۴/۳۱/۱۳۹۵

سەبارەت بە وشەی تەگبیر

دۆستی خۆشەویست کاک شالیار کوردۆ پێشنیاری کردوە کە وشەی "تەگبیر" لە بری "پلان" دابندرێ و پێی وایە تەگبیر وشەیەکی کوردیە. بە پێچەوانەی "پلان" کە وشەیەکی ئینگلیزی‌یە. دیارە دۆستانی دیکە پێشنیاری وشەگەلی وەک "گەڵاڵە"، "فیک" و هتد..یان کردوە کە بابەتی ئەم باسە نییە. بەشێک لە دۆستان تێبینی‌یان لە سەر وشەی تەگبیر هەبوو و پێیان وایە کە تەگبیر هەمان "تدبیر"ی عەرەبی‌یە و منیش سەرەتا هەر پێم وابوو. بەشێکیش کە ئەمن یەک لەوانم، پێمان وایە کە تەگبیر بە مانای ڕاوێژ و پرس پێ کردنەو جێگای پلان ناگرێتەوە. 
بەڵام سەبارەت بە ماکەی "تەگبیر"، وشەکە بە دوو شێوەی "تەکبیر" و "تەگبیر" لە زمانی کوردیدا هەیە. بە تایبەت لە ناوەندی کوردستان لە موکریانەوە تا دەشتی هەولێر، وشەکە ڕمێنی هەیە.
وشەکە لە فۆلکلۆریشدا جێگای دیارە و بەوەش نیشان دەدا کە رابردویەکی لەمێژینەی لە زمانی کوردیدا هەیە:
چەندم پێ گوتی بە تەگبیرم بی
بەقسەت نەکردم خودا گیرم بی
***
راوەستا لە سەر بیرێ
بە کراسی گوڵ‌ لیرێ
چەندی خۆم مەجبوور دەکرد
دەستم بۆ هەڵناگیرێ
دەڵێم بمدەیە ماچێ
جارێ دەکا تەگبیری
تەگبیر/تەکبیر بە واتای بیر لێ کردنەوە، پرس پێ کردن و راوێژ کردنە.
تەگبیر/تەکبیری کوردی لە گەڵ "تدبیر"ی عەرەبی چ لە رواڵەتدا و چ لە واتادا یەک دەگرنەوە. بەڵام ئەوە کە ئاخۆ بنەمای وشە کوردیەکە هەمان "تەدبیر"ی عەرەبی‌یە یان عەرەب وشە کوردیەکەیان عەرەباندوە، بۆ من روون نییە. لێ قسەکەم لە سەر ئەو بنەمایە دەنووسم کە ئەگەر وشەکە لە بنەڕەتدا کوردی بێ، ئەوە دەکرێ لە دوو بەشی "تەک" و "بیر" چێ بووبێ. لە سەر وشەی "بیر" بە واتای "فکر" و "هزر" وەک پاژی دووهەمی وشەکە رەنگە پێویست بە باسی زیاتر نەکا.
بەڵام پاژی یەکەم واتە "تەک"، بە دوو واتای دژ بە یەک لە زمانی کوردیدا هەیە: یەکەمیان بە واتای یەک، تەنیا . دووهەمیش بە واتای "لە گەڵ" و "بە یەکەوە". بەو مانایەی دوایی بە تایبەت لە بنزاراوەی ئەردەڵانیدا زیاتر خۆی دەنوێنێ:
"لە تەک باوکم هاتم" یان "تەک باوکم هاتم"
"لە تەک مەڵای ئاوایی چووین" یان "تەک مەڵای ئاوایی چووین"
"لە تەک ماموستا قسە ئەکەم" یان "تەک مامۆستا قسە ئەکەم"
تەک لە زاراوەی کورمانجیدا دەبێ بە "تەڤ". "تەگبیر"یش کە بە پێی هەنبانەبۆرینە لە زاراوەی کورمانجیدا دەبێ بە "تەڤبیر".
بە پێی ئەو لێکدانەوەیەی سەرەوەش، وشەکە لە بنەڕەتدا "تەکبیر" بووە کە رەنگە هەم بە هۆی سروشتی فۆنەتیکیی زمانی کوردی "ک" بە "گ" گۆڕابێ و هەمیش بۆ دوورکەوتنەوە لە وشەی "تکبیر"ی عەرەبی بە مانای ئەڵڵاهوئەکبەر گوتن، خوازەی گۆڕانی وشەکە لە تەکبیرەوە بۆ تەگبیر زیاتر بووبێ.
ئەگەر ئەم بۆچوونەش دروست بێ، ئەوە تەکبیر بە واتای "لە گەڵ کەسێکی دیکە بیر کردنەوە"، "وەرگرتنی بیر و بۆچوونی کەس یان کەسانی دیکە لە سەر بابەتێک" و لە سەر یەک "راوێژ کردن بۆ ئەنجامدانی کارێکە.
واتایەکی دیکەی تەگبیر دەتوانێ "بیر لێ کراوە" بێ. بەو واتایە کە کارەکە "تەک بیر" و "لە گەڵ بیر" ئەنجام دەدرێ و "بێ بیر" و هەڕەمەکی نییە. 

ژمارە لە زمان و کەلتوری کورددا

ژمارە لە کرداری "ژماردن"ە. کردارەکە بە شێوەکانی ژوماردن، ژماردن، شماردن، شوماردن و ژیمارتن یا ژمارتن دەبیندرێ. لە کورمانجیدا "هەژمارتن"یش هەیە. بەڵام باوترینیان لە زاراوەی سۆرانیدا "ژماردن"ە. شێوەی "مضارع"ی کردارەکە "ژمێر"ە: دە"ژمێر"م.
لە هێندێک بنزاراوەدا بە هەڵە وشەکە قڵپ بۆتەوەو بە شێوەی "بژاردن" بە کار دەبردرێ کە هەڵەیەو ئەمەی دوایی کردارێکی جیاوازە.
لە پاڵ کرداری ژماردن، کرداری تێکەڵاوی "حیساب کردن"یش لە زمانی کوردی دا بە کار دێ کە لە "حساب"ی عەرەبی وەرگیراوە.
جگە لەو کردارەو پەل و پۆیەکانی، لە زمانی کوردیدا وشەی "نمرە"ش هەیە کە بەرامبەرە لە گەڵ "عدد" و "رقم"ی عەرەبی و "number"ی ئینگلیزی. هەرچەند بە کاربردنی لە زمانی کوردیدا بڕێک جیاوازە و جاری وایە جێگای "دەرەجە" و "پلە"ش دەگرێ.
ژمارە لە "سیفر"ەوە دەست پێ دەکا و منیش هەوڵ دەدەم بە ریز باسیان لە سەر بکەم:

