۱۱/۰۳/۱۳۹۶

"نا"یەک بە پانتایی ئێران بە کۆماری ئیسلامی لە ئێران

هەڵەیە ئەگەر پێمان وا بێ دەسەڵاتەکان بەدەر لە خواستی رێژەیی کۆمەڵگا و بە بێ بوونی پشتیوانی لە ناو خەڵک دا، دەتوانن بۆ ماوەیەکی زۆر درێژە بە دەسەڵاتی خۆیان بدەن.  کۆماری ئیسلامی لە ئێرانیش لەو راستییە بەدەر نییە. دەسەڵاتێک کە خۆی دەرەنجامی شۆرشی بەرینی خەڵکە. شۆرشێک کە وەک دەڵێن دەیزانی چی ناوێ و نەیدەزانی چی دەوێ. دەرەنجامی ئەم زانین و نەزانینە دەسەڵاتێکی تۆتالیتەری مەزهەبی بە ناوی کۆماری ئیسلامی بوو. دەسەڵاتێک کە ئەوە ماوەی نیزیک بە چل ساڵە لە مەزهەب بۆ رازی کردن، بێدەنگ کردن، تاوانبار کردن و سەرەنجام سەرکوت کردنی خواست و ویستە سیاسی و بژیویەکانی خەڵکی ئێران کەلک وەردەگرێ. 

بە درێژایی نیزیک بە چوار دەیە تەمەنی ئەم رێژیمە، زۆر بەرخودان و بەرەنگاربوونەوەی ناوچەیی و هەرێمی بە مەبەستی پاشەکشە بە دیکتاتۆری و دەستەبەرکردنی بەشێک لە ماف و ئازادیەکانی نەتەوەیەکی بندەست یان سەرانسەری ئێران هاتوەتە ئاراوە. کوردستان، بلوچستان و عەرەبستانی ئێران لەو هەرێمانە بوون کە بە درێژایی چل ساڵی رابردوو خەبات بۆ دێموکراسی لە ئێران و بۆ دابین بوونی مافی نەتەوەیی لە هەر کام لەو هەرێمانە دا کەم و زۆر بەردەوام بووە. بەڵام بە هۆی ناوچەیی بوونی خەباتەکەیان، نەیانتوانیوە دەسەڵات لە تاران بە چۆک دا بێنن و بە لانیکەمی ماف و خواستەکانیان بگەن. لە پاڵ ئەم خەباتە ناوچەییانە دا، بە درێژایی چوار دەیە تەمەنی دەسەڵاتی رێژیمی مەزهەبی لە تاران، چوار سەرهەڵدان و ناڕەزایەتی لە ناوەندی ئەم وڵاتەشەوە سەری هەڵداوە یان ناوەندی گرتوەتەوە کە دوایەمین و جیدیترینیان لە سەرەتای مانگی بەفرانباری ئەمساڵ دا بوو. 

یەکەم ناڕەزایەتی و سەرهەڵدانی گشتی لە مانگی جۆزەردانی ساڵی ١٣٦٠ی هەتاوی دا بوو. دوای ئەوەی خومەینی و رێبەرانی دیکەی نیزام پلانی لادانی بنی سەدر، یەکەم سەرکۆماری هەڵبژێردراوی خەڵکی ئێرانیان جێبەجێ کرد، هاوکات پلانی دەرکردنی موجاهیدینی خەڵقی ئێران لە دەسەڵات، گرتنی رێبەران و هەڵتەکاندنی تەشکیلاتەکەشیان داڕشت. موجاهیدین بە هۆی ئەو تەشکیلاتە بە هێزەی کە هەیبوو، نارەزایەتی و خۆپێشاندانی لە ناوەند و بەشێک لە شارەکانی دیکەی ئێران وەڕێخست. شەڕ بۆ ماوەیەک شەقامەکانی تارانی گرتەوە. بەڵام دەسەڵات، سەرەڕای ئەو زیان و خەسارەی لە ئاکامی ئەو شەڕ و ناڕەزایەتیانەدا بەری کەوت، پاش ماوەیەک توانی دۆخەکە کۆنترۆڵ بکا. 

پیاوانی ئایینیی دەسەڵات بە دەست، بە کەلک وەرگرتن لە هەستی ئایینی و هەڵخڕاندنی هەستی وەتەن پەرەستیی خەڵک دژ بە دەستدرێژیی عێراق بۆ سەر وڵاتەکەیان، توانیان سەرانسەری دەیەی شەست و تا نێوەڕاستەکانی حەفتای هەتاویش بێ ناڕەزایەتییەکی گشتی و ئاشکرا، حکومەت بەڕێوە بەرن. بەڵام ئەوە بەو مانایە نەبوو کە خەڵکی ئێران لەو رێژیمە و لە ئاکار و کرداری رێبەرانی رازی بن. هەژاری و گرانی هەروا لە پەرەگرتن دا بوو، بەشێکی بەرچاو لە داهاتی وڵات بۆ ناوەندە نیزامی و ئەمنیەتیەکان لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات تەرخان دەکرا، ئاڵقەی ماف و ئازادیەکانی خەڵک بەردەوام تەنگتر دەکرایەوەو حکومەت بە تەواوی دەستی خستبووە ناو ژیان و هەست و نەستی خەڵکەوە. هاوکات لە ناو دەسەڵاتدارانیش دا ململانێی دەسەڵات و ناکۆکی لە سەر چۆنیەتیی بەڕێوەبەریی وڵات لە ئارا دا بوو. سەرەنجام ناڕەزایەتیەکانی خەڵک و ململانێکانی ناو دەسەڵات دەستیان بە دەستی یەک دا و بزووتنەوی ئیسلاح خوازی لە دایک بوو. پشتیوانیی خەڵک ئەم بزووتنەوەیەی لە هەڵبژاردنی سەرکۆماریی ساڵی ١٣٧٥ و دواتر لە هەڵبژاردنەکانی پارلمانیش دا سەرخست. باڵی پاوانخواز لە زەینی خەڵک دا نوێنەرایەتیی راستەقینەی کۆماری ئیسلامی دەکرد. ناڕەزایەتیەکان بەوەندە نەوەستان و لە پووشپەری ١٣٧٨ دا خۆپێشاندان و ناڕەزایەتیی خوێندکارانی تاران دژ بە داخستنی رۆژنامەی "سەلام" و دژ بە بەربەست کردنی ئەو نەختە ئازادیەی کە خەڵک لە ژێر چەتری ئیسلاح خوازی دا دەستەبەریان کردبوو، هاتە ئاراوە. بەڵام ئەم خۆپێشاندان و ناڕەزایەتیانە لە لایەن خەڵکەوە بە کردەوە پشتیوانی نەکرا و تەنیا وەک نارەزایەتییەکی خوێندکاری مایەوە. بەو هۆیەش خواستەکانی گشتگیر نەبوون و پەرەیان نەسەند. دەسەڵات بە توندترین شێوە ئەم نارەزایەتییانەی سەرکوت کرد. چەندان خوێندکار کوژران و ژمارەیەکی زۆریان لی بریندار کرا و زیاتریشیان دەستبەسەر کران.  بەڵام سەرکوتی بێبەزەییانەی ئەم ناڕەزایەتیانە هەتا ئێستاش وەک پەڵەیەکی شەرم بە ناوچەوانی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی و رێبەرانیەوە ماوەتەوە.

