۲/۳۱/۱۴۰۲

مەڕبێنە

 لە گوندی هەرمۆتەی مەسیحی نشینی پەنا کۆیە، چاکێک بە ناوی "ماڕ بێئەننا قەدیشە" هەیە کە لای پێڕەوانی هەردوو ئایینی مەسیحی و ئیسلامی پیرۆزە. مار یان ماڕ وشەیەکی رێزنانی مەسیحییەکانی مێزۆپۆتامیایە بۆ ئۆسقۆفی گەورە یان بۆ ئەوانەی لەڕێگای پاراستنی دینەکەدا گیان بەخت دەکەن. بێئەننا ناوی تایبەتە و قەدیشەش هەمان قەدیسەیە بەواتای پاک و پیرۆز. خەڵکی دەڤەرەکە ناوی "ماڕبێئاننا"یان کردووە بە "مەڕبێنە". هەر لەو ناوەش کە بۆخۆیان تێکیانداوە، پێیانوابووە "مەڕبێنە" دەڵێ مەڕم بۆ بێنن. زۆر جار مێگەلە مەڕەکانیان وەسەر مەڕبێنە دەگێڕا و حەوت جار تەوافی گومبەزەکەیان پێ دەکرد. پێیان وابوو بەوە مەڕبێنە بەڵا لە مەڕەکانیان دوور دەخاتەوە. جا ئەگەر مەڕێک بەجێ مابا یان وەدوایە کەوتبا، دەیانگوت ئەوە نەزری مەڕبێنەیە و مەڕبێنە دەڵێ ئەو مەڕەی بۆ من بێنن. خێرا دەیانکوشتەوە و دەیانکرد بە قوربانی و بە بەڵاگێڕەوەی مەڕەکانی دیکە.

وەک گوترا، مەڕبێنە لای موسوڵمانەکانیش گرینگ و پیرۆزە و "شێخ محەممەدی دێرێ"ی پێ دەڵێن گەرچی دێریش هەر پەرستگەی مەسیحییەکانە.
مەڕبێنە ئێستا بووە بە پاڕک و جومعانە موسوڵمانان و ساڵانەش لە ڕۆژێکی تایبەتدا مەسیحییەکان لە دوور و نیزیکەوە لێی کۆ دەبنەوە.








۱/۲۰/۱۴۰۲

چ کەردەن؟

 ئێمەی کورد بۆ ئێستا و داهاتووی ئێران دوو ئەرکی گرینگمان هەیە کە دەبێ هاوتەریب بەرەوپێشیان بەرین:

الف - یەکخستنی ناوماڵی کورد، هاندانی لایەنەکان بۆ ئەو یەکگرتوویییە و بەگژداچوونەوەی هەر هەنگاوێک کە زیان لەو یەکگرتووییەمان بدا
ب - هێنانە سەر خەتی نەتەوەکانی دیکە و خۆ نیزیک کردنەوە و خۆڕێکخستن لەگەڵ ئەو نەتەوانە گرینگترین کارتێکە کە کورد وەک ڕێکخراوترین و مافخوازترین نەتەوە، دەبێ بە دروستی یاری پێ بکا. تا پێش لە شۆڕشی ژینا، فارسەکان لە کارتی نەتەوەکانی دیکە بۆ سەرکوتی کورد و خواستەکانمان سەرکەوتووانە کەلکیان وەرگرت. بەڵام کاتێ لە تەورێزەوە بانگی "ئازەربایجان بێدارە و پشتیوانی کوردستانە" گوترا، لە تارانەوە کورد بە چاو و چرای خەبات ناوی هات و لە بلوچستانەوە دروشمی کورد بە تەنیا نییە و بلوچ پشتیوانییە بەرز بۆوە، ئەو کارتە بە قازانجی کورد وەرگەڕا. بۆیەش ئێمەی کورد دەبوو و دەبێ بە باشترین شێوە لەو وەرسووڕانە و لەو کارتە کەلک وەرگرین. ئەوەش پێش هەر مەبەستێک، دەبێ بۆ شکاندنی شکۆی دەسەڵاتدارەتیی فارس بە هەر کام لە شێوەکانی پادشاهی، ئیسلامی و کۆماری و هەر شێوازێک کە ئامادە نەبێ دان بە مافی نەتەوەکاندا بنێ، کەلکی لێ وەربگیرێ. بۆ هێنانە سەر خەتی نەتەوەکان و پێکهێنانی هاوپێوەندی لە نێوانماندا، پێویستە هەر جۆری بۆمان دەکرێ لەو ڕێگایانەی خوارەوەدا هەنگاو بنێین:
١- هەوڵ بدەین لە خۆشی و ناخۆشیی هەموو نەتەوەکانی دیکەدا بێ جیاوازی بەشدار بین؛
- گەر لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هەشتەگ و تۆفانی تویتێرییان هەبوو لەگەڵیان بەشدار بین
- گەر جێژن و بۆنەیەکیان هەبوو، بە چڕی پیرۆزباییان پێ بڵێین و جێژنیان لەگەڵ بگرین.
- ئەگەر کارەساتێکیان بەسەردا هات، هاودەردییان لەگەڵ بکەین و بە پێی توانا یارمەتییان بدەین.
- لە خۆپێشاندانەکانماندا ئەگەر کەسیشیان لەگەڵمان نەبوو، بۆخۆمان ئاڵایەکیان بۆ هەڵبدەین
- لە جێژن و بۆنەکانماندا بانگیان بکەین و ڕێگایان بدەین پەیامیان هەبێ.
- لە سەر میدیاکانمان وەختیان بۆ تەرخان بکەین.
٢- لە تویت، کامێنت یان بابەتی کێشە خوڵقێن، لە دانانی نەقشەی خەیاڵی، لە گێڕانەوەی مێژوو و هەر شتێکی دیکە کە هۆی نیگەرانیی نەتەوەیەک لەو نەتەوانەی لێ بکەوێتەوە، خۆ ببوێرین. ئەوە بە تایبەتی لە پێوەندیی نێوان کورد و تورک، کورد و عەرەب و کورد و لوڕدا بۆ ئێمەی کورد گرینگە لەبەرچاوی بگرین.
٣- چارەنووسی هەر شار، ناوچە یان پارێزگایەکی جێی مشتومڕ بە داهاتوو و بە دەنگی خەڵکی ئەو شوێنانە و بە پاراستنی مافی کەمینە لەهەر حاڵەتێکی دابەشکردندا بسپێرین و ئێستا نە بیاندەین بە هیچ نەتەوەیەک و نە بە دەستیان لێ بەر بدەین. هاوکات هەوڵ نەدەین بکەوینە ناو ئەو کێشانەی کە تاکی ئەوان یان ڕەنگە دەزگا سایبێرییەکان لە دانانی ئەو شتانە بۆ هاندانی ئێمە و پێکوەرکردنمان دەیهێننە گۆڕێ.
٤- لە کێشەی نێوان نەتەوەکاندا مەگەر کێشەیان لەگەڵ فارسەکان هەبێ ئەگینا باشترە بێلایەنی بپارێزین و چەندی بۆمان کرا دەست لە کاروباریان وەرنەدەین. بە تایبەت لە کێشەی نێوان لوڕ و عەرەب یان تورک و گیلەک یان گیلەک و تەبەریدا
٥- پەرەگرتنی ئەو خواستە نەتەوەییانە و زۆربوونی ڕادەیان نیگەرانمان نەکا و بە هەڕەشەیان نەزانین و بەرچاوتەنگانە مامەڵەیان لەگەڵ نەکەین.
٦- هەوڵ نەدەین هێژەمۆنیی خۆمان بەسەر هیچ گەلێکدا بسەپێنین یان نەتەوەیەکی دیکە بە بەشێک لە کورد لەقەڵەم بدەین. ئیزن بدەین خەڵک لەداهاتوودا بۆخۆیان بڕیار لەسەر شوناسی نەتەوەیی خۆیان بدەن و نیزیکایەتییەکان بکەین بە هۆی دۆستایەتی و هاوکاری نەک هەوڵدان بۆ قووتدانی نەتەوەیەک لە لایەن نەتەوەی ئێمەوە. هەوڵی ئاوا زیاتر نێوان ناخۆشی لێ دەکەوێتەوە کە بە قازانجمان نییە. ئەوە بە تایبەت ڕووی لەو ڕوانگەیە کە لوڕەکان بە کورد دەزانێ لەحاڵێکدا لوڕەکان بۆخۆیان لەو بارەوە کۆک نین.
٧- شۆڕشی ژینا شۆڕشێکی سیکۆلار و نادینییە. نەهێڵین لەپێوەندیی لەگەڵ ئەو نەتەوانەدا پرسی ئایین و دین ڕەنگدانەوەی بەسەر ئاست و جۆری پێوەندییەکانماندا هەبێ. لە هەمانکاتدا کە دەبێ ڕێز لە بۆچوونی ئایینیی جیاوازی ئەوان تا ئەو جێگایەی زیانی بۆ ئایین و خەڵکی دیکە و بۆ کۆمەڵگا نەبێ، بگرین.
٨- لەگەڵ فارسەکانیشدا پێویستە هێرشمان بۆ سەر ڕۆحی هێژەمۆنی خوازی و خۆ بە زلزانیی و خۆ بە گشت زانیی ئەوان بێ نەک بێڕێزی بە نەتەوەیەک لە نەتەوەکان. پێویستە پێیان بسەلمێنین کە ئەوانیش وەک هەموو نەتەوەکانی دیکە، لە نەتەوەیەکی ناو ئەو هەموو نەتەوەیە نە زیاترن و نە کەمتر.


