2009 12 24 - 15:25
به‌شی دووهه‌م: مێشکی ئاغای ئه‌یوبزاده به‌ڵگه ده‌ده‌ڵێنێ
تاهیر قاسمی
له‌وه به دوا نووسراوه‌کانی حه‌سه‌ن ئه‌یوبزاده و به تایبه‌ت دوا نووسراوه‌که‌ی شه‌ن و که‌و ده‌که‌م. وه‌ک له به‌شی یه‌که‌مدا باسم کرد، نووسراوه‌کانی ئه‌و زاته سه‌رجه‌میان به ناوه‌رۆک یه‌ک قه‌وانن و هه‌ر به سه‌ردێڕ جیاوازن. جا ئه‌گه‌ر له بیری چووه هێندێک له بوختانه‌کانی پێشووی له دوا بابه‌تیشیدا دووپاته و ده‌پاته بکاته‌وه یان بۆی نه‌گونجاوه ئه‌و کاره بکا، ئه‌وا من نێوه نێوه بۆیان ده‌گه‌ڕێمه‌وه تا قسه‌کانی خودی خۆی بۆ بێبناخهبوونی درۆ و بوختانه‌کانی به شاهید بگرم.
قسه فڕێدان، په‌رت گۆیی به ئامانجی سه‌رشێواندن له خوێنه‌ر، ته‌حریف و به لاڕێدا بردنی به‌ڵگه‌کان، هه‌ڵپه‌رتاوتنی قسه‌ی خه‌ڵک و هه‌ڵگرتنی دوو وشه‌ی دڵخواز له ناوه‌راستی رسته‌یه‌که‌وه بۆ ته‌فسیری دڵخوازانه و نه‌یارانه له سه‌ر به‌یانیه و بڵاوکراوه‌کانی حیزب و گومان خستنه سه‌ر وته‌ی رێبه‌رانی حیزب، له به‌رامبه‌ردا به کاربردنی ئه‌وپه‌ڕی سه‌داقه‌ت و ده‌ستپاکی له گواستنه‌وه‌ی وته‌ی سه‌رانی سپا و ئیتلاعات و متمانه‌ی بێ ئه‌ملاوئه‌ولا به قسه‌کانیان بۆ هه‌ڵکوتانه سه‌ر حیزبی دێموکرات و پێداگریی به‌رده‌وام و دوو پاته و ده پاته کردنه‌وه‌ی درۆکان به‌شێک له تایبه‌تمه‌ندیی نووسراوه‌کانی حه‌سه‌نی ئه‌یوبزاده‌ن که به دوای سه‌رهه‌ڵدانی کێشه ناوخۆییه‌کانی حیزب وه گڕوگاڵ که‌وت و له گه‌ڵ له‌تبوونی حیزب وه قسه هات. بابه‌تێکی هه‌ڵبژاردووه که بۆ مێژووی نیزیک ده‌گه‌رێته‌وه و لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی ئه‌وتۆی له سه‌ر نه‌کراوه. که‌وابوو بۆ خه‌ڵك گرینگه و ئه‌ویش له رواڵه‌تدا به زمانی دڵسۆزی قسه ده‌كا. به‌ڵام له راستیدا نه بۆ لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی بێلایه‌نانه به‌ڵکو به مه‌به‌ستی هه‌ڵکوتانه سه‌ر حیزبی دێموکرات و ئه‌ندامانی ئه‌و حیزبه، ئه‌وه‌ی قسه‌ی ناشیرینه و له فه‌رهه‌نگی ده‌ره‌به‌گایه‌تیدا فێری بووه و له دیوه‌خانی ئاغاوه‌تدا بۆ ره‌شایی کۆمه‌ڵگا که زۆربه‌ی هه‌ره زۆری ئه‌ندامانی ئه‌و حیزبه‌ی پێکده‌هێنا، به کاری ده‌با. شته‌کان به په‌رش و بڵاوی ده‌ڵێ و تیکراریان ده‌كاته‌وه و سه‌ر له خوێنه‌ر ده‌شێوێنێ. وا نیشان ده‌دا که به‌ڵگه‌ی پێیه. سه‌بکه‌که‌ی جاسووسانهیه، له قاودانێکی نیازپیسانهی درۆزنانه‌یه. رق و بوغز و بێحورمهتی و شکاندنی که‌سایه‌تی و فیتنه گێڕان و ئه‌م و ئه‌و هاندان له سه‌رتاپای نووسینه‌کانی ده‌بارێ. ئه‌یوب زاده که ئیجازه‌ی به خۆی دا ماوه‌یه‌ک له مه‌وپێش چه‌ند نامه‌ی ده‌ستنووسی پێشه‌وا قازی محه‌مه‌د که له‌لایه‌ن حه‌سه‌ن قازییه‌وه بڵاو کرانه‌وه، بباته ژێر پرسیار و بڵێ به‌ڵگه‌ی جه‌عل و دروست کراون، بۆخۆی به رۆژی رووناک ته‌فسیرێکی زۆر نائهمانهتدارانهی به‌ڵگه‌کان ده‌کا. رۆژنامه‌ی کوردستان و به‌یاننامه‌كانی حیزب به به‌ڵگه دێنێته‌وه. له حاڵێکدا هه‌ر که‌س خودی ئه‌و به‌ڵگانه چاو لێ بکا، ته‌فسیرێکی راست به پێچه‌وانه‌ی ته‌فسیری ئه‌یوب زاده‌ی دێته ده‌ست. ده‌ست له ناوه‌رۆکی راگه‌یه‌ندراو و به‌یاننامه‌کانی حیزب وه‌رده‌دا و قسه‌کانی شه‌خسی حه‌سه‌ن زاده و ته‌نانه‌ت دوکتور قاسملووش ته‌حریف ده‌کا و ئه‌وه‌ی بۆخۆی پێی خۆشه ده‌یهه‌وێ ده‌رخواردی خوێنه‌ری بدا.