0 سیفر
سیفر لە وشەی "صفر"ی عەرەبی وەرگیراوە. صفر بە واتای بەتاڵ بوون و خاڵی بوون. لە زمانی کوردیدا وشەی "خاڵ"یش بە جێی سیفر بە کار دەبەن کە وێناچێ بۆ زۆر کۆن بگەڕێتەوە. ئەگەرچی پێوەندی نێوان صفر، خاڵی و خاڵ جێگای سەرنجە.
هاوتای صفر لە زمانی کوردی دا "هیچ"ە. ئەگەر بشمانهەوێ زیاتر کوردایەتی بە خەرج بدەین، ئەوە کەڵکەڵەی ئەوە لە دڵماندا ساز دەکەین کە صفر کە "هیچ پڕ" یا "هیچ بڕ"(بڕ بە واتای ڕادە و ئەندازە) کە بە شێوەی "چ پڕ/چ بڕ"یش گۆ دەکرێ بە واتای بەتاڵ و خاڵی، وەرگیراوە.  "هیـ" سواوە، "چ" کە لە عەرەبیدا نییە بۆتە "صـ" و "پ"ش کە نییە وەک باوی ناو زمانی عەرەبە، بۆتە "ف". بەو جۆرە: هیچپڕ، چپڕ، صفڕ، صفر.
هەمان وشەی صفر پەڕیوەتە ناو زمانەکانی دیکەش. لە سەدەی سێزدە دا بە شێوەی Cifra چۆنە ناو زمانی لاتینەوە. لە سەدەی چاردە بە شێوە Chiffra لە زمانی فەڕانسە، لە سەدەی پازدە بە شێوەی Ziffer لە زمانی ئاڵمانی جێگای خۆی کردۆتەوە. هەر لە هەمان سەدە ئیتالیاییەکان صفریان بە شێوەی Zefiro/Zerro و ئینگلیزیەکان وشەکەیان بە شێوەی Zero بە هەمان واتا وەرگرت. ئەم وشەیە بنەمای وشەی Cipher بە واتای سیفر و هەروەها جۆرێک لە رەمزە کە لە شکڵگەلی 0 چ دەبێ.
سیفر بە واتای هیچە. بەڵام هەموو شتێکیش لە سیفرەوە دەست پێ دەکا. هەموو ئەو شتانەی کە دەیبینین لە نەبوون و لە هیچەوە دەستیان پێ کردوە. بوون و نەبوونی "هیچ" خۆی گومان ساز دەکا:
- هیچت کرد؟ هیچم نەکرد!
- هیچت هەیە؟ هیچم لا نییە؟ لێرەدا هیچ گوزارە لە بوون دەکا.
لە راستیدا هیچ یا سفر خۆی بە دوو لای ئەرێنی و نەرێنی دابەش دەبێ. وەکچۆن لە کەشناسیدا سفری ئەرێنی روو لە گەرما و توانەوەیە و سفری نەرێنی روو لە سەرما و بەستەڵەک.
بەڵام سەرەڕای ئەو گرینگیەی "صفر" هەیەتی، زیاتر ئەو کاتە جێگە و پێگەیەکی هەیە کە حیساب و ژماردن لە ئارادا بێ. جا چونکە کۆمەڵگای کوردستان کۆمەڵگایەکی خوێندەوار نەبووە، ژمارەی سفریش جێگە و پێگەیەکی لە ژماردندا نەبووە.


