کاک عومەری ئاواڵی نووسیبوو. دەمزانی کۆستەکە بۆ ئەو لە هی ئێمە قورسترە. بۆیەش بە لامەوە سەیر نەبوو کە کاک عەلیی قسە خۆش و هەمیشە لێو بە بزە، ئەمجار بزە لە سەر لێوی تاراوە. بە تایبەت کە گەرمەشینی خاتوو پڕشەنگی هاوسەری کاک عومەر هیندەی دیکە ئەو خەمەی لە سەر شانمان قورس کردبوو. شینگێڕیەک کە کاڵای بە قەد باڵای لە دەستدانی کەڵەمێرێکی ئەم سەردەمە بوو و ئەمن ساڵانێک بوو گەرمەشینی وەهام بەر گوێ نەکەوتبوو. کاک عەلیی خۆشەویست لەو حاڵەش دا بە گێڕانەوەی بیرەوەریی خۆشی خۆی لە گەڵ کاک عومەری هەمیشە لە یاد، بزەی خستە سەر لێوانمان و ئەوی هیندەی دیکە لە دڵمان دا شیرنتر و خۆشەویست‌تر کرد.
رێورەسمی بە خاکسپاردن و کۆڕی ماتەمینیی کاک عومەر تەواو بوو و ئێمەش هەر کام دەبوو ئەو شارە بە جێ بێڵین کە بوو بە دوا مەنزڵگای ئەو ئازیزە تێکۆشەرەمان. خەریکی ماڵاوایی لە دۆستان و هاوڕێیان بووم کە دیتم کاک عەلی بە هەگبەیەکەوە لە بەر دەمم قیت بۆوە؛
- ها تاهیر گیان ئەوانەم بۆ تۆ هێناوە...
سەرم بە تورکەکە داگرت و دیتم پۆلێک کتێبی بە نرخی دە خۆی دا هەڵگرتووە. دەمێک بوو ئاگادار بووم کە کۆمەڵێک بەرهەمی بە نرخی نووسەرانی کەونارای یۆنانیی لە زمانە ئەسڵیەکەیانەوە بۆ سەر زمانی کوردی وەرگێڕاون. تەنانەت کەم و زۆر ئاگاداری رەوتی بە چاپ گەیاندنیشیان بووم بەڵام نەمدەزانی کاریان بە کوێ گەیشتووە. بە دیتنی کتێبەکان زۆر خۆشحاڵ بووم. هەم لە بەر ئەوە کە دنیای روونی چاپ و بڵاو بوونەوەیان بە خۆوە دیتووە و کتێبخانەی کوردی‌یان پێ خەنی بووە، هەم ئەوەش کە دەغدەغەی پەیدا کردنی کتێبەکانم لە کۆڵ ببۆوە کە پێشتر ئامادە بووم بە هەر نرخێک پەیدایان کەم. لەوانەش زیاتر نووسەر و وەرگێڕە خوێن شیرین، قسە خۆش و قەڵەم رەنگینەکە ئەوانی وەک دیاری پێدا بووم. نایشارمەوە، بە وەرگرتنی ئەو دیاریە بە نرخانە شاییم بە خۆم بوو، نەمدەزانی چۆنی سپاس بکەم و بە دڵنیاییەوە نووسینی ئەم دێڕانەش وڵامدەری ئەو لە بیر بوون‌و، ئەو دیاریە بە نرخانە نین.
ئەوانەی کە مێژووی کۆنی کوردیان خوێندۆتەوە، بە دڵنیاییەوە تووشی ناوی دوو مێژوونووسی گەورەی یونان بوون. ئەو مێژوونووسانەی ئەگەرچی بۆ کورد و لە پێناو کورد دا نەیاننوسیوە بەڵام بەرهەمەکانیان سەرچاوەی گرینگی مێژوویین بۆ مێژووی کەونارای کورد و بە دگمەن لێکۆڵەرانی مێژوویی توانیویانە لە باسی مێژووی کەونارای کورد و ناوچەکە دا خۆ لە بەرهەمەکانی دوو ناوی گەورەی هێرۆدۆت و گزنفۆن ببوێرن و بە سەریان دا تێپەڕن.
هێرۆدۆت کە بە باوکی مێژوو ناسراوە، بەشێک لە کتێبە بە نرخەکەی خۆی (مێژووی پارسەکان)ی بۆ مێژووی ماد و دەوڵەتی مێدیا تەرخان کردووە. ئەو بوو کە بۆ یەکەم جار ئاشکرای کرد کە بەر لە دەسەڵاتی هەخامەنشیەکان، ئەوە مادەکان بوون کە یەکەم دەسەڵاتیان لەو هەرێمە دا بنیات نا. سەرچاوەیەک کە بۆ دیاکۆنۆفی نووسەری کتێبی "مێژووی ماد" سەرچاوەیەکی گرینگ و جێگای بڕوایە لە ساخکردنەوەی ئەو مێژووە کۆن، ئاڵۆزو ئاڵۆزکراوەی نەتەوەکەمان دا. کتێبەکەی هێرۆدۆت لە راستی دا ٩ کتێبی بچووکتری دەخۆ گرتووە کە لانیکەم ٣ لەوانە پێوەندی بە رۆژهەڵات و کەم زۆر بەو هەرێمە یان جیرانەتیی ئەو هەرێمەوە هەیە کە کوردانی تێدا نیشتەجێن و لە دڵی کوردەکان دا بە کوردستان ناسراوە. وەرگێڕدراوی ئەو کتێبە کە دەبوو زۆر لەوە پێش لە کتێبخانەی کوردی دا جێی گرتبا و کورد ئەوەندە ناچار نەبا بۆ زانینی بەشێک لە مێژووی خۆی پەنا بۆ تەرجەمەی بە گزی و فێڵی داگیرکەران ببا، یەکێک لە کارە گرینگەکانی کاک عەلی فەتحیی خۆشەویستە. کتێبێک کە زیاتر لە ١٢٠٠ لاپەڕەی دەخۆ گرتووە و بە دڵنیاییەوە کتێبخانەی کوردی بە شانازیەوە باوەشی بۆ گرتۆتەوە.
یەکێکی دیکە لە بەرهەمەکانی کاک عەلی فەتحی وەرگێڕانی کتێبی ئاناباس یان گەڕانەوەی دە هەزار یۆنانی‌یەکەی گزنفۆنە. مێژووخوێنان بێ گومان دەزانن کە بەشێک لە رەوتی گەڕانەوەی ئەو لەشکرەی یۆنانیەکان بە کوردستان دا رابردووە و لە گەڵ بەرگری و پێش پێ گرتنی بەردەوامی دانیشتوانی ئەو هەرێمە بەرەوروو بوون. لەم سۆنگەیەشەوە گزنفۆن کۆمەڵێک بابەتی وەک شێوەی جلوبەرگ، سروشت و تایبەتمەندیی ئینسانەکان، چەکوچۆڵی شەڕکەران، شێوەی شەڕ و بەرەنگار بوونەوەیان و گەلێک زانیاریی دیکەی لە مێژووی کۆنی دانیشتوانی ئەو هەرێمە تۆمار کردووە. سەرەڕای ئەوە گێڕانەوەی بە سەرهاتی پاشەکشەی ئەو لەشکرە و شەڕ و تێکەڵچوونەکانیان کە کاک عەلی فەتحی توانیویەتی وەستایانە بیخاتە سەر زمانی کوردی، خوێنەر بە دوای خۆی دا رادەکێشێ و ماندووی ناکا.
زمانی نووسین و وەرگێڕانی کاک عەلی ئەگەرچی وەک هەر کارێکی مەزنی ئاوا، رەنگە بێبەری لە رەخنە و تێبینی نەبێ، بەڵام کوردیەکی خاوێن و خۆماڵی‌یە. ئەو کە وەکوو خوێندەوارێکی پێشمەرگە لە کۆمەڵگای هەژاری کوردستانەوە شار و گوندە جۆراوجۆرەکانی کوردستان گەڕاوە، لە گەڵ شوان و جوتیار و پاڵە و سەپان دانیشتووە، قسەی بۆ کردوون و قسەی لێ وەرگرتوون و هاوکات سەری بە خوێندنەوەی کتێبی کوردییەوە بووە، هەوڵی نەداوە وشەی داتاشراو و نامۆ و ناقۆڵا بە کار بێنێ و لەو زمانە کەڵکی وەرگرتووە کە ئاخێوەری کورد بە کوردی بیری پێ دەکاتەوە و پێی دەدوێ. ئەوانەش وایان کردووە کە مرۆڤ لە کاتی خوێندنەوەی کتێبەکان دا لە بیری نەبێ کە ئەوە لە زمانی یونانیەوە راستەوخۆ کراوەتە کوردی و وەک بەرهەمێکی خۆماڵی بیانخوێنێتەوە و بە دەگمەن تووشی گرێ و گۆڵی خوێندنەوە بێ.
دڵنیام بە وەرگێڕانی ئەو دوو کتێبە و هەروەها وەرگێڕدراوی کتێبەکانی "بیرەوەری کۆیلەیەک" ستراتیس دوکا و "ژمارە ٣١٣٢٨"ی ئیلیاس وینیزیس کە نێوئاخنی هەگبە دەوڵەمەند و بە بایخەکە بوون، کتێبخانەی کوردی دەوڵەمەندتر بووە و خوێنەری کوردیش مەودایەکی زیاتری بۆ خوێندنەوە و فێربوون دەست کەوتووە. ئەگەرچی ئەو دوو کتێبەی دوایی بۆ من نائاشنان، بەڵام دڵنیام وەک هەردوو کتێبی ئاناباسی گزنفۆن و کتێبی مێژووی هێرۆدۆت، وەرگێڕ تەنیا لە سۆنگەی وەرگێڕان دا ئەو کتێبانەی بۆ سەر زمانی کوردی وەرنەگێڕاون. ئەو لەم رێگایەوە هەم دەیهەوێ پەرە بە زمانی نەتەوەکەی بدا و هەمیش چەند لاپەڕەیەک لە مێژووی ئەو نەتەوەیە بۆ نەتەوەکەی خۆی هەڵبداتەوە.
بێگومان ناساندنی ئەو بەرهەمە بە نرخانە نە لە توانای من دایە و نە ئەم کورتە نووسینەش لە ئاستی شەونخوونی و ماندووبوونەکانی ئەو ئازیزە دایە. هەر ئەوەندەم لە دەست دێ کە لێرەوە دەستخۆشی بە کاک عەلی فەتحیی نووسەر و وەرگێڕ بڵێم و هیوای تەمەنی ساخ و هەروا پڕ بەرهەمی بۆ بخوازم و جارێکی دیکە سپاسی بکەم.

۲/۱۴/۱۳۹۴

مستەفا هیجریش سەری حەسەنی ئەیوبزادەی بێ‌کڵاو هێشتەوە!

