۲/۰۷/۱۳۸۳

هه‌ڕه‌شه‌كانی عێراق بۆ سه‌ر ئێران له نیو سه‌ده‌ی رابردوودا

ئه‌م رۆژانه گوێ بیسی سه‌رهه‌ڵدانی چه‌كدارانه‌ی تاقمێك له شیعه‌كانی عێراق بووین كه له لایه‌ن مه‌لای كه‌م ته‌مه‌ن و باوه‌رپێنه‌كراوی شیعه "موقته‌دا سه‌در" به دژی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان له عێراق، رێبه‌رایه‌تی ده‌كرێن. هاوكات ئه‌و قسه‌ و باسانه‌ش له نێو هه‌واڵه‌كاندا ده‌بیسرێن كه كۆماری ئیسلامی ئێران راسته‌وخۆ ده‌ستی له هاندان و یارمه‌تی كردنی نه‌ك ته‌نیا ئه‌وان، به‌ڵكو پاشماوه‌كانی به‌عسیش به تایبه‌ت له ناو شاری فه‌للوجه‌دا هه‌یه. نامه‌وێ بچمه نێو كه‌لێن و قوژبنه‌كانی ئه‌و رووداوانه، چونكه پێم وایه كه‌م و زۆر هه‌مو لێیان ئاگادارین. مه‌به‌ستی باسه‌كه ئه‌وه‌‌‌‌یه كه ؛ كۆماری ئیسلامی ئێران ئه‌وه‌نده‌ی خۆ به‌ شكانی ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانانی له عێراق ماندوو ده‌كا، بۆ له ئه‌فغانستان نه‌یكرد و نایكا. له كاتێكدا ئێران ده‌یتوانی هه‌م له بواری ئایینی و هه‌م له بواری نه‌ته‌وه‌ییه‌وه له سه‌ر بارودۆخی ئه‌فغانستان به قازانجی خۆی یان باشتر بڵێم بۆ گێره‌شێوێنی شوێندانه‌ر بێ.

ئه‌گه‌رچی ده‌سه‌ڵاتی سه‌دام حوسێن له عێراق هه‌میشه بۆ سه‌ر ئێران هه‌ڕه‌شه‌ بووه و هێرشی ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانانی بۆ سه‌ر عێراق بوو به هۆی گیرانی سه‌دام حوسێنی كۆنه دوژمنی ئێران و بكووژی سه‌دان هه‌زار سه‌ربازی و خه‌ڵكی بێ تاوانی ئه‌و وڵاته و هه‌زاران كه‌س له خه‌ڵكی شیعه‌ی عێراق وپه‌ناده‌ر و به‌خێوكه‌ری ئۆپۆزیسیۆنی ئێران، به‌ڵام به هیچ جۆر بوونی ئه‌‌وان بۆ مه‌لاكانی ئێران له بوونی سه‌دام باشتر نییه، چونكه ؛ 1--- سه‌دام ئه‌و كاته‌ی كه له‌و په‌ڕی ده‌سه‌ڵاتی خۆی دابوو و له لایه‌ن هه‌مو زلهێزه‌كانی دونیا و وڵاته‌ عه‌ره‌بییه‌كانه‌وه به هه‌مو جۆرێك پشتیوانی لێده‌كرا، نه‌یتوانی بستێك خاكی ئێران بۆ خۆی گل داته‌وه2---- سه‌دام به‌ری به" مرجعیت ‌شیعه" له عێراق و به تایبه‌ت نه‌جه‌ف كه پاكترین شوێنی ئایینی شیعه‌كانه گرتبوو، به جۆرێك كه ده‌نگیان به‌ هیچ كوێ نه‌ده‌گه‌یی. گه‌لێكی لێ كوشتبوون كه مرجعیت له قوم كردبوونی به كه‌ره‌سه‌ی پروپاگه‌نده و دروشم دان بۆ به‌رز كردنه‌وه‌ی هه‌ستی شیعه‌گه‌ری له ناو خه‌ڵكدا. " مرجعیت" له قوم خۆی به نوێنه‌ری هه‌مو شیعه له جیهان داده‌نا، به‌ڵام ئێستا ورده ورده ئه‌و" مرجعیت" ه بۆ شیعه‌كان كه‌وتۆته ژێر ره‌خنه‌ و پرسیاره‌وه‌و شیعه‌كانی ئێران هه‌ست به بوونی مه‌رجه‌عێكی گه‌وره‌تر له شوێنێكی "مقدس"تر له هی خۆیان ده‌كه‌ن. رۆژانه هه‌زاران كه‌س له خه‌ڵكی شیعه له ئێرانه‌وه به ئاشكرا و به قاچاخ بۆ زیاره‌ت روو ده عێراق ده‌كه‌ن و ته‌نانه‌ت له‌و رێیه‌دا گیان ده‌ده‌ن. مه‌لاكانی ئێران ده‌یانویست ئیمام ره‌زا له مه‌شه‌د و حه‌زره‌تی مه‌عسوومه له قوم ببن به رووگه‌ی سه‌ره‌كی موسوڵمانانی شیعه تا هه‌م له بواری ئابوورییه‌وه قازانه‌كه‌ی بخۆن و هه‌م له بواری سیاسییه‌وه باشتر ده‌ستیان پێیان رابگا به‌ڵام ئێستا ئه‌وان روو له نه‌جه‌ف و گۆری عه‌لی ده‌كه‌ن.

