2010 01 26 - 16:13
هه‌قیقه‌تی "قه‌راردادی نهێنی"، ئازادی عه‌لی باله،...
تاهیر قاسمی
خوا نه‌کا فه‌رمانده‌یه‌کی سپای پاسداران یان به‌رپرسێکی ئیتلاعاتیی کۆماری ئیسلامی ئێران شتێک به دژی حیزبی دێموکرات و بزوتنه‌وه‌ی کورد له رۆژهه‌ڵاتی کوردستان بڵێن، ئه‌وا یه‌کسه‌ر قسه‌که له لای حه‌سه‌نی ئه‌یوبزاده ده‌بێ به حوججه‌ت و به بێ ئه‌وه‌ی ئیزنی هیچ جۆره تشکیک و گومانێک به خۆی بدا، به سه‌نگ و به‌ردی خۆی پارسه‌نگیان بۆ ده‌کا و به چه‌ند به‌رابه‌ره‌وه به دژی حیزبی دێموکرات به کاریان دێنێته‌وه. کارم به‌وه نییه که ئامانجی نووسه‌ر له‌و کاره‌ی چییه به‌ڵام راست له‌و راستایه دایه که به‌رپرسه‌کانی کۆماری ئیسلامی مه‌به‌ستیانه.
یه‌کێک له مه‌یدانه‌کانی شه‌ڕی نێوان دوو هێزی نه‌یار و دوژمن، مه‌یدانی شه‌ڕی رهوانییه. له‌و مه‌یدانه‌دا هه‌ر کام له لایه‌نه‌کان هه‌وڵ ده‌ده‌ن به هه‌ڵبه‌ستنی درۆ و ده‌له‌سه، بڵاو کردنه‌وه‌ی ده‌نگۆ و خستنه سه‌ر زاری زانیاریی هه‌ڵه له سه‌ر هه‌ڵسوکه‌وت یان سیاسه‌ته‌کانی لایه‌نی به‌رامبه‌ر و تاد... دوژمنه‌که‌یان بخه‌نه به‌ره‌یه‌کی دیکه‌ی شه‌ڕه‌وه و هاوکات له لای بیرورای گشتی سووکیان بکه‌ن و خه‌ڵکیان لێ بته‌کێننه‌وه. ئه‌و کاره‌ش زیاتر له لایه‌ن ده‌زگا سیخوڕی و ئیتلاعاتیه‌کانه‌وه دژ به به‌ره‌ی دوژمن ئه‌نجام ده‌درێ. به‌ڵام ئه‌و قسانه‌ش پێویستیان به که‌س یان که‌سانێکه تا بتوانن په‌ره‌ی پێ بده‌ن و له ناو خه‌ڵک دا جێیان بخه‌ن. جا چ باشتر که ئه‌و که‌س یان که‌سانه به ڕواڵه‌ت له به‌ره‌ی نه‌یاری خۆیاندا دابن.
به پێی قسه‌کانی حه‌سه‌نی ئه‌یوب زاده که له زۆربه‌ی نوسینه‌کانیدا دووپات و چه‌ند پاته‌ی کردۆته‌وه، تا رۆژی 17ی سێپتامبری 1992 (رۆژی تیرۆری دوکتور سه‌عید و هاوڕێکانی) له هه‌ر چوار ئه‌ندامی رێبه‌ریی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران یه‌کیان مۆره‌ی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی بووه. واته لانیکه‌م 25%ی ئه‌و کۆمیته ناوه‌ندیی‌یه‌ی که کاک دوکتور سادقی شه‌ره‌فکه‌ندی رێبه‌ریی ده‌کرد سه‌ر به ئیتلاعات بوون. له ماوه‌ی 18 ساڵی رابردوودا تا سه‌رهه‌ڵدانه‌کانی دوای هه‌ڵبژاردنی خولی ده‌هه‌می سه‌رکۆماری، کۆماری ئیسلامی و به ته‌به‌عی ئه‌وه‌ش سازمانه سیخوڕیه‌که‌ی به‌رده‌وام له په‌ره‌گرتن دابوون و به پێچه‌وانه‌شه‌وه حیزبی دێموکرات هه‌روا توشی نوشستی و پاشه‌کشه هاتووه. هه‌روه‌ها به‌شێکی به‌رچاو له ئه‌ندامانی رێبه‌ریی ئه‌وکاتی حیزب شه‌هید بوون یان وازیان له حیزبایه‌تی هێنا. سروشتییه که ئیتلاعات مه‌ئموری خۆی ناکوژێ و ئیزنیشی پێنادا واز له پۆسته‌که‌ی بێنێ. که‌وابوو به پێی قسه‌کانی ئاغای ئه‌یوبزاده ئه‌و رێژه‌یه ئیستا ده‌بی به ئاسانی له نیوه به نیوه تێپه‌ڕیبێ. له ئه‌گه‌ری راست بوونی قسه‌کانی ئه‌یوبزاده‌دا، سروشتییه که ئه‌و جاش و سیخوڕانه له له‌تبوونی حیزبی دێموکرات دا هه‌موویان نه‌که‌وتوونه‌ته به‌ره‌ی حیزبی دێموکراتی کوردستانه‌وه. ته‌نانه‌ت زۆرینه‌ی ئه‌و کۆمیته‌ی ناوه‌ندیه‌ی که ئه‌و باسی ده‌کا، لایه‌نگری کاک مسته‌فا بوون. ئه‌وه‌ی بۆ من جێگای پرسیاره بۆچی ئه‌و وتانه‌ی ئاغای ئه‌یوبزاده تا ئه‌و راده‌یه ده‌که‌ونه به‌ر سه‌رنجی ئه‌ندامانی حدکا و سایته‌کانی نیزیک له‌و حیزبه به ئاب و تابه‌وه له ماڵپه‌ڕه‌کانی دیکه وه‌ری ده‌گرن و بڵاوی ده‌که‌نه‌وه!!