۴/۳۰/۱۳۹۵

وەرزش و قارەمانەتیی وەرزشی، رێگایەک بۆ دەربڕینی هەستی نەتەوایەتی

کورد یا هەر نەتەوەیەکی ژێردەست، تا ئەو کاتەی نەبێتە خاوەنی کیانی خۆی، بژاردەکانیشی لە ئاستی نێونەتەوەیی‌دا دەرفەتی نیشاندانی توانایی و ناساندنی نەتەوەکەی خۆیان نییە و زەحمەت و ماندوبوونیان بە ناوی دەسەڵاتی داگیرکەر یان نەتەوەی سەردەست تەواو دەبێ. بەڵام لەگەڵ پەرەگرتنی هەستی نەتەوەیی و خواستی گەیشتن بە ئامانجە نەتەوەییەکان، قارەمانانی وەرزشیی رۆژهەڵاتی کوردستان لە هەر دەرفەتێک بۆ خۆنیشاندان وەک کورد و بۆ دەربڕینی هەستی نەتەوایەتیی خۆیان کەلک وەردەگرن. لە یاری‌یەکانی ئۆلەمپیکی ریۆ، کە لە وڵاتی بێرێزیل بەڕێوە دەچێ، وەرزشکارانی کوردیش لە نێو کاروانی وەرزشیی وڵاتانی داگیرکەری کوردستان، یا ئەو وڵاتانەی لە چنگ زەبروزەنگی داگیرکەر پەنایان بۆ بردوە، جێیان هەیە. بەشێک لەوان تا ئێستا توانیویانە سەرکەوتنی باش بە دەست بێنن. لە نێویشیان‌دا کیانوش رۆستەمی وەرزشکاری کرماشانی، ئەم رۆژانە ناوێکی درەوشاوەیە. ئەو لە بواری وەرزشی کێشهەڵگری‌دا توانی میداڵی زێڕی ئۆلەمیپک بۆخۆی دەستەبەر بکا. کیانوش لە یەکەم لێدوانی دوای ئەم سەرکەوتنە، بە زمانی کوردی بۆ مێدیاکان دوا، سڵاو و رێزی بۆ کوردان نارد و میداڵەکەی پێشکەش بە کوردانی سەرانسەری دنیا کرد.
 سەباح شەریعەتی وەرزشوانێکی دیکەی بەشدار لە یاریەکانی ئۆلەمپیکی ریۆیە. سامان خەڵکی شاری سنەی رۆژهەڵاتی کوردستانە و لە وەرزشی زۆرانبازی‌دا ناوبانگی جیهانی هەیە. ئەو وێڕای ژمارەیەک لە هاوڕێ وەرزشوانەکانی لە شاری سنە، ماوەی چەند ساڵە کە دژ بە سیاسەتە چەوتەکانی کۆماری ئیسلامی لە حاند وەرزشکارانی کورد، لە وڵاتی ئازەربایجان گیرساوەوەتەو لە سەر ناوی ئازەربایجان یاری دەکا. سەباح لە یاری‌یەکانی ئۆلەمپیکی ریۆدا پلەی سێهەمی بە دەست هێنا و توانی میداڵی بڕۆنزی یاری‌یەکان بۆخۆی دەستەبەر بکا. سامان تەهماسبی‌ش کە هاوشاری و هاوچارەنووسی سەباحە، پلەی پێنجەمی ئەم یاری‌یانەی بە دەست هێنا.
کچانی شاخەوان بە سەر لووتکە بەرزەکانی جیهانەوە
 لە ژمارەی پێشوودا باسم لە سەرکەوتنی گروپی شاخەوانیی سامڕەندی نەغەدە بۆ سەر لوتکەی دەماوەند کرد کە یەک لە ئامانجەکانیان دەربڕینی دەنگی ناڕەزایەتی و دژایەتی لەگەڵ کوشتاری کۆڵبەرانی کورد بوو. هەر لە درێژەی چالاکیی شاخەوانان، دوو کچە وەرزشوانی کورد لە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە، بە جیا، بەرەو دوو لوتکەی بەرزی جیهانیان وەڕێکەوتن. لە ئیلامەوە سەعیدە سەفەریان توانی بەرزەلوتکەی پێنج هەزار میتریی کاژیک لە تاجیکستان ببڕێ. هەر لەو سەروبەندەش‌دا هێرۆ ئەرجومەند لە مەهابادەوە بۆ سەر لوتکەی ٦٩٠٠ میتریی “کۆمۆنیزم” لە وڵاتی تاجیکستان سەرکەوت بەڵام بە هۆی خراپیی کەش‌و هەوا تووشی “بەفرکوێری” هات. تا دوا جار تیمەکانی فریاکەوتن توانیان رزگاری بکەن.
پاسکیل سواری، کەرەسەی نافەرمانیی مەدەنی
 ژنانی کورد نەک هەر لە ئاستی جیهانی و لە سەر بەرزە لوتکەکانی جیهانەوە بەڵکو لە نێو شارەکانی کوردستانیش لە وەرزش وەک دەرفەتێک بۆ نیشاندانی هەستی نەتەوەیی و ئەمجارە نافەرمانیی مەدەنی کەلکیان وەرگرت. لە ماوەی رابردوودا حزووری هەراوی ژنانی پاسکیل‌سواری مەریوان لەگەڵ دژایەتی و دژکردەوەی ناوەندە ئەمنیەتی و مەزهەبیەکانی کۆماری ئیسلامی بەرەوڕوو بۆوە. کەمپەینی “سێشەممەی بێ ماشێن” لە ماوەی چەند ساڵی رابردودا هەوڵێکی چالاکانی ژینگەپارێزیی مەریوان بووە بۆ رێزگرتن لە ژینگە و هەوای خاوێن. بەڵام پێشوازی و بەشداریی بەرینی کچان و ژنانی ئەو شارە لەم کەمپەینەدا دەمێک بوو ناوەندە ئەمنیەتی، ئینتزامی و مەزهەبیەکانی کۆماری ئیسلامی تووڕە کردبوو. تا دوا جار هێزە ئینتزامیەکان بەرەنگاری ئەو هەنگاوە مەدەنی‌یە بوونەوە و پێشیان بە بەشداریی ژنان لەو کەمپەینەدا کرد. چەند کەس لە کچانی پاسکیل سوار دەستبەسەر کران. بەڵام هەموو ئەم هێرش و دەستبەسەرکرانە هەنگاوەکانی ژنان و کچانی ئەو شارەی شل نەکردەوە و بە شێوەی جۆراوجۆر و لە ژێر پشتیوانی و پاڵپشتی پیاوانی یەکسانیخوازی ئەو شارە، لە بەشداریی خۆیان بەردەوام بوون. ئەم سەرکوت و گوشارە هاوکات ناڕەزایەتی خەڵکی لێ کەوتەوە. لەوانە نامەی ناڕەزایەتیی ١٤٠٠ کەس لە چالاکانی مەدەنی بۆ ناوەندە پێوەندیدارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بوو کە وێڕای‌ پشتیوانی‌ له‌ مافی پاسکیل‌سواریی ژنانی‌ كورد به‌ تایبه‌ت له‌ مه‌ریوان رایانگەیاند کە “چالاكی له‌ فه‌زای‌ گشتی‌، به‌پێی‌ قانوون، ره‌گه‌ز و هه‌ڵاواردنی‌ ره‌گه‌زیی ناناسێ و مافی هه‌ر تاكێكه‌ به‌ بێ جیاوازیی ره‌گه‌زی و جوغرافیا له‌ چوارچێوه‌ی‌ قانوون‌دا، چالاكیی رۆژانه‌ی هه‌بێ.”
کۆڵبەری و قاتڵێکی دیکە بە ناوی جادە
 جادەکانی ئێران وەک قاتڵێک بۆ رێبواران سەیر دەکرێن. رۆژ نییە چەندین رووداوی هاتوچۆ لە جادە و رێگاوبانەکانی ئەو وڵاتە روو نەدا و ساڵانە بە سەدان و هەزاران کەس لە خەڵک لەم رووداوانەدا گیان و ماڵ لە دەست دەدەن یان نوقوستان دەبن. لەم نێوەش‌دا رۆژهەڵاتی کوردستان چ لە چوارچێوەی سیاسەتی پەڕاوێزخستن و دواخستن لە لایەن دەسەڵاتەوەو چ بە هۆی کوێستانی و شاخاوی بوونی ناوچەکە، پشکی زۆری بەر دەکەوێ. رووداوی هاتووچۆ لە جادەکانی ئێران‌دا ئەوەندە زۆر و دووپاتەیە کە بۆ مێدیا و راگەیەنەرەکان وەک هەواڵێکی روتینی و رۆژانەی لێ هاتوە. بەڵام کوژران و بریندار بوونی کۆڵبەرانی کورد لە رووداوێکی هاتووچۆ، لە سنووری مەریوان و لە حەوتووی رابردوودا، رووداوێک نەبوو کە مێدیا ناوچەیی و سەراسەری‌یەکان بتوانن هەر وا بە سانایی لێی تێ‌پەڕن. ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە، ١٨ی گەلاوێژ به‌ هۆی پێکدادانی دوو ماشێن، ١٢ کۆڵبه‌ری خه‌ڵکی ئاوای “ده‌ره‌ناخێ”ی سه‌ر به‌ شاری مه‌ریوان که‌ به‌دوای پەیداکردنی بژیوی ژیان بۆ ماڵ و منداڵیان هەڵوەدا بوون، بوونە قوربانی. لەوانە چوار که‌س گیانیان لە دەست دا و ٩ کەسی دیکەش بە سەختی بریندار بوون. سەرەڕای ئەم رووداوە دڵتەزێنە، رەوتی کوشتاری کۆڵبەرانی کورد لە لایەن هێزە چەکدارەکانی ئێرانەوە بە درێژایی دوو حەوتووی رابردووش هەروا درێژەی هەبوو. ئەوەش هاوکات بوو لەگەڵ ئەو ئامارەی کانوونی پارێزەرانی مافی مرۆڤی کوردستان سەبارەت بە کوشتاری کۆڵبەرانی کورد بڵاوی کردەوە. بە پێی ئەو ئامارە لە ماوەی ٥ مانگی رابردوودا ٥٣ کۆڵبەری کورد کوژراو و بریندار بوون.
لە ژماره‌ ٦٨٦٦ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه‌