تاهیر قاسمی
بە تەما بووم لە سەر روانگەی خۆ بە زلزانانە و خۆ بە زۆرزانانەی نووسەری نسکۆو دابڕان لە هەمبەر کەسایەتی‌و چۆنیەتی شەهیدبوونی دوکتور قاسملوو، بابەتێک بنووسم. دەمویست لە سەر دابەزاندنی خولیا و خەونەکانی دوکتور قاسملوو لە ئازادی و رزگاریی نەتەوەکەیەوە تا ئاستی هەوڵدان بۆ "بە قارەمان دەرکەوتن" و "خۆ بە قارەمان نیشاندان" لە روانگەی نووسەری نسکۆو دابڕان دا، هەڵوەستە بکەم، گەرەکم بوو روانگەی خۆ بە براگەورە زانین و لە خۆ روانین و خۆ ڕانانی کاک مستەفا هیجری و خۆ دەرخستنی وەک فریشتەی نەجات بۆ هەر دوو رووداوی میکونوس و ڤیەن بنووسم، بەڵام ئاغای حەسەنی ئەیوبزادە نۆرەبڕی لێ کرد.
حەسەنی ئەیوبزادە بە ڕواڵەت بابەتێکی بە رەخنە لە کتێبی نسکۆو دابڕان نووسیوە(١) بەڵام وەک خووی هەمیشەیی خۆی، ئەمجارەش بیانوویەکی دیکەی بە ناوی 'نسکۆ و دابڕان' بۆ دەمەزەرد کردنەوەی تۆمەتەکانی پێشووی خۆی دژ بە حیزبی دێموکرات دۆزیوەتەوە. وێدەچێ زەمانێکی درێژ چاوەڕێی دەرچوونی بۆچوونی مستەفا هیجری لە هەمبەر تۆمەتەکانی دا بووبێ. رەنگە بە درێژایی دە ساڵ و پازدە ساڵ ئەو چاوەڕوانیە درێژەی کێشابێ. راست بە مەودای ئەو ماوەیەی جەنابی مافناس دژ بە حیزبی دێموکرات قەڵەمی تاو داوە. وەک لە نووسینەکەی دەردەکەوێ، بە تەما بووە سکرتێری حدکا مۆری داکۆکی لە روانگەکانی بدا. بە تەما بووە سکرتێری حدکاش بۆ سڕینەوە یان کەم کردنەوەی تاوان لە کۆماری ئیسلامی لە گەڵی هاودەنگ بێ. کەچی لە خوێندنەوەی کتێبەکە دەسبەتاڵ هاتۆتە دەر. لەم بارەوە گلەیی هەڵڕشتووە. لە شتە لاوەکیەکانی وەک هەڵەبوونی ئەو مانگەی دوکتور قاسملووی تێدا شەهید کراو هێندێک هەڵەی رێزمانی و رێنووسی بترازێ، بابەتەکەی ئەیوبزادە هیچ پێوەندی بە رەخنە لە کتێبی "نسکۆو دابڕان" نییە. لە راستی‌دا رەخنەی لە شتگەلێکە کە تێیدا نییە. وێدەچێ پێشتر بەڵێنی پێ درابێ و لە بیر کرابێ! گلەیی و سکاڵانامەکەی سەبارەت بەو شتانەیە کە پێی وابووە یان رەنگە قەرار بووبێ هیجری بۆی پشتراست بکاتەوە و نەیکردووە. لە راستیدا ئەیوبزادە هەست دەکا مار بە دەستی ئەو گیراوە، دەسخەڕۆ کراوە، بە جێیان هێشتووەو بە تەنێ ماوەتەوە. وەک جولەکەکە لە هەردوو دینان بووە. هەم لە لای ئەوانەی رەخنەی لێ دەگرتن و هەم ئەوانەش کە پێی وابوو بە قازانجیان دەینووسی. هەم لە لای یەکێتی بێزراوەو هەم لە لای ئەو بەشە لە حیزبی دێموکرات کە پێی وابوو لە پارتی نیزیک بۆتەوە. ئەیوبزادە کە بەو تەوەهومەوە قەڵەمی دەئاژۆت، دوای کتێبەکەی هیجری، ئیدی هومێدێک بۆ پشتراست کردنەوەی ناراستیەکانی شک نابا. ناشکرێ لە تۆمەتەکانی پاشگەز بێتەوە. ئاخر شتی وا لە فەرهەنگی چەکمەرەقی و دەرەبەگایەتی دا هەر نییە!
حەسەنی ئەیوبزادە دەمێک ساڵی ژیانی خۆی بۆ کۆمەڵێک تۆمەت روو بە حیزبی دێموکرات تەرخان کرد. سەرجەم نووسراوەکانی ئەو ١٠ - ١٥ ساڵەی ژیانی لە سەر دەستمایەی دووپاتکردنەوەی ئەو تۆمەتانە هەڵچنی. لە سەرەوەی هەموانیش تیرۆری کەسایەتیی مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەن زادەی کردە ئامانجی خۆی. کارێک کە کاک مستەفا هیجریش لە 'نسکۆو دابڕان'دا پێڕەوی کردووە. هەردوو بە ڕواڵەت بۆ پارێزگاری کردن لە رێبەرانی پێش لە مامۆستا حەسەنزادەو بە تایبەت دوکتور قاسملوو دژایەتی ناوبراو دەکەن! بۆخۆشیان دەزانن کە حەسەنزادە لە هەموانی لێ نیزیکتر بووە لێ دەزانن ئەمڕۆ نانیان دەو لاگریە دایە! بەڵام سەیر ئەوەیە هیجری کە دوای ئەیوبزادە بەختی خۆی لەو مەیدانەدا تاقی کردەوە، خەتی ئەیوبزادەی هەر نەخوێندۆتەوە. ئەوان هەردوو لانیکەم لە خاڵی دژایەتیی لە گەڵ مامۆستا حەسەن زادە لە یەک بەرە دا بوون، کەچی هەر کام تیری خۆی بۆ لایەک هاویشتووە. تا ئاستێک کە تیرەکانیان زۆر جار بەر یەک کەوتوون و کاریگەریی یەکتریان پووچەڵ کردۆتەوە! حەسەنی ئەیوبزادە لەوە توڕەیە. ئەو بەو رێچکەیەی کە لەم پێوەندیەدا گرتبوویە بەر و عومری خۆی بۆ دانا، بە تەما بوو لە لبادی کێشە و ناکۆکیەکانی نێوان حیزبی دێموکرات، بە قازانجی یەکیان (مستەفا هیجری‌و حدکا) و دژ بەویدی (عەبدوڵڵا حەسەن‌زادەو حدک) کڵاوێک بۆخۆی ببڕێ. بەڵام بەو جۆرەی لە دوا بابەتی دا رەنگی دایەوە، ئەیوبزادەی مافناسیش بۆی دەرکەوت کە قسەکانی ئەوەندە ناڕاستن تەنانەت کاک مستەفا هیجریش سەرەڕای ئەو هەموو دژایەتیەی لە حاند مامۆستا حەسەن زادە، لە نسکۆ و دابڕان دا سەری بێ کڵاو هێشتەوە.
ئەگەر خوێنەر تۆمەتە بەردەوامەکانی ئاغای ئەیوبزادە دژ بە مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەنزادە لە تەک ناوەرۆکی کتێبی نسکۆو دابڕانی کاک مستەفا هیجری دا هەڵسەنگێنێ، دەبینێ کە لە ناو ئەو هەموو بێڕێزی و تۆمەت و تەنانەت جنێوانەش کە هیجری روو بە حەسەنزادە نووسیویەتی، بە توتوش باسی یەک تۆمەت لە تۆمەتەکانی ئەیوبزادەی تێدا نییە. تاکە یەک تۆمەتی بۆ پشتراست نەکراوەتەوە. بە ڕادەی سەرەدەرزیەک کەڵک لە تۆمەتنامەکانی وەرنەگیراوە. دەڵێی هیجری قەتی واز لە خوێندنەوەی هیچ تۆمەتنامەیەکی ئەیوبزادە نەبووە. وەک شوانی رەنجەڕۆ، 'نسکۆو دابڕان' چ خەڵات و بەراتێکی بۆ ئەیوبزادە وەبەرچاو نەگرتووە! لە راستیش دا ئەیوبزادە لەوە توڕەیە کە بۆچی زەحمەتی دە ساڵ و پازدە ساڵی رابردووی ئەو دژ بە عەبدوڵا حەسەنزادە نەکەوتۆتە بەر سەرنجی ئاغای هیجری و ئۆباڵی بۆ نەکێشراوە! نەک هەر ئۆباڵیشی بۆ نەکێشراوە و تۆمەتی بۆ پشتراست نەکراوە، تەنانەت لە زۆر شوێن دا، هیجری راستەوخۆ و ناراستەوخۆ قسەکانی حەسەنزادەی دووپات و پشتراست کردۆتەوەو لە بەرامبەردا ئەیوبزادەشی وەدرۆ خستۆتەوە.
ئەیوبزادە توڕەیە لەو شتانەی بۆی نەنووسراوە. وەک بڵێی "وەفا بە عەهدی" لە گەڵ نەکرابێ. لە سەرەتای بابەتەکەی دا ئەو چاوەڕوانیەی خۆی لە کتێبەکەی ئاغای هیجری ناشارێتەوە؛ "تامه‌زرۆی خوێندنه‌وه‌ی روداوی تێرۆری د.قاسملووبه‌ قه‌له‌می سکرتێری حدکا بووم. پێموابوو دوای بیست و شه‌ش سال ئه‌و ده‌رفه‌ته‌م بۆ ره‌خساوه له نهێنێێ‌یه‌کانی پشتی په‌رده‌ی ئه‌وروداوه له زمانی ئاغای هجریی‌یه‌وه که سکرتێری حدکاو له نزیکانی د.قاسملوو بووه ئاگادار ده‌بم."(هەڵە رێنووسی‌یەکان هی ئەیوبزادەن)
بەڵام کاکی 'مافناس' هەر زوو هەست دەکا سەری بێ کڵاو ماوەتەوەو مستەفا هیجری بە تەواوی دەم لە پووشی کردووە؛ "مخابن ئه‌و نووسراوه‌یه‌ی مامۆستا هجری له‌سه‌ر تێرۆری نه‌مر د.قاسملوو له سه‌ره‌تای کتێبی '' نسکۆو دابران'' ‌دا لاپره‌سه‌نیی نووسراوه. هیچ زانیاریی‌یه‌کی تێدانی‌یه که شیاوی سه‌رنجدان بێ و به به‌ڵگه‌ی ره‌سمیی حیزبێکی سیاسیی بزانرێ."
مەبەستی ئاغای ئەیوبزادە لە "زانیاری" هیچ نییە جگە لە چاوەڕوانی بۆ پشتراستکردنەوەی تۆمەتەکانی خۆی. ئەو تۆمەتانەی بە رواڵەت بۆ دژایەتی لە گەڵ کەس و لایەنەکانی ناو گۆڕەپانیی سیاسی کوردستان بەڵام لە راستی دا بۆ خزمەت بە سپی کردنەوەی روخساری رەشی کۆماری ئیسلامی نووسراون. پەسنی "لاپرەسەنی" بۆ شێوەی نووسینی کتێبەکەی مستەفا هیجری، هەر بۆ ئەم مەبەستە بەکار بردووە. بە سەرنجدان بە مانای وشەکەش، نهێنیی بەکار بردنی ئەو وشەیەو رەنگە رازی نووسینی سەرجەم بابەتەکەش روونتر بێتەوە.(٢)
لاپرەسەن کەسێکە کە سەربەخۆ کارێک دەکا و پرس و تەگبیر بە کەسی شارەزا ناکا. بێگومان مەبەست لە 'شارەزا' کەس نییە جگە لە جەنابی مافناس! ئەیوبزادە گەرەکیەتی ئەو گلەییە بە ئاغای هیجری بگەیەنێ کە بۆچی زەحمەتی ١٠ ساڵی ئەوی بە فیڕۆ داوە و بە رادەی سەرەدەرزیەک لە تۆمەتەکانی ئەو دژ بە حەسەنزادە کەلکی وەرنەگرتووە. لەوە توڕەیە کە هیجری لە نووسینی کتێب و ناوەرۆکەکەی حیسابی بۆ ئەو و تۆمەتنامەکانی ئەو نەکردووە. توڕەیە کاتێک کە دەبینێ کتێبەکەی مستەفا هیجری لە سەر نفرەت لە عەبدوڵڵا حەسەن زادە هەڵچندراوە کەچی لەو هەموو نفرەت و بێزاریەی هیجری لە حەسەنزادە، تۆمەت و نەفرەتی ئەیوبزادە لە کولەکەی تەڕیش دا حیسابیان بۆ نەکراوە.
مایەپووچ لە سڕینەوەی تاوان یان دۆزینەوەی شەریکە تاوان بۆ کۆماری ئیسلامی
ئەوەی خوێنەر بەردەوام لە نووسراوەکانی حەسەنی ئەیوبزادە دا تووشی دەبێ، هەوڵی بەردەوامیەتی بۆ راکێشانی سەرنجەکان لە تاوانباریی کۆماری ئیسلامیەوە بەرەو تاوانبار کردنی "لانیکەم کەسێک و لە کەسێک زیاتر"ی تیرۆرکراوان. گۆڕینەوەی جێگای تیرۆریست و تیرۆرکراو لە هەموو نووسینەکانی دا زەقە. خۆ ئەگەر ئەوەشی پێ نەکرابێ و بۆی نەلوابێ، بە ناوی 'دڵسۆزی' بۆ تیرۆرکراوان، هەوڵ دەدا تیرۆریست و قوربانی بکا بە هاودەست و وەک یەک تاوانباریان بکا! دوا جار ئەگەر هیچکام لەوانەشی بۆ جێبەجێ نەبێ، ئەوە لە ناو شۆڕشگێڕانی زیندوو دا بۆ تۆمەتبارکردن و شەریکە تاوان سازکردن بۆ کۆماری ئیسلامی سڵ لە هیچ تۆمەتێک ناکا. ئەمە خاڵی هاوبەش و ئامانجی سەرەکیی سەرجەم ئەو نووسینانەیە کە ئاغای ئەیوبزادە چ لە باسی تیرۆری میکونوس، چ بۆ تیرۆری ڤیەن‌و تەنانەت تیرۆرەکانی باشووری کوردستانیش هەوڵی بۆ دەدا.
لە تیرۆری ڤیەن دا، بە جێی ئەوەی هەوڵ بدا تیرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامی و سیاسەتی تیرۆریستانەی ئەو رێژیمە بناسێنێ، پەنجەی تاوان بۆ یەکێک لە قوربانیانی ئەو تیرۆرە واتە دوکتور فازل رەسوڵ درێژ دەکا. ئەوەش نەک بە مەبەستی روونبوونەوەی کەیسی تیرۆرەکە بەڵکو وەک هەمیشە بە ئامانجی تاوانبار کردنی کورد دژ بە کوردو بە شێوەی ژێر بە ژێریش سڕینەوە یان کەم کردنەوەی تاوانی تیرۆریستانی کۆماری ئیسلامی تێدا حەشار دەدا. ئەیوبزادە بەردەوام هەوڵی داوە لە رێگای نیشاندانی دوژمنایەتیی رواڵەتیی خۆی لە گەڵ ینک و مام جەلال، لەو جنایەتە گەورەیە بە قازانجی کۆماری ئیسلامی وەجواب بێ! لە دوا بابەتیشی دا لە رێی تاوانبار کردنی قوربانیەکی ئەو تاوانەو نیزیک کردنەوە و پێوەند دانەوەی دوکتور فازل رەسوڵ بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە، قەڵەمی تاو داوە.
ئەوە کە دوکتور فازل رەسوڵ یان فازلی مەلا مەحموود لە باری سیاسیەوە بەردەوام لە هەڵبەز دابەز دا بووە، زۆر پێشتر لە ئاغای ئەیوبزادە باسی کراوە و لە سەری نووسراوە. ئەگەرچی ئەیوبزادە وەک هەمیشە ئامادە نییە سەرچاوەیەک بۆ باسەکەی خۆی دەستنیشان بکا. چونکە وەک هەمیشە دەزانێ بە دانانی سەرچاوە و ژێدەر، وەدرۆ دەکەوێتەوەو بەشەکانی دواتری بابەتەکەی بۆ ناچێتە پێش!
بەڵام ئەوە کە دوکتور فازل رەسوڵ راست بە ئامانجی تیرۆری دوکتور قاسملوو ئەوی بۆ سەر مێزی وتووێژ و دانوستان پەلکێش کردبێ، تۆمەتێک نییە کە هەروا لە خت و خۆڕایی بۆ کەسێک هەڵببەسترێ. لە حاڵێک دا کە ئەو هیچکات دۆسیەیەکی جنایی لێ نەدیترابوو و سەرەڕای گۆڕان لە روانگەکانی دا، هیچ بەڵگەیەک بۆ دژایەتی لە گەڵ پرسی نەتەوەکەی لە بەردەست دا نییە. بڵێی مامۆستای زانکۆ و خوێندەوارێکی ئاستی دوکتۆرا ئەوەندە بێ ئاقڵ بووبێ کە ملی بۆ بەرنامەی تیرۆری دوو رێبەری کورد بە دەستی تیرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامی لە ماڵەکەی خۆی دا راکێشابێ و بە تەماش بووبێ بۆخۆی بە ساخی لەو تاوانە رزگاری بێ و دوارۆژیش نە پۆلیس لێی بپرسێتەوەو نە لە بیروڕای گشتیشەوە هیچ پەنجەیەکی تاوانی بۆ درێژ بکرێ؟! ئاخۆ ئەو ئەگەرە ڕێی تێناچێ کە هەر وەک خۆشبینیی دوکتور قاسملوو بە وتووێژەکە و دەرەنجامەکانی یان لانیکەم وەک کاک مستەفا هیجری نووسیویەتی، بۆ ئەوەی بە 'قارەمانی بوارەکە دەربکەوێ"، دوکتور فازلیش بە هەمان هومێدەوە نێوبژیوانیی ئەو دانوستانەی کردبێ؟ بێگومانم ئەیوبزادەش مادام هەر بێ بەڵگە قسان دەکا، دەیتوانی هەروا چاو لە بەشداریی دوکتور فازلیش بکا یان لانیکەم وەک یەکێک لە ئەگەرەکان لێی بڕوانێ ئەگەر لە بابەتەکانی دا مشکی پاکانە بۆ کۆماری ئیسلامی نەکوشتبا.