دە ساڵ دوای سەرکوتی خۆپێشاندان و ناڕەزایەتیەکانی ناسراو بە "کوی دانیشگا"، سێهەم ناڕەزایەتیی گشتی هاتە ئاراوە. لە درێژەی ململانێکانی ناو دەسەڵات و لە ئاکامی هەڵبژاردنەکانی سەرکۆماریی ساڵی ١٣٨٨، دوای ئەوەی مەحموودی ئەحمەدی نەژاد بە پاڵپشتی عەلی خامنەیی جارێکی دیکە بە براوەی هەڵبژاردن راگەیەندرا، کاندیداکانی بەرەی ئیسلاحات و خەڵکێکی زۆر ئەمەیان نەپەژراند. لە ئەنجام دا خۆپێشاندان و ناڕەزایەتیی بەرین شەقامەکانی تاران و بە رێژەی کەمتر، چەند شاری گەورەی دیکەی ئێرانی گرتەوە. لە تەمەنی کۆماری ئیسلامی دا، ئەم خۆپێشاندانانە بەرینترین خۆپێشاندان و ناڕەزایەتی بوون. حەشیمەتی زۆر تێیاندا بەشداری کرد و ماوەی نیزیک بە حەوت مانگی خایاند. بەڵام خواستی رێبەرانی خۆپێشاندان کۆماری ئیسلامیی تێنەپەڕاند و لە پێداچوونەوە بە ئاکامی دەنگەکانی خەڵک، واوەتر نەچوو. بەو هۆیەش خۆپێشاندانەکان نەک بۆ شار و ناوچەکانی دیکە پەلوپۆیان نەهاویشت و پەرەیان نەگرت، بەردەوام بەرەو کزی چوون و سەرەنجام کۆتاییان هات. دەسەڵات لە رۆژی ٩ی بەفرانباری هەمان ساڵ دا، خۆپێشاندانێکی حکومەتی ساز کرد و کۆتایی ئەو خۆپێشاندان و ناڕەزایەتیانەی راگەیاند. کۆتایی ئەو خۆپێشاندانانەش ئەوەندە بە لای دەسەڵاتدارانەوە گرینگ بوو کە رۆژی ٩ی بەفرانباری ساڵانی دواتریش شانۆی خۆپێشاندانی بۆ دووپات دەکردەوە. لە هەشتەمین ساڵی خۆئامادەکردن بۆ نیشاندانەوەی ئەم شانۆی خۆپێشاندانانەش دا بوو کە چوارمین خۆپێشاندان و ناڕەزایەتیی بەرینی خەڵکی ئێران دژ بە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی هاتە ئاراوە. خۆپێشاندانێک کە هاوپێوەندیی لە گەڵ هیچکام لە خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەکانی پێشوو دا نەبوو. گەرچی لە ساڵەوەختی سەرکوتی خۆپێشاندانەکانی ناسراو بە بزووتنەوەی سەوز دا بوو بەڵام کەمترین ئاماژە بەو بزووتنەوەیە و ئامانجەکانی لە دروشم و هێمای ناڕەزایەتیەکانی بەفرانباری ٩٦ دا نەبوو. گەرچی خوێندکاران هەر زوو کەوتنە بەر شاڵاوی گرتن بەڵام زانستگا و زانکۆکان رۆڵ و دەوری بەرچاویان لەو خۆپێشاندانانە دا نەبوو. گەرچی وەک رێکخەرانی خۆپێشاندانی جۆزەردانی ١٣٦٠ خوازیاری نەمان و رووخانی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بوون بەڵام خۆپێشاندان و ناڕەزایەتیەک نەبوو کە حیزب و لایەنێکی تایبەت رێکیخستبێ یان لە پێناو حیزب، رێکخراو یا ئیدئۆلۆژیەکی تایبەت دا سەری هەڵدابێ. خۆپێشاندانێک بوو کە هەڵگری نەخشەی سیاسیی ئێرانی داهاتوو بوو. ئێرانێک کە بیر و بۆچوونە سیاسیە جیاوازەکان بتوانن لە پاڵ یەکتر دا درێژە بە تێکۆشانی خۆیان بدەن. ئێرانێک کە هی یەک نەتەوە و یەک ئایین نییە، سامانی وڵات بێ جیاوازی و هەڵاواردن دابەش دەکرێ و هەژاران و چین و توێژەکانی خوارەوەی کۆمەڵگا بەشی خۆیان لە سامانی زۆر و زەبەندی ئەو وڵاتە پێ دەبڕێ. ئاماژەکان وایان نیشان دا کە باڵی ئوسولگەرا دژ بە دەوڵەت چەخماخەی ئەم خۆپێشاندانانەی لێدا بەڵام خۆپێشاندەران زۆر زوو عەلی خامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی و هێمای نیزام و ئەو جەناحەی دەسەڵاتیان کردە ئامانج. لەو لاوە ئیسلاح تەڵەبانیش سەرەڕای هەڵوێستی هاوشێوەیان دژ بە خۆپێشاندەران، لە رۆژانی دواتر دا هەوڵیان دا بە جۆرێک خۆ لەو خۆپێشاندانانە دا بدۆزنەوە و دژ بە باڵەکەی دیکە کەلکی لی وەرگرن. بەڵام کەمترین دروشمی لاگری لە دەوڵەت یان لە ریفۆرمخوازان لە خۆپێشاندانەکان دا نەبوو. بەوەش خۆپێشاندەران ئەو پەیامەیان گەیاند کە ئەگەر لە هەڵبژاردن دا دەنگ بە کاندیدی ئیسلاح خواز دراوە، بەو ئامانجە بووە کە لەو رێگایەوە دەسەڵاتی دیکتاتۆر پاشەکشەی پێ بکرێ نەک هەڵبژێردراو دوای دەنگ وەرگرتن ئاوا ببێتەوە بە بەشێک لە دەسەڵات دیکتاتۆر.


سەرهەڵدانی بەفرانباری ٩٦ لە زۆر بوار دا رچەشکێن بوو. لە باری جوغرافیاییەوە زۆر زوو سەرانسەری ئێرانی تەنیەوە. ئیدیعای حکومەتی خودایی دایە بەر گەپ. لە زۆر شار و ناوچەدا نەتەوە و ئایینە جیاوازەکان شانبەشانی یەکتر دروشمی نا بۆ دیکتاتۆرییان گوتەوە. دروشمەکان زۆر زوو باری خۆپارێزییان تێپەڕ کرد و لوتکەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامییان کردە ئامانج. بە پێچەوانەی ئیدیعای چل ساڵی رابردووی کۆماری ئیسلامی کە خۆی بە نوێنەری هەژاران و موستەزعەفان لە قەڵەم دەدا، هەژاران و چین و توێژەکانی خوارەوەی کۆمەڵگا بەشدارانی هەرە سەرەکیی ئەو خۆپێشاندانانە بوون. ئەو چین و توێژانەی کە ئامادەیی زیاتریان هەیە تا لە پێناو ئامانجەکانیان دا خەسار و تێچووی خەباتەکەیان بدەن. بەڵام سەرهەڵدانەکە بێ کەمایەسیش نەبوو. وەک چۆن بزووتنەوەی سەوز بە چینی مامناوەند و بە بێ بەشداریی چین و توێژەکانی خوارەوەی کۆمەڵگا نەیتوانی ئامانج بپێکێ، لەم خۆپێشاندانانەش دا چینی مامناوەندی کەمتر تێکەڵ بە خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەکان بوو. سەرەڕای ئەمە، کەمایەسیی هەرە گەورەی ئەم بزووتنەوە گۆڕانخوازە، نەبوونی رێبەر و رێبەرییە. ئەم بزووتنەوەیە هەرچەندی ئامادە بێ تێچووی خەبات بدا بەڵام ئاستەمە لە ژێر زەبروزەنگی دەسەڵاتی سەرکوتکەردا بتوانێ رێبەریی شۆرشەکەی خۆی بگرێتە دەست و بە سەختی دەتوانێ لە ناو خۆی دا رێبەر و ئاڵترناتیڤ بۆ دوای روخانی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی ساز بکا. هەر بۆیەش لە کاتی خۆپێشاندانەکان دا درووشمی بێ واتای سەڵتەنەت خوازی یان رەحمەت ناردن بۆ رەزا شا و شتی لەو بابەتە دەبیسترا. ئەمە ئەگەر بەشێکی بۆ قەڵسەگێڕان لە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بوو، ئەو پەیامەشی گەیاند کە ئەم ناڕەزایەتیە لە رێبەر دەگەڕێ و لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەکانی کۆماری ئیسلامیش نەیانتوانیوە لە زەینی خەڵک دا ببن بە جێگرەوە و ئاڵترناتیڤێکی جیدی. ئەمە یەک لەو فاکتەرانە بوو کە خۆپێشاندانەکانی ئەمجارە نەیانتوانی زیاتر درێژە بکێشن. بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە کە کۆتاییان هاتووە. لە راستی دا ئەوەی لە ماوەی یەک حەتووی ئەو خۆپێشاندانانە دا ڕاگەیەندرا، "نا"یەکی گەورە و سەراسەری بە کۆماری ئیسلامی بوو. بۆ یەکەم جار خەڵکی شارە گەورە و بچووکەکانی ئێران، بە چین و توێژی جیاواز، بە ئایین و ئایینزای جیاواز و بە نەتەوەی جۆراوجۆر، مەترسیی گرتن، زیندان و کوشتنیان بە گیان کڕی تا درووشمی مەرگ بۆ دیکتاتۆر بڵێنەوە و "نا" بە کۆماری ئیسلامی بڵێن. ئەوان هاتن تا بەو رێژیمەو بە دژبەرانی ئەم رێژیمە رابگەیەنن کە کۆماری ئیسلامییان ناوێ. سروشتییە کە دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکان زۆر درەنگ دەنگی خەڵک دەبیسن یان تا لێواری مەرگ نایبیسن بەڵام ئەوەی لەم نێوەدا دەبێ پەیامی ئەو خۆپێشاندانانە ببیسێ، ئۆپۆزیسیۆن و رێبەرانی دژبەری کۆماری ئیسلامین. ئەوان ئەگەر دەیانهەوێ ئەم رێژیمە بڕوا، ئێستا کاتی ئەوەیە وەخۆ بێنەوە و یەکتر بدۆزنەوە. دڵنیا کردنی کۆمەڵانی ناڕازیی خەڵکی ئێران لە ئاڵترناتیڤێکی جیدی و لە هەمان کات دا دێموکراتیک و گشتگیر، ئیستا لە هەموو کات زیاتر ئازادیخوازانی ئێران لە ئامانجەکانیان نیزیک دەکاتەوە. ئاڵترناتیڤێکی دێموکرات کە بەرنامەی بۆ دابین کردنی مافی هەژاران، نەتەوە بندەستەکان، ژنان، ئایین و ئایینزاکان و سەرجەم جیاوازیەکانی کۆمەڵگا هەبێ، باشترین یارمەتیدەر و پەرەپێدەری ئەو نا گوتن و ناڕەزایەتییانەی خەڵکی ئێران دژ بە کۆماری ئیسلامیی ئێرانە.

۹/۱۵/۱۳۹۶

"شاری جوان و کوردنشینم"

