یەکگرتنەوەمان پیرۆز کرد. هیوادارم ئەم حیزبە قەت جارێکی دیکە تووشی تەقینەوەی ناکۆکییە نێوخۆییەکان و لێکدابڕان نەبێتەوە. لەم هەلومەرجەدا هەموو لا پێویستە دەرس لە ئەزموونەکانی ڕابردوو وەرگرین و نەهێڵین جارێکی دیکە هەڵەکان دووپات ببنەوە.
ئێمەی ئەندامان دەبێ فێر بین ئەندامی حیزبی گەورە بین و خۆمان لە مەحفێل و ناوچە و شار و باڵباڵێندا نەدۆزینەوەو نەهێڵین ببین بە ئەندامی تاکێکی فەرماندە یان ڕێبەرێک. دەبێ ئەو ڕاستییە بزانین کە هیچ تاکێک شیاوی پەرەستن نییە. هەموو تاکێک بە پێی ئاستی بەرپرسایەتییەکەی بۆی هەیە تووشی هەڵە بێ و کەس لە هەڵە بێبەری نییە. بۆیەش نابێ هیچ تاکێکی بەرپرس ئەوەندە بەرز بکەینەوە کە دواڕۆژ نە بۆمان دابەزێندرێ و نە بۆخۆی بتوانێ دابەزێ.
ڕێبەران دەبێ عادەت بە ڕێبەریی کردنی حیزبی گەورە و کۆی حیزب و دەرەوەی حیزبیش بگرن و خۆیان و حیزبەکەیان لە ڕێبەریی کردنی دەستە و «مەحفێل» و ناوچە یان سەلیقەیەکی بەرتەسکدا بچووک و بچووکتر نەکەنەوە.
حیزبی دێموکرات هەڵگری هەر جۆرە سیاسەت و ستراتژییەک بێ و بووبێ، بۆ کوردایەتی و بۆ دەستەبەر کردنی مافەکانی نەتەوەی کورد و دامەزرانی کیانێکی کوردی بۆ کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دامەزراوە. بەو پێیەش نابێ لە ناو ئێرانی فیدراڵ یان دێموکراسیی ئێرانیدا خۆی لە بیر بچێتەوە. دەبێ کوردایەتی بە هەموو جومگەکانی بەڕێوەبەریی ئەو حیزبەوە دیار و بەرچاو بێ. لە باری فەرهەنگییەوە سەرچاوەی فێربوونی خەڵک بێ. پێویستە فەرهەنگی بە کوردی بەڕێوەبردن بە سەر حیزبدا زاڵ بێ و هەر لە بە کوردیی پاقژ قسە کردنی ڕێبەرانیەوە تا ناوی ئۆرگانەکانی، لە لابردنی ناوی بە کوردی نامۆی وەک "پذیرش" و "آموزش" و "تشکیلات" و "سیاسی - نظامی" و.. تا کەم کردنەوە و لابردنی دەستەواژەگەلی داگیرکراوانەی وەک "کوردستانی ئێران"، "کوردی ئێران" و وشەگەلی هاوشێوە لە ناو خۆیدا پێڕەو بکا.
لە کاتێکدا کە حیزب لە ناو خۆیدا پێویستە کوردایەتی بکا، ڕوو بە ئێرانییەکان دەبێ زمانی گەیاندنی ماف و خواستەکانی خۆی لێبڕاوانە و بە هەراوی، بە زمانی فارسی بگەیەنێ. بەربێژی سەرەکیی حیزب و تاکی حیزبی دەبێ نەتەوەی داگیرکەر و دەسەڵاتی داگیرکەری تاران بێ. ئەوەش بەوە جێبەجێ نابێ کە هەموو شتمان هەر بە زمانی خۆمان بێ. دەبێ کۆتایی بەو دیاردەیە بێنین کە بەردەوام گوێمان بۆ زایەڵەی دەنگی خۆمان شل بکەین. پێویستە بەستێنی خەبات بۆ ئەو گرینگە ئامادە و پەرە پێ بدرێ و بەر لە هەر شت مێدیای سەربەخۆی کوردتەوەری فارسیزمانی بۆ وەرێبخرێ. ئەزموونی تا ئێستا ئەوەمان پێ دەڵێ کە ئەزموونی مێدیای دووزمانە، ئەزموونێکی ناسەرکەوتوویە.