لێره‌دا ته‌نیا چه‌ند نمونه له شێوه‌ی به‌کارهێنانی به‌ڵگه و قسه‌ی خه‌ڵک و دڵسۆزی رواڵه‌تی و عهوامفریبانه له لایه‌ن کاک حه‌سه‌ن ئه‌یوبزاده‌وه دێنمه‌وه:
1- نووسه‌ری دوو جنایه‌ت و دوو دادگا و دوو قه‌رار، له بابه‌ت گواستنه‌وه‌ی بنکه‌کانی حیزبی دێموکرات له قه‌ندیله‌وه بۆ ده‌شتی کۆیه، ده‌ڵێ "کریس کۆچێرا له کتێبه‌که‌یدا ئه‌و ڕادانه به کاری مه‌لا عه‌بدوڵڵا حه‌یاکی (حه‌سه‌ن زاده) ناو ده‌با". کابرا وتی "خه‌سه‌ن و خوسێن هه‌ر سێکیان کچی موعاویه‌ن". ئه‌وه راست نه‌قڵی ئاغای ئه‌یوبزاده‌یه. ناوبراو بۆ ئه‌وه‌ی درۆکه‌ی ئاشکرا نه‌بێ، جومله‌که وه‌ک خۆی ناهێنێته‌وه و وه‌ک زۆرێک له به‌ڵگه‌کانی که دواتر پتر بۆ خوێنه‌رانی روون ده‌که‌مه‌وه، به دهستپیسیهوه گواستویه‌تیه‌وه و بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێ ژه‌هری خۆی بڕێژێ، قسه‌که‌ی به‌و جۆره گۆڕیوه که دڵخوازی خۆی بووه. له راستیدا جومله‌که که له لاپه‌ڕه 218ی کتێبه‌که‌ی کۆچێرا (خواستی سه‌ربه‌خۆیی / خه‌باتخوازیی کورد) دا هاتووه، وشه به وشه ئاوایه: "رۆژی 18ی ژوئیه‌ی 1993 مامۆستا عه‌بدوڵڵا حه‌سه‌ن زاده جێگری سکرتێری گشتی ناچار ده‌بێ به په‌له ده‌فته‌ری سیاسی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران راگوێزێ." به پێی ئه‌و رسته‌یه‌ش که ئاغای ئه‌یوبزاده به به‌ڵگه هێناویه‌ته‌وه، وه‌ک ده‌بینین نه ناوی مامۆستا به‌و جۆره‌ی که ئه‌یوبزاده نوسیویه‌تی "مه‌لا عه‌بدوڵڵا حه‌یاکی (حه‌سه‌ن زاده)، هاتووه و نه وشه‌ی رادان که پتر بۆ گاڕان و ئه‌و جۆره شتانه ده‌بێ، تێدایه و نه ئیشاره به راگواستنی حیزب کراوه. به‌ڵکو نووسراوه: "ناچار" ده‌بێ "به په‌له "ده‌فته‌ری سیاسی" راگوێزێ. ده‌شزانین که ده‌فته‌ری سیاسی هه‌مووی چه‌ند که‌س و کۆمه‌ڵێک به‌ڵگه‌نامه‌ن نه‌ک هه‌موو حیزب و بنکه‌کانی حیزب یان بنکه‌ی ده‌فته‌ری سیاسی. هه‌روه‌ها له هه‌موو کتێبه‌که‌دا هه‌ر کاری به‌و جومله‌یه بووه و باقیه‌که‌ی نه‌خوێندۆته‌وه ده‌نا ده‌یدیت که نووسه‌ری به ناوبانگی فه‌رانسه‌وی و دۆستی کورد دوو لاپه‌ڕه دواتر و له لاپه‌ڕه‌ی 220 دا ده‌ڵێ: "عه‌بدوڵڵا حه‌سه‌ن زاده سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران که بۆخۆی فه‌رمانده‌ریی موقاومه‌ت له دژی هێرشی ئێرانی کردبوو، بێ ئه‌وه‌ی که بیهه‌وێ پێوه‌ندیه‌کان له گه‌ڵ حیزبێکی برا ژاراوی بکا، ئه‌وه قبوڵ ده‌کا که جه‌لال تاڵه‌بانی نه‌یده‌توانی به کرده‌وه پێشی چوونی ئێران بۆ نێو خاکی عێراق بگرێ، به‌ڵام ... سه‌ره‌رای ئه‌وه‌ش ئێرانیه‌کان نه‌یانده‌توانی به بێ موافقه‌تی یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان 255 کیلۆمیتر له نێو خاکی کوردستانی عێراقدا بچنه پێش. ئێمه ئه‌گه‌ر ده‌ستمان ئاواڵه با، ده‌مانتوانی له زۆر شوێنی له‌بار له سه‌ر ئه‌و رێگا دوور و درێژه، به ژماره‌یه‌کی زۆر که‌می پێشمه‌رگه‌وه که‌مینیان بۆ دابنێینه‌وه. به‌دبه‌ختیه‌که ئه‌وه‌یه که جه‌لال تاڵه‌بانی فێر نه‌بووه به ئێران بڵێ: نا!".