کە بوومەلەرزەی ماڵوێرانکەر بەشێک لە خاکی رۆژهەڵاتی کوردستانی هەڵتەکاند، ئازارەکەی تەنیا ئەوانە نەیانچێشت کە ژیان و ماڵیان بەر بوومەلەرزە کەوت. هەستی نەتەوەیی، نیشتمانپەروەری و مرۆڤدۆستی، وای کرد هەمووان هەوڵ بدەن خەمەکان لە سەر شانی خەڵکی بەڵالێدراو سووک بکەن. کوردان لە سەرانسەری شار و ناوچەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە، بە هانای هاونەتەوەییە بوومەلەرزە لێدراوەکانیانەوە چوون. ئەم بەهانا چوون و بە فریا گەیشتنە حەماسەیەکی نەتەوەیی کەموێنەی لە ناو خەڵکی کوردستان دا خوڵقاند. لەم حەماسە نەتەوەییەدا، هیچ ناوچەیەکی کوردستان بێ خەم نەبوو. هیچ شارێکی کوردستان خۆی وەدوا نەدا. جیاوازییە ناوچەیی، زاراوەیی و ئایینی‌یەکان، هیچ شوێنێیان لە سەر هاوخەمی و ئاستی بەهاناوە چوونی ئەوان دانەنا. بەڵام لە ئاسمانی پڕ ئەستێرە و لە ناو ئەستێرە گەشەکانی ئاسمانی ئەو رۆژانەی رۆژهەڵاتی کوردستان دا، ئەستێرەیەک زیاتر درەوشاویەوە و ناوی شارێک زیاتر بەر گوێ دەکەوت. 
لە رەوتی کێشانەوەی یارمەتییە مرۆییەکان لە شار و ناوچە جۆراوجۆرەکانی کوردستانەوە بۆ خەڵکی بوومەلەرزە لێدراوی ناوچەی کرماشان، مام ئەبووبەکری مەعروفی، سەرەڕای هەڵکشانی تەمەن و کەمبوونەوەی تاقەتی سەفەر بۆ رێگای دوور، ماشێنەکەی لە یارمەتیە سەرەتاییەکانی خەڵک بۆ هاونیشتمانانی لێقەوماو، ئاخنی و لە بۆکانەوە بەرەو کرماشان وەڕێکەوت. گەرچی دڵ هەروا بە خۆشەویستیی نەتەوە و نیشتمانەوە لێی دەدا بەڵام رێگا دوور، شەو تاریک و چاوەکانی شۆفیرە بە ساڵاچووەکەی ئێمەش سۆمایی ساڵانی لاوییان تێدا نەمابوو. لە نیزیک شاری جوانڕۆ ماشێن چەپی کرد و نەگەییە مەنزڵ. لە ئەنجامی ئەو رووداوەش دا بە داخەوە کاک ئەبوبەکری مەعرووفی گیانی لە دەست دا. 
هەواڵی گیان لە دەستدانی کاک ئەبوبەکر مەعروفی لە رێگای گەیاندنی یارمەتیە مرۆییەکان بۆ هاونەتەوەیی و هاونیشتمانانی، تۆمار بە تۆمار بڵاو بۆوە و کوردستانی پێ خەمبار بوو. خەڵک هەر زوو وەک قارەمانێکی نەتەوەیی ناویان برد و ناسناوی شەهیدی مرۆڤایەتییان پێ دا. دواجاریش مەرگی ئەو بوو بە هۆکار تا ئەو هاوسۆزیە نەتەوەییەی کە بۆ بەهاناوەچوونی بوومەلەرزەلێدراوان لە شار و ناوچەکانی رۆژهەڵاتەوە دەستی پێ کردبوو، بە هەمان حەماسەی نەتەوەیی، لە پارێزگای بوومەلەرزە لێدراوەوە رەوتی پێچەوانەی بگرێ. دانیشتوانی پارێزگای کرماشان و پاشان سنە، تەرمی کاک ئەبووبەکریان وەک قارەمانێکی نەتەوەیی بەرەو بۆکان بەڕێ کرد. بەڵام ئەمە یەکەم جار نەبوو کە پێوەندیی و خۆشەویستیی نێوان دوو شاری بۆکان و کرماشان ئاوا خۆی دەنواند. ئەمڕۆژانە کە لاوانی بۆکان لە یاریی تیمی سەرداری بۆکان دا پلاکاردێکیان بە ناوەرۆکی "کرماشان بۆکان تۆ هیچکات لە بیر ناکا" بەرز کردبۆوە، حیکایەتی هاوسۆزیەکی سادقانە بوو کە رەگی لە رابردووی خۆشەویستیی نێوان ئەو دوو شارە دایە. کارەساتی بوومەلەرزە و پاشان مەرگی کاک ئەبووبەکر، لە راستی دا پێوەندیی عاتفی و خۆشەویستیی ئەم دوو شار و ئەو دوو ناوچە خۆشەویستەی کوردستانی نوێ کردەوە.  
ئەگەر کرماشان لە دێرزەمانەوە بە هەڵکۆڵدراوە مێژوییەکانی بێستوون و ئەفسانەی فەرهاد و شیرین بە ناوبانگە، ئەوە هیچ شار و ناوچەیەکی کوردستان هیندەی بۆکان لە ژێر کارتێکەریی ئەم ئەفسانەیە دا نەبووە. سەرەڕای ناجیرانەتی و دووریی جوگرافیایی دوو ناوچە لە یەکتر، چیرۆکی شیرین و فەرهاد لە ناوچەی بۆکانیش دا بە هەمان شێوەی نەزم و هۆنراوە، چیرۆکێکی ئاشنا بوو. ئەگەرچی بە نەنووسرانەوەی، رەنگە بە داخەوە لە بیرچووبێتەوە و ئیستا نەمابێ. ئەمن بۆخۆم زۆر دێڕی هۆنراوەی شیرین و فەرهادم لە پێشینان بیستبوو. یەکەم جاریش لە کاتی نووسینی "ساڵی کچە هەرمەنی"دا بیرم بۆ کارتێکەریی چیرۆکی شیرینی ئەرمەن چوو وەک یەک لەو فاکتەرانە کە سەد و سی ساڵ لەوە پێش، خەڵکی ناوچەکەی هان دا تا بەهانای عەزیز و فاتمی تازە موسوڵمانەوە بچن و لە دەست دوو دەسەڵاتی تاران و بریتانیا بیانپارێزن. 
جگە لە چیرۆکەکە، لە باری فیزیکیش، رەنگە هیچ ناوچەیەک هیندەی بۆکان، ئیلهامی لە ئەفسانەی بێستوونی کرماشان وەرنەگرتبێ.  هەر لە فەرهادتاشەکانی بی‌بی کەند و سماقانەوە تا پێمەڕەی فەرهادی پاڵ تەرەغە، چەندان چیا و ئەشکەوتی تاشراو و هەڵکۆڵدراوی ناوچەی بۆکان ناوی فەرهادیان بەسەرەوەیە. تا ئاستێک کە فەرهادتاش ناوی ناوچەیەکی بەرینی هەرێمەکەیە. 
بەڵام ترۆپکی خۆشەویستیی بۆکان بۆ کرماشان، بە هۆی حەسەن زیرەک، هونەرمەندی بە ناوبانگی بۆکان و کوردستان بوو. ئەگەر بۆکان و کرماشان هەردوویان کوردستان نەبان، دەکرا بڵێین زیرەک سەفیری بۆکان لە کرماشانە. کرماشانیەکانیش خۆشەویستیی بێ سنووریان بۆ ئەو هونەرمەندە ئەفسانەییەی کوردستان و بۆکان هەبوو و هەیە. بەڵام زیرەک بە گۆرانیی "کرماشان" لە ترۆپکی ئەم پێوەندی و خۆشەویستیەی نێوان ئەو دوو شارە خۆشەویستەدا راوەستاوە. ئەو رەنگە هیچ گۆرانیەکی تازەی خۆی هیندەی "کرماشان" نەگوتبێتەوە و دووپات نەکردبێتەوە. تەنیا ئەو جارانەی کە لە گەڵ گوتنەوەی دا توانیویەتی تۆماریشی بکا و ئەمن لە سەر یوتیوب توانیم گوێیان لێ بگرم، زیاتر لە چوار تۆمارکراوی جیاوازە. بە جیاوازیی موزیکەکانیشیانەوە دیارە کە زیرەک بە میوانی یا ئاوارەیی، لە هەر دوو دیوی ئێران و عێراق، خۆشەویستیی کرماشانی بە گۆرانیی کرماشان لە گەڵ خۆی گێڕاوە. ئەوە سەرەڕای تێکستی پڕ لە هەستی نەتەوەیی ناو گۆرانیەکە لەوانە "شاری جوان و کوردنشینم" یان "کرماشان جێگای ئەژدادم". گەرچی ئێمە زیرەک بە گۆرانیبێژێکی سیاسی نازانین بەڵام گۆرانیی کرماشان داکۆکیی ئاشکران لە کوردستانی و کوردبوونی کرماشان و هەوڵدان بۆ بڕینی چاوی تەماحی بێگانە لە سەر ئەم شارە خۆشەویستە. 
لە کۆتایی دا، هیوا دەخوازین شارەکەمان لە بەڵای سروشت بە دوور و لە دەست داگیرکەر رزگار بێ، بوومەلەرزە و هیچ بەڵایەک روو لەو شارە و هیچ جێگایەکی کوردستان نەکا و لە گەڵ زیرەکی مەزن دەڵێین:
کرماشان شارێکی بەرزە
شارێکی بە نەزم‌و تەرزە
دوور بی تۆ لە بوومەلەرزە
-------------------------
بە هێندێک جیاوازی، لە ژمارە ٧١٥ی رۆژنامەی کوردستان، ئۆرگانی حیزبی دێموکراتی کوردستان دا بڵاو کراوەتەوە

۹/۱۴/۱۳۹۶

لە لۆڤیسای فینلاندەوە تا غەوساباتی کوردستان



ئەلێکساندر ئییاس و شێخ بابا سەعید لە گوندی غەوسابات

ئەمساڵ سەدەمین ساڵی سەربەخۆیی وڵاتی فینلاندە و فینلاندییەکان سبەی ٦ی دێسامبر، ساڵرۆژی سەربەخۆیی وڵاتەکەیان جێژن دەگرن. سەد ساڵ لەوەپێش، لە ئەنجامی ئاڵوگۆڕ و ئاڵۆزیەکانی شەڕی  جیهانیی یەکەمدا، فینلاند دەرفەتی لە دەست نەدا و سەربەخۆیی خۆی لە رووسیا راگەیاند.

دەسەڵاتی تزاری رووسیا کە لە ئەنجامی کێشە و ناڕەزایەتییە ناوخۆییەکاندا لە کزی دابوو، بە هۆی شەڕی جیهانیی یەکەم، هیندەی دیکە لاواز ببوو. لە ساڵانی کۆتایی شەڕ و لە ئاکامی شۆرشی ئۆکتۆبردا، کومونیستەکان دەسەڵاتی رووسیایان بە دەستەوە گرت. رێبەرانی شۆرش هەر زوو بانگەوازی ئازادیی گەلانیان دا. لەوەش زیاتر لێنین، رێبەری شۆرشەکە کە ماوەیەک لە ژیانی دوورخراوەیی خۆی لە فینلەند تێپەڕ کردبوو، پێشتر گفتی سەربەخۆیی بە بەشێک لە رێبەرانی سیاسیی فینلاند دابوو. بە پشتبەستن بەو فاکتەرانە، هێشتا مانگ و نیوێک بەسەر سەرکەوتنی شۆرشی ٢٥ی ئۆکتۆبری ١٩١٧دا تێپەڕ نەببوو کە پارلمانی فینلەند لە رۆژی ٦ی دێسامبری هەمان ساڵدا، سەرەڕای پێناخۆشبوونی رووسیا، دەنگی بە سەربەخۆیی وڵاتەکە دا. بەم جۆرە فینلاندییەکان کۆتاییان بە سەدان ساڵ ژێردەستەیی وڵاتەکەیان لە بندەستی سوید و ڕووسیا هێنا.

