کە بوومەلەرزەی ماڵوێرانکەر
بەشێک لە خاکی رۆژهەڵاتی کوردستانی هەڵتەکاند، ئازارەکەی تەنیا ئەوانە نەیانچێشت
کە ژیان و ماڵیان بەر بوومەلەرزە کەوت. هەستی نەتەوەیی، نیشتمانپەروەری و مرۆڤدۆستی،
وای کرد هەمووان هەوڵ بدەن خەمەکان لە سەر شانی خەڵکی بەڵالێدراو سووک بکەن. کوردان
لە سەرانسەری شار و ناوچەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە، بە هانای هاونەتەوەییە
بوومەلەرزە لێدراوەکانیانەوە چوون. ئەم بەهانا چوون و بە فریا گەیشتنە حەماسەیەکی
نەتەوەیی کەموێنەی لە ناو خەڵکی کوردستان دا خوڵقاند. لەم حەماسە نەتەوەییەدا، هیچ
ناوچەیەکی کوردستان بێ خەم نەبوو. هیچ شارێکی کوردستان خۆی وەدوا نەدا. جیاوازییە
ناوچەیی، زاراوەیی و ئایینییەکان، هیچ شوێنێیان لە سەر هاوخەمی و ئاستی بەهاناوە
چوونی ئەوان دانەنا. بەڵام لە ئاسمانی پڕ ئەستێرە و لە ناو ئەستێرە گەشەکانی
ئاسمانی ئەو رۆژانەی رۆژهەڵاتی کوردستان دا، ئەستێرەیەک زیاتر درەوشاویەوە و ناوی
شارێک زیاتر بەر گوێ دەکەوت.
لە رەوتی کێشانەوەی یارمەتییە
مرۆییەکان لە شار و ناوچە جۆراوجۆرەکانی کوردستانەوە بۆ خەڵکی بوومەلەرزە لێدراوی
ناوچەی کرماشان، مام ئەبووبەکری مەعروفی، سەرەڕای هەڵکشانی تەمەن و کەمبوونەوەی
تاقەتی سەفەر بۆ رێگای دوور، ماشێنەکەی لە یارمەتیە سەرەتاییەکانی خەڵک بۆ
هاونیشتمانانی لێقەوماو، ئاخنی و لە بۆکانەوە بەرەو کرماشان وەڕێکەوت. گەرچی دڵ
هەروا بە خۆشەویستیی نەتەوە و نیشتمانەوە لێی دەدا بەڵام رێگا دوور، شەو تاریک و
چاوەکانی شۆفیرە بە ساڵاچووەکەی ئێمەش سۆمایی ساڵانی لاوییان تێدا نەمابوو. لە
نیزیک شاری جوانڕۆ ماشێن چەپی کرد و نەگەییە مەنزڵ. لە ئەنجامی ئەو رووداوەش دا بە
داخەوە کاک ئەبوبەکری مەعرووفی گیانی لە دەست دا.
هەواڵی گیان لە دەستدانی کاک
ئەبوبەکر مەعروفی لە رێگای گەیاندنی یارمەتیە مرۆییەکان بۆ هاونەتەوەیی و
هاونیشتمانانی، تۆمار بە تۆمار بڵاو بۆوە و کوردستانی پێ خەمبار بوو. خەڵک هەر زوو
وەک قارەمانێکی نەتەوەیی ناویان برد و ناسناوی شەهیدی مرۆڤایەتییان پێ دا.
دواجاریش مەرگی ئەو بوو بە هۆکار تا ئەو هاوسۆزیە نەتەوەییەی کە بۆ بەهاناوەچوونی
بوومەلەرزەلێدراوان لە شار و ناوچەکانی رۆژهەڵاتەوە دەستی پێ کردبوو، بە هەمان
حەماسەی نەتەوەیی، لە پارێزگای بوومەلەرزە لێدراوەوە رەوتی پێچەوانەی بگرێ.
دانیشتوانی پارێزگای کرماشان و پاشان سنە، تەرمی کاک ئەبووبەکریان وەک قارەمانێکی
نەتەوەیی بەرەو بۆکان بەڕێ کرد. بەڵام ئەمە یەکەم جار نەبوو کە پێوەندیی و
خۆشەویستیی نێوان دوو شاری بۆکان و کرماشان ئاوا خۆی دەنواند. ئەمڕۆژانە کە لاوانی بۆکان لە یاریی تیمی
سەرداری بۆکان دا پلاکاردێکیان بە ناوەرۆکی "کرماشان بۆکان تۆ هیچکات لە بیر
ناکا" بەرز کردبۆوە، حیکایەتی هاوسۆزیەکی سادقانە بوو کە رەگی لە رابردووی خۆشەویستیی نێوان ئەو دوو شارە دایە. کارەساتی بوومەلەرزە و
پاشان مەرگی کاک ئەبووبەکر، لە راستی دا پێوەندیی عاتفی و خۆشەویستیی ئەم دوو شار
و ئەو دوو ناوچە خۆشەویستەی کوردستانی نوێ کردەوە.