2- مامۆستا حه‌سه‌ن زاده له به‌رامبه‌ر داوای یه‌کێتی نیشتمانیی کوردستان بۆ دانانی کومیسیۆنی ته‌حقیقی هاوبه‌ش له گه‌ڵ حیزب به مه‌به‌ستی روونکردنه‌وه‌ی کاره‌ساتی تیرۆری چوار تێکۆشه‌ری دێموکرات له ده‌روازه‌ی کۆیه ڕاده‌گه‌یه‌نێ: داوای کومیسیۆنی ته‌حقیقی موشته‌ره‌کیان کرد. ئه‌وه‌شمان نه‌کرد. چونکه پێمان وایه مه‌سه‌له‌که له‌وه روونتره که لێکۆڵینه‌وه‌ی بوێ. جا ئه‌گه‌ر دۆستانی یه‌کێتی ئیقدامێکیان کرد و ئه‌و تاوانه‌یان له یه‌کێتی دوور خسته‌وه، ئێمه‌ش سپاسیان ده‌که‌ین. ئه‌گه‌ر نه‌شیان کرد با ئێمه مه‌سئول نه‌بین که گۆیا پێکه‌وه به‌و نه‌تیجه‌یه گه‌یشتووین که ئه‌مانه خه‌تایان نه‌بووه. ئاخر له چی بکۆڵینه‌وه؟ هاوڕێیانی ئێمه به تانکه‌وه هاتبوون کۆیه بگرن؟! کامیان له ماشێنه‌که هاتبووه ده‌رێ؟ هه‌موویان له ماشێنه‌که‌دا شه‌هید بوون." (بڕوانه کوردستان – ژماره 252، لاپه‌ڕه‌ی 3)
به‌ڵام حه‌سه‌نی ئه‌یوبزاده له به‌رامبه‌ر ئه‌و وڵامه‌ی مامۆستا دا ده‌نووسێ: "کۆمیته‌یه‌ک له هه‌ردوو حیزب (ینک و حدکا) پێک بێ بۆ ئه‌وه‌ی له‌و جینایه‌ته بکۆڵێته‌وه. پێشنیار و رێگه چاره له‌وه ژیرانه‌تر تۆ بڵێی چی بێ؟ به‌ڵام مه‌لا عه‌بدوڵڵا به‌رپرسی حدکا ده‌زانێ لێکۆڵینه‌ی ئه‌و جینایه‌ته ده‌بێته هۆی ئاشکرا کردنی زۆر نهێنیی و پێوه‌ندیی سیخوڕه‌کانی کۆماری تیرۆر له نێو رێبه‌رایه‌تی حدکا دا. له به‌ر ئه‌وه مه‌لا عه‌بدوڵڵا خۆی توڕه کردووه و گوتویه‌تی پێویست به لێکۆڵینه‌وه ناکا. بۆخۆتان بچن لێی بکۆڵنه‌وه و دوایه وه‌رنه‌وه به ئێمه‌ی رابگه‌یه‌نن." (بڕوانه نووسراوه‌ی دوو جینایه‌ت، دوو دادگا، دوو قه‌رار – ح. ئه‌یوبزاده)
ره‌نگه وته‌کانی مامۆستا و قسه‌کانی ئه‌یوبزاده هیچ پێویستیان به شی کردنه‌وه نه‌بێ. کاتێک سکرتێری ئه‌و کاتی حیزبی دێموکرات سه‌باره‌ت به‌و کاره‌ساته، روو به یه‌کێتیی نیشتمانی به ئاشکرا راده‌گه‌یه‌نێ که "مه‌سه‌له‌که له‌وه روونتره که لێکۆڵینه‌وه‌ی بوێ" و "ئه‌گه‌ر دۆستانی یه‌کێتی ئه‌و تاوانه‌یان له یه‌کێتی دوور خسته‌وه" به‌ڵام حه‌سه‌نی ئه‌یوبزاده ئه‌وه به نیشانه‌ی پێوه‌ندیی نێوان سیخوڕی جمهوری ئیسلامی و رێبه‌رایه‌تی حدکا ده‌زانێ و خۆی ده‌کا به کاسه‌ی داغ‌تر له ئاش و تازه دوای تێپه‌ڕینی 12 ساڵ ئه‌و شه‌هیده نه‌مرانه‌ی وه‌بیر دێته‌وه و ده‌ست ده‌کا به قوڕ پێوان و فرمێسکی تیمساحیان بۆ ده‌ڕێژێ. کاک حه‌سه‌ن ده‌ڵێ دانانی کۆمیسیۆنی هاوبه‌ش بۆ لێکۆڵینه‌وه له‌و جینایه‌ته