سه‌ره‌رای ئه‌وانه به بڕوای من به‌شێكی ئه‌و حه‌ساسییه‌ته ده‌گه‌رێته‌وه بۆ مێژووی لانی كه‌م ئه‌و په‌نجا ساڵه‌ی دوایی كه عێراق هه‌میشه راسته‌وخۆ و ناراسته‌وخۆ شوێنی به سه‌ر رووداوه‌كانی نێوخۆی ئێراندا هه‌بووه و مه‌كۆی نه‌یارانی ده‌وڵه‌ته ناوه‌ندییه‌كانی ئێران بووه، به‌ جۆرێك كه هیچ كام له دراوسێكانی دیكه‌ی ئێران ئه‌و رۆڵه‌یان نه‌بووه، كه من سه‌رپێیی ئاماژه به هێندێكیان ده‌كه‌م؛

---- له كووده‌تای 28 ی گه‌لاوێژی 1332(1953) دا كاتێك موسه‌دیق ده‌سه‌ڵاتی به ده‌سته‌وه گرت، شا له ئێران هه‌ڵات و یه‌كه‌م مه‌نزڵیشی به‌غدا بوو. هه‌ڵبه‌ت دواتر چوو بۆ رۆم. به‌ڵام هه‌ر له عێراقه‌وه به پێی پلانێكی دارێژراوی رێكخراوی "سیا" گه‌رایه‌وه بۆ ئێران. باشه بزانین كه ئه‌و كاتیش كۆماریخوازه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له سه‌ر ده‌سه‌ڵات بوون.

---- وه‌ده‌رنانی خومه‌ینی له ئێران به هۆی دژایه‌تی له گه‌ڵ ئه‌و ریفۆرمه‌ی كه شا ناوی نابوو شۆرشی شا و خه‌ڵك یان دابه‌ش كردنی زه‌وی و زار1963. هه‌ڵبه‌ت خومه‌ینی سه‌ره‌تا بۆ توركیا دوورخرایه‌وه به‌ڵام دواتر چوو بۆ عێراق و بۆ ماوه‌ی چه‌ند ساڵان له وێڕ‌ا رێبه‌ری لایه‌نگرانی خۆی له ناوخۆی ئێران ده‌كرد.