 

بەڵام شەڕی جیهانیی یەکەم ئەگەر بۆ هەموو نەتەوەکان ئاوا بە خێر و بێر نەبوو، هەموو فینلاندیەکانیش ئاوا خۆشییان لێ نەدی. بە دەیان ئەفسەر و سەربازی فینلاندی بندەست، کە لە خزمەت دەزگای دیپلۆماسی یان سەربازیی رووسیادا بوون، لە بەرەکانی شەڕدا، بوون بە دەستەچیلەی ئاگری شەڕ. تەنانەت قسە لەوەش هەیە کە لە سەردەمی پەرەگرتویی بیری سەربەخۆییخوازی لە فینلاند، فینلاندییە پلەدارەکانی ناو ئەرتەش و دەزگای دیپڵۆماسیی رووسیا، بە ئانقەست بۆ شوێنە دوورەدەستەکان هەڵدەدێردران. یەک لەوان ئەلکساندر ئییاس، کۆنسولی رووسیای تزار لە شاری سابڵاخ بوو.

 

ئالێکساندێر ئیڤانۆڤیچ ئییاس لە دایکبووی ٢٧ی سێپتامبری ١٨٦٩ لە شاری لۆڤیسای باشووری فینلاند بوو. باوکی بەرگدروو بوو. لە ئاکادێمیی سەربازیی هامینا دەرسی خوێند. دواتر چووە ناو سپای رووسیای تزارەوە. لە کۆرسی زمانە رۆژهەڵاتیەکانی وەزارەتی دەرەوەی رووسیادا سەرکەوتوانە بەشداریی کرد. زمانەکانی فینلەندی، سویدی و رووسی بە تەواوی دەزانی. دواتر شارەزایی باشی لە زمانەکانی ئاڵمانی، فەرانسی، ئینگلیسی، لەهێستانی، فارسی، تورکیی ئازەربایجانی و کوردیشدا پەیدا کرد. تەنانەت بەشێک لە بەرهەمەکانی "یوهانی ئاهۆ" نووسەری فینلەندی بۆ سەر زمانی فارسی وەرگێڕا.

 

 ئییاس لە ساڵی ١٩٠٠ سەرەتا وەک فەرماندەیەکی سەربازی بۆ تورکستان ناردرا. بەڵام پاش ساڵێک لە لایەن وەزارەتخانەی دەرەوەی رووسیا وەک دیپڵۆمات بۆ ناوچەکانی پامیر لە ئاسیا رەوانە کرا. سەرکەوتنی لەو ئەرکەدا ئەوی کرد بە دیپڵۆماتێکی شارەزا و جێی متمانە کە لە ساڵی ١٩٠١ تا ١٩١٤ لە ناوچە جۆراوجۆرەکانی ئێراندا ئەرکی جۆراوجۆری لە بواری دیپڵۆماسیدا پێ ئەسپێردرا. سەرەتا لە خۆراسان وەک بەرپرسی بەرەنگاربوونەوە لە دژی نەخۆشیی تاعوون، دیاری کرا. پاشان بوو بە سەرکۆنسولی رووسیا لە تەورێز. لە ساڵی ١٩١٢ ئەرکی سەرکۆنسولیی کۆنسولگەریی رووسیا لە سابڵاغی بە ئەستۆ گرت. 

ئییاس لە سەردەمێکی پڕ کێشە و ناکۆکیدا هاتە سابڵاخ و پێی بۆ ناوچەی کوردستان کرایەوە. لایەک جیهان لە مشتومڕی شەڕی جیهانیی یەکەمدا بوو و لە ناوچەکەش ململانێی مەزهەبی، کۆمەڵگای کوردستان بە تایبەت موکریانی بە سەر دوو بەرەدا دابەش کردبوو. بەرەی هەرە بەهێز ئەوانە بوون کە ئەستەمووڵ و بابی عالی‌یان بە قیبلەگای ئیسلام و خۆیان دەزانی. لە بەرامبەردا بەرەیەکی لاوازی دژ بە عوسمانی و ناتەبا لەگەڵ بەرەی یەکەم شکڵی گرتبوو. ئییاس هەم وەک رووناکبیری سەر بە نەتەوەیەکی داگیرکراو و هەمیش وەک دیپڵۆماتێکی رووس هەوڵی دەدا ئەم بەرەیە زیاتر بناسێ و دۆستایەتییان لەگەڵ ببەستێ. کەسایەتییەکی دیاری ئەم بەرەیە شێخ بابا سەعیدی غەوسابات بوو.

شێخ بابا سەعیدی بەرزنجی لەدایکبووی ساڵی ١٨٥٦ لە گوندی غەوساباتی نیزیک مەهاباد بوو. ئەویش وەک ئییاس، شارەزای چەندان زمانی رۆژهەڵاتی و رۆژئاوایی لەوانە کوردی، فارسی، عەرەبی و فەرەنسی بوو. نە وەک دیپڵۆمات و نێردراوی سیاسی بەڵکو بۆ خوێندن و وەسەریەکنانی زانست، ئەویش وڵاتانی جۆراوجۆر گەڕابوو. سەرەتا بۆ درێژەدان بە خوێندن سەری لە بەغدا دەرهێنا. پاشان گەیشتە ئەلئەزهەری میسر. هەر لە کاتی خوێندندا زانی کە تەنیا بە خوێندنی ئایین ناتوانێ یارمەتیی کۆمەڵگاکەی بدا. کۆمەڵگایەک کە لە دەست هەژاری، نەزانی و بێ مافی دەیناڵاند. لە میسر لەگەڵ زمانی فەرەنسی و زانستی پزیشکی ئاشنا بوو. لە گەڕانەوەیدا، لە سلێمانی، لەسەر دەستی کاک ئەحمەدی شێخ مۆڵەتی مامۆستایەتی و رێنوێنیی مریدانی خانەقای گێڵانی لە موکریان و لە گوندی غەوساباتی وەرگرت. بەڵام دیسانیش هەستی کرد کە ناتوانێ وڵامدەری نیازەکانی سەردەم بێ. بە تایبەت کە لەبەر هەژاری و شەڕ، لەو ساڵانەدا نەخۆشیی جۆراوجۆر داوێنی خەڵکی ناوچەکەی گرتبوو. لە هەموانیش پیستر نەخۆشیی گولی یان دووزامی بوو. شێخ وەک پێشەنگێکی خەڵک و کۆمەڵگە دەبوو چارەیەک بۆ ئەو دەرد و ئازارەی خەڵکەکە بدۆزێتەوە. بۆ ئەو مەبەستەش رێگای هیندوستانی گرتە بەر. لەوێ شارەزایی باشی لە زانستی پزیشکیدا پەیدا کرد. گیا دەرمانییەکان و چۆنیەتیی سازکردنی دەوا و مەڵحەم بۆ نەخۆشیی جیاواز، فێر بوو. کە گەڕایەوە کلینیکێکی بۆ چارەسەری نەخۆشان لە گوندی غەوسابات دامەزراند. هەر لە پاڵ ئەوەدا، شوێنی تایبەت بۆ پێڕاگەیشتن بە نەخۆشیی گولیشی کردەوە و بێ بەرامبەر دەستی بە دەرمان و چارەسەری کرد. هاوکات هەوڵی دا ژمارەیەک پزیشک و پەرەستار بە تایبەت لە ژنان، بۆ گرتنەوەی دەرمان و چارەسەری نەخۆشییە سەرەتاییەکان پەروەردە بکا. هەبوونی چەندان ژن بە پێناسەی حەکیم (پزیشک، دوکتور) وەک ئایشێ حەکیم، خەجیج حەکیم و.. لە ناوچەکەدا بەشی زۆری دەرەنجامی خزمەتەکانی شێخ بابا بوون. لەپاڵ ئەو کارانەدا دەستی بە قەڵەمەوە بوو. خەریکی وەرگێڕانی قانوون، کتێبە پزیشکیەکەی ئیبنی سینا بوو. دوو کتێبی سەبارەت بە زانستی پزیشکی لە رۆژئاوا، وەرگێڕا. لە چارەسەری خۆماڵی و سوننەتیی نەخۆشییەکانی دەکۆڵیەوە. سەری لە ئەستێرەناسی دەردەچوو. ئۆگری عیرفان بوو. بە هەر دوو زمانی کوردی و فارسی شێعری دەنووسی. شێعرە فارسیەکانی شەقڵی پێڕەوی لە مەولانای رۆمییان پێوە دیارە:

مست جــــام الستم هلە مست مست مستم
 از بند دلـــــم رستم هلە مست مست مستم

زان باغ چون گلـــــــم من، در عشق بلبلم من
چون زلف سنبلم من، هلە مست مست مستم

....

لە شێعرە کوردیەکانیشیدا دەتوانین شوێنی خۆشەویستیی مەحوی و شێعر و بیری ئەو بدۆزینەوە:  

بە شەمعی مەعریفەت خانەی دڵم ڕۆشن نەکەم چ بکەم

بە نووری عالەمی وەحدەت تەنم مەخزەن نەکەم چ بکەم

لە بەحـری مەعنەوی دوڕڕی مەعانـــــــی دەستگیرم بوو

بە دوڕڕی مەعریفەت ساحیل هەمو مەعدەن نەکەم چ بکەم

لە بادەی وەحــــــدەتی جانان وەها سەرمەستی تەوحیدم

گوڵستانی هەموو عالەم ئەگەر گوڵــشەن نەکەم چ بکەم..