یه‌کێک له ئامانجه رواڵه‌تیه‌کانی حه‌سه‌نی ئه‌یوبزاده بۆ به ئیتلاعاتی له قه‌ڵه‌مدانی کۆمیته‌ی ناوه‌ندیی حیزبی دێموکرات، هێرش بۆ سه‌ر شه‌خسی مامۆستا حه‌سه‌ن زاده‌یه. ئه‌وه‌ش پێده‌چێ به دڵی به‌شێک له ئه‌ندامانی حدکا بێ و هه‌ر بۆیه‌ش چش له به‌شی خۆیان ده‌که‌ن. به‌ڵام با بۆ مێژووش بێ ئه‌وه باس بکه‌م که به دوای شه‌هید بوونی کاک دوکتور سه‌عید و هاوڕێکانی، له یه‌که‌م کۆبوونه‌وه‌ی کۆمیته‌ی ناوه‌ندیی دا بۆ هه‌ڵبژاردنی سکرتێری نوێ، مامۆستا حه‌سه‌ن زاده و کاک مسته‌فا هیجری که‌وتنه کێبه‌رکێ و سه‌همی مامۆستا له‌و هه‌ڵبژاردنه‌دا ته‌نیا چوار ده‌نگ بوو که یه‌کێک له ده‌نگه‌کان ده‌نگی خۆی بوو. سێ ئه‌ندامه‌که‌ی تری کۆمیته‌ی ناوه‌ندیی ئه‌و کاتی حیزب که ده‌نگیان به مامۆستا دابوو، یه‌کیان شه‌هید بوو (شه‌هید عه‌بدوڵڵای شه‌ریفی) و دوو که‌سه‌که‌ی تریش که ره‌نگه پێیان خۆش نه‌بێ ناویان بێنم، ئیستا هه‌ر کام له یه‌کێک له وڵاتانی سکاندیناوی نیشته‌جێن و بێ ئه‌وه‌ی تۆسقاڵێک گومانم له سه‌داقه‌ت و پاکیان هه‌بێ، یه‌کیان ئه‌ندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانه ئه‌وی تریشیان لایه‌نگر یان لانیکه‌م نیزیک له حدکایه. که‌وابوو ئه‌گه‌ر قه‌رار بێ قسه‌کانی ئاغای ئه‌یوبزاده راست بن، ئه‌وا له‌و جاش و جاسووسانه به‌شی شێر وه‌به‌ر حدکا و لایه‌نی کاک مسته‌فا که‌وتووه. له‌وه‌ش گرینگتر له پێنج ئه‌ندامی ده‌فته‌ری سیاسی چواریان لایه‌نی کاک مسته‌فا بوون و سه‌ره‌رای ئه‌وه که مامۆستا به دوای کۆنگره‌ی 10 و له کاتی سکرتێری دا هه‌میشه زۆرینه‌ی کۆمیته‌ی ناوه‌ندیی له گه‌ڵ بوو، به‌ڵام هیچکات به قازانجی خۆی ئاڵوگۆڕی له پێکهاته‌ی ده‌فته‌ری سیاسی دا نه‌کرد. ئه‌وه ره‌نگه وڵامێکیش بێ بۆ ئه‌و قسه‌یه‌ی ئه‌یوبزاده که ده‌ڵێ "مه‌لا عه‌بدوڵڵا حه‌یاکی (حه‌سه‌ن زاده) حیزبی دێموکراتی به‌ره‌و کۆیه ڕادا"، به‌ڵام ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستی سه‌ره‌کیمه ئه‌وه‌یه که بوختان و تۆمه‌ته‌کانی حه‌سه‌نی ئه‌یوبزاده رووی له هه‌موو حیزبی دێموکراته و به ته‌نیا پێوه‌ندیی به حیزبی دێموکراتی کوردستانه‌وه نییه. هێرش بۆ سه‌ر مامۆستاش ئامرازێکه بۆ گرتنی ده‌می ئه‌ندامان و رێبه‌رانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی ئێستا. هه‌روه‌ک کاک مسته‌فا فه‌رموویه‌تی مادام رووی قسه‌کانی له مامۆستایه، لێی گه‌ڕێن قازانجی ئێمه‌شی تێدایه!!
هه‌ر وه‌ک باسم کرد، ته‌قریبه‌ن له زۆربه‌ی نووسراوه‌کانیدا، یه‌کێک له سه‌ره‌کیترین و گرینگ‌ترین سه‌رچاوه و به‌ڵگه‌کانی ئاغای ئه‌یوبزاده که‌لک وه‌رگرتن له وته‌ی سه‌رانی ئیتڵاعاتی کۆماری ئیسلامی و فه‌رمانده‌کانی سپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامی دژ به حیزبی دێموکراته. ئه‌و به بێ ئه‌وه‌ی هیچ گومانێک بخاته سه‌ر راستی و ناراستی قسه‌ی ئه‌فسه‌رانی ئیتلاعات و سپا و ئامانجه‌کانیان، وه‌ک به‌ڵگه‌یه‌کی حاشاهه‌ڵنه‌گر جارێکی دیکه و به چه‌ند قات زیاتر دژ به حیزبی دێموکرات به کاریان دێنێته‌وه. متمانه‌ی ئاغای ئه‌یوبزاده به قسه‌ی ئیتلاعات و سپا تا راده‌یه‌که که له نووسراوه‌کانیدا هیچکات گومان و دوودڵیه‌ک له ناراستی ئه‌و قسانه بۆ ناوبراو به‌رچاو ناکه‌ون. تا ئاستێک که هیچ به‌ڵگه‌نامه‌یه‌ک و قسه‌ی هیچکام له رێبه‌رانی حیزبی دێموکرات و ئه‌وانه‌ش که به قازانجی ئه‌و حیزبه‌یان نوسیوه و ئه‌یوبزاده که‌ڵکی لێ وه‌رگرتوون، به راده‌ی قسه‌ی به‌رپرسانی سپا و ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی به‌و ده‌ستپاکیه‌وه له لایه‌ن ناوبراوه‌وه نه‌گوازراونه‌ته‌وه. وێڕای ئه‌وه‌ش ته‌فسیر کردنی قسه‌ی ئه‌و به‌رپرسانه‌ی کۆماری ئیسلامی، به‌و ئاراسته‌یه‌دا که خۆیان مه‌به‌ستیانه و به‌و جۆره‌ی که بابی ته‌بعی ئه‌و رێژیمه و مۆره‌کانیه‌تی، یه‌کێکی تر له شێوازه‌کانی کاری حه‌سه‌ن ئه‌یوبزاده‌یه بۆ هه‌ڵکوتانه سه‌ر حیزبی دێموکراتی کوردستان.