حەسەنی ئەیوبزادە بەڵگەی ئەو تۆمەتەی لە دوکتور فازل رەسوڵ، بە پرسیارێکی هاوسەرەکەی وڵام داوەتەوە و وەک بڵێی سەد مێشی دە خەڵەفێک دا دۆزیبێتەوە، دەڵێ؛ "ژنه‌که‌ی فازل ره‌سول که له تێرۆری میرده‌که‌ی به ده‌ستی تێرۆریسته‌کانی کۆماری ئیسلامیی ئاگاداربوو، هه‌ستایه سه‌رپێ و هاواری کرد Warum Fazil Rasul واته بۆ فازل ره‌سول ؟"
مۆڵەتیش نادا کە خوێنەر بە شوێن هۆکاری گەڵاڵەبوونی ئەو پرسیارە لە لای هاوسەری دوکتور فازل و وڵامەکەی دا بگەڕێ. وەک هەموو 'بەڵگەیەکی دیکەی' بۆ خۆی قسە بە 'بەڵگەکەی' دەکا و یەکسەر حوکمی بۆ دەردەکا؛ "چونکه ژنه‌که‌ی ده‌یزانی که فازل هاوکاری تێرۆریسته‌کانی کۆماری ئیسلامیی بوو و به‌ده‌ستی ئه‌وان کوژرا. نووسه‌ری ئه‌م دێرانه ئه‌و کاته له‌و کۆبوونه‌وه‌یه‌دا به‌شدار بوو."
بەڵام ئەگەر کاکی 'مافناس' وەک خۆی هیچکات ئەو پرسیارەی بۆ نەهاتۆتە پێش، بێگومان هەموو ئەو کەسانەی دۆسیەی تیرۆری دوکتور قاسملوویان بۆ گرینگە، بە شوێن وڵامی ئەو پرسیارە دا گەڕاون. چ بگا بە هاوسەری دوکتور فازل کە یەکێک لە نیزیکیترین کەسەکانی لەو تاوانەدا لە دەست داوە. بۆ هیچ خوێنەر و بیسەرێک، چ بگا بە قازی و 'مافناس'! نە هۆکاری ئەو پرسیارە یەک هۆکارەو، نە وڵامەکەی یەک وڵامە. سروشتی‌یە وڵامی هۆی کوژرانی کەسێک کە نە دوژمنی کۆماری ئیسلامی بووە و نە چوارچێوەی خەباتی رابردوو، ئەوکات و داهاتووی لە چوارچێوەی ئێرانی کۆماری ئیسلامی دا بووە، کەسێک کە وەک نێوبژیوان و خانەخوێ حزووری هەبووە و تیرۆریستەکان هەر ئامانجێکیان هەبووبێ، رەنگە ئامانجی ئەو رێککەوتن و کۆتایی هاتن بە شەڕی نێوان کورد و دەوڵەتی ناوەندی و دوا جار شانازیی بەشداری و نێوبژیوانی لەو رێککەوتنەدا بووە کە بۆ دوکتور قاسملووش هیوای گەیشتنی کورد لانیکەم بە بەشێک لە مافەکانی بووە، بۆ گشت کەس جێگای پرسیار و وڵامەکەشی تەنیا لە لای تیرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامیە. بەشداری و نێوبژیوانیی دوکتور فازل لە دانوستانەکەدا بەو رادەیە کە وەک لاگرێکی کۆماری ئیسلامی هەڵسەنگاندنی بۆ بکرێ، زۆر زیاتر لە چوارچێوەی ئەو خۆشبینیە دا جێی دەبێتەوە کە دوکتور قاسملووو هاوڕێکەی پەلکێشی سەر مێزی وتووێژ کرد. بەو جۆرێک کە 'نسکۆودابڕان'یش دەڵێ؛ "بوونی هیچ چاوەدێرێکی خۆیی لە چەند سەد میتریش بە پێویست نەزانیوە". ئەم پرسیارە بە تایبەت لە زمان خاتوونێکی ئوروپایی کە سەری دە ناو گێژاوی سیاسەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و فرتوفێڵی ئیسلام و دەسەڵاتی ئیسلامی دا نەبووە، پرسیارێکی زۆر ئاسایی‌یەو بە هیچ جۆر ئەو نیشانەیە یان تەنیا ئەو نیشانەیەی تێدا نییە کە ئاغای ئەیوبزادە بۆ بەلارێدا بردن و هەڵگرتنی بیر و سەرنجی خوێنەر لە تاوانی تیرۆری تیرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامیەوە بۆ نێوبژیوانی ئەو رووداوە، لێی هەڵێنجاوە.
ئەیوبزادە پێشتریش هەمان سیناریۆی بۆ تیرۆری میکونوس نووسیوەتەوە. ئەو هەردەم گەرەکیەتی سەرنجی خوێنەر بۆ جاسووس و سیخوڕی ئەو تاوانە، لە فارسە بەشدارەکانی کۆبوونەوەکەوە بۆ سەر یەکێک لە شەهیدانی میکونوس هەڵدێرێ. دەیویست خوێنەر لە نێوان هەڵبژاردنی دوکتور شەرەفکەندی، کاک فەتاح عەبدولی، کاک هومایون ئەردەڵان، بۆ "لانیکەم یەک کەس و لە کەسێک زیاتر"ی ئەو شەهیدانە سەرپشک بکا. تۆمەتێک کە لە "نسکۆو دابڕان"یش دا وەک هەموو تۆمەتەکانی دیکە، ئاغای ئەیوبزادەی لێ دەم لە پووش کراوە. کاک مستەفا هیجری، بەو جۆرە کە چەند ساڵ بەرێ نووسەری ئەم دێڕانە بە تەسەلی لە بەشی سێهەمی "جواب بۆ حەسەنی ئەیوبزادە" دا نووسی، گومان دەخاتە سەر خاوەنی فارس زمانی ریستورانەکە واتە عەزیزی غەفاری و دەڵێ؛ "...بە بێ ئاگادار کردنەوەی پۆلیس و لەبەر چاو گرتنی کەمترین پارێزگاریەک لە خۆی و تیمی هاوڕێی، تەنانەت لە ریستۆرانێک دا کە ئێرانیەکی فارس خاوەنی بوو، دیسان داوای پێکهێنانی کۆبوونەوەکە دەکاتەوە."(٥)
مایەپووچ لە تاوانبارکردنی مام جەلال لە لایەن مستەفا هیجری
ئەیوبزادە کە وەک پێشتر نووسیم لە هەموو نووسینێکی دا بەردەوام هەوڵ دەدا تاوان لە کۆماری تیرۆریستی ئیسلامی داماڵێ و ئەگەر ئەوەشی بۆ نەکرا، لە ناو کوردان دا شەریکە تاوان بۆ کۆماری ئیسلامی بدۆزێتەوە، لە تیرۆری ڤیەن دا بەردەوام سەرنجی خوێنەر بۆ تۆمەتبارکردنی مام جەلال و یەکێتی نیشتمانی لە تیرۆری دوکتور قاسملوو دا، رادەکێشێ. ئەو بۆ ئەوەی سیناریۆکانی بە باشی جێ بخا، دەیهەوێ بە خوێنەر بڵێ کە ئەوە عەبدوڵڵا حەسەنزادەیە لەو بارەوە بێدەنگەی کردووەو 'تاوان' بۆ ینک و مام جەلال پەردەپۆش دەکا. دەزانێ لەم دۆخە پڕش و بڵاوەی ناو ماڵی کورد و لە کێشە و ناکۆکیەکانی ناو حیزبی دێموکرات دا کەسانێک هەن کە ئەگەر باوەڕیشی پێ نەکەن، چەپڵەی بۆ لێ دەدەن! کەچی نسکۆو دابڕان لەم بارەوە نەک ئۆباڵی بۆ ئەیوبزادە نەکێشاوە، هەر بە تەواوی وەدرۆی خستۆتەوە. مستەفا هیجری لە پێوەندی لە گەڵ رۆڵی مام جەلال بێ ئەوەی ئاماژە بە سەرچاوە بکا، هەمان بۆچوونی نووسیوەتەوە کە پێشتر حەسەن زادە نووسیبووی. هیجری لەم بارەوە نووسیویەتی: "...ئەم جارە مام جەلال و بن‌ بێللا بەشداری کۆبوونەوەکە ناکرێن. هۆی بەشداری نەکردنی ئەوان لە لایەن رێژیمەوە بە تەواوی روونە، چوونکە ئەو پیلانەیان بە دەستەوە بووە و ویستوویانە پیلانەکەیان هەرچی هاسانتر بە ئەنجام بگەیەنن. بیانووی رژیم بۆ بەشداری نەکردنی ئەو دوو بەڕێزە لە کۆبوونەوەکەدا ئەوە بووە کە ئەم وتووێژە بە تەواوی نهێنی‌یە و تا کۆتایی نابێ بڵاو بێتەوە بۆ ئەوەی لایەنە توندڕەوەکان لە رژێمی کۆماری ئیسلامی دا کۆسپ نەخەنە سەر رێگای وتووێژەکە، مام جەلالیش کەسێکە لەوانەیە وتووێژەکە ئاشکرا بکات، بن بێللاش کەسێکی بێگانەیە و پێویست ناکا بۆ باس لە سەر وردەکاریی وتووێژەکە بەشدار بێت. ئێمە دوو لایەن کە ئێرانین و هاوڵاتین لە سەر پرسەکە باس دەکەین و بە ئاکامی دەگەیەنین."(٣)
هیجری کە هەتا ئێستا بە پشتبەستن بە لێکدانەوەی خۆی باسی بەشداری نەکردنی مام جەلال و بن بێللا لە دوا کۆبوونەوەی دوکتور قاسملوو لە گەڵ هەیئەتە تیرۆریستیەکەی کۆماری ئیسلامی دا دەکا، لە کۆتایی هەمان پاراگراف دا، چۆنیەتی ئەو بابەتە لە زمان دوکتور قاسملووش دەگێڕێتەوە؛ "ئامادە کردنی زەمینەی بەشداری نەکردنی ئەو دوو بەڕێزە پێشتر و دوای کۆتایی کۆبوونەوەی یەکەم، لە لایەن هەیئەتی ئێرانیەوە کرابوو و ئەوەیان بە دوکتور قاسملوو راگەیاندبوو، چوونکە د. قاسملوو لە گەڕانەوەی بۆ کوردستان و دوای کۆبوونەوەی جاری یەکەم ئەو قسانەی بۆ ئێمە باس دەکرد." (٤)
بەم جۆرە هیجریش جەختی لە سەر راستیی گێڕانەوەکانی مامۆستا حەسەنزادە کردەوە. لە بەرامبەریش دا قسە فڕێدانی ئەیوبزادەی مافناسی بە هیچ زانی و تەنانەت ئەوەندەی نرخ بۆ دانەناوە کە راستەوخۆ وەدرۆی بخاتەوە!
تۆمەتەکانی دیکەی ئەیوبزادەش لە نسکۆو دابڕان دا غایبن!
تۆمەتێکی دیکەی ئەوەیە کە حەسەنزادە قەراردادی نهێنی لە گەڵ سپای پاسداران مۆر کرد و... کەچی وەک لە بەشی دووهەمی جواب بۆ حەسەنی ئەیوبزادە دا روونم کردەوە، رێککەوتنێک لە گەڵ کۆماری ئیسلامیەوە نەبووە و ئەوەی لەم پێوەندیەدا هەبووە، مستەفا هیجری لە لایەن حیزبی دێموکراتەوە رێککەوتنێکی پێوەندیداری لە گەڵ یەکێتی نیشتمانی بە ئیمزای دوکتور فوئاد مەعسووم، واژۆ کردووە. لەو لاوەش نسکۆو دابڕان هیچ حیسابێکی بۆ رێککەوتنەکە و قسەڵۆکی ئاغای ئەیوبزادە نەکردووەو هەر لای لەو باسە نەکردۆتەوە.
یان بەردەوام دووپاتی کردۆتەوە کە لە کاتی سکرتێریی مستەفا هیجری دا، ئەوە حەسەنزادە بوو کە حیزبی دێموکراتی بەرەو دەشتی کۆیە "ڕا دا". بەو قسەیەش پێی وابوو نانێکی بە قەرز داوە بە هیجری. بابەتێک کە هیجریش لە کتێبەکەی دا خۆی لێ نەداوە و لە یەخەی خۆی نەکردۆتەوە!
ئەوانە و کۆمەڵێک وردە تۆمەتی دیکە ئەو تۆمەتانەن کە حەسەنی ئەیوبزادە بەردەوام روو بە حیزبی دێموکرات و مامۆستا عەبدوڵڵا حەسەنزادە لە رێی قسەفڕێدان، فیتنەگێڕی، هەڵگرتنی دوو وشە لە رستەیەک و تەفسیر کردنی بە ئیشتیای خۆی... دووپاتیان دەکاتەوە. لە دوا بابەتیشی دا بەشێکیانی دەمەزەرد کردۆتەوە. بە تایبەت ئەو بەشانەی کە زۆر هیوادار بووە کاک مستەفا هیجری لە سۆنگەی دژایەتی لە گەڵ مامۆستا حەسەنزادە دا بۆی پشتراست بکاتەوە. لێ نسکۆو دابڕان بە تەواوی ناهومێدی کردووە. ئەو کە پێشتر زۆری دڵ بە هیجری و بۆچوونەکانی لەم بارەیەوە بەستبوو و پێی وابوو دژ بە یەکێتی لە پارتی نیزیک بۆتەوەو درۆکانی ئەیوبزادە لە مل دەدا و بۆ داماڵینی تاوان لە ملی کۆماری ئیسلامی، ئۆباڵی بۆ دەکێشێ، ناباوەڕانە لە خۆی دەپرسێ؛ "هۆی ئه‌و به‌لادا تێپه‌رینه‌ی نووسه‌ر تۆ بڵێێ ناشاره‌زایی ناوبراو له‌و روداوه و نهێنیی‌یه‌کانی بووبێ یان ئه‌ویش وه‌کو مامۆستا حسن‌زاده خه‌ته‌که‌ی گۆڕیبێ و به‌ره‌و یه‌کێتیی نیشتمانیی و دۆستانی ستراتێژیکی ینک وه‌رچه‌رخابێ؟"
ئەیوبزادە کاتێک لە کتێبەکەی ئاغای هیجری ناهومێد بووە، بە ناچار لە گەڵ خۆی کەوتۆتە وڕێنە. پەنای بۆ ئەو تۆمەتانە بردۆتەوە کە تەمەنی تا ئێستای خۆی پێ پڕ کردوونەوە. ئەوەندەش لە لای خۆی ئەو قسەڵۆکانەی دووپات و چەند پات کردۆتەوە، باوەڕی بە وڕێنەکانی خۆی کردووە. لە کەین و بەینە ژێر بە ژێرەکانیش دەرچێ، پێی وابووە مادام لە گەڵ نووسەری نسکۆو دابڕان لە خاڵی دژایەتی لە گەڵ مامۆستا حەسەنزادە دا هاوکوفن، ئەوە حەتمەن درۆکانی بۆ لە مل دەدا. بەڵام دەبێ تا ئێستا بۆی روون بووبێتەوە کە ئەوەی ئەو دەستی داوەتێ، بۆ هیچ دژبەرێکی کۆماری ئیسلامی جێگای تێفکرینیش نییە. بۆیە ناچار هەر بۆخۆی لە جێی هیجری دێتە گۆ؛ "نووسه‌ر ئاگاداره که ئه‌وروداوه چۆن سازمان‌دراوه. بریارده‌رانی تێرۆر کێ بوون. به‌ڕێوه‌به‌ران و هاوکارانیان چ که‌سانێک بوون. له نهێنیی و ورده‌کاری‌یه‌کانی ئه‌و تێرۆره و به گشتیی له سه‌رچاوه‌ی بڵاوکراوه‌و نهێنیی که له‌به‌رده‌ستی دابوون و گرنگترینیان په‌روه‌نده‌ی لێکۆلینه‌وه‌ی ئه‌و روداوه بووه له‌و نووسراوه‌یه‌دا که‌ڵکی وه‌رنه‌گرتووه."
بە دوای ئەوەش‌دا، توڕەیی خۆی ناشارێتەوەو دەڵێ: "نووسینی بابه‌تێکی ئاوا نزم، لاواز و بێ به‌ڵگه له‌سه‌ر ئه‌و روداوه بۆ سکرتێری ئه‌و حیزبه شرۆڤه ناکرێ." تووڕەییەکەشی بەوندە نانیشێتەوەو دەنووسێ: "کارگێرانی سه‌ره‌کیی حدک و حدکا له بیست و شه‌ش ساڵی رابردووه‌تا ئه‌مرۆ له‌سه‌ر ئه‌و روداوانه‌ی حدکا و رێبه‌رانی تێرۆرکراوی راستگۆیانه دێڕێکیان نه نووسیوه." مەبەستیشی لەو دێڕانەی راستگۆیانە لە سەر تیرۆری رێبەران لە لایەن حدک و حدکاوە نەنووسراون ئەوەیە کە بە پێچەوانەی هەوڵەکانی ئاغای ئەیوبزادە، رێبەرانی ئەم حیزبە بەردەوام کۆماری ئیسلامیان بە ئەنجامدانی ئەو تیرۆرە تاوانبار کردووە و ئامادە نەبوون هیچ شەریک و برا بەشێکی بۆ بدۆزنەوە. ئەیوبزادە دەیهەوێ خوێنەر وا تێبگەیەنێ کە تەنیا قسە فڕێدان و تۆمەت هەڵبەستنە بێ بنەماکانی ئەو، 'سەرچاوە'ن. 'سەرچاوە'یەک کە جگە لە پاکانە بۆ دیپلۆمات تیرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامی و هەڵوەدا بوون بە شوێن پەیداکردنی شەریکە تاوان بۆ ئەو رێژیمە نگریسە، ئامانجێکی دیکەیان تێدا بەدی ناکرێ. "دێڕە راستگۆیانەکان" لە چاوی ئاغای ئەیوبزادە هیچ نین جگە لە دۆزینەوەی تاوانبارێکی دیکە، بەدەر لە کۆماری تیرۆریستی ئیسلامی! بە چ ئامانجێک؟! هەر خۆی دەیزانێ!
------------------------------
١- به‌سه‌رهاتی شەهید دوکتۆر عەبدوڕەحمانی قاسملوو له کتێبی 'نسکۆ و دابران'‌‌دا نووسینی مسته‌فا هجری - مافناس – حسن ایوب‌زاده
٢- هەنبانە بۆرینە ل ٧٤٨، وشەکانی لاپرە و لاپرەسەن
٣- نسکۆ و دابڕان ل ١٤
٤- نسکۆ و دابڕان ل ١٤
٥- نسکۆ و دابڕان ل ٤١
٦- بەشەکانی ١، ٢ و ٣ی جواب بۆ حەسەنی ئەیوبزادە - تاهیر قاسمی

