هەموو شتێک لەو ئێوارە گەرمەی ڕۆژی ٢٢ی خەرمانانی ١٤٠١ی هەتاوی لە ئێزگەی میترۆی حەقانیی شاری تارانەوە دەستی پێ کرد. ئەوکاتەی مەئموورەکانی گەشتی ئیرشادی کۆماری ئیسلامی کچێکی کوردی غەریب لەو شارەیان دەستبەسەر کرد و لەتەک ئەو کچانەی بە تۆمەتی بەدحیجابی دەستبەسەر کرابوون، لە ماشێنە وەنەکەیان خزاندن. مەئموورەکان بێبەزەییانە بەرەوڕووی ناڕەزایەتیی کچە دەستبەسەرەکان دەبوونەوە. لەم نێوەشدا کچە کوردەکە وەک هەر کوردێکی بندەستی ڕێژیمی تاران، توندتر و بێبەزەییانەتر دەکەوتە بەر ئازار و ئەزیەتەوە. بە جۆرێک کە کاتێ لە هۆڵی "وەزرا" کۆیان کردنەوە، لاقی عەرزی نەدەگرت. بەو حاڵەش جەزرەبە و ئازاری ئەو و کچەکانی دیکە هەروا بەردەوام بوو. کچە دەستبەسەرکراوەکان چەند جار مەئموورەکانیان لە دۆخی نالەباری ئەو کچە غەریبە ئاگادار کردەوە، بەڵام گوێیان پێ نەدرا. تا سەرەنجام کچە کوردەکە کەوتە سەر عەرز و لە هۆش چوو. بە بێهۆشی بردیانە نەخۆشخانەی کەسرا لە نیزیک گرتنگەکە و لەوێ بوو کە خەڵک لەڕێی دوکتور و پەرەستارەکانی نەخۆشخانەوە لە شوناس و دۆخی نالەباری "مەهسا ئەمینی" ئاگادار کرانەوە.
بەرەبەرە زاندرا کە ئەو ناوی "ژینا" و خەڵکی شاری سەقزی کوردستانە و لە نەخۆشخانە بێهۆش و لە کۆمادایە. سەرەنجام دوای دوو شەو مانەوە لە نەخۆشخانە، گیانی لەبەردا نەما و ڕۆژی ٢٥ی خەرمانان هەواڵی مەرگی ژینا – مەهسا ئەمینی ڕاگەیەندرا. ئەم هەواڵە وەک بۆمب بە هەموو ئێران و جیهاندا تەقیەوە، بەڵام زیاتر لە هەموو شوێنێک کوردستانی تووڕە و لەسەر پێ ڕاگرت. لە تارانیش پەرستارەکان دژ بەو جینایەتە وەستانەوە و لەگەڵ ژمارەیەک لە یەکسانیخوازان و چالاکانی مافی مرۆڤ لە نەخۆشخانەی کەسرا کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان وەڕێ خست. ڤیدیۆی ناڕەزایەتییەکەیان لەڕێی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بە دنیادا بڵاو بۆوە. هێزە سەرکوتکەرەکان زۆر زوو دەستیان بە سەرکوتی ناڕازییان کرد و بڵاوەیان پێ کردن. بنەماڵەی ژینا کە دوای گەیشتنی هەواڵی گیران و کۆمای کچەکەیان خۆیان گەیاندبووە تاران، سەرەنجام ئێوارەی ڕۆژی ٢٥ی خەرمانان توانیان تەرمی کچەکەیان وەربگرنەوە و بۆ ناشتن و تەسلیم بەخاککردنی، بەرەو زێدەکەی، کوردستان و شاری سەقز وەڕێ کەوتن. تەرمی ژینا ئێوارەی ئەو ڕۆژە بە فڕۆکە تا تەورێز هێندرا و لەوێوە جەختیان لە بنەماڵەکەی کرد کە بەپەلە بیبەنەوە بۆ سەقز و هەر بەو شەوە بینێژن. بۆ ئەو مەبەستەش وێڕای گوشار و هەڕەشە، دەست بە داوێنی زۆر لە بەرپرسانی حکوومەتی و کەسایەتییەکانی ناوچە بوون؛ بەڵام باوک و بنەماڵەی ژینا تەسلیمی ئەو داوایە نەبوون.