ئه‌وه‌ی زیاتر گومان ده‌خاته سه‌ر ئامانجه‌کانی ئاغای ئه‌یوبزاده له نووسینی ئه‌و هه‌موو بێڕێزی، درۆ و بوختانانه سه‌باره‌ت به رێبه‌رانی ئێستا و رابردووی حیزبی دێموکرات، ئه‌وه‌یه که ناوبراو راست له سه‌روبه‌ندی کێشه ناوخۆییه‌کانی حیزبی دێموکرات دا به‌و زمان و نووسینه‌وه وه گڕوگاڵ که‌وت و له‌گه‌ڵ له‌تبوونی حیزب زمانی گرت. ئه‌ویش نه‌ک بۆ به داخ بوون له له‌تبوونی حیزب، به‌ڵکو راست بۆ سو ئیستیفاده کردن له هه‌لومه‌رجه‌که بۆ هه‌ڵکوتانه سه‌ر به ڕواڵه‌ت مامۆستا عه‌بدوڵڵا حه‌سه‌ن زاه و له راستی دا حیزبی دێموکرات و مێژووی لانیکه‌م 20 ساڵی رابردووی ئه‌و حیزبه. ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ش هه‌لێکی له‌بار بوو بۆ ئه‌وه‌ی ئیتلاعات و ده‌زگا سیخوڕیه‌کانی کۆماری ئیسلامی ناراسته‌وخۆ و له رێگای که‌سانی به ڕواڵه‌ت نه‌یاری خۆیانه‌وه کێشه‌کان قووڵ بکه‌نه‌وه.
پرسیار له حه‌سه‌نی ئه‌یوبزاده ئه‌وه‌یه که بۆچی له کاتی روودانی ئه‌و رووداوانه‌دا جارێک وه‌ده‌نگ نه‌هات؟ ناڵێم کۆماری ئیسلامی مه‌حکووم کردبا، به‌ڵام خۆ ده‌یتوانی ناره‌زایه‌تی خۆی دژ به‌و کارانه‌ی حیزب و رێبه‌رانی حیزب که ئێستا هه‌ڵیانده‌به‌ستێ، ده‌رببڕێ.
یه‌کێک له‌و ئامانجانه‌ی که له نووسینه‌کانی حه‌سه‌نی ئه‌یوبزاده‌دا به ڕوونی خۆی ده‌نوێنێ دۆزینه‌وه‌ی شه‌ریک و برابه‌ش بۆ کۆماری ئیسلامییه له هه‌موو ئه‌و تاوانانه‌ی که ده‌رهه‌ق به گه‌لی کورد و حیزبی دێموکرات ئه‌نجامی داون. تا ئاستێک که له تیرۆری میکونوس دا به ئاشکرا دوکتور سه‌عید یان یه‌کێک له هاوڕێکانی به سیخوڕی کۆماری ئیسلامی ناوزه‌د ده‌کا و شه‌هیده‌کان ده‌کا به شه‌ریکی جینایه‌ت له گه‌ڵ تیرۆریسته‌کان و برابه‌ش بۆ تاوانه‌کانی کۆماری ئیسلامی ده‌دۆزێته‌وه. به‌وه‌ش راناوه‌ستێ و لانیکه‌م له سه‌دا 25ی ئه‌و کۆمیته‌ی ناوه‌ندییه‌ی که دوکتور سه‌عید رێبه‌ریی ده‌کرد، به جاش و سیخوڕی کۆماری ئیسلامی ده‌زانێ. (بڕوانه به‌شی سێهه‌می ئه‌م باسه) دیاره له‌و فتوایه‌ی ئاغای ئه‌یوبزاده‌ش دا دیسان سه‌رانی ئیتلاعات ده‌ور ده‌بینن و قسه‌ی عه‌لی فه‌لاحیانی بۆ ده‌بێ به حوججه‌ت که گوتبووی ئێمه له‌و حیزبه‌دا نفوزمان کردووه.
دوو هێزی دژبه‌ر هه‌میشه حه‌ول ده‌ده‌ن له ناو یه‌کتردا نفوز بکه‌ن. له شه‌ڕی نێوان دوو لایه‌ندا ئه‌وه شتێکی ئاساییه. به‌ڵام بانگی به ئاشکرای وه‌زیری ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامی بۆ ئه‌وه که سازمانه‌که‌ی ژێر ده‌سته‌ڵاتی، نفووزی له نێو حیزبی دێموکرات‌دا کردووه، جێگای پرسیاره. ئاخۆ ده‌بێ چ شتێک وای لێ کردبێ که باس یان باشتر بڵێم نهێنییه‌کی ئاوا – به فه‌رزی راست بوونی- به ئاشکرا رابگه‌یه‌نێ؟ مه‌گه‌ر بۆ که‌سانێک که له گه‌ڵیان ده‌ستی له یه‌ک کاسه‌دا بێ، ده‌نا رێبه‌رانی کۆماری ئیسلامی که‌ی ئه‌وه‌نده راستگۆ بوون تا قسه‌کانیان بۆ ئه‌وه ببێ که وه‌ک به‌ڵگه‌ی حاشا هه‌ڵنه‌گر که‌ڵکیان لێ وه‌ربگیرێ؟ بڵێی ئه‌وه یه‌کێک له جۆره‌کانی شه‌ڕی ره‌وانی دژ به‌و حیزبه نه‌بووبێ تا بتوانێ دڵی ئه‌ندامانی حیزبه‌که لێک کرمێ بکا؟ به تایبه‌ت ئامانجه‌که ئه‌و کاته به ته‌واوی ده‌پێکرێ که یه‌کێکی له پێستی دۆست دا قسه‌کانی ئه‌و و هاوقه‌تاره‌کانی بکا به کراسی عوسمان و دژ به حیزبه‌که به کاری بێنێ. یان نا هه‌ر بۆ ئه‌وه بووه که قسه‌که‌ی بۆ هێندێک که‌س و لایه‌ن ببێ به به‌ڵگه و سه‌رچاوه‌ی زانیاری بۆ هێرش کردنه سه‌ر ئه‌و حیزبه و رێبه‌رانی ئه‌و حیزبه؟
هه‌قیقه‌تی قه‌راردادی به‌ناو نهێنی
ئه‌یوبزاده له سه‌رجه‌م نوسینه‌کانی دا باس له قه‌راردادێکی نێوان حیزبی دێموکرات و کۆماری ئیسلامی بۆ راگرتنی شه‌ڕ ده‌کا. ئه‌و ئه‌وه‌نده به ئیتمینانه‌وه له‌و قه‌رارداده خه‌یاڵییه ده‌دوێ که جێگای هیچ گومانێک بۆ خۆی و بۆ خوێنه‌ر ناهێڵێته‌وه. قه‌راردادێک که نه‌ک هه‌ر منی ئه‌ندام به‌ڵکو هیچکام له ئه‌ندامانی ده‌فته‌ری سیاسی و کۆمیته‌ی ناوه‌ندیی حیزبه‌که و ته‌نانه‌ت سکرتێریش نه‌یانبینیوه و پێیان نه‌زانیوه. که‌چی ئه‌یوبزاده باس له به‌ند به به‌ندی ناوه‌رۆکی قه‌رارداده خه‌یاڵیه‌که‌ی خۆی ده‌کا. لێره‌دا خوێنه‌ر مافی خۆیه‌تی گومانی بۆ ئه‌وه بچێ که ئه‌گه‌ر قه‌راردادێکی نێوان حیزب و لایه‌نێکی دیکه، منی ئه‌ندامی حیزب سه‌هله، ئه‌ندامی ده‌فته‌ری سیاسیی حیزبه‌که‌شم نه‌یدیبێ و نه‌یزانیبێ، ئاخۆ ده‌بێ کێ نیشانی ئاغای ئه‌یوبزاده‌ی دابێ؟ تۆ بڵێی ئه‌و زانیاریانه یه‌کراست له لایه‌ن ته‌ره‌فه‌که‌ی دیکه‌ی به ناو قه‌رارداده‌که‌وه واته راست له لایه‌ن محسن ره‌زایی و عه‌لی فه‌لاحیان و ئه‌حمه‌دی کازمی یان به‌رده‌سته‌کانیانه‌وه به ئاغای ئه‌یوبزاده نیشان درابێ یا به جۆرێک ئه‌ویان له بوونی وه‌ها قه‌راردادێک و ناوه‌رۆکه‌که‌ی ئه‌رخه‌یان کردبێته‌وه؟! یان بڵێی ئه‌یوبزاده بۆخۆی له کۆبوونه‌وه‌ی نووسینی قه‌راردادێکی ئه‌وتۆ دا به ئاشکرا یان به نهێنی به‌شدار بووبێ که ئاوا به ئیتمینانه‌وه لێی ده‌دوێ؟!