۳/۲۰/۱۳۹۵

سزای “محاربە”؛ دەسمایەی کوشتنی ئازادیخوازان

بە بۆنەی ساڵەوەختی ئیعدامی شەهید مەنسووری ئاروەند
تاهیر قاسمی

رۆژی یەکشەممە، ٢٤ی جۆزەردانی ساڵی ١٣٩٤ی هەتاوی، هەواڵی ئیعدامی هاوڕێ مەنسووری ئاروەند، تێکۆشەری ئازادی، ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستان و قارەمانی نێو زیندانەکانی کۆماری ئیسلامی بڵاو بۆوە. بەوەش دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامی لاپەڕەیەکی رەشی دیکەی بە دەفتەری ئەستوور و پڕ لە تاوانی ئەم رێژیمەوە لکاند.
شەهید مەنسووری ئاروەند لە جۆزەردانی ساڵی ١٣٩٠ی هەتاوی، بە تاوانی هاوکاریی لە گەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستان دەستبەسەر کرا و دواتر لە دادگا فەرمایشییەکانی رێژیم دا بە هەمان هۆ، تۆمەتی “محاربە لە گەڵ خوا”ی لێ درا و حوکمی ئیعدامی بەسەردا سەپا.
لە بە ناو یاسای سزادانی کۆماری ئیسلامیدا، “محاربە لە گەڵ خوا” تایبەت بە تێکۆشەرانی سیاسی و دژبەرانی ئەم رێژیمەیەو وەک قورسترین تاوان بۆ ئازادیخوازن، حوکمەکەی ئیعدام یان بڕینەوەی دەست و لاقی تۆمەتبارە.
تاوانی “محاربە و مفسد فی الارض”” لە ئایەتێکی قورئانەوە وەرگیراوە. بە پێی ئایەتی ٣٣ لە سورەی “مائیدە”: “کەسانێ کە بەرهەڵستی خوا و پێغەمبەرەکەی دەکەن و هەوێنی فەسادی سەر دنیان، سزایان کوشتن، لە داردان یان بڕینەوەی دەست و قاچیانە.”
ئەم ئایەتە ئەگەرچی رووی لە خوا و پێغەمبەرەکەیەتی، بەڵام هەر لە کۆماری ئیسلامییەوە تا ئەلقاعیدە و داعش و زۆربەی ئەو دەسەڵاتە دیکتاتۆر و نگریسانەی بە ناوی ئیسلامەوە حکومەت دەکەن، وەک ئامرازێک بۆ کوشتنی جیابیران و بەرهەڵستکاران کەلکی لێ وەردەگرن. بەکاربردنی ئەم ئایەتە لای دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی و دەسەڵاتەکانی لە گوێرەی ئەو، بەو ئامانجانەیە:
١- گرینگ نییە تێکۆشەران و رزگاریخوازان چەندەیان باوەڕی بە خوا هەیە. گرینگ ئەوەیە چەندە باوەڕیان بەو تەعریفە پڕ لە زەبروزەنگە لە خوا هەیە کە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بۆ هێشتنەوەی دەسەڵاتەکەی خۆی لە خوا بۆ خەڵکی ساویلکەی دەکا.
٢- گرینگ نییە بەرهەڵستکار چەندە باوەڕی بە ئیسلام و بە پێغەمبەری ئیسلام هەیە. گرینگ ئەوەیە چەندە باوەڕی بە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی وەک “کۆپیی دەسەڵاتی سەردەمی پێغەمبەری ئیسلام” هەیە.
٣ – دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە رێی گونجاندنی ئەم ئایەتە لە بە ناو یاسای سزادانی خۆیدا گەرەکیەتی نیشان بدا کە حکومەتەکەی حکومەتی خوا، وەلی فەقیهەکەی جێگرەوەی پێغەمبەر، دەسەڵاتەکەی کۆپیەک لە دەسەڵاتی ئیسلامیی سەردەمی پێغەمبەرەو کەسێکیش دژ بە وەلی فەقیه و ئەو نیزامە بێ، ئەوە دژ بە خوا و پێغەمبەر و ئایینەکەیەتی‌و سزاکەی، سزای “محاربە” و “شەڕ لە گەڵ خوایە”.
٤- کۆماری ئیسلامی بە بەکاربردنی ئەم ئایەتە وەک سزا، گەرەکیەتی قەباڵەی خوا و پێغەمبەر بە ناوی خۆیەوە بنووسێ، دزێوترین کردەوەکانی خۆی بە کردەوەکانی خوا و پێغەمبەرو ئیسلام لە قەڵەم بدا و هەر جۆرە دژایەتیەک لە گەڵ ئەم سیستمە و کردەوەکانی بە دژایەتی لە گەڵ خوا و پێغەمبەر دەرخواردی خەڵکی ساویلکە بدا.
٥- سزای محاربە دژ بە ئازادیخوازان زۆر پێش لەوە کە پیادەکردنی شەرع بێ، شەرعیەتدان بە کوشتنی ئازادیخوازان و جیابیرانە. ئەویش لە پێناو راگرتنی دەسەڵات و بۆ پاراستنی یەکێک لە نیزامە هەرە نگریسە دژە ئینسانیەکانی مێژووی مرۆڤایەتی.
لە مێژووی کۆماری ئیسلامیدا، ئەوە سادقی خەلخالی بوو کە بۆ یەکەم جار و بە پێی ئەم ئایەتە لە قورئان، سەدان و هەزاران کەسی بێ تاوانی بە بێ لێکۆڵینەوە و تەنانەت بێ دادگایی، بە گومانی جیابیری، ئیعدام کرد. دوا جار کردەوەکانی خەلخالیی جەللاد چوونە نێو یاسای سزادانی کۆماری ئیسلامییەوە و هەتا ئێستا بە پێی بەندەکانی پێوەندیدار بەو بابەتە لە بەناو یاساکانی ئەم رێژیمەدا، گیانی هەزاران تێکۆشەری رێگای ئازادی و رزگاری لە ئێران و لە کوردستان ئەستێندراوە.
ئەگەرچی کۆماری ئیسلامی بە بە کاربردنی ئەو ئایەتە بۆ کوشتنی جیابیران و تێکۆشەرانی ئازادی، گەرەکیەتی وا بنوێنێ کە هەر کەس و لایەنێک دژ بەو سیستمە دیکتاتۆرە بوەستێتەوە، ئەوا دژی خوا وەستاوەتەوەو ئەم ئایەتەی لە سەردەمی پێغەمبەری ئیسلامەوە بۆ سەردەم و شێوەی دەسەڵاتی خۆی راکێشاوە، بەڵام هەر بە پێی ئەو ئایەتەی قورئان، دانانی عەلی خامنەیی لە ئاست پێغەمبەری ئیسلام، پێک گرتنی دەسەڵاتی ئیسلام لە سەردەمی پێغەمبەر لە گەڵ دەسەڵاتی پڕ لە گەندەڵی، پڕ لە هەژاری و جیاوازیی چینایەتی، پڕ لە هەڵاواردن، پڕ لە بەرتیلخۆری، دەسەڵاتێک کە هێزە ئەمنیەتی و چەکدارەکانی بڵاوکەرەوەی مادە هۆشبەرەکانن و دەسەڵاتێک کە بۆ هەموو دیاردە نێگەتیڤ و نائینسانیەکان بووە بە نمونەی خراپترین و دزێوترین وڵات لە جیهاندا، داکشاندان و داشکاندنی ئەم هەموو پێداهەڵگوتنەیە کە ئیسلامییەکان لە سەردەمی دەسەڵاتی پێغەمبەری ئیسلامی دەکەن. لە راستیدا بەکاربردنی ئەم ئایەتە لە لایەن کۆماری ئیسلامی و هەر دەسەڵاتێکی دیکە دەچێتە خانەی کفر، بێ رێزی بە ئیسلام و دوا جار نزم کردنەوەی پێغەمبەری ئیسلام تا ئاستی کەسێکی تاوانباری وەک عەلی خامنەیی.
لە ساڵوەگەڕی ئیعدامی هاوڕێ مەنسووری ئاروەند، سڵاو دەنێرم بۆ رۆحی پاکی ئەو شەهیدە تێکۆشەرەی رێگای رزگاریی کوردستان و سەرجەم ئەو ئازادیخوازانەی نێو سیاچاڵەکانی کۆماری ئیسلامی کە بە سزای بێ بنەمای “محاربە” ئیعدام کران.
لە ژماره‌ ٦٨١ ی رۆژنامه‌ی “کوردستان”دا بڵاو بۆته‌وه‌