بەیانیی ڕۆژی ٢٦ی خەرمانان، لە کاتێکدا هەزاران کەس لە خەڵکی تێکۆشەری سەقز لە گۆڕستانی ئایچیی ئەو شارە کۆ ببوونەوە، تەرمی ژینا بە خوێندنەوەی سروودی "ئەیڕەقیب" بە خاکی کوردستان ئەسپێردرا و کێلەکەی بە خەتێکی خۆش و ، بە ڕستەی "ژینا گیان تۆ نامری، ناوت ئەبێتە ڕەمز"، نیشان کرا. خەڵکی تووڕە و ناڕازی لە کۆڕی ناشتنی ژینا، تووڕەیی خۆیان بە دانی دروشمگەلی وەک "ژن ژیان ئازادی"، "داگیرکەری ئێرانی قاتڵی ژینامانی"، "هەتا کوردێک بمێنێ کوردستانیش ئەمێنێ" و "مەرگ بۆ جاش و مەرگ بۆ خۆفرۆش" تووڕەیی و بێزاریی خۆیان لە چوار دەیە جنایەت و سەرکوتی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر خەڵکی کوردستان دەربڕی. دواجاریش بە خوێندنەوەی سروودی "ئەی شەهیدان" ماڵاواییان لە ژینا کرد. بەڵام ئەو ماڵاواییە نەک کۆتایی بەڵکوو سەرەتایەک بوو بۆ ڕاپەڕین و سەرهەڵدانێکی جەماوەری کە لە مێژووی ئێران و لە تەمەنی کۆماری ئیسلامیدا کەم وێنە بوو. سەرهەڵدانێک کە لە کوردستانەوە سەری هەڵدا و سەرانسەری ئێرانی گرتەوە، زیاترین حەشیمەت لە سەرجەم چین و توێژەکانی خەڵکی کوردستان و ئێران تێیدا بەشدار بوون و بۆ ماوەی شەش مانگ بە شێوەی جۆراوجۆر بەردەوام بوو.
خەڵکی ناڕازی دوای بڵاوەکردنیان لە ڕێوڕەسمی ناشتنی ژینا، بۆ ماڵەکانیان نەگەڕانەوە و لە شەقامەکانی شاردا درێژەیان بە ناڕەزایەتی و درووشمدانی خۆیان دا. خۆپێشاندان زۆر زوو لەگەڵ هێرش و دژکردەوەی توندی هێزە بەکرێگیراوەکانی ڕێژیم بەرەوڕوو بوو. ژمارەیەکی زۆر لە خۆپێشاندەران و خەڵکی ناڕازی بریندار بوون، بەڵام ئەوە خەڵکی وەزاڵەهاتووی نەترساند و لەسەر بەرەنگاربوونەوە مکوڕتری کردن. خۆپێشاندان و ناڕەزایەتیی خەڵکی سەقز زۆر زوو لەلایەن خەڵکی سنەوە بە درووشمی "سەقز بەتەنیا نییە، سنە پشتیوانیە" پشتیوانی کرا و سەدان کەس لە خەڵکی ئەو شارە بۆ مەحکوومکردنی جیناتەتی کۆماری ئیسلامی ڕژانە سەر شەقامەکان.
هاوکات لەگەڵ ئەو ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانانە، ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران وێڕای مەحکوومکردنی جینایەتی نوێی کۆماری ئیسلامی و پشتیوانی لە خەڵکی ناڕازی، مانگرتنی گشتیی لە کوردستان ڕاگەیاند. ڕۆژی ٢٧ی خەرمانان سەرجەم کوردستان شێلگیرانە بەدەم بانگەوازەکەوە هات و شەقامەکانی سەرانسەری شارەکانی کوردستان، تەنانەت ئەو شارانەش کە شاری پێکەوەژیانی کورد و نەتەوەکانی دیکەن، چۆڵ و بازاڕەکان بە تەواوی داخران. بەم جۆرە بازاڕ و کاسبکارانی کوردستان هەر لە سەرەتاوە تەڤلی بزووتنەوەی ژینا بوون. ئەوە دەنگدانەوەی زۆر بەرینی لە ئاستی ئێران و جیهاندا لێ کەوتەوە. دوانیوەڕۆی ئەو ڕۆژە خەڵکی کوردستان لە ماڵەکانیان هاتنە دەر و خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەکان بەرەبەرە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی کوردستانی هەر لە ئاودانانی ئیلامەوە و تا ماکۆی ورمێی گرتەوە. بەرچاوترینی ئەو ناڕەزایەتییانەش لە دیواندەرە و دێولان بوو. لاوانی ئەو شارانە بە تووڕەیی زۆرەوە ناڕەزایەتیی سەقز و سنەیان درێژە پێدا کە هێزەکانی ڕێژیم بە ئاگر و ئاسن وڵامی خەڵکی ئەو شارەیان دایەوە. یەکەمین شەهیدانی سەرهەڵدانی ژینا لەو ڕۆژەدا شەهید بوون.