باسی هه‌ر جۆره قه‌رارداێک له نێوان حیزبی دێموکرات و کۆماری ئیسلامی له درۆیه‌ک زیاتر که هه‌ر له زمانی ئه‌یوبزاده‌وه هه‌ڵڕژاوه، زیاتر نییه. ته‌نیا قه‌راردادێک که پێوه‌ندی به وه‌ستانی خه‌باتی چه‌کداریی حیزبه‌وه هه‌بووه، له نێوان حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان بووه بۆ راگرتنی چالاکیه‌کانی پێشمه‌رگه‌ی حیزب له ناوخۆی کوردستانی ئێران له حاڵه‌تێکدا که له ناوچه‌کانی ژێر ده‌سته‌ڵاتی یه‌کێتی وه‌ک پشتی جه‌بهه که‌ڵک وه‌ربگرن. ئه‌و قه‌رارداده‌ش له نێوان حدکا و یه‌کێتی نیشتمانیدا ئیمزا کراوه. له‌لایه‌ن حدکاوه کاک مسته‌فا هیجری و له‌لایه‌ن یه‌كێتی نیشتمانیش دوکتور فوئاد مه‌عسوم ئیمزایان کردوه. بوونی وه‌ها رێککه‌وتنێكیش شتێکی شاراوه نه‌بووه. هه‌م له کاتی راگیرانی چالاکی چه‌کداری له لایه‌ن رێبه‌رانی حیزب و له کۆبوونه‌وه‌کاندا بۆ پێشمه‌رگه‌کان روون کرایه‌وه و هه‌م به تایبه‌تی له رۆژنامه‌ی کوردستانی ژماره 236ی تایبه‌ت به مانگی گه‌لاوێژی 1375 دا به‌و شێوه‌یه‌ی خواره‌وه به ره‌سمی باسی لێ کراوه:
'' دوابه‌دوای هێرشی هێزه‌کانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆسه‌ر بنکه‌کانی حیزبی دێموکرات و بنه‌ماڵه ئاواره‌کانی کوردی ئێرانی له ده‌وروبه‌ری کۆیه له رێکه‌وتی 27-28/7/1996، هه‌یئه‌تی مه‌کته‌بی سیاسیی یه‌کێیه‌تیی نیشتمانیی کوردستان و ده‌فته‌ری سیاسیی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران له رۆژه‌کانی 4-1/8/1996 کۆبوونه‌وه بۆ ته‌نزیم کردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیه‌کانی نێوان ئه‌و دوو حیزبه و چاره‌سه‌ری ئه‌وه گیروگرفتانه‌ی که به‌هۆی هێرشی ئێران له نێوانیاندا پێک هاتبوو.
له ئاکامی ئه‌و وتووێژانه‌دا به توافق گه‌یشتن که حیزبی دێموکرات به‌رنامه‌ی کار‌و تێکۆشانی خۆی به چه‌شنیکی ئه‌وتۆ دابڕێژێته‌وه که له‌گه‌ڵ هه‌ل و مه‌رجی ئێستای کوردستانی عێراقدا گونجاو بێ و، یه‌کیه‌تی نیشتمانیی کوردستانیش وێڕای ته‌زمینی تێکۆشانی سیاسیی حیزبی دێموکرات له ناوچه‌کانی ژێرده‌سه‌ڵاتی خۆیدا ئه‌من و ئاسایشی ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی ئه‌و حیزبه بپارێزێ.
هه‌روه‌ها هه‌ردوولا بهلێنیاندا که به‌کرده‌وه هه‌نگاو هه‌لگرن بۆ ئه‌وه‌ی روحی ته‌فاهوم و دۆستایه‌تی له نێوانیاندا به‌هێزتر بکه‌ن و ئه‌گه‌ر هه‌ر گیر‌و گرفتێکیش له نێوانیاندا هاته پێش ، به رێگای وتووێژی دۆستانه چاره‌سه‌ر بکرێت.
مه‌کته‌بی سیاسیی یه‌کیه‌تی نیشتمانیی کوردستان
ده‌فته‌ری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
4/8/1996-14/5/1375
وێڕای ئه‌وه‌ش ته‌نیا چه‌ند رۆژێک پاش هێرشی کۆماری ئیسلامی بۆ سه‌ر بنکه‌کانی حیزب له ساڵی 1996، مامۆستا حه‌سه‌ن زاده که ئه‌یوبزاده ئه‌و به به‌ڕێوه‌به‌ری به قه‌ولی خۆی هه‌موو پیلانه‌کان ده‌زانێ، بۆ به‌شداری له کۆنگره‌ی ئه‌نترناسیۆنال سۆسیالیست که له‌وێدا حیزبی دێموکڕات به ئه‌ندامی ئه‌و رێکخراوه وه‌رگیرا له رێگای ئورپاوه ده‌ڕوا بۆ ئه‌مریکا و ئه‌و سه‌فه‌ره‌ی چه‌ند مانگێک ده‌خایه‌نێ. پرسیار ئه‌وه‌یه ئه‌گه‌ر قه‌راره قه‌راردادی نهینی له نیوان سکرتیری حیزب و کۆماری ئیسلامی له‌و کاته‌دا ئیمزا کرابێ و که‌سیش لێی ئاگادار نه‌بووبێ، ئه‌ی کێ له‌و ماوه‌یه‌دا به‌ڕێوه‌به‌ری ناوه‌رۆکی قه‌رارداده خه‌یاڵیه‌که‌ی ئاغای ئه‌یوبزاده بووه؟!
