۶/۲۶/۱۳۹۵

شیوەجۆ لە سێ وێستگەی زەمان دا

تاهیر قاسمی 

شیوەجۆ گوندێکە بە قەدپاڵی شیو و دۆڵەکانی ناوچەی کاڵەشینی رەبەتەوە. گوندێکی بچوک کە بە چیا و دەوەن و لێڕەواری ئەو ناوچەیە پەرژین کراوه‌. بەڵام لە مێژووی هاوچەر‌خ‌دا ناوی ئەو گوندە خنجیلانەیە پەرژینی لێڕەوار و چیاکانی بڕیوە و سێ جار ناوبانگی لە کوردستان‌دا دەنگی داوەتەوە.
یەکەم وێستگەی دەرچوونی ناوبانگی شیوەجۆ بۆ ٣٦ ساڵ لەوه‌ پێش دەگەڕێتەوە. ساڵی ١٣٥٩٩ی هەتاوی و لە گەرمەی هێرشی پاسدارانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر کوردستان و بەرگریی قارەمانانەی پێشمەرگە و خەڵک، حیزبی دێموکراتی کوردستان بنکەی دەفتەری سیاسیی خۆی لە پەنا گوندی شیوەجۆ دامەزراند. لە شوێنێک بە ناوی دۆڵی رەزگەیان کە دواتر ناوبانگی “دۆڵی دێموکرات”ی وەرگرت. رێبەریی حیزب لەوێوە فەرماندەیی بەرگریی قارەمانانەی پێشمەرگەی کوردستانی دەکرد. خانەخوێی و میوانداریی ئەو گوندە بە سامان هەژار بەڵام بە دڵ دەوڵەمەندە لە دەفتەری سیاسیی حیزب، بۆ ماوەی ٣ ساڵ شیوەجۆی لای خەڵکی کوردستان و ئازادیخوازان کرد بە رووگەی ئازادی. رۆژانە لە سەرانسەری کوردستان و ئێرانەوە پێشمەرگە، خەڵکی ئاسایی، کەسایەتیی جۆراوجۆر، رێبەرانی سیاسی و بە گشتی چین و توێژی جیاواز روویان لە شیوەجۆ و لە دۆڵی دێموکرات دەکرد. لەوێ لەگەڵ رێبەرانی حیزبی دێموکراتی کوردستان و لە سەرووی هەموانەوە دوکتور عەبدوڕەحمانی قاسملوو دیداریان نوێ دەکردەوە، باسیان لە چۆنیەتی کردنەوەی گرێ کوێرەکانی ژیان و خەبات دەکرد و لەسەر داهاتووی خەبات و چارەنووسی گەلی کورد پرسیار و راوێژیان دەکرد. خانەخوێی شیوەجۆ بۆ کۆنگرەی پێنجەمی حیزبی دێموکراتی کوردستان لە ساڵی ١٣٦٠ی هەتاوی، زیاتر لە پێشوو ناوی ئەو گوندەی خستە نێو لاپەڕەکانی مێژووی خەباتی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان.
 بنکەی دەفتەری سیاسیی حیزب زیاتر لە سێ ساڵ لە شیوەجۆ نەمایەوە. سپای داگیرکەر بە هەموو شێوەیەک هێرشی خۆی بۆ سەر کوردستان درێژە دەدا. بوردومان و تۆپبارانی کوردستان رۆژانە مڵک و ماڵی خەڵکی دەسووتاند. حیزب ناچار بوو بنکەی سەرکردایەتیی خۆی لە بەرەکانی شەڕ دوور بخاتەوه‌. بەڵام ئەم ماوەیە بەس بوو بۆ ئەوەی ناوی شیوەجۆ لە کوردستان‌دا ببێ بە ناوێکی ناسراو و ناوبانگی شیوەجۆ سنوور و کەوشەن تێپەڕێنێ.