ده‌بوو به هۆی ئاشکرا بوونی پێوه‌ندیی نێوان سیخوڕه‌کانی کۆماری ئیسلامی و رێبه‌ریی حدکا، وه‌ک بڵێی رێبه‌ریی حیزب بۆخۆی له کومیسیۆنهکهدا نه‌ده‌بوو و له ئوروپاوه کاک حه‌سه‌نیان بۆ ئه‌ندامه‌تی له‌و کومیسیۆنهدا بانگهێشت ده‌کرد، تا ئه‌و پێوه‌ندیانه‌یان بۆ بدۆزێته‌وه!! ئه‌یوب زاده ده‌ڵێ مامۆستا خۆی تووڕه کردووه و گوتوویه پێویست به لێکۆڵینه‌وه ناکا. که‌نگێ و له‌کوێ شتی وای گوتووه؟! جالب ئه‌وه‌یه له ته‌واوی نووسینه‌کانی ئه‌یوبزاده‌دا حدکا سه‌روه‌ریی خۆی له ده‌ست ده‌دا و ده‌بێته تابع و موتیعی حوکمی جه‌لال تاڵه‌بانی، که‌چی له‌و شوێنه‌دا که باس له به‌دواداچوونی قه‌زایی که‌یسی تێرۆره‌که‌ی سه‌یته‌ره‌ی کۆیه‌یه، حیزب و حه‌سه‌ن زاده سه‌روه‌ریی ته‌واوی خۆیان په‌یدا ده‌که‌نه‌وه!
3- له به‌شێکی دیکه‌ی بابه‌تی "دوو جینایه‌ت، دوو دادگا، دوو قه‌رار"، حه‌سه‌نی ئه‌یوبزاده جارێکی دیکه و ئه‌مجار له ده‌لاقه‌ی عه‌وامفریبی و له هه‌وڵێکی پۆپۆلیستیانه‌دا، ره‌خنه له حیزبی دێموکرات ده‌گرێ که به هاتنی بۆ کۆیه چیدی نیگابانی له کچان و ژنانی کورد نادا و ته‌جاوز و جینایه‌ته‌کانی ئه‌م دواییانه‌ی رێژیمی کۆماری ئیسلامی له که‌هریزه‌کی تاران به نمونه دێنێته‌وه و ده‌ڵێ: "ده‌یانزانی که به جێهێشتنی وڵاته‌که‌ی خۆیان (وه‌ک بڵێی حه‌سه‌نی ئه‌یوبزاده خه‌ڵکی ئافریقای باشوور بێ) و چۆڵ کردنی مه‌یدانی خه‌بات (وا بزانه کاک حه‌سه‌ن تۆپخانه‌که‌ی به دژی کۆماری ئیسلامی دابه‌ستووه) ئه‌و ده‌رفه‌ته بۆ پاسدارانی جینایه‌تکار پێکدێنێ که له زیندانه‌کانیان دا هه‌موو ئه‌تکێک به سه‌ر ژن و کچی کورد بێنن. گوشار بخه‌نه سه‌ر بنه‌ماڵه‌ی پێشمه‌رگه. به‌سه‌رهاتی زیندانیه‌کانی که‌هریزه‌ک ...".
له پێشدا جێی خۆیه‌تی جارێکی دیکه له ئاغای ئه‌یوبزاده پرسیار بکرێ که ئه‌رێ به قوربان ئه‌تۆ که بۆخۆت ئاوا لایه لایه ده‌زانی، بۆچی خه‌وت لێ ناکه‌وێ؟! تۆ که ده‌تزانی به "چۆڵ کردنی مه‌یدانی خه‌بات پاسدارانی کۆماری ئیسلامی له زیندانه‌کانیان دا هه‌موو ئه‌تکێک به سه‌ر ژن و کچی کورد دێنن"، بۆچی نه‌مایه‌وه و زۆر به‌ر له‌و کاته که به قه‌ولی جه‌نابت عه‌بدوڵڵا حه‌سه‌ن زاده حیزب به‌ره‌و کۆیه رادا، کوردستانت به جێهێشت و مه‌یدانی خه‌باتت چۆڵ کرد؟ بۆ تۆ کورد نه‌بووی؟ بۆ ئه‌و کات مه‌یدانی خه‌بات چۆڵ کرابوو که وا تۆ چۆڵت کرد؟ خۆ ناشتوانی بیانووی پیری بهێنیته‌وه. ئاخر ئه‌وه قسه‌ی پتر له بیست ساڵ له‌وه پێشه.