مامۆستا حه‌سه‌نزاده چوار ساڵ له‌وه پێش و بۆ یه‌که‌م جار و دوا جار که وڵامی حه‌سه‌نی ئه‌یوبزاده‌ی دایه‌وه، له بابه‌ت ئه‌و تۆمه‌ته‌ی ناوبراو ده‌ڵێ: "بۆ دڵنیا کردنی ئه‌و که‌سانه‌ی به ئیحتمالی یه‌ک له هه‌زار له خوێندنه‌وه‌ی وتاری مامۆستا گۆران دا گومانێکیان بۆ دروست بووبێ، راده‌گه‌یه‌نم که ساڵی 1996 له کاتی په‌لاماری هێزه‌کانی رێژیمی کۆماری ئیسلامی بۆ سه‌ر بنکه‌کانی حیزب دا نه له نیزیک و نه له دوور و نه راسته‌وخۆ و نه به نێوبژی، هیچ چه‌شنه رێککه‌وتنێک له نێوان حیزب و کۆماری ئیسلامی دا رووی نه‌داوه و ته‌نانه‌ت قسه‌شی لێ نه‌کراوه." (1)
که‌چی به‌و حاڵه‌ش ئه‌یوبزاده که وه‌ک باسم کرد ئاگاداری به‌ند به به‌ندی قه‌رارداده خه‌یاڵیه‌که‌یه و ئاواش ناوه‌رۆکه‌که‌ی باس ده‌کا: به پێی قه‌رادادی ئاشبه‌تاڵ ئه‌ندامی حیزب:
1- چه‌ک کراو بووه
2- مافی دیفاعی نه‌بووه
3- مافی هاتوچۆی به چه‌که‌وه نه‌بووه
هه‌روه‌ک باسم کرد، سه‌رچاوه‌ی زانیارییه‌کانی ئه‌یوبزاده ئیتلاعات و سپای کۆماری ئیسلامییه به‌ڵام هه‌ر که‌س له ماوه‌ی پتر له 15 ساڵی رابردوو دا سه‌ردانی بنکه‌کانی حیزبی دێموکراتی له کۆیه و دێگه‌ڵه و جێژنیکان و ... کردبێ، ده‌زانێ که پێشمه‌رگه نه‌ک هه‌ر چه‌ک کراو نه‌بووه به‌ڵکو به‌رده‌وام ده‌وری بنکه‌کانی به چه‌كی سووک و نیوه قورس ته‌نیوه. له ته‌واوی ئه‌و ساڵانه‌دا تا ئێستاش ئه‌ندامانی رێبه‌رایه‌تی حیزب له باشووری کوردستان به بێ ئیسکۆرتی چه‌کدار هاتوچۆیان نه‌کردوه. له‌لایه‌کی دیکه‌وه له ته‌واوی ئه‌و ساڵانه‌دا ئه‌گه‌رچی له تیمی بچووک دا، به‌ڵام به‌رده‌وام پێشمه‌رگه له ناوچه دا واته له نێوخۆی وڵات‌دا به چه‌که‌وه حوزوری هه‌بووه و له هاتوچۆش دا چه‌کی پێ بووه. ئه‌یوبزاده قه‌رارداده خه‌یاڵیه‌که‌ی بۆ ساڵی 1375 ده‌گه‌ڕێنێته‌وه که‌چی شه‌هیدان ره‌سوڵ شه‌عبانی و تاهیر حوسێن نه‌ژاد له ناوچه‌ی شنۆ و شه‌هید عه‌وڵا ته‌به‌رزه ساڵی 1378 له ناوچه‌ی پیرانشار له دوو شه‌ڕی قاره‌مانانه‌دا شه‌هید بوون. (2) ئه‌وه بۆ جارێک کۆماری ئیسلامی ده‌نگی لێ به‌رز نه‌بۆوه که بڵێ بۆچی قه‌رارداده‌که‌تان ژێر پێ خستووه؟! یان له ماوه‌ی سێ ساڵی رابردوودا پێشمه‌رگه و کادره‌کانی حدک به‌رده‌وام له ناوچه دا حوزوریان هه‌بووه و کادر و پێشمه‌رگه‌کانی حدکاش لانیکه‌م له یه‌ک ساڵی رابردوودا حوزوریان بوو. له چه‌ند تێکه‌ڵچوونی جیاواز دا له ناوچه‌کانی سه‌رده‌شت، سه‌قز و مه‌ریوان چه‌ندین پێشمه‌رگه‌ی حدک و حدکا شه‌هید بوون. ئه‌وه بۆ کۆماری ئیسلامی جارێک قه‌رارداده خه‌یاڵیه‌که‌ی ئاغای ئه‌یوبزاده‌ی وه‌بیر سه‌رانی حیزبی دێموکرات نه‌خسته‌وه و هاواری لێ هه‌ڵنه‌ستا که بۆ قه‌راردادی ئه‌یوبزاده‌تان ژێر پێ ناوه و پێشمه‌رگه‌تان ناردۆته‌وه؟
هه‌ڵبه‌ت من ده‌زانم که حه‌سه‌نی ئه‌یوبزاده باوه‌ڕی به قسه‌کانی خۆی نییه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر که‌سێک گومانی له بوونی وه‌ها قه‌راردادێک هه‌بوو، له مسته‌فا هیجری و عه‌بدوڵڵا حه‌سه‌ن زاده نا، به‌ڵکو با له کاک بابا عه‌لی مێهر په‌روه‌ر که ئیستا سه‌ر به هیچ لایه‌کیان نییه و له ده‌ره‌وه‌ی وڵاته و به درێژایی ئه‌و ساڵانه ئه‌ندامی ده‌فته‌ری سیاسی بووه‌و ئێستا شبه هۆی ئه‌وه که له به‌رپرسایه‌تی دا نه‌ماوه ره‌نگه که‌مترین مولاحزه‌ی بۆ راست کردنه‌وه‌ی ئه‌و ناراستییه هه‌بێ، پرسیار بکا. له‌وه‌ش ئه‌ولاتر ده‌توانن پرسیار له رێبه‌رانی هه‌ر کام له باڵه‌کانی ئێستای کۆمه‌ڵه یان لایه‌نه‌کانی تر بکه‌ن که ئاخۆ ئه‌و قه‌رداده خه‌یاڵیه‌ی که حه‌سه‌نی ئه‌یوبزاده باسی ده‌کا ئه‌و حیزب و رێکخراوانه‌ی دیکه‌ی رۆژهه‌ڵاتی کوردستانیشی گرتۆته‌وه یان راگرتنی چالاکی چه‌كداری له‌لایه‌ن ئه‌و لایه‌نانه‌ی دیکه‌وهه به‌پێی قه‌راردادی جودای خۆتان له گه‌ڵ جمهوری ئیسلامی بووه؟!!