 هەشت ساڵ لەوەپێش جارێکی دیکە ناوی شیوەجۆ کەوتەوە سەر زاران. ماوەیەکی زۆر بوو شیوەجۆ و شیوەجۆیەکانی کوردستان پێی پێشمەرگەیان لێ بڕابوو. ساڵانێک بوو کە خەڵکی نیشتمانپەروەر و پێشمەرگەخۆشەویستی ئەو دەڤەرە و باقی ناوچەکانی کوردستان بە تاسەی نو‌ی‌کردنەوەی دیدار لەگەڵ رۆڵەکانیان بوون. تا ساڵی ١٣٨٧ی هەتاوی حیزبی دێموکراتی کوردستان قۆناخێکی نوێی خەباتی دەست پێ کردەوە. پێشمەرگەکانی ئەم حیزبە لەو ساڵەوە تا ئێستا پۆل پۆل سەردانی ناوچە جۆراوجۆرەکانی کوردستان دەکەن و لە ئامێزی خەڵک و نیشتمانی خۆیان دان. لە دووهەم ساڵی دەستپێکردنەوەی ئەم قۆناخەی خەبات‌دا بوو کە شەهید هەمزە سارتکەیی، فەرماندەی بە وەجی دێموکرات بە پێشەنگایەتیی پۆلێک پێشمەرگە سەردانی شیوەجۆی کردەوە. له دۆڵی دێموکراتەوە، لەو شوێنەی کە سەردەمانێک جێگای حەسانەوەی دوکتور قاسملووی رێبەر بوو، بۆ کامێرای کوردکاناڵ دوا. لە پهیامێک‌دا بۆ هاوسهنگهره لاوهکانی، موژدەی دەستەملان بوونەوەی پێشمەرگە و خەڵکی دا و وەفاداریی خۆی بە رێبازی رێبەرە مەزنە شەهیدەکەی، دووپات کردەوه‌. بڵاوبوونەوەی ئەو پەیامە لە شیوەجۆوە و لە رێی کوردکاناڵەوە، جارێکی دیکە تینی لە دڵی رزگاریخوازان و خەڵکی کوردستان گەڕاندەوە.
 چەند رۆژ لەوە پێش، لەگەڵ هاتنی وەرزی پاییز، جارێکی دیکە ناوی شیوەجۆ سنوور و کەوشەنی تێپەڕ کردەوە. لێ ئەمجارە ئەگەرچی هۆکار بوونی بنکەی دەفتەری سیاسیی حیزب وەک قیبلەی ئازادی یان پەیامی دەسپێکردنەوەی قۆناخێکی نوێ لە لایەن فەرماندەیەکی پێشمەرگە لە دۆڵی دیموکراتەوە نەبوو بەڵام نیشانە و هێما بۆ جۆرێکی دیکە لە خەبات و تێکۆشانی نەتەوەیی و هاوتەریب لەگەڵ شێوەکانی دیکەی خەبات بوو. تێکۆشانێک کە دەکرێ وەک یەکێک لە جۆرەکانی خەباتی مەدەنی و نەتەوەیی پێناسە بکرێ. ئەویش کرانەوەی قوتابخانەیەک بۆ مناڵانی ئەو گوندە لە لایەن پۆلێک لە خێرخوازانی نیشتمانپەرەوەر بوو.
 مناڵانی شیوەجۆ سەرەڕای ئەم ناوبانگەی گوندەکەیان و رەنگە هەر له‌بەر ئەو ناوبانگەش، هەتا چەند حەوتو لەوەپێش، لە بوونی قوتابخانەیەکی رێک‌‌و‌پێک بۆ خویندن، بێبەش بوون. تەنانەت ئەو ساڵۆن و بنکە و شوێنانەش کە حیزب لە دەوری ئاوایی و بۆ دانیشتوانی گوندەکەی بە جێ هێشتبوو، لە لایەن سپای داگیرکەرەوە رووخێندران. قوتابیانی شیوەجۆ وەک مناڵانی زۆرێک لە گوندە دوورەدەستەکانی کوردستان، ناچار بوون پۆلەکانی سەرەتایی خوێندن لە هۆدەیەکی کۆنی شێداردا تێپەڕ بکەن. بەڵام دواجار بە هیممەتی پۆلێک لە پزیشکانی شاری مەهاباد و بە هاوکاریی خەڵکی گوندەکە، قوتابخانەیەکی سێ ژوورە بۆ قوتابیان و هۆدەیەکیش بۆ حەسانەوەی مامۆستای قوتابخانە کرایەوە.
