۷/۰۱/۱۴۰۳

پێپیلکە یان پێپلیکەی دێو


لاوی وردبین و تێگەیشتوو کاکە هەردی سەلیمی کە ئێستا سەرقاڵی زەحمەتی پێداچوونەوە و هەڵەبڕیی کتێبی "ئێعجازی ئەنگوستی پاکی محەممەد"ە تا بۆ چاپی دووهەم ئامادەی بکا، سەبارەت بە دەستەواژەی "پێپلیکەی دێو" لە شێعری "بیرەوەریی دووی ڕێبەندان"ی سوارەدا سەرنجی خۆی نووسیوە و پرسیاری لێ کردووم کە ئاخۆ لەنێوان پێپیلکە و پێپلیکەدا کامیان درووستترە. کاکە هەردی نووسیویەتی؛ "ڕاستیت دەوێ هەمیشە بە پێپیلکەم خوێندووەتەوە و بە ئادەتی لەبەرکردن و ڕاهاتنی چاو هەروام دیوە، بەڵام ئەوە ئێستا سەرنجم دا هەم لە دەقەکەدا و هەمیش لە پەڕاوێزەکەدا، بە "پێپلیکە" هاتووە، وتم بڵێی من ئەم ساڵانە هەڵەم نەکردبێ و هەر لە سەرەتاوە هەڵەم نەخوێندبێتەوە.."

کاکە هەردی نموونەی بەکارهێنانی "پێپیلکەی دێو"یشی لەو شێعرەی مامۆستا هێمن هێناوەتەوە:

وەک گۆرانی هەورامان پێو

پێ بنێمە سەر (پێپیلکەی دێو)

دیارە مامۆستا هێمن لە شێعری "بەهاری ئاڵ"دا وەک خۆی ئاماژەی پێ کردووە، ئەو تەعبیرەی لە شێعری "گەشت لە هەورامان"ی گۆران وەرگرتووە و گومان دەکەم سوارەش کە کاریگەریی زۆری گۆرانی بەسەرەوە بووە، وشە و تەعبیرەکەی هەر لەو شێعرەی گۆران وەرگرتبێ:

خانووی ئەهالیش زۆریان دوونهۆم:

هەندێ قنج و قیت، هەندێ لار و کۆم

یەک لە سەر یەکتر، بەرەو لووتکەی کێو

بۆ ئاسمان ئەچن وەک پێپیلکەی دێو!

بەڵام سەبارەت بە ڕاستی و درووستیی نێوان "پێپلیکە" و "پێپیلکە" بە تایبەت لە شێعری بیرەوەریی دووی ڕێبەندانی سوارەدا، وەک چۆن شێعرەکە لە زۆربەی چاپەکاندا نییە، ئەم بەیتەی شێعرەکە و بەو پێیە وشەکەش تەنیا لە دوو سەرچاوەی بەردەستمدا هەیە؛ یەکیان لە ماڵپەڕی ڤەژینبووکس‌ و ئەویدی لە کتێبی "زەمزەمەی زوڵاڵ" کە سەرجەم شێعر و پەخشانی سوارەیە. لە هەردووکیشیاندا بەپێچەوانەی شێعرەکەی گۆران و وەرگرتنەکەی هێمن، بەشێوەی "پێپلیکە" هاتووە.

ڤەژین:

هەڵات هەڵات لە هەموو دیاران

پێ پلیکەی دێو، تەختی تاران

زەمزەمەی زوڵاڵ:

هەڵات هەڵات لە هەموو دیاران

پێپلیکەی دێو، تەختی تاران

واتە جیاوازییان تەنیا ئەوەیە کە لە یەکەمیاندا وشەکە لێک جیا کراوەتەوە و لە دووهەمیاندا بەسەریەکەوەیە کە ئەو شێوە نووسینەی دوایی درووستترە.

بەڵام سەبارەت بە پێپلیکە و پێپیلکە، گەرچی بۆخۆشم بە هەردوو شێوەم بیستووە و پێپیلکەشم لە زاران خۆشترە، بەڵام وەک چۆن پشتم بەو دوو سەرچاوەیە بەستووە، ئاوا "پێپلیکە"ش بە درووستتر دەزانم. چونکە وای بۆ دەچم وشەکە لە سێ بەشی؛

پێ + پلە + کە (کان)

پێکهاتووە. پێ هەمان "لاق" و "پا"یە کە دەکەوێتە سەر پلە. پلە کە لێرەدا ە بە یـ گۆڕاوە، ئەوەیە کە لە فارسیشدا بە هەمان واتای پەیژە و نێردیوان هەیە و لە کوردیدا واتای دەرەجە و ڕێز و  پایەشی وەرگرتووە. "کان"یش نیشانەی کۆیە کە وەک دەزانین پلیکان بە گشتی زیاتر لە یەک پلەیە. ئەم نیشانەی کۆیە لە پێپلیکەدا کورت کراوەتەوە و بووە بە "کە" بەڵام بەشێوەی پێ/پلیکانیش وشەیەکی باو و ناسراوە. واتە ئەگەر دەنکێک بێ، ئەوە پلەیە و ئەگەر لە یەک زیاتر بێ دەبێتە پلەکان/پلیکان. پێپلیکەش لە بنەڕەتدا پێپلیکانە کە کورت کراوەتەوە و بووە بە پێپلیکە. جا ئەم پێپلیکەیە وەک زۆر وشەی تر لە هێندێک ناوچەدا پیتەکانی پاشوپێش کراون و بووە بە پێپیلکە. ئەم دیاردەی هەڵگەڕانەوەی وشە و جێگۆڕکێی پیتەکان نموونەی لە زمانی کوردی و زمانەکانی دیکەشدا کەم نییە؛ جوێن - جنێو، شەونەخەوی - شەونخوونی، سیخناخ - سیخ ئاخن، سەرین - سەنیر،  سیمین/سیمەن - سینەم، بەفر - بەرف...

بابەتی نوێ:

دا - خودا

  لێکۆڵینەوە لە مێژووی کەوناری کوردستان و باوەڕ و ئایینی کۆنی کورد، بۆمان بۆ ڕوون دەکاتەوە کە ئەم گەلەش وەک  زۆرێک لە  گەلانی دیکە، لە کۆندا...