له لایه‌کی دیکه‌وه کاک حه‌سه‌ن به‌و وتانه‌ی نیشانی ده‌دا که یان خۆی هیچ گه‌شه‌ی نه‌کردووه و له باری فکریه‌وه چه‌ق وه‌ستاوه یان بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێ کاریگه‌ری له سه‌ر خوێنه‌ر دابنێ و ئیحساسی خه‌ڵکی ساویلکه هه‌ڵخڕێنێ، به زمانی جوتیار یا مه‌ڕدارێکی نه‌خوێنده‌واری ده‌هه‌ی شێستی هه‌تاوی له کوردستان ده‌دوێ که به پێشمه‌رگه‌یان ده‌گوت؛ ئه‌گه‌ر ئێوه نه‌بن ناموسهکهشمان هی خۆمان نییه. غافڵ له‌وه که ئیدی ئه‌مڕۆ ژنانی کورد بۆخۆیان به‌شێکی به‌رچاو له هێزی مافخوازی کورد له ناو کۆمه‌ڵگا و له ناوه‌ندی خوێندکاری و مه‌ده‌نیه‌کاندا پێکدێنن و چیدی له‌و قۆناخه‌دا نه‌ماونه‌ته‌وه که چاوه‌ڕوان بن پیاوانی پێشمه‌رگه نیگابانیان لێ بده‌ن. بۆ خه‌ڵک ئیدی ئه‌و سه‌رده‌مه به سه‌ر چووه و ئیستا ئه‌گه‌ر رێژیم له که‌هریزه‌ک دا تاوان ئه‌نجام ده‌دا، هه‌ر له ته‌ریقی ئه‌و یوتیوبه‌وه که کاک حه‌سه‌نیش ئیتیفاقه‌ن بینیویه‌تی به‌ڵام نازانێ که قوربانیه‌کانی ته‌نیا ژنان نه‌بوون، خه‌ڵک وایان لێ له قاو ده‌ده‌ن و وه‌ها سکاڵای خۆیان به گوێی دنیا ده‌گه‌یه‌نن که خڵتهئابڕووی ئه‌و رێژیمه‌یان به بادا دا و ئیدیعای حوکومه‌تی خودایییان خسته ناو زبڵدانه‌وه. ئه‌گه‌ر له شوێنێک پاسدارێک یان کاربه‌ده‌ستێکی رێژیم ده‌ستدرێژییه‌ک بۆ سه‌ر هاوڵاتیه‌ک بکا، ئه‌وا به ده‌یان و سه‌دان که‌س له سه‌ری وه‌ده‌نگ دێن و زۆر به خێراییش فیلمی وه‌ده‌نگ هاتنه‌که‌یان به گوێی میدیاکانی سه‌رانسه‌ری دنیا ده‌گه‌یه‌نن. لاوانی کوردیش چیدی ئه‌و خه‌ڵکه ئاسایییهی ده‌هه‌کانی شێست و حه‌فتای هه‌تاوی نین که به دیار په‌یدا بوون و نه‌بوونی پێشمه‌رگه‌وه ده‌ست له سه‌ر ده‌ست دانێن.
کاک حه‌سه‌ن ره‌نگه هیچکات ئاگای له ئێران و کوردستان و دنیاش هه‌ر نه‌بووبێ ده‌نا ده‌یزانی ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ له که‌هریزه‌ک دا به سه‌ر خه‌ڵکی تاران دێ، هه‌ر ئه‌و کات که پێشمه‌رگه‌ش به‌وپه‌ڕی هێزی خۆیه‌وه له کوردستان دا شه‌ڕی ده‌کرد، به چه‌ند قات زیاتر له گه‌ڵ ژنان و کچانی کورد کران و مێژوش باشترین گه‌واهه که کوشتن و کوژرانیش باشاری نه‌کرد و به‌ری پێ نه‌گرت. ره‌نگه به‌ڕێزی نه‌زانێ که به دوای ئاشکرا بوونی ته‌جاوزه‌کانی که‌هریزه‌ک یه‌که‌م که‌س که له سه‌ر یوتیوب ئیعترافی به ته‌جاوز له زیندانه‌کانی کۆماری ئیسلامی دا کرد، خاتوونێکی کورد به ناوی نی‌نا ئه‌قده‌م (ئازه‌ر ئال که‌نعان) خه‌ڵکی شاری سنه‌ی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان بوو که له ده‌هه‌ی شێست دا به‌ند کرا بوو. ئه‌وه ته‌نیا نمونه‌یه‌ک بوو و دڵنیام نمونه‌کان له‌وه زیاترن و لازم نییه ته‌نیا له سه‌ر یوتیوب بیانبینینه‌وه. پرسیار ئه‌وه‌یه ئه‌گه‌ر کاک حه‌سه‌ن ئه‌و کات هێشتا له مه‌یدان! دا بوو، چۆن بوو دڵی بڕوای دا که لانیکه‌م ئه‌و نمونه‌یه له کچی کورد له زیندانی کۆماری ئیسلامی‌دا بکه‌وێته به‌ر دڕنده‌ترین ئازاری جه‌للاده‌کانی کۆماری ئیسلامیه‌وه به‌ڵام ئه‌و ده‌ست له سه‌ر ده‌ست دانێ و نه‌چێ بۆ به‌رگرتن یان تۆڵه‌کردنه‌وه خۆی به سه‌ر ئه‌نجامده‌رانی ئه‌و تاوانه و هه‌زاران تاوانی له‌و جۆره‌دا بته‌قێنێته‌وه و ساغ و سه‌لیم وه‌ک به‌رزه‌کی بانان به‌ره‌و ئوروپا بۆی ده‌رچوو؟ وا دیاره له ژێر سایه‌ی "خوێن له تۆ و شیعار له من"، له روانگه‌ی ئاغای ئه‌یوبزاده‌وه مه‌رگ هه‌ر بۆ جیران باشه.