 خزمەتگوزاریی خێرخوازانە دەمێکە لە کوردستان هەیە بەڵام تا چەند ساڵ لەوە پێشیش خێرخوازان خێری خۆیان زیاتر لە سازکردن یان نۆژەن‌کردنەوەی بنکە و شوێنە ئایینی‌یەکان تەرخان دەکرد. لێ ساڵانێکە له‌گەڵ پەرەگرتنی بیری نەتەوەیی، نیشتمانپەروەری و مرۆڤدۆستی لە لایەک و دیتنی ئەو هەموو ناعەداڵەتی و دواخستنەی بە سەر کوردستاندا سەپاوە، خێرخوازی سنووری ئایینی تێپەڕاندوە. خێرخوازان بە سازکردنی قوتابخانە، دەرمانگا و دیکەی شوێنە خزمەتگوزاریە گشتییەکان، رواڵەتێکی نوێیان بە کاری خێرخوازی لە کوردستان داوە. لە راستی‌دا خێرخوازی ئاوێتەی نیشتمانپەروەری و مرۆڤدۆستی کراوە. ئەگەرچی هەوڵی خێرومەندانەی ئەوان بارتەقای ئەو هەموو بێ ئیمکاناتیە لە کوردستان نییە بەڵام بێگومان جێ‌پەنجەیان بە سەر ئاوەدانیی نیشتمان‌دا دیار و بەرچاوە.
 شیوەجۆ هەرچەند گوندێکی لاپەڕە، بەڵام تاکە گوندی کوردستان و ناوچەکەش نییە کە لە خزمەتگوزاری‌یە سەرەتاییەکان بێبەش کراوە. دەسەڵاتی داگیرکەری تاران بەردەوام هەوڵ دەدا کەمترین ئیمکانات بۆ کوردستان دابین بکا و کەمترین یارمەتی بە پێشکەوتن لە کوردستان بدا. لە بەرامبەر ئەوەدا نیشتمانپەروەرانی کورد، ئەوانەی دەستیان دەگاتە دەمیان، هەوڵیان داوە لەم بارەوە دارێک لەسەر پەردووی لاوازی بانی نیشتمان دابنێن. ئەوان هەر لە کردنەوەی بنکەی تەندروستی‌یەوە تا قوتابخانە و تا یارمەتی کۆکردنەوە بۆ خەڵکی هەژار و لێقەوماوی کورد لە رۆژهەڵات و بەشەکانی دیکەی کوردستان، بە خەمی خەڵکەوە چوون. شیوەجۆ بە هەر هۆیەک بۆ هەڵبژاردنی ئەم کارە خێرخوازی و خزمەتگوزاریە هەڵبژێردرابێ، هێمایەکی دیکەیە بۆ پەرە گرتنی ئاستی خەمخۆریی نەتەوەیی خێرخوازانی نیشتمانپەوەری کورد و نیشانەیەکە بۆ پەرەگرتنی شێوەیەک لە خەباتی نەتەوەیی کە ئامانج و سەرکەوتنی خۆی لە پێشکەوتنی کوردستان، بنەبڕکردنی نەخوێندەواری و تەیارکردنی مێشکی مناڵی کورد بە زانست و فێربوون، دەبینێتەوه. ئامانجێک کە بیرهێنەرەوەی ئەو بەشە لە وەسیەتنامەی پێشەوای مەزنمانە کە روو بە نەتەوەکەی دەفەرموێ: “لێگه‌ڕێن منداڵه‌کانتان بخوێنن، چونکه رەمزی پێگەیشتوویی و سەرکه‌وتن له خۆینده‌واری دایه. با له‌ گەلانی دیکه‌ دوا نەکەون”.
لە ژماره‌ ٦٨٩٩ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه‌

بابەتی نوێ:

سوججەی سوور

لە کوردستان جۆرێک ماری ڕەنگ سووری کاڵ یان ئاڵ هەیە کە ماری سجە، سوجە یان سوججەی سوور و هەروەها "شیلە" ماریشی پێ دەگوترێ. مارەکە بێ...