بە هێزیی هێزی پێشمەرگە و پاراستنی شکۆ و جێگە و پێگەکەی هاندەری هەموو بوارەکانی دیکەی خەباتە. ئەوپەڕی هەوڵ بدرێ کە پێشمەرگە لە شاخ دانەگەڕێ و لە ژیان لە ناو شار و لە پێدەشتەکانی باشووری کوردستاندا نەتوێتەوە. تەنانەت ئەگەر بە نرخی بە جێهێشتنی بنکەکانی دەشتی کۆیە بێ یان ناچار بن ئەو بنکانە بخەنە ژێر دەستی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە.
حیزبی دێموکرات خاوەنی هێزێکی زۆری ئینسانییە کە ئەو هێزە ئەگەر وەبەر کار نەنرێ، هەم پەڕەوازە و ناهومێد دەبێ و هەمیش حیزب تووشی قەتیسمان دەکا و دیاردەی نێگەتیڤ لە گەڵ خۆی دێنێ کە ئاشناترینیان باڵباڵێن و دەستە لێک ساز کردنە. بە سەرنجدان بە پەرەگرتنی ئامرازەکانی پێوەندی، دەیان بوار و بەستێنی جۆراوجۆر هەیە کە حیزبێکی نەتەوەیی خاوەن دەریایەکی ئاوای هێزی ئینسانی، بە کەمترین تێچوو دەتوانێ و دەبێ خەباتیان تێدا بکا. بۆ ئەوەش پێویستە ئەندامەکانی لە دەرەوە و ناوخۆ، بە جێی خولانەوەی بێ سوود لە سەر تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان، بۆ خەبات لەو بوارانەدا ڕابهێنێ و بە سەر ئەو بەستێنانەدا دابەش و سازمانیان بدا تا هەر کەس بە پێی توانایی، شارەزایی، ئۆگری و پێویستی ئەرکدار بکرێ.
لە کاتێکدا بەشێک لە شرۆڤەکاران بە دووری نازانن شۆرشی داهاتوو لە ئێراندا لە سەر دەستی ژنان ئەنجام بدرێ، حیزب لە گەڵ ئەوەدا کە هەشتا ساڵ لەوە پێش یەکەم ڕێکخراوی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانی دامەزراندووە، کەچی لە یەکسان کردنی ڕیزەکانیدا سەرکەوتنی بەرچاوی نەبووە. ئەوە لە حاڵێکدایە کە ڕۆژانە کچانیش وەک کوڕان بە ڕیزەکانی حیزبەوە پەیوەست دەبن. بەڵام بەو هۆیە کە فەرهەنگی زاڵ بە سەر حیزبدا فەرهەنگی پیاوەتییە، ئەوان نەیانتوانیوە بمێننەوە و بە بارتەقای ڕێژەیان لە کۆمەڵگادا، لە حیزبەکەدا جێگا و نەخشیان نییە. پێویستە سیاسەت و ڕێکاری جیددی بگیرێتە بەر تا یەکسانیی نێوان ژن و پیاو بە هەیکەل و ستروکتوری هەموو حیزبەکەوە هەر لە ڕێبەری تا ئۆرگانەکانی خوارەوەی حیزب بە ڕوونی و بە ئاشکرایی دیار بێ. سیاسەتی یەکسان کردنی حیزب تا گەیشتن بە یەکسانیی ڕاستەقینە پێویستە لە ناو حیزب و لە بەڕێوەبەریی حیزبدا زۆر شێلگیرانە پێش بخرێ.
عەداڵەت و بەرابەری نابێ بۆ دواڕۆژی سوسیالیزمی دێموکراتیک، لە حیزبدا پشتگوێ بخرێ. عەداڵەتی نێوخۆیی لە حیزبێکی سوسیالدێموکراتی شۆرشگێردا نیشاندانی نموونەیە بۆ چۆنیەتیی بەرێوەبەریی کۆمەڵگا لە دواڕۆژی گەیشتنی حیزب بە دەسەڵات و ئەو بەڵێنییە بە خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە سبەی ئەزموونی حوکمرانیی باشوور لە ڕۆژهەڵات دووپات نابێتەوە. لەو چوارچێوەیەدا حیزب پێویستە زۆر بە جیدی بە گژ هەر جۆرە گەندەڵیی ناوخۆییدا بچێتەوە و نەهێڵێ جیاوازیی نێوان هەژار و دەوڵەمەند بە سیمای حیزبەکەوە و بە ڕۆحی ئەندامەکانیەوە دیار بێ یان ئاستی پێوەندیی نێوان بەرپرس و ئەندام یان بەرپرس و خەڵک بە سەر ناوەرۆکی ئاییننامە و پڕەنسیپەکانیدا زاڵ بێ.