ئازادی عه‌لی باله
له زۆربه‌ی نووسراوه‌کانی دا، حه‌سه‌ن ئه‌یوبزاده باس له‌داوود ئیبراهیم زاده که له ناو حیزب دا به ئازادی عه‌لی باله ده‌ناسرا، ده‌کا و به‌و هۆیه‌وه که هاتوچۆی ماڵی مامۆستای کردووه، وه‌ک به‌ڵگه‌یه‌ک!! به دژی حیزب و مامۆستا حه‌سه‌ن زاده به کاری ده‌با. بۆ ئه‌وه‌ش که باشتر درۆکانی بچه‌سپێنێ، جارێک ده‌یکا به ئامۆزای و جارێکیش به خاڵۆزا و پورزا. عه‌لی باله بۆخۆی تا کاتی مردنیشی به که‌سێکی خۆشناو و نیشتمانپه‌روه‌ری ناوچه‌ی مه‌هاباد ناسرابوو. ته‌نیا خزمایه‌تیه‌کی زۆر دووریش که له‌گه‌ڵ مامۆستا حه‌سه‌ن زاده‌ی هه‌بوو ئه‌وه بوو که بابی مامۆستا حه‌سه‌ن زاده بن ئامۆزای باپیری عه‌لی باله بووه. وه‌ک شاعیر ده‌ڵێ:
خاتوون که کچی پووری نه‌وه‌ی باجه مه‌نیجه
خزمن که ئه‌من ئێسته گه‌یشتوم به نه‌تیجه
به‌ڵام نه ئازاد بۆ ئه‌وه له دایک ببو تا ببێ به ئیتلاعاتی و نه له سه‌ر ئیجازه‌ی دایک و باوکی ده‌ستی بۆ ئه‌و کاره بردبوو. ده‌زانم ئاغای ئه‌یوبزاده گوێی به زانیاریی راست "بدهکار" نییه، به‌ڵام بۆ زانیاریی خوێنه‌ران، با بزانین ئازاد بۆخۆی کێ بوو:
به حوکمی ئه‌وه که ئه‌من پێشمه‌رگه‌ی هێزی پێشه‌وا بووم، ئازادی عه‌لی بالهم له نیزیکه‌وه ده‌ناسی. (هیوادارم ئه‌یوبزاده نه‌یکا به به‌ڵگه‌ی جاسووسی له سه‌رم!!) ئازاد خه‌ڵکی ئاوایی گاگه‌شی ناوچه‌ی مه‌نگوڕانی مه‌هاباد بوو. ساڵی 1369 بوو به پێشمه‌رگه. هه‌ر له سه‌ره‌تاوه خۆی وه‌ک لیسانسی ئه‌ده‌بیاتی فارسی ناساند به‌ڵام دواتر روون بۆوه که خوێنده‌واریه‌که‌ی هه‌ر له ئاستی راهنمایی دا بووه. دواتر بوو به کادری سیاسی لک له هێزی پێشه‌وا. له جه‌ریانی کێشه و ناکۆکیه‌کانی به‌ر له کۆنگره‌ی 10 وێڕای چه‌ند کادر و پێشمه‌رگه‌ی دیکه‌ی هێزی پێشه‌وا له‌وانه سه‌ید عه‌زیز نیکجویان، ئه‌سعه‌د گامێشانی، خالید خاڵدار و ... که سه‌رجه‌میان دۆستی نیزیکی ئازاد بوون و ئێستاش ئه‌ندامی حدکا ن، لایه‌نگریی له کاک مسته‌فا هیجری کرد. ئه‌وه له حاڵێک دا بوو که زۆربه‌ی هه‌ره زۆری کادر و به تایبه‌ت پێشمه‌رگه‌کانی هێزی پێشه‌وا و کۆمیته‌ی شارستانی مه‌هاباد لایه‌نگریان له مامۆستا عه‌بدوڵڵا حه‌سه‌ن زاده ده‌کرد. ئازاد که پێشتریش له ناو به‌شی هه‌ره زۆری پێشمه‌رگه‌کان دا خۆشه‌ویست نه‌بوو، له فه‌زای دووبه‌ره‌کی و دوو جه‌ناحی ئه‌وکات دا ئه‌وه بوو به هۆی ئه‌وه که به یه‌کجاری ته‌رد بکرێ.
له دوایین لێکدان‌دا که له نێوان حیزب و رێبه‌رایه‌تی شۆرشگێڕی ئه‌وکات له ساڵی 1373 له چنارۆکی پشت هه‌یبه‌سوڵتان رووی دا، ئازاد ده‌ورێکی گرینگی گێڕا. له کاتێکدا که له سه‌ر بردن و سوتاندنی ماشێن له نێوان دوو لایه‌ندا کێشه هاتبووه ئاراوه، ئازاد مه‌سه‌له‌که‌ی کرد به شتێکی حه‌یسیه‌تی و چوو ده‌بن سه‌ید عه‌زیزه‌وه که ئه‌و کات سه‌رپه‌ره‌ستی هێز بوو و له ناو هه‌مووشماندا رایگه‌یاند که ئه‌گه‌ر دژکرده‌وه‌مان نه‌بێ، ئابڕوومان ده‌چێ. ئه‌وه بوو که له کاتێکدا به‌ر له کۆنگره‌ی 10 و له کاتی سکرتێریی کاک مسته‌فا دا باسی یه‌کگرتنه‌وه به گه‌رمی له ئارادا بوو، کۆمه‌ڵێک پێشمه‌رگه به فه‌رمانده‌یی سه‌ید عه‌زیز، نێردرانه پشتی چنارۆک و ته‌قه و لێکدانێک له نێوان دوو لایه‌ندا رووی دا و بارودۆخه‌که‌ی گرژ کرده‌وه.