ئه‌یوبزاده ئه‌گه‌رچی بۆ عه‌وامفریبی په‌نا بۆ ئه‌و باسه ده‌با، به‌ڵام ده‌بێ بزانێ ئه‌و سه‌رده‌مه به سه‌ر چووه که خه‌ڵک ته‌نیا چاویان له چه‌کی پێشمه‌رگه بێ و هه‌ر ئه‌وان به نیگابانی خۆیان بزانن. ئه‌مڕۆ لاوانی کورد زۆر له‌وه هوشیارترن که ده‌ست له سه‌ر ده‌ست دانێن و پێیان وا بێ به گرتنی پایگایه‌ک و به دانانی که‌مینێک، هه‌موو کێشه‌ی کوردستان حه‌ل ده‌بێ. له راستیدا کوردستان بۆ ئاغای ئه‌یوبزاده هه‌ر ئه‌و کوردستانه‌یه که له شێسته‌کاندا به جێی هێشت و پێیوایه چونکه خۆی نه‌گۆڕاوه، ئه‌وا کۆمه‌ڵگاش نه‌گۆڕ ماوه‌ته‌وه. سه‌ره‌رای هه‌مووی ئه‌وانه‌ش وه‌ک باسم کرد جه‌نابی ئه‌یوبزاده راست له‌و کاته‌دا حیزبی به جێهێشت که شه‌ڕێکی چه‌کدارانه و گه‌رم به‌رامبه‌ر به کۆماری ئیسلامی و موتهجاوزانی ئیستای که‌هریزه‌ک له ئارادا بوو. جێی خۆیه‌تی که دیسان لێی بپرسرێ ئه‌دی چۆن بوو بۆخۆت له گه‌رمه‌ی شه‌ڕدا نه‌ک هه‌ر حیزبی دێموکرات، به‌ڵکو کوردستانت به هه‌ر چوار پارچه‌که‌یه‌وه به جێ هێشت؟ که‌س هه‌یه لێی بپرسێ تۆ که ئێستا شات و شوتت بۆ شه‌ڕی چه‌کداری دنیای داگرتووه، ئه‌رێ له‌و چه‌ند ساڵ پێشمهرگایهتیهت دا جارێک فیشه‌کت به دوژمنه‌وه نا؟ جارێک بریندار بووی؟ برسیایهتیت چێشت؟ یان نا هه‌ر به هه‌وای ئاغایه‌تی و ده‌ره‌به‌گایه‌تیه‌که‌ی جارانت، له ریزی باڵته سپیه‌کاندا مایه‌وه و تا حیزبت به جێ نه‌هێشت، خۆت له کورسیه‌که‌ی قه‌زاوه‌ت نه‌کرده‌وه و ته‌نانه‌ت بۆ جارێک نه‌توێرا ده‌مانچه‌که‌ی به‌ر قه‌دیشت تاقی بکه‌یته‌وه؟
4- حه‌سه‌نی ئه‌یوبزاده له به‌شێکی دیکه‌ی قسه‌کانی دا هه‌ڵده‌کوتێته سه‌ر رێبه‌رایه‌تیی حیزبی دێموکرات و ئه‌مجار درۆکانی به زمانی دوکتور قاسملووی شه‌هیده‌وه هه‌ڵده‌به‌ستێ. ئه‌یوبزاده ده‌ڵێ: "که‌س یا که‌سانێک که دوای تیرۆری دوکتور شه‌ره‌فکه‌ندی رێبه‌رایه‌تی حدکایان به ده‌سته‌وه گرت به گوێره‌ی وته‌کانی دوکتور قاسملوو (کورته مێژووی رێبه‌رایه‌تی حدکا) له‌و کۆڕه بوون که به فێڵباز، درۆزن و خورێنی چه‌ک و پاره ناوی بردبوون."
له پێشدا پێویسته وه‌بیر خوێنه‌ری بێنمه‌وه که ئاغای ئه‌یوبزاده لێره‌شدا به داخه‌وه ده‌ستپاکی نه‌پاراستووه. چونکه ئه‌وه قسه‌ی دوکتور قاسملوو نییه. له سه‌رانسه‌ری ئه‌و نامیلکه‌یه‌دا باسێکی ئاوا و به‌و زمانه‌ی تێدا نییه و ئه‌مجاره‌ش ئه‌یوبزاده به‌ڵگه‌که‌ی هه‌ر له مێشکی خۆیه‌وه ده‌ڵاندووه.