---- هێرشی له‌شكری عێراق بۆ سه‌ر ئێران 1980.دوای هاتنه سه‌ر كاری كۆماری ئیسلامی له ئێران، هه‌موو زلهێزه‌كانی جیهان به گشتی كه‌وتنه یارمه‌تیدان و ته‌یار كردنی سه‌دام حوسێن بۆ هێرش بردنه سه‌ر ئێران به مه‌به‌ستی لاواز كردنی هه‌رچی زیاتری ده‌سه‌ڵاتی مه‌لاكان له ئێران. له ئاكامی ئه‌و شه‌ڕه‌دا ئه‌گه‌رچی هیچ كام له وڵاتانی به‌ره‌ی شه‌ڕی پێ نه‌شكا، به‌ڵام هه‌ردوكیانی به ته‌واوی لاواز كرد و ئابووری هه‌ردو لاشی تووشی قه‌یران كرد. هه‌ر له ئاكامی ئه‌و شه‌ڕه‌دا عێراق به‌م رۆژه‌ گه‌یی و كۆماری ئیسلامی ئێرانیش هێشتا له ژێر قه‌رزه‌كانی دا پشتی راست نه‌كردۆته‌وه.

بێجگه له‌وانه عێراق له‌م ماوه‌یه‌دا هه‌میشه مه‌كۆی ئوپوزیسیۆنی ئێران بووه. به درێژایی سه‌ده‌ی رابردوو كوردوستانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی عێراق شوێنی په‌ره‌گرتنی شۆرشه‌كانی كوردی ژێر چه‌پۆكه‌ی ئێران بووه و له یارمه‌تی ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌غدا بێ به‌ش نه‌بوون، ئه‌گه‌رچی گه‌لێك جار كه‌وتوونه‌ته به‌ر سات و سه‌ودای ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌غدا و تاران.

هه‌روه‌ها رێكخراوی موجاهیدینی خه‌ڵكی ئێران كه به‌ر له هێرشی ئه‌م دواییه‌ی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان بۆ سه‌ر عێراق، به بێ له به‌ر چاوگرتنی هه‌ڵوێست و كرده‌وه‌كانی، گه‌وره‌ترین هێزی ئوپوزیسیۆنی ئێرانی بوو، دوای ئه‌وه‌ی كه‌وته به‌ر رق و تووڕه‌یی رێبه‌رانی كۆماری ئیسلامی(1981؟) به هه‌زاران كه‌سیان له خاكی عێراق دا گیرسانه‌وه‌ و تا كاتی رووخانی حكوومه‌تی به‌عس له عێراق(به‌هاری2003) به هه‌موو شێوه‌یه‌ك له لایه‌ن حكوومه‌تی عێراقه‌وه پشتیوانی ده‌كران و له بواری چه‌كدارییه‌وه گه‌وره‌ترین هه‌ڕه‌شه بۆ سه‌ر ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێران بوون.

ئه‌مانه‌و گه‌لێك رووداوی ئاشكرا نه‌كراو و پلانی دارێژراو و جێ به جێ نه‌كراو له خاكی عێراقه‌وه بۆ سه‌ر ئێران، ره‌نگبێ مه‌لاكانی تووشی ئه‌و دڵه راوكه‌یه كردبێ كه؛ وێده‌چێ ئه‌مجاره‌ش ڕه‌شه‌با هه‌ر له رۆژئاواوه هه‌ڵبكا و عێراقی ئه‌مجاره پتر له پێشوو ببێته‌وه به مه‌كۆی پلان و پیلان به دژی ده‌سه‌ڵاتی خۆیان. به‌ڵام ئاخۆ ئه‌مجاره‌یان عێراق ده‌بێ به بنكه‌ی" سیا" بۆ وه‌گه‌ڕ خستنی مۆره‌كانی خۆی بۆ به‌ ده‌سته‌وه گرتنی ده‌سه‌ڵات له ئێران یاخود ده‌بێ به مه‌كۆی ئوپوزیسیۆنی ئازادیخواز و دیموكرات وبه سه‌رنجدان به چه‌سباندنی هه‌نگاوێك له مافه‌كانی به‌شێك له گه‌لی كورد له چوارچێوه‌ی حكوومه‌تێكی فیدراڵ دا تین ده‌داته‌وه به خه‌بات و تێكۆشانی گه‌لی كورد له به‌شه‌كانی تری كوردوستان؟

بابەتی نوێ:

سوججەی سوور

لە کوردستان جۆرێک ماری ڕەنگ سووری کاڵ یان ئاڵ هەیە کە ماری سجە، سوجە یان سوججەی سوور و هەروەها "شیلە" ماریشی پێ دەگوترێ. مارەکە بێ...