http://www.kurdistanukurd.com/?p=9944
http://www.kurdistanukurd.com/files/kurdistan681.pdf

۳/۰۹/۱۳۹۵

ئاژاوە ، ئاژاوەگێڕ ، ئاژاوە گێڕان

وشەی ئاژاوە ئەو مانایانەی خوارەوەی هەیە:
 - پشێوی
- ئاڵۆزی
- کەس بە کەس
- بەزم و هەرا
- غەڵبەغەڵب و زەنازەنا
- کێشە، شەڕ و نێوان ناخۆشی لە نێوان دوو یا چەند کەس
- قەرەباڵغی و کۆبوونەوەی ئاپۆرای خەڵک بە دەوری رووداوێکدا
- تێکچوونی دۆخی ئاسایی

وشەکە رەنگە بنەمای جیاوازی هەبێ:
- ژاوە ژاوە: دەنگە دەنگ و هەرا کە کەس بە ئاسانی لەویدی تێنەگا
- ژاندن: بە مانای تێکوەردان و ئاڵۆز کردن
- ئاژ: بنەمای کرداری ئاژین بە مانای بەردانی ئاو

بەڵام ئەمن پێم وایە بنەمای وشەکە "ئاش ئاوە" یا هەمان ئاشی ئاوێ‌یە.
ئاش‌ئاوە - ئاشاوە - ئاژاوە

بۆچی ئاشی ئاوێ؟
ئاش کەرەسەیەکە بۆ وردکردنی دەنکی گەنم و خەلەی دیکە تا مرۆڤ بتوانێ بە ئاسانی بیخوا. رەنگە یەکەمین ئاش دانانی گەنم لە سەر بەردێک و کوتانی بە بەردێکی دیکە بووبێ. دواتر بۆ ئەوەی لە یەکجاردا هەم رێژەیەکی زیاتری گەنم ورد بکا و هەمیش دەنکە گەنمەکان نەپەڕن و بە فیڕۆ نەچن، بەردی ژێرەوە قووڵ کرابێ. پەرەگرتنی ئەم شێوە وردکردنە هاوەن یان دەستاونگ (دەست هاوەن)ی لێ کەوتۆتەوە. لە گەڵ پەرەگرتنی حەشیمەت و رادەی ئەندامانی خێزان، مرۆڤ پێویستی بە وردکردنی رێژەیەکی زیاتر لە گەنم و خەلە بووە. لە کار بە دەستاونگدا تەنیا کوتان رۆڵی نییە و هاڕینیش دەوری هەیە.  لەوەوە مرۆڤ بیری لەوە کردۆتەوە کە بە جێی وردکردن، کەرەسەیەک ساز بکا کە کاری هاڕینی بۆ بکا. بەو جۆرە هاڕە یان دەستاڕ پەیدا بووە. وشەی هاڕە دەبێ لە دەستاڕ کۆنتر بێ. دەستاڕ پێکهاتەی دوو وشەی "دەست" و "هاڕ"ە. ئەمەش دەبێ بەرامبەری هاڕین بە ئامێر بێ. واتە ناوەکە لە بەرامبەر ئاش‌هاڕ یان کەرەسەیەکی لەو جۆرە داندراوە. بەڵام شیمانە ناکرێ دەستاڕ دوای ئاش پەیدا بووبێ. بۆیەش "هاڕە" کە لە ماکی "هاڕین" چێ بووە، ئەشێ ناوێکی کۆنتر بێ.
حەشیمەت بەردەوام لە پەرە گرتندا بووە و بنەماڵەش لە گەورە بوونەوەدا. ئەوەش پێویستیی زیاتری بە خواردەمەنیی زیاتر و داخستنی ئازووقە بووە. وێڕای ئەوە کار بە هاڕە، هەم سەخت و هەم کەم دەرکەوتە. بۆیە مرۆڤ بیری لە دەزگایەک یان کەرەسەیەک بۆ هاڕینی زیاتر کردۆتەوە. بەو جۆرە ئاش پەیدا بووە. رەنگە کۆنترین ئاش بە هێز و باهۆی مرۆڤ گەڕابێ. دواتر ئاژەڵی گەورەی وەک کەر، گا و ئەسپ بۆ گێڕانی ئاش دەکار کراون. لە گەڵ بەرەوپێشچوونی زەمان، مرۆڤ بیری لە بە کارهێنانی وزەی سروشتی و لەوانە ئاو و با کردۆتەوە. بەو جۆرەش ئاشی ئاوێ و ئاشی با  پەیدا بوون. دواتر ئاشی ئاوری یان ئاشی میکانیکی پەیدا بوو.
  وێناچێ لە کوردستان ئاشی با رمێنی بووبێ. کوردستان دەشتایی نییە و هەر بۆیەش کەلکوەرگرتن لە وزەی با لە دۆڵ و داوێنی کێوەکان کە شوێنی نیشتەجێبوونی خەڵکە، ئاستەمە. ئاسەوارێکی ئەوتۆش لەو جۆرە ئاشە لە کوردستان نییە. بەڵام کوردستان وڵاتێکی پڕ ئاوە. بۆیەش ئاشی ئاوێ لەم وڵاتە رمێنی زۆر بووە. ئاشی ئاوێ لە بەرامبەر ئاشی با یان ئاشی باهۆدا بووە نەک لە بەرامبەر ئاشی ئاور. لە ناو کولتور و زمانیشدا ئەم جۆرە ئاشە رەنگدانەوەی زیاترە. وەک:
- ئاو لە ئاشی دوژمن کردن
- ئاش گێڕێک ئاو بریتی لە ئاوێکی زۆر و بە خوڕ
- هەر دارێ نەهاتی بوو دەبێتە چەقەنە
 یان: دارێک ئەگەر خودا غەزەبی لێ گرت دەیکا بە چەقەنەی ئاشی
- بووم بە چەقەنەی ئاشی
- ئاشێک کە لە میستن بێ، ئاخری هەر دەمیزێ
- ئاشی ئاو لێ بڕاو
- سەرم لە ئاشیدا سپی نەکردوە
- نێوی بە کۆرەگەی ئاشیدا چێ
- لە ئاشی زۆری پێ چووە لە رێیە پەلەی دەکا!
- ئاشی نەزانی خوا دەیگێڕێ

