۲/۱۰/۱۳۸۳

ڕۆژنامه‌ی دیواری

ئه‌ودەم كه له قوتابخانه‌ له پۆلی ناوه‌ندی ده‌مخوێند، بۆ یه‌كه‌مجار ناوی ڕۆژنامه‌ی دیواریم بیست. پتر بۆ
رۆژانی ساڵهاتی دامه‌زرانی كۆماری ئیسلامی ئامادە و هەڵداوەسرا. ئەو ڕۆژانەی حكوومه‌ت ناوی نابوو" ده‌هه‌ی فه‌جر" و قوتابیانیش هه‌ر له سه‌ر ئه‌و وه‌زنە ناویان نابوو "ده‌هه‌ی زه‌جر". ئەوەندەی لە بیرم بێ، قوتابییە نووسەرەکان لەپێشدا خۆیان ناونووس دەکرد و پاشان بەسەر چەند گروپدا دابەش دەکران یان هەر پۆلەی دەستەی نووسەرانی خۆی هەبوو و ڕۆژنامەی دیواریی خۆی بە جیا دادەڕشت. دوای ئامادەکردن، هەر کام لەو گروپانە رۆژنامەی دیواریی خۆیان بە دیوارەوە دادەکوتا و لێژنەیەکیش کە نازانم چۆن دیاری دەکرا و لە کوێوە دەهات، وەک کێبەرکێ لە نێوان ئەو گروپانەدا. باشترینەکانی بە زەوقی خۆی، خەڵات دەکرد. کە ڕۆژنامەکان بە دیوارەوە هەڵدەواسران کەمتر قوتابییەک هەبوو دە نووسراوەکانی ناو رۆژنامە دیواریەکە بنووسێ و خۆی بە خوێندنەوەی وردە خەتەکانیانەوە ماندوو بکا. بابەتەکان زیاتر هەر پێداهەڵگوتن بە کۆماری ئیسلامی و ٢٢ی ڕێبەندان و ئەو شتانە بوو کە هیچ سەرنجڕاکێشییەکیان بۆ خوێنەر نەبوو. زیاتر کاریکاتۆرەکانیان سەرنجی رادەکێشا کە زۆربەی ئەوانەش هەر کاریکاتۆری "عەمو سام" بوون بە کڵاوە لێودارە قیتەکەیەوە.
 