ئازاد به گشتی ئینسانێکی ده‌م هه‌راش، قسه خۆش و خۆ رێکخه‌ر بوو. ئه‌گه‌رچی له ناو پێشمه‌رگه‌کانی هێزی پێشه‌وا دا مه‌نفوور بوو، به‌ڵام هاتوچۆی به‌شێکی زۆر له بنه‌ماڵه‌کانی حیزب و ماڵی زۆربه‌ی ئه‌ندامانی ده‌فته‌ری سیاسی ده‌کرد و له گه‌ڵ کوڕه‌کانیان دۆست بوو. به‌و هۆیه‌وه که کاتی خۆی له ئاوایی گاگه‌ش بۆ ماوه‌یه‌ک ماڵی مامۆستا جیرانی ماڵی بابی ئازاد بووه، له کۆیه‌ش هاتوچۆی ده‌کردن. ساڵی 1375 به ئه‌ندامی کۆمیته‌ی شارستانی مه‌هاباد هه‌ڵبژێردرا و بوو به به‌رپرسی ته‌شکیلاتی ناو شار. بۆ هاوینی ئه‌و ساڵه به ته‌نیا چۆوه ناو شار. خه‌به‌ر هات که له ناو شاردا گیراوه و دواتر به‌ردراوه. خه‌به‌ری گیرانه‌که‌ی بۆ یه‌که‌م جار له لایه‌ن یه‌کێک له پێشمه‌رگه‌کانه‌وه به ناوی (ک. ف.) که شاره‌زایه‌کی باشی کاروبار و ته‌شکیلاتی ناو شار بوو، له ناو پێشمه‌رگه‌کان دا باسی کرا به‌ڵام نه‌ک به به‌ڵگه‌وه و به شێوه‌ی گوزارشی ره‌سمی به‌ڵکو وه‌ک قسه‌ی سه‌ر زاران. هه‌ر بۆیه‌ش به جیدی وه‌رنه‌گیرا و لێی نه‌کۆڵدرایه‌وه و پتر به حیسابی کێشه‌ی شه‌خسی و جه‌ناحی وه‌رگیرا. له‌و لاشه‌وه ئازاد بۆ ئه‌وه‌ی ده‌ستی خۆی ره‌پێش بخا و هه‌واڵه‌که به‌رپه‌رچ بداته‌وه، له لای کۆمیته‌ی شارستان سه‌حنه سازیه‌کی له‌و باره‌وه ساز کردبوو. به‌و جۆره که له باغی سیسه پاسدار پێشیان پێ گرتووه و داوای کارتی شناساییان لێ کردووه و ئه‌ویش ده‌مانچه‌که‌ی ده‌رهێناوه و پاسداره‌کان هه‌ڵاتوون و ئه‌ویش هه‌ر وا هه‌ڵاتووه و دوایه چه‌ند فیشه‌کیان به یه‌کتره‌وه ناوه!
له لایه‌کی دیکه‌شه‌وه له جه‌ریانی ده‌رگیربوونی کادره‌کانی کومیته‌ی شارستانی مه‌هاباد له ناوچه‌ی شاروێران، که تییدا محه‌مه‌د شاروێرانی به برینداری به دیل گیرا، گومانه‌که له سه‌ر ئازاد زیاتر ده‌بێ. ئازاد هه‌م ئاگاداری شوێنی مانه‌وه‌ی کاک عومه‌ر باڵه‌کی، به‌رپرسی کۆمیته‌ی شارستان و هاوڕێکانی ده‌بێ و هه‌میش ماوه‌یه‌ک پێشتر ده‌مانچه‌که‌ی له گه‌ڵ محه‌ممه‌د شاروێرانی ده‌گۆڕێته‌وه. ده‌مانچه‌یه‌ک که فیشه‌ک ده‌ر ناکا و پێده‌چێ ده‌رزیه‌که‌ی ده‌رهێنرابێ. ئه‌گه‌رچی گومانه‌کانی سه‌ر ئازاد له گه‌ڵ کومیسیۆنی سیاسی نیزامیش باس ده‌کرێ به‌ڵام ئه‌و کات هیچکام له‌وانه ئه‌وه‌نده روون نه‌بوون تا وه‌ک به‌ڵگه‌یه‌کی دادگا په‌سه‌ند له لایه‌ن کۆمیته‌ی شارستانی مه‌هاباده‌وه سیخوڕ بوونی ئه‌ندامێکی کۆمیته‌ی شارستان سابیت بکا.
به دوای گه‌رانه‌وه بۆ بنکه‌کانی حیزب، ئازاد به رواڵه‌ت سه‌ردانی هه‌ولێر ده‌کا به‌ڵام له سلێمانی سه‌ر ده‌ردێنێ. ئه‌وه‌ش گومانه‌کانی پێشوو زیاتر ده‌کا و ده‌بێته هۆکارێك تا عومه‌ر باڵه‌کی به‌رپرسی کۆمیته‌ی شارستانی مه‌هاباد به‌و گومانانه‌وه که له سه‌ر ئازاد هه‌یبوو، له هێزی پێشه‌وای نه‌قڵ بکا. هه‌ر بۆیه‌ش نامه‌ی نه‌قڵی ناوبراو ته‌حویلی کومیسیۆنی سیاسی نیزامی ده‌دا که ئه‌وکات نه‌مر کاک سه‌لام عه‌زیزی به‌رپرسی کومیسیۆن بوو. له نامه‌ی نه‌قڵه‌که‌دا نووسرابوو که ئه‌و کاره‌ی ئازاد ده‌کرێ وه‌ک خاڵێکی ئه‌منیه‌تی چاوی لێ بکرێ. به‌ڵام دیسانیش ناکه‌وێته به‌ر گومانی به‌رپرسانی سیاسی نیزامیه‌وه. حه‌سه‌ن شه‌ره‌فی ئه‌ندامی ده‌فته‌ری سیاسی دێته ناو مه‌سه‌له‌که‌وه و نێوبژیوانی ده‌کا تا کاک عومه‌ر، ئازاد وه‌ربگرێته‌وه، به‌ڵام له گه‌ڵ پێداگریی ناوبراو له سه‌ر نه‌قڵ کردنه‌که به‌ره‌وروو ده‌بێ. هه‌ر بۆیه‌ش نه‌قڵی کۆمیته‌ی ئه‌منیه‌ت ده‌کرێ که به‌رپرسه‌کانی له‌و کاته‌دا کاک شاهۆ حوسێنی و کاک چه‌کۆ ره‌حیمیی دۆستی کاک حه‌سه‌ن ئه‌یوبزاده بوو. کۆمیته‌ی ئه‌منیه‌تیش وه‌ک فێرگه و به‌شێکی به‌رچاوی دیکه له ئۆرگانه ئیجراییه‌کانی حیزب حه‌یاتی خه‌ڵوه‌تی جه‌ناحی کاک مسته‌فا بوو. له جه‌وی دوو جه‌ناحیی ئه‌و کاتیش دا چوونی ئازاد بۆ ئه‌و ئۆرگانه وه‌ک شتێکی ئاسایی و هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌دا چاوی لێ کرا.