خوێندکارانی زانستگای تاران کە لەلایەن خوێندکارە کوردەکانەوە پێشەنگایەتی دەکران، یەکەمین خۆپێشاندانیان بۆ پشتیوانی لەو ناڕەزایەتییانەی کوردستان وەڕێ خست و بۆ یەکەمین جاریش ئەوان بوون کە درووشمی "ژن ژیان ئازادی"یان لە زمان بەشداران و خۆپێشاندەرانی ڕێوڕەسمی ناشتنی ژینا بۆ تاران و بۆ سەر زمانی فارسی و بۆ سەرانسەری ئێران و جیهان گواستەوە. بەشێکی بەرچاو لە مامۆستایانی زانکۆ هەر لە سەرەتای ئەو ناڕەزایەتییانەوە لەگەڵ خوێندکارەکان بوون. بە دوای ئەوەدا خۆپێشاندان بە هەمان درووشمی "ژن، ژیان، ئازادی" شارە گەورەکانی وەک مەشهەد، تەورێز، ئیسفەهان، قەزوێن، کەرەج، ئەراک، نەوشەهر، قۆم، خورماوا، ئەردەبێڵ، ڕەشت، هەمەدان و چەندان شاری دیکەشی گرتەوە و بەرەبەرە بۆ شار و ناوچە کەمتر ناسراوەکان بە تایبەت بۆ ئەو پارێزگایانەی هی نەتەوە بندەست و ستەملێکراوەکانە، گواسترایەوە. دیارترینی ئەو ناوچانە لە دەرەوەی کوردستان گێڵان، سێمیرۆمی ئیسفەهان و ئیزەی خۆزستان بوو.
هاوتەریب لەگەڵ ئەو ناڕەزایەتییانە، خۆپێشاندانەکان بۆ مەحکوومکردنی ئەو جینایەتە و پشتیوانی لە خەڵکی نێوخۆ، دەرەوەی وڵاتیشی گرتەوە. ڕۆژی ٩ی ڕەزبەر لە سەد پایتەختی وڵاتانی دنیا خۆپێشاندان و ناڕەزایەتیی بەرین وەڕێ خرا کە ترۆپکی ئەوانە ئاکسیۆنەکەی ڕۆژی ٣٠ی ڕەزبەر لە شاری بێرلین بوو کە دەیان هەزار کەس بەشدارییان تێدا کرد و دژ بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی درووشمیان دا. لەگەڵ ئەوەدا شەپۆلی ناڕەزایەتی لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پتر باری نێونەتەوەیی و جیهانی بەو خۆپێشاندان و ناڕەزایەتیانە دا و بە هەموو دنیادا دەنگی دایەوە. بەجۆرێک کە لەسەر تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتێر هاشتەگی "مەهسا" وەک ناوە فارسی و فەرمییەکەی ژینا ڕێکۆردی جیهانی تۆمار کرد.