 

بەڵام شێخ لە ناوچەکەدا تەنیا پزیشک یان رێبەرێکی ئایینی و کۆمەڵایەتی نەبوو. ئەو لە باری سیاسیشەوە سەری بە دەرەوە بوو. دۆست و دوژمن حیسابیان لەسەر دەکرد و هەوڵیان دەدا پشتیوانیی ئەو بۆ لای خۆیان رابکێشن. ئەویش ئەگەرچی بە ئایین ئیسلام و وەک دانیشتوانی ناوچەکە سوننە مەزهەب بوو بەڵام پێشەنگایەتیی خەڵیفە و بابی عالی قەبووڵ نەبوو. سەرەڕای شێخایەتی، وشکەمەزهەبی نەبوو و ژیانی خەڵک و مافی نەتەوەکەی بەلاوە گرینگ بوو. بە پێچەوانەی مەلا و شێخەکانی دیکە لە ناوچە، بە هیچ جۆر دانووی لەگەڵ دەسەڵاتی عوسمانی نەدەکوڵا. لە شێعرێکدا ئەم هەستەی خۆی ئاوا دەردەبڕێ:

من ز نسل حیدرم دادە بە دستم ذوالفقار

تا درآرم ریشە عثمانیان را هم دمار

پشە نتوان رفت در میدان عنقا کز مصاف

کی درآید موش اندر عرصە تیر شکار

ریشە ترکان نااهل برکنم از بیخ و بن

نیست با هم در حقیقت اهل نور و اهل نار

او بە نفسش غرە، من با مصطفی دارم امید

تا ز غیثش کل امدادم رسد از شهریار

چون با ملت ایران خاصە کردستان همە

قدرت یزدان باشد در مصاف و کارزار

زانکە ایران جای شیران خدا باشد همە

زندە بادا تا ابـد این ملت با اقتدار

اهل ایران جملە از یاران دین مصطفی

در دو عالم در جواز ذات حــق دارند قرار

"بوسعیدا" تو ز اولاد رسولی کل حال

بر دوام ملتت دست دعاگویی برآر

 

لەو شێعرەدا دوو نوکتە جێی سەرنج و روونکردنەوەن. یەکەم: خۆ بە وەچەی حەیدەر زانین کە مەبەست عەلی کوڕی ئەبی‌تالب، خەڵیفەی چوارەمی سوننە و ئیمامی یەکەمی شیعەیە. رەنگە کەسانێک لەوەوە گومان بکەن کە شێخ شیعە بووە. دووهەم پشتبەستن بە ئێران و دەستەواژەی دواتر باوی "کوردستانی ئێران" لە بەرامبەر دەسەڵاتی عوسمانیدا.

سەبارەت بە خاڵی یەکەم، ئەوە تایبەت بە شێخ بابا نییە و نیزیک بە تەواوی شێخ و سەیدەکانی کوردستان رەچەڵەکی خۆیان دەبەنەوە سەر ئیمامی عەلی. ئەوەش بەو هۆیە کە محەممەد پێغەمبەری ئیسلام، نێرینەی لێ نەکەوتەوە. دەڵێن وەچەی ئەو لە رێی کچەکەی فاتمە و کچەزاکانی، حەسەن و حوسێن، درێژ دەبێتەوە. جا ئەگەر کەسێ بیهەوێ بگاتەوە سەر پێغەمبەر دەبێ حەتمەن لە رێی حەسەن و حوسێنی کوڕی عەلی ئەبوتالبەوە بێ. شێخ مەحموودی نەمریش لە شێعرێکدا بە هەمان شێوە پشت بە حەیدەر دەبەستێ:

پارێز ئەكەم بە هیممەتی حەیدەر حقوقی كورد

تا ئالی خۆم بە گیانی پێغەمبەر فیـــــدا ئەكەم

ئەگەر ئینكاری حقوقی كورد ببن قەومی عەرەب

 بەبێ شك نوێژی مازیـم بە كوردی قەزا ئەكەم

 

بەڵام لەگەڵ هەمووی ئەوانەدا شێخ لە باری ئایینی و مەزهەبیەوە لەوە لیبڕاڵتر بوو کە خۆی بە شیعە یان سوننە ببەستێتەوە:

نە ز شیعە، نە ز سنی نە عرب        بوسعیدم آل و بیت منتخب

سەبارەت بە خاڵی دووهەم دەبێ بزانین کە باس لە زیاتر لە سەد ساڵ لەوە پێش و کزبوونی هەستی نەتەوەیی و ناسیونالیستیی کورد لە کۆمەڵگادایە. سەرەڕای ئەوە شێخ لە باری نەتەوەییەوە وێڕای دژایەتیی توندی لەگەڵ دەسەڵاتی عوسمانی، باوەڕی بە یەکێتی لەگەڵ نەتەوەکانی دیکە بووە:

اتحادی پیشە کن با هر ملل         تا نباشـــــــد اتحادی در خلل

اتحادی رویەء مــــردان بود         هر کە کردە اتحاد مرد آن بود

 وا دیارە شێخ لە دژایەتیی تورکانی عوسمانیدا ئومێدی هەبووە ئێران ئەو شەڕە بکا و کوردستان بەو بەشەشەوە کە کەوتبووە ژێر دەستی عوسمانی، لەنێو ئێراندا بە مافی خۆی بگا. بۆچوونێک کە هەتا ئێستاش کەم و زۆر ئامانج و ستراتژیی بزووتنەوەی سیاسیی رۆژهەڵاتی کوردستانە.

یەک لە هۆکارەکانی ئەو هەموو رق و نەفرەتەی شێخ سەرەڕای هاودینی و هاومەزهەبی لەگەڵ دەسەڵاتی عوسمانی، بە ئەگەری زۆر بۆ کوژرانی شێخ سەعیدی بەرزنجی، نەوە و جێگرەوەی کاک ئەحمەدی شێخ دەگەڕێتەوە. شێخ سەعیدی بەرزنجی باوکی شێخ مەحموودی حەفید، ساڵی ١٩٠٨ لەلایەن دەسەڵاتی عوسمانی بۆ شاری مووسڵ دوور خرایەوە. هەر هەمان ساڵ بە پیلانی دەسەڵاتی تورکانی عوسمانی کوژرا. دوو شێخ سەعید لە تەمەندا لێک نیزیک، هاوتەریقەت و خزم بوون. لەوەش زیاتر لەو سەردەمەدا کە شێخ بابا لە سلێمانی، لە خزمەت کاک ئەحمەدی شێخدا خەریک بوو دەرسی دەخوێند و ئیجازەی وەردەگرت، ببوون بە دۆست و هاوڕێ. ئەوانەش داخی کوژرانی شێخ سەعیدیان بۆ شێخ بابا سەعید هیندەی دیکە بەژانتر و ئەویان لە عوسمانی تووڕەتر کردبوو. وێڕای ئەوە، ئەو لە گەڕان بە مەملەکەتەکانی ژێر دەستی عوسمانیدا، هەر لە سلێمانییەوە تا بەغدا و هەتا قاهیرە، چۆنیەتیی خەلافەتی خەڵیفەی موسوڵمانانی ناسیبوو و زوڵم و بێدادی قاپیە بەرزەکەی بە چاوی خۆی دیتبوو.

 بەم جۆرە ئییاس وەک کۆنسولی وڵاتێک کە لەگەڵ عوسمانی لە ململانێ و لە ناوچەکە لە رکابەریدا بوو، لەگەڵ شێخ بابای دوژمنی عوسمانی، لەسەر بنەمای دژایەتی لەحاند نفووزی تورکان لە سابڵاخ و ناوچەکەدا یەکتریان دۆزیەوە. ئەوەش رەنگە بە یەکەم پێوەندیی نێوان دوو کەسایەتیی فینلەندی و کوردستانی لە مێژوودا بە حیساب بێ.  بەڵام ئەگەر ئەم دژایەتییە لەگەڵ نفووز و دەسەڵاتی عوسمانی لە ناوچەکە بۆ ئییاس بە پێی سیاسەتی رووس، ئەرک و بۆ شێخ بابا نەفرەت بوو، هەردوویان لە خاڵی دیکەشدا یەکیان دەگرتەوە. بۆ وێنە لابردنی ناعەداڵەتی و چاککردنی دۆخی نالەباری ژیانی کوردەکان، پێکهێنانی یەکگرتویی لە نێوانیاندا و بەرزکردنەوەی هەستی نەتەوەیی کوردەکان لە بری هەستی ئایینی و خەڵیفەخوازی، هاوبەشیەکی دیکە بوو. لە نامەیەکدا کە ئییاس رۆژی ١٩ی نۆڤامبری ١٩١٢ بۆ وەزارەتخانەی دەرەوەی رووسیەی ناردووە، پێناخۆشبوونی خۆی لە نایەکگرتوویی و لاوازیی هەستی نەتەوەیی کوردەکان نیشان دەدا و دەڵێ:  "تا ئه‌وجێیه‌ی که ‌ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر ده‌رفه‌تی یه‌که‌تی له‌ نێو خه‌ڵکی کوردی ناوچه‌دا، ده‌بێ ئه‌وه‌مان له‌ بیر بێ که‌ هه‌تاکوو ئێستا نه‌ نیشانه‌ی هه‌ره‌دووری یه‌که‌تی عه‌شیره‌تی وه‌به‌رچاوده‌که‌وێ، و نه ‌ته‌نانه‌ت برووسکه‌یه‌ک له‌ وشیارییه‌کی سه‌ره‌تایی نه‌ته‌وه‌یی. "

 

هەر لەو نامەیەدا بە سێ خاڵ سیاسەتی کاریی کۆنسولخانە لەگەڵ خەڵک و هۆزەکان بە وەزارەتی دەرەوەی رووسیا رادەگەیەنێ کە بە کورتی بریتین لە؛

-      دوای مەرگی هەر سەرۆک هۆزێک، کەسی حەقدار جێی بگرێتەوە و نەهێڵین دەسەڵات بە قازانجی خۆی دەست لە کاروباریان وەردا.

-      دەسەڵاتدارانی خۆجێی ناچار بکرێن کۆتایی بە نا‌عەداڵەتی و بێ‌قانوونی بێنن و دەست لە ئازار و راوەدوونانی تاک یان هۆزەکان هەڵگرن.

-      لە کاتی کێشە زۆر و بێ بڕانەوەکانی بنەماڵەیی، مڵکداری و.. لە نێوان کوردەکان خۆیاندا، کۆنسولخانە ئەرکی چارەسەری و نێوبژیوانییان بگرێتە ئەستۆ و بۆیان ببێ بە جێگای چارەکردنی کێشەکان.