۱/۱۸/۱۴۰۲

ژاکاوێک بە شێعری گەشەوە


نێوەڕاستەکانی دەیەی شەستی هەتاوی، منیش لەو مەدرەسەیە دەمخوێند کە ئەو دوو پۆل لەپێش منەوە بوو. مەدرەسەی ١٧ی شەهریوەر لە گەڕەکی سێ‌ئاشانی مەهاباد. من ساڵی یەکەمی ناوەندی و ئەو ساڵی سێهەم بوو. لەگەڵ کاکم هاوکلاس و دەستەبرا بوون. هاوناویش بوون. زۆر ڕۆژان کاکم تا بەر دەرگای ماڵێیانی لەگەڵ دەچوو. جاری واش بوو دەچوو سەردانی دەکرد و دەرسەکانی بۆ دەخوێندەوە. دەیگوت کەمتر وا هەیە دوو جاری بۆ بخوێنمەوە و یەک جار بەسە بۆ ئەوەی لەبەری کا و لەبیری بێ.

یەکەم جار ڕەنگە ساڵێک یان دوو ساڵ دواتر بوو کە بە هۆی هاوڕێکانمەوە بە ئاودەنگی قسەم لەگەڵ کرد. زۆر زوو هەستی بە ئاشنابوونی دەنگم کرد و هەڵیدا کە برای ناسری هاوڕێی ئەوم! مرۆڤێکی ڕەزا سووک، قسەخۆش و خۆماڵی بوو. ئەویش وەک من منداڵی لادێ بوو. لەدایکبووی بەردەڕەشانی گوڵاویاغای سەر جادەی مەهاباد-میاندواو. تا پۆلی سێی سەرەتایی چاوەکانی مابوون و ژیانی ساکار و سروشتی دڵڕفێنی لادێی دیتبوو. هەر ئەو ماوە کەمەی تەمەن شوێنی لەسەر هزر و هەستی بە جێ هێشتبوو.

دەیانگوت شاعیرە. من چم لێ نەبیستبوو و لێم نەخوێندبۆوە بەڵام هەر ئەو ساڵانە لە یەکێک لە ژمارە سەرەتاکانی سروەدا شێعرێکی چاپ بوو. شێعرێکی جوان و دڵگیر بوو. دواتر ناوبانگی ئەدەبی بەرز بۆوە. ناسناوی شێعریی ژاکاو بوو. شاعیرێک کە سەرەڕای نابینایی، جوانی ناس و جوانی نووس و جوان نووس بوو. هاوکات شاعیرێکی شۆڕشگێڕ و تا سەر ئێسقان کوردپەروەر و نیشتمانخۆشەویست. لە دۆخی دیکتاتۆری و داگیرکراویی وڵاتدا ئازایەتی بە شێعرەکانییەوە دیار بوو؛

ئەی هەوری لێڵ و ڕەشی وڵات و دیارەڪەم

واز بێنە بڕۆ بۆچی بوویە چەتری شارەڪەم؟

لاچۆ لە ئاسمانی من و چڵڪنی مەڪە

با دەرڪەوێ هەتاوی بەتینی بەهارەڪەم

شاڵاوی تەرزە مەڕێژە سەر خونچەڪانی من

چاوی ڕەشی لێ سوور بووە با نەگری یارەڪەم

ئەی هەوری مەینەت‌وغەزەب حاشا پەڵەم نەویست

بە بروسڪە مەسووتێنە هەموو لالە زارەڪەم

بە گرمە گرم بۆوا بەری ئاسۆت لێگرتووم

ڕۆژ بەردە با بڕەوێ مەینەت و پەژارەڪەم

با سەقر و باز و هەڵۆ لە گەرمێنێ بێنەوە

ڕەش هەڵبگێڕن ڕژد و تەلانی هەوارەڪەم

با ڪوردە خێڵەڪی ڕوو بە سامڕەند بڪەونە ڕێ

ڪەو دەنگی شادی هەڵێنێ لەبەر پەسارەڪەم

ئەی هەوری لێڵ و ڕەشی وڵات و دیارەڪەم

نامانهەوێی بڕۆ لە ئاسمانی شارەڪەم

شێعری "قەندیل"ی یەک لەو شێعرە بەرزانە بوو کە هەستی شۆڕشگێڕیی ئەوی زیاتر بە گوێی شۆڕشگێڕان گەیاند:

قەندیل دەڵێ من سەر بە تەمم قەندیلم

تا خێڵی کوڕانم دەگەنێ هەر دیلم

زۆر هەوری دەبابەم بە سەرا هەڵدەتەقێ

زۆر تیری نەیاران لە دڵم هەڵدەچەقێ

زۆر دەکشێ بە سەرما سێبەری داڵاشان

زۆر دەڕژێ بە سەرما پەڵە خوێنی لاشان

زۆر شەو بە برینداری لە خەو هەستاوم

هەر بەرزە قەڵای کوردم و راوەستاوم

ئەو جۆگەلە ئاوەی کە لە من ڕادەخوشێ

ڕۆڵەی گەلە وەک سوجدە لەبۆی ڕادەکشێ

کاتێ سەری زاماری لە کۆشی خۆمە

شەو تاکوو بەیان بۆ کوڕی خۆم لۆلۆمە

هۆ دوندی کەلیخانی ڕنووپۆشی بەسام

یادم کە لە ژێر هەوری دەبابان عەبەسام

دڵ کەوتووە و هێــزم نییە بیلاوێنم

سەد ڕۆستەمە کوژراوە لە سەر داوێنم

من باوکم و دڵ بە خەم و ئاواره

چوار خێڵی کوڕانی بێبەشم لێ دیارە

نەورۆزی ڕەهایی و هەڕەتی هاتی من

ڕۆڵەم دەوێ بینووسێ بەسەرهاتی من

ژاکاو شارەزایی و تواناییەکی کەموێنەی لە نووسینی شێعر بە هەردوو شێوەی کلاسیک و نوێ هەبوو. بەشێک لە شێعرەکانی وەکو "کانی" کە هونەرمەندان ئاوازیان لەسەر دانا و گوتیانەوە، ناوبانگی ئەویان پتر بە گوێی کوردستانیان گەیاند:

هەر کاتێ دەکەومە بیری ئاواتی ڕۆژانی جوانی

بۆ ساڕێژی زامەکانم بە تەنیا دێمە سەر کانی

زووخاوی دڵ هەڵدەڕێژم بۆ وردە شەپۆلەکانی

ئەو بەستەیەی بۆ دەخوێنم بە لاوک یا بە گۆرانی:

کانی، کانی

تۆ جێژوانی دڵدارانی

تۆ ئاوێنەی ئاسمانی

خوێنی جەرگی چیا سەخت و بەرزەکانی

خۆزگە ئەوەی من دەیزانم، تۆش بیزانی

کانی، کانی

تۆ ئەسرینی هەورەکانی

دەزانی بۆ خۆشم دەوێی؟

شاعیرکوژێک وەک تۆ دەچێ چاوەکانی

دەزانی بۆ زۆر دێمە لات؟

چون لە لای تۆ بەجێ ماون جێ‌پێکانی

کانی، کانی

تۆ شاهیدی پشکووتنی ئەوینێکی ئاسمانیی

قاتڵی من لە تۆیدا شوشت پەنجەکانی

خوێنی دڵم تکاوە نێو ئاوی کانی

بەدەم بزەی ئەوینەوە دەمردم و نەمدەزانی.

ئەمڕۆ سێ ساڵ بەسەر کۆچی کاک ناسری ئاغابرادا تێپەڕی. کۆچێک کە بەڕاستی زۆر زوو و ناوادە بوو. کۆچی مرۆڤێکی زانا، شاعیرێکی بە توانا و کوردێکی پاک و ڕاستەقین. خەسارێک بوو کە لە کورد و لە ئەدەب و لە شێعری کوردستان کەوت.

بە دڵنیاییەوە یادی کاک ناسر بۆ هەمیشە بە بەرزی و بە نەمری لەنێو گەلەکەیدا دەمێنێتەوە



۱۲/۱۴/۱۴۰۱

ئەو جۆرەی گەل دەیهەوێ

بەدەر لەوە کە لە ئێران ڕۆژانە چەندە خەڵک لەسەر شەقامن، چ دروشمێک دەڵێنەوە یان تا چەند دەکەونە بەر هێرشی هێزە سەرکوتکەرەکانی جمهوری ئیسلامی، کۆمەڵگای ئێران لەحاڵی شۆڕش و گۆڕانکاریی قووڵ و بنەڕەتیدایە. ئەوە بابەتێکە کە زۆربەی چاوەدێرانی سیاسی لەنێوخۆ و دەرەوەی وڵات لەسەری کۆکن. لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا خەڵکی ئێران بە هەموو لایەکیان نیشان دا کە ئەم ڕێژیمە چیدی لەنێو خەڵکی ئێراندا جێگای نەماوە.

ڕوون نییە سەرکەوتنی ئەم شۆڕشە چەندە دەکێشێ و چ قۆناخگەلێک تێپەڕ دەکا. ڕێژیمێک کە وەک ئۆختاپووس پەلی بۆ زۆر شوێن هاویشتووە و چل ساڵە خۆی بۆ نەڕووخان ئامادە دەکا، سروشتییە بە ئاسانی دەست لە دەسەڵات بەرنادا. لەم چل ساڵەدا ڕێژیم بە کەلکوەرگرتن لە هەستی ئایینی و بەو پووڵە زۆرەی کە ساڵانە لە فرۆشی نەوتی ئێران دەستی دەکەوێ، هەم لەباری چەکوچۆڵ و ئامرازەکانی سەرکوت خۆی یەکجار بەهێز کردووە و هەم پەلی بۆ زۆر شوێنیان هاویشتووە و لە زۆر وڵاتان چنگی گیر کردووە. بەڵام بە هەموو ئەو هەڵسووکەوتانەی بەرامبەر بە خەڵک و لە شێوەی ئیدارەکردنی وڵاتدا دەردەکەوێ، ڕوونە کە ڕێبەرانی ئەم ڕێژیمە لە هەموان زیاتر دەزانن کە ئیدی جێگایان لەنێو خەڵکدا نەماوە. جا ئەوە کە چەند مانگ یان چەند ساڵی دیکە دەتوانن خۆ ڕابگرن و بمێننەوە، لەو ڕاستییە ناگۆڕێ کە ڕۆیشتن و ڕووخانی مسۆگەرە.