کاک حه‌سه‌ن ئه‌و قسه‌یه‌ی به ئیستنباتی خۆی له نامیلکه‌ی "کورته مێژووی رێبه‌ریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران" نووسیوه که کاک دوکتور راست دوای ئینشعابی کۆنگره‌ی 8 نووسی و له تێکۆشه‌ر، ئۆرگانی ناوخۆیی حیزب‌دا بڵاو کرایه‌وه. له راستیدا ئه‌وه ده‌که‌وته نێو چوارچێوه‌ی ئه‌و شه‌ڕ و پڕوپاگه‌نده‌یه‌ی نێوان حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و باڵی ئینشعابیی ئه‌و حیزبه واته حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران – رێبه‌رایه‌تی شۆڕشگێڕی ئه‌وکات که ئاغای ئه‌یوبزاده له رێبه‌ریی به‌ره‌ی دووهه‌م دا جێی گرتبوو. که‌وابوو ئه‌گه‌ر ئیستنباتی له قسه‌کانی کاک دوکتور راست بێ، ده‌بێ بۆخۆی یه‌کێک له‌و فێڵباز و چه‌ک و پاره خۆرانه بێ. بۆیه باسی سیفه‌ته‌که‌ی دیکه‌ی ناکه‌م چونکه ئه‌گه‌ر ئه‌و دوانه‌شی له سه‌ر راست نه‌بن، ئه‌وا بێگومان له سێهه‌میان دا عه‌له‌مداره.
ده‌ڵێن کابرا چاوی یاری پێ جوان بوو، چوو ده‌ری هێنا! له راستیدا ئه‌و دڵسۆزیه رواڵه‌تیه‌ی ئاغای ئه‌یوبزاده بۆ حیزبی دێموکرات و دوکتور قاسملووی شه‌هید دۆستایه‌تی مام ورچ وه‌بیر خوێنه‌ر ده‌خاته‌وه. ئاخر رێبه‌رێک که ئه‌ندامانی ده‌فته‌ری سیاسی حیزبه‌که‌ی ئه‌وه سیفه‌تیان بێ که جه‌نابی ئه‌یوبزاده به زمانی دوکتور قاسملۆوه هه‌ڵیبه‌ستووه، به راستی بۆ ئه‌وه نابێ فاتیحایه‌ک بۆ مودیریه‌ت و زانایی ئه‌و مرۆڤه مه‌زنه بخوێندرێ؟! ئه‌گه‌ر قه‌رار بێ دوکتور قاسملوو، هه‌شت ساڵ جێگره‌که‌ی و سه‌رجه‌م ئه‌ندامانی ده‌فته‌ری سیاسیی حیزبه‌که‌ی خۆی پێ فێڵباز و دز و درۆزن بن و جه‌نابی سکرتێریش نه‌ک هه‌ر ئاگاداری ئه‌و عادهتانهیان بێ به‌ڵکو به ئاشکراش باسیان بکا و به کرده‌وه‌ش هیچ دژایه‌تیه‌کیان نه‌کا و کاریشیان له گه‌ڵ بکا، دڵنیام سکرتێریش ناتوانێ جیاواز له‌وان بێ. هه‌ڵبه‌ت ئه‌و لێکدانه‌وه‌یه ته‌نیا له سه‌ر بۆچوونه‌کانی ئاغای ئه‌یوبزاده‌یه و دوکتور قاسملوو هیچکات ئه‌وه‌نده نه‌زان و له‌وه‌ش زیاتر بێ ئه‌ده‌ب نه‌بووه که شتی وا به هاوڕێکانی بڵێ و هه‌ر که‌س ئاشنا به ئه‌ده‌بیات و زمانی دوکتور قاسملوو بێ، درۆی ئاوای به زار هه‌ڵنابه‌ستێ. ئه‌گه‌ریش له کورته مێژووی رێبه‌رایه‌تی حیزبی دێموکرات دا هه‌ڵیکوتاوه‌ته سه‌ر کۆمه‌ڵێک له‌و رێبه‌رانه‌ی که ئه‌و کات له ته‌کیا نه‌مابوون، ته‌نیا به‌رهه‌می ناکۆکی و شه‌ڕی نێوان رێبه‌رانی ئه‌و دوو باڵه‌ی حیزب بوون و، نازانم کاک حه‌سه‌ن به‌ڵام هیچکام له رێبه‌رانی دیکه‌ی ئه‌و باڵه‌ش که کاک حه‌سه‌نی تێدا بوو به‌و تۆمه‌تانه‌وه له حیزب دانه‌بڕێندرابوون.