ئازاد که له کومیته‌ی ئه‌منیه‌ت دا وه‌ک کادری به‌شی پارێزگاریی کاری ده‌کرد، بۆ جێ خستنی خۆی ده‌ستی به سه‌حنه سازیه‌کی دیکه کرد. رۆژێک خه‌به‌ر هات که ته‌قه‌ی لێ کراوه و بریندار بووه. به‌راستیش شتێکی له‌و بابه‌ته رووی دابوو و زاهیره‌ن ئازاد له نه‌رمه‌ی باسکی برینێکی، جا چۆن و به‌چی مه‌علوم نه‌بوو، هه‌ڵگرتبوو. ده‌یگوت که له رێگای هه‌ولێر- کۆیه پێش به‌و تاکسیه گیراوه که ئه‌وی تیدا بووه. ویستوویانه دایبه‌زێنن و بیگرن. به‌ڵام به قسه‌ی خۆی ئه‌و خۆی راده‌پسکێنێ و هه‌ڵدێ و ته‌قه ده‌کا و ته‌قه‌ی لێ ده‌که‌ن و له‌و ته‌قه و لێکدانه دا ئازاد بریندار ده‌بێ و شۆفیر تاکسیه‌که ده‌کوژرێ. ئه‌ویش خۆی ده‌گه‌یه‌نێته بنکه‌یه‌کی پارتی له نیزیک رووداوه‌که و نه‌جاتی ده‌بێ. بۆ ئه‌وه‌ش که هه‌موان بڕوا به سه‌حنه‌سازیه‌که بکه‌ن، کابرایه‌کی خه‌ڵکی کوردستانی عێراق له‌و رووداوه‌دا کوژرا.
پلۆنۆمی پاییزه‌ی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی خه‌ریک بوو ببه‌سترێ. ئه‌ندامانی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی له ده‌وروبه‌ری سکرتاریا ده‌بن که هه‌واڵی شه‌هید بوونی کاک مه‌نسوور ڕه‌شه هه‌ورامی، کاک مه‌نسوور ناسری، کاک ساماڵ ئیسماعیل زاده، کاک ره‌فعه‌ت مورادی و کاک یه‌دوڵڵا شیرین سوخه‌ن ده‌گا. ئازاد پێشنیار به ئه‌ندامانی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی ده‌کا که ده‌بێ ئه‌وانیش واته خۆی و چه‌ند ئه‌ندامێکی کۆمیته ناوه‌ندی به هاواریانه‌وه بچین به‌ڵام به گوێی ناکرێ. هاوڕێکانی ئه‌و پێنج شه‌هیده توانیبوویان ده‌ست به سه‌ر ماشێنێکی ئیتلاعات دا بگرن. به‌ڵگه و که‌لوپه‌له‌کان که له چه‌ند ته‌لیس دا بوون، له به‌ر ده‌رگای سکرتاریا فڕێ ده‌درێن. هه‌موو په‌شۆکابوون. چه‌ند که‌س ئیعتراز ده‌که‌ن که نه‌کا ئه‌و ته‌لیسانه ماده‌ی ته‌قینه‌وه‌یان تێدا بێ. مامۆستا بانگی کاک شاهۆ و کاک چه‌کۆ وه‌ک به‌رپرسانی ئه‌منیه‌تی ده‌کا و قوژبنێکیان پێ نیشان ده‌دا تا ته‌لیسه‌کان بپشکنن. دواتر کاک برایم زێوه‌یی‌ش ده‌چێته لای ته‌لیسه‌کان و به دوای ئه‌ویش دا ئازاد و خه‌ڵکی دیکه‌ش له ده‌وری ته‌لیسه به‌ڵگه‌کان که به‌رپرسانی ئه‌منیه‌تی خه‌ریکی پشکنینیان بوون، کۆ ده‌بنه‌وه. ... دوای چه‌ند سه‌عات له کاتێکدا که خه‌ڵکه‌که له ده‌وری نه‌خۆشخانه و ته‌رمی شه‌هیده‌کان کۆ ببونه‌وه، کومیته‌ی ئه‌منیه‌ت به دوای ئازاد دا ده‌گه‌ڕا. به‌ڵام تازه ئازاد ده‌رچوو بوو. دواتر ئاشکرا بوو که له ناو به‌ڵگه‌کان دا ره‌سیدی په‌رداختی بڕێک پاره و نه‌وارێکی ده‌نگی له ئازاد هه‌بوون ... .
له مێژووی حیزبی دێموکرات یان هه‌ر حیزبێکی دیکه‌ی به‌رهه‌ڵستکاری کۆماری ئیسلامی دا، ئازاد تاکه نمونه‌ی خۆ خزاندنی ئیتلاعات له ناو ریزه‌کانی حیزب‌دا نییه. به‌ڵام بوونی مۆره‌ی ئاوا له ناو ریزه‌کانی هه‌ر حیزبێکی سیاسی دا ناتوانێ به مانای جاسووس بوونی هه‌موو حیزبه‌که یان ته‌نانه‌ت ره‌فیقه حیزبیه‌کانی ئه‌و که‌سه بێ. مه‌گه‌ر بۆ که‌سانێکی وه‌ک حه‌سه‌نی ئه‌یوبزاده. حه‌تمه‌ن حه‌سه‌ن ئه‌یوبزاده له‌بیری ماوه له‌و وه‌خته‌دا که ده‌فته‌ری سیاسی حیزب له گه‌وره‌دێ بووه، پێشمه‌رگه‌یه‌کی به رواڵه‌ت جێگای باوه‌ڕ و دڵسۆز و لێهاتوو هه‌بوو به ناوی شۆرش که ئه‌گه‌رچی پارێزه‌ری دایمیی دوکتور قاسملوو نه‌بوو به‌ڵام زۆر جار و بۆ سه‌فه‌ری گرینگ دوکتور قاسملوو وه‌ک که‌سێکی ئازا و باوه‌ڕ پێکراو له‌گه‌ڵ خۆی ده‌یبرد. له گه‌ڵ کاک دوکتور له مه‌ئموریه‌ت دا بوو که خه‌به‌ر به حیزب گه‌یی ناوبراو پێوه‌ندی به رێژیمه‌وه هه‌یه. ئه‌وه بوو که هه‌ر به دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی دا یه‌کسه‌ر له لایه‌ن حیزبه‌وه ده‌سبه‌سه‌ر و ئیعدام کرا.
نموونه‌یه‌کی دیکه‌ی زۆر ناسراو گوزارشدانی سمایلی قاسملوو به ساواک بووه له‌باره‌ی ئه‌و تێکۆشه‌ره کوردانه‌ی له زه‌مانی شادا تێکۆشانی نهێنیان هه‌بوو. ئایا ئه‌وه ده‌بێته ده‌لیل بۆ ئه‌وه‌ی گله‌یی له دوکتور قاسملوو بکه‌ین؟! بێگومان نا.