ئەم رێچکانەی سەرەوە ئەگەرچی بە مەبەستی راکێشانی دڵی کوردەکان لە خزمەت کۆنسولخانە و سیاسەتی دەوڵەتی رووسیەدان بەڵام تێیایاندا باری مرۆیی و هەوڵدان بۆ باشترکردنی دۆخی کوردەکان لەو سەردەمدا، بە ڕوونی دیارە. هەر لەو نامەیەدا ئاماژە بە نەبوونی کەسایەتی و رێبەرێکی تایبەت لە نێو کوردەکاندا دەکا و دەڵێ"ئێستا له‌ نێو سه‌رۆک عه‌شیره‌ته‌کانی خۆجێیدا ته‌نانه‌ت تاکه‌ که‌سێکی ئه‌وتۆش نییه‌ ئه‌وه‌نده‌ی ده‌سته‌ڵات و خۆشه‌ویستی هه‌بێ که‌ وه‌کوو نێوه‌ندێک ببزوێته‌وه‌ و بکرێ سه‌رۆک عه‌شیره‌ته‌کانی دیکه‌ له‌ ده‌وری کۆ بنه‌وه‌ و یه‌ک بگرن. ڕێبه‌رانی دینیی ناوچه‌ش، هیچیان گراناییه‌کی ئه‌وتۆیان نییه‌."  هەروەها ئاماژە بە شێخ باباش دەکا کە "نفووز و دەسەڵاتێکی ئەوتۆی نییە"بەڵام وەک ئەوانی دیکە بە پشتکردن لە هەستی نەتەوەیی تاوانباری ناکا. 

ئەلێکساندر ئییاس لە ناو کۆڕی پێڕەوان و مریدانی تەکیەی غەوسابات دا

ئەمە تەنیا جارە کە ئییاس لە نامە و راپۆرتەکانیدا بۆ وەزارەتی دەرەوەی رووسیا باسی شێخ بابای کردووە. ئەگەرچی لەوەشدا ناوی نەهێناوە و تەنیا ئاماژەی پێ کردووە. بەڵام کۆمەڵێک وێنە و بەڵگە هەن کە نیشان دەدەن ئییاس و شێخ بابا دۆستایەتی و هاوپێوەندییەکی زۆریان لەنێواندا هەبووە. تا ئاستێک کە خەڵکانێک پێیان وایە ئییاس لەسەر دەستی شێخ تۆبەی کردوەو بووە بە دەروێشی تەکیە. ئاستی ئیخلاسی ئییاسیش بۆ شێخ بابا و بنەماڵەکەی لە چەند نامەی ئییاس بۆ شێخدا سۆسەی ئەو تۆبەکردنەی لێ دەکرێ. تەنانەت لە نامەیەکدا جەخت دەکاتەوە کە شێخ بنەچە و شەجەرەنامەی بنەماڵەیی خۆی بنووسێتەوە و پشتگوێی نەخا. شیخیش لە توێی شێعرێکدا، ئەو داوایەی بە قسە دەکا:

 ارشد اولاد پیر اسماعیلم               در حقیقت بە فیضش مایلم

جد من سید محمدقطب دان         نسل شە بابا سعید، غوث زمان..

وێڕای زمانزانی، گەڕیدەیی، ئۆگری بە زانست و دژایەتی لەگەڵ دەسەڵاتی عوسمانی و لاگرانی ئەو دەسەڵاتە لە سابڵاخ و موکریان، گومانەکان زیاتر بۆ ئەوە دەچن کە هەردوو کەسایەتیی فینلەندی و کورد لە سەر بنەمای پەرەدان بە هەستی نەتەوەیی کوردەکان، کۆک بووبن. لەلایەک ئییاس کە خۆی وەک شێخ بابا و وەک کورد بە گشتی، سەر بە نەتەوەیەکی بندەستە و لەلای دیکەش شێخ کە ئەگەرچی خاوەن نفووز نەبوو بەڵام جێی هومێدی ئازادیخوازان بوو. هەرچەند وێناچێ ئەو خواستە سەری لە رزگاریی نەتەوەیی و سەربەخۆیی کوردستان سوابێ و لە بنەڕەتیشدا وەک لە نامەکانی ئییاسدا دیارە، کوردی ئەو سەردەم ئەو پۆتانسیەلەی تێدا نەبووە. ئەگەر تەمەن مەودای دابان، ئەم دوو کەسایەتیە و دۆستایەتییان رەنگە لەسەر رووداوەکانی دواتری کوردستان و پێوەندیی نێوان دوو گەلی کورد و فینلاند شوێندانەر دەبوو و شەقڵیان بەسەر زۆر رووداودا بە جێ دەهێشت. بەڵام بەداخەوە ماوەی مانەوەی ئییاس لە سابڵاخ وەک سەرکۆنسولی رووسیا و دۆستایەتی لەگەڵ شێخ بابا تەنیا دوو ساڵی خایاند. لەگەڵ دەسپێکی شەڕی جیهانیی یەکەم، پڕانیی خەڵکی ناوچەکە بە فەرمانی جیهادی خەڵیفە دژ بە رووسیا، کە پشتگیریی مەلا و پیاوانی ئایینیی ناوچەکەی بە دوادا هات، بەلای عوسمانیدا شکانەوە. باسیلی نیکیتین لەم بارەوە دەڵێ: "شێخ بابا کە لەنێو کوردەکاندا جێگای رێز بوو، تەنیا کەسایەتیەکی ئایینی بوو کە دژی ئەم جیهادە وەستایەوە."
لە ژێر گوشار و هێرشی خەڵکی جیهادگەر، ئییاس و هاوکارەکانی لە سابڵاخ وەدەرنران و پەنایان بۆ میاندواو برد. چەکدارانی کورد بە پاڵپشتی دەسەڵاتی عوسمانی، لەوێشیان لێ نەگەڕان و چوونە سەریان. ئییاس لە کاتێکدا کە بۆ بردنی هێندێک بەڵگە و کەلوپەل گەڕابۆوە مزڵەکەی خۆی لە میاندواو، رۆژی ٢٩ی دێسامبری ١٩١٤ لە شاری میاندواو کەوتە بەر فیشەکی سوارانی کورد و کوژرا. بە پێی قسەیەک، کەللەسەری ئییاس لێ کرایەوە و لە نێو شاری سابڵاخ بە سەر دارێکەوە هەڵواسرا. دواتریش کرا بە تۆپی گەمەی منداڵان. هەمان بۆچوون پێی وایە لەشکری رووس دواتر لە تۆڵەی سەرکۆنسول ئییاسدا کوشتاری خەڵکی سابڵاخی کرد و هەزاران کەس لە خەڵکی ئەو شارەی کۆمەڵکوژ کرد. کارێک کە بە دڵنیاییەوە رۆحی ئییاسی پێ شاد نەبوو.

 

ئییاس لەو ماوە کەمەشدا نیشانی دا کە ئەگەر تەمەن مەودای دابا، وەک باسیلی نیکیتین و ڤلادێمیر مینورسکی، دەیتوانی لانیکەم پایەیەکی پتەوی سێ کوچکەی بەرپرسانی کوردناسی رووس لە کوردستان بێ و بەرهەمی زۆر زیاتر بۆ کورد لە خۆی بەجێ بهێڵێ. لەو ماوە کورتەشدا ئەوەی لە دوای بەجێما کۆمەڵێک راپۆرت لەسەر دۆخی سیاسیی کوردەکان، راپۆرتی گەشتێک بە ناوچە کوێستانییەکانی موکریان و کۆمەڵێک وێنەیە کە بە کامێراکەی خۆی لە ژیانی ئەو سەردەمی خەڵکی ئەو دەڤەرەی کوردستانی هەڵگرتووە. نێگاتیڤی وێنەکانی ئییاس ساڵێک دوای کوژرانی، لەنێو گیرفانی سەربازێکی کوژراوی تورک لە نیزیک تەورێز دۆزرانەوە و لە فەوتان رزگاریان بوو.

 

ئاگری شەڕی جیهانیی یەکەم و جینایەتکاریی تورکانی عوسمانی، ساڵێک دوای کوژرانی ئییاس، گیانی شێخ باباشی ئەستاند. دوای ئەوەی چەند جار هێرش کرایە سەر گوندی غەوسابات و ماڵ و کتێبخانەکەی سوتێندرا، بۆخۆشی دەستبەسەر کرا و سەرەنجام لە گوندی کەرێزەی گڵی لە نیزیک بۆکان لەلایەن سەردارێکی عوسمانی بە ناوی عومەر ناجی بەگ لە دار درا. بەوەش داخێکی گەورە کەوتە سەر دڵی دڵسۆزانی نەتەوە و ئۆگرانی رزگاریی کوردستان. داخێک کە ساڵانێکی درێژ لەسەر دڵی ئازادیخوازان مایەوە و هەژار لە "بەرەو موکریان"دا ئاوا یادی کردەوە:

گیانی خۆی داوە بە تۆ شێخ بابا

باوی شــادی بوو ئەگەر ئەو مابا


--------------------------------------------------------------------------

ژێدەر: 

٣. ماڵپەڕی موزەی هونەری وێنەگریی فینلاند (بە فینلاندی)
 ٤. فینلاندیەکان لە شەڕی یەکەمی جیهانی دا - لارس وێستێرلوند(بە فینلاندی)
٥. وێنەکانی گەمەی دوایی – نووسینی: جان چالینکۆ
                                                          وەرگێڕانی بۆ کوردی: حەسەن قازی – ماڵپەڕی روانگە
٦. زندگینامە عارف شهید شیخ بابا سعید برزنجی – سید مسعود سعیدی (فارسی)
٧. بەرەوموکریان – هەژار
٨. شیخ بابا سعید برزنجی (غوث آباد مهاباد) - رەزا داودی (فارسی)
٩.  ئەو ئێرانەی کە من ناسیم  - باسیلی نیکیتین (بە فارسی)
١٠. بە شوێن فانیی شاعیر دا – هەر لەم وێبڵاگە

گڵکۆ و گومبەزی شێخ بابا لە گوندی غەوسابات

۹/۰۶/۱۳۹۶

بۆچی هێندێک لە دۆستانی دەوری حدکا بە پێکهاتنی شورای دێموکراسیخوازانی ئێران قەڵسن؟