لە زۆربەی خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەکاندا ژنان بە بڕینی قژ، بە سووتاندنی لەچکەکانیان یان بە دانی درووشم لە سەنگەرەکانی پێشەوەی بەرەنگاریدا بوون و دەیان ژن بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکەرەکان یان لە ژێر ئازار و ئەشکەنجەی ئەواندا گیانیان لێ ئەستێندرا. مینوو مەجیدی لە کرماشان یەکەمین ژن بوو کە لە ئاستی کوردستان و لەو خۆپێشاندانانەدا گیانی بەخت کرد. خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەکان زۆربەی هەرە زۆری زانستگاکانی ئێرانیشی گرتەوە و زۆر بە بەرینی بۆ قوتابخانە و دەبیرستانەکانیش پەلی هاویشت. تەنیا لە مانگی خەرماناندا نیزیک بە سەد شاری ئێران تێکەڵ بەو ناڕەزایەتیانە بوون و بێجگە لە کوردستان، ١٧ کەس لە شارە جۆراوجۆرەکانی ئێران لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم گیانیان لێ ئەستێندرا. لەم نێوەدا کوردستان بە هەموو چین و توێژەکانیەوە هەروا لەپێشەوەی خۆپێشاندانەکاندا بوو و بۆ بەرەوپێشچوونی شۆرش قوربانیی دەدا. شارەکانی سنە، مەهاباد، شنۆ، بۆکان، جوانڕۆ، سەردەشت، دێولان، دیواندەرە، سەقز، کرماشان، ئاودانان، مەریوان، ورمێ، بانە ئیلام، ئاودانان، گێڵانی ڕۆژئاوا، قوروە، بیجاڕ، کامیاران، سەلاسی باوەجانی، تیکاب و قەسری شیرین یەک لە دوای یەک و بۆ پشتیوانی لە شارەکانی تر دەهاتنە سەر شەقام و درووشمی نەتەوەیی و دژ بە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییان دەگوتەوە. بەجۆرێک کە لەو قۆناغەی سەرەتای بزووتنەوەکەدا ٢٥ خۆپێشاندەری کورد شەهید، نیزیک بە هەزار کەس بریندار و زیاتر لە دوو سەد کەسیش دەستبەسەر کران.
لەم نێوەدا ڕێژیم بۆ ئەوەی سەرنجەکان بەرەو دەرەوەی سنوور هەڵدێرێ و هاوکات خەڵکی ئێران لە مەترسیی خواستەکانی کورد بترسێنێ و یەکسان بە دابەشبوونی وڵاتی پێشان بدا، ڕۆژی ٦ی ڕەزبەر بنکە و بارەگای حیزبەکانی ڕۆژهەڵات و بنەماڵەکانیانی لە باشووری کوردستانی دایە بەر ڕەهێڵەی هاژەک و درۆن. لە ئاکامی ئەو جینایەتەدا دەیان کەس لە ژن و منداڵ و پێشمەرگە شەهید و بریندار بوون. ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستانی ئێران بۆ بەگژداچوونەوەی ئەم جینایەتە جارێکی دیکە مانگرتنی گشتیی ڕاگەیاند و خەڵکی کوردستانیش بە بەرینیی جاری پێشوو بەپیر بانگەوازەکەوە هاتن. بە دوای ئەوەدا و لە ڕۆژانی دواتردا خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەکان بەجۆشتر لە پێشوو درێژەیان کێشا.
درووشمەکانی خۆپێشاندان بەرەدەوام ڕادیکاڵتر دەبوون و زیاتر ڕوویان لە عەلی خامنەیی ڕێبەری کۆماری ئیسلامی دەکرد. بە جۆرێک کە درووشمی مەرگ بۆ دیکتاتۆر و مەرگ بۆ خامنەیی ئەوەندە گوترابوونەوە کە ببوون بە وێردی سەر زاری ورد و درشتی خەڵکی ئێران. لە هەر جێگایەک وێنە و بنێری خامنەیی هەڵواسرابا، دەسووتێندرا و لە هەر کوێ کۆتەڵی قاسم سولەیمانی داندرابا، دەڕووخێندرا. هاوکات لە هەموو شارەکان دیاردەی نووسینی درووشم لەسەر دیوارەکان بەشێوەیەکی بەرین پەرەی ئەستاندبوو. خەڵکی وەزاڵەهاتوو ڕۆژانە لەسەر شەقامەکان خۆپێشاندانیان دەکرد و شەوانە بنکە و بارەگاکانی ڕێژیمیان دەدایە بەر هێرش. لە کوردستان لە چەندین شاری وەک شنۆ، مەهاباد و بۆکان دەست بەسەر چەند ناوەندێکی دەسەڵاتدا گیرا. لە بەرانبەردا ڕێژیمیش لە زەبروزەنگ و کوشتاری خەڵک دەستی نەدەپاراست. دەزگا داپڵۆسێنەرەکان هێڵی ئینترنێتی خەڵکیان بە تەواوی خاو کردەوە. ئینستاگرام و زۆربەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیان بەست. بە باتووم لە گیانی خەڵک بەر بوون، بە تفەنگی ساچمە سەدان کەسیان بریندار کرد، بیناییان لە خەڵکێکی زۆر ئەستاند. لە کوردستان بۆ وێنە لە شارەکانی جوانڕۆ، سنە و مەهاباد بە چەکی گەرم و تەنانەت بە بیکەیسی و دۆشکە بەرەوڕووی خۆپێشاندەران بوونەوە. بە جۆرێک کە سەدان کەسیان بە تەقەی ڕاستەوخۆ کوشت و بریندار کرد.