۱/۱۳/۱۳۹۲

سوهەیلا قادری: زۆرتر فکرەکانمان بەوە مەشغول بووە لە کارەکانمان‌دا لە هاورێ پیاوەکان نەمێنینەوە


avatar
دیدار لەگەڵ سوهەیلا قادری
ئامادەکردنی: تاهیر قاسمی
لەر ماڵپەری رۆژهەلات تایمز وەرگیراوە

رۆژهەڵات تایمز - دیمانە: لە چوارچێوەی ئەو دروشمانەی کە حیزبی دێموکراتی کوردستان بەر لە کۆنگرەی چواردەی خۆی بۆ پێکهێنانی گۆڕانکاری لە ناو حیزبەکەدا بەرزی کردبۆوە، بڕیاری دا تا لە رێگای میکانیزیمی هەڵاوارادنی پۆزەتیڤ، رێگا بۆ بەشداریی زیاتری ژنان لە بەڕیوەبەریی حیزبەکە دا خۆش بکا. ئەو میکانیزمەش کە بۆ یەکەم جار بوو لە ناو حیزبێکی کوردی دا سەبارەت بە ژنان هاتە ئاراوە، بوو بە هۆی ئەوە کە ژنان رێژەیەکی بەرچاو لە ئەندامانی کۆنگرەی چواردەی حیزبەکە پێک بێنن و دواتر هەر لە رێگای ئەو میکانیزمەوە ژمارەیەکی زیاتر لە ژنان بۆ رێبەرایەتیی حیزبەکە هەڵبژێردران.
بە مەبەستی تاتوێ کردنی ئاکامەکانی ئەو میکانیزمە و چاوخشاندن بە سەر کارنامەی تێکۆشانی ژنانی ناو رێبەریی حدک لە مەودای نێوان کۆنگرەی چواردەوە تا ئێستا، رۆژهەڵات تایمز کۆمەڵێک پرسیاری بەرەوڕووی ئەو ئەندامانەی رێبەریی کردەوە. ئەوەی خوارەوە وڵامەکانی سۆیلا قادری، ئەندامی جێگری کۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی یەکێتی ژنانی دێموکراتی کوردستانە.