ئەگەر کرماشان لە دێرزەمانەوە
بە هەڵکۆڵدراوە مێژوییەکانی بێستوون و ئەفسانەی فەرهاد و شیرین بە ناوبانگە، ئەوە
هیچ شار و ناوچەیەکی کوردستان هیندەی بۆکان لە ژێر کارتێکەریی ئەم ئەفسانەیە دا نەبووە.
سەرەڕای ناجیرانەتی و دووریی جوگرافیایی دوو ناوچە لە یەکتر، چیرۆکی شیرین و
فەرهاد لە ناوچەی بۆکانیش دا بە هەمان شێوەی نەزم و هۆنراوە، چیرۆکێکی ئاشنا بوو.
ئەگەرچی بە نەنووسرانەوەی، رەنگە بە داخەوە لە بیرچووبێتەوە و ئیستا نەمابێ. ئەمن
بۆخۆم زۆر دێڕی هۆنراوەی شیرین و فەرهادم لە پێشینان بیستبوو. یەکەم جاریش لە کاتی
نووسینی "ساڵی کچە هەرمەنی"دا بیرم بۆ کارتێکەریی چیرۆکی شیرینی ئەرمەن
چوو وەک یەک لەو فاکتەرانە کە سەد و سی ساڵ لەوە پێش، خەڵکی ناوچەکەی هان دا تا
بەهانای عەزیز و فاتمی تازە موسوڵمانەوە بچن و لە دەست دوو دەسەڵاتی تاران و
بریتانیا بیانپارێزن.
جگە لە چیرۆکەکە، لە باری
فیزیکیش، رەنگە هیچ ناوچەیەک هیندەی بۆکان، ئیلهامی لە ئەفسانەی بێستوونی کرماشان
وەرنەگرتبێ. هەر لە فەرهادتاشەکانی بیبی کەند و سماقانەوە تا پێمەڕەی فەرهادی پاڵ
تەرەغە، چەندان چیا و ئەشکەوتی تاشراو و هەڵکۆڵدراوی ناوچەی بۆکان ناوی
فەرهادیان بەسەرەوەیە. تا ئاستێک کە فەرهادتاش ناوی ناوچەیەکی بەرینی هەرێمەکەیە.
بەڵام ترۆپکی خۆشەویستیی
بۆکان بۆ کرماشان، بە هۆی حەسەن زیرەک، هونەرمەندی بە ناوبانگی بۆکان و کوردستان بوو.
ئەگەر بۆکان و کرماشان هەردوویان کوردستان نەبان، دەکرا بڵێین زیرەک سەفیری بۆکان
لە کرماشانە. کرماشانیەکانیش خۆشەویستیی بێ سنووریان بۆ ئەو هونەرمەندە
ئەفسانەییەی کوردستان و بۆکان هەبوو و هەیە. بەڵام زیرەک بە گۆرانیی "کرماشان" لە
ترۆپکی ئەم پێوەندی و خۆشەویستیەی نێوان ئەو دوو شارە خۆشەویستەدا راوەستاوە. ئەو
رەنگە هیچ گۆرانیەکی تازەی خۆی هیندەی "کرماشان" نەگوتبێتەوە و دووپات
نەکردبێتەوە. تەنیا ئەو جارانەی کە لە گەڵ گوتنەوەی دا توانیویەتی تۆماریشی بکا و
ئەمن لە سەر یوتیوب توانیم گوێیان لێ بگرم، زیاتر لە چوار تۆمارکراوی جیاوازە. بە
جیاوازیی موزیکەکانیشیانەوە دیارە کە زیرەک بە میوانی یا ئاوارەیی، لە هەر دوو
دیوی ئێران و عێراق، خۆشەویستیی کرماشانی بە گۆرانیی کرماشان لە گەڵ خۆی گێڕاوە.
ئەوە سەرەڕای تێکستی پڕ لە هەستی نەتەوەیی ناو گۆرانیەکە لەوانە "شاری جوان و
کوردنشینم" یان "کرماشان جێگای ئەژدادم". گەرچی ئێمە زیرەک بە
گۆرانیبێژێکی سیاسی نازانین بەڵام گۆرانیی کرماشان داکۆکیی ئاشکران لە کوردستانی و
کوردبوونی کرماشان و هەوڵدان بۆ بڕینی چاوی تەماحی بێگانە لە سەر ئەم شارە
خۆشەویستە.
لە کۆتایی دا، هیوا دەخوازین
شارەکەمان لە بەڵای سروشت بە دوور و لە دەست داگیرکەر رزگار بێ، بوومەلەرزە و هیچ
بەڵایەک روو لەو شارە و هیچ جێگایەکی کوردستان نەکا و لە گەڵ زیرەکی مەزن دەڵێین:
کرماشان شارێکی بەرزە
شارێکی بە نەزمو تەرزە
دوور بی تۆ لە بوومەلەرزە
-------------------------بە هێندێک جیاوازی، لە ژمارە ٧١٥ی رۆژنامەی کوردستان، ئۆرگانی حیزبی دێموکراتی کوردستان دا بڵاو کراوەتەوە