نەک بڵێی راگەیاندنی شورای دێموکراسیخوازانی ئێران بێ رەخنە بێ یان چاوەڕوان بین ئەو شورایە لە داهاتوو دا کاری زۆر مەزن بکا، نا، بەڵام حەساسیەتی هێندێک لە دۆستانی حدکا بەو شورایە و بە رواڵەت بە ناوەرۆکی رێککەوتنێک کە ئێرانیگەری تێدایە، هانی دام بە دوای هۆکارە راستەقینەکانی ئەو حەساسیەتە زۆرەدا بچم. ئاخر ناکرێ کەسێ ئەندامی حیزبێک بە پاشگری "کوردستانی ئێران" بێ و شانازی بە دەستەواژەی کوردستانی ئێرانەوە بکا بەڵام رەخنە لە لایەنگەلی دیکە بگرێ کە بۆچی لە ناوەرۆکی رێککەوتنەکەدا ئامادە بوون بەرامبەر بە دابین کردنی مافی نەتەوەی کورد پێبەند بە یەکپارچەیی خاکی ئێران بن. یان رەخنە لەوە بگرێ کە  بۆچی زمانی فارسی لە پاڵ بە رەسمی ناسینی زمانی سەرجەم نەتەوەکان دا، کراوەتە زمانی پێوەندی! لە حاڵێک دا بەندی ١٢ و ١٣ی فەسڵی ٢ی بەرنامەی حیزبەکەی خۆی داکۆکی کردنە لە زمانی فارسی هەم بۆ خوێندن لە پاڵ زمانی کوردی لە قوتابخانەکانی هەرێمی کوردستانی ئێرانی داهاتوو دا و هەمیش لە گوێن ناوەرۆکی رێککەوتننامەی گۆرین، دایناوە هەموو پێوەندیە فەرمیەکان لە ئاستی ئێران دا بە زمانی فارسی بێ. 

ئەمن چونکە هۆکاری رەخنە و تەنانەت جنێودانی بەشێک لەو بەڕێزانە بە ئاسایی و دڵسۆزی و کوردایەتی نازانم، لەو پێنج خاڵەی خوارەوە دا هەوڵ دەدەم هۆکاری راستەقینەی رەخنە و جنێو و حەساسیەتەکانیان دەستنیشان بکەم؛ 
١- شورا بە ناوەرۆکی رێککەوتننامەکەی و بە پێکهاتەی بەشدارانیەوە نیشان دەدا کە دەرەنجامی شکستی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵە. کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ وەک لە سەرەتاوە بۆخۆی دانابوو، نەیتوانی لایەنە ئێرانیەکان بۆ ناو خۆی رابکێشێ. هاوکات لایەنە تورکەکانیش وەک یەک لە گەورەترین نەتەوەکانی ئێران، کە لە سەرەتاوە چالاکانە لەو رێکخراوە دا بەشدار بوون، پاش ماوەیەک دانگەڕێزیان کرد و کۆنگرەکەیان بە جێ هێشت. لەو نێوەدا چەندان رێکخراوی دیکەش کە داکۆکییان لە مافی دیاریکردنی چارەنووس بۆ نەتەوەکەی خۆیان دەکرد، بەو هۆیە کە رێکخراوەکە نەیتوانی خواستەکەیان پەسند بکا، کۆنگرەکەیان بە جێ هێشت. پارتی ئازادیی کوردستان یەک لەو لایەنانە بوو.

٢- وەک گوترا، بەشی زۆری پێکهێنەرانی شورای دێموکراسیخوازانی ئێران ئەو حیزب و رێکخراوانەن کە هاوکات لە کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدرالیش دا ئەندامن. لە حاڵێک دا دوای لەتبوونی حیزبی دێموکرات، ئامانجێکی گرینگی حدکا لە کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ، پێشگرتن لە چوونی حدک بۆ ئەو کۆنگرەیە و مانۆڕ دان بەو کۆنگرەیەوە بە قازانجی خۆی بوو.

٣- کۆمەڵەی شۆرشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران نەک هەر ئەندامێکی کۆنگرەی نەتەوەکانی ئێرانی فیدراڵ کە هاوپەیمانی ستراتژیکی حدکاشە بەڵام ئێستا لە گەڵ حدک، بە بێ حدکا، یەک لە دوو لایەنی کوردستانیی بەشدار و پێکهێنەری ئەو شورایەیە.

٤- باسی یەکگرتنەوە لە ئاستی رێبەریی حدک و حدکا دا گەرمە و دەگوترێ دوو لایەن زۆر لێک نیزیکن. پێوەندیدار بەم باسە، لە ناو ئەو بەشە لە بەڕێزانی حدکا دا، دوو دەستە بە هۆکاری دژ بە یەک، دژی ئەم شورایە بوون بە یەک و بە هۆکاری جیاواز حەساسیەت بە پێکهاتنی ئەو پێکهاتەیە نیشان دەدەن: 
الف. دەستەیەک پێیان وایە حدک بە دامەزرانی ئەو شورایە بە ئاواتی چەند ساڵەی چوون بۆ کۆنگرەی ئێرانی فیدراڵ گەیشتوە و لە یەکگرتنەوەدا دەیکا بە ئاتۆ یان پێی غەڕە دەبێ. ئەوان نیگەرانن کە بەو هۆیە یەکگرتنەوە شکست بێنێ. لەم بارەوە ئەگەر بۆچوونەکەی من درووست بێ، هیوادارم حدک نیگەرانیی ئەو بەڕێزانە بڕەوێنێتەوە. 
ب. دەستەیەکی دیکە ئەوانەن کە هەڵبڕانەوەی حدک و حدکا بە هۆی دامەزرانی ئەم شورایە و ئەندامەتی یەکیان و بەشداری نەکردنی ئەویدی، بە دەرفەتێک بۆ زیاد کردنەوەی کەلێنی نێوان دوو لایەن و شکستی یەکگرتنەوە بە کار دێنن. ئەم دەستەیە زیاتر ئەوانەن کە خوازیارن پرسی یەکگرتنەوە لانیکەم جارێ وەلا بنرێ تا کۆنگرە بگرن و..

٥- بە تایبەت دەستەی دووهەم حەساسیەتی خۆیان بە بوونی کەسایەتیی کاک خالیدی عەزیزی لە کۆبوونەوەی راگەیاندنی شورا ناشارنەوەو دەشیانهەوێ وا لە خەڵک بگەیەنن کە ئەوە رێزدار خالیدی عەزیزی بوو لە کۆبوونەوەکە تەلەفونی بۆ کابرای فارس کرد و هەر لەوێ بە یەکەوە تێکستی رێککەوتنەکەیان نووسی! وەک بڵێی نەک دەفتەری سیاسی و رێبەریی حیزبی دێموکراتی کوردستان تەنانەت لایەنەکانی دیکەی بەشدار بە رێبەرانی بەشدار نەبوویانەوە، ئاگایان لە مەحموودی بێ زەواد نەبووبێ و هەمووی بەرهەمی کاری بەڕێز عەزیزی‌یە!
ئەمە قسەیەکی خۆشی شەهید لوقمان فولادی وەبیر هێنامەوە کە با ببێ بە کۆتایی ئەم باسە و یادێک لەو شەهیدە نەمرەش:
گێڕایەوە؛ تیمێک پێشمەرگە بووین لە دەڤەری ورمێ کە ئێوارەیەک چووینە لای شوانێک. رادیۆی دەنگی کوردستانی ئێرانمان گرت کە هێشتا بەرنامەکانی دەستیان پێ نەکردبوو و وەختی شمشاڵەکەی قالەمەڕە بوو. شوان بە ئاماژە بە دەنگی شمشاڵەکە گوتی: من ئەو حیزبەم هەر لە بەر ئەو کابرایە خۆش دەوێ. 
پرسیم: بۆ دەیناسی؟
وا دەکا: چما نە دوختور قاسملوویە؟! 
تۆمەز پێی وا بوو لەم حیزبەدا هەموو کارێک هەر دوکتور قاسملوو بە تەنێ دەیکا و تەنانەت هەموو ئێواران دێ لە سەر رادیۆ شمشاڵیش بۆ خەڵک لێ دەدا.

۸/۲۴/۱۳۹۶

بووم، بوومەلەرزە، بوومەلێڵ، بوودڕ، بەر و بووم، بوڕکان، بوار، کوندەبوو


کە دیاردەیەک پەیدا بوو یان کارەساتێک هاتە ئاراوە، وشە و دەستەواژەی پێوەندیداریش دەژێنەوە. ئەم رۆژانە لە سۆنگەی ئەو خەسارە زۆرە گیانی و ماڵییەی بوومەلەرزە لە رۆژهەڵات و باشووری کوردستانی دا، وێڕای هاوخەمی بۆ زیانلێکەوتوان و بەهاناوەچوونیان، ماکەی وشەی بوومەلەرزەش بۆتە جێی تێفکرین. 
ئەم وشە مەنحووسە لە دوو بەشی 'بووم' و 'لەرز' چێ بووە. وشە یان کرداری لەرز یان لەرزین بە واتای لەرین و جووڵانەوە وشەیەکی ناسراو و واتای روونە. بەڵام بووم بە واتای هەرد یان زەوی، زۆر ناسراو نییە. هەر لە بەر ئەوەش کەسانێ بە جێی بوومەلەرزە یان بوولەرزە، لە وشەگەلی وەک زەمین لەرزە، هەرد هەژێن و وشەگەلی دیکە کەلک وەردەگرن.
وشەکە بە هەردوو شێوەی "بوم" و "بو" جگە لە بومەلەرزە یان بولەرزە، لە پێکهاتەی چەندان وشەی دیکەش دا هەیە. بۆ وێنە: بودڕ (رەهەند ، دڕینی هەرد، رێگا کردنەوە بە بن هەرد دا)، "بەر و بوو" یان "بەر و بووم" (بەرهەم و داهاتێک کە لە زەوی بەرهەم دێ) بە ئەگەری زۆر لە بنەڕەت دا "بەری بووم"ە بە هەمان واتای بەرهەمی زەوی. بو یا بووم هەروەها رەنگە لە "بوڕکان"یش دا هەبێ. ئەگەر ئەم بۆچوونە درووست بێ، ئەوە "رکان" پێوەندی بە "رک/رق" هەیە و بورکان واتای تووڕە بوونی هەردە.
"بو" بە واتای هەرد و وشکایی لە وشەی بواریش دا هەیە و بە ئەگەری زۆر بوار لە دوو وشەی "بو" و "دار" کەوتوەتەوە. بەو پێیە کە بو یان بوم زەوی وشکایی دەگرێتەوە.
هەروەها بوومەلێڵ کە تاریک و روونی بەیانی یان ئێوارەی پێش تاریکایی داهاتنە ئەو کاتەی هەرد (بووم) بە لێڵی دەبیندرێ.
وشەی بووم لە 'کوندەبوو'ش دا هەیە بەو هۆیە کە کوندەبوو زیاتر لە ناو هەرد دا کون ساز دەکا و تێیدا دەحاوێتەوە. کون/دە/بوو: کون دە زەوی، ئەو باڵندەیەی کون و لانەی لە هەرد دایە. رەنگە ئەوە زیاتر کوندەبوو و بوولەرزە لێک ببەستێتەوە تا ئەوە کە پێمان وا بێ بوولەرزە وێران دەکا وکوندەبوو هێلانەی تێدا دەکا.