 لەم نێوەدا ئەوەی کە کەڵکەڵەی خەڵک بە تایبەت نەتەوە و ڕەگەز و ئایینە هەرە ستەملێکراوەکانە، ئەوەیە کە بە ڕووخانی ئەم ڕێژیمە کێ جێی دەگرێتەوە و داهاتووی مافەکانی ئەوان لە ڕێژیمی داهاتوودا چۆن دەبێ؟ لەم نێوەشدا بەپێی ماوەی خەبات و ڕادەی قوربانیدان، خەم و نیگەرانییەکانی گەلی کورد لەسەرەوەی نیگەرانییەکانی زۆربەی گەلان و ستەم لێکراوەکانی دیکەیە. نەتەوەیەک کە هەر لە ڕۆژی یەکەمی هاتنەسەرکاری ڕێژێمی جمهوریی ئیسلامییەوە، لەسەر ماف و ئازادییەکانی خۆی درێژەی بەو خەباتە دا کە تا ئەودەم زیاتر لە نیو سەدە بوو دژ بە ڕێژیمی تازەڕووخاو لەئارادا بوو. لەسەر بنەمای ئەم پێشینەی خەباتە، کورد لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا، زیاترین حزووری لەسەر شەقامەکان هەبووە، زیاترین مانگرتنی گشتی بەڕێوە بردووە و زیاترین تێچووی گیانی و دارایی پێشکەش بەو سەرهەڵدانە کردووە. لە دەرەوەی وڵاتیش کوردان بە شێوەی بەردەوام لە زۆربەی پێتەخت و شارە گرینگەکانی جیهان بە دەیانجار خۆپێشاندان و کۆبووەیان دژ بە ڕێژیم و بۆ پشتیوانی لە شۆڕشی نێوخۆ ڕێکخستووە و لەهەر خۆپێشاندان و گردبوونەوەیەکی ئێرانییەکاندا بە بەرچاوترین شێوە و زیاترین ڕێژە ئاڵا و هێما نەتەوەییەکانیان شەکاندوەتەوە.

لەگەڵ درێژەکێشانی شۆڕش و چالاکیی گەل لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات و لەگەڵ ئەو هەموو فیداکاری و گیانبازییە، ئەوەی کە دەبێ بەرهەمی ئەو ڕەنج و قوربانیدانە بە دروستترین و باشترین شێوە، بە قازانجی پێشخستنی چارەسەری پرسی ئەم نەتەوەیە بچنێتەوە، حیزبە سیاسییەکانی کوردستانن. بەشی زۆری ئەو چالاکی و فیداکارییانەی خەڵک لە ماوەی شەش مانگی ڕابردوودا کردیان، لەسەر بانگەواز و بە پێی ڕێنماییەکانی ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستان بوو. ئەوان لەسەر بانگەوازی ناوەند، هاتنەسەر شەقام، دووکان و بازاڕیان داخست، بریندار بوون، بێڕێزییان پێ کرا و خوێنیان دا. ڕەنگە زۆریان هەر بۆیان گرینگ نەبێ کە ناوەند هەموو حیزبەکانی کوردستانی دەخۆ نەگرتووە. ئەوەی بۆ ئەوان گرینگ بووە و گرینگە یەکگرتوویی نێوماڵی کوردە. هەمان یەکگرتوویی کە ئەوان لەسەر شەقام و بازاڕ و لە چلەی شەهیدەکاندا نواندیان، ئێستا چاوەڕوانن حیزبەکانی ناوەند و دەرەوەی ناوەندیش بە هەمان یەکگرتووییەوە دەست بە چنینەوەی بەرهەمی خەبات بکەن. چاوەڕوانن ئەگەر بەرەیەکی ئێرانی دێتە ئاراوە، حیزبەکان بە یەکەوە بڕیار لەسەر پەیوەست بوون و نەبوون بدەن. نایانهەوێ کەسێک یان لایەنێک خۆی لە ناوەند و لە حیزبەکانی دیکە و سەرەنجام لە نەتەوەکەی و خواستەکانی هەڵبڕێ و لەگەڵ ئەملایەن و ئەولایەن سات و سەودا بە خوێن و قوربانیدانی ئەوانەوە بکا. بە تایبەت ڕێککەوتن لەسەر ناوەرۆکێکی لاواز لەگەڵ هێزێک کە هیچ باوەڕی بە مافە نەتەوایەتییەکانی گەلی کورد نییە و لەم بارەوە مێژوویەکی ڕەشی لەخۆی تۆمار کردووە.

"کورد تا دەوڵەتی نەبێ بەشی هەر کوشتن ئەبێ" دروشمێک نەبوو کە بەشدارانی ناشتنی ژینا تەنیا لە ڕۆژی ٢٦ی خەرماناندا بە زەینیاندا هاتبێ و پێشتر بیریان لێ نەکردبێتەو. ئەمە کەمترین خواستێکە کە گەل هەیەتی. ئەوە کە کوردی ڕۆژهەڵاتیش خاوەن دەوڵەت و ئیدارەی خۆی بێ و چارەنووسی خۆی بە دەستی خۆیەوە بێ.  

پرسێکی دیکە کە گرینگیی زۆری هەیە، پێشگرتن لە کۆبوونەوەی دووبارەی دەسەڵات لە ناوەند و دوورکەوتنەوەی حیزبە سیاسییەکانی کوردستان لە ژیاندنەوە و بەهێزکردنی ئەو ڕەوت و لایەنانەیە کە گەرەکیانە درێژە بە سووڕانەوەی دەوری بەتاڵی شا بە شێخ و شێخ بە شا بدەن. ئەوە بە تایبەت ڕووی لە سەڵتەنەت تەڵەبەکانە کە ڕەوتی هەرە سەرەکیی ناوەندگەرایی و سەمبولی شۆڤێنیزمی ئێرانین و کارنامەیەکی ڕەشیان لە سەرکوتی کورد و نەتەوە بندەستەکانی ئێراندا هەیە. هەر جۆرە نیزیکبوونەوە و ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئەو ڕەوتە، مەشرووعییەتدان بە گەڕانەوەی دەسەڵاتێکی دیکتاتۆرە کە لە شۆڕشی ١٣٥٧ی هەتاویدا لەلایەن خەڵکی ئێرانەوە لە گۆڕەپانی سیاسی دەرکرا و لەڕاستیدا ژیاندنەوەی دیکتاتۆرێکی مردوویە بۆ جێگای دیکتاتۆرێک کە لەسەرەمەرگدایە. هەمان هەڵە کە شێرکۆ بێکەسی نەمر دوو دەیە لەوەپێش بۆ پارچەیەکی دیکەی کوردستانی گوت؛