لە کۆنگرەی چواردە دا لە رێگای پەیرەوکردنی ئیمتیازی هەڵاواردنی پۆزەتیڤ، ئێوە گروپێک لە ژنانی ناو حیزب توانیتان بچنە ناو کۆنگرەوە و دواتریش بەشێکتان بۆ کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردران. ئێستا دوای تێپەڕبوونی نیزیک بە سێ ساڵ بەرهەمی ئەو ئیمتیازە چۆن هەڵدەسەنگێنی؟
سەبارەت بە میکانیزمى هەڵاواردنى پوزێتیڤ کە بۆ یەکەمجار بۆ کۆنگرەى 14 هاتە بەرباس، لە کۆنفرانسى پێشمەرگەکان دا نارەزایەتى خۆم لە پشتى تریبونەوە دەربرى. بەو هۆیەوە کە پێم وابوو بەو کارە توانایەکانى ژنان دەشاردرێنەوە و شایستە سالارى لە نێو ژناندا بوونى نابێ و بە هەر چونێک بێت چەند ژنێک دەبێ بچنە ریزى رێبەریەوە. بەڵام بە ئاوڕدانەوە لە فەرهەنگى کۆمەڵگاکەمان کە حیزبى ئێمەش هەڵقوڵاوى ئەو کۆمەڵگایەیە و بەردەوام سیستمى پیاوسالارى زاڵ بووە، هاتمە سەر ئەو قەناعەتە کە بۆ پڕ کردنەوەى ئەو بۆشاییە زۆرەى کە لە نێوان رادەی دەسەڵاتى پیاوان و چوونە پێشیان لە هەر بوارێک کە پێیان خۆش بووە، هەیە، دەبێ رێگایەک هەر بدوزرێتەوە. هەڵاواردنى پۆزێتیڤ، یەکێک لە رێگا هەرە پێشکەوەتووەکان بوو کە زۆربەى سیستمە دێموکراتى‌یەکانى دونیا کە دێموکراسى تێیان دا بەرقەرار بووە یا هەوڵی بۆ دەدەن، لەم میکانیزمە کەڵکیان وەرگرتوە و تا ئێستاش بەردەوامە. هەر بۆیە حیزبى دێموکراتیش بە دەکار کردنى ئەو میکانیزمە هەنگاوێکى بۆ هێنانە ریزى رێبەریى و کارى سیاسى بۆ ژنان هەڵێناوە کە من پێم وایە تا رادەیەک سەرکەوتوو بووە. بەڵام پێویستە فەرهەنگسازىی بۆ بکرێ کە لە داهاتوویەکى نە زۆر دووردا پێویستى بەم هەڵاواردنەش نەبێ و بەدەنەى حیزب بەو ئاستە گەیشتبن کە تا بەشدارى ژنان نەبێ، ئەو ئاستە لە سەرکەوتن و دێموکراسى کە ئامانجمانە، دابین نابێ. دیارە دەبێ لەو نیوەدا ژنانیش خۆیان پى بگەیەنن تا لەم رەوتە دوا نەکەون و دان بە تواناییەکانیان دابندرێ.

لەو ماوەیەدا ئێوە وەک ئەو گروپە لە ژنان تا چەند توانیتان کار بۆ چەسپاندنی زیاتری خواستەکانی ژنان لە ناو سەرکردایەتی حیزب دا بکەن؟
ئەوەندەى بۆمان کراوە کارمان بۆ بەرزکردنەوەى رۆڵى ژن لەم رێگەیەوە کە گرتومانەتە بەر، کردووە. ئەوەندەى ئاگاداریش بم لە دواى کۆنگرەى 14ى حیزبى دێموکراتى کوردستان دا هیندەی پرسى ژنان و گرنگى پێدان بە ڕاو و بۆچوونەکانیان دراوە تا ئێستاش لە مێژووی حیزبدا بێ وێنە بووە. ناشڵێم بە حەدى کافى گەیشتووە، بەڵام بە شاهیدیى زۆر کەس، پێشتر تەنانەت لە کۆبونەوەکانى کومیتەى ناوەندی دا پرسی ژنان یان هەر نەبۆتە باسى کۆبوونەوەکان یان زۆر بە دەگمەن بووە. بەڵام هەر دواى یەکەم پلینۆمى کومیتەى ناوەندی و لە تەقسیمى کاردا من ئەم جیاوازیەم لە نێوان کارى پێشنارکراو بۆ ژنان و پیاوان کە کادرى رێبەریى حیزبن نەبینى. دەکرێ بڵێم تا ئەو جێگایەى بۆمان کرابێ خواستى ژنانمان هێناوەتە بەرباس و پشتگیریمان لێ کردوە. تەنانەت ئەگەر زۆریش جێى نەگرتبێ، بۆتە باسى کۆبوونەوەکان تا بیرى لێ بکرێتەوە. دیارە لەمەوبەر لە رێبەریى حیزبدا تاک و تەرا نەبێ، ژنانێک نەبوون تا پرسى ژن بکەنە باسێک لە رێبەریى دا، تەبیعیشە کە تۆ رەنگت نەبوو، دەنگیشت نابى.

ئێوە وەک ئەو گروپە لە ژنان، تا چەند یەکگرتووییتان لە ناو دا بوو, ئایا وەک گروپ یان فراکسیۆنی ژنان لە کۆمیتەی ناوەندی دا کارتان کرد یان هەر یەک بە شێوەی تاک؟
دیارە ئێمە وەک گروپ یان فراکسیۆنێک کارمان نەکردوە و تا حەدێک بۆچوون و فکرەکانمان سەربەخۆ و جیاواز راگەیاندوە. دیارە ئەو یەک نەگرتوویەش دوو هۆى هەیە:
١- رێژەى ژنان لە رێبەرى دا کەم بووە و ئەو کەمەش کە بوون لە لاى یەک نەبوون کە بتوانن لەم بوارەدا ئاڵ و گۆڕى بیروڕا بکەن.
٢- یەکەم ئەزموونى ژنانیش بووە کە چەند کەسێک لە رێبەرى حیزبدا جێ بگرن و زۆرتر فکرەکانمان بەوە مەشغول بووە کە لە کارەکانمان و بەرپرسایەتێکانمان دا لە هاورێ پیاوەکانمان نەمێنینەوە.
بەڵام بە خۆشیەوە دواى ئەزمونى زیاتر لە دوو ساڵمان لەم ئۆرگانە بەرزەى حیزبدا وەک گروپى ژنانى نێو ریزى کومیتەى ناوەندیى دانیشتنێکى تایبەتیمان هەبى و بە یەک دەنگ و یەک قسە لەگەڵ کومیتەى ناوەندیى بدوێین و داواکاریەکانى خۆمان بە شێوەیەکى گەلاڵە کراو و لە چەند خاڵدا رابگەیەنین. هەروەها دەمانهەوێ بەردەوام بین و لە داهاتوودا کە ئەزموونى ژنان لەو بوارەوە زۆرتر دەبێ، تەبیعیە کە لە یەکەم ئەزموندا کە چەند ژن لەو ئاستەدا دەبیندرێ بەو شیوە فکرەکانیان کۆکراوە نەبى و ئەو چاوەروانیەش کە ژنان بە تایبەتى هەیانە بەراوردە نەکرێ. بە تێپەڕِینى زەمان و زیاتر چالاک بوونى ژنان و ڕۆڵ گێرانیان لە هەموو بوارەکانى ئەم خەباتەدا هەم ئەزموونە کۆکراوەکە زیاتر دەبێ، هەم دەکارکردنى ئەم ئەزموونەش بە بەرنامەتر دەبى.
ئەگەر ئەم بڕیارەى حیزبى دێموکرات سالانێکى زووتر درابا و بوارى بۆ ژنان خۆش کردبا، ژنى زۆر بە توانا لە ریزى ئەم حیزبەدا هەبوون کە رەنگە زۆریش سەرکەوتوو دەرکەوتبان.

پێتوایە تا چەند توانیتان تواناییەکانی ژنانی ناو حیزب پێشانی سەرکردایەتی و بەدەنە و بە گشتی خەڵک بدەن؟
ئەم پرسیارە هاوسەنگەران و هاوکارانمان دەتوانن وەڵامى بدەنەوە و قەزاوەتى لەسەر بکەن. ئێمە چ لە ئاستى رێبەریى و چ لە ئاستى کادر و پێشمەرگەدا ئەوەى بۆمان کرابێ کردوومانە. رازیى بوونیش شتێک نیە موتڵەق بى. بە بڕواى من وەک یەکەم ئەزموونى حیزب ئەوەى لە دەستمان هاتبێ کردوومانە و هەوڵى تەواویشى بۆ دەدەین کە ژنان لەو ئاستەدا سەرکەوتن بە دەست بێنن.

ئایا بەرنامەیەکتان بە دەستەوە بۆ ئەوەی رێژەی ژنان لە ناو سەرکردایەتی حیزبەکەتان لەوە زیاتر بکەن؟
زیاد کردنى رێژەى ژنان لە سەرکردایەتى دا گرنگ نی‌یە. چونکە چۆنیەتى گرنگە نەک چەندێتی. رەنگە بەشداریى کردنى ژنان لە کۆنگرەدا ئەو مەرجە ببەستێ کە ئایا رێژەى ژنان لە کومیتەى ناوەندیى دا زیاد بکرێ یا خێر، تەقویەت بکرێ لە بوارى توانایی‌و دەسەلات پێدان و فەرهەنگسازیى کە سەلاحیەتەکان وەک یەک دابەش بکرێن و ژنان لە ریزى پۆستى بریار بەدەست دابن و لە چارەنووسى سیاسى ئەو حیزبەدا ڕۆڵ بگێڕن.

جگە لە ناو سەرکردایەتی، لەو ماوەیەدا چیتان کرد بۆ ئەوەی رێژەی ژنانی ئەندام لە حیزبدا بەرز بێتەوە؟ تا چەند سەرکەوتوو بوون؟
بۆ جوابى ئەم پرسیارەت دەکرێ بڵێم لەو بوارەوە ئێمە هیچ بەرنامەیەکمان پێ نەبووە کە ئەم رێژەیە بەرز بکرێتەوە. بەڵام بە خۆشیەوە ژنان وەک ئەندام لە حیزبدا رێژەیان کەم نی‌یە. ئەوە کە تا چەند خۆیان ئامادە دەکەن بۆ وەها هەنگاوێکى گرنگ، ئەوە مەسەلەیە. گلەییەک بێ لە ژنان بە داخەوە کەمتر هەوڵى خۆ پى گەیاندن دەدن. ژنان دەبێ هەستى بڕوا بە خۆبوون لە خۆیاندا بە هێز بکەن و خۆ ڕابێنن کە رەنگە جارێک هەڵە لە کارەکانیان دا بکەن، ئەوە بۆ پیاوانیش دێتە پێش، گرینگ ئەوەیە بە ئیرادەى خۆت هەڵەکە راست بکەیتەوە.

وەک دوا پرسیار، بە سەرنجدان بە زاڵبوونی کولتوری پیاوسالاری لە ناو کۆمەڵگا و هەروەها لە ناو حیزبە کوردیەکان دا بە گشتی، سەرکردایەتی و بەدەنەی حیزبی ئێوە تا چەند ئێوەی وەرگرت و بۆ سەرکەوتن هاوکارتان بوون؟
حیزبى ئیمە زۆر دەمێکە دروشمى نەهێشتنى پیاوسالارى کردۆتە یەکیک لە دروشمە سەرەکیەکانى خۆی. دەکرێ بڵێم ئەو شێوە کە کارى بۆ کردووە کافى نییە و دەبێ هەموو کەلەبەرەکانى کۆمەڵگا پڕ بکاتەوە و قەناعەتیان پێ بێنێ.
لە سەرکردایەتى و لە بەدەنەى حیزبدا ئێمە ئەو هەستەمان کردووە کە ئەگەر ژنان قۆڵى هیمەت هەڵماڵین و نەترسن لە وەرگرتنى بەرپرسایەتى لە گەڵمانن و سەرکردایەتى حیزب ئەو کراوەییەیى تێدا بەدى هاتووە کە تا ژنان نەیەنە ریزى تیکۆشان و لە ریزى هەرە پێشەوەى ئەم خەباتە نەبن و لە سیاسەتگوزارى ئەو حیزبە دا بەشدار نەبن، وەک حیزبێکى ئەمڕۆیى و پێشکەوتنخواز سەیرى ناکرێ و لەگەڵ دروشمەکانى خۆى کە لە بەرنامەو پەیرەوى حیزبدا و لە هێڵە گشتىیەکاندا هاتووە یەک ناگرێتەوە. حیزبى ئیمەش دەبێ ئەو کەلێنە سیاسیە پڕ بکاتەوە..

۹/۱۱/۱۳۹۱

مستەفا شەڵماشی: ئێمە لە هەر تریبونێک بە قازانجی گەلەکەمان کەڵک وەردەگرین


avatar
دیمانە: تاهیر قاسمی
لە رۆژانی ١١ تا ١٣ی ژوئەنی ٢٠١٠، ئێوە وەک نوێنەری حیزبی دێموکراتی کوردستان بەشداریتان لە کۆبوونەوەی لیبراڵ ئەنترناشناڵ دا کرد. ئامانجتان لە پێوەندی لە گەڵ لیبراڵ ئەنترناشناڵ چییە؟
لیبڕاڵ ئینتەرناشناڵ تریبونێکی گەورەیە کە زیاتر لە 120 حیزبی دێموکڕات، لیبڕاڵ - دێموکڕات و لیبڕاڵی تێدا کۆ بووەتەوە لە سەرانسەری دنیا دا. لە باری بڵاوبونەوەی جوغڕافیایی دا، فیدڕاسیۆنێکە لە پانتاییەکی گەورەی دنیا دا هەیە. پێکهاتەی ئەو کۆبونەوەیەی ئێمە تێیدا بەشدار بوین، ئەوەی بە جوانی نیشان دەدا. چونکە هەر لە ئەفریقای جنوبییەوە تا ئەمریکای لاتین، نوێنەرایەتی حیزبە دێموکڕات و لیبڕاڵەکانی تێدا بو. ئێمە لە پێش دا وەک تێکۆشەرانی نەتەوەیی گەلی کورد و پاشانیش حیزبی دێموکڕاتی کوردستان، کاری هەرە گرنگمان لە دەرەوەی وڵات، ناساندنی مەسەلەی کورد، گەیاندنی هاواری ڕۆڵە ستەم لێکراوەکانی کورد بە دنیا و لە قاودانی جینایەتەکانی کۆماری ئیسلامی و دوژمنانی دیکەی گەلی کوردە. ئەوە شتێکی ئاسایی‌یە کە بەدوای تریبونی گەورە دا بگەڕێین بۆ گەیاندنی دەنگی خۆمان. لیبڕاڵ ئینتەرناشناڵ تریبونێکی گەورەیە کە ئێمە هەوڵمان دا کەڵکی لێ وەرگرین و لەو هەنگاوەشمان سەرکەوتوو بوین. جگە لەوەش وەک حیزبێکی دێموکڕات پێویستە لە گەڵ حیزبە دێموکڕاتەکانی دنیا پەیوەندیمان هەبێ.