5- ده‌ڵێن درۆزن که‌م حافزه‌یه. سروشتییه ئینسان که پیر بوو زیاتر حافزه‌ی له ده‌ست ده‌دا. حه‌سه‌نی ئه‌یوب زاده که مام جه‌لال به بکوژی دوکتور قاسملوو ده‌ناسێنێ، چه‌ند پاراگراف ئه‌ولاتر هه‌ودای خه‌یاڵی له ده‌ست ده‌رده‌چێ و به مه‌به‌ستی هه‌ڵکوتانه سه‌ر رێبه‌ریی حیزبی دێموکرات ده‌ڵێ: "جاسوسی بۆ رێژیم له پله‌ی هه‌ره سه‌ره‌وه‌ی حیزبی دێموکرات‌دا ئه‌وه‌نده ئاشکرا ببو که به وته‌ی دادستانی دادگای بێرلین ئاغای جه‌لال تاڵه‌بانی له کۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نترناسیۆناڵ سوسیالیست دا به دوکتور سادق شه‌ره‌فکه‌ندی گوتبوو: به پێی ئه‌و خه‌به‌رانه‌ی که ئێمه هه‌مانه مه‌ئموره‌کانی ئێرانی به شوێن تۆوه‌ن.... مه‌علوم نییه جه‌لال تاڵه‌بانی له ئاڵمان ئه‌و خه‌به‌ره‌ی له کوێ و له لایه‌ن کێوه پێ‌درابوو؟"
ئاغای ئه‌یوبزاده که عاده‌تی نییه له سه‌ر به‌ڵگه‌کانی قسه بکا و هه‌میشه هه‌وڵ ده‌دا به‌ڵگه له سه‌ر قسه‌کانی خۆی بێنێته قسه!، له بیری چۆته‌وه که هه‌ر چه‌ند پاراگراف پێشتر وتبوی "بڕیارده‌ر، یان بڕیارده‌رانی حدکا ده‌یانزانی که چوونه ژێر چاوه‌دێریی سکرتێری یه‌کێتیی نیشتمانیی کوردستان به مانای چوونه ژێر حاکمیه‌تی کۆماری ئیسلامیه." کاک گۆران وه‌ک عاده‌تی هه‌میشه‌یی خۆی، لێره‌شدا ده‌ستی به قسه فڕێدان کردووه و روونی ناکاته‌وه که ئه‌و وشیار کردنه‌وه‌یه‌ی شه‌هید دوکتور سه‌عید له لایه‌ن مام جه‌لاله‌وه چ پێوه‌ندیه‌کی به بوونی جاسووس ئه‌ویش له پله‌ی هه‌ره سه‌ره‌وه‌ی حیزبی دێموکرات‌دا هه‌یه؟! به پێی ئه‌و قسه‌یه‌ی دوایی حه‌سه‌ن ئه‌یوبزاده، مام جه‌لال و کۆماری ئیسلامی یه‌کماڵ بوون و هیچ فه‌رقێکیان له فکر و کرداردا نه‌بووه. که‌چی به‌ڵگه‌که‌ی ته‌واو پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه نیشان ده‌دا. ئه‌گه‌ر قه‌راره مام جه‌لال و کۆماری ئیسلامی ئاوا ئاگایان له سڕی یه‌کتر بووبێ و ئه‌وه‌نده ده‌ستیان له گه‌ڵ یه‌ک تێکه‌ڵ کردبێ، بۆچی دوکتور سادق شه‌ره‌فکه‌ندی له لایه‌ن مام جه‌لاله‌وه له پیلانی تیرۆریستانی کۆماری ئیسلامی وریا کراوه‌ته‌وه؟ تۆ بڵێی به فه‌ڕزی راست بوونی قسه‌کانی کاک ئه‌یوبزاده، ده‌زگای ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی ئه‌وه‌نده ساویلکه بووبێ که تا ئه‌و راده‌یه متمانه‌ی به مام جه‌لال کردبێ؟ له حاڵێکدا ئه‌و به‌ڵگه‌یه هه‌موو قسه‌کانی کاک ئه‌یوبزاده ته‌نانه‌ت له سه‌ر مام جه‌لالیش وه‌درۆ ده‌خاته‌وه. ئاخر که‌سێک که پیلانی کوشتنی که‌سێکی دیکه‌ی له سه‌ر دا بێ، چۆن دێ و پێشه‌کی وشیاری ده‌کاته‌وه که فڵانی وریای خۆت به چونکه به ته‌مام بتکوژم؟
ئامانجی من نیشاندانی بێبناخهیی به‌ڵگه‌کانی کاک گۆرانه نه‌ک به‌رگری له مام جه‌لال، به‌ڵام له کۆتایی ئه‌م به‌شه‌دا خۆزگه و هه‌زار خۆزگه دوکتور سه‌عیدی نه‌مر وشیار کردنه‌وه‌که‌ی مام جه‌لالی "دۆستی کۆماری ئیسلامی" به هێند گرتبا و له سه‌ر قسه‌ی چه‌ند که‌س به ناوی رێبه‌رانی ئۆپۆزیسیۆن و نه‌یاری کۆماری ئیسلامی ئێران، ئاوا به بێ موبالاتی له رستورانی میکونوس دا دانهنیشتبا.
ماویه‌تی ...