من خۆم بووم خۆم

سێدارە هەڵوەشاوەکەم

سەر لە نوێ دروستکردەوەو

بە شانی خۆم هێنامەوە

بەر دەم بەغدا

من، خۆم بووم خۆم

ماری سڕ بووی ئەم عێراقەم

سەر لە نوێ گەرم کردەوە

تا پێوەم با


* بۆ ڕۆژنامەی کوردستان نووسراوە


۱۱/۰۶/۱۴۰۱

#ژن_ژیان_ئازادی؛ لە بەرنامە و تێکۆشانی حیزبی دێموکرات و کۆماری کوردستاندا

 ئەم ساڵ لە کاتێکدا بەرەو یادی دووی ڕێبەندان، ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆماری


کوردستان دەچین کە ئەوە ماوەی پتر لە چوار مانگە شۆڕشێکی گشتگیر و جەماوەری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە هەموو بەشەکانی ئێرانی تەنیوەتەوە. شۆڕشێک کە دژ بە کوژرانی کچێکی کورد لە لایەن چەک بەدەستانی ج. ئیسلامی هاتە ئاراوە. چەخماخەی شۆڕشەکە ئەو کاتە لێدرا کە بە هەزاران کەس لە تێکۆشەرانی کورد، لە کاتی ناشتنی تەرمی "ژینا"، لە گۆڕستانی ئایچیی سەقز ئامادە بوون و دژ بە دەسەڵاتی داگیرکەر و بە بەرگری لە ماف و ئازادییەکانی ژنی کورد و  شۆناسی نەتەوەیی کورد، دروشمیان دا. دوا جاریش هەر لەو کۆبوونەوە و لە دروشمەکانی ئەو خۆپێشاندانەوە، بانگی ژن – ژیان – ئازادی سەراسەری ئێران و جیهانی گرتەوە و بوو بە دروشمی سەرەکیی شۆڕشی ژینا.

دروشمەکە سەرەتا بە کرچی و لە شێوەی ژن – ژینا  و  ژن – ژینا – ئازادی‌دا گوترایەوە بەڵام لە ڕەوتی خۆپێشاندانەکەدا بیچمی گرت و بە شێوەی ژن - ژیان - ئازادی لە ناو جەماوەرەوە زایەڵەی دایەوە. ڕۆژی دواتر خوێندکارانی زانستگای تاران کە یەکەم شوێن بوو لە ئاستی سەراسەریی ئێراندا بانگی ناڕەزایەتییان بۆ خەڵکی کوردستان ئەستاندەوە، دروشمەکەیان بۆ سەر زمانی فارسی گۆڕی و وەک دروشمی سەرەکیی خۆپێشاندانەکەیان، گوتیانەوە. بەو جۆرە "ژن ژیان ئازادی" بوو بە دروشمی سەرەکیی ئەو سەرهەڵدانە ئازادیخواز و شوناسخوازانەیەی کە لە بوارەکانی سیاسی، فەرهەنگی، ئایدۆلۆژی، ئابووری، پێوەندییەکانی دەرەوە و هێنانە سەر هێڵی بیروڕای گشتیی جیهانی‌دا، تەنگی بە ج. ئیسلامی هەڵچنیوە.

 

لە باری واتاییەوە، دروشمی "ژن ژیان ئازادی" دەکرێ لێکدانەوەی جۆراوجۆری بۆ بکرێ؛

-       لە ڕوانینێکی سەرەتاییانەدا وا دەنوێنێ کە ژن وەک دایک سەرچاوەی ژیان و خوڵقانی مرۆڤە و لەو گۆشە نیگایەشەوە داکۆکی لە ئازادیی ژن دەکا.

-       هەر لە ڕاستای بە ژنانە دیتنی کۆی دروشمەکەدا دەکرێ وەک دروشمێکی یەکسانیخوازانە کە لە ڕاستای دابین کردنی ژیان و ئازادی بۆ ژندایە، سەیر بکرێ و هەر دوو چەمکی ژیان و ئازادی تێیدا تەنیا بۆ ژن بگەڕێندرێتەوە.

-        وێڕای ئەوانە دەکرێ سێ چەمکی ژن، ژیان و ئازادی لە دروشمەکەدا بە جیاواز لێک بدرێنەوە و دروشمەکە بە شێوەی گشتگیرتر هەڵبسەنگێندرێ. بەو واتایە سەرهەڵدانێک کە دژ بە کوشتنی ژن دەستی پێ کردووە، لە پێناو دابین کردنی مافی ژیان و ئازادی بۆ هەموو کۆمەڵگا تێدەکۆشێ و دژ بە دەسەڵاتێک دەوەستێتەوە کە ئازادیی لە مرۆڤەکان و لە سەرووی هەموان لە ژن داگیر کردووە و مرۆڤەکان بە سانایی دەکوژێ و ژینا ئاسا ژیانیان لێ دەستێنێ. دیارە چەمکی ژیان لێرەدا دەتوانێ ئاماژە بە مافی بژیو و گوزەرانیش بێ لەو وڵاتەدا کە دەسەڵاتی دیکتاتۆر خەڵکەکەی لە پێناو ئایدۆلۆژیا چەوتەکەیدا لە تەنگانە ناوە و بژیو و ژیانی لێ ئاستەم کردووە.

ئەم سێ لێکدانەوەیە پێ بە پێی بەرین بوونەوە و پەرە گرتنی خۆپێشاندانەکان، ڕەنگە لە بیر و هزری خۆپێشاندەران و چاوەدێرانیشدا جۆرێک ڕەوتی گەشە کردنی دروشمەکە پێشان بدا بەڵام لەم بابەتەدا زیاتر بە ئاراستەی خەباتی یەکسانیخوازیی ژن لە کۆمەڵگادا چاوی لێ دەکرێ. چونکە لە یەکەم کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیشدا کە دژ بە کوشتنی ژنێکی کورد هاتە ئاراوە، خوڵقان و وتنەوەی ئەو دروشمە زیاتر لە هەر هۆکارێک بۆ باوەڕی خەڵکەکە بە ماف و ئازادییەکانی ژن دەگەڕێتەوە. ئەم باوەڕەش سروشتی‌یە بە شەوێک لەدایک نەبووە و ڕەگی لە فەرهەنگی خەڵکەکە و لە دەیان ساڵ خەباتی بەردەوامی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ ئازادی و لەوانەش بۆ ئازادیی ژنی کورددایە.  