بە گشتی ئاستی پێوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە گەڵ حیزبە لیبراڵ و دێموکراتەکانی دنیا چۆنە؟
لە دوای کۆنگرەی 14 ەوە، ئێمە هەوڵمان داوە پەیوەندییەکانمان، لە چوارچێوەی بلۆک‌بەندی بەرتەسک بێنینە دەرێ و بەرفرەوانی بکەینەوە. یەکەم گروهی سیاسی کە دەبو زۆرتر کاری لە سەر بکەین، حیزب و ڕێکخراوە دێموکڕات و لیبڕاڵەکان بوون کە پێمان وابو لە ڕابردوودا تا ڕادەیەک پشت گوێمان خستبوون. دیارە ئێمە مەیدانی پەیوەندی گرتنمان زۆر فراوانتر کردوەتەوە و بۆخۆتان دەزانن، ئێستا حیزبی ئێمە یەکێک لە حیزبە هەرە چالاکەکانی کوردستانە لە باری دیپڵۆماسی و پەیوەندییە نێونەتەوەییەکان دا. هەر وەک لە پرسیاری پێشووتر دا ئیشاڕەم پێ کرد، ئێمە لە هەر تریبونێکی بە کەڵک بە قازانجی گەلەکەمان کەڵک وەردەگرین. بە ڕەسمی داوەت کرانمان بۆ کۆبونەوەی لیبڕاڵ ئینتەرناشناڵ نیشان دەدا کە توانیومانە لەو بوارە دا کار بکەین. ئاستی پەیوەندیشمان دیارە زۆرتر لە چوارچێوەی کەڵک وەرگرتن لە دەرفەت و بە کارهێنانی تریبونەکانە. لەو بارەشەوە ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەچینە پێش. هەرچەند تا لابیگەرییەکی پڕ بە پێستی مەسەلەی کورد جارێ زۆرمان ماوە.

ئەو پێوەندیانە بۆ سەردەمی حیزبی دێموکراتی یەکگرتوو دەگەڕێنەوە یان دوای لەتبوونەکە ئێوە وەک حیزبی دێموکراتی کوردستان توانیوتانە پەرەی پێ بدەن؟
دیارە پەیوەندی گرتن لە گەڵ ئەحزابی دێموکڕات و لیبڕاڵ هەمیشە هەبووە. خۆ لە هێندێک وەڵات، بۆ وێنە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، تەنیا حیزبی دێموکڕات و محافزەکار تێکۆشانیان هەیە. هەمیشەش حیزبی دێموکڕات لە گەڵ حیزبەکانی ئەو وڵاتانە پەیوەندی گرتووە. جگە لەوەش لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە گەڵ بزوتنەوەکانی ڕزگاریخوازی وەک فەلەستین و هی‌تر، زۆرتر لە ڕێگای حیزب و ڕێکخراوە دێموکڕاتەکانەوە پەیوەندی هەبووە. کەوابو پێش لەتبونیش پەیوەندی هەبووە. بەڵام دوای لەتبون ئێمە بە گشتی، نەک تەنیا لەم بوارە دا، بەڵکو لە هەموو بواری پەیوەندییەکان دا، لە جاران چالاکتر بوین و پەیوەندییەکانمان بەرفرەوانتر کردووە. بەتایبەت ئەوەندەی ئەمن ئاگادار بم ئەوە یەکەمجارە کە ئێمە بۆ کۆبونەوەیەکی ئاوا گرنگی حیزب و ڕێکخراوە دێموکڕات و لیبڕاڵەکان بانگهێشت دەکرێین.

نیزیک بوونەوە لە حیزبە لیبراڵەکان بە گشتی چ قازانجێکی بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستان و بۆ کورد بە گشتی هەیە؟
حیزبە دێموکڕات و لیبڕاڵەکان ئەمڕۆ لە دنیادا ڕۆڵێکی زۆر گرنگ دەگێڕن. لە زۆر وڵات دا دەوڵەتیان بە دەستەوەیە یا لە دەوڵەت دا بەشدارن. لە ئەمریکا هەر ئێستا دەوڵەتیان بە دەستەوەیە. لە ئوروپا لە زۆر وڵات دا لە دەوڵەت دا بە شدارن یا دەوڵەتیان بە دەستەوەیە. هەر ئەمساڵ لە وڵاتانی گرنگی وەک بەریتانیا و هولەند براوەی هەڵبژاردنەکان بوون و سەرگەرمی پێکهێنانی دەوڵەتن. ئێمە چ وەک کورد و چ وەک حیزبی دێموکڕات پیویستە بە قازانجی گەل و وڵاتەکەمان ئەو لایەنانە لە سەر مەسەلەکانی پەیوەندیدار بە ماف و ئازادیەکانمان، ئاگادار بکەینەوە و هەوڵ بدەین سەرنجی ئەوان بۆ لای مافە ڕەواکانمان ڕاکێشین. هەروەها پێویستە ئاگاداریان بکەینەوە لە سەر ئەو پێشێلکاریانەی لە لایەن ڕژیمە دیکتاتۆر و سەرەڕۆکانەوە لە بواری مافی مرۆف لە وەڵاتەکەمان دا ڕوو دەدەن. ئەو حیزب و ڕێکخراوانە شوێندانەرن لە دیاری کردنی سیاسەتە نێونەتەوەییەکان و پێویستە ئێمە کارێکی وا بکەین کە لە هەڵوێستەکانیان دا و لە داڕشتنی سیاسەتی نێونەتەوەیی‌یان دا گەلی کورد و پرسە رەواکەیان لە بیر نەچێ. بێگومان پەیوەندی لە گەڵ ئەوانە بۆ ڕاکێشانی سەرنجی دنیا بەرەو مەسەلەکانمان و بۆ بەدەست هێنانی هەرچی زۆرتری پشتیوانی نێونەتەوەیی کەڵکی زۆرە. هەم بۆ گەلەکەمان و هەمیش بۆ حیزبەکەمان.

باشە دوایین کۆبوونەوەی لیبراڵ ئەنترناشناڵ تا چەند و چۆن باسی پرسی کوردی بە گشتی کرد؟
یەکێک لە پانێل گێڕەکان واتە "خانمی سخاکە" لە باسەکەی خۆی دا بە تایبەتی هەڵوەستەی لە سەر مەسەلەی کورد بە گشتی، ڕوژهەڵاتی کوردستان و ئێران بە تایبەتی کرد. هەروەها کاتێک لە نێو باسەکان دا ئێمە وەک هەیئەتی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان باسی مەسەلەی کورد بە گشتی و مەسەلەی مافی مرۆڤ و پێشێلکارییەکانی ڕژیمی ئێرانمان بە تایبەتی کرد و ئەو پرسیارەمان لە بەردەم کۆبونەوەی لیبڕاڵ ئینتەرناشناڵ دانا کە ئەوان لە مەسەلەی یارمەتیدان بە گەشەی دێموکڕاسی و لە دژی ڕژیمە دیکتاتۆرەکان و پێشێلکارەکانی مافی مرۆڤ دا چ بەرنامەیەکیان هەیە، باسێکی درێژ لە سەر ئێران و کوردستان هاتە ئاراوە و تەنانەت سەرۆکی لیبڕاڵ ئینتەرناشناڵ ئاغای "فان باڵن" بۆخۆیشی زۆر بە باشی باسی کرد و بە ئەرکی لیبڕاڵ ئینتەر ناشناڵی دانا کە لەو بوارانە دا یارمەتیدەر بن. جگە لەوە، لە میانەی ئەو کۆبونەوەیەدا ئێمە لە گە ڵ زیاتر لە 20 هەیئەت دیدارمان کرد و کۆمەڵێک زانیاریمان لە سەر گەلی کورد و مافی مرۆڤ لە کوردستان و ئێران دا پێشکەش کردن کە بە شێوەی بەستەیەکی زانیاری بە زمانی ئینگلیزی ئامادەمان کردبو. بە بڕوای من تا ڕاددەیەکی باش توانرا بە قازانجی گەلی کورد لەو کۆبونەوەیە کەڵک وەربگیرێ. بۆ حیزبی دێموکراتی کوردستانیش مەیدانێکی تازەی کاری دیپڵۆماسی کرایەوە.

لە بابەت پرسی کوردی رۆژهەڵات و بە تایبەت زەبروزەنگ و قەڵاچۆی کۆماری ئیسلامی لە سەر ئەو نەتەوەیە، ئایا کۆبوونەوەی لیبراڵ ئەنترناشناڵ شتێکی لە بەرنامەدا هەبوو؟ 
هەر وەک ئیشارەم پێکرد باسی یەکێک لە پانێلگێڕەکان "خانمی سخاکە"بە شێوەیەکی سەرەکی لە سەر مەسەلەی مافی مرۆڤ لە کوردستان و ئێران و پێشێلکارییەکانی کۆماری ئیسلامی لەو بارەیەوە بو. ناوبراو وەک ئەندامی پاڕلەمانی ئوروپا کار لە سەر پەروەندەی مافی مروڤ لە کوردستان و ئێران دەکا و زۆر زانیاری باشیشی هەبو. لە کۆبونەوەکە دا بە درێژی باسی زیندانییەکان، ئیعدامەکان و پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە کوردستان و ئێران کرا. جگە لە پانێلەکە ئێمە بە جیا لە گەڵ هەر هەیئەتێک کە دانیشتین، کۆمەڵێک زانیاریمان لەو بارەوە بە شێوەی دۆکومێنت پێشکەش کرد. ئەوانیش پێشوازییەکی باشیان کرد و قەرار درا لەمەودوا پەیوەندی زۆرتر و چڕترمان هەبێ. هەروەها بە دەعوەت کردنی ئێمە و گونجاندنی ئەو باسە لە بەرنامەی کار دا، دەکرێ بڵێین تا ڕاددەیەکی باش گرنگی بەو مەسەلەیە درابو.

بە سەرنجدان بە جۆری پێوەندیەکانی تا ئیستای حدک و بە گشتی حیزبە کوردیەکان کە زیاتر لە پێوەندی لە گەڵ سوسیال دێموکراتەکان دا چر ببۆوە، نیزیک بوونەوەتان لە حیزبە لیبراڵ و دێموکراتەکان زیاتر لە راستای لابیگەری دایە یان گۆڕانە لە سیاسەتەکانی حیزبەکەتاندا؟
ئەو هەوڵانە هەروەک باسم کرد لە چوارچێوەی بەرفراوان کردنەوەی لابیگەری و چڕ کردنەوەی کاری دیپڵۆماسی دایە و هیچ پەیوەندی بە گۆڕانی سیاسییەوە نییە. ڕەنگە کرانەوەی ئێمە لە دوای کۆنگرەی چواردەشەوە لە سەر هاسانتر پەیوەندی گرتن شوێندانەر بووبێ. بەڵام ئەوە بە هیچ شێوەیەک بە مانای وەرچەرخانێک نییە لە سیاسەت دا، بەڵکو گۆڕانێکە لە شێوەی کاری دیپڵۆماسی دا. ئێستاش ڕاگرتن و پەرەپێدانی پەیوەندی لە گەڵ سۆسیال دێموکڕاتەکان بۆ ئێمە ئەولەوییەتی هەیە و ئەوان لە خۆمان بە نیزیکتر دەزانین. ئامادەشین بۆ کاری هاوبەش لە گەڵ ئەوان زۆرتر بچینە پێش و گرنگی زۆرتریان پێ بدەین. بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە کە ئێمە تەنیا لە گەڵ سۆسیال دێموکڕاتەکان پەیوەندی دەگرین و لە تریبونەکانی دیکە کەڵک وەرناگرین. لە دنیادا سەردەمی بلۆک‌بەندی کۆتایی هاتووە و سۆسیال دێموکڕاتەکان بۆخۆشیان بە سەر ئەو قۆناغە دا تێپەڕیون. لە زۆر وڵات دا سۆسیال دێموکڕاتەکان لە گەڵ دێموکڕاتەکان و لیبڕاڵەکان دا هاوکاریان هەیە و لە دەوڵەت دا ئیئتیلافیان پێک هێناوە. هەروەها لە دنیای پێشکەوتوو دا باسی بایکۆت لە گوڕێ دا نییە. پەیوەندی لە گەڵ هەر هێزێک باشە بەو مەرجەی دژت نەبێ. بۆ پەیوەندی مەرج نییە هێزێک دەقاو دەق وەک تۆ بیر بکاتەوە. هەر بۆیە حیزب و ڕێکخراوە سۆسیال دێموکڕاتەکان و دێموکڕات و لیبڕالەکان هەر چەند ڕەقیبی یەکتریشن لە سیاسەت دا، بەڵام دژی یەکتر نین و پێکەوە پەیوەندی و جاری واشە هاوکاریان هەیە. ئێمەش دەکرێ لە گەڵ هەردووک لایان پەیوەندیمان هەبێ. جا لە گە ڵ یەکیان کەمتر و لە گەڵ ئەوی دیکە زۆرتر.

بە سپاس لەوە کە کاتی خۆتان بۆ وڵامدانەوە بە پرسیارەکانم تەرخان کرد، من پرسیارێکم نەماوە، ئەگەر ئێوە شتێکی زیاترتان هەیە لەم بارەوە، تکایە بیفەرموون
هیوادارم ئەو هەوڵانەی دەیدەین ڕۆژێک ببنە هۆی بە دەستهێنانی پشتیوانییەکی باش بۆ گەلەکەمان و هەروەها بتوانین لە داهاتو دا ئەو پەیوەندیانە بکەینە پەیوەندی نێوان بەرەی کوردستانی و ئەو هێزانە. چونکە شک لەوە دا نییە کە ئەگەر بە یەکدەنگی بەرەو مەیدانی دیپڵۆماسی بڕۆین، زۆر باشتر گوێمان لێ دەگرن و بە پیرمانەوە دێن. ئێمەش وەک حدک ئامادەین لە حاڵەتی یەکگرتنێکی کوردستانی دا پەیوەندییە کانمان بۆ ناساندنی ئەو یەکگرتنە بەکار بێنین.