بەڵام بۆچی ئاژاوە لە ئاشی ئاوێ وەرگیراوە؟
لە ناو کۆمەڵگای کوردستاندا، ئاشی ئاوێ یەکەمین و گرینگترین ئامێر و کارخانە بووە. هەڵبەستن و کارپێکردنی شارەزاییەکی تایبەتی و زۆری ویستوە. تا ئاستێک کە خەڵکی ئاسایی هەڵبەستنی ئاشیان بۆ شەیتان گەڕاندۆتەوە. "باوەڕی خەڵکی ئاسایی وا بووە کە یەکەمجار شەیتان ئاشی ئاوێی هەڵبەستوە. دواتر کە بۆخۆشیان لە سەر هەمان دەستوور هەڵیانبەستوە، بە سەرسوڕمانەوە دیتوویانە هی خۆیان کار ناکا. ئەوە بوو کە بە دوای شەیتاندا چوون و یەخەیان گرت تا بێ و رازی شێوەی دروستی هەڵبەستنی ئاشی ئاوێیان پێشان بدا." (قادری فەتتاحی قازی - رازی ئاشی ئاوێ)
بە پێی ئەو بۆچوونە باو و خەڵکیانەی سەرەوە ئاشی ئاوێ کاری شەیتانە. شەیتانیش بە فیتنە و شۆفاری بە ناوبانگە. کەواتە ئاژاوە چ بە مانای تکنیک و فرتوفێڵ و چ بە مانای هەرا و هوریا ساز کردن کە زیاتر بە هۆی دەنگی چەقەنەیە لە ئاشی ئاوێ دا، دەتوانێ لە ئاشی ئاوێ ، ئاش ئاوە ، ئاشاوە ، ئاژاوە چێ بووبێ.
کرداری سەرەکیی ئاژاوە، "گێڕان"ە؛ ئاژاوە گێڕ ، ئاژاوە گێڕان. وەک دەزانین هەمان کردار بۆ ئاشیش هەیە: ئاش گێڕان، ئاشم دەگەرێ.. ئەوەش متمانەی زیاترمان لە سەر بنەمای وشەکە پێ دەدا.
وشەی بەرامبەری "ئاژاوە" لە زمانی فارسیدا "آشوب"ە کە وێدەچێ ئەویش هەر لە بنەمای "ئاشی ئاوێ" چێ بووبێ.
آش آب - آشاب - آشوب







۳/۰۴/۱۳۹۵

مرۆت

مرۆت زیاتر لە موکریان ناوی ژنانە. ساڵانێکە ناوەکە لە باو کەوتوە بەڵام رەنگە هێشتا مابن ئەو ژنە بە ساڵاچوانەی ناویان مرۆتە.
بنەمای وشەکە بۆ ناوی هاوسەری خوای خالدی/هاڵدی دەگەڕێتەوە کە ناوی مرۆت بوو. ئەمە لە ئەفسانە و چیرۆکە کەوناراکانی ئەرمەنیدا ماوەتەوە کە هالدی هاوسەری ساندرامێت لە ژێر ناوی مرۆت بووە. مرۆتیش بە "بکوژ" و "شەڕکەر" مانا کراوەتەوە.
بەڵام بۆچوونێکی دیکە لە سەر وشەی مرۆت ئەوەیە کە بەشی یەکەمی وشەکە واتە "مر" یان "مرۆ" رەگی لە ئایینی میتراییدا هەبێ. لە بنەڕەتیشدا "مێهرۆ" یان "مێهر رۆژ" یان "مێهر رۆت" بە واتای روخساری وەک خۆر، بووبێ. 

هێدی

هێدی بە واتای هێور، ئارام، لە سەرەخۆ و بە ئەسپایی‌یە. ناوە بۆ کوڕان.
وشەکە لە ماکی "هەدا" و کرداری "هەدا دان" کەوتۆتەوە. هەدا و هەدادان بە مانای ئارام بوونەوەو ئۆقرە گرتنە.
لە ئایینی خالدی و ئایینی کۆنی دانیشتوانی هەرێمی "مانا"دا، "هەداد" خوای تۆفان و بۆران بووە. دەبێ ئەرکی ئەم خوایە هێور کردنەوە و هێدی کردنەوەی خێرایی با و خستنی تۆفان بووبێ.
هەدا - هێدا - هێدی

۳/۰۳/۱۳۹۵

هیوا

هیوا بە مانای هومێد و ئاوات بۆ گەیشتن بە ئامانجێکە. بووە بە ناو و زیاتر وەک ناوی کوڕان هەڵیدەبژێرن.
وشەکە لە بنەڕەتدا وشەیەکی شێواوە کە لە وشەی "هەویا" بە هەمان مانا کەوتۆتەوە. هەویا لە کرداری "هەویستن"ە کە "ا"ی پاشگری گرتوە. هەویستن زیاتر بە شێوەی "ویستن" ماوەتەوەو "هە"ی سەرەتای سواوە بەڵام لە هیوا و هەویا دا ماوەتەوە.
وشەکە بەو شێوەیەی خوارەوە لە دایک بووە:
هەویستن - هەویست(م) - هەوێ (دەم/هەوێ)
هەوێ/ا = هەویا
هەویا = هیوا