پێش ئەوەی خەباتی مۆدێڕنی ئازادیخوازانەی کورد دەست پێ بکا و خەبات بۆ یەکسانیی مافی ژن و پیاو لە کۆمەڵگادا ببێ بە یەکێک لە بنەما نەگۆڕەکانی ئەم خەباتە، ژنی کورد بە تایبەت لە دەڤەری سەرهەڵدانی شۆڕشی ژینا، لە هێندێک بواردا خاوەنی ماف و تا ڕادەیەک یەکسانی لەگەڵ پیاو لە کۆمەڵگای سەرەتایی کوردستاندا بوو. ئەم بۆچوونە هەم بە ورد بوونەوە لەو بەیت و چیرۆکە فۆلکلۆریانەدا دەردەکەوێ کە هەڵقوڵاوی باوەڕە لەمێژینەکانی کۆمەڵگان و هەمیش لەو داب و نەریتانەدا کە لە کۆمەڵگادا ڕەگیان داکوتاوە. بۆ وێنە لە زۆربەی نیزیک بە تەواوی بەیتە ئۆستوورەییەکاندا کە کۆنترین باوەڕەکانی کورد تێیایاندا ڕەنگی داوەتەوە، دوو قارەمانی سەرەکی هەیە کە کەسایەتیی یەک لەو دوو قارەمانە ژنە. ئەو یەکسانییە لە سەر ناوی بەیتەکانیشدا ڕەنگی داوەتەوە؛ وەک خەج و سیامەند، مەم و زین، شێخ فەرخ و خاتوون ئەستێ. تا ئاستێک کە لە بەیتی لاس و خەزاڵدا تای تەرازووی یەکسانییەکە بە لای قارەمانی ژندا قورسایی دەکا و دەسەڵاتە سەرەکییەکە لە ناو چیڕۆکەکەدا بە ژن دراوە. لە ناو داب و نەریتەکانی کۆمەڵگاشدا، بە سەرنجدان بەو ڕاستییە کە ژیانی کوردەواری لە سەرەتاوە پتر کۆچەری و گوندنشینی بوو، دەبینین ژنان بێ شەرم و ڕووگرتن و خۆ پەنادان، شان بە شانی پیاوان لە کار و بەرهەمهێناندا بەشدارن کە هەر ئەوە جۆرێک لە ماف و یەکسانی پێ دەبەخشین. ڕەنگە هەر ئەو هاوبەشییە لە بەرهەمهێناندا بوو کە لە کۆمەڵێک کایە و یاریدا کچ و کوڕ وێکڕا بەشدارن و بە گەورەیی لە گەڕی ڕەشبەڵەکیشدا شان بە شانی یەک هەڵدەپەڕن. تەنانەت ژن دەسەڵاتی ئەوەشی هەیە کە بۆخۆی هەڵبژێرێ کە لە دەستی کام پیاودا هەڵپەڕێ. ئەو کاتەش کە کچ و کوڕ بە هۆی دەستەنگی یان بەربەستە کۆمەڵایەتییەکان نەتوانن بە ئاسایی زەماوەند بکەن و ژیانی هاوبەش پێک بێنن، ئەوە هەڵگرتن و ڕەدوو کەوتن لە ڕوانگەی کۆمەڵگادا کردەوەیەکی هێندە قەباحەت نەبوو.  

بەڵام لەگەڵ پەرەگرتنی شارستانییەت و ژیانی شارنشینی، ئازادییەکان لە ژنان ئاستەنگ کرانەوە. نە شارەکان ئەوەندە پێشکەوتوو بوون تا پیشەسازییان تێدا بەهێز بێ و  کار بۆ ژن هەبێ و نە کشتوکاڵ و ئاژەڵداری برەوی هەبوو تا بتوانن لە بەرهەمهێناندا بەشدار بێ. بۆیەش لە چەرخەی بەرهەمهێناندا نەما و ئەوەش بوو بە هۆ کە وەک کاڵا و کارکەر لە ماڵەوە سەیر بکرێ و بە کردەوە  بە بەشێک لە سامانی پیاو حیساب بکرێ. بەو جۆرە ژن ناچار کرا لە ناو ماڵ و لە "حەرەمی" پیاودا بمێنێتەوە و کە چوو بۆ دەرەوەش، بە پۆشینی پەچە و ڕووبەند، ئەو کۆت و بەندە بە دەوری خۆیدا بپارێزێ. لە وەها دۆخێکدا کە دۆخی دیلییە، خەبات بۆ ئازادی دەست پێ دەکا. لەو گۆشە ڕوانینەوە شیمانەی ئەوە سەر هەڵدەدا کە خەبات بۆ ئازادیی ژن و یەکسانیی کۆمەڵگا یەکەم جار لە شارە گەشەنەسەندووەکانەوە دەستی پێ کردووە.

شاری مەهاباد لە سەردەمی لەدایکبوونی کۆمەڵەی ژێکاف، حیزبی دێموکرات و دواتر کۆماری کوردستاندا شارێکی گەشەنەسەندوو بوو. ژنانی ئەو شارە و شارەکانی دیکەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش نە ئازادییەکانی ژنانی لادێیان هەبوو، نە لە شارێکی پیشەسازیدا دەژیان کە بتوانن لە باری ئابوورییەوە سەربەخۆ بن و نە کۆمەڵگای پیاوسالار بەو ئاستە لە ڕووناکبیری گەیشتبوو کە دەرفەتیان پێ بدا کە وەبەر خوێندن بنێرێن و چاویان بکرێتەوە. لە وەها دۆخێکدا بزووتنەوەیەکی سیاسی و ئازادیخوازانە لەو هەرێمە هاتە ئاراوە کە ئەگەرچی تەواوی ڕێکخەرانی پیاو بوون بەڵام هەر لە سەرەتاوە خۆیان لە پرسی ژن و ئازادی بۆ ژن نەبوارد. بەڵام ئەو ئازادیخوازییە لە سەرەتاوە تا کۆتایی وەکیەک و بە پێی بەرنامەی ڕوون و ڕێک نەبوو بەڵکو لە مەودای تێکۆشانە سیاسییەکەدا گەشەی کرد و قووڵبوونەوەی بەرچاوی بە خۆیەوە دیت.

دامەزرانی کۆمەڵەی ژێکاف بە قۆناغی یەکەمی ئەو بزووتنەوە سیاسی و ئازادیخوازانەیە دێتە ئەژمار. لە ڕوانگەی کۆمەڵەدا نیشتمان ژنە کە وەک دایکێکی دیل سەیری دەکرێ و ئەندامی کۆمەڵە دەبێ هەوڵ بدا لەو دیلییە ڕزگاری بکا. ڕەنگە ئەو ڕوانینە لە "ناخوداگای" داهێنەرانی کۆمەڵەدا کە زۆربەیان لاوانی ڕووناکبیری شار بوون، لە هەمان دیاردەی دیلیی دایک یان ژن لە ژێر چارشێو یان چوارچێوەی ماڵ، کەوتبێتەوە. ئەم بیرە لە ناو کۆمەڵەدا زاڵ بوو. پێشاندانی ئەو ڕوانینە لە شانۆنامەی دایکی نیشتماندا یەک لە بەرچاوترین کارەکانی کۆمەڵە بوو. لەو شانۆنامەیەدا دایکی نیشتمان دیل بوو و لاوان دەبوو ڕزگاری بکەن. ئەو ڕوانینە لە هزر و بیری ئەندامانیدا ڕەنگی دەدایەوە. هەژار وەک یەک لە وەفادارترین ئەندامانی کۆمەڵە، لە شێعری هەژار و نیشتماندا دەڵێ:

 دوێشەو زۆر بە سۆز کاتی بەربەیان                    هاتە گویم ناڵە و زایەڵەی گریان

بە سەد مەرارەت لە بنیانم کرد                            دیتم وا دایکی نیشتمانی کوڕد

دەگری و دەناڵێ وەک هەوری بەهار                   ڕەشی پۆشیوە لە سەر تا بە خوار

 

گەڕانەوە بۆ ژیانی ساکاری لادێی و چوونەوە سەر داب و نەریتەکانی کوردەواری، ڕوانگەیەکی دیکەیە کە تێکۆشەرانی کۆمەڵە پێیان وایە لەو ڕێگایەوە ئازادی بۆ ژن دەگەڕێندرێتەوە. ئەوە بۆ وێنە لە بەشێک لە شێعرەکانی ئەو سەردەمەی هێمندا ڕەنگی داوەتەوە کە دەکرێ وەک ڕەنگدانەوەی بیری ژێکاف لە شێعرەکانی ئەو سەردەمی شاعیر لێی بڕوانین؛

کچە کوردێکی نەشمیل و لەباری          بەوەی نییە ماوەیەکە چوویە شاری

ئەگەر پێتخۆشە هەروا بتپەرستم         نەکەی لادەی لە دابی کوردەواری

یان؛

کیژی شێخ و کیژی حاجی و کیژی ئاغا ڕەنجەڕۆن        کیژی ئازادە ئەوی ژینی بەنووکی گاسنە

 

هەوڵدان بۆ ڕاکێشانی ژن بۆ ناو کۆڕی خەبات و شان بە شانی پیاو ڕوانگەیەکی ترە کە ڕووناکبیرانی کۆمەڵە وەک ڕێگای دەستەبەر کرنی ئازادی بۆ ژن دەستنیشانیان کردووە. بۆچوونێک کە دواتر و بە پەرە گرتنی خەباتی چەکداری لە حیزبەکانی کوردستاندا بەهێزتر بوو. هێمن لە "وتووێژی کچ و کوڕ"دا دەڵێ:

 بپسێنە لە پێ تۆ زنجیر و کۆت                       دێدە گیان بدە یاری برای خۆت

لە گوێن ژاندارک هەستە وەک مەردان             دوژمن وەدەر نێ لە خاکی کوردان

 

گەرچی هەمووی ئەو شێوە ڕوانین و ڕێگا پێشنیاریانە بۆ ڕزگاریی ژن تا کۆتایی تەمەنی کۆمار و دواتریش لە برەو نەکەوتن بەڵام بە دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان وەرچەرخانێکی بنەڕەتی بۆ چۆنییەتی چارەسەریی پرسی ژن هاتە ئاراوە و لە هەوڵی ئازاد کردنەوە بۆ تێکۆشان لە پێناو یەکسانیی مافی ژن و پیاو لە کۆمەڵگادا گۆڕدرا. حیزب لە مەرامنامەی خۆیدا کە چەند مانگ بەر لە دامەزرانی کۆماری کوردستان بڵاوی کردەوە، دەستەبەر کردنی ئەو مافەی وەک ئەرکی خۆی دیاری کرد و ڕایگەیاند؛ "لە هەموو بوارەکانی سیاسی، ئابووری و کاروباری کۆمەڵایەتیدا پێویستە ژن مافی یەکسانی هەبێ لەگەڵ پیاودا" (مەرامنامەی حیزبی دێموکراتی کوردستان - بەشی ٤ مادەی ٢١)

حیزب هەر لە ڕۆژی یەکەمی ڕاگەیاندنی کۆماری کوردستاندا هەوڵی دا بەو بڕیارەی خۆی وەفادار بێ. لە جێژنی دامەزرانی کۆماری کوردستاندا، ژنانیش بەشدار بوون. دوو ژن وتاریان خوێندەوە و بانگەوازیان لە ژنانی کورد کرد تا وەک پیاوەکان خۆیان پێبگەیەنن و هەوڵ بۆ سەرکەوتنی وڵات بدەن. گەرچی نە بەشدارییان و نە ڕادەی وتارخوێنە ژنەکان لە قەدەر نیوەکەی دیکەی کۆمەڵگا نەبوو بەڵام بۆ کۆمەڵگای سوننەتیی ئەو کاتی کوردستان، لە ناو نەریتی ڕاگیرانی ژن لە چوارچێوەی ماڵدا و ڕێژەی کەمی ژنانی خوێندەوار لەو کۆمەڵگایەدا، هەنگاوێکی گرینگ بوو. "خەدیجە مەجدی" یەک لە ئاخێوەرانی ئەو میتینگە بوو کە روو لە ژنان وتی؛ ئێستا خوشکانی بەڕێزم وەرن چاو لە پیاوەکان بکەین و دەستمان بخەینە ناو دەستی یەکترەوە. چونکە دەبینم کە دایکی نیشتمان چاوەڕوانە کچەکانیشی دەست بە تێکۆشان و خوێندن بکەن تا ئێمەش بگەینە ئاستی براکانمان. دنیا پێویستی بەوە هەیە کە کچان و کوڕان وەک خوشک و برا بۆ ئازادیی دایکی نیشتمان، دەست بدەنە دەستی یەکتر."

لە ژێر سێبەری باوەڕەی یەکسانیخوازانەی حیزبی دێموکراتی کوردستاندا، کۆماری کوردستان لە سێ بواردا هەوڵی دا ئەو ئامانجە دەستەبەر بکا کە لە مەرامنامەکەیدا بەڵێنی دابوو:

یەکەم؛ دامەزراندنی ڕێکخراوی تایبەت بە ژنان

دووهەم؛ بەشداری پێکردنی ژنان لە بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا

سێهەم: خوێندەوار کردنی کچان تا ئاستی بە تۆبزی پێ خوێندنیان

 

ڕۆژی ١٥ی مارسی ١٩٤٦ کۆمار بە دامەزرانی "یەکێتی یایانی کوردستان" یان "حیزبی دێموکراتی ژنانی کوردستان" هەنگاوی بە کردەوەی خۆی لە بواری دەستەبەرکردنی ماف و هێنانی ژنان بۆ ناو کۆڕی خەبات هاویشت. مینا قازی خانمی یەکەم و هاوسەری پێشەوای کوردستان سەرۆکایەتیی ئەو ڕێکخراوەی بە ئەستۆ گرت. لە یەکەم هەوڵەکانی ئەو ڕێکخراوەش، داوای لە ژنانی کار لە دەستهاتوو کرد کە بۆ بوارەکانی ژمێریاری، سندووقداری، سکرتێر و خەزێنەداری داوای کار پێشکەش بکەن. ئەوەش وەک هەنگاوێک بۆ دۆزینەوەی هەلی کار بۆ خانمان لە ڕاستای سەربەخۆیی ئابووریی ئەواندا چاوی لێ دەکرێ. ئەمە هەروەها لە وتارێکی یای مینا قازیشدا ئاماژەی پێ کراوە کە دەڵێ "ئێمە نابێ هەر وا چاومان لە دەستی مێردەکانمان بێ تا پووڵ و جل و زێڕمان بدەنێ". ڕێکخراوەکە لە ڕاستای ڕوونکردنەوەی ژناندا  دەستی کرد بە ساز کردنی کۆبوونەوەی زانیاری بەخشین و وەڕێخستنی پۆلەکانی خوێندن بۆ ژنانی گەورەساڵ کە زۆربەیان ئەندامەکانی خۆی بوون.