۷/۰۲/۱۳۹۱

ئەحمەد عەزیزی: حدک خەریکە شانسێکی باشی مێژویی لە دەست بدا

دیمانە: تاهیر قاسمی
چوار ساڵ، دەرفەتێکی کەم نەبوو تا وڵامی ئەو پرسیارانە بدەنەوە. بۆچی هێشتا بێ وڵامن؟
هۆکاری ئەوەی کە حدک ئێستاش هەروا لە بەردەم ئەم پرسیارانە دایە دەگەرێتەوە بۆ ئەوەی کە حیزب رەوتی ریفورم و گۆران لە خۆیدا کە لە باسەکانی بەر لە کۆنگرەی ١٤، بە تایبەت بە گرتنەبەری روانگەیەکی نوێی فکری و سیاسی و ریفورم لە سیستمی رێکخراوەیی خۆیی، کە تا رادەیەکی زۆر لە بەرنامە و پێرەوی نوێی پەسەنکراوی کۆنگرەی ١٤ دا هاتە ئاراوە، بە لارێدا برد. رێبەری دوای کۆنگرە ئەو رەوتەی بە لایەکدا هیدایەت کرد کە لە راستای ئەو رێبازە دا نەبوو کە کۆنگرە دیاری کردبوو. ئەمە هەڵەیەکی گەورە بوو کە رێبەری حیزب لەم ماوەدا کردی و حیزبی لە کەڵکوەرگرتن لەو دەرفەتە کە بۆی هاتە پێش، بیبەش کرد. لەم ماوەدا رێبازی سیاسی حیزب بە شێوەیەکی سیستماتیک لە سەر بنەمای فکرێکی تاریفکراو و ستراتیژی نێو بەرنامەی حیزب بەرێوە نەچووە، بەلکوو لە گۆڕ بۆچوونی تایبەتی بەشێک لە رێبەری بە تایبەت وتەبیژی حیزبەوە بووە.
بە گشتی بارودوخی حیزب ئەگەر لە ئاست لایەنەکانی دیکەی نێو بزووتنەوەی کورد دا بەراورد بکەین، ئاسایی دێتە بەرچاو. بەلام ئەگەر لە گۆر پەیامی ئەم حیزبە بۆ مۆدێرنیزەکردنی خۆی و بەرزکردنەوەی بیری نەتەوەیی هەڵقوڵاوی کۆنگرە ١٤ ەوە چاو لێبکەین، نادیاری و دوو ئالیەک لە بنەمای فکری و سیاسەتی حیزب دا دەبینین. ئەم دوو ئالییە لە نێوان رێبازی کۆنگرەی ١٤ و ئەو ریبازەی ئەم چەند ساڵەی دوایی رێبەری بەرێوەی بردووە لە ئاست رێبازی فکری حیزبی سەبارەت بە پرسی چارەسەری نەتەوەیی کورد خۆ دەنوێنێ.
حدک لە بەردەم تاقیکاریەکی دیکە دایە، ئەویش کۆنگرەی ١٥ یە. پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کە ئەو رەوتەی بۆ گۆران لە کۆنگرەی ١٤ دا هاتە ئاراوە چی بەسەر دێ؟
بنەمای تێوریکی ئەو گۆرانەی باسی دەکەی کە لە ستراتێژی سیاسی بەرنامە نوێی پەسەندکراوی کۆنگرەی ١٤ دا هاتووە، چییە؟
جەوهەری ئەو گۆڕانە بریتی بوو لە گرتنەبەری روانگەیەکی نوێ لە راستای بیری نەتەوەیی و زەقکردنەوەی پێناسەی نەتەوەیی بوونی بزوتنەوەی رزگاریخوازی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان دا. بنەمای تێوریکی ئەم بیرە لە راستای گۆران لە روانگە (پەرسپێکتیڤ) ی حیزب لە ئاست چارەسەرکردنی پرسی کورد لە ئێران دا بوو. تیروانینی سیاسی کورد هەتا ئێستا لە لایەن پارتە سیاسیەکانەوە بریتی بووە لە گەران بە دوای چارەی پرسی کورد لە ناوەندی وڵات و لە یاسای بنەرەتی ئێران دا. ئەم تێروانینە لە کۆنەوە پێناسەی خۆی لە ئایدۆلۆژی و روانگەی سیاسی سەر بە نەتەوەی دەسەڵاتدارەوە وەرگرتوە. بنەمای فکری ئەم روانگەیە دەگەرێتەوە بۆ ئەوە کە هیچ یەک لە ئایدۆلۆژیەکانی نەتەوەی فەرمانرەوا بە لایەنی چەپ و راستیەوە نە تەنیا لە نیو حاکمییەت دا بەلکو لە نێو ئۆپۆزیسیونی حاکمییەتیش دا بەردەوام لە هەوڵی ئەوە دابووە کە بزوتنەوەی نەتەوەیی بە تایبەت بزوتنەوەی کورد کە لە نەتەوەکانی دیکە چالاکتر بووە، لە چوارچێوەی چارەسەریەکی نێوخۆیی کە هێژمونی نەتەوەی فەرمانرەوا نەخاتە مەترسیەوە، رابگرێ. سیاسەتی کورد بە داخەوە هەتا ئێستاش کاریگەری ئەم روانگە فکری و سیاسییەی نەتەوەی دەسەڵاتداری بە سەردا زاڵە.
ئەوەی لە سەروبەندی کۆنگرە دا هاتە ئاراوەو تا رادەیەک لە نێو بەرنامەی نوێی حیزب دا جێگیر بوو، ئاراستەیەکی گرتە بەر کە دەیویست حدک بە نیسبەتی خۆی ماڵاوایی لەم روانگە داسەپاوە بەسەر سیاسەتی کورد دا بکا. بنەمای فکری ئەم روانگە نوێیە ئەوە بوو کە لە باتی ئەوەی ئێمە هەوڵمان ئەوە بێ نەتەوەی باندەست رازی بکەین و لە تاران بۆ چارەی پرسی کورد بگەرێین، پێویستە روو لە خەلکی خۆمان بکەین و بە پێکهێنانی دەسەڵاتی سیاسی نەتەوەیی لە کوردستان دا چارەی پرسی کورد کە پرسی دەسەڵاتێکی نەتەوەییە، بکەین. ئەم دەسەڵاتە کوردیەش لە فورمی کۆماری کوردستان لە بەرنامەدا تاریفکراوە. ئەمە سەرەتایەکی باش بوو بۆ دەرباز بوون لەو سیاسەتە ناسەرکەوتووەی کە هەتا ئێستا بە سەر سیاسەتی پارتە سیاسیەکانی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان دا زاڵ بووە. ئەمە دەرفەتێکی مێژویی بوو بۆ حدک. حیزب شانسی ئەوەی هەبوو کە ئەم دەرفەتە بە باشی بقۆزێتەوە. گرینگی ئەم دەرفەتە مێژوییە لە کۆنگرەدا ئاماژەی پێکرا.
ئەم روانگە نوێیە لە کام بەشی بەرنامەی پەسەندکراوی کۆنگرەی ١٤ دا هاتووە؟
لە پێشەکی بەرنامەدا تا رادەیەکی زۆر بە شەفافی باس لەم روانگە نوێیە کراوە. لەوێدا باس لە هۆکاری ئەوەی کە بۆ کورد نەیتوانی دەوڵەتی خۆی لە کاتی دروستبوونی دەولەت - نەتەوە لە سەرەتای سەدەی زایینی رابردوو لە ناوچەکەدا دابمەزرێنی. هەروەها باس لە رێبازی حیزب لە سەر بنەمای بیری نەتەوەیی ژ.ک. کە حدک‌ی لە سەر دامەزرا، کراوە. ئەم روانگە نەتەوەیی‌یە کراوەتە هەوێنی دارشتنەوەی ناوەرۆکی بەرنامەی نوێی حیزب و هەڵگرتنی دروشمی خەبات بۆ دامەزرانی دەسەڵاتی کورد لە فۆرمی کوماری لە رۆژهەڵاتی کوردستان وەک ستراتیژی حیزب. لە کۆنگرەی چواردەی حیزب دا هەرچەند سەروگوێلاکی ئەو گەڵاڵەیان شکاند کە پێشتر لە لایەن هەیئەتی دەرەوەی وڵات نوسرابوو بەلام بەو حاڵەش بەشێکی زۆر لەم روانگە نوێیەی گرتۆتە خۆ و لە بەراورد لە گەل بەرنامەی رابردوو جیاوازیەکی جەوهەری تێدایە. ئەمە لە راستیدا سەرەتایەکی باش بوو بۆ ماڵئاوایی لە فکری خۆبەستنەوە بە ناوەند و گرتنەبەری رەوتێکی فورمولە کراو لە ناسیونالیزمی کورد.
ئەوەی ئێوە لە کۆنگرەدا هەوڵتان بۆ دا هەمووی پەسەند نەکرا. لە راستی دا ئەوەی پەسەند کرا موتوربەی دوو گوتاری تا رادەیەک لێک جیاواز بوو. دەکرێ بلێی ئەو بەش یا بەشانە کە پەسەند نەکران کامانە بوون؟
لە گەڵاڵەی پێشنیاری یەکەمی بەرنامە و پێرەو کە لە لایەن هەیئەتی دەرەوەی وڵات ئامادەکرابوو مەسەلەی فیدراڵی وەک دروشمی ستراتیژی حیزبی تێدا نەبوو. لە باسی پێوەند بە نەتەوەکانی دیکە و ئێرانی داهاتوو دا باس لە کۆمەڵێک مەرج و بنەما کرابوو. مەبەست ئەوە بوو کە ئەگەر قەرار بێ نەتەوەکانی ئێستای نێو جۆگرافیای ئێران لە فکری پێکهێنانی سیستمێکی هاوبەشدا بن، ئەو سیستمە نابێ بۆ کورد بە زۆرەملی بێ، بەلکو دەبێ لە سەر بنەمای دڵخوازو بە رەئی ریفراندۆم لە کوردستان دا سەربگرێ. هەربۆیەش باس لەو سیستمە گەرەکە بە ئاوەڵەیی بمێنێتەوە بۆ ئەوەی کورد دەستی ئاوەڵە بێ لە مامەڵەی سیاسی لە گەڵ لایەنەکانی پێوەندیدار و بۆ هەر بریارێک کە بۆ خۆی لە سەر چارەنوسی خۆی دەیدا. مەبەستی سەرەکی ئەوە بوو ئێمە کە نازانین وەزعی داهاتوی ئێران چی لێ دێت هەر بۆیە نابێ لە ئێستاوە خۆمان بە جۆرێک بەو سیستمانەوە ببەستینەوە کە ئەگەری ئەوەی هەیە لە دوا رۆژدا لە بەرژەوەندی کورد نەبن. فکرەکە ئەو بوو کە ئێمە هەر لە ئێستاوە نوسخە لەباتی خەڵک بۆ کورد نەپێچینەوە و رێبازی سیاسەتی کورد لەو وابەستەگیە بە خۆدموختاری و فیدرالی رزگار بکەین.
سیستمەکانی کۆماری بە تایبەت لە وڵاتانی رۆژهەڵات کارنامەیەکی درەوشاوەیان نییە. زۆر جار سیستمی وڵاتانێک هەبوون کە کۆماریش بوون بەڵام دەستێکی باڵایان لە چەوساندنەوەی گەلانی خۆیان هەبووە وەک کۆماری تورکیە، وەک کۆماری عێراق و... پێت وا نییە سەردەمی بەڕێوەبەریی بە شێوەی کۆماری بەسەر چووە یان لانیکەم خەڵک بە جۆرێک لە دەسەڵاتێک بەو ناوە بێزارن؟
سیستمی کۆماری لە خۆیدا بە مانای دووربوون لە ستەم و چەوسانەوە نییە. سیستمی کۆماری لە بەرانبەر ئەو سیستمانەدا پێناسە وەردەگرێ کە لە سەر مەبنای ئیرسی، بنەماڵەیی وەک پاشایەتی، عەشیرەتی یان نوینەرایەتی خۆدا لە سەر ئەرز دامەزراون. بوونی کۆمار بە مانای دوور بوون لە ستەم و چەوسانەوە نییە. گرینگ ئەوەیە کۆمارێک کە دەلالەت لە سیستمی خەلک دەکا، کێن و ئەوانەی کە لە لایەن خەڵکەوە هەڵبژێردراون، چۆن ئەو سیستمە ئیدارە دەکەن. هەروەک کەلکوەرگرتن لە دیموکراسی وەک فورم بۆ بەرێوەبردنی دەسەڵاتی سیاسی بە مانای دیموکراتبوونی ئەو سیستمە لە دنیای بە کردەوەدا نییە. لە سیستمێکی بە فۆرم دیموکراتیشدا وەک تورکیە هەیە کە کەماسیەکی زۆری لە بواری ناوەرۆکی دیموکراسیەوە هەیە. بەلام هەر تورکیە کە سیستمی کۆماری هەیە جیا دەکرێتەوە لە گەل سیستمی ناکۆماری وەک پاشایەتی ئوردون یان سیستمی خەلیفەیی ژمارەیەک لە وڵاتانی کەنداو. لە دیاریکردنی سیستمی دەسەڵاتی کۆماری لە تورکیە دا خەڵک ئەگەر بە نوقسانیس بێ، بەشدارن. بەلام لە هی ولاتە خەلیفەنشینەکان و ئۆردۆندا بە کردەوە ئەوە جەماوەر واتە خەلک نین کە حکومەت دەکەن بەلکو بنەمالەی خەلیفە و پاشان کە پێناسەی سیستمەکەن.
لە سیستمێکی سیاسیدا تەنیا خودی ناوەکە گرینگ نییە بەلکو پێناسە و ناوەرۆکی ئەو ناوە و ئەوە کە لە دنیای واقیعی دا چی دەکا، گرینگە. لە بەرنامەی حدک دا بە روونی تاریفی ئەو دەسەڵاتە بە ناوی کۆماری کوردستان کراوە. لایەنێکی دیکەی پوزیتیڤ ئەوەیە کە ئێمە رابردویەکی باشمان لەو ناوە هەیە. جگە لەمە بوونی ئەو ناوە ستاتۆی کورد لە باری زیهنیەوە بەرەو دەسەڵاتێکی سەربەخۆ کە ئامانجی نهایی ناسیونالیسمی کوردە، بەرز دەکاتەوە.
کەسانێک ئامانجی دامەزراندن یان لە راستیدا دامەزراندنەوەی کۆماری کوردستان موتەهەم دەکەن بە لاسایی کردنەوە لە ئەزموونی شکستخواردووی کۆمارەکانی سەر بە یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو. وڵامت بۆ ئەو رەخنەیە چییە؟
بە بروای من تێکشکانی سۆڤیەتی پێشوو پێوەندیەکی ئەوتۆی بە کەڵکوەرگرتن لە سیستمی کۆماری یان بوونی کۆمارەکان لە سیستمی سۆڤیەت نەبوو. بە پێچەوانەوە یەکێک لە ئەزمونە ئەرێنیەکانی سۆڤیەتی پێشوو هەبوونی سیستمی کۆمارەکان بوو. هەبوونی ئەم سیستمە کۆماریە بەستێنێکی لەبار بوو بۆ ئەوەی کە کۆمارەکان هەر لە یەکەم ساڵەکانی داڕمانی سۆڤیەتدا بە سانایی سەربەخۆیی خۆیان بە دەست بهێنن. ئەو کۆمارانە تا رادەیەکی زۆر ستاتۆی نەتەوەیی یان بە واتایەکی دیکە سەربەخۆیی خۆیان لە ژێر ناوی کۆماریدا هەبوو. نمونەی بە پێچەوانەکەی یوگۆسلاوی پێشوو لە بالکان بوو کە سیستیمی کۆماری لە ئاستی سەراسەریدا هەبوو بەلام لە ئاستی نەتەوەکاندا وەک سۆڤیەت نەبوو. یەکێک لە هۆکارەکانی ئەوەی کە لێکجیابوونەوە و سەربەخۆیی نەتەوەکان لە بالکان ماوەیەکی نیزیک بە پانزدە ساڵەی کێشاو کارەساتی شەرێکی خۆێناوی لێکەوتەوە، دەگەرێتەوە بۆ ئەوەی کە ئەم نەتەوانە پێشتر نە لە نێوەرۆک و نە لە فورمدا ئەو سیستمە کۆماریانەیان نەبو کە لە نێو سۆڤیەت دا هەبوو. واتە ستاتۆی سەربەخۆیان بەناوی کۆماری لە ئاستی نەتەوە جیاوازەکاندا نەبوو وەک ئەوەی کۆمارەکانی سۆڤیەت بوویان. لایەنی نەرینی سیستمی کۆماری لە سۆڤیەتی پێشوو ئەوە بوو کە دیکتاتوری حیزبی واتە تاقە حیزبێکی ئایدۆلۆژیک بە بێ کاریگەری و دەخالەتی راستەوخۆی خەلک لە کۆمارەکان دا بەرێوە دەچوو. بە کورتی گرفتەکە لە بوونی کۆمارەکان و سیستمی کۆماریدا نەبوو بەلکو لە جەوهەری ئایدۆلۆژی حیزبی حاکم و سیستمی بەرێوەبەری لە مسکۆوە سەرچاوەی دەگرت.
بە سەرنجدان بە گونجاندنی ستراتژیی دامەزراندنی "کۆماری کوردستان"، ئایا حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ریزی حیزبە کۆماریخوازەکانی دنیادا پۆلێن دەکرێ یان نا هەڵبژاردنی ئەو ناوە تەنیا بە هۆی نۆستالۆژیی کۆماری ١٩٤٦ی کوردستانە؟
حیزبە سیاسیەکانی دنیا دەتواندرێ بە شێوە و لە سەر بنەمای جۆربەجۆر پۆلێن و دابەش بکرێن. زۆر لە حیزبە سیاسیەکانی دنیا نە کۆماریخواز نە سەڵتەنەتخواز یان شتی لەو بابەتەن. باسی کۆماریی بوون یان نەبوونی حیزبێک کاتێک دێتە ئاراوە کە لەو ولاتەی حیزبەکە تێیدا چالاکی هەیە باسێکی ئاکتیڤ لە سەر سیستمی کۆماری یان ئاڵترناتیڤی دیکە لە بەرنبەریدا لە ئارا دا بێ. لەو کۆمەلگایەدا رەنگبێ بۆ خەڵک و دنیای دەرەوە گرینگ بێ بزاندرێ کام حیزبە کۆماریخۆاز و کامە لە دژیەتی. بۆیە سرفی هەڵگرتنی ئەم دروشمە لە لایەن حدک یان هەر حیزبێکی دیکەی کوردیەوە بۆ دنیای دەرەوەی کوردستان زۆر گرینگ نییە. بەلکو ئەوەی گرینگە ئەم حیزبە چ مەبەستێکی لە هەڵگرتنی ئەو دروشمە هەیە و چۆن پێناسەی ئەو کۆمارە دەکا و چ دەسەڵاتێک لە ژێر ناوی ئەم کۆمارەدا بۆ کورد دادەمەزرێنێ. بۆیە پرسیاری سەرەکی کە دەتوانێ لە بەرانبەر ئەو دروشمەدا بێتە ئاراوە ئەوەیە کە حدک چەندە بەم دروشمەی باری نەتەوەیی بونی دەسەڵاتی کوردی مەبەستە نەک ئەوەی کە چەندە کۆماریخوازە یان لە دژیەتی. بۆ ئەوەی وەڵامی ئەو پرسیارەش درابێتەوە کۆنگرەی ١٤ بە باشی ناوەرۆکی کۆمار بە دیموکراتیک، نەتەوەیی و کوردستانی وەسف کردوە. بۆ هەریەک لەمانەش تاریفی تایبەتی بۆ کردووە. جگە لە لایەنی ناوەرۆکەکەی هەروەک لە پرسیاری سەرەوەشدا ئاماژەم پێکرد ئەم دروشمە وێنای ستاتۆیەکی نەتەوەیی و زهنیەتێکی پۆزیتیف لە رابردووی دەسەلاتداریەتی کوردیش دەکا.
بەو پێیەی کە پێشتر باست کرد، تۆ دانانی فیدڕاڵی وەک دروشمی ستراتیژێ لە بەرنامەی حدک دا بە هەڵە دەزانی؟
باسی فیدرالی لە دروشمی ستراتیژیدا یەکێک لە باسەکانی کۆنگرە بوو. لە گەڵ ئەوەی کەشی کۆنگرە بۆ رەتکردنەوەی فیدڕالی وەک درشمی ستراتیژی لەبار بوو بەڵام بە داخەوە بیری موحافزەکارانە و مەترسی لە گرتنەبەری رێباز و روانگەیەکی نوێ سەرلەنوێ کۆماری کوردستانی خستەوە نێو چوارچێوەی فیدراڵی. بە بروای من ئەمە دوپاتکرنەوەی هەمان سیاسەتی رابردوی خۆدموختاریخوازی و هەڵەیەکی مێژوویی بوو کە حدک کردی. حیزب بەمە ئەو شانسەی لە دەست دا کە لە نێو حیزبە سەرەکیەکانی کورد دا هەنگاوی جیددی لە ئاست رێبازی فکری و سیاسی بزوتنەوەی رزگایخوازی کورد دا هەڵگرێ. بەلام گرفتەکە هەتا ئێستا هەر لەوەدا نەبووە کە فیدراڵی لکێندراوە بە کۆماری کوردستان لە دروشمی ستراتیژی حیزب دا، بەڵکو گرفت لەوەشدایە کە رێبەری حیزب ئەوەش کە لە کۆنگرەی چواردەدا، تەنانەت بە فیدڕالیەکەشەوە پەسەند کرا، کاری بۆ نەکرد بەلکو لە هەلوێست و سیاسەتی فەرمی خۆیدا رێبازێکی گرتەبەر کە هەمان رێبازی تاقیکراوی پێشوی حیزب بوو.
ئێوە بەگشتی لەو بروایە دای کە حیزبە کوریەکان نابێ دروشمی فیدراڵی وەک ستراتیژی خۆیان هەڵبگرن؟
من ناڵێم باس لە فیدڕاڵی هەر نەکرێ، بەلکو مەبەستم ئەوەیە کە ئەم سیستمە پێوەندی بە هەموو ئێرانەوە هەیە و نابێ دروشمی ستراتیژی لایەنی کورد بێ. بە بروای من ئەو حیزبە سیاسییانەی ئێمە کە دروشمی فیدڕاڵیان وەک ستراتیژی خۆیان هەڵگرتووە، هەڵەیەکی زەقی نە تەنیا سیاسی بەلکو حقوقیش دەکەن.
لە باری سیاسیەوە ئەوان باس لە سیستمێک لە دەسەڵات دەکەن کە پێوەندی بە ئێران بە نەتەوەی جۆر بە جۆرەوە هەیە. دروشمی ستراتیژی کورد گەرەکە باس لەو دەسەڵاتە بکا کە کورد بۆ خۆی لە کوردستان دا دەیخوازێ و دەیەوێ دایمەزرێنێ.
لە باری حقوقیشەوە فیدڕاڵی سیستمێکی حقوقیە کە پێوەندی بە مافی هەموو تاکەکان و هەموو گروپ و نەتەوەکانەوە هەیە. ئەم سیستمە خۆبەستنەوەیەکی یاسایی لەخۆ دەگرێ. رەوایەتدان بەم سیستمە بە نوێنەرایەتی خەڵک لە لایەن حیزبی سیاسیەوە هەڵەیە چونکا هیچ حیزبێک ئەم مافەی نییە کە لەباتی هەموو کورد بریار لە سەر بەستنەوەی کورد بە دەسەڵاتی ناوەندی لە فورمی فیدڕالیدا کە ئەویش مەعلوم نیە چ ناوەرۆکێکی هەیە، بدا.
بە بروای من فیدڕاڵی لە ئێرانی فرەنەتەوە دا پرسی کورد هەر وەک رابردوو بەڵام لە شکڵێکی نوێتر دا بە بێ چارەسەری و وابەستە رادەگرێ. لایەنێکی دیکەی باشی هەڵنەگرتنی دروشمی فیدراڵی وەک ستراتیژی حیزبی سیاسی ئەوەیە کە کورد دەروازەی دیالۆگ بە ئاوەڵەیی بۆ خۆی دەهێڵێتەوە. ئەمە ئەو ئیمکانە بە کورد دەدا کە لە دیالۆگی خۆی لە تەک لایەنەکانی دیکە سەبارەت بە چارەنوس و فورمی دەسەڵاتی نەتەوەیی خۆی سەربەست بێ. لە لایەکی دیکەوە ئەمە بزوتنەوەی نەتەوەیی کورد لە بەستراوەیی لە فۆرمی فیدڕاڵی رزگار دەکا و حیزبی کورد لە هەوڵدا دەبێ گرانایی هێزی خۆی بداتە سەر دامەزرانی بنەمای دەسەڵاتێک بۆ کورد لە کوردستان دا. بۆ ئەمەش پێویست ناکا بانگی سەربەخۆیی هەڵبدرێ. چڕ کردنەوەی هەوڵدان بۆ دامەزرانی دەسەڵاتێکی کورد لە فورمی کۆماری کوردستان دا یارمەتی بە بەرزبوونی کەسایەتی سەربەخۆی کورد و توانامەندی بزوتنەوەی رزگاری نەتەوەیی بەرزدەکاتەوە و رەوتی ناسیونالیسمی کورد بۆ گەیشتن بە دەسەڵات بەرەو پێش دەبا.
ئێمە وەک کورد پێویستە لە هەوڵی گەشەدان بە بزوتنەوەیەکی مودێرنی نەتەوەیی لە راستای دانانی بنیاتنانی دەسەڵاتێکی نەتەوەیی کورد بە پشتبەستن بە خەلک لە کوردستان دا بین نەک خەلک لە چاوەروانی سەدەقەی یاسای بنەرەتی لە دوارۆژدا بهێلێنەوە. حدک دەبوایە هەر وەک لە گەلالەی پێشنیاری هەیئەتی نوسینەوەی بەرنامەدا هاتبوو، تەئکید لە سەر پێناسەکردنی کۆماری کوردستان وەک دەسەڵاتێکی کە کورد دەیخوازێ بکا نەک باس لە مانەوە لە چوارچێوەی فیدرالی دا بکاتە ستراتیژی خۆی.