لە ئێران مەلاکان وەک هێمایەکی دەسەڵات، لە هەر کوێ خۆیان دەرخستبا، لەلایەن خەڵکەوە دەکەوتنە بەر هێرش و کونەمشکیان لێ دەبوو بە قەیسەری؛ بەڵام مامۆستایانی ئایینیی کوردستان بە ئامادەبوونیان لە ڕێوڕەسمی ناشتنی شەهیدەکان و تەنانەت بە بەشدارییان لە خۆپێشاندانەکاندا، زۆر زوو خۆیان لەگەڵ خەڵکی ڕاپەڕیوی کوردستان ڕێکخست و ڕیزی خۆیان لە مەلاکانی حکوومەتی ئێران جیا کردەوە. ئەوان هەم بە تاک و هەم بە کۆمەڵ ئەرکی نەتەوەیی خۆیان گرتە بەر و پشتیوانییان لە خەڵکی ڕاپەڕیو و داواکانیان ڕاگەیاند. هاوکات بڵیندگۆی مزگەوتەکان بوو بە مینبەرێک بۆ بڵاوکردنەوەی دەنگی بزووتنەوە و گەیاندنی دەنگی ناڕەزایەتیی خەڵک.
هەر لەم دۆخەدا بوو کە جینایەتێکی دیکە ئەمجار لە بلووچستان هاتە ئاراوە. ڕۆژی هەینی ٨ی ڕەزبەر، لە پەڕاوێزی نوێژی هەینیدا، خەڵکی ناڕازیی بلووچ خۆپێشاندانێکیان بۆ بەردەم فەرمانداریی زاهیدان وەڕێ خست. بەڵام خۆپێشاندانی هێمنانەی بلووچەکان بۆ پشتیوانی لە خۆپێشاندانەکانی کوردستان و ئێران و دژ بە دەستدرێژیی فەرماندەیەکی هێزی ئینتیزامیی ڕێژیم بۆ سەر کیژۆڵەیەکی بلووچ، لەگەڵ دژکردەوەی توندی چەکدارەکانی ڕێژیم بەرەوڕوو بۆوە. لە ئەنجامی تەقە و دەسڕێژی ئەو هێزانەدا دەیان کەس لە خەڵکی بێتاوانی شاری زاهیدان کەوتنە بەر گوللەی هێزەکانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی. لەنێو کوژراوەکاندا ژمارەیەک لە مێرمنداڵان و تازەلاوانیش دەبیندران و ئەو ڕۆژە بە هەینیی خوێناوی یان هەینیی ڕەشی زاهیدان لە مێژوودا تۆمار کرا. بلووچەکان دژ بەو جینایەت و کۆمەڵکوژییە هاتنە سەر شەقام و دەستیان دایە خۆپێشاندان. لەو کاتە بە دواوە، ناڕەزایەتییەکانی ڕۆژانی هەینیی زاهیدان بە ڕێبەریی مەولەوی عەبدولحەمید ئیمام جومعەی ئەو شارە تا ساڵێک دواتریش درێژەیان کێشا.
لە سەرەتای حەفتەی سێهەمی خۆپێشاندانەکاندا ناڕەزایەتییەکان بەشێوەیەکی بەرینتر تاران و شار و ناوچەکانی دیکەی ئێرانی گرتەوە. ناڕەزایەتییەکان بە تایبەت لە زانستگاکانەوە دەستیان پێ کرد کە لە مانگرتندا بوون. هەژدە ڕۆژ دوای مەرگی ژینا، عەلی خامنەیی دوای ونبوون و بێدەنگییەکی درێژخایەن، لەنێو هێزە چەکدارەکاندا دەرکەوت و دژ بە خۆپێشاندەران قسەی کرد و داوای تەمبێکردنیانی کرد کە ئەوە ناڕەزایەتییەکانی زیاتر کرد. ڕۆژی شەممە ١٦ی ڕەزبەر بەشێکی بەرچاو لە بازاڕیانی شارە جۆراوجۆرەکانی ئێران تێکەڵ بە ناڕەزایەتییەکان بوون و دووکان و بازاڕیان داخست. ئەوەش لە ماوەی تەمەنی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیدا، لە ئاستی سەراسەریدا هەنگاوێکی دەگمەن و کەموێنە بوو.
خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەکان لە شار و ناوچەیەک زیاتر و لە شار و ناوچەیەکی دیکە کەمتر بەڵام هەر وا بەردەوام و لە پەرەگرتندا بوو کە مەرگی ژینا چل ڕۆژی پڕ کردەوە. ناوەندی هاوکاریی حیزبەکانی کوردستان بۆ ڕۆژی ٤ی خەزەڵوەر مانگرتنی گشتی ڕاگەیاند کە بە هەشتەمین مانگرتنی گشتی لەو ماوەیەدا هەژمار دەکرا و لەگەڵ پێشوازیی بەرینی خەڵک بەرەوڕوو بوو. لە سەقز لەکاتێکدا کە جۆرێک حکوومەتی نیزامی هاتبووە ئاراوە و ڕاگەیەندرابوو کە هەموو ڕێگاکانی بەرەو گۆڕستانی ئایچی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانی ڕێژیمەوە گیراون، بە هەزاران کەس لە خەڵکی کوردستان و ئازادیخوازانی سەرانسەری ئێران بە بۆنەی چلەی مەرگی ژینا کۆ بوونەوە و درووشمی دژ بە ڕێژیم و یەکسانیی کۆمەڵگە و مافی کوردیان بەرز کردەوە. ئەوەش بە گەورەترین کۆبوونەوە و خۆپێشاندان لەو ماوەیەدا دادەنرا. ڕێژیم لەبەرانبەر ئەو حەشیمەتە بەرینەدا دۆش داما و بەکردەوە نەیتوانی بەرهەڵستی خەڵک بێ. ئەو کۆبوونەوەیە بوو بە خاڵێکی وەرچەرخان و لەوە بە دوا بێجگە لە کۆبوونەوەی بەرینی ناڕەزایەتی و خۆپێشاندان بۆ ناشتنی شەهیدەکان، چلەی شەهیدبوونیشیان بوو بە بۆنەیەکی دیکە بۆ جۆشدانەوەی هەرچی زیاتری ڕاپەڕین. هەر لە چلەی ژینادا خوێندکارانی زۆربەی زانستگاکانی ئێران کۆبوونەوەی بەرینی ناڕەزایەتییان پێک هێنا و کرێکارانی چەندان ناوچەی پیشەییش مانیان گرت.
ئێوارەی ڕۆژی چلەی ژینا خەڵکی شارە جۆراوجۆرەکانی کوردستان و ئێران دیسان هاتنەوە سەر شەقام و خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەکان سەرلەنوێ جۆش درانەوە. هاوکات ڕێژیم بە توندی دەستی بە سەرکوتی خۆپێشاندەران کرد. بە جۆرێک کە لە چوار ڕۆژی داهاتوودا لە کوردستان ١٦ کەس شەهید و سەدان کەسیش بریندار بوون. قورسایی شەهید و بریندارەکان لە شارەکانی سنە، مەهاباد، قەسری شیرین. دێولان و بانە بوون. هەر لە درێژەی ئەو خۆپێشاندان و سەرکوتانەدا بوو کە ڕۆژی یەکشەممە ٨ی خەزەڵوەر تازە لاوێکی کەم تەمەن بەناوی کۆمار دەرئۆفتادە لە شاری پیرانشار شەهید بوو. لە کاتی ناشتنی تەرمی کۆماردا، حەسەن دەرئۆفتادە باوکی کۆمار بە دڵی بە خەم و بە چاوی بە گریانەوە، بەڵام وەک شانازییەکی بنەماڵەیی مەرگی کۆرپەکەی پێشکەش بە کوردستان کرد. ئەمەش وەرچەرخانێکی گرینگی لە سەرهەڵدانی ژینادا هێنایە ئاراوە و ئەمجار بنەماڵەکانی شەهیدانی ژینا لە هەموو شار و ناوچەکان بە شانازییەوە خاوەندارەتییان لە مەرگی کۆرپەکانیان دەکرد. هاوکات خەڵک و بەشدارانیش بە درووشمی ""دایە مەگری بۆ ڕۆڵە - شەرت بێ بستێنین تۆڵە" پشتیوانیی خۆیان بۆ ئەو بنەماڵانە ڕادەگەیاند.