ئازا ، ئازادی ، شادی

وشەی ئازا وشەیەکی کوردی - مادی‌یە. ناوی یەکێک لە دەسەڵاتدارانی هەرێمی مانا بووە.
لە بابەت بنەمای وشەکە زانیاریەکی ئەوتۆ نییە. بەڵام من پێم وایە بنەمای وشەکە "ئاس/ا" بووە. "ئاس" بە واتای بەرد و "ا"ی پاشگر وەک نیشانەی بکەر. ئاس یان بەرد هێمای پتەوی و بەهێزین و شتێکی سەیر نییە ئەگەر مرۆڤی ئازا و بە توانای پێ شوبهێندرابێ. پیتی "س" وەک لە زمانی کوردیدا باوە، گۆڕاوە بە پیتی "ز" و "ئازا"ی لێ چێ بووە.

شیمانەیەکی بە ڕای خۆم وێچووتر لەوەی سەرەوە ئەوەیە کە کە "ئازا" لە کرداری "ئاستن" کەوتبێتەوە. "ئاستن" کە ئێستا کەمتر یان بە دەگمەن بە کار دێ، بە واتای رێگە پێدان، هێشتن، دەست لێ هەڵگرتن و لە کۆڵ بوونەوەیە. دوو چەمکی ئازایەتی لە گەڵ رێگەپێدان زۆر جار و لە زۆر زماندا هاو ماکەن. وەک بوێر و بواردن.
ئەگەر ئەم شیمانەیە راست بێ، ئەوە ئازا بەو جۆرە چێ بووە:
خواستن - خواست - خواز (خوازا)
ئاستن - ئاست - ئاز (ئازا)
ئاز + ا = ئازا (وەک: زان + ا = زانا)
------------------

وشەی ئازادی ، وێدەچێ هەر لە وشەی ئازا کەوتبێتەوە و لە بنەڕەتدا ئازایەتی/ئازاتی بووبێ. پاشگری "...یەتی" لە زمانی کوردیدا بە شێوەی "...اتی" ، "..ەتی" و تەنانەت "..تی" دەبیندرێ: مەرد'ایەتی' ، پیاو'ەتی' ، کۆیلە'تی'..
بەو بۆچوونەی سەرەوە: ئازایەتی ، ئازاتی ، ئازادی
وشەی ئازاد دەکرێ جۆرێک گەڕانەوە لە وشەی ئازادی بێ و لەو وشەیە چێ بووبێ.

شادی : شادی کە زۆر جار لە گەڵ ئازادی دێ، دەکرێ وەک وشەی "ئازادی"ش چێ بووبێ. بەو پێیەش بنەڕەتی وشەکە "شا"یە. خەڵک پێیان وا بووە کە شا هەمیشە خۆش و گەشە و خۆشی و خۆشحاڵیی خۆیان بە حاڵی شا لێکداوەتەوە. بەو پێیەش شادی دەکرێ لە بنەڕەتدا شایەتی - شاتی - شادی بووبێ. 

ئاس، ئاش، ئاسمان، ئەشکەوت

- ئاس بە واتای بەردە. وشەیەکی کۆنە کە وەک خۆی لە زمانی کوردیدا بەو واتایە نەماوەتەوە بەڵام لە کۆمەڵێک وشەی پێوەندیدار بە بەرد دا هەیە. وەک (ئا)سەنگ، ئاستەم (رەوەزە بەردی گەورە کە دەست راگەیشتن پێی ئاسان نییە) و کۆمەڵێک وشەی دیکە.
- ئاسمان لە دوو بەشی "ئاس" و "مان" پێکهاتوە. پێشنیانی ئێمە پێیان وا بوو ئاسمان تەختەبەردێکی پان و بەرینە. لە سەر ئەو بۆچوونەش ناوی "ئاسمان"یان بۆ داناوە.
- "ئاس" بە واتای بەرد بووە. لە ئاڤێستادا  asan- ašn بە هەردوو واتای بەرد و ئاسمان هاتوە. 
 "مان" وەک پاشگر و هێندێک جار بە شێوەی سەربەخۆش بە واتای ماڵ، خانوو، ئەنواو جێگای حەوانەوەو سەرپەنایە. رەنگە کرداری "مان" یان "مانەوە"ش هەر لەم واتایە کەوتبێتەوە. وشەی مان وەک پاشگر لە "خانومان"، "نیشتمان" و کۆمەڵێک وشەی دیکەدا هەیە. 
- ئاش شوێن یان ئامرازی گەورەی هاڕینی دەغڵ و دانە. دوو بەردی زۆر گەورە کە بە سەر یەکدا دەسووڕێن و لە نێوان خۆیاندا دەغڵ و دان دەهاڕن و دەیکەن بە ئارد. وشەکە "ئاش" هەر لە ناوی بەرد (ئاس) وەرگیراوە و پیتی "س" گۆڕاوە بە "ش".
- ئەشکەوت: کەلێن و رەهۆڵی گەورەی لە بەرد پێی دەگوترێ ئەشکەوت. وشەکە لە دوو بەشی "ئەش" و "کەوت" پێکهاتوە
   "ئەش" شێوەیەکی دیکە لە "ئاس" بە واتای بەردە.
   "کەوت" کە لە شێوەکانی کا(کابان= کەیبانوو، چاوەدێری ماڵ) کەی(کەیخودا= خاوەن و خودانی ماڵ)، کەوی: (دەستەمۆ، ماڵی) دا هەیە بە واتای ماڵ و خانوویە. لە سەر یەک وشەی ئەشکەوت واتای ماڵی لە بەرد یان ماڵە بەردینەیە.