لە پێشمه‌رگایه‌تی جارێکی دیکە تووشی رۆژنامەی دیواری بوومەوە. ئەمجار موسابقە و کێبەرکێ و خەڵات و ئەو جۆرە شتانە لە ئارادا نەبوو. تەنیا له دۆخی ده‌س نه‌رۆیشتووییدا، چه‌ند گه‌نجێكی ئه‌ده‌ب دۆست، به‌رهه‌مه‌كانی خۆیان و هه‌ڤاڵانیان وەک رۆژنامەی دیواری بە دیواری ساڵۆنی نانخواردن هەڵدەواسی و پێشانی هاورێكانیان ده‌دا. لەوێ هەم بابەتەکان جۆراوجۆریی زیاتریان تێدا بوو، هەم ناوەرۆکیان خۆماڵیتر بوو و هەمیش کات بۆ خوێندنەوەیان زیاتر بوو. بۆیە زۆرتر دەخوێندرانەوە. ئەم ڕۆژنامە دیوارییانە پێشتر بە شێوەی چاپکراو لە زۆربەی کۆمیتەی شارستانەکان هەبوون بەڵام دواتر کە کۆمیتەکان لەباری دارایی و بەڕێوەبەرییەوە ئەو دەستڕۆیشتوویی و دەسەڵاتەیان کەم ببۆوە، کرابوون بە ڕۆژنامەی دیواری. هەر بۆیە ڕۆژنامە دیوارییەکان ناوی کلاسیکی خۆیان پاراستبوو؛ لە کۆمیتەی بۆکان ناوی بەیان، لە سەردەشت ناوی گیاڕەنگ، لە مەریوان زرێبار و.. . ئەم گۆڤارانە کە دواتر ببوون بە ڕۆژنامەی دیواری و لە سەردەمی ئینترنێتیشدا هێندێکیان کراون بە ناوی سایت و ماڵپەڕ، توانیان زۆر نوێقەڵەمی پێشمەرگانە پەروەردە بکەن و پێبگەیەنن. 
دیارە ئەم ڕۆژنامە دیواریانە چونکە زیاتر هەوڵی قەڵەم بەدەستان بوون و بەپێی بڕیاری ئۆڕگان بەڕێوە نەدەچوون، نە شێوەی ڕێکوپێک و بەردەوامیش نەدەنووسران و هەڵنەداوەسران. بەردەوامی و ماوەی دەرچوونیان بەند بوو بە ڕادە و توانایی ئەو کەسانەی دەیانتوانی بۆی بنووسن و دایبڕێژن. لە کۆمیتەی مەهاباد کە من تێکۆشانی پێشمەرگانەم تێدا دەکرد، ڕۆژنامەی دیواری ناوی "چوارچرا" بوو. ماوەیەکی زۆر بوو بە هۆی گوێزەگوێزمان لە بناری قەندیلەوە بۆ دەشتی کۆیە، لە وەشان وەستابوو کە ساڵی ١٣٧٣ یان ١٣٧٤ی هەتاوی، بە هەوڵی کاک "ڕزگار ئەمین نەژاد" دەستی بە وەشان کردەوە. هیندەی لەبیرم بێ بۆ دوو - سێ ژمارەیم نووسی. یەکێک لە نووسینەکانم سەبارەت بە چاپی شێعر و وێنەیەکی مامۆستا هێمن لە یەکێک لە ژمارەکانی ڕۆژنامەی "کوردستان" ئۆرگانی حیزبدا بوو کە خۆشحاڵیی خۆمم لە ژێر ناوی "گەڕاندنەوەی هێمنانەی شێعری هێمن بۆ ناو ئەدەبیاتی حیزب" دەربڕیبوو. هەر له‌و سه‌روبه‌نده‌دا گاره‌ی شێعریشم ده‌هات کە پێشتر یەکەم شێعرم بە ناوی شەهید لە "لاوان"دا بڵاو کردبۆوە. 
هێزی پێشەوا و کۆمیتەی مەهاباد بۆ شۆخی و فشە بەنێوبانگ بوو. لەبیرمە بۆ یەکێک لە ژمارەکانی چوارچرا شەفیع محەممەدپوور (هەڵۆ) بە کاریکاتۆرێک، ڕەخنەی لە بەکاربردنی ماشێنی کۆمیتەی شارستان بۆ کاری تایبەتی گرتبوو. یەکێک لە سەرنشینانی ماشێنەکە وەک سەید مستەفا سەیدئەحمەدی دەچوو کە پێشمەرگەی کۆمیتەی شارستان بوو. لەسەر ئەوە هەڵڵا و بەزمێکی گەورە ساز بوو. هەر لەچوارچێوەی تەنزدا، به هاوكاری ئیدریس قادری كه وا دیار بوو له من برسی ترە چونکە بیرۆکەکە هی ئەو بوو، بۆ دەربڕینی تێر نه‌خواردنی خۆمان و گه‌یاندنی ده‌نگی برسێتی زگمان، شێعرێکی "حه‌زره‌تی وه‌فایی"مان ڕوو بە ئاشپەزەکەمان بەو جۆرەی خوارەوە تێكدا و لە ڕۆژنامە دیوارییەکەدا بۆیان بڵاو کردینەوە؛

له سه‌ر شان كۆته بۆری خۆت وه‌لابه
ده‌س ده كه‌وگیر، دره‌نگه، پیاوی چابه

زگ و زار هه‌رچی بوو قوربانـی تۆ بوو
به‌سه ئیدی، چێ ئه‌م چێشته خرابه

بڵا به‌و ئاوره بنكــــــــڕ نه‌سووتــــــێ
به مه‌رگی من سه‌ری دۆڵمه‌ت وه‌لابه

له به‌ر تیژی پیواز فرمێسكی چـــاوم
گوڵاوی ڕووته، هه‌م خوونابی نابـــه

ئه‌گه‌رچی هێلكه‌یه؛ هه‌ر شه‌وق و زه‌وقه
ئه‌گه‌رچی دۆڵمه‌یه؛ عه‌ینی كه‌بابـه

به ناڵینی زگی قرچاوی برســــــــــی
هه‌موو هه‌ر نه‌غمه‌یی چه‌نگ و روبابه

گوتم؛ با قیمه‌تی وه‌سڵم به‌ دڵ بێ
به كه‌وگیرێك له‌و برینجه‌ی ره‌زا به

كه‌چی فه‌رمووی دڵت نه‌شكێ برالـه
ئه‌وه سامیه‌یه، ده‌نكێكیش حیسابــه

----------------------------------------------------
لە ٢٠٢٣ پێداچوونەوە بەو بابەتەدا کراوە

بابەتی نوێ:

سوججەی سوور

لە کوردستان جۆرێک ماری ڕەنگ سووری کاڵ یان ئاڵ هەیە کە ماری سجە، سوجە یان سوججەی سوور و هەروەها "شیلە" ماریشی پێ دەگوترێ. مارەکە بێ...