ڕۆژی ١٦ی خەزەڵوەر بەبۆنەی ساڵوەگەڕی ڕاپەڕینی خەزەڵوەری ١٣٩٨، چالاکان و لایەنە سیاسییەکان بۆ ماوەی سێ ڕۆژ مانگرتنی گشتی و کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان ڕاگەیاند. خەڵک لە شاری تاران و چەندین شاری دیکەی ئێران و کوردستان پێشوازییان لە بانگەوازەکە کرد. ئەوەش گوڕ و تینی تازەی بە خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەکان دایەوە. ئەم هەنگاوە لە ڕۆژی ٣ی سەرماوەزیشدا بە بۆنەی تێپەڕبوونی سەد ڕۆژ بەسەر مەرگی ژینا و دەسپێکی خۆپێشاندانەکان دووپات کرایەوە.
خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەکانی بزووتنەوەی ژینا تا بەرەبەری نەورۆزی ١٤٠٢ی هەتاوی، بۆ ماوەی شەش مانگ بەجۆش و خرۆشەوە لە کوردستان و سەرانسەری ئێراندا بەردەوام بوو. لەو بزووتنەوەیەدا سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگە هەر لە ژنانەوە تا قوتابیان، خوێندکاران، بازاڕیان، مامۆستایانی زانکۆ، مامۆستایانی قوتابخانە، مامۆستایانی ئایینی، کرێکاران، وەرزشکاران، هونەرمەندان، بەندکراوان، نەتەوە و ئایینە جۆراوجۆرەکان بەشدارییان تێدا کرد و تێچوویان بۆ دا. لە ئاستی نێونەتەوەییشدا سەرهەڵدان کاردانەوەی بەرینی لێ کەوتەوە و کۆماری ئیسلامی هیندەی دیکە تەریک کردەوە. لەوانە پشتیوانی کەسایەتی و لایەنە جۆراوجۆرە جیهانییەکان، ناونانی چەندین شەقام و گۆڕەپانی گرینگ لە شار و پایتەختەکانی جیهان بە ناوی ژینا، هەوڵەکان بۆ بەتیرۆریست ناساندنی سپای پاسداران لە پارلمانەکانی وڵاتانی ڕۆژئاوایی، پەسندکرانی یاسای مەهسا لە کۆنگرەی ئەمریکا بۆ سزادانی زیاتری کۆماری ئیسلامی و پشتیوانیی لێبڕاوانەی پارلمانی ئۆرووپا لە بزووتنەوەی ژینا کە بەخشینی خەڵاتی ساخارۆڤ بە بنەماڵەی ژینای لێ کەوتەوە. دوایین کاردانەوەی ئەو بزووتنەوە سەراسەرییە لە خۆپێشاندانی میلیۆنیی ژنانی هیند لە مانگی گەلاوێژی ڕابردوودا بوو کە تێیدا درووشمی "ژن ژیان ئازادی"یان بە زمانی کوردی بەرز کردەوە.