 

هەنگاوی دیکەی کۆمار بۆ پێگەیاندنی ژنان، خوێندەوار کردنی کچان، شان بە شانی کوڕان بوو. لە ژمارەی یەکەمی ڕۆژنامەی کوردستاندا هاتووە: "لەسەر ئەمری پێشەوای موعەززەم و قەراری حیزبی دیموکراتی کوردستان، لەوەی بەولاوە پێویستە بۆ پەرەپێدان و ڕەواجی زمانی کوردی، خوێندن لە مەدرەسەکاندا بە کوردییە. لەو تاریخەوە تا ١٠ رۆژی دیکە هەر کەسێک کوڕ و کچی هەبێت کە عومری ئیقتیزای خوێندن بکا، دەبێ بنێرێتە مەدرەسە. ئەڵبەتە هەرکەس لەو ئەمرە ڕوو وەرگێڕێ بە توندترین موجازات تەنبێ دەکرێ".

بە پێی ئەو ئاگادارییە، کچان نەک هەر وەک کوڕان دەبەر خوێندن دەنرێن بەڵکو پێخوێندن بە تۆبزی‌یە و "هەر کەس لەو ئەمرە ڕوو وەرگێڕێ"، "بە توندترین" شێوە سزا دەدرێ.

ئەو بڕیارە تەنیا بۆ شاری مەهاباد نەبوو. هەوڵ درا هەموو ئەو شارانە بگرێتەوە کە لە ژێر دەسەڵاتی کۆماردا بوون. لە ژمارە ٢٤ی ڕۆژنامەی کوردستاندا ڕاپۆرتی کردنەوەی یەکەمین خوێندنگەی کچان لە شاری شنۆ هاتووە. حه‌سه‌ن کازمی‌ به‌رێوه‌به‌ری قوتابخانە‌کە ڕایگەیاندووە کە "پێویسته هه‌موو خه‌ڵکی شار سپاسی ڕێبه‌ری حیزبی دێموکرات بکه‌ن بۆئه‌م خزمه‌ته ‌گه‌وره‌یه‌و به‌خۆشی‌و مه‌یله‌وه کچه‌کانیان بنێرن بۆ ئه‌م خوێندنگه‌یە."

 

بێگومان ئەوانە هەموو ئەو خولیا و ئاواتە مرۆڤانە، نەتەوەیی و نیشتمانیانە نەبوون کە لە بەرنامەی حیزب و لە هزری ڕێبەرانیدا بوو. بۆ وێنە کاتێ ڕۆژنامەنووسێک لە پێشەوا دەپرسێ کە "فیرقەی دیموکراتی ئازه‌ربایجان مافی ده‌نگدانی له ‌هه‌ڵبژاردنه‌کاندا داوه به ‌ژنان، ئایا ئێوه‌ش ئه‌مکاره‌تان کردووه؟" پێشەوا ئەم هەنگاوە بە هەنگاوێکی ئەرێنی لە قەڵەم دەدا و مخابنی خۆی ناشارێتەوە کە ئەوان نەیانتوانیوە "ئەو سەرکەوتنە بە دەست بێنن".  بەڵام تەمەنی کۆمار لەوە زۆر کورتتر بوو کە بتوانێ قەرەبووی دەیان و سەدان ساڵ نەهامەتیی کورد و ژنی کورد بکاتەوە بەڵام بۆ هەر بوارێک توانی بناخەیەک بۆ دواڕۆژی کوردستان دابنێ کە دانانی بناخەی باوەڕ بە ژیان و ئازادی بۆ ژنی کورد یەک لە هەرە گرینگەکان بوو. ئەوەی کە سێ چارەگە سەدە دواتر بۆ داکۆکی لە گەڕاندنەوەی ماف بۆ ژن و دژ بە ئەستاندنی ئازادی و ژیان لە ژنێکی کورد لە چوارچێوەی دروشمی ژن – ژیان – ئازادی‌دا زایەڵەی دایەوە. باوەڕێک کە زۆر پێشتر لە بەرنامەی حیزبی دامەزرێنەری کۆماردا بە ڕوونی ڕاگەیەندرا، لە بەرنامە و کاری کۆماردا بە کردەوە کاری بۆ کرا، لە وتەی ڕێبەرانیدا و لە وتاری نووسەران و وتاردەرانیدا داکۆکی لێ کرا و لە شێعری شاعیرانیدا ڕەنگی دایەوە. باوەڕێک کە هێمن، شاعیری نەتەوەیی کۆمار لە "یادگاری شیرن"دا بە لێبڕاوی ڕایگەیاند:

با هەزار زێ و گادەر و لاوێنی ڕوونیشمان هەبێ

تاکوو "ژن" "ئازاد" نەبێ، سەرچاوەکەی "ژین" لیخنە

 

 

 

ژێدەر

چەند سەرنجێک لەسەر پێگەی ژن لە کۆماری کوردستان و هەڵوێستی سیاسەتمەداران - ئەحمەد ئەسکەندەری

ژن و ناسیونالیزم لە کۆمارە کوردیەکەی ١٩٤٦دا – شەهرزاد موجاب – وەرگێڕانی محەممەد حەمەساڵح تۆفیق

ئاڵەکۆک – هەژار

تاریک و ڕوون - هێمن


* لە ژمارە ٨٣٩ - ٣٠ی بەفرانباری ١٤٠١دا بڵاو کراوەتەوە


 

بابەتی نوێ:

حیزب وەک سەنتەر، ستراتژیی حیزب وەک سەنتێز

سەردەمی ئێستا، سەردەمی بەئاگاهاتنەوەی هەرچی زیاتری نەتەوە بندەستەکانە. سەردەمی ‏هەوڵدانی بە کۆمەڵی کۆمەڵگا ژێردەستەکان بۆ سڕینەوەی سێبەری دا...