هۆی سەرەکی لە چی دا دەبێنی کە ناوەرۆکی دروشمی ستراتیژی حیزب، تەنانەت بە فیدراڵیەکەشەوە، کە لە بەرنامەی پەسەنکراوی کۆنگرەی ١٤ حیزب هاتووە، لە هەڵوێستەکانی ئەم چەند ساڵەی رێبەری حیزب دا رەنگی نەدایەوە؟
من هۆی سەرەکی لەوەدا دەبینم کە رێبەری بە تایبەت وتەبێژ و بەشێک لە بەریوەبەرانی حیزب کە دەبوایە ئەرکی سەرەکیان بە پێی ئوسوڵی نێوخۆی حیزب، چەسپاندنی پەسەندکراوەکانی کۆنگرەی چواردە و هیدایەتکردنی ئەو رێبازە بوایە کە کۆنگرە پەسەندی کردبوو، لە بنەرەتدا بروایان بەو رێباز و بەرنامەیە نەبو کە کۆنگرەی ١٤ پەسەندی کرد. ئەمە لە کاتێکدایە کە لە نێو ریبەریی حیزب بە تایبەت لە کۆمیتەی ناوەندیدا کومەلێک خەلکی خاوەن فکر و خوازیاری ئەو روانگە نوێیە هەیە و بە فکر لە گەڵ ئەو روانگە نوێیەن. لە نێو بەدەنەی حیزبیش دا ئەوەندەی من ئاگام لێیەتی ژمارەیەکی زۆر لە ئەندام و کادرەکانی حیزب خاوەنی ئەم فکرەن. ئەو بەشە لە رابەری کە بێ موبالاتی بە پەسەندکراوەکانی کۆنگرە کرد رۆلیکی پاسیڤی لە رەوتی باسەکانی پێوەندیدار بە رێفورم و گۆران لە بواری نەتەوەیی بەر لە کۆنگرە و لە نیو کۆنگرەدا هەبوو. ئەو سیاسەتەی ئەوان لەم دوو ساڵەی دوایی‌دا بەرێوەیان برد راست بە پێچەوانەی ئەو رێبازە نوێیە بوو کە لە بەرنامەدا هاتووە. بنەمای فکری ئەم لایەنە دەگەرێتەوە بۆ ئەوە کە ئەوان هۆی جیابوونەوە لە حدکا بە نەحاوانەوەی تاکەکان لە ڕیبەری حدکادا دەبینن. بە واتایەکی دیکە تێگەیشتنی ئەوان لەو قەیرانەی کە بە بروای من قەیرانی فکری، سیاسی و ساختاری گشت حیزب بوو، تێگەیشتنێکی رووکەشی و ساکارانەیە. لە بەر ئەوە ساکارانەیە کە ئەو قەیرانە دیاردەیەکی تایبەت بە حدکا نەبوو بەلکوو دیاردەیەکی گشتگیری ئەم ساڵانەی دوایی هەموو حیزبە کوردیەکان لە هەموو بەشەکانی کوردستان دا بوو کە پێوەندی بە بارودۆخی سیاسی فکری نێو بزوتنەوەی کورد بوو نەک نەحاوانەی تاکەکان. لێکدابڕان و جیابوونەوەکانی ئەم چەند ساڵەی دوایی لە نێو حیزبە کوردیەکاندا دەلالەت لە قەیرانێکی گشتگیری فکری، سیاسی و ساختاری لە بزوتنەوەی کورد دا دەکا. لە بواری سیاسیدا زۆر ئاستەمە کە حیزبێکی سیاسی جیددی و چالاکی نێو کۆمەڵگایەک کە بەردەوام لە حاڵی گۆڕان دایە، لە دنیای ئەمرۆدا بدۆزیەوە کە بە بێ گۆڕان و خۆ نوێژەنکردنەوە و خۆ گۆنجان لە گەڵ گۆرانکاریەکانی کۆمەڵگاکەی خۆیدا بتوانێ بە دوور بێ لە قەیرانی سیاسی‌و پێناسەیی.
ئەو هاوڕێ‌یانەی رێبەری سیاسەتی حیزبیان ئاوا بەرەو ئاقارێکی دیکە بردووە بروایان بەو قەیرانە نیە کە سیاسەتی کورد توشی بووە. لە سیاسەتیشدا وەک زۆر بواری دیکەی پێوەندیدار بە مرۆڤەوە ئەگەر تۆ نەتوانی پێناسەیەکی دروست لە قەیڕان یان هەر گرفتێکی دیکە کە توشی دەبی بکەی، هەر بەو پێیەش ناتوانی رێگای دروستی چارەسەری و لێدەربازبوونی بۆ بدۆزیەوە. ئەگەر گرفت نەحاوانە بووە کەواتە بە دەست ماچکردنێکی یەکتر هەموو گرفتی جیابوونەوەکان چارەسەر دەکرێ و قەیرانێک لە نێو حیزبە سیاسیەکانی کورد لە ئارادا نامێنێ. بۆیە ئەمە تێروانینیکی ساکارانەیە کە هۆکاری ئەو گرفتە قووڵەی کە کۆمەڵگای سیاسی کورد لە ئاستی حیزبە سیاسیەکانی ئێمە دا لە مێژە گیرۆدەی بووە، بە نەحاوانەوە دابنێی.
لەسەر بەستەری ئەم روانگەیە کە حدک لە گەل هەموو جیاوازیە روتینیەکانی لە گەڵ حدکا، خۆی لە بەرانبەر حدکا دا پێناسە دەکا و چالاکییە سیاسی و رێکخراوەیەکانی خۆی لە بەراورد لە گەڵ لایەنی خۆیدا هەڵدەسەنگێنێ. راست ئەو کارەی کە بە شێوەیەکی دیکە لە لایەن حدکاوە دەکرێ. جیاوازیەکی کە هەیە حدکا هەر لە سەرەتاوە باوەڕی بە قەیرانی فکری و سیاسی نەبووە و لە سەر رێبازی سیاسی و ساختاری رێکخراوەیی پێشوی خۆی بەردەوامە. بەڵام حدک کە هەڵگری خواستی ریفورم و گۆڕانی بنەرەتی بوو جیا لە هێندێک ئالوگۆر لە کلتوری سیاسی و هێمنانەتر کردنی زمانی مامەڵە لە تەک موخالیفان و مودارای لە تەک رەخنەدا، هەنگاوی جیددی بە کردەوەی نە لە بواری فکری و نە لە بواری ساختاری دا هەلنەگرتووە. ئەو رێبازە سیاسی و رێکخراوەیی‌یەی کە حدک لەم دوایانەدا بەرێوەی بردووە لە راستای گەرانەوە بۆ ئەو دۆزەیە کە حیزب بە گشتی بەر لە لێکجیابوونەوە گیرۆدەی بوو. رێشەی ئەم سیاسەتە دەلالەت لە قەتیس مانەوەی حیزب لە قەیرانی فکری و سیستمی رێکخراوەیی رابردوو دەکا. تەنانەت ئەو ئالوگۆرانەی هەتا ئێستا لە حیزب دا لە بواری شێوازی هەڵسوکەوتی حیزبی و رێکخراوەییدا هاتونەتە ئاراوە، نەیانتوانیوە کاریگەریەکی جەوهەری لە سەر بنەمای سیستمی رێکخراوەیی و کلتوری سیاسی حیزبیش دابنێن.
وادیارە رەشبینی بەوەی کە حدک بتوانێ ئەو ریفورمەی باسی لێدەکەی بە جێ بگەیەنێ؟
مەسەلە رەشبینی نیە. ئەم جۆرە شیکردنەوە دەتوانێ یارمەتی بە حیزب بدا کە سیمای گشتی ئەو سیاسەت و رێبازەی گرتویەتیە بەر ببینێ و بزانێ بەرەو کوێ دەروا. حدک ئیمکانی بۆ ریفۆرم لە بواری فکری و رێکخراوەیی لە زۆربەی حیزبەکانی دیکە زورتر بوو. لە سەرەتاشدا باش دەستی پێکرد بەلام بە داخەوە دواتر رێگایەکی دیکەی گرتەبەر. سیاسەتی ئێمەی کورد هەتا ئێستا کەمتر لە روی لیکدانەوە و بە وردبینی و پلانەوە بەرێوە چووە بەلکو زۆتر لە هەناوی کارتیکەری رووداوە کاتیەکانەوە هەڵوێستی سیاسی وەرگرتووە. من لەو بروایە دام کە حدک وەک هێزێکی سیاسی لە نێو گۆرەپانی خەباتی سیاسی لە رۆژهەڵاتی کوردستان دا هەروەک حیزبەکانی دیکەی ئیستای رۆژهەڵات درێژە بە خەبات دەدا ئەگەر رێفورمیش نەکا. بەلام حدک بەم سیاسەتەی هەروەک حیزبەکانی تر رۆڵێکی بەرتەسکی لە گەشەسەندنی بزوتنەوەی نەتەوەیی کورددا دەبێ.
تا چ رادەیەک هیوای ئەوە هەیە کە حدک بە کەڵکوەرگرتن لە بەرنامەی پەسەندکراوی کۆنگرەی چواردە، ئەو ریفورمە بکا؟
رادەی ئەو هیوایە پەیوەستە بە ئاکامەکانی کۆنگرەی پانزدە و ئەو رێباز و سیاسەتەی کە لە دوای کۆنگرە بەرێوە دەچێ. من بە روانگەیەکی گەشبینیەوە دەروانمە ئەو پتانسیلە زۆرەی لە نێو حیزب دا بۆ ریفورمی بنەرەتی لە بواری فکری، سیاسی و سیستمی رێکخراوەیی دا هەیە. بەڵام نابێ لە بیرمان بچێ کە حیزب بەم سیاسەتەی لەم دوو ساڵەی دواییدا گرتویەتە بەر و بەو مودیریەت و شێوازی سیاسەت کردنەی رێبەریی ئێستاوە، هەرگیز ناتوانێ وەڵامدەری پێویستیەکانی ئێستا بێ و کاریگەریەکی بەرفرەوانی لە سەر بزوتنەوەی کورد هەبێ.
حیزب هێزێکی باشی هەیە کە خوازیاری ریفورم لە روانگەی بیری نەتەوەیی و مودیرنیزەکردنی سیستمی کاری حیزبن بەلام ریبەری حیزب نەیتوانیوە کەڵک لەم هێزە وەرگرێ و ئەم هێزەی لە پەراوێز دا راگرتوە. ئەوەی هەتا ئێستا حیزب بە هێندی وەرگرتوە ئەو هێزە، ئەویش نەک هەمووی، کە لە دەوروبەری خۆیەتی.
مەبەستت لە دەوروبەری خۆی، بەدەر لە کۆیەیە؟ پێتوایە مانەوەی رێبەری حیزب لە کۆیە یەکێک لە هۆکارەکانی سەرنەکەوتنی ریفورمە لە حیزب دا؟
من هەرگیز بە روانگەیەکی نیگاتیڤەوە نەمروانیوەتە بوونی ناوەندێکی جۆگرافیایی بۆ حیزبە سیاسیەکانی رۆژهەڵات لە باشور. ئەم حیزبانە لە هەلومەرجی ئێستای خەباتیان دا پێویستیان بە بنکە بۆ ناوەندی خۆیان هەیە جا لە کۆیە بێ یان لە هەر شوێنێکی دیکە. ئەو خەلکەش کە بۆ نمونە لە بنکەی ناوەندی حدک لە کۆیەن هاوڕێیان و خەباتگێرانی دڵسۆزی حیزب و بزوتنەوەکەن و زۆربەیان خاوەن ئەزمونی خەبات و توانامەندی سیاسین. بە بروای من نە بوونی بنکەیەک لە کۆیە لە خۆیدا هەڵەیە و نە کەسایەتی و دڵسۆزی ئەو کەسانەش کە لە کۆیەن جێگای باسە بۆ من. گرفت ئەو روانگە فکریەی رێبەریە کە لە کۆیە رێباز و سیاسەت بۆ هەموو حیزب و بۆ هەموو کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان بە گشتی دیاری دەکا و خۆی بە بێبەری لە کارتێکەری دەرەوەی کۆیە دەبینێ. ئەم روانگەیە خەڵکانی دیکە تەنانەت ئەندامەکانی خۆشی لە دەرەوەی بازنەی ئەم جۆگرافیایە بەرتەسکە بە هێند وەرناگرێ. جەوهەری روانگەکە ئەوەیە کە سیاسەت لە کۆیەرا دیاری دەکرێ و هەر کەسیش بیەوێ کارتێکەری لە سەر حیزب و سیاسەتی حیزب دابنێ دەبێ لەوێ بێ. ئەمە کلتورێکی سەنتەرگەرایی و مەزنخوازیەکی فەرمانرەوایانەی سوننەتی و بە هەڵە تێگەیشتنە لە شێوازی کاری سیاسی بە تایبەت لە سەردەمی ئێستادا. ئەمە هەمان روانگەیە کە لە دەورانی خەباتی شاخیش بەهای بە خەڵکی دەرەوەی حیزب لە نێو شارەکان نەدەدا. هەر ئەم روانگەیە کە هەتا ئێستاشی لە گەڵ بێ نە تەنیا هەر هێزی دەرەوەی وڵات بە کەم دەگرێ بەلکو تەنانەت بە چاوێکی لاوەکیەوە دەروانێتە ئەو هێزە سەرەکیەی نێوخۆ لە رۆژهەڵاتی کوردستانیش. گرفتی کۆیە لە روانگەی بایی نەدان بە هێزی دەرەوەی کۆیەیە کە ئەویش لە کلتورێکی سەنتەرخوازیی رێبەری حیزب لە ئاست هیزی دەرەوەی خۆیەوە سەرچاوە دەگرێ. ئەم لە پەراوێز خستنە بەشێکی زۆر لە هێزی حیزب لە دەرەوەی بازنەی رابەری لە کۆیەش دەگرێتەوە. مەودای ئەم جیاوازیەی نێوان رێبەری لە کۆیە و دەرەوەی کۆیە بە تایبەت لە گەڵ ئەو نەسلە نوێیەی کە ئەمرۆکە سەرقافڵەی خەباتی سیاسی و مەدەنین لە نێوخۆی وڵات، بەردەوام بەرینتر دەبێ. زەمانی ئەوە بە سەر چووە کە حیزبەکان وا بیر بکەنەوە ئەوانەی لە نیوخۆ یان لە دەرەوەی وڵاتن سیاسەتکاری لاوەکین و "پرتەقاڵ دەخۆن و باس لە پێشمەرگە دەکەن"، "سەر ڕووت و منالە ورکەن" یان "لە جێگای گەرم و لە دوورەوە قسە دەکەن و وەک ئێمە دەرکی واقعیەت ناکەن". تێروانینی سوننەتی بە سیاسەت لە عەینەکی ئێلیتی بەرێوەبەری حیزبی و قەتیسمان لە کلتوری بە کەم گرتنی رای دەرەوەی ئەم ئەلیتە رۆڵی حیزبەکانی ئێمەی لە سیاسەتی کورد دا دابەزاندوە و تا رادەیەکی زۆر پاسیڤی کردووە. زاڵبوونی ئەم کلتورەیە کە رێبەری بە تایبەت لە ئاستی سکرتێر و سکرتاریەت دا ریگا لە هەر چەشنە ئاڵوگۆرێکی ساختاری و رێکخراوەیی دەگرێ کە دامودەزگای رێبەری دیسانترالیزە بکا و لە دەسەلاتیان بە سودی دیموکراسی نیوخۆیی کەم بکاتەوە.
لە هەناوی ئەم بیر و کلتورە خۆ میحوەریەیە کە رێبەری حدک لە کۆیە تەنانەت ئەو مافەی بۆ ئەندامەکانی خۆی لە دەوروبەری خۆی دادەنێ بۆ ئەندامەکانی لە دەرەوەی وڵات دانانێ.
حدک کە ئیدعای نوێگەری دەکا پێویستە ماڵئاوایی لەم کلتورە بکا و بە تێگەیشتنێکی دروست لە شێوازی کاری سیاسی مودێرن و بە سودی حیزب لە هەموو هێزی نێوخۆ و دەرەوەی خۆی کەڵک وەرگرێ و لەو قاپورە بەرتەسکەی بۆخۆی دروست کردووە، بێتە دەر.
دەمهەوێ لێرەوە رەخنەیەک بەرەورووی خۆت بکەمەوە کە وەک یەکێک لە دارێژەرانی سەرەکیی بەرنامە و پێڕەوی پەسەندکراوی کۆنگرەی چواردەی حدک سمینار یان نووسینێکی ئەوتۆتان لە سەر گەیاندنی پەیامەکانی دروشمی ستراتژیکی حیزب بە تایبەتی نەبووە. بۆچی؟
ئەمن لە ماوەی ئەم چەند ساڵەی دوای کۆنگرەی ١٤ حدک دا چەندین جار بە نوسین و لە رێگای باسی تەلەفزیونی‌یەوە روانگە و لێکدانەوەی خۆم لە سەر گرینگی باری نەتەوەیی بزوتنەوەی کورد و ستراتیژی سیاسی حیزبە کوردیەکان دەربریوە. لەم باسانەدا ئاماژەم بە کۆماری کوردستان وەک ستراتیژی کردوە و شیکردنەوەی خۆم لە سەر داوە. لە نێو حیزبیشدا نامەی تایبەتیم سەبارەت بە لێکدانەوەی خۆم لە سەر ستراتیژی و بەرنامەی حیزب و ئەو سیاسەتەی کە رێبەری حیزب بەرێوەی دەبا هەم بۆ پلۆنومی حیزب نوسیوە و هەم بە حزوری لەگەل سکرتیری گشتی و ژمارەیەک لە ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی و کادر و ئەندمانی تەشکیلاتەکان باس کردوە. بەڵام ئێستا دەردەکەوێ کە من دەبوایە جگە لەو هەوڵانەی نێوخۆ و ئەو باسە گشتیانەی دەرەوە هەروەک ئێوە باسی دەکەن سمینار و نوسینێکی تایبەتی و راستەوخۆم لە سەر دروشمی ستراتیژی حیزب بۆ رای گشتی لەم ماوەدا ببوایە. لەم بارەوە رەخنەی دۆستان و هاوریان لە جیی خۆیدا دەبینم.
با بچینە سەر باس لە گۆران لە ساختاری رێکخراوەیی. لەم بارەوە چ گۆرانکاریەکی بەرچاو لە ساختاری رێکخراوەیی لە پێرەویی نێوخۆی حیزب لە کۆنگرەی چوارەدا پەسەند کرا؟
گۆران لە پێرەودا چەند بوارێکی گرتەبەر. خالی سەرەکی گۆران بریتی بوو لە گۆڕان لە سانترالیزمی دیموکراتیک لە راستای بە هێزکردنی دیموکراسی نێوخۆیی. ئەویش بریتی بوو لە سنوردارکردنی دەسەڵاتی رەهای پێشووی سکرتیری گشتی و رێبەری لە ئاستی دەفتەری سیاسیدا. لە بەرانبەریشدا تاکی ئەندام و رێکخراوەکانی حیزب گرینگی زۆرتریان پێدرا. گرفتێکی پەیرەوی نێوخۆ لە رابردودا ئاواڵە هێشتنەوەی سنوری دەسەڵاتی سکرتێر و سکرتایاری حیزب بوو. لە پێرەوەی نێوخۆی نوێدا باس لە سنوری دەسەڵاتی سکرتێر و چۆنیەتی بریارەکان لە ئاستی سکرتێردا کراوە. خالێکی کۆنکرێت لەم بوارەدا هێنانە ئارای دوو جێگری سکرتێر بوو. لەم بارەوە دوو مەبەست لە بوونی دوو جێگر هەبوو؛ یەکەم ئەوەی کە سکرتێر وەک جاران بە تەنیا هەموو بریارێک نەدا بەلکو لەمەودوا بریارەکان لە لایەن سکرتاریا بە بەشداری هەیئەتێکی سێ کەسی لە ژێر بەرپرسایەتی سکرتێردا بدرێن. دووهەم مەبەست ئەوە بوو کە ئێتر وەک رابردوو رۆڵی سکرتێر پێراگەیشتن بە هەموو وردەکاریەکان لە بواری سیاسی و پرس و کێشەی رێکخراوەیی و ئیداری نەبێ بەلکو زۆرتر قورسایی کاری خۆی بۆ سیاسەتی گشتی و کۆوردیناسیونی ئورگانەکانی رێبەری تەرخان بکا. رۆڵی جێگرێک پێراگەیشتن بە هەواڵ و رووداوە سیاسییەکان و رۆڵی جێگری دووهەم پێراگەیشتن بە کاروباری ریکخراوەیی و ئیداری لە ئاستی ریبەری دایە.
بوارێکی دیکە بایەخدانان بە کاری لێکۆلینەوە و کاری بە بەرنامە بوو کە لە ناوەندی لێکۆلینەوەی ستراتیژی سیاسی و پلاندانان دا خۆی دەنواند. مەبەست لە دامەزرانی ئەم ناوەندە ئەوە بوو کە دەرئەنجامەکانی لێکۆڵینەوە ببیتە بنەما بۆ دارشتنی سیاسەت و هەلوێستی سیاسی حیزب. هەروەها سیستمی کاری حیزب لە شێوازی روالەتی و سوننەتی بەرەو شێوازی مودێرنی بە بەرنامە و پلان بگوێزرێتەوە.
سیستمێکی راوێژکاری هەم لە ئاستی رێبەری و هەم بە گشتی لە نێو حیزبدا لە ئالوگۆرەکانی پێرەودا سرنجی تایبەتی پێدرا. لایەنێکی دیکە بایەخدان بە کاری جەمعی و دانی بەرپرسایەتی فرەتر بە کۆمیسیونەکان بوو. ژمارەیەک کۆمیسیون و بواری نوێ بۆ کاری جەمعی پەسەندکران.
لەم ماوەدا دەفتەری سیاسی، بە تایبەت لە ئاستی سکرتاریادا بە بەهانەی ئەوەی کە ئالوگۆرەکانی نێو پێرەو لە پراکتیک دا جێبەجێ نابن، هەنگاوی جیددی لە هیچ یەک لەم بوارانەدا هەڵنەگرت. نە سکرتێر بە پێی ئەو تاریفەی بۆی کراوە لە پێرەودا، کاری کردووە، نە دوو جێگیریان جیگیر کرد، نە ریگایان دا ناوەندی لێکۆڵینەوەی ستراتیژی سیاسی بکەوێتە کار و نە کاری راوێژ نە تەنیا لە گەڵ دۆستانی حیزب لە دەرەوە بەلکو لە تەک کادرەکان تەنانەت لە ئاستی رێبەریش دا نەکرد.
بە کورتی رێبەری حیزب بە پێچەوانەی پەسەندکراوەکانی کۆنگرە لە بواری سیستمی نێوخۆیی جگە لە هێورکردنی هەڵسوکەوت لە ئاست ئازادی بیروراو رەخنەگرتن، کاری جیدی دیکەی نەکرد.
باشە لەو بارەشەوە ئەو رەخنەیە هەیە کە خۆتان لە بەرپرسایەتی نەداوە لانیکەم بۆ ئەوەی لە مەیدانی عەمەلی دا کار بۆ جێگیر کردنی پەسەندکراوەکانی ناو پێرەوی نێوخۆ بکەن. ئەو رەخنەیە تا چەند لە جێگای خۆیەتی؟
کە دەگەرێتەوە سەر پرسیارەکە، پێویستە مەبەست لە بەرپرسایەتی روون بێ. ئەگەر مەبەست لە بەرپرسایەتی لە ئاستی ریبەری و بوون بە ئەندامی ناوەندی بێ، راستە من ماوەیەکی زۆرە خۆم لێ پاراستوە. بەلام من بەرپرسایەتی لە دنیای ئەمرۆی سیاسەت، تەنانەت لە کاری حیزبیشدا لە بوون بە بەرپرسی ئورگانێکی ئیجرایی لە حیزبێک دا نابینم. یەکێک لە تایبەتمەندیەکانی حیزبێکی سوننەتی کە زۆر جار باسی لێ دەکرێ ئەوەیە کە بایەخ بۆ کاری ستراتیژیک و فکری لە کاری حیزبەکەیدا دانانێ و بە کاری لاوەکی دەزانێ. ئەمە لە کاتێکدایە کە یەکێک لە هەرە کەمایەسیەکانی سیاسەتکردن لە فورمی حیزبی کورددا هەتا ئیستاش ئەوە بووە کە سیاسەتی لە بواری ئیحساسی، زهنگەرایی و روتینیەوە نەگواستۆتەوە بۆ کار لە سەر بنەمای تێوری، لیکدانەوە و پلان. ئێمە پێویستە کاری ستراتیژیک، واتە کارکردن لە سەر پلان، ئانالیز و لیکدانەوەی ستراتیژیمان لە گەل کاری ئیجرایی رۆژانەی سیاسی و رێکخراوەیی لێکجیابکەینەوە و لە هەمانکاتدا هەردوکیان بە گرینگ لە کاری حیزب دا دابنێن.
بەو مانایە کە حیزبی مودێرن پێویستە بەشێک لە ئەرک و سەرمایەی فکری، مرۆڤی و مادی بۆ کار لە بواری لێکۆڵینەوەی سیاسی و فکری دا دابنێ. ئەمە بەو مانایە نییە کە هەر کەس کاری فکری دەکا دەبێ ئەندامی ناوەندیش بێ.
ئەمن پێم وایە بە پێی زانیاری فکری و ئەزمونی کاری سیاسیم هەوڵ دەدەم کە جگە لەو ئەرکە نەتەوەیی گشتیە کە هەر تاکێکی کورد هەیەتی لە ئاستی نەتەوەییدا بەشداری پرسی سیاسی کورد بێ، لە قەدەر توانای خۆم لە بواری کاری فکری لە حیزبیشدا ئەرکی خۆم بگیرم. بۆ نمونە لە پاش کۆنگرە بەرپرسایەتی پێکهێنانی ناوەندی ڵیکۆڵینەوەی ستراتیژی سیاسی و پلاندان، کە لە کۆنگرەدا بڕیاری لە سەر درا..

بابەتی نوێ:

حیزب وەک سەنتەر، ستراتژیی حیزب وەک سەنتێز

سەردەمی ئێستا، سەردەمی بەئاگاهاتنەوەی هەرچی زیاتری نەتەوە بندەستەکانە. سەردەمی ‏هەوڵدانی بە کۆمەڵی کۆمەڵگا ژێردەستەکان بۆ سڕینەوەی سێبەری دا...