سەرەڕای بەرینبوونەوەی بزووتنەوەی ژینا بە سەرانسەری ئێران و جیهانیشدا بەڵام دانیشتووانی کەڵانشارەکان لەنێوخۆی ئێران بە شێوەی چاوەڕوانکراو و بە هەراوی بەشداریی ڕاستەوخۆیان لە بزووتنەوەکەدا نەکرد. ئەوەش یەک لە هۆکارەکانی سەر نەکەوتنی شۆڕش بوو. وێڕای ئەوە سەرکوتی زۆر و بێبەزەییانەی هێزە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لەلایەک و نەبوونی هێز و ئۆپۆزیسیۆنێکی بەهێز بۆ ڕێبەریی خەڵک و وەک جێگرەوەی ڕێژیم، ئاسۆیەکی ڕوونیان لەو خۆپێشاندان و قوربانیدانانە پێشانی خەڵکی خۆپێشاندەر نەدا و بەرەبەرە ئەژنۆی خەڵکیان لە درێژەدان بە خۆپێشاندان و ناڕەزایەتییەکان لەو شێوەیەی کە هەبوو شل کردەوە. لە دەرەوەی وڵات لەگەڵ ئەوەدا کە خەڵکی خەباتکار بەردەوام بۆ پشتیوانی لە خۆپێشاندانەکانی نێوخۆ کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی و خۆپێشاندانیان وەڕێ دەخست بەڵام نەبوونی ئۆپۆزیسیۆنێکی یەکگرتووی بەهێز، هەوڵی سەڵتەنەتخوازەکان بۆ دەستداگرتن بەسەر خۆپێشاندانەکان کە بەداخەوە هێندێک کەس و لایەنیشیان کێشایە نێو پڕۆژە و پیلانەکەی خۆیانەوە، شەقامیان زیاتر دڵسارد و ناهومێد کرد و ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بوون بە بەشێک لە هێزی سەرکوت و هۆی دامرکاندنەوەی بزووتنەوەی ژینا لەو شکڵ و شێوانەی کە لە ماوەی ئەو شەش مانگەدا بەردەوام بوو. بەڵام دامرکانەوەی خۆپێشاندانەکان کۆتایی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی نەبوو. سەرەڕای ئەوەی بزووتنەوەکە بە هەمان نەفەسی ئەو شەش مانگە بەردەوام نەبوو، ترسێکی وەهای خستۆتە دڵی ڕێبەرانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە کە لە هەموو کەس و لایەنێک باشتر دەزانن کە کۆتایی نەهاتووە و ژیلەموی ژێر خۆڵەمێشە. بۆ ئەوەی پێش لە بڵێسە سەندنەوەی بگرن لەو کاتەوە بەردەوام لە دوو ئەهرۆمی سەرکوتی بە ئاشکرا و پاشەکشەی بە خشکەیی کەلک وەردەگرێ. لەلایەک بە گرتن و ئیعدامی تێکۆشەران گەرەکییەتی خەڵک بترسێنێ و لەلایەکی دیکە لە ئاستی هەرە بەرزدا یاری بە لابردن و هێنانی مۆرەکانی خۆی دەکا تا خەڵکیان پێ سەرقاڵ و سەرگەرم بکا. بەو حاڵەش کۆمەڵگە وەک ڕووبارێک بەردەوام خەریکە ڕێگای نوێ و شێوازی نوێ بۆ خەبات بە مەبەستی ڕووخاندنی ڕێژیم و گەیشتن بەو ئامانجانە دەدۆزێتەوە کە لە درووشمی ژن ژیان ئازادیدا بەرجەستە کراون.
بەشداری بۆ هەرچی زیاتر بە نەتەوەییکردنی بۆنەکانی نەورۆز، بەشداریی بەرین لە پێشوازی یان بەڕێکردنی قارەمانانی بوارە جۆراوجۆرەکان، ملنەدانی ژنان بە حیجابی زۆرملێ، خۆڕاگری و بەگژداچوونەوەی تێکۆشەران بە تایبەت ژنانی تێکۆشەری نێو زیندانەکان، ڕۆڵی گرینگی بنەماڵەی شەهیدانی بزووتنەوە لە زیندووڕاگرتنی یاد و ڕێبازی ڕۆڵە شەهیدەکانیان، خۆپێشاندان و ناڕەزایەتیی بەردەوامی مامۆستایانی قوتابخانە، کرێکاران، پەرستاران، خانەنشینان، مامۆستایانی ئایینی، هونەرمەندان، خوێندکاران و چین و توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگە و کۆمەڵگەی مەدەنی بە گشتی و تێکۆشانی حیزبە سیاسی و ڕێکخراوە مەدەنی و مافی مرۆییەکان لە دەرەوەی وڵات بۆ گەیاندنی هەرچی زیاتری پەیام و خواستەکانی ئەو بزووتنەوەیە نیشانەکانی ئاشکرای لەسەرپێبوونی بزووتنەوەیەکن کە پێشنیوەڕۆی ڕۆژی ٢٦ی خەرمانانی ١٤٠١ی هەتاوی لە گۆڕستانی ئایچیی سەقزەوە چەخماخەی لێ درا و تا ئەوپەڕی دنیای تەنیوەتەوە.
* لە ژمارە ٧٨٩ی کوردستان (شەممە ٣١ی جۆزەردانی ١٤٠٣) و لە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستاندا بڵاو کراوەتەوە
** لەلایەن کوردکاناڵەوە بۆ یادکردنەوەی دووهەمین ساڵوەگەڕی مەرگی ژینا و دەسپێکی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی کراوە بە دیکۆمێنت