۸/۱۱/۱۳۹۶

کێ براوە و کێ دۆڕاوە؟


ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی باشووری کوردستان هەر لە سەرەتاشەوە قەرار نەبوو بەم زووانە سەربەخۆیی لێ بکەوێتەوە تا پێوانەیەک بۆ سەرکەوتن یان سەرنەکەوتنی دابنێین. رێژەی زۆری دەنگی بەڵێ، داکۆکی لە خواستی سەربەخۆیی کورد و گەیاندنی ئەم خواستە بە گوێی هەموو دنیا، دەسکەوتەکانی ریفراندۆم بوون. بەڵام کاردانەوەکان دژ بە ئەنجام دان، دەرەنجام و ئەو خەسارە قورسەی کە بە بیانووی ریفراندۆم لە کوردستان درا، وای کرد ئەگەر کۆی پڕۆسەکەش بە سەرکەوتوو دابنێین، دۆڕاو و براوەی لێ دەستنیشان بکەین. بێگومان دەوڵەتی عێراق بە پلەی یەکەم و کۆماری ئیسلامیی ئێران بە پلەی دووهەم هەتا ئێستا براوەی سەرەکین. بەڵام براوەبوونی ئەوانیش موتڵەق نییە. بە تایبەت ئێران کە لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان دا خۆپێشاندانی هەزاران و رەنگە دەیان هەزار کەسی بۆ پشتیوانی لە ریفراندۆم و سەربەخۆیی وەڕێخرا و چالاکانی سیاسی و مەدەنیی کورد بەوانەشەوە کە بە ئیسلاح تەڵەب و سەر بە حکومەت دەزاندرێن، لێبڕاوانە پشتیوانیی خۆیان بۆ سەربەخۆیی باشوور و لە ئاکام دا سەربەخۆیی خۆیان راگەیاند. هەر بۆیەش ئێران ئێستا دەستەودامێنی جاشەکان بووە تا وا نیشان بدا کە کوردی رۆژهەڵات دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامییان قەبووڵە و دەسەڵاتیش کێشەی لە گەڵ کوردی رۆژهەڵات نییە. هەروەها گوشاری ئەمریکا بۆ سەر حەشدی شەعبی و وەبیرهێنانەوەی تیرۆریست بوونی بەشێک لە فەرماندەکانی، زەق بوونەوەی ئاستی دەسوەرانی ئێران لە عێراق، بەرەوپێش چوونی رێژەیی هەوڵی ئەمریکا و عەرەبستان بۆ ئەوەی عەبادی لە ئێران بکێشنەوەو دەستی ئێران لە عێراق کورت بکەنەوە، بەشێک لە زیانەکانی ئێران لەم ماوەیەدا بوون.
لە ئاستی ناوخۆی باشووری کوردستانیش دا هەموان وەک یەک دۆڕاو یان براوەی ئەم ریفراندۆمە نەبوون. جگە لە قوباد و رێبوار تاڵەبانی، رەنگە بنەماڵەی تاڵەبانی بە دەست تێکەڵ کردن لە گەڵ دوژمنانی کورد، دۆڕاوی سەرەکیی ئەم ریفراندۆمە بن. ئەوان وەک حەمەد بەگی لێتان لە بەرخودانی قەڵای دمدم یان مەلای خەتێ لە شۆرشەکەی میری رەواندز دا، بۆ هەتا هەتاێێ ناویان بە بێزراوی لە مێژووی کورد دا تۆمار دەکرێ.
براوەی سەرەکیی ریفراندۆم رەنگە شاسوار عەبدولواحید بێ. ئەو هەر نیەتێکی هەبووبێ، لە سەرەتاوە لێبڕاوانە رایگەیاند کە ریفراندۆم کارێکی ناوەخت و زیانبار دەبێ و سەرەڕای گوشاری قورس و ناو و ناتۆرەی زۆر، لە قسەی خۆی پەشیمان نەبۆوە. دەرەنجامیش دیتمان کە قسەی ئەو راست بوو. نە باشوور سەرەڕای دەنگی نیزیک بە ٩٣٪ بۆ سەرەبەخۆیی، نە وڵاتانی ناوچە و نە جیهان ئامادەی قەبوڵ کردنی ئەم ریفراندۆمە نەبوون. تەنانەت رێبەرانی پارتی دێموکراتی کوردستان لە نێو خۆشیان دا سەبارەت بە ئەنجامدانی ریفراندۆم ڕایان وەک یەکیەک نەبوو و لە سەری کۆک نەبوون. مەسعوود بارزانی کە لە سەرەتاوە ریشی خۆی لە گرەوی ئەم ریفراندۆمە نا و بە جۆرێک گرەنتی بە خەڵکی کوردستان دا، رەنگە دووهەم زیانباری ئەم ریفراندمە بوو. ئەو دەیویست لەو کۆتایی تەمەن و دەسەڵاتەی دا میراتێکی بە نرخ بۆ نەتەوەکەی بە جێ بێڵێ و ناوی زیاتر بە نەمری بمێنێتەوە بەڵام دەرەنجام بەو جۆرە نەبوو کە دەیویست. دەرەنجام ناچار بوو لە سەرۆکایەتیی حوکمداریی کوردستان بچێتە دەر و گۆڕەپانەکە بە جی بێڵێ. بەشی زۆری دەسەڵاتەکەشی رادەستی نێچیروان بارزانی کرد. بەوەش سەرەڕای ئەوە کە هەم پارتی و هەم حکومەتی هەرێم لەم یاریەدا کیش بوون، بەڵام لە ناوخۆی پارتی دێموکرات دا باڵی مەسروور بارزانی کە بە باڵی پاراستن ناسراوە لە بەرامبەر باڵی نێچیروان بارزانی کە باڵی حکومەتە، شکا. ئەگەر کوردستان بێ خەسار لە ئەنجامدانی ریفراندۆم دەرباز با، و باڵی مەسروور بارزانی کە بە جۆرێک میعماری ئەم ریفراندۆمە بوو، سەرکەوتوو دەبوو. لە راستی دا دەزگا سیخوڕیەکانی هەر دوو حیزبی دەسەڵاتدار، واتە پاراستنی پارتی بە سەرۆکایەتیی مەسروور بارزانی و زانیاریی یەکێتی بە سەرۆکایەتیی لاهوری شێخ جەنگی، هەر کام بە ئاراستەی جیاواز دا، دۆڕاوانی سەرەکیی ئەم ریفراندۆمە بوون.
لە ناو یەکێتی دا دەکرێ بڵێین کۆسرەت رەسووڵ عەلی لە رووی ئیخلاقی سیاسی، باوەڕی قووڵ بە کوردایەتی و بەرخودانی پێشمەرگانە براوە بوو بەڵام لە ئاستی کوردستان دا لە گەڵ مەسعوود بارزانی شەریکی زیان و دۆڕان بوو. بەڵام قوباد تاڵەبانی و بەرهەم ساڵح کە لە گەڵ نێچیروان بارزانی سێ گۆشەیەک بۆ پێڕەو کردنی سیاسەتی میانەڕەوی و سازان پێک دێنن، لە باری سیاسی‌یەوە براوە بوون. ئەوان هەم لە ئاستی کوردستان و هەم لە ئاستی عێراق، هەم لە ئاستی ناوچە و هەم لە ئاستی دنیا دا بە لاگرانی توافق و سازان ناسراون. لەوە بە دوا ئەم سیانە لە گۆڕەپانی سیاسیی کوردستان دا زیاتر دەور دەگێڕن. وێدەچێ باڵی پاراستنی پارتی دەرکی بەوە کردبێ بۆیە لە ئێستاوە کەسانی نیزیک لە پاراستن بە هەڵبەستنی تۆمەت و لەقاودان، هێرش بۆ سەر بەرهەم ساڵحیان دەست پێ کردوە. هۆکاریش ئەوەیە کە لە ناو پارتی بە تایبەت لە ناو بنەماڵەی بارزانی دا کێشەکان ناخرێنە دەرەوە و بە پێی پڕەنسیپ و ئیخلاق، ململانێکان هەر لە ناو بنەماڵە یان لە ناو پارتەکەدا دەهێڵنەوە. بۆیەش بە جێی هێرش بۆ سەر نێچیروان بارزانی، نووکی رمبیان رووی لە بەرهەم ساڵحە. ئەو هێرشانە بە تایبەت دوای ئەو قسەیەی د. بەرهەم پەرەی گرت کە وتی بە جێی هێرش و خوێنڕشتن، با دەوڵەتی عێراق کەیسی ریفراندۆم بباتە دادگای فیدراڵی و دادگا بڕیاری لە سەر بدا. دوا جاریش دەرکەوت کە د. بەرهەم ئاماژەیەکی درووستی داوە. بە پێچەوانەی چاوەڕوانیەکان، ئەمڕۆ دادگای فیدراڵی عێراق رایگەیاند کە ناتوانین بڵێین ریفراندۆم نادەستووری بووە.

بابەتی نوێ:

حیزب وەک سەنتەر، ستراتژیی حیزب وەک سەنتێز

سەردەمی ئێستا، سەردەمی بەئاگاهاتنەوەی هەرچی زیاتری نەتەوە بندەستەکانە. سەردەمی ‏هەوڵدانی بە کۆمەڵی کۆمەڵگا ژێردەستەکان بۆ سڕینەوەی سێبەری دا...