۲/۳۱/۱۳۹۵

وسووکەند ، خانەگێ

لە پەنا شاری مەهاباد و لە سەرەتای دەشتی شاروێران دوو گوندی زۆر لەمێژینە هەن بە ناوەکانی وسووکەند و خانەگێ. زمانی فارسی وەک زمانی حکومەتی ئێران کە دەسەڵاتی بە سەر ناوچەکەدا هەیە، ناوی ئەم دوانەی بۆ "یوسف کەندی" و خانەقاە" گۆڕیوە.
ئەوەندەی پێوەندی بە گۆڕان لە ناوی "خانەگێ" هەیە، بە دروستی ناوەکەی بۆ مانای ئەم سەردەمەی وشەکە گۆڕیوە. کەم و زۆر وشەی خانەقا لە ناو خەڵک بە تایبەتی لای پیران و پێڕەوانی تەریقەتەکان هەیە و ناسراوە. خانەقا ئەو شوێنەیە کە دەروێش و سۆفی و خەڵیفە لێی کۆ دەبنەوەو زیکری لێ دەکەن.
بەڵام پێوەندیدار بە ناوی وسووکەند، وێناچێ وشەکە پێوەندی بە یوسفەوە هەبێ.
 لە هێندێک زاراوەی زمانی کوردی بە تایبەت زاراوەی موکریانیدا وشەی یوسف کورت دەبێتەوەو بە شێوەی "وسوو" گۆ دەکرێ. هاوکات پاشگری "کەند"ی مەغولی یان تورکی بە سەر کۆمەڵێک گوند و ئاوایی دەڤەرەکەوە دەبیندرێ وەک حاجیاڵیکەند، کەپەکەند، قەرەکەند، ئۆرتەکەند و..  بەڵام گریمانەی ئایینی بوونی ناوەکە بە سەرنجدان بە شوێن و بەرامبەری ناوی خانەگێ بە دوور نازانم. وێڕای ئەوە بە دەگمەن ناوێکی کوردێندراو لە گەڵ پاشگرێکی تورکی یان مەغولی بە ناوی شوێنەکانەوە ماوەو ئەوەش گریمانەی مەغولی یان تورکی نەبوونی ناوی ئەم گوندە زیاتر دەکا.
وسووکەند لە پەنا ئاسەواری مێژوویی بەردەکونتێ و بەرامبەر بە ئەشکەوتی فەقرەقا هەڵکەوتوە. ئەوانەو کۆمەڵێک ئاسەواری دیکە لەم دەوروبەرە مێژووی کۆنی ناوچەکەمان بۆ دەگێڕنەوە. شارەزایان پێیان وایە بەردەکونتێ شوێنێکی ئایینی بووە. ژمارەیەکی زۆر پلیکانی بچووک مرۆڤ بەرەو ئەشکەوت و بودڕ و رەهەند رێنوێنی دەکەن کە بە وتەی شارەزایان ئاورگە یان شوێنی قوربانی بوون. کەواتە هەم خانەگێ و هەمیش وسوکەند شوێنی ئایینی بوون و دەکرێ ناوەکەیان پێوەندی بە ئایینەوە هەبێ. وەک چۆن خانەگێ بە مانا ئەمڕۆییەکەی لە خانەقادا لە خوێندن و پاشگری "گا/گە/گێ" بە مانای "جێ/جێگە/جێگا" چی بووە و شوێنی خویندنی سروودی ئایینی و زیکرە، ئەوە وسووکەندیش دەتوانێ لە "سوکەند"ی بە مانای سوێند و شوێنی سوێندخواردن و جێگای تۆبەکردن چێ بووبێ.

سوێند

سوێند خواردن بریتی‌یە لە پەیمان بەستن یان سڕینەوەی شک و گومان. ئەگەر بۆ ئەنجامدانی کارێکی خراپ، گومان لە کەسێک بکرێ، کەسەکە دەتوانێ سوێند بخوا و گومان لە سەر خۆی لابا. هەروەها سوێند خواردن بۆ بەڵێن دان بە ئەنجامدانی کارێک یان بە جێ هێنانی پەیمانێک یاخود وەفادار بوون بە مانەوە لە سەر پەیمان  و بەڵێنێک بە کار دێ.
وشەکە لە زمانی کوردیدا بیچمی جۆراجۆری هەیە: سوێن، سوون، سۆند، سووند، سوێند، سۆکەند و لە فارسیشدا "سۆگەند" یان "سەوگەند".
فارسەکان دەڵێن وشەکە لە بنەڕەتدا بۆ مادەیەکی تراو بووە کە لە "سۆدێۆم" و "گۆگرد" پێکهاتوە و سوێندخۆر دەبوو بیخواتەوە تا بڕوای پێ بکرێ. ئەگەر مردبا ئەوە درۆزن بوو و ئەگەر ژیابا ئەوە راستگۆ.
بەڵام من پێم وایە بنەمای وشەکە لەوە سادەترە. لە ناو ئەو بیچمانەی سەرەوەیدا، سۆکەند لە هەموان ساخترە و بەو جۆرەی خوارەوە چێ بووە:
سۆ: شک، گومان، دوودڵی
کەند: رەگی کرداری کەندن (هەڵکەندن، هەڵقەندن)
ئەم دوانە بە یەکەوە "سۆکەند"یان پێک هێناوە بە مانای هەڵکەندنی گومان و دوودڵی. رەنگە ئەم هەڵکەندنی گومان و دوودڵیە لە درێژایی زەمان و لە فەرهەنگ و ئایینە جیاوازەکاندا شێوەی جۆراوجۆری هەبووبێ بەڵام سوێند بە خوا و پیرۆزیە ئایینیەکان باوترین شێوەی سوێند خواردنە.
کەسێ کە گومانی لە سەرە ئەسێ سوێند بخوا تا گومانەکە لە سەر خۆی هەڵکەنێ و متمانە بۆخۆی بگێڕێتەوە.
بەڵام ئەوەی لەم لێکدانەوەیەدا هێشتا گرێپوچکەیە، گەردانی سوێندە لە گەڵ کرداری خواردن؛
سوێند بخۆ
سوێند دەخۆم
سوێندی خوارد
فڵانی کەسێکی سوێندخۆرە
ئەو کچ و کوڕە سوێندخۆری یەکترن..
یان لە فارسیدا: سوگند خوردن

بەڵام سوێند هەمیشە لە گەڵ خواردن نییە:
سوێند دان: سوێندت دەدەم
سوێند لێ کەوتن: سوێندت لێ کەوت (بە درۆ سوێندت خوارد)
سوێند لە سەربوون (سوێندم لە سەرتە، سوێندت لە سەرم نییە؛ واتە گومانم لێتە، گومانت لێم نییە یان گومانت لە خۆڕایە)
سوێندکاری: سوێند خواردنی بە کۆمەڵ بۆ پەیمانی گشتی
سوێندگر: کەسێ کە دوای سوێندخواردن تووشی بەڵا و نەهامەتی بێ
لە فارسیدا: سوگند یاد کردن 

بابەتی نوێ:

حیزب وەک سەنتەر، ستراتژیی حیزب وەک سەنتێز

سەردەمی ئێستا، سەردەمی بەئاگاهاتنەوەی هەرچی زیاتری نەتەوە بندەستەکانە. سەردەمی ‏هەوڵدانی بە کۆمەڵی کۆمەڵگا ژێردەستەکان بۆ سڕینەوەی سێبەری دا...